“پێشەکی”
کۆماری سودان لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەفریقیا هەڵکەوتووە، ئەم وڵاتە لە ساڵی ١٩٥٦ سەربەخۆیی وەرگرتووە لە ژێر ئیستیعماری بەریتانیا. هاوکێشە جوگرافییەکەی سودان وا دابەشبووە کە کەوتۆتە چوارچێوەی ململانێیەکی قوڵ و ئاڵۆز، هاوسنووری کۆمەڵێک دەوڵەتی گیرۆدە بە شەڕی ناوخۆ و ئابووری داڕماووە. جیۆپۆڵەتیکی سودان گرنگە بۆ دەوڵەتانی تر، ئەم وڵاتە خاوەن بەندەرێکی گرنگە (Port Sudan)، کە دەکەوێتە سەر دەریای سوور و لە سنووری دەریاییەوە سودان بە عەرەبستان دەبەستێتەوە. هاوکات سودان بە پێیی ئامارە نێودەوڵەتییەکان پێشەنگی ئەو دەوڵەتانەیە کە بە کێشەکانی وەک گەندەڵی و نەبوونی شەفافییەت و دۆخی خراپی خەڵک و داهاتی تاکەکەسی دەناڵێنن. هاوکات سودان لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیر نیە و پشێویەکی زۆر لە ناوخۆی ئەم دەوڵەتەدا هەیە هەر لە ساڵی ١٩٨٣ تاوەکو ئێستا. لەم وتارەدا هەوڵ دەدرێت تیشکبخرێتە سەر ڕۆڵی ئیمارات بەسەر ئەم شەڕە هەنوکەیەیی ناوخۆی سودان کە لە دەرەنجامی لادانی عومەر ئەلبەشیر سەرۆکی ئەم وڵاتە هەڵگیرسا.
“یەکەم؛ خستنەرووی بابەت، دۆخی ئێستای سودان”
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە ئێستادا شەڕی سودان، یەکێکە لە ئاڵۆزترین قەیرانە مرۆییە بەردەوامەکان لە جیهاندا کە توشی خەڵکی ئەو وڵاتە هاتووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو کودەتا سەربازییەوە بوو کە لە ساڵی ٢٠٢١ ڕوویدا و بووە هۆی پێکدادانی سەربازی لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا. ئەم پێکدادانە ناوخۆییە مردنی هەزاران و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاوڵاتی سودانی لێکەوتەوە. بەپێی ئامارەکانی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی ٤٨ ملیۆن دانیشتوانی ئەم وڵاتە، بە هۆی جەنگەوە زیاتر لە ١٠ ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆی وڵات بوونە، ٢ ملیۆن کەس بۆ دەرەوە کۆچیان کردووە و نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتتوان تووشی برسێتی بوونەتەوە.
ئەم شەڕە لە ئەنجامی بۆشایی هێز لە سودان دروست بوو، ئەمەش بەهۆی لادانی “عومەر ئەلبەشیر” لە ساڵی ٢٠١٩، کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ كۆنترۆڵی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی كردبوو لە ڕێی قۆرغكردنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە. بە دڵنیاییەوە ئەم بۆشایی هێز و دەسەڵاتە جەخت لەسەر یارییەکی ئاڵۆزی ئەکتەرە ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکان دەکاتەوە کە بەشداری لەم ململانێیە درێژخایەنە دەکەن. لەم سۆنگەیەوە، ئەمە دەرفەتی بۆ ئەکتەرە ناوخۆییەکانی وەک جەنەڕاڵ “عهبدولفتاح ئەلبورهان” سەرۆکی سوپای سودان و “محهمهد حەمدان داگالۆ” سەرۆکی هێزی پشتیوانی خێرا دروست کرد بۆ قوڵکردنەوەی ململانێکانیان لە ناوخۆ. لە بەرامبەردا؛ ئەکتەرە دەرەکییەکان لەوانە میسر، ئیمارات، ڕووسیا، ئێران، چین، سعودیە و ئیسرائیل کەم تا زۆر بەشداریان کردووە بە کارنامە و ئەجێندای جیاواز لەم ململانێیەدا. ئەمەش بە هۆی ئەوەی سودان وەک وڵاتێکی سەر دەریای سوور هەژماردەکرێت کە خاوەن هەڵکەوتەیەکی جیۆپۆلیتیکی گرنگە، لەوانە دەستگەیشتن بە ڕێگاکانی بازرگانی جیهانی لە ڕێگەی گەرووی بابولمەندەب. ئیماراتیش وەک یاریزانێکی سەرەکی لەم ململانێیەی سودان دا ڕۆڵی هەیە، بە هۆی ئەو پشتگیرییە بەرچاوانەی کە پێشکەش بە چەکدارانی هێزی پشتیوانی خێرای کردووە. دەکرێ سودان لە دوای یەمەن وەک ناوەندی ستراتیژی ئیمارات لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژماربکەین، کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی هەژموونی سیاسی و ئابوورییە. بێگومان پشتیوانی ئیماراتیش بۆ ئەم گروپە نیمچە سەربازییە چەندین ئەجێندا و فاکتەری لە دواوەیە کە ئیمارات بە دوایدا دەگەڕێت.
“دووەم؛ پاڵنەرەکانی ئیمارات بۆ دەستێوەردان لە سودان”
ئیمارات بە پاساوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکانی ناوخۆیی سودان، دەستێوەردانێکی زۆری لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە ئەنجامداووە، بەناڕاستەوخۆ پشتگیری لە هێزی پشتیوانی خێرا دەکات، چونکە ئەم گرووپە وەک هێزی پرۆکسی (بەوەکالەت) بۆ ئیمارات کاردەکات و بە پێی ئامانج و ویستەکانی ئیمارات لە سودان دەجوڵێنەوە. ئیماراتیش چەک و تەقەمەنی، پارە و یارمەتی لۆجێستی وەک دەرمان و کەلوپەلی سەربازیی بۆیان دابین دەکات. لە ئێستادا ئیمارات ململانێی و ناکۆکییەکانی خۆی لە کەنداوی عەرەبی/فارسی لەگەڵ ئێران، بۆ سودان گواستۆتەوە. ئیمارات نایەوێت بە هۆی باڵادەستی ئێران بەسەر گەرووی هۆرمۆز، ئەم ناوچەیە تووشی کێشە بکات و گرفت بۆ گواستنەوەی بارهەڵگرە نەوتییەکان دروست بێت، بۆیە ئیمارات بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سوودان دەبینێت بە تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران، چونکە ئێران پشتگیری هێزەکانی سوپای سوودان دەکات و چەکیان بۆ دابیندەکات بە تایبەت دڕۆنی ((Mohajer-6 کە یەکێکە لە بەهێزترین درۆنەکانی دروستکراوی ئێران. لە بەرامبەردا ئیمارات پشتیوانی هێزی خێرا دەکات تۆمەتبار دەکرێت بە دابین کردنی درۆنی Quadcopter)). ئەم دەستێوەردان و پشتگیری کردنەی ئیمارات و ئێران ڕیشەی پارادۆکسێکی دورودرێژە لە نێوانیان کە لەسەر کۆنترۆڵکردنی دورگەکانی ئەبو موسا و تونبی گەورە و تونبی بچووکە لە گەرووی هورمز، کە هەردوولایەن خۆیان بە خاوەنی دەزانن. ناکۆکی لەسەر ئەم دوورگە ستراتیژییانە خاڵێکی بەرچاوی ململانێی نێوان ئێران و ئیماراتە، هەر بۆیە ململانێکەیان گواستۆتەوە بۆ سودان و لەوێ کێبڕکێ دەکەن، هەموو ئەمانە کاریگەری لەسەر سەقامگیری بازاڕی وزە و ڕێرەوەکانی گواستنەوەی کاڵاكان بەتایبەت نەوت هەیە لە جیهاندا. هەر بۆیە ئیمارات بەرژەوەندی زۆری لە ئەفریقیا هەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی سودانەوە بە دەستی بهێنێت کە لە خووارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:-
1. كۆنتڕۆڵكردنی بەندەرەكان و دەستگەیشتن بە دەریای سوور، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢، ئیمارات ڕێككەوتنێكی سەرەتایی 6 ملیار دۆلاری واژۆكردووە بۆ دروستكردنی بەندەری ئەبو عەمامە لە كەناراوەكانی دەریای سووری سودان، كە بەشێكە لە ستراتیژی ئیمارات بۆ فراوانكردنی کایەی كاریگەرییەكەی و دروستکردنی تۆڕێك لە بنکە ستراتیژییەکان لە دەریای سوور و ئەفریقا. بەڵام پرسیارەکە لێرەدایە، کە بۆچی ئیمارات بەندەری(Port Sudan) بەپێش ناخات بەڵکو بەندەرێکیتر دروست دەکات؟ لەم دۆخەدا ئایا ململانێی و ناکۆکی لە نێوان ئیمارات و عەرەبستانیش سەرهەڵنادات؟
2. بەدەستهێنانی باڵادەستی ئابووری و سیاسی، سودان گرنگییەکی ستراتیژی بۆ خواستەکانی ئیمارات لە ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، چونکە ئیمارات هەوڵدەدات هەژموونی سیاسی و ئابووری بەدەستبهێنێت. هاوکات وەبەرهێنانێکی زۆری لە کەرتی ئابووری سودان کردووە، لەوانە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بە بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار کە دەکەوێتە چوارچێوەی پرۆژەی بەندەری ئەبو عەمامە، بەندەری دەریای سوور و کانەکانی زێڕ. بەرژەوەندی ئابووری دیکەشی هەیە، وەک هاوردەکردنی ئاژەڵ و بەدەستهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاسایشی خۆراک لە ناوخۆدا. هەر بۆیە هەوڵدەدات سەرچاوە و دەروازەکانی سودان کۆنتڕۆڵ بکات.
3. ڕووبەڕووبوونەوەی سعودیە، لە میانەی ئەوەی کە بەرژوەندیەکانی ئیمارات و سعودیە هاوتەریب نین لە سودان، هەر بۆیە هەردوو دەوڵەتەکە ڕکابەری یەکتر دەکەن لەسەر بەدەست هێنانی هەژموونی زیاتر لەو وڵاتە ئەوەش لە ڕێگای پشتگیریکردنی سوپای سوودان لە لایەن سعودیە و پشتگیری کردنی ئیمارات بۆ هێزی پشتیوانی خێرا. هاوکات ئەمە بۆتە هۆی چڕبوونەووەی زیادتری ململانێی ناوخۆی سودان. لە ڕاستیدا ئەم ناکۆکی سعودیا و ئیمارات لەسەر دۆخی یەمەن بوو کە ئەگەرچی سەرەتا هەر دوو دەوڵەت بە یەک بەرە چوونە ناو پرسی یەمەن بەڵام دواجار، بەرژەوەندییەکانیان پێکناکۆک بوون. سعودیا و ئیمارات نەیانتوانی ناکۆکییەکانیان لە یەمەن چارەسەر بکەن، بۆیە ئەم ناکۆکییەیان گواستەوە بۆ سودان. چونکە بۆ هەر دوو وڵات باڵادەستی حوسییەکان کێشەی گەورە بوو، لە هەمان کاتدا بەرژەوەندییەکانیشیان لە یەمەن یەکتربڕ بوون.
4. هەوڵدان بۆ بەرفراوانکردنی هەژموون و دەستڕۆیی، ئیمارات سودان وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ فراوان بوونی خۆی لە ئەفریقیا و بەرپەرچدانەوەی کاریگەری سعودیە و ئێران. بەڵام دەکرێ ئەمە وەک موغامرەیەک بۆ ئیمارات هەژمار بکرێت، چونکە لە راستیدا ئیمارات تەنیا لە ڕووی سەرچاوەی دارایی بەهێزە. ئەگەر ئیمارات بتوانێ تا ڕادەیەک ململانێی ئێران و سعودیا بکات هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیش لە شاخی ئەفریقیا، بەڵام ئەم وڵاتە ناتوانێت لە ئەفریقیا ململانێی رووسیا و چین بکات. بەتایبەتیش چین کە لە ئێستادا بە هەموو تواناییەکەوە هەوڵی وەبەرهێنان لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی ئەفریقیا دەدات.
5. یەکگرتنی ئیمارات لەگەڵ ڕووسیا لە ئەفریقیادا، ئیمارات هاوکاری زۆری لەگەڵ ڕووسیادا کردووە ئەویش لە ڕێگەی .(Wagner Group) ئەم پەیوەندییە ڕێگەی بە ئیمارات داوە کە بازرگانی کانزاکان قۆرخ بکات، کە زۆربەیان زێڕن و هەناردەیان بکات بۆ ئیمارات و لەوێشەوە بۆ ڕووسیا. بەڵام لە ئێستادا نە گرووپی ڤاگنار وەک جاران بەهێزە بە هۆی کوشتنی سەرکردەکەیان لەلایەن ڕووسیاوە، نە ڕووسیا ئەو وڵاتەیە کە رێگەبدات دەوڵەتێکی وەک ئیمارات ڕکابەرێتی بکات، بەڵام ئیمارات توانیویەتی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت کە ڕووسیا بە هۆی جەنگی ئۆکراینا، ئێستا زۆرترین سەرقاڵیتی لەم جەنگەدا چڕ بووەتەوە، بە کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە، ڕووسیا پێداچوونەوە بە هاوپێمانێتی و هاوبەشێتیەکەی لە ئەفریقیا دەکات. چونکە جەنگی ئۆکراین ڕووسیای تووشی خوێن بەربوونی ئابوریی و دارایی کردووە و لە داهاتوودا ئەفریقیا دەبێتە سەرچاوەی چارسەرکردنی ئەم خوێنبەربوونە.
ئەوەی جێگای ئاماژە پێدانە ئیمارات بانگەشەی ئەوەی کردووە کە چاڵاکییەکانی لە سودان تەنیا هاوکاری مرۆییە. میدیاکانی ئیمارات تیشکیان خستۆتە سەر دابەشکردنی یارمەتییەکان بۆ خەڵکی سودان، یارمەتیەکانی وەک خۆراک، دەرمان، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خێوەت بۆ ئاوارەکان. بەڵام بە پێی لێدوانی باڵیۆزی سودان (الحارث ادریس) لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هاوکاری ئیمارات تەنیا بۆ لایەنێکی ململانێکەیە نەک هەموو کۆمەڵگاکە. حکومەتی سودان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئیمارات چەک دابین دەکات بۆ هێزی پشتیوانی خێرا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ١٠ ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی سودان لە کەمپەکان لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە دەستوەردانی ئیمارات لە سودان بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتر بۆ درێژکردنەوەی کاریگەرییەکانی لە سەرانسەری کیشوەری ئەفریقیا. جیا لە سودان، ئیمارات پشتگیری (خەلیفە حەفتەریشە) لە لیبیا، ئیمارات هەوڵی هەژموونی زیادتر دەدات، بەڵام ئەمانە نیگەرانییەکانی ئەمریکایان زیاد کردووە، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە نە ئێران و نە ئیمارات لە ئەفریقیا بەرژەوەندیەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان یەک ناگرێتەوە، نە بەرژەوەندی ئیمارات لەگەڵ ئەمریکادا یەک دەگرێتەوە، نە بەرژەوەندی ئێران لەگەڵ چین.
“سێیەم؛ نیگەرانییەکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر کردەوەکانی ئیمارات لە سودان”
نیگەرانیەکانی ئەمریکا ڕووی لە هەڵکشان کردووە بەرامبەر بە کردەوەکانی ئیمارات لە سودان و پەرەسەندنی ڕۆڵی چین و ڕووسیا لە وڵاتەکەدا. بەڵام لێرەدا ئەوەی جێگای پرسیارە ئەوەیە کە ئەمریکا بۆچی ڕێگری لە ئیمارات و ئەکتەرەکانیتر ناکات؟ لە ڕاستیدا، ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بووتەوە لە گرتنەبەری ڕێوشوێن دژی نزیكی و پەیوەندی ئیمارات لەگەڵ ڕووسیا و گرووپی ڤاگنەر. هاوکات هەندێک هەوڵ هەن کە ئەمریکا داویەتی، بۆ نموونە، باڵیۆزی ئەمریکا (Linda Thomas-Greenfield)لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنەی لە وڵاتانی وەک ئیمارات و هاوبەشەکانی گرت بەهۆی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپە یاخیبووەکان. ئەم ئاگادارکردنەوەی ئەمریکاش لە میانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بوو، کە تێیدا باڵیۆزی سودان (الحارث ادریس) داوای لە ئەنجومەنەکە کرد بە ئاشکرا باسی ئیمارات بکات و سەرکۆنەی بکات بۆ ئەوەی ئەم شەڕە بوەستێت.
هەر بۆیە لە پەراوێزی هەوڵەکانی ئەمریکادا، نوێنەری سودان چەندین بەڵگەی خستەڕوو کە یەکێکیان تاوانبارکردنی ئیمارات بوو بە ناردنی فڕۆکەی بارهەڵگر بۆ چاد کە ئیمارات لەم وڵاتەدا بنکەی هەیە لەوێوە چەک و تەقەمەنی و ئامێرە پزیشکییەکان کە تایبەتن بۆ پاڵپشتی هێزی پشتیوانی خێرا دەنێرێت. هەروەها لە مانگی ئابدا، کەناڵی عەرەبی ئەلمەیادین رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئیماراتی لە فڕۆکەخانەی سەرەکی ئۆگاندا نیشتۆتەوە و فڕۆکەکە چەندان سندووقی پڕ لە چەک و هاوکاری تێدا بووە بۆ گرووپەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیمارات ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و خۆی بێبەری کردووە لە دابینکردنی هیچ جۆرە چەک و تەقەمەنییەکی پەیوەندیدار بە هیچ کام لەم لایەنانە لە سودان. جگە لەمانەش لە زۆر لایەنی ترەوە ئەمریکا نیگەرانی و ئاگاداری خۆی دەربڕیوە لەوانە یاسادانەران و کەسایەتییە سیاسییەکانی حکومەتی ئەمریکا داوایان لە ئیمارات کردووە کۆتایی بە پشتگیرییەکانی بۆ ئەم گرووپە چەکدارییە بهێنێت و پێداچوونەوە بە سیاسەتی بەرامبەر سودان بكات. بەڵام ئەمریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی زۆر بووتەوە لە ڕێگریکردن لە کردەوەکانی ئیمارات لە سوودان، چونکە پێدەچێت ئیدارەی جۆ بایدن دوودڵ بێت لە سەپاندنی ڕێوشوێنی سزادان بەسەر ئەبوزەبیدا ئەمەش بەهۆی نیگەرانی لە لەدەستدانی پشتیوانی سیاسی و دارایی ئیمارات لەو پرس و ڕووداوانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن و هەروەها نیگەرانی ئەمریکا لەوەی کە ئەگەر لە دژی ئیمارات بوەستێتەوە، ئیمارات لە ڕێگەی ئۆپێکەوە گرفت بۆ بازاری نەوتی جیهان دروست بکات و نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، ئەمەش ئەو بابەتەیە کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئەمریکای تووشی گرفت کردووە. چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی بارگرانی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا و یەکێتی ئەوروپا ناچار دەکات کە لە دژی ئەمریکا بووەستیتەوە، بۆیە لە دۆخی هاوشیوەدا بۆ ئەمریکا و ئەوروپا چاوپۆشیکردن لەو ڕووداوانەی کە لە سودان روودەدات باشترین بژاردەیە. زیاد لەمەش، ئەمریکا نیگەرانیەکانی فراوانتر بووە بە هۆی پەرەسەندنی کاریگەرییە بازرگانیەکانی ڕووسیا و چین لە سودان. بەڵام پێدەچێت ئەمریكا ئەو كاریگەرییە دیپلۆماسییانەی نەبێت كە بە شێوەیەكی كاریگەرانە بەرپەرچی ئیمارات و ڕوسیا و چین بداتەوە لە سودان، چونكە كاریگەریی ئەمریکا لە هەرێمەكەدا لەم ساڵانەی دواییدا كەم بووەتەوە.
“پوختە”
١. ئیمارات لە سودان کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر دۆخی ئێستای سودان، هەروەها سیاسەتەکانی ئیمارات ململانێی ناوخۆی سوودانی قووڵتر کردوەتەووە و شەڕێکی بە وەکالەتی دروست کردووە کە بووەتە هۆی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی. هاوکات ئامانجە درێژخایەنەکانی ئیمارات لە سودان خۆی لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی ئابووری، کاریگەریی هەرێمایەتی، و پێشخستنی سەقامگیری تاکڕەوانە دەبینێتەوە کە لە ئەولەویەتە ستراتیژیەکانییەتی.
٢.لەم دواییانەدا، جۆرێک لە کەمبوونەوەی دەستڕۆیی ئەمریکا لە ئەفریقیا دەبینین، لە بەرامبەردا کاریگەری ڕووسیا و چین لە ناوچەکەدا فراوانتر بووە، هەر بۆیە توانای ئەمریکا لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە شاخی ئەفریقیا سنوورداربووە. هۆکارێکی تر ئەوەیە کە سەرنجی ئەمریکا لەسەر ئەولەویەتە هەنووکەییەکانی دیکەی جیهانە وەک گرژی و شەڕی ئیسرائیل و حەماس، جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ململانێکانی سودان لە لیستی نیگەرانییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ئەو قورساییەی نەبێت.