“نزیكەی600 ملیۆن كەس ئەگەری ئەوەیان لێ دەكرێ بكەونە نێو بازنەی دیاردەی كۆیلایەتی هاوچەرخەوە” كیڤن ویڵز، توێژەر لە بواری كۆیلایەتی هاوچەرخ. لە سەردەمی ئێستادا ئەوەی بڕیار دەدات چ بابەت و ئارێشەیەك گرنگە و پێویستە ببینرێ و چیش نا گرنگە و نابێ ببینرێ، بە پلەی یەكەم میدیا و ڕۆژنامەگەریی بازاڕییە كە لە لایەن سەرمایەدار و كۆمپانیا و دەوڵەتانەوە ئاڕاستە دەكرێن. ئەو دیاردانەی زوو زوو پیشانمان دەدرێن و دەهێنرێنەوە یادمان، كاریگەری زیاترمان لەسەر دروست دەكەن وەك لەو ئارێشانەی كە پیشان نادرێن و بە ئەنقەست لە پەراوێزدان، لە كاتێكدا ڕەنگە بایەخی زۆرێك لەو بابەتانەی لە پەراوێزدان،لەوانە زیاتر بێ كە بەردەوام نیشانمان دەدرێن و بە گوێماندا دەدرێن. لێرەدا ڕۆڵی میدیا و ڕۆژنامەگەریی دەردەكەوێت، چونكە كاتێ ڕوداوێك زیاتر دەدەنەوە بە گوێماندا، ئێمە زیاتر ئەو ڕوداوە وەك مەترسی دەبینین بەبەراورد بە ڕووداوێك كە خۆی لە ڕاستیدا ئەگەری زیاترە ڕووبدات.
ساڵانە؛ بە هۆی پیسبوونی كەش و هەواوە 9 ملیۆن كەس لە جیهاندا دەمرن.بە هۆی بەكارهێنانی دەرمانی هەڵەوە 3 سێ ملیۆن كەس لە جیهاندا دەمرن.بە هۆی قەڵەویی و زۆرخۆرییەوە3 سێ ملیۆن كەس لە جیهاندا دەمرن.1300000 یەك ملیۆن و سێسەد هەزار كەس بە ڕووداوی هاتوچۆ دەمرن، كاری تیرۆریستیش هۆكاری مردنی 7697 حەوت هەزار و شەش سەد و نەوەدو حەوت كەس بووە، بەڵام بێگومان كاری تیرۆریستی زیاتر جێی سەرنج و بایەخی میدیا و ڕۆژنامەگەریی بازاڕیی بووە و زیاتر وەك مەترسیی نیشان دەدرێ بە بەراورد بە ئارێشە جیدییەكانی دیكە، دیاردەی “كۆیلایەتی هاوچەرخ”ـیش هەمان بەسەرهاتی هەیە! بە بیستنی وشەی كۆیلایەتی، دەستبەجێ وێنای كۆمەڵێك مرۆڤی ڕەش پێست یان زەرد و لاواز دێتە هزرمان كە بە جلوبەرگێكی نیمچەدڕاوەوە ناچار بە كاری قورس و تاقەتپڕووكێن دەكرێن و لە بەرامبەریشدا هیچ حەق و مافێكیان پێنادرێ. ئەمە سیمای گشتی كۆیلایەتی كلاسیك بوو لە سەردەمانی دێریندا و وەك دەوترێ ئەم دیاردەیە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا كۆتایی پێهات، بەڵام لە ڕاستیدا كۆیلایەتی نەك كۆتایی پێنەهاتووە، بەڵكو شێوازە هەمەچەشنەكانی “كۆیلایەتی مۆدێرن” لەم سەردەمەدا گەیشتووەتە ئاستێك كە لە هیچ سەردەمێكی ڕابردوودا وێنەی نەبووە. چەمكی كۆیلایەتی مۆدێرن بۆ وەسفكردنی بارودۆخێكە كە تێیدا خەڵكی بە هۆكاری ناچاریی،بەكارهێنانی هەڕەشە و تووندوتیژی، فریودان،خراپ كەڵكوەرگرتن لە هێز و دەسەڵات توانای بەرگریكردن لە خۆ،یان وازهێنانیان نییە لەو بارودۆخەی خراپەی تێیدان. كۆیلەی مۆدێرن كەسێكە لە بەرامبەر ئەو كارەی دەیكات، برێكی زۆر كەم پارە وەردەگرێت،یان هەندێ جاریش هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرێت.
كۆیلایەتی كلاسیك بە درێژایی مێژوو بە شێوەیەكی فراوان لە نێو هەموو كۆمەڵگا و شارستانییەتەكاندا هەبووە. لە ماوەی چوار سەد ساڵدا و لە نێوان سەدەی 15 بۆ 19 تەنها 15ملیۆن مرۆڤ لە لایەن بازرگانانەوە ڕفێنراون و كراون بە كۆیلە، بەڵام لە سەردەمی ئێستاماندا و بە پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی((walk free foundation 50 ملیۆن كەس لە جیهاندا بە كۆیلەی مۆدێرن ئەژمار دەكرێن، لە ڕووی ئامارییەوە زۆرترین ڕێژەی كۆیلەی مۆدێرن دەكەوێتە كیشوەری ئەفریقا، پاشان ئاسیا، ئەمریكای لاتین و تەنانەت ئەوروپا و ئەمریكای باكووریش. لە كیشوەری ئەوروپا هەرچەندە ڕێژەكە بە بەراورد بە كیشوەرەكانی دیكە كەمترە، بەڵام وڵاتانی ڕۆمانیا، ئیتالیا، یۆنان، بولگاریا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدان كە دەكەونە نێو پۆڵێنی دیاردەی” كۆیلایەتی مۆدێرن” ـەوە. جۆرەكانی كۆیلایەتی مۆدێرن بریتین لە: كاری ئیجباری، كار لە پێناو دانەوەی قەرز و قیست، بواری نماییشی جلوبەرگ، كاری حكومیی زۆرەملێ، هاوسەرگیری زۆرەملێ، كاركردنی زۆرەملێی منداڵان، فرۆشتنی منداڵان بە هۆی هەژاریی خێزانەكانیانەوە،لەشفرۆشیی زۆرەملێ، سواڵكەریی ناچاریی، كاركردنی زۆرەملێ لە زیندانەكان و چەندەها جۆری دیكەی كاری زۆرەملێ. بە وتەی شارازەیان داهاتی بازرگانانی كۆیلەی مۆدێرن 30 جار زیاترە لە داهاتی بازرگانانی كۆیلە لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا. لە ڕابردوودا لە ئەمریكای باشوور، كۆیلە بە 30 هەزار دۆلار دەكڕدرا، لە كاتێكدا لە ئێستادا دەتوانرێت لە هەندێ ناوچەدا بە 50 دۆلار كۆیلەیەكی هاوچەرخ بكڕیت،چونكە هەژاریی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان كۆیلەی نوێ دەهێنێتە جیهان و هەركاتێكیش پێویستیان پێی نەبوو زۆر بە ئاسانی لە كۆڵی خۆیانی دەكەنەوە. داهاتی ساڵانەی بازرگانیكردن بە كۆیلەی مۆدێرن لە جیهاندا 150 ملیارد دۆلارە و ڕێژەكەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە.
كۆیلایەتی كەرەستەی بونیادنان و پەرەدانە بە ئابووری جیهانی و پەیوەندییەكی بەهێزیش هەیە لە نێوان كۆیلایەتی هاوچەرخ و كۆمپانیا زەبەلاحەكان، وەكچۆن پەیوەندی بە ئێمەی بەكاربەریشەوە هەیە.بۆیە هەمووان لە نێو زنجیری زیادكردنی كۆیلەكانداین، لە تاكێكی ئاساییەوە تا دەگاتە كۆمپانیا گەورەكان. DWی ئەڵمانی فلمێكی دكیۆمێنتاری بە ناوی كەناڵی “دەستە نهێنییەكان،كۆیلایەتی لە سەدەی بیستدا” بەرهەم هێناوە كە تێیدا كۆمەڵێ زانیاری هەستیار خڕاوەتە ڕوو.ئەم ڕاپۆرتە لە ئامادەكردنی هەریەكە لە “تۆماس هاور و ڕینێ كیرشی”ـیە و لێرەدا بە كورتی هەندێ لەو زانیارییانە دەخەینە ڕوو.”كیڤن بیڵز”توێژە ری شارەزا لە بواری كۆیلایەتی هاوچەرخدا دەڵێ:”بۆچی كۆیلەكانی ئێستا نرخیان هەرزانە؟چونكە ژمارەی دانیشتوان زۆرە.پێشتر ژمارەی دانیشتوان كەم بوو،بۆیە گەر كۆیلەش هەبوایە،نرخی گران بوو.ئێستا نزیكەی 600 ملیۆن كەس ئەگەری ئەوەیان لێ دەكرێت بكەونە ناو كۆیلایەتی هاوچەرخەوە”. “هیندستان حەز دەكات وەك دەوڵەتێكی هاوچەرخ دەربكەوێت، وەك گەورەترین وڵاتی دیموكراسی بە ژمارەیەكی زۆری دانیشتوان و ئابوورییەكی گەشەسەندوو و كۆمەڵێك كۆمپانیای سەركەوتووەوە، بەڵام لەودیو ئەم دیمەنانەوە چەندەها دیمەنی دیكەش هەن كە هاوشێوەی دیمەنەكانی سەدەكانی ناوەڕاستن، چونكە بە پێی داتای ڕێكخراوەكان زیاتر لە 50-60 ملیۆن كۆیلەی هاوچەرخ لە هیندستاندا هەن كە زۆرینەیان لە سایەی سیستەمی هاوچەرخی كۆیلایەتیدا لەدایك بوون.
“سەبریە ئاڤاشی” چالاكوانی رێكخراوێكی ئازادكردنی كۆیلە، سەردانی گوندێكی هیندستانی كردووە و دەڵێ: ” لە كارگەكانی دروستكردنی خشت هەموو كرێكارەكان كۆیلەن، چونكە كەرتێكی بەرفراوانی كارە لە هیندستان و تیایدا كرێكارەكان بە ژن و منداڵەوە لە ژێر تووندوتیژی و هەڕەشەدا كاریان پێدەكرێت تا ئەو ڕادەیەی هەندێكیان لێ كوشتوون. زۆرینەشیان دەخرێنە ژێر باری قەرزەوە و گەر قەرزەكە بگاتە20 یۆرۆ،ئیتر بۆیان نادرێتەوە و دەبێ هەموو شتێك قبوڵ بكەن، هەر لە لێدانەوە بۆ دەستدرێژی سێكسیی. لە ماوەی یەك ساڵی نێوان 2013-2014 ڕێكخراوی ڕزگاركردنی كۆیلەی هاوچەرخ، توانیان لە چەند ناوچەیەكی هیندستان نزیكەی 4500 كۆیلە ڕزگار بكەن. حكومەتی هیندستان بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە بێدەنگی هەڵبژاردووە، چونكە پێیان وایە وڵاتەكەیان شكۆی خۆی هەیە و كۆیلایەتیش لە سەدەی هاوچەرخدا ناگونجێت،بۆیە زۆربەی كۆیلە هاوچەرخەكان لە لایەن ڕێكخراوەكانەوە ڕزگار دەكرێن نەك حكومەتەكان. وێستگەی دواترمان ئەوروپایە كە وتراوە خەڵكی لە خۆشگوزەرانیدان. لە كۆپنهاگن ڕۆژنامەنوسی بنكوڵكار “میكی میستراتی”یمان بینی كە دەڵێت پەیوەستبوونێكی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان كۆیلەكان و یەكێك لەو بەرهەمانەی كە ڕۆژانە دەیكڕین و خواستێكی زۆری لەسەرە، ئەویش نەستەلەیە. “میكی” دەڵێ لە دووكانێكی شیرینی فرۆشتندا حەوت جۆر نەستەلە دانرابوو كە تەنها یەكێكیان ماركەی بازرگانی یاسایی پێوە بوو، ئەوانی دیكە بێ ماركە بوون. پرسیاری هۆكاری ئەمەم لە خاوەن دوكان كرد، بەڵام نەیتوانی وەڵامم بداتەوە. بۆیە لە پێناو گەیشتن بە ڕاستییەكان و ئەو دەستە نادیاریانەی كاكاو دەگەیەننە ئەوروپا،میكی چوو بۆ “ساحل العاج” لە ئەفریقا كە گەورەترین سەرچاوەی كاكاوە لە جیهاندا و %80 كاكاوی جیهان بەرهەم دەهێنێت و ئەم بەرهەمهێنانەش هەموو لەسەر شانی منداڵانی بەكۆیلەكراوە. “میكی” دەڵێت: منداڵانی وڵاتە هەژارەكانی وەك مالیی، نایجیریا، كەمبۆدیا و ئەریتریا دەهێنرێن بۆ ئیشكردن. بە پێی ڕاپۆرتێكی یونیسێف ساڵانە لەو وڵاتانەوە 200 هەزار منداڵ لە لایەن بازرگانەكانەوە دەڕفێنرێن و دەفرۆشرێن بە خاوەن كێڵگەكان بۆ كاركردن و دەكرێنە كۆیلە. “میكی” دەڵێ لە ساحل العاج بازاڕی كڕینی منداڵ هەیە و نرخی منداڵێك 230 یۆرۆیە.
لە مۆریتانیا تا ئێستاش %20 ی ژمارەی دانیشتوان كۆیلەن.تەنانەت كۆیلایەتی بە میرات بۆ منداڵ دەمێنێتەوە، چونكە ئەو دایكەی كۆیلە بێ،منداڵەكەشی ڕاستەوخۆ پاش لەدایكبوون دەبێتە كۆیلە! ئامادەكەرانی ڕاپۆرتەكە دەڵێن: “ئێمەی ئەڵمانی زۆر حەزمان لە نەستەلەیە و هەر منداڵێكی ئەڵمانی ساڵانە 11 كیلۆ نەستەلە دەخوات. زۆربەی ئەو كاكاوەی دەكرێتە نەستەلە لە خۆرئاوای ئەفریقاوە دەهێنرێت، لەوێ باوكەكان بە هۆی هەژاری و پەیمانی درۆی بازرگانەكانەوە منداڵەكانیان دەفرۆشن بە بازرگانانی منداڵ. “میكی” دەڵێ: كاتێ منداڵەكان دەگەنە كێڵگەی كۆكردنەوەی كاكاو، وا دەزانن نێردراون بۆ ئیش و پارەیان دەدرێتێ، نازانن ئەوان فرۆشراون و كراون بە كۆیلە و دەڕەتێنرێن بە بێ پارە. كە ئەمەیان بۆ دەردەكەوێ، هەوڵی ڕاكردن دەدەن، بەڵام وڵاتیان دوورە و دەستیشیان ناگات بە ڕێكخراوەكان تا ڕزگاریان بكەن. بۆیە دەیانگرنەوە و دەیانهێننەوە و ئەشكەنجشیان دەدەن. هەرچەندە ڕێكەوتی نێودەوڵەتی كراوە لەسەر نەهێشتنی ئەم دیاردەیە، بەڵام تاكو ئێستاش وەك خۆی ماوە و هیچ نەگۆڕاوە. ئەم فلمە دیكیۆمێنتارییە لە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە، لە سویسرا نەبێت، چونكە بنكەی سەرەكی كۆمپانیای “نەستەلە” لەوێیە و كارگەكەش هەوڵی زۆری دا ئەم فلمە ڕاگرێت،بەڵام سەركەوتوو نەبوون. بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە مەترسی خۆی هەیە، بەو هۆیەوە “گی ئەندرێ كیفیر” ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی كە ویستبووی بەدواداچوون بۆ كەیسی كاركردنی منداڵان بكات لە كێڵگەكانی كاكاودا، ڕفێنرا و تا ئێستاش بێ سەرووشوێنە.
كەرەستەی خاوی بەكارهێنراو لە مۆبایلدا بە هەمان شێوە،بە ڕەتاندنی كۆیلەكان بەرهەم دەهێنرێت. كۆمپانیاكانی مۆبایل ئامادەنەبوون لەم بارەیەوە زانیاری بخەنە ڕوو بە كۆمپانیای “نۆكیا”شەوە كە خۆی بە كۆمپانیایەكی شەفاف و ڕاقیی دەزانێت. لە ئەڵمانیادا نزیكەی 214 ملیۆن مۆبایل هەیە. ساڵی 2014 نزیكەی 2 ملیار مۆبایل فرۆشراوە. كیڤن دەڵێ:” لە وڵاتێكی وەك غانا دا سەدان هەزار كەس بە هەمانشێوەی منداڵانی كێڵگەكانی كاكاو وەك كۆیلە لە كانەكانی دەرهێنانی زێڕدا كاردەكەن، زێڕەكەش دەچێتە خەزێنەی تاوانكاریی حكومەتی غانا و دواتر زێڕەكە بە جوانترین شێوە دەكرێتە ملوانكە و ئەنگوستیلە و ئێمەش بە گران دەیكرین و بەكاریان دەهێنین. لە وڵاتانی بەریتانیا، ڕۆمانیا، ئیتالیا، بولگاریا و ئەڵمانیادا دیاردەی كۆیلایەتی هاوچەرخ لە نێو كەرتی بیناسازیی، پیشەسازیی و لەشفرۆشیی زۆرەملێدا هەیە. لە ڕاپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە: ساڵانە 500 هەزار ژن لە ئەوروپای خۆرهەڵاتەوە دەفرۆشرێن بە ئەوروپای خۆرئاوا و وەك كەرەستە سێكسی و كەرەستەی نماییش مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. لە ئەوروپادا نزیكەی 3600 باندی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە هەن كە لە جۆرەها تاواندا تێوەگلاون بە بێ ئەوەی سەرانی ئەم گرووپانە دەستگیر و دادگایی بكرێن. لە ئەمریكا ساڵانە 600 هەزار منداڵ دەڕفێنرێن و بازرگانیان پێوە دەكرێ.
سەرمایەداران و خاوەن كۆمپانیا گەورەكان لە پێناو بەدەستهێنانی دارایی زیاتر، دەستیان وەردایە كاری ڕێكخراوەكانی ژنان و ئاڕاستەی ڕەوای كاری ڕێكخراوەكانی ژنانیان پێچەوانە كردەوە. “ئارۆن رۆسۆ” بەرهەمهێنەری سینەمایی ناوداری ئەمریكی، خاوەنی فیلمی (ئەمریكا لە ئازادییەوە بۆ فاشیزم) لە دیمانەیەكدا لەگەڵ “دەیڤید ڕۆكەفێڵەر” گەورە سەرمایەداری جیهانیی، لەبارەی بزاڤەكانی فیمینیزم و پشتگیریی داراییانەوە دەڵێت:” لە دیمانەیەكدا لە ماڵی ڕۆكفڵێر قسەوباسمان دەربارەی زۆر پرس كرد،ئەو گوتی ڕات چییە سەبارەت بە بزاڤی ئازادكردنی ژن؟ منیش وتم ژن مافی خۆیەتی كار بكات و كرێی ئەویش لەگەڵ پیاودا یەكسان بێت. ڕۆكەفێڵەر پێكەنی و وتی تۆ گەمژەیت؟ وتم بۆچی؟ گوتی ئێمە وەك خانەوادەی ڕۆكەفێڵەر لەبەر دوو هۆكار پشتگیریی دارایی و ڕاگەیاندنی بزاڤی فیمینزممان كردووە:-
یەكەم: پێش پێكهێنان و پشتگیریی ئێمە لەم بزاڤە، نیوەی باجی دانیشتوانی زەوی بە دەستمان نەدەگەیشت.
دووەم: بۆ ئەوەی بتوانین لە تەمەنێكی دیاریكراوەوە لەقوتابخانەكاندا كۆنترۆڵی شێوازی بیركردنەوەی منداڵ بكەین و لە خێزان دایانبڕین، ئەوكات منداڵ لەو تەمەنەوە قوتابخانە و دەوڵەت بە خێزانی خۆی دەزانێ و بەرپرسان جێگەی دایك و باوكیان دەگرنەوە.” لە كۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێ لە پاڵ هۆكارە جۆربەجۆرەكاندا، سەرچاوەی بنەڕەتی زیادبوونی كۆیلەی مۆدێرن، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانە، سەرچاوەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانیش،لەدایكبوون و وەچە خستنەوەیە، بۆیە تا سنورێك بۆ وەچەخستنەوە دانەنرێ،كۆیلایەتیش هاوشان بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان،زیاتر دەبێ !
داڕشتنەوە و كۆكردنەوەی/ دانا موحەمەد
سود لەم دوو سەرچاوەیە وەرگیراوە؛
1- كتێبی ” لە كۆیلایەتییەوە بۆ كۆیلایەتی”
ڤالنتین كاتاسۆنۆف-نوام چۆمسكی .
2-بەرنامەی “رحلة فی الزاكرة”ی كەناڵیRT ی ڕووسی.