“هاوسەرگیری سپی چییە؟”
هاوسەرگیری سپی بریتییە لە ژیانی هاوبەشی نێوان دوو کەس بەبێ هاوسەرگیری فەرمی، واتە بەبێ گرێبەستی هاوسەرگیری ژیانی هاوبەشی پێکدەهێنن، جۆرە پەیوەندییەکە کچ و کوڕ هاوماڵن بەیەکەوە دەژین بەبێ هیچ گرێبەستێکی یاسایی و شەرعی، ئەگەر لەماوەیەکی دیاریکراودا زانیان بەیەکەوە دەگونجێن ئەوا هاوسەرگیرییە (فەرمییە- باوەکە) دەکەن.
دەستەواژە و تێرمی هاوسەرگیری سپی لە سەرەتادا لەلایەن فەڕەنسییەکانەوە بەکارهێنراوە، بە ئینگلیزی پێی دەوترێت”white marriage” و بە فەرەنسییش پێی دەوترێت “marriage blnc”، جۆرێکە لە هاوسەرگیری بەبێ پەیوەندی سێکسی. بۆیە پێیان دەوت هاوسەرگیری سپی لەبەر ئەوەی هیچ کات پەردەی کچێنی نەدەدڕا ئەو چەرچەفە سپیەی لەسەر جێگەی خەوتن رایاندەخست هیچ کاتێک خوێناوی نەدەبوو، ئەو هاوسەرگیرییە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، لە سەرەتادا کەسەکان بەهۆکاری جیاواز ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان دەکرد، وەک هاوسەرگیری بەرژەوەندیخوازی بۆ سودبینی کۆمەڵایەتی یان ئابووری.
مێژووی هاوسەرگیری سپی دەگەڕێتەوە بۆ دەیەی 1970 زایینی، دوای سەرهەڵدانی ئەم جۆرە هاوسەرگیریە لە کۆمەڵگاکانی ئەوروپایی و ئەمریکا زیاتر پەرەی پێدرا، وەک لە لاپەڕە مێژوویەکاندا بە ڕوونی باسی لێوە کراوە.
بە گوێرەی ئامارەکان دەریدەخەن لە ئەمریکادا لە نێوان ساڵانی 1970-2010 زیاتر لە 7 ملیۆن هاوسەرگیری لەم جۆرە ئەنجام دراون. لە ئێستادا، هاوسەرگیری فەرمی لە بێهێزبوون و هاوسەرگیری سپی (نافەرمی) لە بەهێزبووندایە، نموونە، کەمبونەوەیەکی زۆری هاوسەرگیری فەرمی نیشان دەدەن لە کەنەدا، زیادبوونی هاوسەرگیری سپییە لە ئوسترالیا، لە ئەوروپاشدا بەشیوەیەکی بەرچاو بڵاوبویەوە و پێشوازی لێکرا، ئەمەش وایکردووە کە پێشوازی یاسایی لەم هاوسەرگیریە بکرێت، بۆ نموونە لە 11 وڵاتی ئەوروپیدا لە ئێستادا ئەم هاوسەرگیریە یاساییە و لەو وڵاتانەشی کە هێشتا بە یاسای نەکراوە لە دژی نەوەستاون. لە جیهانی ڕۆژئاوادا بە گشتی دوو جۆر لەم هاوسەرگیریە هەیە ئەوانیش “هاوسەرگیری سپی بەر لە هاوسەرگیری فەرمی” و “هاوسەرگیری سپی بە بێ هاوسەرگیری فەرمی”
لە جۆری یەکەمیاندا هاوسەرگیری سپی زیاتر وەک سەرەتا و پەروەردەیەکە بۆ هاوسەرگیری فەرمی، بەڵام لە جۆری دووەمیاندا، ئەم هاوسەرگیریە بەشیوەیەکی بنەرەتی، هاوسەرگیری فەرمی وەلاناوە و خۆی شوێنی گرتۆتەوە. بەمەش، هاوسەرگیری سپی پێش هاوسەرگیری فەرمی بە “دواخەری” هاوسەرگیری دادەنرێت و کەمتر نەوەی تیادەخرێتەوە، لە جۆری دوەمیاندا بە “ڕەتکەرەوە”ی هاوسەرگیری فەرمی دەدرێتە قەلەم و زیاتر نەوەی تێدا دەخرێتەوە. لە جۆری یەکەمدا ئەم هاوسەرگیریە ماوە کورتە و لە جۆری دووەمدا ماوە درێژ دەبێت.
“جیاوازی هاوسەرگیری سپی لە جیهانی رۆژئاوا بە بەراورد بە جیهانی ئیسلامی”
هاوسەرگیری سپی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەوانەی ئەم جۆرە هاوسەرگیریە ئەنجام دەدەن، ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوون و تایبەتمەندیەکانی خۆیان بە شێوەیەکی تەواو پێشکەش بە پۆلیسی ناوچەکە و فەرمانگە بەرپرسەکان تا لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی، منداڵبوون، جیابونەوە و ڕووداوە جیاجیاکانی تری لەم شێوەیە کێشەکان چارەسەر بکرێن و لایەنە پەیوەندی دارەکان ئاگادار بن. رێککەوتوون لە بارەی شێوەی ژیان و چۆنێتی پێکەوە بوونەوە، ئەگەر پێکەوە نەگونجان و جیابونەوە، ماڵ و موڵکی هەبوو لە نێوان هەر دوو لادا دابەش دەکرێت و هەریەک بە یەکسانی و بەشی خۆی وەردەگرێت، دادوەری یاسایی دوای ئاگادارکردنەوەی لەلایەن پۆلیسی ناوچەکەوە دێتە ناو کێشەکەوە، ژن و پیاو وەک یەک بەشی خۆیان وەردەگرن. واتە لە سیستمی یاسای ڕۆژئاوادا ئەم هاوسەرگیریە یاساییە و بە یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
لە جیهانی ئیسلامی تەواو پێچەوانەیە، چونکە تا ئێستا بە پێچەوانەی یاسا و ئایین و دابونەریتی کۆمەڵگە لەقەڵەم دەدرێت، زیاتر بیچمێکی نهێنی هەیە و هەتا ئاماری دروست و فەرمی لەبەردەست نییە لەم بارەیەوە. منداڵبوون، جیابونەوە و کێشەی خێزانیەکان ناتوانرێت بسپێرێت بە لایەنی پەیوەندیدار، ئاشکرایە بەمەش کێشەی کۆمەڵایەتی زۆری لێ دەکەوێتەوە. سەرەڕای ڕێگریییەکی زۆر لەبەردەم هاوسەرگیری سپییدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات یان وڵاتانی فرەتر ئایینی، ئەو هاوسەرگیرییەی لە جیهانی رۆژئاواوە سەریهەڵداوە تا دێت زیاتر بەربڵاو و فراوانتر دەبێت، ئەمەش زیاتر ڕێخوشکردنێکە بۆ شوێنگرتنەوەی هاوسەرگیری فەرمی. پێشتر هاوسەرگیری سپی سەرەتایەک بوو بۆ هاوسەرگیریەکی فەرمی سەرکەوتوو، کە لە سەرەتادا لە فەرەنسا دەرکەوت بۆ ئەوە بوو ئەم دوو کەسە بە یەکەوە ڕێک بکەون لەسەر چۆنێتی ژیانکردن و خۆ گونجاندنیان لەگەڵ یەکتریدا، پاشان هاوسەرگیرییەکە بچێتە قۆناغێکی فەرمی و سەرکەوتوو.
کەچی لە ئێستادا ئەم هاوسەرگیرییە بەتەواوی مانا و مەبەستە جەوهەرییەکەی خۆی لە دەست داوە، بۆتە کێشەیەک لەبەردەم دروستکردن و پێکهێنانی بنەماڵە و وەچە خستنەوە. ڕوونتر دەتوانین بڵێین بۆتە هەڕەشەیەک لەسەر دروستکردنی خێزان، ژیانکردنی دوو کەس بەیەکەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی هاوسەرگیری فەرمی و یاسایی، سێکس کردن تەنیا بۆ تێرکردنی ئارەزووەکان و ڕێگری کردن لە دروسبوونی منداڵ و دواتریش جیابوونەوە بە بیانووی نەگونجان، واتا ئەو کەسانەی لەم جۆرە هاوسەرگیریە ئەنجام دەدەن تەنیا لە دوای پێویستی جنسی و سۆزدارین، زۆر بەکەمی دەبیندرێت مەبەستی دیکەی لێبکەوێتەوە. لەم ڕووەوە بۆمان دەردەکەوێت زەرەرمەندی سەرەکی لێرەدا خانمانن، بەوەی زۆر جار چانسی هاوسەرگیرییە فەرمییەکە لەدەست دەدەن، ئەمەش کێشە و گیر و گرفتێکی زۆر دەنێتەوە بە تایبەتی لە نێو کۆمەڵگە ئایینییەکاندا.