له یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانی “شكسپیر” نووسه‌ری به‌ناوبانگی به‌ریتانی، چیرۆكێكى هه‌یه به‌ناوى “ماكبێس”، ئه‌م چیرۆكه باس له پاشایه‌ك ده‌كات به ناوی “ماكبێس” كه ڕاوێژكارێكی ڕاستگۆ و بڕواپێكراوی هه‌یه و زۆرى خۆش ده‌وێت و ڕێزى لێ ده‌گرێت. په‌یوه‌ندیی نێوانیان زۆر گه‌رموگوڕه، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی هه‌میشه داروده‌سته‌كه‌ى ئیره‌ییان پێ ببه‌ن. داروده‌سته‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاوی پاشای بخه‌ن، له پاشه‌مله دووزمانی ده‌كه‌ن و سكاڵاى له‌سه‌ر تۆمار ده‌كه‌ن، ئه‌م دۆخه تا ماوه‌یه‌ك درێژه ده‌كێشێت، تا ئه‌وه‌ی “ماكبێس” له ئاهه‌نگێكدا شه‌راب ده‌خواته‌وه و مه‌ست ده‌بێت، له دۆخی مه‌ستیدا، نه‌یاره‌كانى فه‌رمانی كوشتنی دۆسته ڕاوێژكاره‌كه‌ی لێ وه‌رده‌گرن و جێبه‌جێى ده‌كه‌ن. كاتێك پاشا له دۆخى مه‌ستی به‌ئاگا دێته‌وه، په‌ی به هه‌ڵه‌ی خۆی ده‌بات و تێ ده‌گات له كاتی مه‌ستیدا فه‌رمانی كوشتنی نزیكترین دۆست و ڕاوێژكاری خۆی ده‌ركردووه. شكسپیر له‌م چیرۆكه سه‌رنجڕاكێشه‌دا، ڕق و دوژمنایه‌تى مرۆڤ، له‌گه‌ڵ خودى خۆى به جوانترین شێوه وێناكردووه. “ماكبێس” پاش په‌یبردن به‌و هه‌ڵه‌یه، ڕقى له‌خۆى ده‌بێته‌وه و وه‌كوو دوژمن سه‌یرى خۆى ده‌كات. به‌جۆرێك هه‌فته‌ی جارێك ڕۆیشتووه بۆ سه‌ر گڵكۆی هاوڕێكه‌ى و كراسه‌كه‌ی به‌رى داكه‌ندووه فه‌رمانی به جه‌للاد داوه به قامچی له پشتی بدات. هونه‌ری شكسپیر له‌م چیرۆكه‌دا، له‌وه‌دایه توانیویه‌تى ئه‌م ڕق و دوژمنایه‌تییه‌ى مرۆڤ له‌گه‌ڵ (خود)ى خۆی، كه له ده‌روونی مرۆڤه‌كاندا به هۆكاری جیاواز سه‌ر هه‌ڵده‌دات، به‌شێوه‌ی وه‌شاندنی قامچی جه‌للاد، بخاته ڕوو. تا به ڕوونی بیانبینین و هه‌ستیان پێ بكه‌ین.
من زۆر جار ئه‌م دوو پرسیاره له كه‌سانی ده‌وروبه‌رم و هاوڕێكانم و به‌شداربووانى سیمیناره‌كانم ده‌كه‌م، له یه‌كه‌میاندا ده‌پرسم: “ئایا خۆتت خۆش ده‌وێت؟” هه‌موو كه‌س پێی وایه وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌زانێت و زۆرینه ده‌ڵێن: “ئاشكرایه خۆمم خۆش ده‌وێت!” به‌ڵام له ڕاستیدا له كوێڕا دیاره؟ له درێژه‌ی باسه‌كه‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه. پرسیاری دووه‌م: “خۆت ده‌ناسیت؟” سه‌رنجڕاكێشترین وه‌ڵامێك بۆ ئه‌م پرسیاره كه گوێم لێ بووه، ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت “به‌ڵێ. من ناوم فڵانه و نازناوم فیساره!” ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه قۆناغێكى خۆناسینه. له ڕاستیدا له وه‌ڵامی ئه‌م دوو پرسیاره‌دا، پێویسته زیاتر به‌دیقه‌ت بین، خۆێنه‌رى ئازیز، ئایا به ئه‌ندازه‌ی پێویست “خۆت ده‌ناسیت؟” ئایا له ڕاستیدا “خۆتت خۆش ده‌وێت؟” به‌داخه‌وه هێنده‌ی پێمان وایه و بانگه‌شه‌ی ده‌كه‌ین، نه خۆمانمان خۆش ده‌وێت و نه‌خۆیشمان ده‌ناسین. به هه‌زار و یه‌ك به‌ڵگه، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خۆماندا خراپین، له‌گه‌ڵ خۆماندا دوژمنین. ئه‌گه‌ر بمانتوانیایه ئه‌م نامۆبوونه به (خود)، وه‌ك چیرۆكى “ماكبێس” ببینین، ئه‌و كات ده‌مانزانى چۆن وه‌ك جه‌للادێك، بێ به‌زه‌ییانه نه‌ك هه‌فته‌ی جارێك، به‌ڵكوو هه‌موو خوله‌ك و چركه‌یه‌ك، به‌و په‌ڕی ڕق و توڕه‌ییه‌وه به‌شێوه‌یه‌كى ترسناك و بێ به‌زه‌ییانه خۆمان قامچیکارى ده‌كه‌ین، ئازارى ده‌روون و ڕۆح، به‌راورد به ده‌ردی جه‌سته، زۆر به‌سوێتره.
ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا چیرۆكێكى سه‌رنجڕاكێشیان بۆ گێڕامه‌وه: خانمێك له ده‌رگه‌ى ماڵێك ده‌دات و خاوه‌ن ماڵ ده‌یكاته‌وه و ده‌ڵێت: “فه‌رموو، جه‌نابت كێیت؟” ئه‌ویش خۆى ده‌ناسێنێت و ده‌ڵێت “دایكی ئه‌و كچه‌م كه تازه هاوسه‌رگیریی كردووه، یه‌ك دوو مانگ ده‌بێت له‌م ماڵه‌دا كرێچییه” خاوه‌ن ماڵیش ده‌رده‌دڵی خۆی له‌ده‌ست شه‌ڕى كچ و زاواكه‌ى بۆ هه‌ڵده‌ڕێژێت: “خانم ئێمه گیرمان خواردووه به‌ده‌ست كچ و زاواكه‌تانه‌وه! به‌ڕاستی فه‌وتاوین! ده‌بێت ئه‌مانه له‌م ماڵه باربكه‌ن!” دایكی كچه به سه‌رسوڕمانه‌وه ده‌پرسێت: “بۆچی؟ مه‌گه‌ر چی ڕوویداوه؟!”خاوه‌ن ماڵ ده‌ڵێت: “ئه‌مانه هه‌موو شه‌وێك له‌گه‌ڵ یه‌ك شه‌ڕ و ئاژاوه و كوته‌ككارییانه. تا ئێستا چه‌ندین جار ئه‌م كوڕه كچه‌كه‌تانی بردووه بۆ خەستەخانە، له نه‌خۆشخانه‌ش له زاواكه‌تیان پرسیوه مه‌سه‌له چییه هه‌موو شه‌وێك هاوسه‌ره‌كه‌ت به بێهۆشی ده‌هێنیت بۆ نه‌خۆشخانه؟” زاواكه‌شتان ده‌ڵێت: “شتێكی وانییه كه‌مێك په‌ستانی خوێنی نزمه..” دواجار ده‌رده‌كه‌وێت زاواكه هه‌موو شه‌وێك هێنده‌ى له بووكێ داوه، تا لە هۆش چووه. ئه‌مه زۆر تاڵه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاڵتر له‌مه ئه‌وه‌یه له‌م جۆره ژیانه زۆره. ئه‌گه‌ر وردببینه‌وه، ده‌بینین زۆره، به‌ڵام ده‌یانشارینه‌وه.
به هه‌ر حاڵ، دایكى بووكێ ترس دایده‌گرێت و پرسیار و به‌دواداچوون له هه‌موو خه‌ڵكی ماڵه‌كه ده‌كات، دواتر كچه‌كه له دوای چه‌ند مانگێك بۆ دایكی ده‌دركێنێت هاوسه‌ره‌كه‌ى به‌هۆی گرفتی سێکسییەوە، توانای ئه‌نجامدانی ئه‌ركى هاوسه‌رایه‌تیی نییه، دایكی سه‌ری سووڕ ده‌مێنێت و ده‌ڵێت: “ئه‌ى بۆچی لێت ده‌دات؟” كچه‌ش ده‌ڵێت: “منیش هه‌ر ئه‌م پرسیاره‌ی لێ ده‌كه‌م، ده‌ڵێم من كێشه‌م نییه و به‌و جۆره‌ی كه هه‌یت تۆم قبووڵ كردووه و خۆشیشم ده‌وێیت، بهێڵه پێكه‌وه بۆ خۆمان بژین، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو شه‌وێك بەبێ ویستی خۆی، لێم ده‌دات”. هه‌ندێک له هاوڕێیانی بووكه‌خان به‌دایكی ده‌ڵێن: “مه‌گه‌ر ئه‌م خێزانه‌تان نه‌ده‌ناسی؟ مه‌گه‌ر له باره‌یانه‌وه پرسیارتان نه‌كردبوو؟” دایكی له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: “بۆچی نا، خێزانێكی به‌ڕێزن، هیچ كێشه‌یه‌كی ئه‌خلاقییان نییه..” پاشان بۆ تێگه‌یشتن له هۆكاری ئه‌م ڕووداوه، سه‌ردانى پزیشك ده‌كه‌ن. پزیشكه‌كه‌ش كه‌سێكى زیره‌ك بووه، له دوای كه‌مێك پشكنین، ده‌ڵێت: “خانم! ئه‌م گه‌نجه به‌هۆی ئه‌وه‌ى نه‌یتوانیوه به‌و جۆره‌ی كه دڵی ده‌یه‌وێت هاوسه‌رێكی نموونه‌یی بێت، هه‌ستی به شه‌رمه‌زاری و ئابڕووچوون كردووه، به‌هۆی كه‌مئه‌زموونی و شه‌رم و حه‌یا و هه‌ستكردن به كه‌می، سه‌ردانی پسپۆڕ و پزشكیشی نه‌كردووه، له‌گه‌ڵ خۆی كه‌وتووه‌ته دژبەری و به‌خۆى نامۆ بووه، سه‌ركۆنه‌ى خۆى كردووه كه بۆچی من ناتوانم ژیانم به‌ڕێوه ببه‌م؟ بۆچی ناتوانم ئه‌ركه‌كانم به ڕێكوپێكی ڕاپه‌ڕێنم؟ بێ وستی خۆی، وا هه‌ستی كردووه ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ى كه ناتوانێت ئه‌ركه‌كانى جێبه‌جێ بكات، کەسێکی ناپه‌سه‌نده، كه‌سێكى بێنرخه و ده‌بێت له نێو بچێت.
له‌به‌ر ئه‌وه ده‌ستی داوه‌ته دوژمنایه‌تیکردنی خۆی. هۆكارى ئه‌مه‌ش هاوسه‌ره‌كه‌ى بووه، چونكه به‌هاتنی “ئه‌و”، كێشه و لاوازییه‌كه‌ى ئه‌م ده‌ركه‌وتووه، بۆیه نه‌یتوانیوه به‌رگه‌ى ئه‌و ئازاره ڕۆحی و ده‌روونییه بگرێت. له‌به‌ر ئه‌مه هه‌وڵى له‌ناوبردنی داوه. به‌هۆى ئه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى لاوازییه‌كه‌ى ده‌خاته پێش چاوی، ئه‌و وه‌كوو ئاوێنه‌یه‌ك به‌رانبه‌ری وه‌ستاوه و پێی ده‌ڵێت تۆ ئه‌م توانایه‌ت نییه، ئه‌م لاوازییه‌ت هه‌یه.. بۆیه له‌برى ئه‌وه‌ى خۆى چاره‌سه‌ر بكات، ده‌یه‌وێت ئاوێنه‌كه بشكێنیت. ئه‌م كه‌سه، كه‌سێكى خراپ نییه، به‌ڵام كه‌سێكى بێئاگابووه. ده‌بوو كه‌موكورتییه‌كانی خۆى قبووڵ بكردایه و سه‌ردانی ڕاوێژكار و پزیشكی بكردایه تا گرفته‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و په‌رده‌پۆشی كردووه، ڕق و قینی خۆى به‌سه‌ر كه‌سێكی دیكه‌دا خاڵی كردووه‌ته‌وه. (هه‌ر كات كه‌سێكتان بینى ئازارى كه‌سێكى دیكه ده‌دات، پێش ئه‌وه‌ی ڕق سه‌راپاتان دابگرێت، چركه‌یه‌ك بیر بكه‌نه‌وه، بۆتان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كه‌سه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ خۆی خراپه، له ده‌روونه‌وه په‌شێوه)، له گۆزه‌ی ده‌روونیه‌وه ژه‌هر دێته‌ده‌ر، ژه‌هری توڕه‌یی، ژه‌هری خۆبه‌كه‌مزانى و ژه‌هری ڕق، ئه‌م ڕه‌فتارانه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ خۆماندا دوژمنین. بۆ نموونه، پیاوێك كه ناتوانێت بژێویى ژیانى دابین بكات، كاتێك به‌ده‌ستی به‌تاڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ماڵه‌وه، به‌بێ ویستى خۆى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ خۆی ناكۆك و خراپه، به خۆی ده‌ڵێت: “بۆچی ناتوانم ژیانم به‌ڕێوه ببه‌م؟” ئه‌و كات له‌گه‌ڵ ژن و منداڵه‌كانیشى په‌یوه‌ندیى خراپ ده‌بێت، چونكه ئه‌و ژن و منداڵانه بۆ ئه‌و ئاوێنه‌ن. به‌خۆی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌م ژن و منداڵانه نه‌بوونایه، به‌م جۆره شه‌رمه‌زار نه‌ده‌بووم. بیركردنه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام به‌و جۆره بیرده‌كاته‌وه. پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه، كێشه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌بوو.
زۆرن ئه‌و دایكانه‌ی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا به‌دڕه‌فتارن، له‌لایه‌ك هه‌م منداڵه‌كانیان خۆش ده‌وێت و هه‌م ڕقیشیان لێیانه. خۆیان بێ‌ئاگان، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت منداڵه‌كانیان له‌ناو ببه‌ن. ئه‌گه‌ر شیكردنه‌وه‌ى بۆ بكه‌یت، ده‌بینیت ئه‌م هه‌سته له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه كه ئه‌و دایكانه له‌ژیانی هاوسه‌ریدا خۆشحاڵ نین، له‌ناخی دڵه‌وه ده‌یانه‌وێت جیا ببنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر كات یه‌كێك له‌وانه بیر له جیایی ده‌كاته‌وه، به‌خۆی ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر جیا بمه‌وه، جگه‌رگۆشه‌كانم چی لێ بكه‌م؟ به‌خۆی ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر منداڵم نه‌بوایه، بێكێشه ده‌بووم” نه‌ستی پێی ده‌ڵێت ئه‌م منداڵانه له‌ناو ببه، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خۆشی دەوێن. یان بۆ نموونه پیاوێك كه هاوسه‌ری هه‌یه و ئاشقی ژنێكى تر ده‌بێت، كاتێك دێته‌وه بۆ ماڵ، ڕه‌خنه له ژنه‌كه‌ی ده‌گرێت، ده‌یه‌وێت له ژنه‌كه‌ى دوور بكه‌وێته‌وه، به‌خۆی ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ئه‌م ژنه‌م نه‌بووایه، به ئاسانی له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوسه‌رگیرییم ده‌كرد!” له هه‌واڵ و ڕووداوه‌كاندا ده‌یخووێنینه‌وه ژنێك پیاوه‌كه‌ی كوشت، یان مێردێك ژنه‌كه‌ی كوشت،
پاڵنه‌رى ئه‌م كاره ئه‌وه‌یه له ویژدانی نائاگای منداڵانه‌یاندا، ئه‌و كه‌سه له‌مپه‌ره له‌به‌رده‌م گه‌یشتنی به‌و كه‌سه‌ى كه خۆشی ده‌وێت. پێی وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و له‌نێو ببات، ده‌توانێت به خواسته‌كه‌ی بگات. ئه‌گه‌رچى ئه‌م كارانه گه‌لێك منداڵانه‌ن، به‌ڵام ڕاستییه‌كه و بوونیان هه‌یه. ئه‌م هه‌ستانه به‌شێوه‌ی دژیه‌كی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، ده‌بێت له یادمان بێت ئێمه به هه‌زار و یه‌ك به‌ڵگه ئاماده و له‌بارین كه به‌خۆمان نامۆ ببین و ببین به دوژمنى خۆمان. فرۆید ده‌روونناسی به‌ناوبانگی نه‌مسایی، زۆر جوان شیكارى ئه‌م بابه‌ته‌ى كردووه، بڕوای وابوو زۆربه‌ى مرۆڤه‌كان دوژمنى خۆیانن به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆیان بزانن، ئه‌وه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، بیردۆزه‌ى “غه‌ریزه‌ى مه‌رگ”ى پێشكه‌ش كرد، ئه‌ڵبه‌ت دواتر ئه‌م تیۆرییه ڕه‌ت كرایه‌وه. خۆشبه‌ختانه مرۆڤ غه‌ریزه‌یه‌كی به‌ناوی “غه‌ریزه‌ی مه‌رگ” نییه. به‌ڵام كاتێك مرۆڤ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خۆی تێك ده‌چێت، هه‌ر وه‌كوو “ماكبێس” ده‌یه‌وێت خۆی له‌نێو ببات، زۆربه‌مان هونه‌ری شكسپیرمان له‌باره‌ی خۆمانه‌وه نییه تا ئه‌م قامچییه له ده‌روونمان بهێنینه ده‌ره‌وه و ببینین كه چۆن خۆمان بەرقامچی ده‌دەین. ئێمه بێ ئه‌وه‌ى به‌خۆمان بزانین، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵه و كاره چه‌وتانه‌ى كه له‌ڕابردوودا ئه‌نجاممان داون، یان هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌نجاممانداون، به هۆی ئه‌و چاوه‌ڕوانییه زۆره‌ى له‌خۆمان هه‌مانبووه و به‌دی نه‌هاتوون، خۆمان سزا ده‌ده‌ین. كه‌مێك بیربكه‌ره‌وه و بزانه ڕۆژانه چه‌ند كار ئه‌نجام ده‌ده‌یت كه له به‌رژه‌وه‌ندیت نین؟ لیستێك له‌و كارانه درووست بكه كه له به‌رژه‌وه‌ندیت نین و به‌زیانى تۆن. ئه‌و كات ده‌زانیت چۆن وه‌ك خراپترین دوژمن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆت ده‌كه‌یت!
تۆ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى خۆتت خۆش بوێت، ڕێزی خۆتت بوێت، هه‌میشه ئه‌و كارانه ده‌كه‌یت كه دروستن و له به‌رژه‌وه‌ندیتن، ئه‌گه‌ر ڕقیشت له خۆت بێت، هه‌میشه ئه‌و كارانه ده‌كه‌یت كه زیانیان هه‌یه! ئه‌مه‌ش جۆرێكه له خۆكوژى، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى له‌سه‌رخۆ، ئه‌م خۆكوژییه هێنده له‌سه‌رخۆیه كه هه‌ستى پێ ناكه‌ین، شاعیرێك ده‌ڵێت: “ژیانی من، مردنێكی له‌سه‌رخۆ بوو، گیانه‌ڵای ڕۆحمیان، به ته‌مه‌ن بۆ هه‌ژمار كردم” ئه‌م شاعیره له‌م دێڕه‌دا زۆر به‌كورتى و به‌وردى مه‌به‌سته‌كه‌ی ده‌ربڕیوه. زۆربه‌ی مرۆڤه‌كان له دۆخى گیانه‌ڵاندان، له‌سه‌رخۆ ده‌مرن و لایان وایه ئه‌مه ژیانه، ژیان ئه‌مه نییه، ژیانێك تێیدا خه‌نده له‌سه‌ر لێوه‌كانت نه‌بێت، ده‌بێت پرسیار له‌خۆت بكه‌یت: بۆچی؟ ڕه‌نگه بڵێیت: “من كاتێك خۆشحاڵ ده‌بم كه ببمه خاوه‌نى فڵان سه‌یاره یان فڵان خانوو” نا ئازیزم، ئه‌وانه په‌یدا ده‌بن، به‌ده‌ست دێن، به‌ڵام پێش هه‌موویان ده‌بێت خه‌نده له‌سه‌ر لێوه‌كان بن.
ئاشكرایه هه‌موومان كێشه‌مان هه‌یه، به‌ڵام نابێت كێشه‌كان ببنه هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ خۆماندا خراپ ببێت، نابێت خۆمان نادیده بگرین، نابێت خۆمان بسڕینه‌وه و خۆمان له‌نێو ببه‌ین. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر جگه‌ره ده‌كێشیت، به‌رنامه‌ڕێژی بۆ ژیانت ناكه‌یت، پاشه‌كه‌وت ناكه‌یت، بێ هۆ پاره‌كانت خه‌رج ده‌كه‌یت، له واده‌ی دیاریكراودا سه‌ردانی پزیشك ناكه‌یت، بۆلای ڕاوێژكار ناچیت. به‌جۆرێك له جۆره‌كان خه‌ریكی خۆكوژی ده‌كه‌یت، به‌تایبه‌ت ئه‌وكاته‌ى له‌زیانه‌كانی هه‌ریه‌ك له‌م لایه‌نانه به‌ئاگا هاتیت. ڕه‌نگه مرۆڤ له قۆناغێكدا زیانه‌كانى جگه‌ره‌كێشان نه‌زانێت، گرنگى پاشه‌كه‌وتكردن نه‌زانێت، گرنگى وه‌رزشكردن و زۆر شتی دیکە نه‌زانێت، به‌ڵام كاتێك كه‌سێك ئه‌مانه‌ى زانى و به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ر خوو و ڕێچكه‌ى هه‌ڵه، دیاره ئه‌و كه‌سه خۆی خۆش ناوێت. خۆكوژى ئه‌وه‌یه شتى تازه فێر نه‌بیت و بته‌وێت به‌زانیاری و په‌روه‌رده‌ی كۆن كێشه‌كانی دنیا چاره‌سه‌ر بكه‌یت. مرۆڤه‌كان به ملیۆنان ڕێگا خه‌ریكى خۆكوژین. چركه به چركه خۆیان له‌مه‌رگ نزیكتر ده‌كه‌نه‌وه! ڕه‌نگه بڵێیت: كێشه و گرفتی زۆرم هه‌یه، به‌ڵام من ده‌ڵێم كێ هه‌یه كێشه‌ی نه‌بێت؟ له یادمه ڕۆژێك له كۆڕێكدا له‌خزمه‌تی مامۆستاكه‌ماندا بووم، خودا لێی خۆش بێت، منیش وه‌كوو میوانێك بۆ یه‌كه‌مجار له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا بووم، كاتێك مامۆستاكه‌مان قسه‌كانى ته‌واوكرد، ڕووی كرده من و گوتی: ڕاتان چییه له‌سه‌ر قسه‌كانم؟ گوتم: مامۆستا گیان، من کاتێک له ته‌مه‌نى دوازده سیازده ساڵیدا بوو، دووسێ جار هه‌وڵم داخۆم بکوژم، به‌ڵام لەترسا نه‌موێرا. ئیستاش زۆر زۆر خۆشحاڵم كه ترسام و خۆم نه‌كوشت، چونكه ئێوه‌ى به‌ڕێز و ئه‌م مرۆڤه خۆشه‌ویستانه‌م ناسیوه، له‌م كۆڕه‌ى به‌ڕێزته‌وه تێگه‌شتم كه ژیان جوانی و ڕه‌هه‌ندی دیكه‌ی هه‌یه.
ئاماده‌بووان هه‌نێكیان له‌ژێر كاریگه‌ی وته‌كانی من فرمێسك له چاوه‌كانیان قه‌تیس مابوو، هه‌ندێكیان منیان هان ده‌دا. مامۆستا پرسی: ناوت چییه؟ گوتم: ناوم مه‌حموودى موعه‌زه‌میه. گوتی: به‌ڕێز مه‌حموود مۆڵه‌تم ده‌ده‌یت خاڵێك بۆ سه‌ر قسه‌كانت زیاد بكه‌م؟ گوتم: به‌ڕێنماییه‌كانى به‌ڕێزت زۆر خۆشحاڵ ده‌بم. گوتی: له قسه‌كاندا گوتت كاتێك ته‌مه‌نم دوازده سیازده ساڵان بووه دوو سێ جار ویستوته خۆت بكوژیت، به‌ڵام ترساویت و نه‌توێراوه، ئێستاش ده‌ڵێت: خۆشحاڵم کە ترساوم و خۆم نه‌كوشتووه، وایه؟ گوتم: به‌ڵێ. گوتى: ده‌بێت بڵێم ئه‌وه خۆكوشتن نییه كه ئازایی و بوێری ده‌وێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه ژیانكردنه بوێری پێویسته! چونكه نه‌ترسایت و ئازابوویت كه ژیانت هه‌ڵبژارد هیچ كات له‌ژیانكردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ڵ كێشه‌كاندا مه‌ترسن، خودا ئێمه‌ى دروست كردووه و مۆڵه‌تی هه‌ڵه‌كردنیشی پێ داوین و ڕێگای گه‌ڕانه‌وه‌شی كراوه‌یه، بۆچی به‌قورسى ده‌یگرن؟ هێنده ڕه‌خنه له‌خۆتان مه‌گرن. هیچ كه‌س كامڵ نییه، ژیان به‌و جۆره‌ش نییه كه ئێوه بیرى لێ ده‌كه‌نه‌وه، ئێوه ده‌توانن هه‌موو چركه‌یه‌ك بیربكه‌نه‌وه و بڕیاربده‌ن، له بڕیاره‌كانتان ده‌كرێت هه‌ڵه بكه‌ن، “هه‌ڵه” ئه‌زموونكردنى ژیانه، ده‌بێت به‌رده‌وام ژیان ئه‌زموون بكه‌ن تا فێر ده‌بن. ئه‌گه‌ر خۆمانمان خۆش نه‌وێت، ده‌بین به دوژمن له‌گه‌ڵ خۆمان.
ئیتر ورده ورده ژیانمان ناخۆش ده‌بێت و خه‌م و خه‌فه‌ت، له‌سه‌رخۆ و به‌رده‌وام “بوون”مان ده‌خۆن. زۆربه‌مان ئه‌م دوژمنه ده‌روونیه‌ی خۆمان ناناسین و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانى خوو ده‌گرین. “خود دوژمنی” له نه‌ستماندا ده‌چه‌سپێت، هێماكانی ڕق و دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ “خود” به‌شێوه‌ی ئه‌و هه‌نگاو و بڕیاره هه‌ڵانه‌یه، كه به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستا و ئاینده‌مان ده‌خه‌نه مه‌ترسیه‌وه. بۆ نموونه ده‌ڵێن: حاڵت خراپه، سه‌ردانى دكتۆر بكه، نایكه‌یت، ئه‌و خواردنه مه‌خۆ خراپه، هه‌ر ده‌یخۆیت و ده‌ڵێیت گه‌ده‌ى من هه‌موو شتێك هه‌رس ده‌كات، ده‌ڵێن: ئه‌مه بخۆ بۆ تۆ باشه، نایخۆیت. پێویسته ماسك ببه‌ستیت كه ئالووده نه‌بیت، به‌ڵام نایبه‌سیت! ده‌بێت پشتوێنی سه‌لامه‌تی ببه‌ستیت، نایبه‌ستیت، پێویسته پاشه‌كه‌وت بكه‌یت، نایكه‌یت! جێگه‌یه‌ك كه شادى لێ بێت و حاڵت باش بكات، توانایشت هه‌بێت بچیت، ناچیت! له خۆت بپرسه: بۆچی ناڕۆم؟ بۆچی شادتر نه‌ژیم؟ بۆچی ئه‌وكارانه‌ی كه به‌كه‌ڵكهن ئه‌نجامیان ناده‌م؟ بۆچی ئه‌و كارانه‌ی زیانیان هه‌یه به ئاسانی ئه‌نجامیان ده‌ده‌م؟ با چاوه‌كانمان بشۆرین و له خۆمان بپرسین: ئایا به‌ڕاستی خۆمم خۆش ده‌وێت؟ به‌ڕاستی ڕێز له خۆم ده‌گرم؟ به‌ڕاستی به‌و جۆره‌ی كه شایسته‌م قه‌دری خۆم ده‌زانم؟ پرسیار له‌خۆتان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌و شێوه‌ى ئێستا درێژه به ژیانتان بده‌ن ئه‌نجامه‌كه‌ی چۆن ده‌بێت؟ بۆ ئه‌وه‌ى بزانن تاچه‌ند خۆتان خۆش ده‌وێت، سه‌رنج بده‌ن له‌ئه‌نجامی كار و بیركردنه‌وه‌كانتان، له چۆنیه‌تی ژیانتان، له حسابی بانكیتان، له‌میزانی سه‌ركه‌وتن و شادومانیتان، له چۆنێتی په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ خۆتان، هاوسه‌ر، منداڵه‌كانتان و ده‌وروبه‌ره‌كه‌تان، ئه‌نجامه‌كان پێتان ده‌ڵێت چه‌نده خۆتانتان خۆش ده‌وێت.
ئه‌گه‌ر خه‌نده‌یه‌كى بچووك له‌سه‌ر لێوه‌كانتانه، دڵێكی پڕ له هیواتان هه‌یه، له ژیاندا شه‌وقتان هه‌یه، دیاره ڕێگاكه‌تان دروسته. هه‌ر كات توشى كێشه‌یه‌ك بوون, بڵێن: سوپاس بۆ خودا کە زیندووم. مرۆڤى زیندوو كێشه‌ى هه‌یه، ژیانیش واته چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان! به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك دووباره و سێ باره و چوار باره ده‌كه‌نه‌وه، له خۆتان بپرسن بۆچى كات به فیڕۆ ده‌ده‌م؟ ئه‌گه‌ر یه‌ك جار بابه‌تێكت ئه‌زموون كرد و فێر نه‌بوویت، جاری دووه‌م ته‌مه‌نت به فیڕۆ داوه. ده‌بێت بزانیت گرفته‌كه‌ت له كوێدایه؟ پرسیار له خۆت بكه ئایا له‌گه‌ڵ خۆم خراپ نیم؟ ئایا خۆم ته‌مبێ ناكه‌م؟ ئایا نه‌بووم به “ماكبێس؟” بۆچی له‌گه‌ڵ خۆم خراپم؟ چى وای كردووه ڕقم له خۆم و له ژیان بێت؟ وه‌رن با وه‌كوو ئه‌وه‌ى كه هه‌ین خۆمان قبووڵ بكه‌ین، خۆمانمان خۆش بوێت و ڕێز له خۆمان بگرین، له‌به‌شی دووه‌می ئه‌م بابه‌ته‌دا “ماكبێس” زیاتر قسه ده‌كه‌ین، ئه‌و هۆكارانه ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین كه وا ده‌كه‌ن ئێمه ڕقمان له خۆمان بێت و ببین به دوژمنى خۆمان. چه‌ند ڕێنماییه‌ك بۆ مه‌شق و ڕاهێنان هه‌ن، به یارمه‌تى ئه‌وان ده‌توانین زیاتر له‌گه‌ڵ خۆمان ئاشت ببینه‌وه.
مرۆڤی باڵا كه‌سێكه كه له‌گه‌ڵ خۆی ئاشته. چونكه كه له‌گه‌ڵ خۆی ئاشته، له‌گه‌ڵ ژیان و بوونه‌وه‌ر و ئه‌وانی دیكه‌یش ئاشته، ژیانی ڕوونه و ڕۆشنایى ده‌به‌خشێت، له به‌خشینى ڕۆشنایی ناسنامه په‌یداده‌كات، نه‌ك له‌تاریكی، له‌و ڕۆشناییه هه‌م خۆی و هه‌م ئه‌وانی دیكه‌ش سوودمەند ده‌بن.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف