کاتێک لە پێشانگەکەدا لە نیگار کێشەکەم پرسی بۆچی تەواوی وێنەکانت پەیوەست نین بەم شارەوە؟ گوتی نازانم هیچی ئەم شارە سەرنجی ڕانەکێشام، ڕاستی کرد، بۆ منیش دەمێکە شتەکان هی ئەوە نین کە شایەنی ئەوەبن بێنە چوارچێوەیەکی بوونەوە، بە واهۆکاری ئەوەی شتەکان لە بووندا دەبڕێندراون. “بەختیار عەلی” دەیگووت “سلێمانی لە شارێک دەچێت، هەموو شەش مانگ جارێک یادەوەری خۆی بسڕێتەوە”. بەگوێرەی ئەمە بێت؛ ماناکان ناتوانن درێژە بە زیندوێتیان بدەن، بەمەش بەردەوام نابن؛ بۆ شوناسیش ئەمە کێشەیە، لۆک “دەڵێت شوناس بە تێپەڕبوونی کات پێویستی بە بوونی بەردەوام هەیە” کەوابوو ناتوانین هیچ یادەوەرییەکمان لەم سەردەمە هەبێت. تێڕامانم بۆ یادەوەری دەکرێت ئەوەبێت لە ڕابردوودا شتێکم بەسەرهاتووە، بەویستی خۆم بێت یان بێ ویستی خۆم بێت، ئەم تۆمارەم لێی هەیە، شتێکە من دەیزانم، بەوەدا کە لەنێو ڕابردووی من دایە.
زۆربەی یادەوەرییە گرنگەکان لە بەرکەوتنی لە ناکاوی “ڕاستەوخۆدا” دێنە هەڵگرتن، واتە ڕێکەوتێک هەیە، یادەوەری بە خۆ ئامادەکردن بەدەست نایەت، یان بتەوێت لە شوێنک و کاتێکدا خۆتی بۆ مەڵاس بدەیت، چونکە ئەو باڵندە نیە ڕاوکرێت یان بگیرێت. بەڵکو بەرکەوتێکی دەروونییە لە ئەزمونێکی تازە، ئەمە یادەوەرییە. لە حاڵەتی یادەوەریدا مێشک نایەتە ناو بابەتە ماددییە تایبەتمەندەکان تۆماس ڕێد دەڵێت “یادەوەری لەدەرەوەی مێشکە”. مێشکێش ئاڕاستە دەکرێت بۆ دواوە. بۆیە یادەوەری کاتێک دروست دەبێت کە هەر خۆت شەیەتحاڵبیت، کەسی تری لێ نەبێت. بۆتۆ ڕووداوەکە دێتە وێناندن، بیرۆکەیەکە تاقەنەیە هەستدەکەیت پێشتر نەتدیووە، سەبارەت بەوە وەفاداریت دەتەوێت لەپای ئەمە باوەشی پێدا بکەیت. نزیکە ئەوە لە”کاریگەری” بچێت، دەبێت جیایی بکەینەوە. ئاسان نیە، جیای بکەینەوە هەردوکیان پڕۆسەن بۆ “چونە ناو”، لە کاریگەریدا سەرەتا دەتگرێت و بەرتدەدات. لە یادەوەریدا سەرەتا ناتگرێت، دوایی کە دێت بەرت نادات، یادەوەری بەرهەم نایەت. لە پڕۆسەت بەرهەمدا تۆ هەست بە شتەکان دەکەیت، بۆیە بیرت ناچێتەوە. یادەوەری دەبێت بیرت بچێتەوە بۆ ئەوەی بیرت بکەوێتەوە. هەتا بیرت نەکەوێتەوە ناسەلمێت کە ڕابردووت هەبووە، بۆیە شتێکی تازە نیە، هەر ئەوەیە کە ڕووی داوە.
بەڵام ئەو کاتە هەمان کەس نەبووم، یانی یادەوەری حاشای بوونی زەمەنە لەناسنامە، “کاتێک یەکمان بینی من لە ئێستا جیاواز بووم” کەوابوو بیرمە لەوێ بووم، یادەوەرییەکان بە تێپەڕبوونی کات مرۆڤەکان نەکەنەوە هەمان کەس. لەمەدا لە خەیاڵ جیاوازە؛ لە خەیاڵدا وێنەکان هەمیشە توانای دووبارە بوونەوەیان نیە، کەچی لە یادەوەرییدا تەواوی وێنەکان بەدووبارەی لە مێشکدا دەچەسپێن، لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا کەمتر یادەوەری بیر دێتەوە. شار دەگۆڕێت، کە لەپێشتریش نەچوو، بە چیدا دووبارەکەی ببینەمەوە، کە وابوو ئێستا زەمینەکی لەبارە بۆ لەبیر کردنی یادەوەری. “گابڕێڵ گارسیا مارکیز” دەیگووت “یادەوەری ڕێی گەڕانەوە نازانێت”. ئەو لەمیانەیەوە تێدەگەین شار جهنجاڵ بووە، ڕێگە و فەرعەکان زۆر بوون، تەواوی شەقامەکانیش نۆژەنکراونەوە، ئاسان نیە لەم ڕۆژگارەدا یادەوری بناسیتەوە، یان بیکێشیتەوە، بەهۆی ئەوەی وەها ناوێک لە ئارادا نیە، سەردەمەکەمان ڕاگوزەرە دێت و دەڕوات بە خێرایی، نەکەس دێت و نە کەسیش دەڕوات، ئەقڵ بەواستەی ئەوەی لەکەشفکردنی ناسنامەی تازەدایە فریا نەکەوێت کەس بناسێت، بەمەش ئەقڵ بیری نایەت چی یادەوەرییە. گەر ئەقڵیش بۆ ناساندن باش نەبێت، یادەوەری باوەڕ و ئێستایە بۆ خوێندوەی داهاتوو، دەبێت بڕوا بکەیت ئەمەت بەسەر هاتووە، ئەگەر بڕوا نەکەیت یادەوەری نیە. باوەڕەکە بۆت چێژدارە، واتە مرۆڤ پێشتر چێژی لەو تێڕوانینە لەڕووی چۆنایەتیەوە وەرگرتووە، بەو ئێزەشدا پیشان بدرێت دەردەکەوێت کە یادەروەری هەمان چێژی لەو تێگەیشتنە بوێت، بە زارەوەیەکی دیکە یادەوەری ئەو تێگەیشتنەیە کە کوالیتی هەیە لەچاو کاتی ئێستادا، هەموشتێکە کە لە ئێستا زیاتر بێت.
ئێستا ناتوانین هەستبوونی مرۆڤبکەین، مرۆڤبوون لەبابەتی زۆر ئاستنزمەکاندا لەبەین دەچێت، یادەوەری بۆ ئەوە باشبوو کە بگەڕێتەوە تا بیسەلمێنین کە مرۆڤین. دەکرێت یادەوەری لە وێنەیەکدا بێت، یان لە شەقامێکدا بێت، یا کڕینی یەکەم پاسکیل، بەڵام یادەوەری ناچێتەوە سەری؛ مرۆڤیان بە داهاتوو ڕاهێناوە، کۆی هەموو پڕۆژەکان لە پێناو بەدەستهێنانی دواتردان، ڕیکلامێکی بازرگانی ئەپاڕتمانتم بینی، پێشکەشکارەکەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پەلەبکەن خەڵکینە تا لە بیست ساڵی داهاتوودا ببنە خاوەن یەکەی نیشتەجێبوونەکە، زۆر ئایرۆنی بوو؛ ڕەنگ بێت کۆمیدیاکە لەوەدابێت کێ دەگاتە بیست ساڵی تر، یان بۆ لەئێستاوە پلە بلەین تا بیست ساڵی تر خاوەنی بین. بەڵام پرسیارە تایبەتەکە ئەوەبوو: بۆ پڕۆژەکان لە خزمەتی داهاوتوودان، تەنانەت وەکوو ئەمەش داهاتووەکە مردوو بێت، داهاتووی مرۆڤ پێنەگەیشتووش بێت، هێشتا بۆ وان ئەوە باشترە؛ داهاتوو بوونیادی پڕۆژەی زیاتری لەسەر دەنرێت، ڕابردوو جگەلە یاداوەرییەک هیچ دروستناکات.
بێ متمانەیی لە هاوڕێیەتی و خێزانیش وەرگیراوەتەوە، ئیدعاکە بۆ ئەوەیە تا سەر پێکەوە نەبن، تا مرۆڤ لەسەر گۆڕاوی بوونناد بنرێت، گۆڕاوی لەسەر ئاستە تیورییە و مەعریفەکەشی نا، بەڵکو لەسەر ئاستە نەزانییەکەی. دەبێت مرۆڤ وابەستەی یەک-شت نەبێت، بەردەوام لە نوێگەرییەکی بێ مانادا بێت. بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت ببێتە پیاوی داهاتوو، چ داهاتووییەکیش کە بەڵێنی دوورە. یادەوەری بنەماکانی شیکاری تیرۆری ژیان لە خۆدا چڕ دەکاتەوە، نێو نشینانە دەگەڕێتەوە، لەوێدا ژیان گەورە دەکرێت، کۆڵانێک بە ئەندازەی شارێک قیاسی دەدرێتێ. درەختێک زۆر مانای دەبێت کە لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا لەژێری دانیشتوون. بەمەدا دەردەکەوێت یادەوەری هەڵگرتنی وێنەیە، هێنانی زەمەنێکە بۆ نێو ئێستا، ئەو کاتەی بیر لە درەختەکە دەکەینەوە لە زەمەنی ئێستا غافڵ دەبین. مرۆڤ هەر دەتوانێت لە زەمنێکدا بێت، کەوابوو یادەوەریت ئێستایە، ڕابردووییەکی زیندووە، هەڵبەت گەر بیر بێتەوە، گەر بگەڕێتەوە. چونکە یادەوەرت پەیوەندی مرۆڤ و سرووشتی شتەکانە. پەیوەندی مرۆڤ و سروشتە، گەر سروشت یارمەتی دەر بێت. بەوەدا ئەویش گۆڕاوە، چیتر لەجاران ناچێت، وەکو پێشتریش مافی نادرێتێ. “لیۆ شتڕاوس” دەیگوت ” گرفتی مافی سرووشت بابەتێکی بیرهێنانەوەیە، نەک زانستێکی ڕاستەقینە”. بەمەدا دەردەکەوێت سرووشتیش ئیتر دایکە میهرەبانەکە نیە، ئەویش ڕووی لێ وەرگێڕاوین، سرووشت کە پشتمان تێبکات، ئێمە یادەوریمان بۆ ناگەڕێتەوە. ناتوانین بەم شێوە ژیانە نامۆ نەبین. لەڕاستیدا ئەمەیە ئیتر هۆگر بوون کاڵدەکاتەوە، ساتی پێکەو بوون و تەبایی، کە لەیادەورییدا لە دەستمان داوە، دێت و ئێستاشمان لێ تاڵ دەکات. هەمووشتێک بە ئەندازەی خۆی خراپ بووە، ئەو کارەی مرۆڤ بەسەر سرووشتیدا هێنا، سرووشتیش قەنارەکەی بۆ تووند کردەوە، هەموو دەزگا و ڕێکخراوەکان مرۆڤ پاڵدەنێن بۆ “توانین” لە ڕاستیدا بۆ ڕوبەڕووبنەوەی سروشت، بۆ ئەوەی چیتر یادەوەری نەبێت.
بەمەش ئەوان ئینکاری بوونی یادەوەری دەکەن، یادەوریش دۆخێکی دەرووینی ئێستایە، ئەوان پاڵی پێوە دەنێن بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی مرۆڤ ئێستای نەبێت.”ڕێد پێی وایە لە ئێستا مەحاڵە هیچ ڕووداوێکی ڕابردوو بگرین” بە گووتەی ئەو بێت، ڕێگە گرتن لە شتە هەنووکەییەکان یان ئاگادربوونەوە لە ئۆپەڕاسیۆنە دەروونییەکان لەئێستادا قەتیس بووە، بە مەیلمان بۆ داهاتوو یادەوەری ئینکاری هاتنەی ئێستای کردووە. ئێستا لەبری یادەوەری، داهاتوومان سەرقاڵی کردووین، شتێکە ڕووی نەداوە و بیری لێدەکەینەوە، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بزانین یادەوەری ترسێکی ئێستایە، ئێستامان لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە. قورسە بڕوا بکەین کە ئەو ڕووداوەی پێشتر لامان گیراوە ڕووداوێکە بەسەرمندا هاتووە. دەبێت ئەوەشمان بیربێت کە یادەوەری کردەیەکی پاراستنە، لەڕێگەی چەمک و باوەڕەوە. بەجۆرێکی دیکە دەتوانین بڵێن یادەوەری فاکەڵتێکی ڕەسەنی دەستووری مرۆڤە، یادەوەرییە لە مرۆڤدا هەڵدەگیرێت، دەنا لە خۆیدا هیچ نیە، خۆی بیر نایەتەوە، کەوابوو مرۆڤ کار پێکەری یادەوەرییە، کە مرۆڤ شانەکانی بۆ یادەوەری خاڵی بن، داهاتوو ئەو شانەنە پڕ دەکاتەوە. داهاتوو ئێستا بۆتە خەونێک، لای وایە جوانی لەوێدایە. ڕەنگە ئەو پرسیارە بکەین داخۆ لە ترسی داهاتوو مرۆڤ یادەوەری پاراستووە؟
بەم تێگەیشتنەی کە ئێستا هەمە، باوەڕناکەم یادەوەری هەڕەشە لە داهاتوو بکات. چونکە یادەوەری بەشێکە لە باوەڕێک پێکدێت کە تیایدا گریمانەیەکی زوو ڕووندەکاتەوە، بەوەدا کە لە ڕابردوودا مامەڵەمان لەگەڵ دیاردەکە کردووە، ئیدی یادەوەری بێ دەستە و ساندەمێنتەوە، ناتوانێت کاریگەرییەکانی بێنتە ئێستاوە، تەنیا زهینیەتێکی خامۆش دێتە لامان و، کاریگەری دانانێت. ئەوەش دەریدەخات یادەوەری ترسناک نیە، لەبەر ئەوەی لەکاتی زوودا هەموو شتێک یەکلایی بۆتەوە، وا دەزانم ئەوە داهاتووە مرۆڤ نیگەران دەکات. چونکە گفتی ئارامی داوە، وەعدی ئارامی و بەختەوەری داوە، لە بابە نوئێلێک دەچێت، مرۆڤ هەمیشە دەترسێت هیچی پێنە بێت، بەڵام لە یادەوەرییدا پێبوون و پێنەبوونەکەی یەکلایی کراوەتەوە، دەزانین ڕوداوەکە چۆن بووە، کێ و کێ لەوێ بوون. شوێنەکە کێ بوو و، بۆ واشمان بەسەر هات، کەچی لە داهاتوودا هیچ شتێک ڕوون نیە، تەنیا ئەو هەوڵکۆششانە سەرگەرمی کردووین کە ئێستا دەیکەین، ئەویش دیار نیە ڕێگەکە ڕاستە یان نا. با بزانین، با بژین، با تاقی بکەینەوە، دەردەکەوێت، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەمانە نیگەرانییە. ژیان لای وی تاقیگە نیە. بەڵکو باوەڕی بەختەوەرییە.
زۆرێک لە دینەکان و لەپڕۆگرامە دەرونییەکان مرۆڤ بەوە ژیردەکەنەوە، ئاسوودەی لەشوێنکی دیکەیە، تا گەر دەستی پێی ڕانەگەیشت ئازار نەیکوژێت ستۆیەکەکان بۆ ئێستا مردوون، تیایدا نغرۆبوون. جیاواز لەمانە؛ ئاسوودەیی لە یادەوریدا هەیە، لە دووبارە بوونەوەی زەمەنەکەمان. لەو جوانیانەی کە دەستیان لێبەرداوین، مرۆڤ فێربووە هەموو شتەکان نۆژەن بکاتەوە. بەگوێرەی “بەختیار عەلی” سیاسییەکانن هەموو شتێکیان تێکداوە، ئەو دەڵێت “سڕینەوەی یادەوەری هونەرێکە سیاسییەکانی ئێمە بەکاری دەهێنن بۆ ئەوەی خۆیان بتوانن بژین و ئێمەش بتوانین لەگەڵیاندا بژین”. بەم تێگەیشتنە بێت ئێستا ئیتر ئانوساتێکی باش نیە بۆ یادەوری، هەموو شتێک بە ئەندازەی خۆی مانای لێسەندراوەتەوە، دەمێکە سەردەمی گەڕانەوە بەرچووە، یادەوەری نامۆیە پێمان، یانژی ئێمە مرۆڤێک نەماوین وەک زوو کۆگایەکی پڕ لە یادەوەری بین، ئێمە ماڵێک نەماوین بۆ یادەوریی، ئێمە زۆر دوورکەوتوینەتەوە، بۆیە نایەتە لامان، ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لەبەر ئەوەی ڕێگای ماڵەوە نازانێت.
پەراوێزەکان:
بەختیار عەلی لەدیدارێکی تایبەت لەگەڵ مەریوان هەڵبەجەیی لەکتێبی ” بەسەرسامی لەناو وێرانەدا؛؛ .
“جۆن لۆک و تۆماس ڕید”، ” لە کتێبی ڕاتلێج بۆ فەلسەفەی یادەوەری”. وەرگێڕانی س.بێرنکێر و ک.مایکڵیان. لەندەن: ڕاتلێج ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە.
لیۆ شتڕاوس- مافی سروشت و مێژوو، لەساڵی ١٩٥٣ بڵاوکراوەتەوە.
ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی، (گابڕێڵ گارسیا مارکیز) لەساڵی ١٩٦٧ بڵاوکراوەتەوە.