“دادوهرییهكی گشتی”
بێگومان مرۆڤناسی مەعریفەیەكی مێژوویی لە پشتەوەیە. بەپێی مەعریفەی بەشەرییەت هەر یەكە بۆ خۆی پێناسەیەكی هەیە بۆ مرۆڤ. هەمووشیان پێناسەی “ماهو”ـی نییە، بەڵكوو گشتی سیفەتی مرۆڤ بەیان دەكەن. مرۆڤ پێناسەی نییە بەوەی كە چییە؟ چونكە لە هەموو ساتێكدا لە دۆخێكدایە. هەر شتێكیش لە ساتەكاندا لە گۆڕاندا بێت، ئەوە ناتوانین بڵێت چییەتی ئەوەیە و ئەوە نییە. دەمویست مرۆڤناسی مۆدێرنە و ئەخلاقی مرۆڤی مۆدێرنە بەیان بكەم وەك داوەرییەكی گشتی. ئەخلاقی مرۆڤی مۆدێرنە بەدەر لەوەی كە خاوەنی مەعریفەیە، ئەوە جگە لە بەرژەوەندیی هیچی دیكە نییە. ئەو مرۆڤەی كە مەعریفەیەكی باشی هەبوو، ئەوا مامەڵەی سوود و زیانی نابێتە بەرژەوەندی بەڵكوو دەبێتە مامەڵەیەكی ئەخلاقی. ئەخلاق واتە:- ئەو شتەی كە بۆ خۆم پێم پەسەند نییە ئەوە بۆ ئەوانیدی پەسەندی نەكەم. ئەمە گەوهەری سیستەمی هەموو ئەخلاقی ئایینەكانە.
مرۆڤناسی مۆدێرن لەسەر بنەمای مەعریفەت بوونیاد نەنراوە، بەڵكوو لەسەر مامەڵەیەكی هەڵە یاخود لەسەر بەرژەوەندی سوود و زیان بوونیاد نراوە. چونكە مرۆڤی مۆدێرنە هەموو شتێك دەناسێت جگە لە بوونی خۆی. لە دۆخێكیشد مرۆڤ هەتا خۆی نەناسێت ناتوانێت شتەكانی دیكە بناسێت. خۆناسین بنەڕەتی ناسینی ئەوانی دیكەیە. داوەریی گشتی مەبەستم ئەوەیە لەم سەردەمەدا ئەگەر پەیامبەر یان شەیتان بیت، ئەوە داوەریی مرۆڤی مۆدێرنە جگە لە خراپبوون لەقەڵەمت نادەن. چاك بیت بە خراپت دەزانن، خراپ بیت بە چاكت دەزانن. لە دۆخێكیشدا هیچ مرۆڤێك نە عاریفان و فەیلەسوفان نە پەیامبەران بوێری ئەوەیان نییە یاخود مافی ئەوەیان نییە بتوانن بوونی مرۆڤ بناسن. ناسینی بوونی مرۆڤ جگە لە خودا بۆ هیچ كەس ڕەخساو نییە. سەعدی مەزن قسەیەكی زۆر جوانی هەیە كە دەلێت: “من خۆم دەزانم كە كەسێكی باشم بەڵام خەڵكی بە خراپم دەزانن، خۆم دەزانم كە خراپم بەڵام خەڵكی بە باشم دەزانن”.
داوەریی گشتی مرۆڤی مۆدێرن لەسەر بنەمای نەزانیی بونیاد نراوە. ئەگەر نا بە هیچ شێوەیەك مرۆڤ مافی نییە هەقیقەت یاخود زاتی بوونی خۆی بناسێت ئیدی چ بگات بە ناسینی ئەوانی دیكە. نائەخلاقییە كە داوەریی بكەین و بلێین فڵانە كەس باشە یان خراپە. مرۆڤ وەك زات ناتوانین بڵێین باشە یان خراپە بەڵكوو دەتوانین بڵێین كردەوەی باشە یان خراپە. خراپە و باشەی مرۆڤ شتێكی ڕێژەییە و دیاری ناكرێت. بۆیە مرۆڤ بە هەر مەعریفەیەك بێت ناتوانێت ئەوانی دیكە بە باش و خراپ لە قەڵەم بدات. ئەمە وەك داوەرییەكی گشتی بۆ مرۆڤناسی مۆدێرنە. بەڵام دەمەوێت گرێی بدەم بە ئەخلاقی عیرفانییەوە كە ئەمە گرنگترە لە مرۆڤناسی مۆدێرنەدا. ئەخلاقی عیرفانی مرۆڤی یەكڕەنگ، یەكدڵ، تاقانە بەرهەم دەهێنیت. واتە بوونی مرۆڤ چۆن بوو لە دڵدا هەر بەو شێوەیە لە زاریششەوە دێتە دەر. مەولانا كە ئەخلاقی عیرفانی هەبووە دێڕە هۆنراوەیەكی زۆر جوانی هەیە كە دەڵێت: “ای فدای أنكە دلش با زبان یكی است” “ئەی من قوربانی ئەو كەسەی كە دڵ و زمانی یەكێكە”. ڕێكوپێك پێچەوانەی مرۆڤی مۆدێرنەیە. لە دڵدا شتێك هەیە و لە زماندا شتێكی دیكە دێتە دەر. ئەخلاقی عیرفانی یاخود ئەخلاقی ئەویندارانە فێرت دەكات كە: بە یەك چاو، بە یەك دڵ سەیری خودا، مرۆڤ، جیهان ئاژەڵ بكەیت. ئەخلاقی ئەویندارانە مرۆڤ فێر دەكات كە: جگە لە ئەوین مامەڵەی هیچ شتێكی دیكە نەكات. واتە بێهۆكار هەمووانی خۆشدەوێت. سەعدی گوتەنی: “ئەوینداری هەموو جیهانم چونكە جیهان هەمووی لە ئەوەوەیە”. جیهان و ئەوەی كە لەناویدایە گشتی خوڵقێنراوی خودایە و مرۆڤیش دەبێت ئەوینداری جیهان بێت و لەڕووی ئەخلاقەوە: مافی هەموو بوونەوەران بپارێزێت. لەڕوی ئەوینەوە بێهۆكار هەمووانی خۆشبوێت. ئەمەیە ئەخلاقی عیرفانی كە: بە یەك چاو، بە یەك دڵ هەمووانت خۆشدەوێ بێ ئەوەی بزانیت بۆچی.
داوەریی ئەخلاقی عیرفانیی و ئەخلاقی مرۆڤی مۆدێرن زەمین هەتا ئاسمان جیاوازی هەیە و پێكەوە كۆنابنەوە. چونكە عیشق و عیرفان لەگەڵ بەرژەوەندی سوود و زیاندا سەروكاری نییە. واتە لەناو ئەوانەدا ڕێگای نابێتەوە. بۆیە ئەخلاقی مرۆڤی سوننەتی ئەخلاقێكی جوان و دڵنشین بووە. ئەخلاقی مرۆڤی مۆدێرنەیش وابەستەیە بە بەرژەوەندی سوود و زیانەوە. جا لەبەر ئەوەی: “سرمایە كم كنید سود و زیان یكی است. سەرمایە كەم بكەینەوە چونكە سوود و زیان یەكێكە”. لە بازاڕی عیرفاندا سوود و زیان یەك شتە. لە بازاڕی ئەخلاقی مرۆڤی مۆدێرنەدا تەرازووی سوود و زیان جیاوازە. هەمووان دڵخۆشن بە سوود و دڵتەنگ بە زیانن. حافز گوتەنی:-
بـــنـــواڕە بــۆ پـــارەى جـــيــهــان و ئـــازارى جیهان
ئەگەر بؤ ئێوە بـەس نييە، سوود و زيان بۆ مـن كافييە
لەم نێوانەشدا دەبێت وەك مەولانا بڵێین:
كـــز دیـــو دد مــلــولــم و انـــســـانـــم ارزوست
لەم درنج و دێوەزمە پەرێشانم و ئارەزووی ئینسان دەكەم
مەبەستی من لە داوەریی گشتی ئەوەیە كە هیچ كەسێك بە تەواوی ناتوانێت لە بوونی بەرامبەر تێبگات و بیناسێت وەك زات و خود. مەگەر ئەوەی كە ئێمە بەپێی مەعریفەی خۆمان سیفەت و چاكە و خراپەی بناسین. پەیامبەران و عاریفان و ئاقڵان پێشەنگتر بوون لە هەمووان بۆیە بە نمونە ئەوانەم هێناتەوە. تەنانەت ئەوانەیش ناتوانن بوونی مرۆڤ بناسن. من نەمگوتووە دەتوانین بوونی مرۆڤی مۆدێرنە بناسین بەڵكە گوتوومە ئەخلاق و سیفەتی دەتوانین بناسین كە چۆن مامەڵەیەك بكات. وەك زات و خودی مرۆڤ نەناسراوە بۆ هەمووان. داوەریی من ئەوەیە مرۆڤی سوننەتی لەچاو مرۆڤی مۆدێرن ئەخلاقی زیاتر بووە هەتا مرۆڤی ئێستا. بەگشتیش بۆی بڕوانین هیچ كات لە جیهاندا نەماندیوە كە خاڵی بێت لە مرۆڤی باش و ئەخلاقی. هەموو سەردەمێك بۆ خۆی باشە و خراپەی تێدایە. بەڵام نائەخلاقی ئەمڕۆ بەجوانی دەكەوێتە بەرچاو. بابەتی گۆڕان بۆ هەموو مرۆڤێكە و هیچ كات دۆخی گۆڕان جێگر نییە و لە ڕەوتدایە چ بۆ مرۆڤی مۆدێرن چ بۆ مرۆڤی كلاسیك. چییەتی مرۆڤ نەناسراوە و ناتوانین بەتەواوی بڵێین بریتییە لەوە یان لە شتێكی دی.
مەبەستم لە مرۆڤناسی مۆدێرن ناسینی ئەخلاقییەتی نەك خود و زاتی بوونی. كاتێك كە ئەخلاق لەسەر بنەمای ئەقڵ و مەعریفەت بونیاد نەنرا، ئەوە جگە لە سوود و زیانی بەرژەوەمدی هیچی دیكە نییە. ئەخلاق ئەو ئەخلاقەیە كە بۆ هەموو بووونەوەران پاكیزە بێت چ بكات بە مرۆڤ. بەڵێ ئەوەی مەعریفەیەكی باشی هەبێت ئەوە بێگومان ئەخلاقێكی چاكیشی هەیە. ئەخلاقی باش سەرچاوەكەی ئەقڵ و مەعریفەی باشە. مەبەستی من لە مەعریفەی باش ئەوەیە كە مرۆڤ بتوانێت بە:- ئەقڵ و عیشق یان بە ئەقڵانییەت و مەعنەوییەت هەقیقەتی بوونی خۆی بناسێت. ئەمە مەبەستی منە كە مەعریفەی باش لە ئەقڵانییەت و مەعنەوییەتدایە. ئەو مەعریفەیەی كە مرۆڤ بەرەوە نائەخلاقی یان ڕەزیلەتی نائەخلاقی دەبات نابێت ناوی لێ بنرێت مەعریفەت. گرنگی مەعریفەی مۆدێرنیتە ئەوەیە كە ئاسۆی ئەقڵانییەت و مەعنەوییەتی مرۆڤ فراوانتر دەكات. بەڵام ئەم فراونییە دەبێت ئەخلاقی باشە بەرهەم بهێنێت نەك تەنیا بۆ سەرگەرمی بێت. بەڵام زانست و مەعریفەی مۆدێرنە هەتا ڕادەیەك مرۆڤی وەها لێكردووە كە لە وەهمدا بژیت. ئەویش مەعریفەی پەرچەكردارییە. ئەوەی كە سەعدی ئاماژەی بە ئەخلاق كرد و گوتی: “من خۆم دەزانم كە کەسێکی چاکم، بەڵام خەڵکی بە خراپم دەزانن، خۆم بە کەسێکی خراپ دەزانم، بەڵام خەڵکی بە چاکم دەزانن”.
بەڵێ نیشانەی ئەوەیە كە مرۆڤ لە وەها گوتنێكدا هێشتا خۆی نەناسیوە. ناسینی خود یان ناسینی ئەخلاقییاتی خۆت وات لێدەكات كە بتوانی لە ڕەفتار و گوتاری خەڵكی تێبگەیت كە چۆن داوەریت بەسەردا دەكەن بە باشە و خراپە. پەیڤی سەعدی پەندێكی نایابە. بە چ مافێك دەتوانیت بڵێیت مرۆڤی یەكدڵ و یەكڕەنگ هێشتا جەمسەری ئاژەڵییەتی داوەریی بەسەردا دەكات؟ كاتێك كە دەڵێم مرۆڤی یەكدڵ و یەكڕەنگ واتە لە جەمسەری ئاژەڵیی و نائەخلاقی تێپەڕی كردووە و گەییشتووە بە خاڵی گەوهەری ئەخلاق كە: ئەوەی بۆ خۆم پێم خۆشە بۆ بەرامبەریش پێم خۆشە. لێرەدا كە ناوی ئەخلاق دەبەین واتە ئەویتر لە بەرامبەردایە.
ئەخلاقی عیرفانی مرۆڤێك دەخوڵقێنێت كە سەر تا پێ گشتی میهرەبانییە، بەخشندەییە. ئەخلاقی عیرفانی سوود و زیان لە بەرچاو ناگرێت. ڕەهایی مامەڵە دەكات. بۆ نمونە لە ئەخلاقی ئەقڵیدا یان لە ئەخلاقی دادپەروەریدا هەیە كە: مرۆڤ ئەگەر بە ئەخلاقی دادپەروەرانە مامەڵە بكات، ئەوە بەشی خۆیشی لە بەرچاو دەگرێت. بەڵام ئەگەر لە ئەخلاقی ئەویندارانەدا هەمووی دەبەخشێت. تەرازووی دادپەروەری دژوارە. بەڵام تەرازووی بەخشین كە لە ئەخلاقی عیرفانیدا هەیە ئاسانە. چونكە مرۆڤ لێرەدا بە خاڵی بنەڕەتی ئەخلاقی گشتی مامەڵە دەكات. ڕوونتر بڵێم لە ئەخلاقی عیرفانیدا دەچیتە حاڵەتی دۆخی بەرامبەرەوە و دڵانە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەیت. جوانترین ئەخلاق ئەو ئەخلاقەیە كە تۆ هەست بە ئازاری ئەوانی دیكە بكەیت و ببیتە هۆكاری دڵنەوایییان.