“پێشەکی”
ئاشکرایە کە گرژی نێوان فەتح و حەماس ڕکابەرییەکی بەرچاوی سیاسی و ستراتیژی دوو لایەنەی دروست کردووە، ئەم ململانێیە لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧دا بە شێوەیەکی کتوپڕ پەرەی سەند و دوای شەڕێکی ناوخۆیی کورت، کەرتی غەززە لەلایەن حەماسەوە کۆنترۆڵکرا، هەرچەندە فەتح لە کەرتی ڕۆژئاوادا باڵادەستی هەیە. ڕیشەی گرژی و ململانێی نێوان ئەم دوو بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی فکریی، بە تایبەت لە ڕوانگە جیاوازەکانی ناسیۆنالیزم و جۆری حوکمڕانی فەلەستین. فەتح بەر لە حەماس لە ساڵانی ١٩٥٠کان دامەزراوە، بەرمەبنای ئەم گرووپە جەختکردنەوەیە لەسەر ناسیۆنالیزمی عەلمانی، لە کاتێکدا حەماس لە ساڵی ١٩٨٧ وەک لقێکی ئیخوان موسلیمین دامەزرا، کە بانگەشەی بۆ ئەجێندایەکی ئیسلامی دەکرد.
سەرەڕای هەڵچوونی ناکۆکییەکان، لایەنە دەرەکیەکانیش هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییەیان داوە، هەر لە ڕێکەوتنی مەککەوە تاوەکو ئەم دواییانەش ڕێککەوتنی “یەکێتی نیشتمانی”یان لە تەمموزی ٢٠٢٤ لە پەکین واژۆ کردووە، کە ئامانج لێی دروستکردنی حکومەتێکی یەکگرتووی فەلەستینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگە بەردەوامەکان بە تایبەت شەڕی غەززە و ئیسرائیل. هەر بۆیە گەر سەرنج بخەینە سەر ڕۆڵ و هەوڵەکانی چین، دەستوەردانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەی سەندووە، بە گشتی خۆی وەک نێوەندگیرێک لە ململانێکانی حەماس و فەتحدا دەبینێت، هەڵبەتە هەوڵەکانی چین بۆ نێوەندگیری پەیوەستن بە ئامانجە درێژخایەنەکانی بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بگێڕێت و خۆی وەک جێگرەوەیەك بۆ سەرکردایەتی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پیشان بدات.
“یەکەم، (فەتح) کێیە و ململانێی نێوان حەماس و فەتح لە سەر چیە؟”
حەماس لە ساڵانی ڕاپەڕینی یەکەم وەک بزووتنەوەیەکی ئیسلامی سەریهەڵداوە لە دژی ئیسرائیل، هەروەها ڕەگ و ڕیشەی لەگەڵ ئیخوان موسلیمیندا هەبوو. لە بەرامبەردا فەتح ڕێکخراوێکی ناسیۆنالیستی عەلمانیە، هەوڵی دانوستان و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە داوە. ئەم دابەشبوونە فکری و ئایدیۆلۆژییە ململانێیەکی قوڵی لەسەر ستراتیژییەکانی ئازادکردن و حوکمڕانی فەلەستین دروستکردووە. لە ڕاپەڕینی یەکەمدا، فەتح هەوڵیدەدا کوتلە جۆراوجۆرەکان لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا کۆ بکاتەوە و سەرکردایەتی ڕاپەڕین بکات، بەڵام حەماس ئاڵنگاری ئەم باڵادەستییەی دەکرد و خۆی بە جێگرەوەیەکی شەرعی دادەنا. هەر بۆیە، ڕکابەرییەکە لە دوای هەڵبژاردنی یاسادانانی فەلەستین لە ساڵی ٢٠٠٦دا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند، حەماس سەرکەوتنێکی کتوپڕی بەدەستهێنا و بێتوانایی فەتح لە خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم سیاسەتە نوێیە و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی حوکمڕانی حەماس بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکان، بە پێکدادانی توندوتیژ و دەستبەسەرداگرتنی غەززە لەلایەن حەماسەوە لە ساڵی ٢٠٠٧دا گرژیەکان گەیشتە لوتکە.
دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین، بە هۆی ناکۆکیەکانیانەوە هەوڵەکانی دروستکردنی متمانە کە پێویستن بۆ ئاشتەوایی و یەکریزی فەڵەستینیەکان ئاڵۆزتر کردووە. هەروەها گرنگترین هۆی گرژی ئەم دوو لایەنە کاریگەری دەستە دەرەکییەکانە، لەوانەش زلهێزە ناوچەییەکان و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان، هەر وەک پەیوەندییەکانی حەماس لەگەڵ ئێران و پشتبەستنی فەتح بە ڕۆژئاوا. لە ژێر ڕۆشنایی لایەنە دەرەکیەکان، هەوڵی زۆر دراوە کە ئەم دوو لایەنە ئاشتەوایی بەرپا بکەن، “ڕێککەوتنی مەککە” کە لە ٨ی شوباتی ٢٠٠٨ واژۆ کرا، ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکی ناوخۆیی نێوان حەماس و فەتح بوو بە دامەزراندنی حکومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی و ڕاگرتنی توندوتیژی بەڵام لە کۆتاییدا بەهۆی چەند هۆکارێکی سەرەکییەوە ڕێککەوتنەکە هەڵوەشایەوە. بە تایبەت لە دەرەنجامی فشارە دەرەکییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانە “ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکان”، کە مەرجی زۆریان بەسەر دەسەڵاتدارانی فەلەستین سەپاند و وایانکرد جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ئاڵۆزتر ببێت.
پاشان “ڕێککەوتنی دۆحە”، کە ڕێککەوتنێکی تربوو بۆ ئاشتەوایی لە ساڵی ٢٠١٢ واژۆ کرا، دووبارە نەیانتوانی ئەنجامێکی بەرچاو و بەرهەمدار دەستبەر بکەن، چونکە هەردوو لایەنەکە بەردەوام بوون لە کارکردن بە شێوەیەکی سەربەخۆ، هەروەها نەبوونی متمانە گرژیەکەیانی جارێکی تر چڕ کردەوە، بەتایبەتیش گۆڕانی سیاسەتەکانی میسر لە سەردەمی عەبدولفەتاح سیسی، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لەم گرژیە. تێوەگلانی زلهێزە ناوچەییەکانی تر، وەک ئێران، هۆی کردارە هەڵوەشەکانی بزوتنەوەی حەماس بوو لە دەیەکانی ڕابردوودا، حەماس پشتیوانی زۆری ئێرانی وەرگرتووە، ئەمەش وای لە حەماس کردووە هەڵوێستی تووندڕەوی خۆی بەرامبەر فەتح و ئیسرائیل زیاتر بکات بە پێچەوانەوەشەوە فەتح پشتگیری زۆری لە میسر وەرگرتووە.
هەرچەندە دەکرێ ئاماژە بەوە بدەین کە لەم دواییانەدا بەرژەوەندیە ئەمنییەکانی میسر وای کردووە کە نزیکبوونەوەیەك لە نێوان حەماس و میسردا سەرهەڵبدات. بە هۆی ئەوەی حکومەتی میسر هەوڵێکی زۆر دەدا لە ڕێگریکردنی سەرهەڵدانی گرووپە جیهادییەکان لە دورگەی سینا و پێویستی بە هاوکارییەکانی حەماس هەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانە. جیا لەمانەش ڕکابەریی نێوان قەتەر و میسر بۆ کاریگەری لە غەززە دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر کردووە، جگە لەوانیش تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ حەماس نیشانداوە و وەک قەوارەیەکی سیاسی شەرعی دەیبینێت، ئەم پشتیوانییە لەگەڵ ئامانجە فراوانەکانی سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هاوتەریبە کە بریتین لە پێشخستنی ئیسلامی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەریی ڕژێمە عەلمانییە عەرەبییەکان. هەروەها، ئەمریکا ڕۆڵێکی ئاڵۆز و فرەلایەنی لە ململانێی فەتح و حەماسدا گێڕاوە، بە پلەی یەکەم پشتیوانی فەتح و دەسەڵاتی فەلەستینی کردووە لە کاتێکدا دژایەتی حەماس دەکات. دوای سەرکەوتنی حەماس لە هەڵبژاردنەکاندا لە ساڵی ٢٠٠٦، ئەمریکاش هەوڵیدا فەتح بەهێز بکات، هاوکاری سەربازی و دارایی بەرچاوی پێشکەش بە فەتح کرد، کە بریتی بوو لە دابینکردنی بودجە و ڕاهێنانی سەربازی. هەروەها ئەمریکا هانی هاوپەیمانە عەرەبییەکانی تریشی داوە کە بەشداری لەم هەوڵەدا بکەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی فەتح لە دژی گەشەسەندنی دەسەڵاتی حەماس، ئەم هۆکارانە بوونەتە هۆی ململانێیەکی قووڵ لە نێوان فەتح و حەماسدا، کە بەردەوام بوون و هەوڵەکان بۆ یەکێتی و ئاشتەوایی لە فەلەستین ئاڵۆزتر کردووە.
“دووەم، ڕۆڵی چین لە نێو کێشمەکێشمی حەماس و فەتحدا”
بەشداریکردنی چین لەگەڵ خواستە جیۆپۆلیتیکیە فراوانەکانیدا هاوتەریبە بۆ ئەوەی خۆی وەک لایەنێکی سەرەکی لە دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا بناسێنێت، چین بە جێگیرکردنی خۆی وەک نێوەندگرێک، هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە باشووری جیهاندا بەرز بکاتەوە و لایەنگری گەلانی عەرەبی بەدەستبهێنێت. لە ڕووی مێژووییەوە چین هەڵوێستەکانی لە چوارچێوەی دەست تێوەرنەدان بووە ، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییانە ئاماژەن بۆ گۆڕانکاری بەرەو بەشدارییەکی دیپلۆماسی چالاکتر. لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ دا، چین نێوەندگیری ڕێککەوتنێکی بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعودیە و ئێران کرد، هەروەها دوابەدوای پەرەسەندنی تووندوتیژی لە غەززە، چین داوای ئاگربەست و پرۆسەیەکی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئیسرائیل و فەلەستین. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پابەندبوونی چین بۆ پشتگیریکردن لە سەربەخۆبوونی فەلەستین و لە هەمان کاتدا پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا.
دەکرێ بگوترێت کە پشتیوانی چین بۆ دۆزی فەلەستینییەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی “ماوۆ تسی تۆنگ” ، پاشان بەرپرسانی چین، لەنێویاندا سەرۆکی چین “شی جینپینگ”، جەختی لەسەر پێویستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین کردووەتەوە بە بەردەوامی داوای کۆنفرانسی ئاشتی نێودەوڵەتیی کردووە بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان. لە ڕاستیدا ڕۆڵی چین بە کردەوەیەکی هاوسەنگی تایبەتمەندە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزێت، لە هەمان کاتدا داکۆکی لە مافەکانی فەلەستین دەکات. بەشداریکردنی چین جەخت لەسەر خواستەکانی دەکاتەوە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە دیپلۆماسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگێڕێت. دەکرێت ئەمە وەک هەژموون خوازی سەیر بکەین لەبەر ئەوەی چین تادێت خۆی وەک ناوبژیوانێک لە ململانێی حەماس و فەتحدا جێگیر دەکات، لەم دواییانەدا دانوستانەکانی پەکین ئاسانکاری بۆ ڕێککەوتنی نێوان حەماس و فەتح و لایەنە فەلەستینییەکانی دیکە کردووە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی ئاشتەوایی نیشتمانی، کە وەک هەنگاوێکی بەرچاو بەرەو یەکخستنی دیمەنی سیاسی فەلەستین سەیر دەکرێت.
گرنگترین هەوڵەکانی چین، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیەتی لەم دواییانە پەکین پێشنیاری پلانێکی پێنج خاڵی ئاشتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و داکۆکیکردن لە نوێنەرایەتیکردنی فەلەستین لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە. سەرەڕای دەستتێوەردانەکانی چین، کاریگەرییەکانی تا ڕادەیەک سنوردارە بە هۆی بنەمای دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتان، سەرەڕای ئەوەش، هەوڵەکانی نێوەندگیری چین ئاماژەن بۆ مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دیپلۆماسییەی کە ئەمریکا بەجێی هێشتووە کە پشتگیریکردنە لە حوکمڕانی فەلەستین .
“ئامانجە درێژخایەنەکانی چین لە نێوەندگیری ململانێی حەماس و فەتح”
لەڕاستیدا ئامانجەكانی چین لەو نێوەندگیریە فرەلایەنە و هاوتەریبن لەگەڵ ئامانجە بەرفراوانەکانی سیاسەتی دەرەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەمانەن:-
- فراوانکردنی کاریگەری دیپلۆماسی:- چین، ئامانجی ئەوەیە کاریگەری دیپلۆماسی خۆی لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە و خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەمریکا پیشاندەدات.
- هاوسەنگکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان:- چین هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل کە پەیوەندی دیپلۆماسی و بەرژەوەندی ئابووریە بپارێزێت ،هەروەها بەردەوامبێت لە پشتگیریکردنی فەلەستینییەکان.
- پێشخستنی سەقامگیری ناوچەیی:- دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی چین زۆر گرنگە، بەتایبەتی ئاسایشی وزە وەک هاوردەکاری نەوتی پاک.
- چین وەک جێگرەوەیەک بۆ باڵادەستی ئەمریکا هەوڵدەدات:- بەشداریکردنی چین لە ململانێی حەماس و فەتح دەتوانرێت وەک بەشێک لە ستراتیژی فراوانکردنی ئاڵنگارییەکانی لە بەرامبەر باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا سەیر بکرێت. چین بە نیشاندانی خۆی وەک پشتیوانیکەری فەلەستین، ئامانجیەتی لایەنگری ئەمریکا بۆ ئیسرائیل نیشان بدات و خۆی وەک هاوبەشێکی بێلایەنتر و متمانەپێکراوتر پیشان بدات بە ڕاکێشانی ڕای گشتی گەلانی عەرەبی.
- بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ باشووری جیهان:- پەیوەندی چین لە ململانێی حەماس و فەتح هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ باشووری جیهان، بەتایبەت جیهانی ئیسلامی.
“ئاستەنگەكانی هەنگاوەكانی چین لەم بوارەدا”
هەڵبەت ئەم هەنگاوانەی چین بەبێ ئاستەنگی نین و چین توشی چەندین ئاڵەنگاری بەرچاو بۆتەوە لە نێوەندگیری نێوان حەماس و فەتح ئەوانەش:-
- جیاوازی قووڵی ئایدیۆلۆژی:- فەتح و حەماس جیاوازییەکی قووڵی ئایدیۆلۆژییان هەیە، هەر بۆیە ڕوونە کە دابەشبوونی ئەو دوو بزووتنەوەیە و نەبوونی کۆدەنگی لە نێوانیان، پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکان زۆر قورس دەکات بە تایبەت لە دروست کردنی دەوڵەتێک بۆ فەڵەستین.
- ناسەقامگیری لە سەرکردایەتی حەماس:- چڕبوونەوەی دەسەڵاتەکانی بڕیاردان لەناو حەماسدا، ڕووبەڕووبونەوەی بەردەوامی تیرۆر، ئەگەری هەڵاوسانی هەڵوێستەکان لەنێو سەرکردەکاندا زیاد دەکات، ئەم ناسەقامگیرییە بەربەستێکی گەورەیە بۆ هەوڵەکانی نێوەندگیری چین.
- شکستی هەوڵەکانی ئاشتەوایی ڕابردوو:- زیاتر لە دەیان هەوڵی پێشووی ئاشتەوایی لەلایەن لایەنە جیاوازەکانی عەرەبی و نێودەوڵەتیەکان سەرکەوتوو نەبووە لە کۆکردنەوەی هەردوو لایەنەکە، لەنێویاندا هەوڵەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا و میسر. هەر بۆیە مێژووی نێوەندگیرییەکان گومان دەخاتە سەر توانای چین بۆ سەرکەوتن لەو شوێنانەی کە ئەوانی دیکە شکستیان هێناوە.
- دەستوەردانی لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی تر:- تەماحی چین بۆ زیادکردنی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی کێشەی فەلەستینەوە ڕووبەڕووی ئەگەری دەستوەردان و بەربەستی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی دیکەی دەکاتەوە. ئەمەش دەتوانێت ڕێگری بکات لە توانای چین بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ بەردەوامەی نێوان فەتح و حەماس.
- ئاستەنگیی پاراستنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکان: چین دەبێت بە شێوەی هێزی نەرم هاوسەنگی لە پەیوەندی دیپلۆماسی و پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دا ڕابگرێ، هەم پشتیوانیش لە دۆزی فەلەستینییەکان بکات، ئەم هاوسەنگییە ئاڵنگاریەکی گەورە بۆ چین دروست دەکات.
“سێیەم، کاریگەری حەماس و فەتح لەسەر پرسی فەڵەستین”
لە کاتێکدا هەردوو بزووتنەکەوە “حەماس و فەتح” ، بانگەشەی نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی فەڵەستینی دەکەن، بەڵام جیاوازی بەرچاویان هەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل، کە ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا و ستراتیژییە سیاسییەکانیانە. هەروەها، فەتح بە سەرۆکایەتی “مەحمود عەباس” لە دوای ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ستراتیژی دانوستان و دیپلۆماسی پەیڕەو کردووە، ئەم ڕێبازە جەخت لەسەر گفتوگۆ لەگەڵ ئیسرائیل دەکاتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئاشتیانە دەوڵەتی فەلەستین دابمەزرێنێت. فەتح دان بە مافی بوونی ئیسرائیلدا دەنێت و بەشداری گفتوگۆی ئاشتیی جۆراوجۆری کردووە و ئامانجی دامەزراندنی دوو دەوڵەتە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ ، هەر بۆیە پشتبەستنی فەتح بە پشتیوانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا، هەندێکجار بووەتە هۆی ڕەخنەی ناوخۆیی سەبارەت بە کاریگەرییەکەی و ئیمتیازاتی هەستپێکراوی بۆ ئیسرائیل. لەبەرامبەردا حەماس کە باڵادەستە لە غەززە، هەر لە مێژووەوە شەرعیەتی ئیسرائیلی ڕەتکردووەتەوە، هەرچەندە حەماس هەندێک ئامادەیی نیشانداوە بۆ قبوڵکردنی دەوڵەتێکی فەڵەستین لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧، بەڵام بە ئاشکرا مافی بوونی ئیسرائیلی نەناساندووە. بە گشتی، لە کاتێکدا فەتح بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت، ڕێبازی حەماس هێشتا ڕەگ و ڕیشەی لە خۆڕاگریدا هەیە و بەربەستی بەرچاو لە بەردەم دانوستانی یەکگرتووی فەلەستین لەگەڵ ئیسرائیل دروست دەکات.
“لە ژێر ڕۆشنای ئەم ئاستەنگیانە لە نێوانیان دا، دەتوانین بڵێین ململانێی حەماس و فەتح کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر سەقامگیری خاکی فەڵەستین هەیە لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە”
1. دابەشبوونی ناوخۆیی و حوکمڕانی:- رکابەری نێوان حەماس و فەتح بووەتە هۆی ئەوەی کە دیمەنێکی سیاسیی دابەشبوو نیشان بدەن، حەماس کۆنترۆڵی غەززەی کردووە و فەتحیش بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات. ئەم دابەشبوونە حوکمڕانی ئاڵۆزتر دەکات و خزمەتگوزارییە گشتیەکان تێکدەدات و بۆشایی دەسەڵات دروست دەکات کە دەتوانرێت لەلایەن گرووپە تووندڕەوەکانەوە بقۆزرێتەوە.
2. پەرەسەندنی تووندوتیژی:- ئەو ململانێیە زۆرجار توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و پێکدادان لە نێوان هەردوو لایەندا بووەتە هۆی زیانی گیانی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە. ئەم توندوتیژییە نەک هەر کاریگەری لەسەر دۆخی دەستبەجێی ئەمنی هەیە بەڵکو کەشوهەوای ترس و بێمتمانەیی لەنێو دانیشتواناندا بڵاوکردۆتەوە .
3. کاریگەری لەسەر دانوستانەکانی ئاشتی:- بەردەوامی ململانێکان، سەرنجەکانیان لەسەر خەباتی فەلەستین بۆ بەدەوڵەتبوون و سەربەخۆیی لابردووە. هەردوو بزووتنەوەکە لە مێژوودا لاوازییەکانی ئەوی دیکەیان بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی، ئەمەش ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە بەردەوام بێت لە سیاسەتەکانی نیشتەجێبوون بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتووی فەلەستینی ببێتەوە.
4. کاریگەری هێزە ناوچەییەکان:- ململانێیەکە زلهێزە ناوچەییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، کە زۆرجار پشتگیری لە لایەنێك دەکەن بەسەر لایەنێکی دیکەدا، ئەمەش داینامیکی ناوخۆیی زیاتر ئاڵۆزتر کردووە. بۆ نموونە وڵاتانی وەک قەتەر و تورکیا پشتیوانیان لە حەماس کردووە، لە کاتێکدا میسر و سعودیە مەیلیان بەرەو فەتح گرتووە. ئەم تێوەگلانی دەرەکییە دەتوانێت دووبەرەکی گەورەتر بکات و ڕێگری لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی بکات.
بە گشتی، ململانێی حەماس و فەتح سەقامگیری لە ناوچەکانی فەلەستین تێکداوە بە دروستکردنی “ئاڵنگاری حوکمڕانی، پەرەسەندنی تووندوتیژی، ئاستەنگ لە دانوستانەکانی ئاشتی، دەستوەردانی دەرەکی و تێکدانی متمانەی گشتی بە سەرکردایەتی سیاسی”. ڕکابەریی نێوان حەماس و فەتح هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ ئاڵۆزکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی فەلەستین و خەباتی دژ بە داگیرکاریی ئیسرائیل، دابەشبوونەکانیان ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە لە هەندێک کاتدا بەرامبەر یەکتر یارییان پێبکات. تەنانەت ڕکابەریەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئابووری فەلەستین هەبووە، بە پلەی یەکەم لە ڕێگەی ناسەقامگیری سیاسی و ئاڵنگاریەکانی حوکمڕانی و فشارە دەرەکییەکان. دوابەدوای سەرکەوتنی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٦ و دواتر کۆنترۆڵکردنی غەززە لە ساڵی٢٠٠٧ ، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە سزایان بەسەر حکومەتی حەماسدا سەپاند، ئەمەش بووە هۆی خنکاندنی دارایی و نەبوونی یارمەتییە سەرەکییەکان، کە ئەمەش هۆی بەربەستێکی تووندە بۆ گەشەسەندنی ئابووری لە غەززە. ململانێی بەردەوامی نێوان حەماس و فەتح بووەتە هۆی ناکارامەیی دەسەڵاتی فەلەستین، لە ئەنجامدا ڕێژەی بێکاری و ئاستی هەژاری بەرز بووەتەوە، بەتایبەتی لە غەززە، کە نزیکەی 70%ی دانیشتووان پشت بە حەماس دەبەستن بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان. جگە لەوەش، ڕکابەرییەکە سەرنجی لە چارەسەرکردنی پرسە ئابوورییە گرنگەکان لابردووە، ئەمەش ئابووری فەلەستینی بە گشتی زیاتر لاواز کردووە.
“پوختە”
- چین بە پێشخستنی گفتوگۆ و دەستوەرنەدان، هەوڵدەدات خۆی وەک جێگرەوەیەك بۆ هەژموونی ڕۆژئاوا پیشان بدات، بە تایبەت بانگەشە بۆ ئەو گەلانە دەکات کە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا ناڕازین.
- چین، فرەلایەنانە هەوڵی ئاشتەوایی دەدات لە نێوان فەتح و حەماس، “ژای جون”، نوێنەری تایبەتی چین بۆ کاروباری ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ لایەنە ناوچەییەکانی وەک میسر و سعودیە پەیوەندی کردووە بۆ کۆ کردنەوەی پشتیوانی و دەستەبەرکردنی ئاشتی.
لە کۆتایدا، هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ململانێی نێوان حەماس و فەتحی چڕتر کردۆتەوە و هەوڵەکانی ئاشتەوایی ئاڵۆزتر کردووە و کاریگەری لەسەر پێگەی نێودەوڵەتییان دروست کردووە. کاریگەریی خراپیان جێ هێشتووە بۆ سەر یەکێتی فەلەستین و خەباتی فراوانتر بۆ بەدەوڵەتبوون.