مێژووی کورد لە یەمەن مێژوویەکی دوور و درێژە و پڕ لە بەرزی و نزمی و دەسەڵات و دوور کەوتنەوەیە لە دەسەڵات، بەداخەوە کورد زۆر جار لە مێژوودا کە گەیشتووەتە لوتکەی دەسەڵات هەر خۆی بووەتە هۆی لەناوچوونی دەسەڵاتەکەی، داڕووخاندنی ئەو دەسەڵاتە، ئەم مێژووە بۆ کوردەکانی یەمەنیش هەمان ڕاستیە.
لەسەردەمی عەباسییەکاندا وڵاتانی موسوڵمان بە هۆی فراوانبوونیەوە لاوازییەک لە دەسەڵاتی سەرکردایەتیاندا دروست دەبێت، بە هۆیەوە چەندین دەسەڵات و وردە دەوڵهت سەرهەڵدەدەن، یەمەنیش لەو سەردەمەدا چەندین دەوڵەتۆچکە و دەسەڵاتی تیادا بوو کە لە ناکۆکییەکی بەردەوام و بارگرژیدا دەژیان بەرامبەر بە یەکتر، بەهۆی گرنگی ناوچەکەیان و نزیکییان لە شوێنەوارە ئایینیە پیرۆزەکانی ئیسلامیشەوە چاوی تەماعکاری خاچ دروشمەکان و دەوڵەتانی تری داگیرکاری ڕۆژئاوایی زۆر لەسەر یەمەن بوو، بۆیە لەو کاتەدا پێویست بوو هێزێک ئەو دەوڵەتە پەرتەوازەیە یەک بخاتەوە، تەنها هێزێکیش لەو کاتەدا دەسەڵاتی سەڵتەنەی (ئەیووبیەکان) بوو بە سەرکردایەتی سوڵتان (سەڵاحەدینی ئەیووبی). لە ئێستادا کوردەکان لەناوخۆی یەمەندا بە چەند نازناوێک دەناسرێنەوە کە بریتین لە ( الكردي – الايوبي – انصار السنة) هەر یەک لەم نازناوانە بە هەر تاکێکی یەمەنیەوە بوو ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەو کەسە کە کوردە.
“مێژووی کوردانی یەمەن”
بوونی کورد لە یەمەن بۆ چەند قۆناغێک دابەش دەکرێت لە لایەن مێژوونووسانەوە:-
قۆناغی یەکەم:- سەردەمی دەسەڵاتی ساسانییەکان، سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن لە سەردەمی ساسانیەکاندا کە دەسەڵاتی یەمەنیان بەدەستەوە بووە بەشێک لە جەنگاوەرەکانیان کورد بوونە بۆ بەرێوەبردنی یەمەن ڕەوانە کراون، دوای ئەوەی کە پاشای یەمەن تووشی شەڕ دەبێت لەگەڵ ئەسیوبیەکان و توانای بەرەنگاربوونەوەی نابێت، پەنا دەباتە بەر ساسانیەکان کە ئەوکاتە پاشا خوسرەوی یەکەم “ئەنوشیروان” پادشای ساسانیەکان دەبێت و هەندێک سەرچاوە باس لەوەدەکەن کە کوردە، ئەویش یارمەتی یەمەنییەکان دەدات بە لەشکرێک کە زۆرینەی کورد دەبن و لە یەمەن دەمێننەوە و تیایدا نیشتەجێ دەبن و بەڵام لە ئێستادا هیچ شوێنەوارێکیان دیار نەماوە.
قۆناغی دووەم:- سەردەمی ئەیووبیەکان، لە ساڵی ( ١١٧٣) زاینی سوڵتان سەڵاحەدین هێزێک بە سەرکردایەتی “تۆران شا” ی برای بەرەو یەمەن دەنێرێت کە زۆربەی پێکهاتەی سوپاکەی لە سەربازانی کورد بوون بۆ دەستبەسەراگرتنی یەمەن و یەکخستنەوەی تەواوی خاکی یەمەن لە ژێر سەرکردایەتی سەڵتەنەی ئەیووبییەکان و لکاندنی بە میسرەوە، کە ئەمە بە یەکەم یەکگرتنی نێوان میسر و یەمەن لە مێژوودا تۆمار دەکرێت، سەرەتا لە ناوچەیەک نە ناوی “توهامە” سوپاکەی دەوەستێنێت و پاشان هێڕش دەکاتە سەر کوڕانی “مەهدی” کە ئەوکاتە دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە بوون دوای تێکشکانیان بەرەو عەدەن دەکەوێتە ڕێ، ئەیووبییەکان ماوەی (٥٠) پەنجا ساڵی تەواو دەسەڵاتی یەمەنیان گرتە دەست و لەو ماوەیەشدا کۆچێکی زۆری کورد بۆ یەمەن ڕوویدا، بەهۆی ئەو ئارامیەی کە لە یەمەندا هاتەدی خەڵکی یەمەن بەدەسەڵاتی ئەیووبییەکان خۆشحاڵ بوون.
قۆناغی سێیەم:- سەردەمی عوسمانییەکان، لە سەردەمی عوسمانییهکاندا پاراستنی بەندەری “حودەیدە” بە هێزێک دەسپێردرێت کە لە کوردانی باکوور پێکهێنرابوو، ئەم کوردانە لە حودەیدە نیشتەجێ دەبن و بۆ چەند سەدەیەک تا جەنگی جیهانی یەکەم و داگیرکردنی یەمەن لە لایەن بەریتانییەکانەوە ئەم بەندەرە بەدەستی عوسمانیەکانەوە بوو کە کاربەدەستانی کوردی بەڕێوەیان دەبرد، کە چەند سەدەیەک یەک لادوای یەک بڕێوەبەری بوون، له پاش داگیرکردنی لە لایەن بەریتانییەکانەوە کوردکان بوون بە چەند بەشێکەوە؛ هەندێکیان لە یەمەن مانەوە و ڕوویان کردە شاری عەدەن و تا ئیستاش بە ( عائلة الاكراد) لە عەدەندا ماون، بەشێکی تریان ڕوویان کردە میسر و بەشێکیشیان لە شاری “مەدینە” لە وڵاتی سعودیە نیشتەجێ بوون.
“دابەشبوونی جوگرافی کوردەکانی یەمەن”
کوردەکانی یەمەن بەهۆی فراوانی خاکی یەمەن و دووریان لەیەکەوە لە شوێنێکی دیاریکراودا نیشتەجێ نین، بەڵکوو بە سەرانسەری وڵاتی یەمەندا بڵاو بوونەتەوە، بەڵام وەک شانازییەک بە ناسنامەی کوردبوونیانەوە پاشگری کورد بە ناوەکانیانەوە یاخود بنەماڵەکانیانەوە ماوەتەوە، جگە لە چەند گوندێک بە ناوی (قرية الكردي – قرية الاكراد) کە لە چەند پارێزگایەکی یەمەندا ئەم ناوانە دووبارە دەبنەوە وەک:-
پارێزگای مەحویت
پارێزگای عەدەن
پارێزگای حودەیدە
پارێزگای ریمە
لە هەریەک لەم پارێزگایانەدا کورد بوونی هەیە، سەرەڕای پایتەختی یەمەن کە ناوچەیەیەکی تیادایە بە (منطقة الاكراد) ناو دەبرێت.
“بارودۆخی کوردانی یەمەن”
کوردەکانی یەمەن لەگەڵ کۆمەڵگەی یەمەنیدا تێکەڵیەکی زۆریان هەیە و بوونەتە بەشێک لەو کۆمەڵگەیە، سەرەڕای پاراستنی ناسنامەی کوردبوونیان، بەڵام لەدوای دەستبەسەراگرتنی پایتەختەوە لەلایەن میلیشیا چەکدارەکانی “حوسی”یەوە کوردەکان تووشی ئەشکەنجە و ڕاوەدوونان و ڕاگواستن بوونەوە لەبەر دوو هۆکار:-
یەکەم: هۆکاری مەزهەبی، کە تەواوی کوردەکانی یەمەن سووننە مەزهەبن ئەمەش هۆکار بوو بۆ داخستن و دەستبە سەرداگرتنی بنکەی (جمعية الاكراد اليمنين) لە سەنعای پایتەخت، کاتێک حوسییەکان دەستیان بەسەر شاری سەنعادا گرت و سەرجەم ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە تووشی گرتن و ڕاوەدوونان بوونەوە.
دووەم:- لایەنگری کوردەکانی یەمەن لە حکومەتی ناوەندی کە پێی دەوترێت دەسەڵاتی شەرعی و لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا باوەڕپێکراوە، لەبەر ئەو هۆیانە کوردەکانی یەمەن لایەنگیری خۆیان بۆ ئەو حکومەتە دەربڕی و لەگەڵیدان.
لە ڕووی ئابوورییەوە کوردەکانی یەمەن خاوەن ئابوورییەکی مام ناوەندن بە زۆری خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، سەرەڕای هەندێکیان بە بازرگانی قاوەوە خەریکن کە قاوەی یەمەن یەکێکە لە باشترین جۆری قاوەکانی جیهان.
“بنەماڵە و ژمارەی کوردەکانی یەمەن”
ئامارێکی دروست تا ئێستا لەبەردەستدا نیە کە ژمارەی تەواوەتی کوردەکانی یەمەن دەربخات، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە بە گوێرەی دانیشتوانی ئەو گوندانە و ئەو خێزانانەی لەو گوندە کوردیانەدا دەژین؛ ژمارەی کوردەکان خۆی نزیک دەکاتەوە لە چوار هەزار کەس، بەڵام ڕۆژنامەنوسێکی کوردی یەمەن بە ناوی “عزام عبدالسلام علی الکردی” کە خەڵکی پارێزگای مەحویتە لە یەمەن و چەند جارێکیش سەردانی هەرێمی کوردستانی کردوەو من لە نزیکەوە گفتوو گۆم لەگەڵ کردووە دەڵێت “ژمارەی کوردەکانی یەمەن زیاتر لە دوازدە هەزار دەبن، بەڵام بەهۆی زوڵم و ستەم کە لەسەریان بووە زۆربەیان ڕوویان کردوەتە دەرەوەی یەمەن، لەوانە وڵاتی میسر و وڵاتانی ئەوروپا تەنانەت لە دەرەوە ڕێکخراوێکیان دروستکردووە بە ناوی – اتحاد كرد اليمن في المهجر”
“ڕێکخراوە کوردییەکانی یەمەن”
کوردەکانی یەمەن دوای نەمانی دەسەڵاتی “علی عبداللە ساڵح” چەند ڕێکخراوێکیان دروستکرد بە ئامانجی کۆکردنەوەی کوردەکان و لێکنزیککردنەوەیان یەکخستنی دەنگیان، لەو پێناوەشدا سێ ڕێکخراو بە فەرمی دروستکرا:-
١-ڕێکخراوی سەڵاحەدینی ئەیوبی.
٢-ڕێکخراوی “بيت الكردي”.
3-ڕێکخراوی “جمعية كرد اليمنيين”
ئەم سێ ڕێکخراوە بە فەرمی لە یەمەندا بنکەیان هەیە، هەرچەندە لە دوای دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات لەلایەن میلیشیا حوسییەکانەوە، ئەم ڕێکخراوانە لەو ناوچانەی حوسییەکاندا دەرکراون و بارەگاکانیان پێ داخراوە و بەشێکی زۆریش لە کوردەکان تووشی ڕاگواستن و دەربەدەری بوونە بۆ وڵاتانی دەرەوە، لەو پێناوەشدا ڕێکخراوی “اتحاد كرد اليمن في المهجر” دروست کراوە. کوردەکانی لە بەر ئەوەی پەرتەوازە و دوور لە یەکتر بوونە و لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و ئیداری ئەوتۆیان نەبووە، زیاتر خەریکی کشت و کاڵ و ئاژەڵداری بوونە کەسانی سیاسی و سەربازی دیاریان تیادا نەبووە.
بەڵام جێی دڵخۆشییە کە کوردەکانی یەمەن بە چاوی هیواوە دەڕواننە هەرێمی کوردستان؛ هەر لەو پێناوەشدا لە کاتی “ڕیفراندۆم”ـی کوردستاندا بۆ سەربەخۆیی زۆر بە گوڕو تینەوە گەنجانی کوردی یەمەن “هاشتاگ”ێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد و بەڕێوەیان دەبرد بۆ پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی کوردستان، کە پاشان تووشی ڕەخنەیەکی زۆر و هێڕشێکی ناڕەوای ڕاگەیەندن بوونەوە و بە بەکرێگیراوو خیانەتکار و دەستی ئیسرائیل ناودەبران، بە تایبەت لەلایەن حوسییەکانەوە.
“شوێنەوارە کوردییەکان لە یەمەن”
جگە لەوەی کە چەندین گوند و گەڕەکی شارەکانی یەمەن بە ناوی کوردەوە هەن، بەڵام چەند شوێنەوارێکی زۆر دیار هەیە لە یەمەن کە تا ئێستا ماونەتەوە و هەر بە ناوی کوردەوە ناو زەد دەکرێن، یەکێک لەو جیگانە (قلعة الكردي)ە لە بەندەری حودەیدە. یادەوەری لەلای یەمەنییەکان هەیە کە چۆن ئەو کوردانەی لەو قەڵایەدا بوونە بەرگریان کردووە دژی داگیرکاری بەریتانییەکان لە جەنگی جیهانی یەمەن و تا شەهیدبوونی دوا سەربازیان ئەو شوێنەیان تەسلیم نەکردووە، پاشان تا ئێستاش گۆڕی ئەو سەربازە کوردانە لە تەنیشتی پاشماوەی ئەو قەڵایەدا ماوەو وەک نزرگەیەک خەڵکی یەمەن لێی دەڕوانن، هەروەها (حصن الاكراد) لە پارێزگای مەحویت و چەندین شوێنەواری تر.
هەر لێرەدا دەمەوێت ئاماژەیەک بە نوسراوێکی “محمد ئەمین زەکی بەگ” بکەم لە کتێبی “خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردوستان” وەک خۆی دای بنێمەوە بۆ خوێنەران:- “ئەیزانین کە یەمەن لە تەڕەف مەلیک ئەلموعەززەم توورانشاهی برای سوڵتان سەلاحەددینەوە و لە تاریخی ٥٦٩ هـ.دا فەتح کرا و مەلیک ئەلموعەززەم دوو ساڵێ لە یەمەندا بە ناوی کاکیەوە حکوومەتی کرد. لە دواییدا وەکیلێکی بە سەرەوە دانا و خۆی گەڕایەوە میسر. لە دوای وەفاتی، یەمەن درا بە مەلیک ئەلعەزیز توغتەکینی برای سوڵتان سەلاحەددین (٥٧٩ هـ). ئەم ئەمیرە تا وەفاتی، لەوێ ما (١٦ی شەووالی ٥٩٣). لە دوای ئەم، ئەلموعیزز ئیسماعیلی کوڕی، هاتە جێگەی، بەڵام لە ٥٩٨ هـ.دا کوژرا. ناسر ئەیووبی برای، جێگەی گرتەوە و ئەمیش لە ١٢ی موحەڕڕەمی ٦١١دا دەرمانخوار کرا، لە دوای ئەمە، مەلیک “مەسعوود سەلاحەددین یۆسفی” کوڕی “مەلیک کامیل”، بۆتە حاکمی یەمەن و بە قووەتێکەوە ڕووی کردە یەمەن و لە ٢ی موحەڕڕەمی ٦١٢دا گەیشتە مەرکەزی یەمەن کە «زبید» بوو. لە دوای گرتنی تەعز، سلێمان ئیبنی تەقیەددین عومەر ئیبنی شەهەنشاه بۆ میسر، لەگەڵ ئیمامدا کەوتە شەڕەوە و لە ٨ی جەمادی ئاخری ٥١٤دا سەنعای زەوت کرد. لە ٦١٩دا ئومووری حکوومەتی، تەودیعی کوڕانی ڕەسووڵی کرد و لە ٦٢٠ هـ.دا گەڕایەوە میسر. لە ٦٢٤ لە ڕەجەبدا هاتەوە یەمەن و کوڕانی ڕەسووڵی حەپس کرد و لە عەینی ڕۆژدا بەری دان. لە عەینی ساڵدا گەڕایەوە میسر و ئیدارەی یەمەن دیسان درایە دەس نورەددین عومەری کوڕی عەلی ڕەسووڵی و لە دوای موددەتێک ئەمیر نوورەددین ئیعلانی سەربەخۆیی کرد و «حکوومەتی ڕەسووڵی»ی یەمەنی دامەزراند. خولاسە هەر چۆنێ بێ، مەملەکەتی بەدتالعی ئەیووبی، لە حوکمدارێکی بەهەیبەت و لە سەردارێکی بەشۆرەت مەحرووم بوو. توورانشاه، ئاخیر سوڵتانی بەشەوکەتی ئەیووبی بوو. عەزم و سەباتی، جورئەت و جەسارەتی، زۆر ڕەنگە کە ڕەونەقێکی باشی بە سەڵتەنەتی ئەیووبی بدایە، بەڵام قەزا و قەدەر و خیانەتی داخڵی، مەیدانی نەدا”
سەرچاوەکانی ئەم باسە:
١- الكرد في اليمن – دراسة في تاريخهم السياسي والحضاري دلیر فرحان اسماعیل
٢-چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی کوردی یەمەن (عزام عبدالسلام علي الكردي)
٣- تەلەفزیۆنی ڕووداو
وێنەکان: