“هۆشیاری چییە؟”
سەرەتا گەر بمانەوێت باس لە چەمکی هۆشیاری بکەین، دەڵێین هۆشیاری بریتییە لە بەئاگا بوون (هۆشدار) بوونی گشت هاووڵاتی و هاونیشتمانیان لە گشت بنەما و بوارە جیا جیاکانی کۆمەڵگادا، هۆشیاری تاک لە هەر کۆمەڵگایەکدا پەیوەستە بە مێژوو و شارستانییەتی هەر نەتەوەیەک لە چۆنیەتی هەنگاونانیان لە گشت قۆناغه جیاوازەکانی نیشتیمانەکەیاندا، بۆ پاراستنی پێگە و فەرهەنگی مانەوەیان و شکۆدارکردنی مێژوو و وەرچەرخانیان بۆ بەرەوپێش چوون. هۆشیاری تاک پەیوەندی هەیە و پەیوەستە لەگەڵ گشت بوارەکانی تر و فاکتەری رێنمویی نەخشینە لە گشت بوارەکانی تردا، وەک “هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و هونەری و مرۆیی و شارستانیەتی و تەندروستی و پەروەردەیی و سەربازی…هتد”.
پێوەری سەروەری نیشتیمان لە مهڕ هۆشداری هاووڵاتیانی ئەو نەتەوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت، ئاخۆ لە چ ئاستێکی بەرز دایە، پاراستن و ڕێنمویی بەخشین لە مڕ هەر هۆشیاریەکی بوارێک گەورەترین خزمەت بە سەروەری نیشتیمان دەکات. شارستانییەت و پێگەی دەوڵەتمەداری پابەندە بە هۆشداری تاک لە کۆمەڵگا لە گشت بوارەکاندا و پاراستنی ئەم پێگەیە ئەرکی سەر شانی هەر تاکێکە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەو وڵاتانەی بەر شکستی جەنگ کەوتن یەکەم کاریان بۆ بوژاندنەوەی نیشتمان و هەستانەوەی سەروەریان، گرنگی دان بوو بە هۆشیاری نیشتیمانی بوون بەتایبەت هۆشیاری هەست کردن بە بەرپرسیارەتبوون بوو بەرامبەر خاک و ئاڵا، بۆیە هاولاتیانی ئەو دەوڵەتانە بە گڕ و تینەوە لە مڕ رەوشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی بە شێوازێکی ئەتەکێتی شارستانی مامەڵەیان دەکرد.
“گرنگترین ئەو ئامرازانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر شێواندنی هۆشیاری خەڵک”
بەگشتی گرینگترین ئەو ئەداواتانەی کە کاریگەریان هەیە لەسەر شێواندنی هۆشیاری خەڵک بریتین لە:-
1. بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە:- بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی؛ زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە زانیاریەکانیان وەردەگرن، لەبەر ئەوەیشی كە زانیاری هەڵە وساختە بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە بڵاوببێتەوە، بۆیە سەرچاوەی زانیاریەكانی هاووڵاتیان هەمیشە لە بەردەم مەترسیی شێوادن دایەو بەم پێیەش هۆشیارییان بەتەواوی دەشێوێندرێت، لێرەدا باسی ساختە هەواڵ و چەواشەكاری دەكەین:-
- دروستکردنی هەواڵی ساختە:- ساختە هەواڵ Fake Nwes ئاماژەیە بۆ (زانیاری هەڵە و ناڕاست Disinformation) بەوە پێناسە دەکرێت، کە بریتییە لە چیرۆکی درۆ یان زانیاری شێواو کە بۆ چەواشەکردنی بینەر و بەرەوپێشبردنی ئەجێندایەکی سیاسی و ئابووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی دارێژراون. هەواڵی ساختە دیاردەیەکی تازە نیە، بە درێژایی مێژوو بەردەوام هەوڵی جۆراوجۆر دراوە بۆ فریودان و سەرقاڵکردنی خەڵک و چەواشەکردنی ڕاوبۆچوونەکان بەرامبەر هەقیقەت و ڕاستی، سەرباری ئەمە لەم ساڵانەی دواییدا زانیارییە هەڵەکان بە شێوەیەکی بەرین بەربڵاو بوونەتەوە و ئالنگارییەکی ڕاستەوخۆی بۆ ڕاپۆرتە ڕاستەقینەکان درووست کردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر هۆشیاری تاک.
- چەواشەکردنی ڕاستییەکان:- چەواشەکردن یان شێواندنی ڕاستی شت و ڕووداوەکان دیاردەیەکە لە هەندێ قۆناغى تایبەتی مێژووی گەشە دەکات. لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ململانێ سیاسییەکان ئاسایی نین و هەموو حزبەکانیش بە پێی توانای خۆیان کەم تا زۆر خاوەنی کەناڵی خۆیانن، کە هەندێکیان زۆر زەبەڵاحن. هەر لایەنە و لای خۆیەوە هەوڵدەدا لە کەناڵە تایبەتیەکانی خۆی پەیامە ڕاست و چەواشەکارییەکانی خۆی بگەیەنێ، بەو هۆیەشەوە سەر لە خەڵکی شێوێندراوە و بەزۆری ئەندام و لایەنگری هەر حزبێکیش ڕاست و چەپ لە سۆشیال میدیا پشتگیری لە هەواڵ و زانیارییەکانی کەناڵەکانی خۆیان دەکەن و ئەوانەی تر ئەگەر ڕاستیش بن ڕەت دەکەنەوە و گومانیان دەخەنە سەر، ئێستا لە کوردستان ئاماژەکانی ئەو قۆناغه بەزەقی دیارن و ئەگەر پێشیان پێ نەگیرێ بەدڵنیاییەوە دوا رۆژێکی گەش نابینین، ئەمەش لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و زوو یان درەنگ لێکەوتە خراپەکانی دەردەکەون.
2. کاریگەری دەروونی:- یەکێکی تر لەو فاکتەرانەی کاریگەری دەخاتە سەر هۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگا، بریتییە لە فاکتەرە دەروونییەکان، ئەمەیان خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی هەست و سۆز (دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و زمانی زبر، تا ئاستی جوێن). لە ئێستادا گوتار و شەپۆل و ڕەوتی پۆپۆلیستی لە جیهاندا جۆرێك لە برەوی هەیە، پۆپۆلیزم ئەو ئاڕاستە و ڕێبازە مەترسیدارەیە کە تیایدا بایەخی تاک ون دەبێت و ڕاستی دەشێوێندرێت و ئامانجی ڕەخنە بە لارێدا دەبرێت. وشەکە بە مانای گشتگەرایی یاخود خەڵکگەرایی دێت و خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی هەموو ئایدۆلۆژیا و ڕێبازێك بۆ ئامانجێك کە زۆر جار ئەو ئامانجە بریتییە لە گەیشتن بە دەسەڵات.
پۆپۆلیزم هەر وەك “ژان ڤانەر میولەر” دەڵێت:- ئەو تێگەیشتنەیە لە سیاسەت کە کۆمەڵگا دابەش دەکات بەسەر بەرەیەکی تەواو ئەخلاقی و بێ کەموکورتی کە “خەڵکە” هەروەها بەرەیەکی تەواو گەندەڵ کە “دەسەڵاتدارە”. لە ئێستادا ئەم جۆرە خیتابە پۆلۆلیستیە گواستراوەتەوە بۆ کوردستان کە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەشێک لەو حزبانەی کە دەسەڵاتدارن یاخود ئۆپۆزسیۆنن پەنا بۆ ئەم جۆرە خیتابە دەبەن، بۆئەوەی زاڵبن بەسەر هۆشیاری هاووڵاتیان و هۆشیاری دەنگدەر، بەکارهێنانی هەست و سۆزیان ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ناهۆشیاری تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی ئەمەش وادەکات پارتە سیاسیەکان زۆر بە ئاسانی سود لە هەست و سۆزی خەڵک و دەنگدەر وەربگرن، پۆپۆلیست ڕەخنە دەگرێت و هەموو کەم و کورتیەک لە قەبارەی خۆی گەورەتر نیشاندەدات و هەموو باشیەک کەم بەها دەکات بەبێ ئەوەی پێشنیار و پڕۆژەیەکی جێگرەوەی پێبێت، بەبێ ئەوەی پلانی زانستی بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، بەڵکو تەنها هەستی خەڵک دەجوڵێنێت و لە پێناوی گەشتنیەتی بە دەسەڵات و ئامانجەکەی خۆی. لە ئێستادا لە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێک لە حزبە سیاسیەکان لە بانگەشەکانی هەڵبژاردن گەیشتونەتە ئاستی بەکار هێنانی زمانی زبر، سەرکردە یاخود حیزبی پۆپۆلیست لە خودی خۆیدا خاوەنی هیچ جۆرە سیستەمێکی بیرکردنەوە نییە، بەڵکو لە یەك کاتدا هەموو ئایدۆلۆژیاکان بەکاردەهێنێن. زۆرجار کەس و لایەنی پۆپۆلیست بڕوای بەوە نیە کە خۆی دەیڵێت بەلام هەر دەیڵێت ئەویش بۆ کۆکردنەوەی جەماوەر لە چواردەوری خۆی و بەکارهێنانی هەست و سۆزیان و شێواندنی هۆشیاریان، چونکە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی بە هەست و سۆز بریار دەدەن نەک بە مەنتیق و ئەقڵ و لۆژیک ئەمەش یەکێکە لەو کاریگەریانەی کە حزبە سیاسییەکان بە دەرفەتیان زانیوەو بەکاری دێنن.
3. بەکارهێنانی تەکنیکەکانی ڕاگەیاندن:- ڕاگەیاندن پرۆسەیەکی ڕۆشنبیرییە، چونکە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێ لەخۆی و ژینگەی دەوروبەری تێبگات و کۆمەڵێک دابونەتیت و زانیاری لا دروستبێت، راگەیاندن بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ڕاست و دروست بە ئامانجی هۆشیار کردنی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاگادارکردنەوەیان لە ڕووداوەکانی دەوروبەریان. ڕاگەیاندن بەگشتی دوو ڕۆڵ و ئامانجی سەرەکی هەیە لە نێو هەر کۆمەڵگەیەك، یەکەم ڕۆڵ و هۆشیارکردنەوە و ڕۆشنبیرکردنی تاك ئامانج لێی بنیاتنانی تاك و دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و تەندروستە، دووهەمین ڕۆڵ هەڵخەڵتاندنی تاك و چەواشەکاری ڕای گشتی وە ئامانجی لێی لەنێو چوونی تاك و داڕمانی کۆمەڵگەیە کە سەرەنجام دەبێتە کۆمەڵگایەکی ناتەندروست، ڕاگەیاندنی تەندروست، وڵات بەرەو پێشکەوتن و گەشەسەندن دەبات لە هەموو ڕوویەکەوە، هەروەها هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن بە شێوەیەکی دروست، بەڵام ڕاگەیاندنی ناتەندروست ڕێك پێچەوانەی ڕاگەیاندنی تەندروستە، هەمیشە دەیەوێت کێشە بۆ تاك و کۆمەڵگاو سیستەمی گشتی حکومڕانی دروست بکات، بگرە لە دروستکردنی پڕوپاگەندە و هەڵخەڵتاندن و سەرگەرمکردنی تاک بە شتی لاوەکی و بێ سوود بۆ مرۆڤ و مرۆڤایەتی و چەواشەکردنی ڕای گشتی، لە هەرێمی کوردستان بەهۆکاری ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەر بە لایەنێکی سیاسی یاخود حزبێکی سیاسین ڕەنگدانەوەی لایەنە سیاسیەکەی لەسەر دەردەکەوێت، کە لایەنە سیاسیەکان ڕاگەیاندن وەک ئامرازێک بەکاردێنن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کاریگەری خستە سەر ڕای گشتی. هەروەکو “جۆزیف گۆبلز” بەرپرسی پڕوپاگەندەی نازیەکان کە دەڵێ “ڕاگەیاندنێکی بێ ویژدانم پێ بدە، میللەتێکی نا وشیاریت پێ دەدەم”. لە کۆتایدا دەڵێم: ڕاگەیاندنی تەندروست یەکسانە بە کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دەوڵەمەند، ڕاگەیاندنی ناتەندروست یەکسانە بە کۆمەڵگایەکی ناتەندروست و هەژار.
“چۆن بتوانین ڕێگری بکەین لە چەواشەکردن و شێواندنی هۆشیاری خەڵک، بە واتایەکی تر چۆن خۆمان بپارێزین؟”
- پشکنینی سەرچاوەکان.
- وەلانانی هەست و سۆز.
- بەکارهێنانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
- فێربوونی جیاکردنەوە هەواڵی ڕاست و ساختە.