له‌بیرمه زه‌مانی زوو كوڕێكی گه‌نج وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له یه‌كێك له كۆمپانیاكانی مندا كاری ده‌كرد، پاش ماوه‌یه‌ك لە كاركردن، ڕۆژێك هه‌ندێك له هاوڕێ و هاوكاره‌كانم هاتن بۆ لام و ده‌ستیان كرد به‌گله‌یی و گازندهكردن، گوتیان ئه‌و كوڕه كێشه‌ی هه‌یه، ڕه‌فتاری باش نییه، خۆی زۆر پێ هۆشیارهتره و ئه‌وانیتر به‌گێل ده‌زانێت، كاره‌كانمان بچووك ده‌نرخێنێت… تاد. منیش یه‌ك دوو جار هه‌وڵم دا كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌م و پێی بڵێم ئه‌و تێسته‌ی كه تۆ بۆ پێوه‌ری زیره‌كى داتناوه، هه‌ڵه‌یه. چونكه شتانێكی پێ ده‌پێویت كه خۆت وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌زانیت و پێت وایه ڕاستن، پاشان به‌وانیتر ده‌ڵێیت و ئه‌وانیش وه‌ڵامه‌كه‌ی نازانن، دواتر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه ده‌ڵێیت ئه‌مانه گێژ و حۆلن! گریمان كه سهلماندیشت ئه‌وان حۆلن، تۆ چیت ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ بۆچی حه‌ز ده‌كه‌یت خۆت له‌به‌رتر ببینیت؟ بۆچی پێت وایه تۆ ته‌نیا كه‌سێكت كه زۆر هۆشیاریت له‌نێو ئه‌م سیسته‌مه‌دا؟ دژایه‌تیم نه‌كرد.
ماوه‌یه‌ك تێپه‌ڕی، دیسان ده‌نگی ناڕه‌زایی هاوكاره‌كانم به‌رز بووه‌وه، تاكوو ڕۆژێك پێم گوت: هاوڕێی خۆشه‌ویست، ده‌مه‌وێت تكات لێ بكه‌م كه‌مێك سه‌رنج بدە لە قسەکانم. گوتی: مه‌به‌ستت چییه به‌ڕێز موعه‌زه‌می؟ گوتم: ده‌مه‌وێت بڵێم كه تۆ كه‌سێكى كامڵ نیت، ئه‌مه‌ت قبووڵه؟ گوتی: به‌ڵێ، به‌ڕێز موعه‌زه‌می هیچ كه‌س كامڵ نییه. گوتم: من كارم به‌سه‌ر هه‌مووانه‌وه نییه: مه‌ستم تۆیه. ئایا تۆ ئێستا شتى زیاتر ده‌زانیت یان ساڵی پار؟ گوتی: بێگومان من ئێستا زیاتر ده‌زانم. گوتم: به‌ئه‌گه‌رى زۆر، ساڵی ئاینده شتى زیاتر ده‌زانیت یان ئێستا؟ گوتی: ئاشكرایه به‌ڕێز موعه‌زه‌می ئه‌مه چ پرسیارێكه؟! بێگومان ساڵی ئاینده من له ئێستام شتى زیاتر ده‌زانم. گوتم: كه‌واته ئه‌مه‌ت قبووڵه كه ئێستا شتانێك نازانیت و دواتر فێریان ده‌بیت؟ وه‌كوو غافڵگیر بووبێت، كه‌مێك پرته‌پرتی كرد و ئینجا گوتی: مه‌به‌ستت چییه؟ گوتم: مه‌به‌ستمه تكات لێ بكه‌م سێ خاڵی لاوازی خۆت له‌كارى به‌ڕێوه‌بردندا ده‌سنیشان بكه، خۆت قبووڵت كرد كه كه‌سێكى كامڵ نیت و شتانێك نازانیت كه ساڵی ئاینده فێریان ده‌بیت. بۆیه تكات لێ ده‌كه‌م هه‌ر ئێستا سێ خاڵى لاوازی خۆت له‌كارى به‌ڕێوه‌بردندا له‌سه‌ر كاغه‌زێك یاداشت بكه با پێكه‌وه له‌گه‌ڵ هاوكاره‌كانم یارمه‌تیت بده‌ین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.
زۆر درێژه‌ی پێ دا، به‌ڵام من پێم گوت: ئێمه ته‌نیا به‌م مه‌رجه ده‌توانین پێكه‌وه كار بكه‌ین. خۆیشت قبووڵت كرد كه كه‌سێكى كامڵ نیت. كه‌واته پێمان بڵێ له‌كوێدا كامڵ نیت با من و هاوكاره‌كانم یارمه‌تیت بده‌ین؟ هه‌رچۆن بوو دواى مانگێك له ڕێگه‌ی خاتوونێکی سكرتێرههوه نامه‌یه‌كى بۆ ناردم. كاتێك ئه‌و خانمه هات بۆ ئۆفیسه‌كه‌م، بینیم نامه‌یه‌كی ئاسایی پێیه و سێچوارجار تیپ به‌سه‌ر نامه‌كه‌دا هاتبوو، له‌سه‌ر به‌رگى نامه‌كه نووسرابوو: نامه‌یه‌كى زۆر تایبه‌ت و ڕازدار و برایانه، بگات به‌ده‌ستی به‌ڕێز موعه‌زه‌می. تكایه ته‌نیا ئه‌و بیكاته‌وه. كه سه‌یری نامه‌كه‌م كرد له‌ڕێگه‌ی دهستوخهتییهوه زانیم نامه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گه‌نجه‌یه. ته‌له‌فونم بۆ كرد و سوپاسم كرد. گوتم: من یه‌ك سه‌عاتی تر ده‌گه‌مه لات. پاش سه‌عاتێك ڕۆشتم بۆ ئۆفیسه‌كه‌ی، تكام لێ كرد تهلهفونهكان دابخات بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه قسه بكه‌ین. وایزانی نامه‌كه‌یم خوێندووه‌ته‌وه. نامه‌كه‌یم خسته به‌رده‌می له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی، گوتم: ئازیزی من، بۆچى نووسیوته ڕازدار و تایبه‌ت؟ ئه‌م ڕازه له‌كێ شاراوه‌یه؟ ئه‌م ڕازه هی كێیه؟ ئه‌م سێ خاڵه لاوازه‌ت له‌كێ شاراوه‌یه؟ خه‌ڵك به‌هۆیانه‌وه ڕه‌نج ده‌به‌ن. ئه‌م ڕازه ته‌نیا له خۆت شاراوه‌یه. ئه‌گه‌ر ده‌رگای دڵت بكه‌یته‌وه بۆ خه‌ڵك، چوار خاڵى تری بۆ زیاد ده‌كه‌ن، خۆتیت كه نازانیت. بۆچی نووسیوته: ڕازدار و مه‌حره‌مانه؟ بۆچی هێنده تیپت لێ داوه؟”.
خۆشه‌ویستان، مه‌به‌ستمه بڵێم: ئێمه كێشه ئه‌خلاقی و ڕهفتارییهكانمان له خۆمان شاراوه‌ن، ئه‌گینا خه‌ڵك ده‌زانن. ئه‌گه‌ر من پیاوێكی به‌د ئه‌خلاق بم، خۆ هاوسه‌ره‌كه‌م ده‌زانێت، ئه‌گه‌ر من كه‌سێكى توڕه بم، خۆ هاوسه‌ر و منداڵ و دراوسێكانم و هه‌مووان ده‌زانن، ئه‌وه ته‌نیا خۆمم كه بێئاگام. ئه‌وه منم بهدئهخلاقم و خۆم به‌كه‌سێكى بلیمەت نیشان ده‌ده‌م! نا، به‌ڕێزان ڕازێك له ئارادا نییه، بڕۆن له‌خه‌ڵك و دهرودراوسێکانتان و منداڵه‌كانتان بپرسن، ئه‌گه‌ر متمانه‌یان پێتان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆشیان بوێن، ئه‌گه‌ر لێتان نه‌ترسن، لیستێكی دوورودرێژتان پێ ده‌ده‌ن كه له چ ڕوویه‌كه‌وه پێویسته خۆتان چاك بكه‌ن. دهوروبهرهكهمان وه‌كوو ئاوێنه‌یه‌كی لێڵى چڵكن وایه. ئێمه ته‌نیا خه‌یاڵێك و وه‌همێك و سێبه‌رێك له حه‌قیقه‌تی تێدا ده‌بینین. ئه‌و لێڵی و چڵكنییه هی ئه‌وه نییه ئه‌وان نایانه‌وێت ڕاستییه‌كانمان پێ بڵێن، به‌ڵكوو ئێمه نامانه‌وێت. ئێمه‌ین هه‌ڵمانبژاردووه كه ئاوێنه‌كه ڕوون و خاوێن نه‌بێت. ئێمه بڕیارمان داوە ژه‌نگاوی بێت. چونكه بوێریی دیتنى راستی و واقیعمان نییه. بۆچی ده‌ترسین ڕووبه‌ڕووى كێشه و گرفته‌كانمان ببینه‌وه؟ چونكه به‌هه‌ڵه پێمان وایه ده‌بێت هه‌میشه كه‌سێكى كامڵ و بێ كه‌موكورتی بین!
ڕۆژێكیان نانی نیوه‌ڕۆمان ده‌خوارد، كه‌سێك باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه باخێكیان كڕیوه، گوتى: پاسه‌وانی باخه‌كه كه‌سێكى نوێژكه‌ر و ڕۆژووگرە. به‌ڵام به‌دزییه‌وه به‌فه‌رده میوه ده‌چنێت و ده‌یبات! بێگومان پاسه‌وانى ئه‌و باخه ئێستا له خه‌یاڵی خۆیدا پێی وایه به‌نده‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵى خودایه و فه‌رمانه‌كانی خوا، موو به موو جێبه‌جێ ده‌كات. به‌ڵام كاتێك من و تۆ له‌ده‌ره‌وه كه سه‌یری ئه‌م كاره‌ى ده‌كه‌ین، ئایا هه‌مان بیر و باوه‌ڕ و ئه‌ندێشه‌ى ئه‌ومان هه‌یه؟ خودا سه‌دان جار زیارتر له ئێمه به‌ئاگاتره. ئایا ئه‌م ڕه‌فتاره كه به‌بێ پرس و مۆڵه‌توه‌رگرتن ماڵی كه‌سێك ببه‌یت، له‌گه‌ڵ ڕه‌فتارى خواپه‌رستى هه‌ماهه‌نگه؟ ئه‌وكه‌سه دیاره له‌مانای نوێژ و خواپه‌رستى تێ نه‌گه‌یشتووه و خۆى ناناسێت. مۆڵه‌ت به هاوسه‌ره‌كه‌ى نادات پێى بڵێت كابرا ئه‌و كاره‌ت غه‌ڵه‌ته. ڕێگه بهمنداڵهكانى و به چواردهورهكهى نادات وێنه‌ى ڕاستەقینەی خۆى نیشان بده‌ن. ئه‌گه‌ر خاوه‌ن باخ بێت و پێی بڵێیت كاكه بۆچی به‌بێ پرس ئه‌م كاره ده‌كه‌یت؟ ئه‌م كه‌سه جوابى چییه؟ ڕه‌نگه بڵێت ده‌ى مه‌گه‌ر چی بووه، دوو دەنک میوە ئه‌وه ده‌هێنێت؟! چونكه له‌بنه‌ماوه نایه‌وێت ددان بهڕاستییهكاندا بنێت.
ئێمه ئه‌گه‌ر گیروگرفته ئه‌خلاقی و ڕهفتارییهكانى خۆمان به (وەزن) بچوێنین، ده‌بین به (كێش هه‌ڵگرێك) كه تا ئاستێكی دیاریكراو ده‌توانین وەزن هەڵ بگرین. ڕێگه‌ی دروستیش ئه‌وه نییه ڕاسته‌وخۆ و بێ په‌رده له زه‌وقی خه‌ڵك بده‌ین و بڵێین تۆ هه‌ڵه‌یت. یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه ئاوێنه‌كه به ژه‌نگاوی ده‌هێڵینه‌وه، ئه‌وه‌یه كه توانای بینینمان نییه. یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌یه، ئێمە پێمان وایه، كاتێك مرۆڤێكی باشین، كاتێك كه‌سێكى خوازاوین، كه بێ هه‌ڵه و بێ كه‌موكورتی بین! له كاتێكدا وانییه، وا فێر كراوین. مرۆڤی خوازراو له‌گه‌ڵ مرۆڤی ناقس جیاوازی هه‌یه. مانای ئه‌م وشه‌یه له زەینی ئێمه‌دا هه‌ڵه‌یه. هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت هه‌موو چركه‌یه‌ك هه‌ڵه بكات. هه‌ڵه‌كردن له خۆیدا كێشه نییه، سروشتی ژیان وایه. به‌ڵام ئه‌وه كێشه‌یه هه‌ڵه‌یه‌ك چه‌ندین جار دووباره بكه‌ینه‌وه و ئاماده‌ش نه‌بین قه‌ره‌بووی بكه‌ینه‌وه، داوای لێبووردن بكه‌ین و بڵێین هیچ نییه، مه‌گه‌ر چی بووه؟! ده‌ی كارێكی خراپه، تۆ دزیت كردووه.
لێره‌دا شته‌كه ئیتر ده‌بێت به مه‌به‌ست، له دینه‌كه‌ماندا دزیكردن كارێكی ناڕەوایە، به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م به‌شه‌ی ده‌سڕینه‌وه و نامانه‌وێت بیبینین و بیبیستین، ئه‌و به‌شه‌ی ڕێوڕه‌سمی موسڵمانى پشتگوێ ده‌خه‌ین، ئێمه ده‌بێت فێر ببین مۆڵه‌تی دهوروبهرهكهمان بده‌ین، ئه‌گه‌ر كێشه و گرفتێكیان له ئێمه‌دا به‌دى كرد به‌ڕووی خۆشه‌وه و به‌بێ ترس پێمانی بڵێن. هه‌روه‌ها ئێمه‌یش ده‌بێت به‌ڕووی خۆشه‌وه قبووڵی بكه‌ین و سوپاسیان بكه‌ین. ئێمه ده‌بێت بزانین كه زۆر ده‌رباره‌ى خۆمان نازانین، چاوی من هه‌موو دنیا ده‌بینێت به‌ڵام خۆى نابینێت. ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕه‌خنه‌ى لێ گرتین ده‌بێت سه‌ره‌تا سوپاسى بكه‌ین، چونكه هه‌واڵێكى پێ داوین. نابێت به‌چاوى دوژمن سه‌یرى بكه‌ین. بۆچى؟ چونكه ئێمه له کێماسییەوە به‌ره‌و كه‌ماڵ هەنگاو ده‌نێین. هیچ كات كامڵ نیین، هه‌میشه کێماسیمان هه‌یه، ئه‌مه‌ش سروشتییه، ته‌نیا ڕێگه‌ی ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانمان ئه‌وه‌یه مۆڵه‌ت بده‌ین و چاو و گوێمان كراوه‌بن. له ڕه‌فتاری خه‌ڵكه‌وه ده‌توانین بزانین كاره‌كانمان دروستن یان هه‌ڵه‌ن، ده‌بێت كاره‌كانمان به پێوه‌ره‌كانمان ههڵبسهنگێنێن، نه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌رچی خه‌ڵك گوتی بڵێین به‌سه‌رچاو. یه‌كێك له پێوه‌ره‌كان، قسه‌ى خه‌ڵكه ده‌رباره‌ى ئێمه چی ده‌ڵێن؟ ڕه‌فتاره‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێمه چییه و چۆنه؟ هاوكارییمان ده‌كه‌ن یان خۆیان به‌دوور ده‌گرن؟ بۆیه هه‌میشه له‌گه‌ڵ كه‌سانێك هه‌ڵسوكه‌وت بكه و هاموشۆی كه‌سانێك بكه، کە بوێرن.
زه‌مانی زوو له‌بیرمه وه‌ختێك مێژوومان دهخووێند، ده‌مانگوت ئه‌م پاشایانه بۆچى ئه‌وه‌نده خۆیان زه‌لیل و گوێڕایه‌ڵ نیشان ده‌ده‌ن؟ بۆچی هێنده نه‌زانن؟ بۆچی له تاریكدا خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن؟ بۆچی هێنده له خاكی وڵاته‌كه‌یان دۆڕاندووه؟ بۆچی هێنده فه‌رامۆشكارن …؟ وه‌ختێك ده‌كه‌وینه دۆخی داوه‌ری، زۆر دڵڕه‌ق و بێ به‌زه‌یین. كاتێك خۆمان ده‌چینه جێگه‌ی ئه‌وان، له‌وان خراپتر ڕه‌فتار ده‌كه‌ین. چوار كه‌س وه‌سفمان بكه‌ن، ده‌یانكه‌ین به دۆستى خۆمان و ده‌یانپارێزین، ئه‌وه‌یشی بۆچوونی خۆی بڵێت، له خۆمان دوورى ده‌خه‌ینه‌وه، یان ئێمه لێی دوور ده‌كه‌وینه‌وه. ئه‌گه‌ر هاوڕێیه‌كی نزیكى خۆشه‌ویستمان له لایه‌نێكه‌وه پشتگیریمان نه‌كات، پێى ده‌ڵێین بێقه‌زابیت، تۆیش هه‌ر لایه‌نگریی ئه‌و ده‌كه‌یت… خه‌ریكبووم قسه‌م ده‌كرد، قسهكهو پێ بڕیم، بۆچی وام پێ ده‌ڵێیت؟ حه‌سوودی؟ له‌كاتێكدا ڕای خۆی گوتووه. ئێمه به‌رهه‌مى هه‌ڵبژارده‌كانى خۆمانین. ئه‌گه‌ر هاوڕێكانمان باش نین، ئه‌گه‌ر شێوازى ژیانمان باش نییه، ئه‌گه‌ر…هتد. خۆمان هه‌ڵمان بژاردووه. دواتر ناتوانین بڵێین هاوڕێی خراپ، ده‌وروبه‌ری خراپ. ئێمه‌ین هه‌ڵده‌بژێرین له‌گه‌ڵ كێ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، كێ دۆستمان بێت، كێ ڕاوێژكارمان بێت. ئه‌گه‌ر سیسته‌می كاری كۆمپانیاكه‌م به‌جۆرێك بەڕێوە ببەم، بۆ نموونه: دوو نه‌فه‌ر هه‌واڵگری بكه‌ن و ته‌نیا پشت به‌و دووكه‌سه ببه‌ستم، واته: یه‌كه‌م: متمانەم به هاوكاره‌كانم نییه. دووه‌م: سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌كانم تەنیا سنووردار ده‌بێت به‌و دوو كه‌سه. ئیتر ئه‌و دوو كه‌سه كاره‌كانم بۆ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن، ئه‌و دوو كه‌سه كۆمپانیاكه‌م به‌ڕێوه ده‌به‌ن نه‌ك من. ئه‌و دوو كه‌سه‌یش ئه‌گه‌ر بێت و له گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ک به‌ینیان خۆش بیت، باشییهكانیان به من ده‌ڵێن و ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك خراپ بن، خراپه‌كانیان به من ده‌ڵێن. هۆکارەکەیشی ئەوەیە، من ئه‌م ئازادی و توانا و فهرمانهم پێ داون، من بوومه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌م شكست بهێنێت. بێگومان چاو و گوێكراوهیی له كاره‌كاندا پێویسته، به‌دڵنیایی پشكنین پێویسته، كۆنترۆڵ پێویسته.. له مه‌دا هیچ گومانێك نییه. به‌ڵام ده‌بێت به سیسته‌مێك به‌ڕێوه بچێت نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كانم یه‌ك دوو كه‌س بن. ئه‌و دووكه‌سه بڕیار بده‌ن چی به من بده و چی نه‌ده‌ن، چی بۆ من باشه و چی خراپه. ئه‌م هه‌ڵانه‌یه كه ده‌بنه هۆی هه‌ره‌سهێنان و پوكانه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانمان و ههڵتهكانى خێزانه‌كانمان.. ئه‌م ههوهسبازییانهیه كه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی من دیدم سه‌باره‌ت به خۆم، سه‌باره‌ت به هاوسه‌ره‌كه‌م و منداڵه‌كانم و هاوكار و هاوشاریی و هاوسێكانم خراپ ببێت.
بۆیه ده‌بێت من بڕیار بده‌م كه سه‌رچاوه‌ی زانیاریی و هه‌واڵه‌كانم ڕاست و دروست بن، من ده‌بێت بڕیار بده‌م ته‌واوی ئاوێنه‌كانی ماڵه‌كه‌م بێگه‌رد و بێ په‌ڵه بن، به ڕوونی ڕاستییەکان ببینم. ڕاستی وه‌كوو تیشكی هه‌تاوه، هه‌نێك جار ده‌دا له چاومان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاقه‌تمان هه‌بێت، چاوەکانمان ڕادێن به بینینی ڕاستییه‌كان. وه‌ختێك ڕاهاتین به دیتنى ڕاستییەکان، ڕێگاكان ده‌كرێنه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر من خوشك و براكانم به‌خراپه باسی هاوسه‌ره‌كه‌م بكه‌ن، سه‌ره‌تا ده‌بێت سوپاسیان بكه‌م. به‌ڵام ده‌بێت لێكۆڵێنه‌وه بكه‌م، نابێت له‌سه‌ر قسه‌ی ئه‌وان داوه‌ری بكه‌م و بڕیار بده‌م، نابێت خێرا دژایه‌تی تووندیان بكه‌م و هاوڕایان بم، پێویسته به‌جددی لێكۆڵینه‌وه بكه‌م، ئه‌گه‌ر له ڕاستیدا مه‌سه‌له‌كه وابوو، ده‌بێت بیر له چاره‌سه‌ر بكه‌مه‌وه، نه‌وه‌ك به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه مامه‌ڵه بكه‌م. من زۆرێك له‌و ژن و پیاوانه‌م دیوه له هاوسه‌ره‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه، ته‌نیا له‌به‌ر قسه‌ى خه‌ڵك و خێزانەکانیان. هه‌رچییه‌كیان پێ گوتوون، به‌گوێیان كردوون، له‌كاتێكدا له‌دڵه‌وه ناڕازی بوون به جیابوونه‌وه له هاوسه‌ره‌كانیان، به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه دایك و باوكیان ڕازی بكه‌ن، چونكه نایانه‌وێت حهقیقه ببینن یاخوود ناتوانن بیبینن. با ڕاهێنان بكه‌ن ڕاستییەکان ببینن، با مەشق بكه‌ین چاوه‌كانمان به دیتنی تیشكی ڕاستییه‌كان ئاشنا ببن. با له حه‌قیقه‌ت خۆمان نه‌دزینه‌وه، چیتر با خۆمان فریو نه‌ده‌ین و گۆڵ له‌خۆمان نه‌كه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێمه له ههڵبژارندهكانماندا سه‌ربه‌ستین، به‌رپرسیشین به‌رانبه‌ر به ژیانمان. كه‌وابوو با هۆشیارانه و ئاگایانه دیدگایه‌ك هه‌ڵبژێرین كه واقعی بێت و له حه‌قیقه‌ته‌وه نزیك بێت. با سه‌رچاوه‌ى زانیارییه‌كانمان ڕاست و دروست بن.
هه‌موو شتێك ڕێژه‌یییه. با هه‌وڵ بده‌ین حه‌قیقه‌ت و واقع به ڕوونی بناسین، با كار و كاردانه‌وه‌كانمان واقعیتر بن، ئه‌وكات ته‌واوی دنیا ده‌بێت به ڕێنیشانده‌رمان، ته‌واوی هاوڕێ و دۆسته‌كانمان ده‌بن به ڕێنیشانده‌رمان، هه‌مووان ده‌بنه ئاوێنه‌یه‌ك كه تا بتوانین پشتی ماشێنهكهمان ببینین، ده‌بنه ئاوێنه‌یه‌ك كه من بتوانم خۆم ببینم، ئه‌گه‌ر چاویلکەکەم ناڕێك بێت، برۆكانم ناڕێك بن، یان قژم شێواوبێت، یان جله‌كانم ناڕێكوپێك بن، با خۆم باش بكه‌م و خۆم ڕاست بكه‌مه‌وه. ده‌بێت من سپاسگوزارى ئاوێنه بم، هه‌میشه هه‌وڵ بده‌م ئاوێنه‌كانی سه‌یاره‌كه‌م و ئاوێنه‌كانی ماڵه‌كه‌م و ئاوێنه‌كانی ژیانم پاكوخاوێن ڕابگرم. هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ش به‌ده‌ستی خۆمانه. له ئێستا به‌دواوه ئه‌گه‌ر هه‌ر كێشه‌یه‌كتان له‌خۆتاندا دۆزییه‌وه، تكایه له‌سه‌ر زه‌رفی نامه‌كه مه‌نووسن زۆر نهێنی و برایانه.. له‌سه‌ری بنووسن كه‌شفی ڕوانگه‌ى من سه‌باره‌ت به‌خۆم. چونكه ئه‌وانیتر ده‌زانن ئێمه چۆنین، ڕازێك له ئارادا نییه. با وه‌كوو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گه‌نجه فریو نه‌خۆین، كه پێی وابوو ئه‌و له سه‌ر حه‌قه و هه‌موو شتێك به دروستی ده‌زانێت و ئه‌وانیتر نه‌زانن. هه‌موومان ئاماده‌گی ئه‌وه‌مان هه‌یه كه عاشقی بیركردنه‌وه‌ی خۆمان بین، هه‌موومان ئاماده‌گی ئه‌وه‌مان هه‌یه كه پێمان وابێت له سه‌ر حه‌قین، ئه‌سڵه‌ن چاره‌یه‌كمان نییه جگه له‌مه. چونكه من له گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه سه‌یر ده‌كه‌م كه كێشه‌كان وا ده‌بینم، (هه‌موو شت هه‌مووان ده‌یزانن.) من به‌شێك له واقع ده‌بینم و تۆیش به‌شێكى، دنیابینى هه‌موو كه‌س سه‌باره‌ت به حه‌قیقه‌ت و واقیعییه‌ت وه‌كوو یه‌ك نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موومان كۆ ببینه‌وه، ده‌توانین پێكه‌وه وێنه‌ی حه‌قیقه‌ت بنه‌خشێنین. له چیرۆكی (فیلی مه‌ولانادا) ئه‌گه‌ر هه‌مووان پێكه‌وه كۆبوونایه‌ته‌وه، فیلهكهیان ده‌ناسی. چه‌ند نێردراوێك له چه‌ند هۆزی جیاجیا كۆبوونه‌وه كه فیل ببینن، نێردراوه‌كانیان برده ژێرزه‌مینێكی تاریك، فیله‌كه له ژێرزه‌مینێكدا بوو، ئه‌وانیش هه‌ریه‌كه و له دەستی لە به‌شێك له فیله‌كه دا، كاتێك گه‌ڕانه‌وه ناو هۆزه‌كه‌یان، هه‌ركه‌سه‌و به جۆرێك وەسفی فیلی ده‌كرد: یه‌كێكیان ده‌یگوت: فیل وه‌كوو ته‌پڵ وایه. یه‌كیان گوتی: فیل له پارچه‌یه‌ك گۆشت ده‌چێت. یه‌كیان گوتی: فیل شتێكه وه‌كوو بۆری وایه. یه‌كیان گوتی شتێكه وه‌كوو شاخه. یه‌كیان ده‌ستی له كلكی دابوو گوتی: وه‌كو ته‌نافه. مه‌ولانا ده‌ڵێت: هیچیان درۆیان نه‌كردووه، به‌ڵام به‌شێك له حه‌قیقه‌تیان گوتووه، ئه‌گه‌ر پێكه‌وه كۆبوونایه‌ته‌وه و یه‌كیان گرتبا، وێنه‌ى حهقیقهتیا دروست ده‌كرد.
كه‌وابوو حه‌قیه‌ت ڕێژه‌ییه، به‌شێكی لای تۆیه و به‌شێكی لای منه و به‌شێكی لای منداڵه‌كانمانه و به‌شێكی لای ئه‌وكه‌سانه‌یه كه خۆشمان ناوێن. ئه‌گه‌ر ئه‌م بیروڕا جیاوازانه كۆ بكه‌ینه‌وه، ده‌توانین حه‌قیقه‌ت و واقیعى پێ ڕوون بكه‌ینه‌وه. با له‌گه‌ڵ خۆمان دۆست و میهره‌بان بین، با چاوه‌ڕوانیمان له‌خۆمان نه‌بێت بێ هه‌ڵه و بێ كه‌موكوڕی بین، شتی وا ئەستەمە، ڕێگه‌ى باڵایی هه‌یه، ڕیگه‌ى په‌ره‌سه‌ندن و ڕێگه‌ی كه‌ماڵ بوونی هه‌یه، به‌ڵام كه‌ماڵی په‌تی بوونی نییه و نابێت چاوه‌ڕوانی وامان هه‌بێت. پێویستە چاوەکانمان بشۆین و بە جۆرێکی دیکە ببینین.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف