“بە شایەتی منداڵان لە تەمەنی حەوت ساڵانەوە تاکو تەمەنی هەرزەکاریی؛ دەربارەی تێڕوانینیان بۆ جیهان و کاردانەوەیان”
گۆڤاری فەڕەنسی (Siences humanies) ژمارەیەکی تایبەتی لە پایزی ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکردەوە بە ناونیشانی “دۆسیە گەورەکان”، بابهتە سەرەکییەکەشی بە ناونیشانی (چۆن منداڵان لە جیهان دەڕوانن؟) بوو. ئەم دۆسیەیە باسی لە بابەتگەلێک دەکات سەبارەت بە ژیانی منداڵان لە سەرەتای لەدایکبوون تاکو تەمەنی هەرزەکاریی. ئەم دۆسیەیە خستنەڕووی ڕاوبۆچوونی زانایانی بواری سۆسیۆلۆجیا و پەروەردە و دەرووناسییە، دەربارەی چارەسەری ئەم بابەتانە: دەرکەوتەکانی هۆشیاری، دەروونناسی گەشەکردن و کاردانەوەکانی سەرەتای ژیان، هەروەها مەسەلەی هۆشیاری چینایەتی، بابەتی ڕەگەزی منداڵ، ئەگەری نەگونجاندنی هەندێک منداڵ لەگەڵ ئەو ڕەگەزەی هەیانە. بابەتی دووەمیش باس لە مەسەلەی گەورەیی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەها کاریگەری بەسەر ژیانی منداڵان و نەوجەوانان لەو ساتەوەی دەبن بە خوێندکار و تاکێک لە کۆمەڵگا، دواتر چۆن لە سەردەمی ڕۆشنبیری تەکنەلۆژیا گەورە دەبن. لە لایەکی ترەوە، ئەم دۆسیەیە بەدواداچوونی بۆ مەسەلەی چۆنیەتی خۆگونجاندنی ئەو منداڵانە دەکات کە لە خێزانێکی پەناهەندەن لەگەڵ کۆمەڵگای میواندار. هەروەها چارەسەری بابەتی خۆشبەختی منداڵانی دەکات لەگەڵ ئاسایشی کۆمەڵایەتی. لە پاڵ کێشەکانی ئەو نەوجەوانانەی کە گرفتیان لە خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتیدا هەیە.
لەم وتارە کورتەدا، بە گرنگمان زانی تیشک بخەینە سەر بەباتێکی سۆسیۆلۆجی سەرەکی، ئەویش بابەتی ململانێ و هۆشیاری چینایەتی کە بزووێنەرێکی لە مێژینەی مێژووی مرۆڤایەتییە. پرسیارە وروژێنراوەکە ئەوەیە؛ ئایا هۆشیاری چینایەتی هەر لە منداڵییەوە دەردەکەوێت؟ چۆن ئەوە دەسەلمێنرێت؟ سۆسیۆلۆجستی فەڕەنسی (Martine Court)، وای دەبینێت منداڵان لە قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتییەوە، هەست بە نایەکسانی کۆمەڵایەتی دەکەن، هەروەها دەتوانن بە شێوەیەکی ڕێژەیی چینەکەی خۆیان بدۆزنەوە.
“مارتین کۆر” لێرەدا سوود لە فەیلەسوفی فەرەنسی “ژان پۆل سارتەر” وەردەگرێت کە لە یادداشتنامەکەی، بە پێکەنینەوە باس لە هەستی بڵندی پێگە کۆمەڵایەتییەکەی دەکات کاتێک منداڵ بووە، هەروەها ئەو هەستە لێبوردەییەی هەیبوو بەرامبەر بە ئەوانی تر. بەڵام ئەم درککردنە پێشوەختە بە هەرەمییەت و پێگە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ باری زاڵبوون و ملکەچبوون کە مرۆڤەکان جیادەکاتەوە، هۆشیارییەکی هاوبەشە لەنێوان زۆربەی منداڵاندا. ئەوانیش پێش ئەوەی جێی خۆیان لە جیهانی کاردا بکەنەوە. پێشوەختە وەک چۆن (Bourdieu) سۆسیۆلۆجست ناوی دەنێت: (ژیری کردەیی تایبەت بە ناوەندی کۆمەڵایەتی). بێ ئەوەی لە ڕاستیدا درک بەوە بکەن. ئەوان لەوە تێدەگەن کە جیهانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی هەڕەم و پلەی ئابووری و ڕۆشنبیری و سیمبوڵییەوە بوونیاد نراوە، ئەوان خۆرسکانە دەزانن کە خێزانەکانیان لە کام پلە هەڕەمییەن؟ بەڵام چۆن درککردنی پێشوەخت بە هەڕەمیەتی کۆمەڵگا سەلمێنرا؟ لە ساڵی ١٩٧٠ چەندین توێژینەوە سەبارەت بە بوونیادنانی ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە لە لای منداڵان ئەنجامدراوە. تازەترین توێژینەوەش لە بەلژیکا ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، توێژینەوەکە لە ڕێگەی یارییەکەوە بە سوود وەرگرتن لە حەوت خێزان بەسەر چەند منداڵێک ئەنجامدرا، چوار لە خێزانەکان سەر بە پێگەی کۆمەڵایەتی جیاوازبوون. لە ڕێگەی جوانپۆشی و جلوبەرگ (تاقم، بۆینباخ، خشڵ… هتد) لەش و لاریان جیادەکرانەوە. یارییەکەش بە چەند قۆناغێک بوو، ئامانجی ئەوەبوو بزانین چۆن منداڵاکان درک بە جیاوازیی پلە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.
ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست؛ منداڵەکان دەتوانن تاکەکان بخەنە پێگەی کۆمەڵایەتییەکی شیاو بە خۆیان، پشتبەستن بەو نیشانانەی چینەکان دیاری دەکات، ئەویش لە تەمەنی قوتابخانەی سەرەتاییەوە. تاقیکردنەوەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن لەنێوان ٥٠ و ٧٠ لە سەدی منداڵان لە تەمەنی ١٠-١٢ ساڵ دەتوانن دایک و باوکە هاوپێگە کۆمەڵایەتییەکان جیابکەنەوە؛ بەگوێرەی ڕێکپۆشی و قیافەتیان.
تاقیکردنەوەکانیش ئەوەیان سەلماند منداڵان لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەتوانن ئەو پیشانە دیاری بکەن بۆ ئەو خێزانانەی بابەتی توێژینەوەکەن. لەگەڵ تەواو بوونی کارەکانی تر، توێژینەوەکە ئەوەشی دەرخست منداڵان هەر لە تەمەنی قوتابخانەی سەرەتاییەوە بە شێوەیەکی ڕاست درک بە باری نایەکسانی کۆمەڵایەتی دەکەن. هەروەها کاتێک لە منداڵانی تەمەن هەشت ساڵان داواکرا ناوی ئەو خێزانانە دیاری بکەن کە دەوڵەمەند یان هەژارن، وەڵامەکانیان نزیک بوون لە وەڵامی پێگەشتووان. کاتێکیش داوا لە منداڵان کرا ئەو پیشانە دیاری بکەن کە لە دواڕۆژدا دەیانەوێت ئیشی تێدا بکەن، ئەو پیشانەیان دوورخستەوە کە لە دوا پلەی کۆمەڵاتی دان. هەر لە تەمەنی ٤-٥ ساڵان ٤٠ لە سەدیان پیشەی خزمەتکاریان دوورخستەوە. ئەم ڕێژەیەش بۆ ٨٠ لە سەد بەرزبوویەوە لە منداڵانی تەمەن ١٠-١٢ ساڵان.
بەڵام منداڵان چۆن دەزانن خۆیان لە بۆشایی کۆمەڵایەتی بگونجێنن؟ ئەگەر منداڵان هەر لە تەمەنی قوتابخانەی سەرەتاییەوە، خاوەن هۆشیارییەکی دیاریکراوبن سەبارەت بەو پلەبەندیەی بوونیادی کۆمەڵگا دیاری دەکات، ئەو کات ئەوانیش دەتوانن بەشێوەیەکی ڕێژەیی جێی خۆیان لەم پلەبەندییە بکەنەوە. لێکۆڵینەوەیەک لە ئەمریکا سەبارەت بە تێکەڵ کردنی منداڵان لە کۆمەڵگادا، چەندین ڕاوێژکاری پزیشکی تێدا بەشداربوون، Annette Lareau سۆسیۆلیجست ئەوەی ڕوونکردەوە؛ منداڵان بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵ پزیشکی منداڵان دەجووڵێنەوە، ئەویش بە گوێرەی ئەو پلە کۆمەڵایەتیەیی لەنێوانیاندایە. ئەو منداڵەی لە خێزانێکی پلە بەرزبێت هەڵسوکەوتێکی ئاسایی لەگەڵ پزیشکەکە ئەنجامدەدات، هەروەها دوودڵ نابێت لەوەی قسەی پزیشکەکە ببڕێت یان پرسیاری لێ بکات، تەنانەت بێگوێیشی بکات. لەبەرامبەردا ئەو منداڵەی لە خێزانێکی پلە نزمی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابووری لەدایک بووە، بە پێچەوانەی ئەوەی ترەوە دەجووڵێتەوە، دەترسێت، بە دەنگێکی نزم دەدوێت، ئەو پرسیارانەی لێی دەکرێت بە وشەی کورت وەڵام دەداتەوە، هیچ پرسیارێکیش ناکات.
سەرچاوە:
هل يملك الأطفال وعياً طبقياً؟ حسن منصور الحاج، صحيفة الشرق الاوسط 2024/4/17.
نووسین: د. حەسەن مەنسووڕ ئەلحاج
وەرگێڕان: ئەژین باجەڵان