ڕۆژێكیان چووم بۆ سه‌ردانى هاوڕێیەکم كه پزیشكێكی پله‌به‌رز و پیاوێكی به‌ڕێزه، بینیم له‌سه‌ر جێگا كه‌وتووه و ده‌ست و پێی شكاوه، هه‌مووان له نه‌خۆشخانه بۆ بینینى له ڕیزدا ڕاوه‌ستابوون. گوتم: “دكتۆر گیان چی بووه؟ بۆچى وات به‌سه‌رهاتووه؟ خۆ تۆ سه‌لامه‌ت بوویت” له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ڵه‌و بوو، پێشبینیم نه‌ده‌كرد وه‌رزشی كردبێت، هه‌روه‌ها زستانیش نه‌بوو تا بڵێم له‌سه‌ر به‌فر و سه‌هۆڵ هه‌ڵخلیسكاوه. ئه‌ویش سه‌رێكى له‌قاند پاشان بزه‌یه‌كی جوانی كرد، ددانه سپییه‌كانی ده‌ركه‌وتن، گوتی: “چی بڵێم له‌ده‌ست ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شه” گوتم: “په‌ڵه‌ی ڕه‌ش چییە؟” گوتی: “به‌سه‌رهاته‌كه‌ی درێژه.” گوتم: “ئێمه‌ش ئێستا كارێكمان نییه، ئه‌گه‌ر بكرێت تكایه ڕووداوه‌كه‌مان بۆ باس بكه.” ئه‌وانی دیكه‌ش كه بۆ دیتنی ئه‌و هاتبوون، پێیان خۆش‌بوو ڕووداوه‌كه ببیستن.
دۆستی پزیشكمان گوتی: “من له ده‌رمانخایه‌ك له باشووری شار كار ده‌كه‌م و ژوورێكی زۆر گه‌وره‌م هه‌یه. بڕیارم دا ژووره‌كه بۆیاخ بكه‌م و ده‌ستێكی پێدا بهێنم. دوای ئه‌وه‌ی شته‌كانمیان كۆكرده‌وه و ژووره‌كه‌یان ڕەنگ كرد، گه‌ڕامه‌وه ژووره‌كه‌م و له پشتی مێزه‌كه‌مه‌وه دانیشتم، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌ییم ده‌ستم كرد به گه‌ڕان تا هه‌ڵه‌یه‌ك بدۆزمه‌وه. دواجار بینیم په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌شی بچووك به سه‌قفه‌كه‌وه‌یه. سكرتێره‌كه‌م بانگ كرد و پرسیم: كێ ئێره‌ی بۆیاخ كردووه؟ گوتی: بۆیاخچی، به‌ڵام كاری ته‌واو بووه و ڕۆیشتووه. گوتم: كێ سه‌رپه‌رشتیی كاره‌كه‌ی كردووه بۆم بانگ بكه. دواجار به‌رپرسی بۆیاخكردنی ژووره‌كه‌یان هێنا و گوتم: ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شه چییه به سه‌قفه‌كه‌وه؟! سه‌یری كرد و گوتی: كاك دكتۆر من شتێك نابینم! گوتم: كاكه چۆن نایبینی؟! ئه‌وه‌تا په‌ڵه‌یه‌ك لێره‌دایه، ئه‌وه‌تا. زۆردیقه‌تی دا تا بینیی، گوتی: به‌ڵێ خاڵێكی ڕه‌شی بچووكی تێدایه، یان مووی فڵچەكه‌یه یان شتێكی دیكه‌یه، زۆر گرنگ نییه. به‌ڵام خۆم پێ ڕانه‌گیرا و گوتم: ده‌بێت ئه‌م په‌ڵه‌یه نه‌مێنێت. گوتی: دكتۆر بۆیاخچییه‌كه ڕۆیشتووه، ئه‌گه‌ر دووباره بۆیاخچییه‌كه و كه‌لوپه‌له‌كان بهێنینه‌وه، ژووره‌كه زۆر تۆزاوی و په‌رش و بڵاو ده‌بێت و كاتی زۆری ده‌وێت، ئه‌و په‌ڵه بچووكه، پێویستی به‌و هه‌موو ئه‌رك و ماندووبوونه نییه.
كه زانیم چاره‌یه‌ك نییه، ڕازی بووم. به‌ڵام هه‌ر جار ده‌مویست ئیش بكه‌م كه سه‌رم هه‌ڵده‌بڕی و ئه‌و په‌ڵه ڕه‌شه‌م به‌رچاو ده‌كه‌وت، ئیتر ده‌مارم ده‌گیرا، تووشی دڵه‌ڕاوكێی كردبووم. ڕۆژێك و دووان و سیان تێپه‌ڕی، پاش ده پازده ڕۆژ، تەواو بێزار بووم. بڕیارم دا خۆم چاكی بكه‌م. داوای په‌یژه‌یه‌كم كرد و خۆم چوومه سه‌ره‌وه په‌ڵه ڕه‌شه چاك بكه‌م. به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌یكه‌لم كه‌مێك گه‌وره‌یه و كێشم قورسه و شاره‌زایش نه‌بووم، له‌سه‌ر په‌یژه‌كه كه‌وتمه خواره‌وه و ده‌ست و پێم شكان و ده‌موچاویشم بریندار بوو.” هه‌موومان ده‌ستمان كرد به پێكه‌نین. هاوڕێ پزیشكه‌كه‌م گوتی: “ڕاسته پێكه‌نیناوییه، به‌ڵام له ڕووانگه‌ی منه‌وه گریانی ده‌وێت.”پرسیمان: “بۆچی؟” یه‌كێكمان گوتی: “كاك دكتۆر ئه‌مه نیشانی ده‌دات تۆ كه‌سێكی وردبینیت”. به‌ڵام هاوڕێ پزیشكه‌كه‌مان له وه‌ڵامدا گوتی: “نا گیانه، وا نییه”. پرسیمان: “ئه‌ی بۆچوونی خۆت چییه؟” گوتی: “كاتێك له نه‌خۆشخانه خه‌واندمیان، ئینجا ده‌رفه‌تم په‌یداكرد بیر له كاره‌كه‌م بكه‌مه‌وه. ئه‌و په‌ڵه‌یه ئه‌وپه‌ڕی یه‌ك میلیمه‌تر چوارگۆشه بوو، له كاتێكدا ژووره‌كه نزیكه‌ی پازده مه‌تری چوارگۆشه ده‌بوو. حیسابم كرد پازده مه‌تری چوارگۆشه، ده‌كاته پازده ملیۆن میلیمه‌تر چوارگۆشه. ئه‌ندازه‌ی سه‌قفی ژووره‌كه 15 ملیۆن میلیمه‌تر چوارگۆشه‌یه، كه‌چی په‌ڵه‌یه‌ك كه ته‌نیا یه‌ك میلیمه‌تر چوارگۆشه بوو، نه‌متوانی ته‌حه‌مولی بكه‌م! ئه‌و یه‌ك میلیمه‌تر چوارگۆشه‌یه هه‌موو خه‌یاڵمی داگیر كردبوو، له كاتێكدا چوارده ملیۆن و نۆسه‌د و نه‌وه‌د و نۆ هه‌زار و نۆ سه‌د و نه‌وه‌د و نۆ میلیمه‌تری چوارگۆشه‌ی دیكه سپی و خاوێن بوون، كه‌چی كاریگه‌ریی له‌سه‌رم نه‌بوو! ئێستا كه بیری لێ ده‌كه‌مه‌وه، ده‌ڵێم هه‌قم بوو ئه‌م به‌ڵایه‌م به‌سه‌ر بێت، تا فێر بم بۆ جارێكی دیكه به باشی مامه‌ڵه بكه‌م. فێر ببم هه‌ر شتێك به قه‌باره‌ی خۆی ببینم، هێنده په‌ڵپ نه‌گرم و كێشه بچووكه‌كان گه‌وره نه‌كه‌م. وه‌كو حافزی شیرازی ده‌ڵێت (بێ هونه‌ر نه‌بم)”. گوتمان: “واته چی بێ هونه‌ر نه‌بم؟”.
گوتی “حافز ده‌ڵێت: بڕوانه كه‌ماڵ و جوانى و موحیبه‌ت نه‌ك نه‌قس و گوناه، هه‌ر كه‌س بێ هونه‌ر نه‌بێ، نه‌زه‌ر له عه‌یب ناكات!” من بێ هونه‌ر بووم، له‌برى ئه‌وه‌ی ده‌ستخۆشیان لێ بكه‌م و سوپاسیان بكه‌م، گه‌ڕام خاڵێكی بچووكم دۆزییه‌وه و ده‌ستم كرد به قسه‌ی هه‌له‌ق و مه‌له‌ق، ئه‌مه‌ش پاداشتی قسه‌كانمه”. هه‌موومان پێكه‌نین و هه‌وڵمان دا دڵخۆشیی بده‌ینه‌وه. به‌ڵام دۆستی پزیشكمان گوتی: “له‌مه‌وه وانه‌یه‌ك فێربووم، فێرى ئه‌وه بووم كه بۆڵه‌بۆڵ و قسه‌ی خراپ، ئه‌نجامی خراپی ده‌بێت. له‌وانه‌بوو ملم بشكێ و دڕكه‌په‌تكم بپچڕێ و ئیفلیج ببم! خه‌ریكبوو په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش، ته‌واوی ژیانم ڕه‌ش و تاریك بكات”.
كاتێك له نه‌خۆشخانه هاتمه ده‌ره‌وه، بیرم له قسه‌كانى دكتۆر ده‌كرده‌وه، ڕاستی ده‌كرد. هه‌ندێک جار ئێمه‌یش چاویلكه‌ی به‌دبینی و تاریكی له چاومان ده‌كه‌ین و ته‌نیا خراپه‌كان ده‌بینین، ته‌نیا نه‌قس و هه‌ڵه‌كان ده‌بینین. خێرا مه‌چه‌كی خۆمم گرت، چونكه چه‌ندین جار هاوكارانم كاره‌كانیان به باشى ئه‌نجام داوه و به‌ڵام وه‌ختێك كاره‌كانیان بۆ لای من ده‌هێنا، ده‌مگوت: “ئه‌م به‌شه و ئه‌و به‌شه‌ی ته‌واو نییه، بڕۆن چاكی بكه‌ن و دواتر وه‌رنه‌وه”. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ده‌بوو ئه‌و به‌شانه‌یان چاك بكردایه و له‌م ڕووه‌شه‌وه هه‌ق به من بوو، به‌ڵام شێوه‌ی مامه‌ڵه‌كردنم دروست نه‌بوو. ده‌بوو سه‌ره‌تا به‌هۆی ئه‌و كاره‌ی ئه‌نجامیانداوه، ده‌ستخۆشیم لێ بكردنایه، ده‌بوو سه‌ره‌تا بمگوتایه: “سوپاستان ده‌كه‌م دۆستانی ئازیز، ده‌ست خۆش كوڕم، ئافه‌رین كچم… ئاده‌ی چیت نووسیوه؟” تەنانەت ئه‌گه‌ر له ١٠٠وشه 99 دانه‌شی هه‌ڵه‌بێت، بۆچی ئه‌و یه‌ك دانه ڕاسته‌ی نه‌بینم؟ بۆچی لایه‌نى باشى شته‌كان نه‌بینین؟ بۆچی نیوه‌ى پڕى په‌رداخه‌كه نه‌بینین؟ دیتنی هه‌ر كام له‌و دوو به‌شه “ئه‌رێنی و نه‌رێنی- پڕ یان خاڵی” به‌ده‌ست خۆمانه. كه‌س ناتوانێت ڕێگرمان بێت، ده‌توانین هه‌م باشه‌كان ببینین و هه‌م خراپه‌كان, به‌ڵام ده‌بێت له یادمان بێت به‌رانبه‌ر به یاسای ته‌شه‌نه‌كردن (expansion) هه‌ر بیركرنه‌وه‌یه‌ك به‌گوێره‌ی پێویست له مێشكماندا بهێڵینه‌وه، ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه په‌ره به خۆی ده‌دات و سه‌رتاپای بوونمان داگیر ده‌كات. واته ئه‌گه‌ر من بیر له‌و په‌ڵه‌ڕه‌شه بكه‌مه‌وه و دایم بیرم لای بێت، به‌جارێ هه‌موو شوێنه‌كان به ڕه‌ش ده‌بینم، ئیتر سپیه‌كان هه‌ر نابینم. ده‌ى بۆچی ئه‌م كاره‌یان بكه‌م له كاتێكدا ده‌توانم سه‌رنجى شته‌باشه‌كان بده‌م؟ بۆچی چوارده ملیۆن و نۆسه‌د و نه‌وه‌دونۆهه‌زار و نۆسه‌د و نه‌وه‌دونۆ دانه نه‌بینم هه‌ر ته‌ماشانى ئه‌و خاڵه ڕه‌شه بكه‌م؟
به‌دبینى و جوانبینى به‌ده‌ست خۆمانه، به‌داخه‌وه زۆربه‌مان ڕاهاتووین هه‌ر كارێك ده‌كه‌ین، عه‌یبێكى لێ ده‌دۆزینه‌وه، عاده‌تمان كردووه به‌بێ هۆ به جۆرێك له جۆره‌كان ژیانمان تێك ده‌ده‌ین. وه‌رن با به شێوه‌یه‌كی دیكه سه‌یری ژیان بكه‌ین، وه‌رن با ئه‌م ڕێچكه‌یه بگۆڕین، پێكه‌وه مه‌شق بكه‌ین و جوانییه‌كان و خاڵه باشه‌كان ببینین. وه‌رن بگه‌ڕێینه‌وه لای ئه‌و نموونه‌یه‌ی كه عیسای مه‌سیح له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه‌كانی به ته‌نیشت لاكێكی بۆگه‌ندا ڕه‌ت بوون و هاوه‌ڵه‌كانی عیسا لووتی خۆیانیان گرت و بێزار بوون، عیسا وه‌ستا و پێی گوتن: سه‌یری ددانه‌كانی بكه‌ن چه‌ند سپی و جوانه، ده‌ڵێی مروارییە. ئه‌وه‌ش توانای مرۆڤه مه‌زنه‌كانه کە ده‌توان له هه‌ر شتێك‌دا گه‌رچی ناشیرینترینیش بێت، جوانییه‌كانی ببینن.
با هه‌وڵ بده‌ین هه‌میشه زیاتر جوانییه‌كان ببینین. با خۆمان ڕابهێنین جوانى و لایه‌نه باشه‌كانى هاوسه‌ره‌كه‌مان ببینین، خۆشه‌ویستى خۆمانى بۆ ده‌رببڕین, ئه‌گه‌ر به‌لاته‌وه جوانتر بووه، هه‌ستى خۆتى بۆ ده‌ربڕه و پێی بڵێ: جوانتر بووییت ئازیزم، ئه‌گه‌ر جلێكی جوانی پۆشیوه، پێی بڵێێ: جله‌كانت زۆر شیك و جوانه هاوسه‌ری نازه‌نینم. ده‌توانیت ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر منداڵه بچووكه‌كان تاقی بكه‌یته‌وه. ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت له‌گه‌ڵ منداڵانی سێچوارساڵه په‌یوه‌ندی دروست بكه‌یت، پێیان بڵێ: جله‌كانت چه‌نده جوانه! قژت جوان داهێناوه! وه‌سفێكی بچووكیان بكه، ئاسانتر له‌گه‌ڵت ده‌بنه هاوڕێ. مرۆڤه‌كان پێیان خۆشه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ خۆیان باش بێت. با له هه‌موو شتێك‌دا جوانیی ببینین. ئه‌م كاره سوودى بۆ خۆمان هه‌یه: چونكه ئه‌و زانیارییانه‌ی كۆمانكردوونه‌ته‌وه و داومانه به مێشكمان، ئه‌رێنین، وه‌ك چۆن چاویلكه‌یه‌كی جوانمان له‌چاو كردبێت. كه‌واته به “وه‌سفی جوانی”ی ئه‌وانی تر، به‌ر له هه‌ر كه‌سێك خۆمان سوودمه‌ند ده‌بین. هه‌ر وه‌ك چۆن كاتێك عه‌یبه‌ی ئه‌وانی تر باس ده‌كه‌ین، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وانی تر زیان ببینن، خۆمان دڵگران و ناڕه‌حه‌ت ده‌بین.
ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام ئێمه هه‌وڵ بده‌ین جوانیی و باشیه‌كان له خۆمان و ده‌وروبه‌ر و ئه‌وانی تردا ببینین، قسه‌ى باش بكه‌ین، ئه‌م كاره‌ش ببێته خوو، ئه‌وا به‌رده‌وام له ده‌وروبه‌رمانه‌وه په‌یامى باش وه‌رده‌گرین، كاتێكیش په‌یامی باش وه‌رده‌گرین، ژیانمان گه‌شه ده‌كات و ده‌بینه مرۆڤێكى باشتر و به‌كه‌ڵك تر… كه‌واته له به‌رژه‌وه‌ندی مندایه كه له تۆداجوانی ببینم، به‌قازانجی منه له سروشتدا جوانی ببینم. زۆر جار له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له هاورێیانم سه‌فه‌رمان كردووه و گه‌ڕاوین دنیایه‌ك جوانى و سه‌وزى و شتى جیاوازمان بینیوه، نه سه‌رنجى گوڵێكیان داوه، نه گوێیان له ده‌نگی باڵنده‌كان گرتووه، نه له شینی ئاسمان ده‌ڕوانن، نه گوێ له خوڕه‌ى ئاو ده‌گرن. شه‌و و ڕۆژ بیریان لاى فڵان و فیساره كێ واى كرد و كێ ئه‌مه‌ى كرد، ئه‌مه كه‌ى ژیانه؟ ژیان چییه؟ بۆچی وایه؟ كۆمه‌ڵێک پرسیارى سواو و وجودى كه هیچ كات وه‌ڵامیان نییه. من ناڵێم نابێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه نه‌ده‌ینه‌وه، به‌ڵام ده‌ڵێم ئه‌م جوانیانه‌ش بوونیان هه‌یه‌و هه‌قیقه‌تن، ئه‌مه‌ش حه‌قیقه‌ته، ئه‌گه‌ر من سه‌رنجى جوانی بده‌م حاڵم باشتر ده‌بێت، ده‌روونم هێور ده‌بێته‌وه، دەمارەکانم خاو ده‌بنەوه، جه‌سته‌م ئارام ده‌بێته‌وه، ددانه‌كانم ناپوكێنه‌وه، شه‌وان ڕه‌حه‌تتر ده‌خه‌وم، به‌یانیان زووتر و خۆشتر له خه‌و هه‌ڵده‌ستم. هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆچى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ بۆ بیركردنه‌وه‌ى باش. دیاره ئه‌گه‌ر ئاوی پاك بخۆیته‌وه، هه‌وای خاوێن هه‌ڵمژیت، خواردنی باش بخۆیت، له‌شت به ته‌ندروستی ده‌مێنێته‌وه. ده‌روونی ئێمه‌ش هه‌ر وایه، پێویستی به بیركردنه‌وه‌ی باشه تا ته‌ندروست و شادومان بێت. به‌ڵام كاتێك ئێمه له خه‌زێنه‌ی مێشك و ده‌روونماندا زانیاری هه‌ڵه‌و ناخۆش تۆمار ده‌كه‌ین، بێگومان چاره‌یه‌كمان نییه جگه له‌وه‌ی تۆڵه‌سێن و توڕه و ڕقاویی و شه‌ڕانی بین. ئه‌گه‌ر تۆ به‌رده‌وام گوێ له هه‌واڵى ناخۆش و جنێو بگریت، ئاشكرایه حاڵت تێك ده‌چێت. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆن بكه‌یت كه دایم هه‌واڵی ناخۆش و خراپ په‌خش ده‌كات: له كوشتار و ته‌قینه‌وه و بومه‌له‌رزه، كاتێك ده‌زانیت حاڵت تێك چووه. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه بڵێم نابێت له بیری كه‌سانی زه‌ره‌رمه‌نددا بین نەبین و بێئاگابین لێیان، ده‌بێت هه‌رشتێک به ئه‌ندازه‌ی خۆی بایه‌خ و گرنگى پێ بدرێت. ئێمه‌ش كاتێك ده‌توانین یارمه‌تى كه‌سانی ڕه‌ش و رووت و لێقه‌وماو بده‌ین كه حاڵی خۆمان باشتر بێت.
كاتى بومه‌له‌رزه‌كه‌ی “به‌م” له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌ك له ئه‌ندامانی “مه‌كته‌بی كه‌ماڵ” بانگهێشت كراین بۆ ئه‌و ناوچه‌ی به‌ر بومه‌له‌رزه‌كه كه‌وتبوو. به‌ڕاستی ترسناك بوو. به‌ڵام من عاده‌تم وایه هه‌میشه هه‌وڵ ده‌ده‌م شتى باش ببینم، له ساڵۆنێك له‌گه‌ڵ به‌ركه‌وتوانی بومه‌له‌رزه‌كه یه‌كترمان بینی. به ڕاستى ناخۆشه، كاره‌ساتێكى دڵته‌زێن بوو، گوتم باشه ئێستا من چی بكه‌م؟ چۆن یارمه‌تیان بدەم؟ چۆن له ڕووداوێكی وه‌ها تاڵ، خه‌نده‌یه‌ك بخه‌مه سه‌ر لێویان و ڕۆشناییه‌ك بخه‌مه دڵیان؟ سوپاس بۆ خوا به هه‌مان ڕۆحیه‌تی باشبینی و جوانبینیه‌وه، به‌گوێره‌ی تواناكانی خۆم، هه‌وڵه‌كانم به‌كاربرد، كاتێك له‌و ساڵۆنه هاتمه ده‌ره‌وه، بینینم هه‌موویان له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕووداوه جه‌رگبڕه‌ى به‌سه‌ریان هاتبوو، به‌و هه‌موو كێشه‌وه پێده‌كه‌نین! خانمێكى میهره‌بان كه خۆبه‌خش كارى ده‌كرد، پێی گوتم: “ئاغا یاخوا به‌خێر بێیت، تۆ له‌گه‌ڵ خۆت گه‌ڵابه‌یه‌ك ورە و هیوات هێنا” من پێم وایه چه‌نێك كارى پزیشك گرنگه شكاوییه‌كان چاك بكاته وه و مه‌ڵهه‌مى برینه‌كان بكات، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ش كاری هاریكارییكردن گرنگه. زۆر گرنگه له دۆخێكى وادا بتوانیت ئارامى و ئومێد و شادى و وره به زیانلێكه‌وتووان بده‌یت. دیمه‌نێك له ئومێدیان نیشان بده‌یت تا به‌شه پڕه‌كه‌ى ژیانیان ببینن.
بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى وره و مه‌عنه‌وییه‌تى كه‌سانى لێقه‌وماو له دۆخێكى وه‌هادا، ده‌بێت له خۆمانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین. سه‌ره‌تا خۆمان وره‌به‌رز و به ڕۆحییه‌ت بین. ده‌بێت هه‌میشه سوپاسگوزارى نیعمه‌ته‌كان بین، به‌یانییان كه له خه‌و هه‌ڵده‌سین چاو و ده‌كه‌ینه‌وه بڵێین: “سوپاس بۆ تۆ خوایه كه ڕۆژێكی دیكه‌ت به دیاری پێ داوین. ده‌كرا ئه‌مڕۆ بۆ هه‌میشه له خه‌و هه‌ڵنه‌ساینایه. هیچ گرنتییه‌كیش نییه سبه‌ینێ له خه‌و هه‌ڵسین. بۆیه هه‌ر به‌ڕاستی سوپاس بۆ خوا كه ده‌توانم هه‌ناسه بده‌م. تا ئێستا توشی ته‌نگه نه‌فه‌سی بوویت؟ یان كه‌سێک كه‌وتبێت به‌سه‌ر سینگت و نه‌وتوانیبێت هه‌ناسه بده‌یت؟ یان ژێر ئاو كه‌وتبیت و نه‌وتوانیبێت هه‌ناسه بده‌یت؟ له كاتێكى وەهادا گرنگی و بایه‌خی هه‌ناسه‌دان دەرك ده‌كه‌یت. ئێستا كه ده‌توانین هه‌ناسه بده‌یت و چاوه‌كانت ده‌بینن قه‌دریان بزانه و سوپاسى خوا بكه. به‌چاكی كه‌ڵكیان لێوه‌ربگره و بۆ بینینى هه‌قیقه‌ت و جوانیی و كاری باش و به‌كاریان بهێنه. سوپاسی خوا بكه كه گوێچكه‌كانت ده‌بیستن. چێژ وه‌ربگره له ده‌نگیی ژیان و تەنانەت له ده‌نگی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ی سه‌رخه‌وی دوانیوه‌ڕوانت ده‌شكێنێت. ئێمه ده‌بێت چێژ له چركه به چركه‌ى ژیانمان وه‌ربگرین. ئێمه ده‌بێت فێر ببین له سه‌دا سه‌د به‌رپرسیارییه‌تى ژیانما له ئه‌ستۆ بگرین. ئێمه به‌رهه‌مى بیر و باوه‌ڕ و هه‌ڵبژاردنه‌كانمانین. ئه‌گه‌ر ژیانت باشه، هه‌ڵبژاردنه‌كانت باشن. ئه‌گه‌ر له‌شساغت، هى خواردنى باش و هه‌وای پاكه. تێكه‌ڵبوون به به‌هه‌وای ئالوده جه‌سته ژه‌هراوی ده‌كات. كه‌واته بیركردنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبژێره هێزت پێ ببه‌خشێت، ئازا و پڕكێشت بكات. گوێ له موزیكێ‌ک بگره هیوا و شادی به دڵ و ده‌روونت ببه‌خشێت. گوێ له شتێك مه‌گره نا‌ئومێد و غه‌مبارت بكات. به‌رنامه‌یه‌ك ته‌ماشا بكه حاڵت باشتر بكات, ئه‌و فیلمانه ببینه ئازاترت ده‌كه‌ن. هاوده‌م و دۆستێك هه‌ڵبژێره بتكات به كه‌سێكى باشتر له‌وه‌ى كه هه‌یت، ئه‌و كتێبانه بخوێنه‌ره‌وه كه دنیابینییت ده‌گۆڕن سه‌باره‌ت به خۆت و ژیان و واقع. مرۆڤی ئومێده‌وار ملیۆنان جار له مرۆڤی نا‌ئومێد به‌نرختره. مرۆڤی نا‌ئومێد بۆ خۆی و بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌شى مایه‌ی سه‌رئێشه‌یه. كه‌سى ئومێده‌وار جگه له‌وه‌ی سه‌رئێشه‌ی بۆ كه‌س نییه، ڕه‌نگه بشتوانێت یارمه‌تی كه‌سانی دیكه بدات.
با خۆمان ڕابهێنین له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ى باش، فێر ببین جوانییه‌كانیش ببینین. ئه‌وه‌نده مه‌شق بكه‌ین تا له‌نێو هزری ناخودئاگاماندا بچه‌سپێت. مێشك وه‌كوو كاسێتك وایه، هه‌رشتێكمان بوێت ده‌توانین تێدا تۆماری بكه‌ین. هه‌ر له ئاوازى خۆش تا ده‌گات به ئاوازى ناخۆش. كه‌واته ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت شاد بیت، خۆت به‌دوور بگره له شیعرى خه‌مبار، گۆرانى خه‌مبار، كه‌سى خه‌مبار، تێكستى غه‌مبار. حافزی شیرازی ده‌ڵێت: ڕێگه به كه‌سى غه‌مبار مه‌ده خەمبارت بکات، دڵخه‌مبارێک جیهانێك خه‌مبار ده‌كات. ئه‌گه‌ر توانیت دڵێكى خه‌مبار شاد بكه، ئه‌گه‌ر نه‌وتوانى هه‌وڵ به خۆت شاد بیت. په‌ڵه‌ى ڕه‌ش له ژیانى هه‌مووماندا بوونى هه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت به ئه‌ندازه‌ى خۆیان بایه‌خیان پێ بده‌ین. ڕۆژێك له لاى مامۆستاكه‌مان بووم، خانمێك به سه‌روسیمایه‌كی په‌رێشان هات. وێنه‌ی چه‌ند منداڵێكى ئه‌فریقی پێ بوو، ڕوویكرده مامۆستا و به‌ئاهوو ناڵه‌یه‌كی سارده‌وه گوتى: “سه‌یرى ئه‌م منداڵانه له هه‌ژاری و برسێتیدا خه‌ریكه ده‌مرن، ئه‌مه چ ژیانێكه؟” ده‌ستی كرد به‌گله‌یی و گازنده له ده‌ست نایەکسانی و مافى مرۆڤ و… وه‌ختێک ڕۆیشت، زۆر خەفەتم خوارد. گوتم: “چه‌ند ژنێكی میهره‌بان و دڵسۆزه بۆ مرۆڤه‌كان” مامۆستاکەمان ته‌ماشایه‌كی كردم و بزه‌یه‌كی كرد. لێم پرسی: “وانیه؟” گوتی: “وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر ساده‌یه كوڕم. ئه‌گه‌ر ئه‌و دڵی ده‌سوتێت با ده‌ست بكا به گیرفانیدا و بڕێك پاره بدا به ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی یونیسێف تا خۆراكیان بۆ دابین بكات. خه‌م و خه‌فه‌تخواردن چ سوودێكى هه‌یه؟ به‌ڵام ئه‌م خانمه پێی خۆشه هه‌ست به غه‌مگینی بكات، حه‌ز ده‌كات گله‌یی و گازنده بكات. جیاوازی هه‌یه له نێوان ئینسانییه‌ت و خه‌مخواردن. ده‌ڵێن كه‌سێك باوه‌شێک نانی پێ بوو، ده‌گریا، یه‌كێك لێی ده‌پرسێت: “ها ئه‌وه بۆچی ده‌گریت؟” ده‌ڵێت: “سه‌گه‌كه‌م خه‌ریكه له برسا ده‌مرێت، بۆ ئه‌و ده‌گریم”. ئه‌و كه‌سه‌ش پێى ده‌ڵێت: “ئێ باشه بۆ كه‌مێك له‌م نانه‌ى پێ ناده‌یت بۆ ئه‌وه‌ى نه‌مرێت؟” خاوه‌نى سه‌گه‌كه‌ش ده‌ڵێت: “ئه‌وه‌ى ڕاستى بێت خۆیشم بیرم لێ كردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر نانی بده‌مێ خه‌رجى ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆی بگریم هیچى ناوێت” جا زۆر جار خه‌م و خه‌فه‌تخواردنه‌كانی ئێمه‌ش، دڵسۆزی و هاوده‌ردییه‌كانمان, پاساوێكن بۆ ئه‌وه‌ى هیچ نه‌كه‌ین.
ئێمه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی دەمانەوێت خزمەت بکەین، ده‌بێت ده‌ست بكه‌ین به‌گیرفانماندا، له پاره و كات و ئیمكاناتمان ببه‌خشین به‌وانی دیكه، کەلێنێکیان بۆ پڕ بکەینەوە. با بڕیار بده‌ین په‌ڵه ڕه‌شه‌كانی دنیا و ژیان به قه‌باره‌ی خۆیان ببینین. ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌یده‌ین به‌مێشكمان با وه‌كوو خواردنه‌كانمان هه‌ڵیانبژێرین. چۆن ناچینه ئه‌و جێگه‌ی هه‌واكه‌ى ئالووده‌یه، با ڕێگه‌ش به بیری ئالووده نه‌ده‌ین تێكه‌ڵ به بوونمان بێت. با شتێك تێكه‌ڵ به بوونمان بكه‌ین بمانكات به بوونه‌وه‌رێكیی باشتر. دنیا پێویستى به مرۆڤی چاكتره. دنیا واته خێزانه‌كه‌ى من و تۆ. پێویست ناكات چاوه‌ڕوانى فریادڕه‌س بین یان كه‌سێك له جێگایه‌كى دیكه‌وه كارێكمان بۆ بكات، هێندە بەسە کە من و تۆ، هه‌ر ئێستا و له‌م چركه‌یه‌دا له خۆمانه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین. ئێمه ده‌توانین دنیا بگۆڕین، به‌ڵام به مه‌رجێك هه‌ر كه‌س له خۆیه‌وه ده‌ست پێ بكات.
ئه‌گه‌ر ئێمه بگۆڕێین، خێزانه‌كه‌مان ده‌گۆڕێت، دواتر شاره‌كەمان و پاشان وڵاته‌كه‌مان و ئینجا دنیاش ده‌گۆڕێت. هه‌ر ئێستا بڕیار بده‌ن له خۆتان مرۆڤێكی باشتر بسازن. با شته باشه‌كان ببینین و نرخیان بۆ دابنێین. باشتره ئه‌گه‌ر بتوانین خراپه‌كان چاك بكه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانى، پشتگویان بخەین و واقعبینانه و به ئیراده‌یه‌كى پۆڵاین و پایه‌دارەوە، بڕیار بده‌ین دنیا بكه‌ین به جێگایه‌كى باشتر، بۆ ژیانی خۆمان و منداڵه‌كانمان و ئه‌وانی دیكه. باوه‌ڕ بكه‌ن ده‌توانین ئه‌م كاره بكه‌ین.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف