“بووكی ژاپۆنی”
لەگەڵ هاوڕێیەكم قسەمان دەکرد، باس هاتە سەر باسی پەروەردە و كولتوور و میللەت و وڵاتانی جیاواز، هاوڕێكەم چیرۆکی برایەكی خۆی بۆ گێڕامە، گوتی: برایەكم لە ژاپۆنە و لەگەڵ كیژێكی ژاپۆنی هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی منداڵێكن، منش گوتم: كارێكی زۆر باشە، ئەو منداڵانەی بە دووڕەگ لە دایك دەبن بە هۆی ئەوەی دایك و باوكیان کولتووریان جیاوازە، لە ڕووی فەرهەنگییەوە دەوڵەمەند دەبن. هەروەها پێشنازم كرد منداڵەكەیان فێری زمان و كلتوری ئێرانی بكەن، بۆ ئەوەی بزانێت باوكی كێ بووە، لە كوێوە هاتووە و خەڵكی كوێ بووە… تاد.
ئەویش بزەیەكی جوانی كرد و پرسیم بە چی پێ دەكەنیت؟ گوتی: بەڕێز موعەزەمی پێم وانییە دایكی ئەو منداڵانە دەرفەت بدات ئێمە شتێك فێری منداڵەکەی بكەین. گوتم: بۆچی؟ مەگەر چی بووە؟ گوتی: لە وانەیە بڕوا نەكەیت، بووكە ژاپۆنییەكەمان ژوورێكیان هەیە، نەخشە و ئاڵای ژاپۆن و هەرچی تیایە ژاپۆنییە. هەموو ڕۆژێك بەیانیان ئەو منداڵە تەمەن سێ بۆ چوار ساڵە کە لە خەو هەڵدەستێت، دوای ئەوەی دەست و دەموچاوی دەشوات، جلوبەرگی خاوێن دەپۆشێت و دەچێتە ئەو ژوورەوە، سەری ڕێز بۆ ئاڵا و نەخشە و ئەو سمبوولانەی ژاپۆن كە لە ژوورەكەدان نەوی دەکات. دایكی بە زمانی ژاپۆنی هەندێک وتە دەڵێتەوە و ئەویش لە دوای ئەو دەیانڵێتەوە. بۆ نموونە: ژاپۆن من تۆم خۆش دەوێت، بۆ تۆ دەژیم، ئاوەدانت دەكەمەوە، خەبات بۆ سەربڵندیی ناوت دەكەم و لەم جۆرە وتانە.
هاورێكەم پێكەنی و منیش پێكەنین گرتمی، چونكە لەوانەیە ئەگەر ئێمە كارێكی لەم شێوەیە لەگەڵ منداڵەكانماندا بكەین، لە خەیاڵدانماندا جێگەی نەبێتەوە. لە خۆمم پرسی: بۆچی وڵاتی ژاپۆن هێندە پێشكەوتووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەی من زۆر سادەیە. هەر بەم بەڵگە سادەیە، کە ئەو میلەتە هێندە عیشق و ڕێز و خۆشەویستییان بۆ خۆیان و بۆ وڵات و خاك و ئاو و ئاڵاكەیان هەیە. من کەسێکی ڕەگەزپەرست نیم و حەزم لە زیادەڕەوی نییە و پەسەندیشی ناكەم، بەڵام كاتێك منداڵێك لە تەمەنی سێ یان چوار ساڵیدا فێر بكرێت ڕێز لە ئاڵا و نیشتیمانەکەی بگرێت، رێز لە سروودی نیشتیمانی وڵاتەكەی بگرێت، رێزی خاك و ئاوی نیشتمانەكەی بگرێت، ئەو منداڵە كاتێك گەورە دەبێت، هەرچی توانست و فكر و باوەڕی هەیە، هەمووی لە ڕێگەی ئەو بیروباوەڕەی کە لە منداڵیدا تێیاندا چاندووە سەرف دەبێت. هەمووی خزمەتە بۆ وڵاتەكەی، ئەو دایكە بەم شێوە پەروەردەیە، هێڵ بۆ منداڵەكەی دەكێشێت كە تۆ گەورە بوویت پێویستە چی بكەیت.
كاتێك ئەم منداڵە گەورە دەبێت، لەژێر كاریگەری ئەو سیستەمی پەروەردەیە، هەموو بیر و هۆشی لای ژاپۆنە. کە چۆن ئاوەدانی بكاتەوە، چی بكات کە خەڵكەكەی خۆشحاڵ بن، چۆن پێش بكەون و چۆن بدرەوشێنەوە و چۆن لە پیشەسازیدا سەربڵند بن. هەر بەم جۆرەیە کە میللەتێكی وەكوو ژاپۆن دەدرەوشێتەوە.
لە جەنگی دووەمی جیهانگرەوەدا دوو موشەكی ئەتۆمی لە هێرۆشیما و ناكازاكی دران، كە گورزێكی زۆر سەنگینە بۆ میللەتێك و تا ئێستاش كاریگەری زیانەكانی ئەو شەڕە هەر بەسەریانەوە ماوە. هۆكاری ئەوەی ئەو دوو بۆمبەیان لێدان چی بوو؟ بەو ئەنجامە گەیشتن کە ناتوانن ڕووبەڕوویان ببنەوە، هێندە بە هێز بوون. چەند ساڵێک پێش، بوومەلەرزەیەك دای لە شاری “كۆبە – کە یەکێکە لە شارەکانی ژاپۆن” دوای مانگێك سەرۆكی شارەوانییەكەی خۆی كوشت! لە تەنیشت تەرمەكەی نامەیەكیان دۆزییەوە. نوسیبووی من سەرۆكی شارەوانی شاری “كۆبە” لە دوای تێەڕینی مانگێك بە سەر ئەم ڕووداوە نەمتوانیوە ئاو بۆ هاوڵاتیانی شارەكەم دابین بكەم، من شایستەی ژیان نیم، بۆیە بڕیارمدا خۆم بكوژم! ئەو بەم هەستی بەرپرسیارەتییەوە گەرە بووبوو كە لە منداڵییەوە فێریان كردبوو. ئێمە چی فێری منداڵەكانمان دەكەین؟ منداڵەكانمان لە قوتابخانە چی فێر دەبن؟ لە ماڵەوە فێری چی دەبن؟ چی بە خۆیان دەڵێن؟ ستراتیجی پەروەردەیی ئێمە چییە؟ دەمانەوێت چی بكەین؟
من كاتێك دەچم بۆ باڵیوزخانەكان دەبینم هەندێک لە هاووڵاتییەكانم بۆ ئەوەی ڤیزایان بدەنێ، باوباپیری خۆیان دەردێنن. خراپترین جنێو و قسەی ناشرین بە خۆیان و بە سیستەمی وڵاتەکەیان دەدەن. بە قەولی باوكم، كە هەمیشە دەیگوت: بابەگیان، دوو برا ئەگەر گۆشتی یەكتریش بخۆن، بەڵام ئێسقانی یەكدی ناشكێنن. کەچی ئێمە لە جێگەی خۆمان دانیشتووین و بەردەوام خەریكی بچووككردنەوە و شكاندنی یەكترین، جگە لە خۆمان كێ زەرەر دەكات؟ شیعرێكی “حافزی شیرازی”م بیر کەوتەوە كە لە قوتابخانەی سەرەتایی بووین بۆیان دەخوێندینەوە، بۆ من ئەو شێعرە هەم مەتەڵ بوو هەم سەرنجڕاكێش بوو. چیرۆكێك بوو كەسێك لەسەر لقی دارێك دانیشتبوو، خەریكی بڕینەوەی لقەكەی ژێر خۆی بوو. ئێمەش لە خەیاڵی منداڵانەی خۆماندا واماندەزانی هەر ئێستا لە درەختەكە بەر دەبێتەوە. بەداخەوە ڕەوشتی زۆربەی هاووڵاتیانی من، زۆربەیان نەك هەموویان، چیرۆكی ئەو كەسەیە كە لەسەر لقی دارەكە دانیشتبوو و خەریكی بڕینەوەی بوو. بێ ڕێزی بەرانبەر بە خاك و ئاوی نیشتمان، بە داب و نەریت و شاعیرەكانمان، بێ ڕێزی بەرانبەر بە پەیوەندییەكانمان، بە چیرۆكەكانمان، بێ ڕێزی بە هەموو شتێك دەكەن. بۆچی ئەو لقە دەبڕینەوە كە لەسەری دانیشتووین؟ لەوانەیە بڵێن بەمكارانەمان ڕەخنە لە كەسانێك دەگرین. بەڵام بە بۆچوونی من؛ هۆكاری ئەمانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناوەندی “ڕێزگرتن لە خود–یان خۆشویستنی خود” لە دەروونماندا مەرجدار کراوە بە دەرەوەی خۆمان.
لە پەروەردەی ئێمە پێمان دەڵێن كاتێك تۆ كەسێكی باش و بەنرخیت کە نمرەی بیست بهێنیت، كاتێك كەسێكی باش و بەنرخیت ئەوانی دیكە پەسەندت بكەن، كاتێك كەسێكی باش و بەنرخیت کە من پەسەندت بكەم، كەوابوو ئەو منداڵانەی بەم شێوەیە پەروەردە دەكرێن كاتێك گەورە دەبن هەمیشە چاویان لە دەرەوەی خۆیانە:-
– چی بكەم تا ئەوانی دیكە پەسەندم بكەن؟
– چی بكەم تا ئەوانی دیکە خۆشیان بوێم؟
– چی بكەم بۆ ئەوەی ڕێزم لێ بگرن؟
– چی بكەم تا گرنگیم پێ بدرێت؟
هەیە لە ژیانی خێزانداریدا گاڵتە بە هاوسەرەكەی دەكات لەبەر چاوی خەڵك، لەبەر چاوی دایك و باوكی هاوسەرەكەی دەشكێنێت، بۆ ئەوەی پەسەندیی كەسانی نامۆ بە دەست بهێنێت، هەرچی كەسەكان نامۆتربن بەڕێزترن لای. لە میواندارییەك لە ماڵی هاوڕێیەكم پیاوێکی سویسری میوان بوو، كاتێك هاتە ژوورەوە بە خاوەن ماڵەكەی گوت: ئێوە ئەخلاقێكی سەیرتان هەیە، ئەویش گوتی: چ ئەخلاقێك؟ گوتی: کاتێک كەسێكی نەناس ڕووتان تێدەكات زۆر بە گەرموگوڕی بە پیرییەوە دەچن و خزمەتی دەكەن، بەڵام بۆ خزم و کەسوکاری خۆتان وانین و زۆر بایەخیان پێ نادەن.
– گوتی: ئاخر ئێمە میوانداری دەكەین!
– گوتی: پێم وانییە میوانداری وابێت!
ئێوە كاتێكی زۆرتان تەرخان کردووە تا ئەو ژنە یان ئەو پیاوەتان ناسیوە، ئێستا پشتگوێبان دەخەن و دەنووسێن بە كەسێكی تازە و نەناسەوە! بۆچی؟ هەڵبەت ئەو كات من وەڵامەكەیم نەدەزانی. بەڵام ئێستا پێم وایە هۆكارەکەی ڕەنگە ئەوە بێت بڵێین خۆمانەیە و ناسراوە و پەسەندی كردووین. دایكی منداڵەكانە، تەواو ئێمە ئیدی هاوسەرگیریمان كردووە. بۆچی بۆ ئەوەی پەسەندمان بکەن خۆمان دەشکێنین؟ بۆچی لقەکەی ژێرمان دەبڕینەوە؟ دەمانەوێت چی بسەلمێنین؟
بۆچی لە بەرانبەر بێگانەكاندا دەست بە خۆشكێنی دەكەین و قسەی ناشرین بە خۆمان دەڵێین؟ یان بە پێچەوانەوە كاردانەوەی تووند لە خۆمان نیشان دەدەین، كە خودی ئەم كارەش دیسان بەهۆی هەستكردنە بەکەمییە. لە ناخی دڵمەوە زۆر سوپاسی ئەو بووكە ژاپۆنییە دەکەم كە نەمدیووە و تەنیا ناویم بیستووە. چونكە فێری كردم، منیش منداڵەكانم فێر بكەم کە ڕێز لە خۆیان و خاک و نیشتمانەکەیان بگرن و خۆیانیان خۆش بوێت، بەبێ ئەوەی كە ناچاریان بكەم. گرنگتر لەوەش خۆم ئەو شتانە ئەنجام بدەم كە دەیانڵێم، ئەگەر وابم ئەوان خۆیان دەزانن. با هەر یەک لە ئێمەش لە ماڵەكانمان، ئاڵا یەک و نەخشەیەكی وڵاتەكەمان هەبێت، منداڵەكانمان خاك و ئاوی نیشتیمانەكەیان بناسن، شارە جیاوازەكان بناسن، ڕۆژانی پشوو بچین بۆ سەردانی شارەكانمان، جارێك بۆ شیراز، جارێک بۆ کوردستان، ڕۆژێك بۆ ئازەربایجان ڕۆژێك بۆ باشوور، بۆ سیستانی بەلووچستان، بۆ ئەهواز و ئابادان، با منداڵەكانمان بزانن كە ئێمە چەند میللەتێكی تێکەڵ و كامڵین. با لە هەموو شێوەزار و زمان و کولتوورەکانەوە فێر ببین. یەکێک لە شانازییەکانی وڵاتی کەنەدا ئەوەیە دەڵێن: ئێمە فەرهەنگی موزایکمان هەیە، موزایک واتە لە بەشی جیاواز و ڕەنگاوڕەنگ پێک هاتووە، دەڵێن موزایک بۆیە جوانە چونکە فرەڕەنگە! ئێمەیش وڵاتەکەمان موزایکە. گۆرانی و سەما و داب و نەریتمان، پۆشاکمان، زمان و شێوەزارمان، زمانی جیاواز، لە وڵاتەکەمان زمان و کولتووری کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، بەلووچی، هەن، ئەمانە هەموویان سەرمایەی ئێمەن. پێویستە خۆشحاڵ بین و منداڵەکانیشمان ئاشنا بکەین پێیان، نەک تەنیا جیاوازییەکان نە سڕینەوە، بەڵکوو لە ناخەوە ڕێزیان لێ بگرین. ئەمڕۆ من و تۆ کارێک بکەین سبەینێ کە ئەگەر منداڵەکانمان ویستیان بچەنە دەرەوەی وڵات، بە شانازییەوە بڵێن من ئێرانیم. شەرم نەکەن لە ئاین و زمان و جلوبەرگ و کولتووریان.
لە تەلەفزیۆن دەبینین هەندێک لەو میللەتانەی کە ئێمە گاڵتەیان پێ دەکەین لەسەرجەم کۆبوونەوە فەڕمییەکانیاندا، بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیان بەشداری دەکەن. کوردە، عەرەبە، ئەفریقییە، هەرکەس بێت، پێویستە بەجلی ناوچەیی خۆیانەوە بەشداری مەڕاسیم و بۆنە فەڕمییەکان بکەن. ئێمە پێویستمان بەوە نییە پەسەندی فۆرمێکی تایبەت بکەین و هەوڵ بدەین وەکوو ئەوانی دیکە بین. دەبێت بڕوامان بە خۆمان هەبێت، نرخ و بەهاکانمان بناسین و منداڵەکانیشمان فێر بکەین. با منداڵەکانمان ببەین بۆ سەفەر، لەجیاتی ئەوەی هەمیشە هەر بچین بۆ ئوتێل، با هەوڵ بدەین دوو دۆست و هاوڕێ لە شارە جیاوازەکان پەیدا بکەین و هامشۆوڕۆمان هەبێت. خۆمان لە یەکدی جیا نەکەینەوە بە بیانوی ئەوەی ئێمە ئەمەین و ئەوان ئەوەن، ئێمە هەموومان یەکین. گرنگتر لە هەمووی، ئێمە مرۆڤین. بەڵام بەهەر بەڵگە و هۆیەک بێت ئێستا ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتێکداین، ناوی ئێرانە و پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە دەژین. پێویستە ڕێز لە یەکتری بگرین و لە یەکترەوە فێر ببین. لە بەرانبەردا خۆمان لە کەسێکی دیکە نە پێ بچووکتر بێت و نە گەورەتر و باڵاتر بێت.
دەبێت بتوانین خۆمان پەسەند بکەین وەکوو هەین، شانازی بە بوونمانەوە بکەین وەکوو هەین، خۆمانمان خۆش بووێت وەکوو هەین. پێویست ناکات کامڵ بین، پێویست ناکات بێ کەموکوڕی بین و هەڵە نەکەین. بەڵام زۆر پێویست دەکات کە خۆمان پەسەند بکەین و خۆمانمان خۆش بوێت و ڕێز لە خۆمان بگرین. ڕێز لە داب و نەریتمان، لە شاعیرەکان بگرین. هەرچییەک کە قبوڵمان کردووە چ هی خۆمان چ هی ئەوانی دیکە. هەروەها پێویستە شتێک زیاد بکەین و شتێکی ئەرێنی دروست بکەین. کارێک بکەین منداڵەکانمان شانازی بە وڵاتەکەیانەوە بکەن و خۆیان بە سەربەرز بزانن کە ئەو هەموو فەرهەنگە دەوڵەمەندەیان هەیە. لە یادمان بێت هەرچی پێشینانما بونیادیان ناوە هی پێشینانە، من و تۆ پێویستە بیر بکەینەوە و لە خۆمان بپرسین ئێمە دەتوانین چی پێشکەش بە وڵاتەکەمان بکەین.
ئەمەیش کاتێک مەیسەر دەبێت کە لقەکەی ژێر خۆمان نەبڕینەوە. منداڵەکانمان فێر بکەین کە ڕێزگرتن لە خاک و ئاو لە سنوری وڵاتەکەمان، لە جلوبەرگ، لە زمان و شێوەزارەکان، ڕێزگرتن لە بیروباوەڕە جیاوازەکان، دروست بن یان هەڵە، ئەمە لە کەسایەتییەکی بەهێز و باڵاوە سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤە بەهێز و تەندروست و بڕوابەخۆکان، ڕەفتاریان لە گەڵ خەڵک موئەدەبانە و لە خۆبووردووانەیە. بە یارمەتی هەموو لایەک دەست لە ناو دەست، وڵاتێکی سەر بڵند، ئازاد و سەرکەوتوو بنیاد بنێن. کە لە دوارۆژدا وەچەکانمان کاتێک سەیر دەکەن، هەم لە ئێمە شت فێربن و هەم سوپاسمان بکەن. هەروەک پێشینانمان ئەم کارەیان کردووە و ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی دەستکەوتەکانیانین.
نووسین: مەحمود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف