بابەتی پرۆسەی بەشداری سیاسی گرینگییەکی زۆری هەیە، بەشداری سیاسی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، نیشاندەری ڕادە و ئاستی پێشکەوتنی ئەوکۆمەڵگایە و ئاستی هۆشیاری ئەندامانی کۆمەڵگەیە سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە ژیانیان، لە ئەنجامی ئەم بەشداریانە لەهەمبەر هەر پرس و ڕووداوێکدا، بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەسەڵاتدا. بە مانایەکی سادە بەشداری سیاسی؛ بریتییە لە توانای هاووڵاتیان لە گوزارشتکردن و کاریگەری ئاشکرا لە دەرچوونی بڕیارەکان، جا بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان لە رێگەی هەڵبژاردنی نوێنەرانەوە تا ئەوکارە بکەن.
بەشداری ئافرەتان لە کایەی سیاسیدا؛ بریتییە لەو چالاکییانەی کە ئافرەت ئەنجامیان دەدات لە پیادەکردنی مافە سیاسی و شارستانییەکانی خۆی، وەک: مافی دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنە خۆجێیەکان، بەشداریکردنی لە سەندیکا و ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و ئازادیی ڕادەربڕین و یەکسانبوونیان لەگەڵ پیاوان لەبەردەم یاسادا. وە ئاشکرایە کە بنەمای یەکسانی یەکێکە لە گرینگترین بنەما سەرەکیە دەستوریەکان کە هەموو ماف و ئازادیە گشتی یەکانی لەسەر بەندە لە نێوانیشیاندا مافی سیاسی. دەستەبەر کردنی مافی سیاسی هاووڵاتی خۆی بۆ خۆی بەردی بناغە یە بۆ بەدیهێنان و پیادەکردنی سەرجەم ماف و ئازادیەکان، لێرەوە پەیوەندیەکی ڕاستەوانە هەیە لە نێوان پیادەکردنی مافی سیاسی و بەدیهێنانی ئازادیە گشتیەکانی دی.
بە درێژایی مێژوو ئافرەتان خەباتیان کردووە بۆ بە دەستهێنانی مافە سیاسی و مەدەنیەکان، ئەم هەوڵانەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دانەوەی هەبووە بۆ نموونە لە جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ لە ماددەی یەکەمی ئەو جاڕنامەیەدا جەخت دەکاتەوە لە سەر مافی هەر تاکێک لە بەدیهێنانی گشت ماف و ئازادییەکان بە بێ جیاوازی لە نێوان ژن و پیاودا. لە دەرئەنجامی ئەو جاڕنامەیە نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵی گەورەی بینی لە هاتنە کایەی رێککەوتنامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە سیاسییەکانی ئافرەت لە ٢٠ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٥٢ کە لە ساڵی ١٩٥٤ چووە بواری جێبەجێ کرنەوە، کە تیایدا مافی ئافرەت لە دەنگدان و خۆ کاندیدکردن چەسپێنرا، دوای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر ئەم مافە تەنها بۆ پیاوان بوو، هەروەها لەو ڕێککەوتنامەیەدا جەخت کراوەتە سەر مافی ئافرەت لە خۆ کاندید کردن لە هەڵبژاردنەکاندا و گرتنە دەستی پلە و پۆستەکانی دەوڵەت.
لاوازی بەشداری سیاسی ئافرەتان لە پرۆسەی سیاسی و کایەی دروستکردنی بڕیاردا، یەکێک بووە لە گەورەترین ئالنگارییەکان، کە بەدرێژایی مێژوو ڕووبەڕووی ئافرەتان بووتەوە لە بوارە گشتییەکان و مافی بڕیاردان لە وڵاتانی جیهاندا، بە شێوەیەکی گشتی. رێژەی بەشداری ئافرەتان لە کایەی گشتی و سیاسییدا لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی ترو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازە، بە گوێرەی سرووشت و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و داب و نەریت و کولتوور و دەستوور و یاساکان. بوونی نوێنەرایەتی کردنی ئافرەتان لە دام و دەزگا و دامەزراوەکانی دروستکردن بڕیار بۆ خۆی یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکانی داکۆکیکردن و پاڵپشتی کردنی ئافرەتان بۆ بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسی و گشتی وڵات و ناوچەکانیان، دەرەنجامی بەشدارییەکەش جیاوازە بە گوێرەی ئەو پاشخانەی کە ئافرەتان هەیانە لە رووی چینایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە. ئەگەر چی هەوڵ و جوڵانەوەو خەباتی ئافرەتان لە دنیادا شتێکی نوێ نیە، بەڵام دەتوانین بڵێین کاردکردن بە “سیستمی کۆتای ئافرەتان” نوێیە، دوا جاریش لە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگرەی چوارەمی جیهانی ئافرەتان کە لە “پەکین”ی پایتەختی “چین” بەسترا پێشنیاری “سیستمی کۆتا” یان دیاریکردنی پشکی ئافرەتان وەک بژاردەیەکی سەرەتایی تەبەنی کرا، بۆ چارەسەرکردنی پرسی لاوازی بەشداری ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و دروستکردنی ناوەندەکانی بڕیار و کۆتاییهێنان بە پەراوێز خستنیان لەو ناوەندانە. ئەم هەنگاوەش بەشێکی گەورەی بەستراوە بە پەرەسەندنی پرسی دیموکراسی و هەڵبژاردن و تا ڕادەیەک بەرپابوونی ئاشتی و سەقامگیری سیاسی لە وڵاتاندا، بۆیە دەبینین لە دوای جەنگی ساردی نێوان “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا” لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کارکردن بە “سیستمی کۆتای ئافرەتان” بە تایبەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم و وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان بەردەوام لە گەشە سەندندایە.
ئەگەر چی “سیستمی کۆتا” چارەسەرێکی تا ڕادەیەک گونجاو بوو بۆ بەرزکرنەوەی ڕێژەی بەشداری سیاسی ئافرەتان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکان وەک چارەسەرێکی کاتی، بەڵام پێشکەش کردن و کارپێکردنی جەدەلێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، لەوەی بەشێک پێیان وابوو ئەمە جیاکارییە و لەگەڵ بنەما گشتییەکانی یەکسانیدا ناگونجێت و یەکناگرێتەوە، بەم جۆرە ناتوانن گوزارشت لە هەقیقەتیان بکەن و ڕاستی پەراوێز خستنی ئافرەتان دەرناخات و ناتوانن گوزارشت لە ئیرادەی ڕاستەقینەی خۆیان بکەن. لە بەرامبەردا بەرگریکارانی بیرۆکەکە ئەگەر چی دانیان بەو جیاکارییەدا دەنا، بەڵام پێیان وابوو سیستمی کۆتا “جیاکاری ئیجابییە” و لێرەوە دەتواندرێت ئافرەتان لە پەراوێزخستن لە ژیانی سیاسی و گشتیدا ڕزگاربکرێن و دەتوانن گوزارشت لە ڕاو بۆچوونی خۆیان بکەن و بەشداربن لە پرۆسەی سیاسی و ناوەندەکانی دورستکردنی بڕیار. سەرباری ئەوەی زۆربەی سیاسییەکانی ئێراق بەردەوام جەخت لە گرینگی ڕۆڵی ئافرەتان دەکەنەوە و بە نیوەی کۆمەڵگا ناویان دەبەن، بەڵام لە نێو دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ئافرەتان ڕێژەکەیان لە ٪٥ تێپەڕ ناکات، لە کابینەکەی ئەیاد عەلاویدا (٦) ئافرەت و لە کابینەکەی کازمیدا (٢) ئافرەت پۆستی وەزیریان هەبووە، بەڵام بەپێی دەستوور ٪٢٥ی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بۆ تەرخانکراوە بە پێی سیستمی “کۆتای ئافرەتان”. لە مێژووی حوکمڕانیی کورددا ژن بە چەند وێستگەیەکی جیاجیا تێ پەڕیوە و بە پێی شوێن و کات لە سیاسەت و بڕیاردان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستاندا ئافرەتان لە کاروباری سیاسیدا ڕۆڵی کارایان هەیە و بە ئاراستەی پێشکەوتنێکی دیار دەڕوات، هەروەک بینیمان سەرۆکی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان ئافرەت بوو، لە سیستەمی هەرێمییشدا ٪٣٠ ڕێژەیی بەشداریی ژنان بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگە و ئەنجومەنە خۆجێیەکان دانراوە، بەڵام رەنگە ئەمە لە ئاست چاوەڕوانیی ئافرەتانی کوردستان نەبێت، چونکە ئافرەتانی کورد بەتوانان و شایەنی ئەوەن زۆر زیاتر ڕۆڵ و پێگەیان پێ بدرێت.
“بەگشتی بەربەستەکانی بەردەم کاری سیاسی ئافرەتان لە چەند خاڵێکدا کۆ دەبێتەوە”
یەکەم:- سەروەربوونی ئەو چەمکانەی کە دژی مافی ئافرەتن و ئەو داب و نەریتانەی لە کۆمەڵگەدا باون و دژی کاری سیاسی ئافرەتن. ئەمە جگە لەو بیرو بۆچوونانەی کە لە مێشکی ئافرەتانیان چەسپاندووە لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگەدا، کاتێک سیاسەت وەکوو کایەیەکی “گڵاو” وێنا دەکەن و باڵادەستی پیاو دەسەلمێنن، لێرەدا ژنان بە حەزی خۆیان لە کاری سیاسەت دوور دەکەونەوە بۆ ئەوەی گڵاو نەبن.
دووەم:- نەبوونی هۆشیاری پێویست لای ئافرەتان خۆیان سەبارەت بە گرینگی بەشدارییان لە کاری سیاسیدا و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. ژنان خۆیان لە کاروباری ڕۆشنبیری و سیاسەت دوور ڕادەگرن و زیاتر خۆیان بە میدیا و گۆڤارەکانەوە سەرقاڵ کردووە.
سێیەم:- باڵادەستبوونی پیاو و ڕوانگەی پیاو سالارییەکەی بەسەر کایە و جومگەکانی دەوڵەت و دامەزراوەکان و ئابووریی ووڵات و قۆرخکردنی پلە و پۆستە باڵاکان لە لایەن پیاوانەوە.
چوارەم:- دابەشکردنی ڕۆڵە تەقلیدییەکان لە نێوان ژن و پیاو لە کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانییەکاندا، کە هەمیشە ئافرەتان لە پەروەردەکردنی منداڵ و چاودێریی خێزان و بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت، لەم کۆمەڵگەیەدا هەمیشە هەوڵ دراوە پەیوەندی ئافرەت لەگەڵ چێشخانەکەی بکەنە پەیوەندیەکی سروشتی؛ ئەم بیرۆکەیەش لە مێشکی ئافرەتاندا بسەپێنن بۆ کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان.
پێنجەم:- ڕۆڵی نەرێنی ئامرازەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن؛ بە تایبەتیش ئەو کەناڵانەی لەژێر کاریگەریی بیری نێر سالاریدان ئافرەتیان کردۆتە دیلی ئەوە بۆچوونە هەڵانەی کە گوایە لە بەشداریی چالاکییە گشتییەکانی کۆمەڵگەدا کەم توانان.
شەشەم:- کەمی ئەو ڕێکخراوانەی کە لە بواری کاروباری ژنان و بەرگریکردنی ڕاستەقینەی دۆزی ژنان چالاکن و، سەربەخۆ بن و پاشکەوتەی حزبەکان نەبن؛ ئەو حزبە سیاسییانەی تەنیا بۆ ئارایشی سیاسیی ڕووی حزبەکەیان کەمێک بوار بە ئافرەت دەدەن و لە بنەڕەتدا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و خاوەن بڕیاری خۆتان نین.
حەوتەم:- بڵاوبوونەوەی دوو دیاردەی کوشندە؛ یەکەمیان دیاردەی هەژاری کە بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی ئافرەتان لە بەشداریی ئابووری و سیاسی کەم دەکات. بە تایبەتی جێی دڵخۆشی نییە لە وڵاتێکدا کە ژن خاوەنی بڕیاری ئازادانە نەبێت لە ژیانی خۆیدا و دەوڵەتیش خەمی دابینکردنی بیمەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەبێت، ئافرەتان هەمیشە لە بارگرانیی بەڕێوەبردنی ماڵدا پشکی شێریان بەردەکەوێت. دووەمیش، دیاردەی بازرگانیکردن بە ئافرەتانەوە یاخود ئیستیغلالکردنیان لە لایەن پیاوانەوە، کە ئەویش هەر بەرهەمی هەژارییە و گەورەترین ئاستەنگی بەردەم گەشەکردنی ئافرەتانن لە گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
هەشتەم:- نەخوێندەواری و نزمی ئاستی خوێندن دەردێکی کوشندەی کۆمەڵگە دواکەوتوەکانە بۆ هەموو تاکەکان بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت بۆ ئافرەتان.
نۆیەم:- ئەو ڕوانگە خراپەی کە بەرامبەر بە بەشداریی ژن لە کایەی سیاسیدا هەیە، زۆر جاریش ئەو خراپەکاری و ڕێگرییانەی لە ئافرەت دەکرێت، بەرگێکی ئایینییان بەبەردا بڕاوە، هەر ئەوەندە ژنان دەنگ هەڵێنن و داوای چەسپاندی زیاتری مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیان بکەن، زۆرێک لە پیاوانی ئایینی و بانگخوازەکان ئەم داواکارییانە بە مەترسی بۆ سەر پیرۆزیی پیاو لە قەڵەم دەدەن.
“چی بکرێت بۆ پشتگیری بەشداری ئافرەت لە کاری سیاسیدا؟”
لێرەدا کۆمەڵێك فاکتەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەن، کە دەبنە هۆی پێشکەوتنی تواناکانی ئافرەتان و بەشدارییان لە پرۆسە جیاوازەکاندا، بەڵام سەرەتا پێویستە کار بۆ دامەزراندنی میکانیزمێك بکرێت کە یارمەتیی تەندروستی بدات لە کۆمەڵگەکاندا بۆ بەشداریکردنێکی یەکسان و دادپەروەرانە لە هەموو بوارەکانی ژیانی گشتیدا، بەتایبەتی بواری سیاسی:-
یەکەم:- گۆڕانکاری و گەشەپێدان بە پرۆگرامی حیزبە سیاسیەکان بە جۆرێک کە یەکسانی نێوان هەردوو ڕەگەز بپارێزرێت و پشتگیری ئەندام و کادێری ئافرەتان بکرێت و مافە حیزبی و سیاسیەکانیان پارێزراو بێت.
دووەم:- کاری هاوبەش لە نێوان ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی بکرێت کە بەرگری لە یەکسانی ژن و پیاو دەکەن لە مافەکانیاندا.
سێیەم:- کار کردن بۆ زیاتر هۆشیار کردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە هەردوو ڕەگەزەوە لەسەر گرنگی بەشداری ئافرەتان لە کاری سیاسی و پێویستی خەبات لەو پێناوەدا و جیا نەکردنەوەی دۆزی ئافرەت لە کۆمەڵگا بە جۆرێک کە تەنها پەیوەندی بە ئافرەتەوە هەیە بەڵکو زیاتر کار کردن لەسەر ئەوەی کە دۆزی ئافرەت دۆزی هەموو کۆمەڵگەیە.
چوارەم:- هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری تەواو لە لایەن حکومەتەوە بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری و بەرز کردنەوەی ئاستی خوێندن و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری ئافرەتان وە کردنەوەی سەنتەری توێژینەوە بۆ ئەو مەبەستە و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ ئافرەتان شان بە شانی پیاوان.
پێنجەم:- هۆکارەکانی ڕاگەیاندن بە بینرا و بیستراو و نوسراو وە ڕۆڵێکی مەترسیدار دەبینن لە گۆڕینی ڕاو بۆ چوونەکان و دروست کردنی ڕای گشتی و ئاراستە کردنی ڕەفتاری تاک، بە تایبەتیش لە توێژی ناوەندی کۆمەڵگا کە بە ئاسانی کاریان تێدەکرێت و دەتوانرێت گۆڕانکاری لە بیر و بۆچونیان بکرێت، هەر بۆیە پێویستە بەرنامە و بابەتەکانی ڕاگەیاندن بە هەند وەربگیرێت چونکە بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆیان دەکەوێتە سەر شان لەم بوارەدا بۆ بە گەورە ڕاگرتنی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا و نیشاندانی ئەم ڕۆڵە لە بەرنامە و دراما و هۆکارەکانی تر، پێویستە ئافرەت وێنایەکی ڕاستەقینە و جوان بکرێت شایەنی شکۆ و ڕێز و تواناکانی بێت. نەک تەنها بکرێتە کاڵایەکی ڕێکلام و بەرنامەکانی پێ بڕازێنرێتەوە.
شەشەم:- سەربەخۆبوونی ئافرەتان لە ڕوی دارایی یەوە، پێویستە لەسەر حکومەت پشتگیری ژنان بکات لە ڕوی ئابوورییەوە و سەرچاوەی داهاتیان بۆ دابین بکات.
حەوتەم:- یەکێکی تر لە گرنگترین خاڵەکان ئەوەیە کە ئافرەتان پێویستە خۆیان بەکەم نەزانن و متمانەیان بە توانا و لێهاتویی یەکانی خۆیان هەبێت، وە هەوڵ بدەن متمانەی خێزان و کۆمەڵگاش بە دەست بهێنن و بە جددی کار لەسەر خۆیان بکەن و سوڕ بن لەسەر بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
“پوختە”
ئەوەی لە ئێستادا باڵادەستە، سیاسەتی پیاو یان نێر سالارییە لە هەرێمی کوردستاندا. ئەگەر بە وردی سەیری بکەین، دەسەڵاتی پیاو گشتگیرترە. بەشدارینەکردنی ئافرەتان لە سیاسەتدا ڕادەی دواکەوتوویی کولتووری و پیاو سالاری ئەو کۆمەڵگایە پیشان ئەدات ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان زۆر لاواز دەبێ تا ڕادەیەک رەنگە شەرعیەت لەدەست بدات. بەشداری ئافرەتانیش لە هەڵبژاردنەکان گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ ئافرەتان بە گشتی و کۆمەڵگە بە تایبەتی لە بەر ئەوەی پێداویستیەکی دیموکراسی و داواکارییەکی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە و یارمەتی گەشەپێدانی کۆمەڵگە ئەدات لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە، هەرچەندە لە ئەمڕۆشدا بۆ دەستەبەرکردنی مافە سیاسییەکانی ئافرەتان هەندێک هەوڵ دراوە، بەڵام کۆششی زیاتری پێویستە لە پێناو ئاییندەیەکی باشتر. چونکە یەکێک لە پێوەرەکانی پێشکەوتنی هەر کۆمەلگایەک، یەکسانیی ژن و پیاوە لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا.