شانشینی بچووکی بوتان (Bhutan) لە چیاکانی هیمالایە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە دوو شت ناسراوە: بەرزیی نرخی ڤیزاکەی کە لێشاوی گەشتیار کەم دەکاتەوە، هەروەها سیاسەتی پەرەپێدانی “تێکڕای بەختەوەریی نیشتمانی”، لەبری گەشەسەندنی ئابووری. ئەم دوانە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە: ڕەنگە گەشتیاری زیاتر ئابووریی وڵاتەکە بەرەو پێش ببات، بەڵام زیان بە ژینگە و کولتووری بوتان دەگەیەنێت و بەم شێوەیەش لە درێژماوەدا ئاستی بەختەوەریی نیشتمانی کەم دەکاتەوە.
کاتێك بۆ یەکەم جار ئەم ئامانجەی دەوڵەتی بوتانم بەر گوێ کەوت، لە خۆمم پرسی ئاخۆ لە پراکتیکدا واتایەکی هەیە، یانژی وەک ئەوانی دیکە تەنها دروشمێکی سیاسییە. بەڵام ساڵی ٢٠١١ کاتێک لە تیمفۆ (Thimphu)ی پایتەخت بووم بۆ ئەوەی وتارێک لە چێوەی کۆنگرەی “کۆنفرانسی ئابووری و بەختەوەری”دا پیشکەش بکەم کە Jigme Y. Thinleyی سەرۆکوەزیران ڕێکی خستبوو و جێفری ساكس (Jeffrey Sachs)ی بەڕێوەبەری پەیمانگهی زەوی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن (Ban Ki-moon) ئامادەی بوو، بۆم دەرکەوت بابەتەکە زۆر لە دروشمێک زیاترە. پێشتر هەرگیز بەشداریی کۆنفرانسێکم نەکردبوو لە لایەن حکومەتێکی نیشتمانییەوە ئەوەندە بە جددی وەرگیرابێت. چاوەڕوانی ئەوەم دەکرد Thinley بە پێشوازییەکی فەرمی کۆنفرانسەکە سەر ڕێ بخات و بۆ نووسینگەکەی بگەڕێتەوە. کەچی وتارەکەی خستنەڕوویەکی وردی ئەو پرسە سەرەکییانە بوو کە پەیوەندیدارن بە زیادکردنی بەختەوەرییەوە وەک سیاسەتێکی نیشتمانی، پاشان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ و نیوی تەواو لە کۆنفرانسەکەدا مایەوە و بەشدارییەکی دیاری لە گفتوگۆکانماندا کرد. چەند وەزیرێکیش لە زۆربەی دانیشتنەکاندا ئامادە بوون.
لە دێرزەمانەوە هەمووان بەختەوەرییان بە شتێکی چاک داناوە. وەلێ کاتێک هەوڵ دەدەین لەسەر پێناسەی بەختەوەری و پێوانەکردنی ڕێک بکەوین، کێشە سەرهەڵدەدات. پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە چلۆن بەختەوەری دەبینین؟ وەک چێژی زیاتر بەراورد بەو ئازارەی لە ماوەی ژیانماندا ئەزموونی دەکەین، یاخود وەک ڕادەی ڕازیبوونمان لە ژیان؟
ڕێباز (approach)ی یەکەم: ژمارەی ئەو ساتە ئەرێنییانەی مرۆکان تێیاندا دەژین:کۆ دەکاتەوە، دواتر ساتە نەرێنییەکانی لێ دەردەکات، ئەگەر ئەنجامەکە بە شێوەیەکی بەرچاو ئەرێنی بوو، ئەوا ژیانی کەسەکە بە خۆش و ئەگەریش نەرێنی بوو، بە ناخۆش لە قەڵەم دەدەین. کەواتە بۆ پێوانەکردنی بەختەوەری بەگوێرەی ئەم ڕێبازە، دەبێت بە هەڕەمەکییانە ساتگەلێک لە بوونی مرۆڤەکان وەک نموونە وەربگرین و هەوڵ بدەین بزانین ئاخۆ لە دۆخێکی دەروونیی ئەرێنی یان نەرێنیدا دەژین.
ڕێبازی دووەم: لە خەڵک دەپرسێت:«تا چەند لەو شێوە ژیانەی تا نها گوزەراندووتە، ڕازیت؟» ئەگەر بڵێن ڕازین یان زۆر ڕازین، بەختەوەرن، ئەگەریش نا، بەختەوەر نین. بەڵام پرسی ئەوەی کام لەم دوو تێگەیشتنه لە بەختەوەری بە باشترین شێوە بەرجەسـتەی ئەوە دەکات کە دەبێ بەرەو پێشی ببەین، پرسیارگەلێکی بنەڕەتیی بەهادار دەورووژێنێت.
لەو ڕاپرسییانەی ڕێبازی یەکەمیان تێدا بەکار دههێنرێت، وڵاتانی وەک نەیجیریا، مەکسیک، بەرازیل و پورتوگال لە پێشەنگدان، ئەمەش پێمان دەڵێت ڕەنگە وەڵامەکە زیاتر پەیوەندیی بە کولتووری نیشتمانییەوە هەبێت وەک لە پێوەرە بابەتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و ئاستی گوزەران. بەڵام کاتێک ڕێبازی دووەم دەگیرێتە بەر، وڵاتانی دەوڵەمەندتری وەک دانیمارک و سویسرا دێنە پێشەوە. بەڵام ڕوون نییە داخۆ وەڵامی خەڵک بۆ پرسیارەکانی ڕاپرسییەکان، بە زمـــــــــــانە جیاوازەکان و لە کولتوورە جیاوازەکاندا، هەمان واتا دەبەخشن. ڕەنگە لەوەدا کۆک بین کە دەبێ ئامانجمان پەرەپێدانی بەختەوەری بێت، نەک داهات یان بەرهەمی گشتیی نێوخۆیی، بەڵام ئەگەر هیچ پێودانگێکی بابەتیمان بۆ بەختەوەری نەبێت، ئاخۆ ئەمە واتای هەیە؟ جۆن ماینارد کینز (John Maynard Keynes) وتەیەکی بەناوبانگی هەیە، ئەو دەبێژێت «پێم باشە بە شێوەیەکی ناڕوون ڕاست بم، نەک ڕاشکاوانە هەڵە بم.» ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەختێ بیرۆکەکان یەکەم جار دێنە نێو جیهانەوە، بە ئەگەری زۆرەوە لێڵ و ئاڵۆزن، ئاتاجی کارلەسەرکردنی زیاترن تا بە جۆرێکی ڕوون و ڕەوان پێناسە بکرێن، لەوانەیە بیرۆکەی بەختەوەرییش وەک ئامانجی سیاسەتی نیشـتمانی وابێت.
بوتان لیژنەی تێکڕای بەختەوەریی نیشتمانیی هەیە کە سەرۆکوەزیران سەرۆکایەتیی دەکات و هەموو ئەو پێشنیازە سیاسییە نوێیانەی لە لایەن وەزارەتەکانی حکومەتەوە پێشکەش دەکرێن، تاوتوێ دەکات. ئەگەر دەرکەوت سیاسەتێک لەتەک ئامانجی بەرەوپێشبردنی تێکڕای بەختەوەریی نیشـــــتمانیدا دژ دەوەستێتەوە، ئەوا دهنێررێتهوه بۆ وەزارەت تــــا سەرلەنوێ پێیدا بچنەوە. بەبێ ڕەزامەندیی لیژنەکە بەرەو پێش ناڕوات. یەکێک لە یاسا مشتومڕاوییەکان کە لەم دواییانەدا دەرکرا –کە ئاماژە بۆ ئامادەیی حکومەت دەکات بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکارگەلێکی توندوتیژ کە پێی وایە تێکڕای بەختەوەری زیاتر دەکات– قەدەغەکردنی فرۆشتنی تووتن بوو. بوتانییەکان دەتوانن بڕێکی کەم جگەرە یان تووتن لە هیندستانەوە بۆ ناو وڵاتەکە بە مەبەستی کێشان، نەک فرۆشتنەوەی بهێنن – هەر کاتێکیش لە شوێنە گشتییەکاندا جگەرەیان کیشا، دەبێت پسووڵەی باجی هاوردەکردنیان پێ بێت. (لە پێناو کەمکردنەوەی هاتوچۆی قاچاخچییە نایاساییەکانی تووتن کە دەیانتوانی ڤایرۆسەکە بڵاو بکەنەوە، حکومەت قەدەغەکردنەکەی لە کاتی پەتای کۆرۆنادا هەڵگرت.)
لە بڕیارنامهیهکدا (Resolution) کە بە دەستپێشخەریی بوتان دەرکرا، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵدان بۆ بەختەوەریی وەک ئامانجێکی بنەڕەتیی مرۆڤ ناساندووە و دەشڵێت ئەم ئامانجە پەیوەندیی بە تێکڕای بەرهەمی نێوخۆییەوە (Gross domestic product) نییە. بڕیارنامەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات ڕێکارگەلێکی زیادە لەپێناو بەدیهێنانی بەختەوەری بە شێوەیەکی باشتر، پەرە پێ بدەن. هەروەها کۆمەڵەی گشتی لە خولی ٦٦ی خۆیدا پێشوازیی لە پێشنیازێکی بوتان کرد بۆ سازدانی پانێڵێک لەبارەی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی، ئەم گفتوگۆیانە بەشێکن لە بزاوتێکی نێودەوڵەتیی پەرەسەندوو بۆ ئاڕاستەکردنەوەی سیاسەتە حکومییەکان بەرەو خۆشگوزەرانی و بەختەوەری.
هاوڕێ لەتەک زیادبوونی ئەو زانایانەی کار لەسەر پێوانەکردنی بەختەوەری و چۆنێتیی پەرەپێدانی دەکەن، بیرۆکەی بەختەوەری وەک ئامانجی سیاسەتی گشتی، وردەوردە پشتگیری بە دەست دەهێنێت. پێویستە هیوای سەرکەوتن بۆ هەوڵەکان بخوازین، ئاواتەخوازیش بین لە کۆتاییدا ئامانجەکە ببێتە بەختەوەریی جیهانی، نەک تەنها نیشتمانی.
سەرچاوە
https://www.project-syndicate.org/
نووسین: پیتەر سینگەر
وەرگێڕان: دڵشاد حامید دەروێش