تا ئێستا ڕوویداوە کە دوای گەڕانێکی زۆر لە فەیسبوک و ئینستاگرامدا هەست بکەیت ژیانت چەندە ناخۆش و خەمهێنەرە ب ەبەراورد بە ئەوانەی ژیانی خۆیان لەو تۆڕەکۆمەڵایەتیانەدا دەخەنەڕوو؟ هەست بکەیت ئەو خەڵکە بەردەوام سەفەر دەکەن، جوانترن، خۆشبەختترن، سەرکەوتووترن. دوایی لە دڵی خۆتدا بڵێی ئاخر ئەمە کەی ژیانە منی تێدام، تەماشا ئەو خەڵکە چۆن دەژین. لە ڕاستیدا تەنیا تۆ وەها نیت، ئەمە حاڵی هەموو ئەوانەیە کە زۆر بەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگەڕێن.
جیهانی ئەمڕۆ جۆرێک داڕێژراوە کە مرۆڤ لە دۆخی ئێستای ناڕازی بێت و زۆر خۆی بەراورد بکات بە خەڵکی و بەردەوام لە دۆخی ڕاکەڕاکە و هەوڵدان بۆ زیاتر بەدەستهێناندا بێت. لە هەزار دەزگاو کونوکەلەبەرەوە پێمان دەڵێن ئەگەر بە فڵان کوالیتی و ستاندارد نەژیت، ئەگەر فڵان کار نەکەیت ئەگەر بەردەوام لە گۆڕانکاریدا نەبیت، ئەگەر دەوڵەمەند نەبیت، ئەگەر ئامانجی گەورەت نەبێت، ئەوە تۆ شکستخواردویت، ژیانت بەفیڕۆچووە. خۆی جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری لەسەر بنەمای تەماع و هەڵپە کار دەکات و قەناعەت و سادەیی بە گەمژەیی دەزانێت. دەڵێت ئەوەی هەتە مەیبینە و زیاتر و زیاتر بەدەست بهێنە. ئامانجی سەرمایەداری ئەوەیە پارەی زیاتر کۆبکاتەوە و دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر ببن. هەرچەندە تەماع و هەڵپە و نەبینینی ئەوەی کەم هەیە سرووشتی مرۆڤە، بەڵام سەرمایەداری دێت بەنزیت دەکات بەم ئاگرەدا. ژان پۆڵ سارتەر دەڵێت “ئەوەندەی لە دەستدانی شتێک ئازارماندەدات، ئەوەندە بەدەستهێنانی هەمان شت چێژمان پێ نابەخشێت، ئەمە سرووشتی مرۆڤە” جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەداری پێت دەڵێت: تەنیا بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەس نیە دەبێت ماستەر و دکتۆرایش بەدەست بهێنیت، لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت جەستەیەکی ماسولکەیت هەبێت و گەشتی دەرەوەی وڵات و دنیایە شتی دیکەیش بکەیت، ئینجا دەبێت هەموو ئەمانەیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەربخەیت تا بۆ هەمووانی بسەلمێنی کە تۆ لە کاروانی سەردەم جێنەماویت و کەسێکی سەرکەوتویت.
بەڵام دەبێت مرۆڤ بۆ ساتێک هەڵوێستەیەک بکات و کۆمەڵێ پرسیار لەخۆی بکات، ئایا ئەمانە پێداویستی ڕاستەقینەن بۆ من؟ ئایا ئەم هەمووە هەوڵدان و ڕاکەڕاکە پێویستە؟ ئایا ئەمانە خواستی ڕاستەقینەی خۆمن یان جیهانی سەردەم و کۆمەڵگە بۆیان دیاری کارکردووم. دنیای سەردەم پێت دەڵێت دەبێت هەموو جوڵەو کاتێکت لە پێناو سودێکی مادیدا بێت. دەبێت بەردەوام شتێک بەدەست بهێنیت. دەبێت هەموو جوڵەیەکت ئامانجداربێت، ئامانجێک کە ببێت هۆی دەستکەوتێک. لێرەدایە کە پێویستمان بە هونەرێکی گرنگە، ئەویش “هونەری بێ ئامانج ژیانە” بەڵێ دەزانم جیهانی ئەمڕۆ وای کردووە بێ ئامانج ژیان وەکو کوفر دەربکەوێت. لای خەڵکی بڵێی، ڕەنگە بەردەوام ئامانجداربوون شتێکی باش نەبێت، بە شێتت دەزانن. با دەخولەک بووەستین و بزانین ئەم جیهانە خێرایە ئێمە بەرەو کوێ دەبات. ئایا هەر بەڕاستی تەنیا کاتێک ئارامی بەدەست دەهێنین کە ئامانجدار و سەرکەوتووبین؟ با دە خولەک بێ ئامانج تەماشای ژیان بکەین. ئەو ڕێکارانە جێبەجێ بکەین کە فەیلەسوفە مەزنەکان بۆ گەیشت بە ژیانێکی باش و ئارام سودیان لێ بینیوە. ئەویش “هونەری بێ ئامانج ژیانە”. فەیلەسوفێکی گەورەی وەک “ئارسەر شۆپنهاوەر” لە کۆنەوە ئێمەی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کەئەم هەڵپە بەردەوامە بۆ زیاتر بەدەستهێنانی شتەکان مرۆڤ بەختەوەر ناکات. شۆپنهاوەر دەیگوت: ژیانی مرۆڤ وەکو پەندۆڵ وایە کە بەردەوام لە نێوان ئازار و بێزارییدا دێت و دەڕوات.
مەبەستی ئەوەبوو کە ئێمە یان ئازاردەچێژین بەهۆی نەبوونی شتێکەوە یان ئەوشتەی هەمانە و بەدەستمان هێناوە، لامان سواو و دووبارەیە و لێی بێزاین و بەدوای شتێکی دیکەدا ڕادەکەین. میدیاکانی ئەم ڕۆژگارە ئەم سووڕە بەهێزتر دەکەن و قوڕەکە خەستتر دەکەنەوە. ئەوان بە ڕیکلام کردن بۆ شتانێک کە هیچکام پێداویستی ڕاستەقینە نین بەردەوام داخ دەکەنە دڵمانەوە تا ئەم هەستی زۆرخواستنە بتوانێت مارکێتەکانیان پڕفرۆشتر بکات. ئەم میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیانە عەسای دەستی سەرمایەدارەکانن هەم پێداویستی درۆینەت بۆ دروست دەکەن هەم وادەکەن لەخۆت و ڕوخسار و ژیانت ناڕازی بیت، تا بتوانن زۆرترین کاڵات پێ بفرۆشن. “ژان پۆڵ سارتەر” کە یەکێکە لە فەیلەسوفە گەورە فەرەنسیەکان، دیدگایەکی سەیری هەبوو. ئەو پێیوابوو کە ئێمە وەکو مرۆڤ، ئازادی موتڵەقمان هەیە بڕیار بدەین کێ بین و چ جۆرە ژیانێکمان هەبێت.
ئەمە واتە هیچکەس و هیچ شتێک تەنانەت میدیاکان و کولتووری کۆمەڵگە نابێت بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئێمە کێ بین. سارتەر پێی وابوو کە مرۆڤەکان لەدنیایەکدا دەژین خۆی لە خۆیدا بێ مانایە و ئەوە خۆمانین کە دەبێت مانا بە ژیان بدەین. بە واتایەکی دیکە ئەگەر بمانەوێت ژیانمان بە شێوەیەکی سادە و بەبێ ئامانجی ئاڵۆز بەڕێ بکەین و چێژ لە سات بە ساتی ژیانمان وەربگرین، ئەمە مافی ئێمە و هیچ کێشەیەکی تێدا نیە. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بیەوێت لە گوندێکی دوورەدەستدا بژی و هیچ حەزی لە پلەوپایەی کۆمەڵایەتی و دەوڵەمەند بوون نەبێت، بە بڕوای سارتەر ئەم مرۆڤە ڕاستگۆو وەفادارە بەرانبەر بەخۆی مادام شتانێکی هەڵبژاردووە کە لە خۆیەوە سەرچاوەیان گرتووه. ئەڵبەت مەبەست لەوە نیە هەر کەسێک ژیانێکی ناخۆش و زەحمەتی هەبێت ئەوەی خۆی هەڵیبژاردووە بەڵکو زۆرجار ناچارییە. مەبەست ئەوەیە ئەگەر کەسێک ژیانێک هەڵبژێرێت کە خۆی بەڕاستی دەزانێت و داخوازی دەروونی خۆیەتی،ژئەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕەسەنێتی خۆی، هەر چەندە ئەو ژیانە بە تێڕوانینی سەردەم و کۆمەڵگە شێتانە بێت. بەڕای سارتەر ئەمە ڕێزگرتنە لە ئازادی خۆمان. یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە باوەکانی ئەم سەردەمە خۆبەراودکردنە. هەرچەندە مرۆڤ بە سرووشت ڕێژەیەک خۆبەراوردکردنی تێدایە. بەڵام لەم سەردەمەدا ڕێژەکەی زۆر زیادی کردووە بەهۆی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.
لە ڕووی دەروونناسیەوە ئەو خۆبەراوردکردنە ناچیز و بەردەوامانەی کە بەهۆی تەماشاکردنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە ڕوودەدەن، دەکرێ زۆر وێرانکەر بن. “مارک لیری” یەکێکە لە دەروونناسە دیارەکان لەم زەمنەیەدا، نەزەریەیەکی هەیە کە پێی دەگوترێت “دەرکی خودی کۆمەڵایەتی” ئەم بیردۆزە دەڵێت “لەبەرئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، ڕێژەیەک لە خۆ بەراوردکردنی تێدایە بە مرۆڤەکانی دیکە و لەو ڕێگەیەوە پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی هەڵدەسەنگێنێت. بەڵام میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم بابەتە دەشێوێنن و بەلاڕێیدا دەبەن، چونکە ئەو وێنانەی لە سۆشیاڵ میدیادا هەن کۆمەڵێک وێنەی گوڵبژێرو ناواقیعین و هەرکەسێک ژیانی واقیعی خۆی بەراورد بکات بە ژیانی ناواقیعی و درۆینەی سۆشیاڵ میدیا هەستی شکست و خۆبەکەمزانین و بێزاری بەڕێژەیەکی بەرچاو تێیدا گەشە دەکات”. هەربۆیە لێکۆڵینەویەک کە لە زانکۆی میشیگان ئەنجامدرا دەرکەوت ئەو کەسانەی کاتێکی زۆر لە سۆشیاڵ میدیادا بەسەر دەبەن بەشێوەیەکی بەرچاو توشی خەمۆکی و ناڕازی بوون لە ژیانی خۆیان دەبن. لێرەدا ئێمە دەبێت بگەینە ئەم شانازییە “هونەری بێ ئامانج ژیان” لەبری ئەوەی بەردەوام سەرقاڵی هەوڵدان بۆ باشتر بوون و گەیشتن بە سەرکەوتنی زیاتر بین، دەبێت فێربین هەندێک کات ئامانجەکان بەلاوە بنێین و چێژ لەوەی کە هەین و هەمانە وەربگرین.
بەداخەوە هەر لە مناڵیەوە فێریان کردووین کە تۆ کاتێک خۆشویستراو و پەسەندکراوی کارێک بکەیت کە بەدەستکەوت حساب بکرێت. زۆرێک لە دایکوباوکان بەچەندین شێواز بە منداڵەکانیان دەڵێن، ئێمە کاتێک تۆمان خۆش دەوێت کە لە قوتابخانە یەکەم بیت یان ئەگەر هاروهاجی بکەیت یان زۆر پرسیار بکەیت ئیدی خۆشمان ناوێیت. بەداخەوە ئەمە لە مێشکی منداڵدا دەچەسێت و کاتێک گەورە دەبێت ئەو باوەڕەی لا دروست دەبێت کە پێویستە دەستکەوتێکی گەورەی هەبێت ئینجا خۆی خۆشدەوێت و بەختەوەر دەبێت. هەروەها دەبێت پلەو پایەیەکی هەبێت ئینجا خۆشویستراوە. هیچ کەس پێی نەگوتووە، تۆ هەر بەوشێوەیەی کە هەیت خۆشویستراویت. بەڕاستی ئەمە ئەو کەموکوڕتیە ڕاستەقینەیە کە لە ژیانی هەمووماندا هەستی پێدەکرێت. بەداخەوە لەمڕۆدا ئەوەندە شتی ساختە دروست بووە کە بابەتی ژیان لە ئێستایشدا نرخی خۆی لەدەست داوە. ژیانکردن لە ئێستادا بەو مانایە نیە کە بڕۆی بۆ دارستان و سەرکێشی بکەیت یان بتەوێت چێژ لە هەموو ساتەکانی ژیانت ببەیت. ژیانکردن لە ئێستادا بەو مانایە دێت لە هەر ساتو دۆخێکدا تەنانەت لە سات و کارە سەختەکانیشدا بزانیت کە ڕەنگە سبەینێیەک بوونی نەبێت و تۆ مردبیت. بۆیە ئەو شتەی کە ئەزموونی دەکەیت بەجۆرێک بێت وەک بڵێی کۆتا جارە ئەزموونی دەکەیت. تەنانەت ئەگەر ئەزموونێکی سەخت و ناخۆشیش بێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە میدیاکان زۆر شارەزان لەوەی گەمە بە دەروونی ئێمە بکەن. ڕیکلامەکانی تەلەفیزونی و پۆستەکانی سۆشیاڵ میدیا بەردەوام پێمان دەڵێن کە بەختەوەری واتە کڕینی فڵان کاڵا یان بەدەستهێنانی فڵان پلەوپۆست ئەمانە وادەکەن کە بەردەوام هەست بکەین کە ژیانمان ئێستا باش نیە و دەبێت پۆشاکێک، ماشینێک یان ڤێلایەکمان هەبێت ئینجا بەختەوەر دەبین. تەنانەت دەروونناسان دەڵێن ئەمانە جۆرێک “دەرکی هەڵە” سەبارەت بە ژیان دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ئێمە لەبری ئەوەی سەرنجمان لەسەر ئەو شتانەبێت کە هەمانە و چێژیان لێوەربگرین بەردەوام خەیاڵمان لای ئەو شتانە بێت کە نیمانن. کێشەکە ئەوەیە کە ئەو شتانەی کە نیمانن زۆر زۆر زیاترن لەوانەی کە هەمانن، کەواتە دەبێ تا کۆتاییی ژیانمان بەدوای نەبووەکانماندا ڕاکەین. تا ئێستا چەندجار ڕوویداوه کە بینینی ڕیکلام و مرۆڤه بەناوبانگەکانی سۆشیاڵ میدیا هەستیێکی باشتان بۆ دروست بووبێت و بڕیار بدەن یەکسەر دەستبکەن بەگۆڕانکاری لە ژیانتاندا، بابەتەکە ئەوەیە کە کاتێکی خەریکی سۆشیاڵ میدیاین، مێشکمان ڕێژەیەکی زۆر دۆپامین دەردەدات کە بەرپرسە لە چێژوەرگرتن، چونکە ئەم چێژە خێراو ئاسانە، مێشکمان خێرا خووی پێوە دەگرێت و ئیدی تاقەتی ئەو کارانەی نامێنێت کە کات و وزەی زیاتریان دەوێت، وەک خوێندن، کارکردن، گەشەکردن و وەرزشکردن و قسەکردن بۆ چارەسەری کێشەکان.
بەداخەوە مێشک زوو خودەگرێت و پەیوەست دەبێت بە چێژە خێراکانەوە و ناتوانێت ئارامبگرێت تا لە کارە سەختەکانەوە بگاتە ئەنجام. بۆیە جیاوازی نیە چەنێک لە سۆشیاڵ میدیاوە هەست و هاندانی باش وەردەگرین ئەمە نەک نابێتە هۆی گەشەکردنمان، بەڵکو کۆنتڕۆڵی خواستەکانی خۆیمان دەکات. هەر شتێک وابکات مرۆڤ خێرا هانبدرێت و هەستێکی خۆشی بۆ دروست بکات، بەڵام دواتر لە ژیانی واقیعیدا نەتوانێت پەیڕەوی بکات، شتێکی باش نیە و زیاتر مرۆڤ نائومێد دەکات. بەڕاستی ئەگەر نیوەی ئەوەی کە دەیزانین بیکەین بە کردار خۆشبەخت دەبین. زۆرێک لە ئێمە وادەزانین ئەگەر هەموو حەزو ئارەزوو و خواستەکانمان بێنەدی، ئیدی بەختەوەر دەبین و هیچمان ناوێت لە ژیان، بەڵام ئەمە مرۆڤ تێر ناکات، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە مرۆڤ کاتێک زۆر حەزی لە شتێکەو و ئیشتیاقی بۆی هەیە مێشک ڕێژەیەکی زۆر دۆپامین دەردەدات و دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی، دواتر کە کاری بۆ دەکات، ڕێژەکە کەم دەکات و پاشان کە بەدەستی هێنا، ڕێژەی دۆپامین دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی. واتە مێشکی مرۆڤ وادروستبووە کاتێک حەزی لە شتێکەو خەیاڵی دەکات پلانی بۆ دادەنێت دۆپامینی زیاتر دەڕژێنێت تا ئەوکاتەی کە پێی دەگات و بەدەستی دەهێنێت.
له ڕاستیدا ئێمە کۆیلەی ئیشتیاق و حەزکردنین نەک گەیشتن بە شتەکان. ئەمە وادەکات خۆمان وادەربخەین کە ئامانجمان هەیە ئەترسین لەوەی بێ ئامانج دەرکەوین. دەبێت ئەم ترسە لەناو ببەین تا بتوانین بژین و چێژ لە ژیان وەبگرین. لە جێگەیەکشیدا ئەگەر ئامانجێکمان هەیە کە لەناخی خۆمانەوە هەڵقوڵاوە، بەو دۆپامین و خەیاڵاتە هەڵنەخەڵەتێین و کار لەسەر ئامانجەکەمان بکەین. “مارتن هایدیگەر” کە یەکێکە لە فەیلەسوفە ئەڵمانیە گەورەکان، دەڵێت “مرۆڤ فایلێکی تەواو نەبووە و هیچکات حەز و خواستەکانی تەواو نابن” ئێمە ئەگەر پێنجسەد ساڵیش بژین، دیسان کارێک هەیە کە نەمانکردووە، شوێنێک هەیە کە نەڕۆیشتووین و سەرکەوتنێک هەیە کە پێی نەگەیشتوین، چێژێک هەیە کە ئەزموونمان نەکردووه، قسەگەلێک هەن کە نەمانکردون. پوختەی کەلام ئەوەیە دەکرێت لەم دنیا جەنجاڵەی ئەمڕۆدا هونەری بێ ئامانج ژیان ڕێگایەک بێت بۆ ڕزگاربوون لەم ڕاکەڕاکە بەردەوامە.
فەلسەفە و دەروونناسی فێرمان دەکەن ئەم بێ ئامانج بوونە بەمانای خراپ بوون نیە بەڵکو جۆرێک ئارامی دەروون و قبوڵکردنی دۆخی ئێستامانە لەبری ئەوەی بەردەوام خەریکی کێبڕکێ و گۆڕانکاری بین، باشترە هەندێک کات بوەستین و چێژ لەوە ببینین کە هەمانە، دەتوانین ڕۆژی نیو کاتژمێر بی ئامانج بژین کاری بێهودە بکەین ئەگەر سەیری دیوارکردنیش بێت، ڕابمێنین لە خەتەکانی گەڵای دارگوێزێک، سەیری شینایی ئاسمان بکەین بەس ئەو نیو سەعاتە نەمانەوێ کارێکی ئامانجدار بکەین، نیو سەعات نەمانەوێ مرۆڤێکی زیرەک بین و دەستکەوتێکمان هەبێت.
وەرگێڕان لە فارسییەوە: ئەمجەد ئەحمەد