سى ساڵ لەمەوبەر ڕواندا بە جەنگێکى خوێناویدا تێپەڕى، بەڵام لەئێستادا بووەتە یەکێک لە خێراترین ئابوورییە گەشەسەندووەکان لە جیهاندا، بانکی نێودەوڵەتی جەخت لەوە دەکاتەوە ڕواندا گەشەسەندنێکی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێناوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ڕواندا هانى دروستکردنی ژینگەیەکی خاڵى لە گەندەڵی داوە، پایتەختەکەى پاک و خاوێنە، حکومەتەکەی بەشێوەیەکى باش و کاریگەر بەڕێوەدەبرێت. ئەم ڕاپۆرتە چیرۆکى بوژانەوەى ڕواندا “سەنگاپورەکەى ئەفریقیا” لەدواى جەنگ دەگێڕێتەوە.
“رەگ و ریشەى شەڕی ناوخۆ”
ململانێکانی ڕواندا لەنێوان کەمینەى “توتسی” کە نزیکەی (10%) دانیشتوان و زۆرینەى “هۆتۆ” کە نزیکەی (85%)ی کۆی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن، بۆ شەستەکانی سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، چونکە لەو کاتەوە کۆلۆنیالیزمی بەلجیکی بە ئەنقەست لە بوارەکانى سیاسەت و پەروەردە و حکومڕانیدا، لایەنگر و پشتیوانى کەمینە بوو لەسەر حیسابی زۆرینە؛ ئەو دۆخەش هەستی نادادپەروەری و چەوساندنەوەی لاى هوتۆکان زیاتر کرد. لەنێوان ساڵانی (١٩٩١ تا ١٩٩٤) شەڕێکی ناوخۆیى لەنێوان توتسی و هۆتۆدا هەڵگیرسا. لە ساڵی (1994) بە فەرمانی وەزیرەکانی حکومەت، هۆتۆکان پەلامارى کەمینەى توتسیان دا، پەلامارێکى تۆڵەسێنانە و تاوانکارانە و دڕندانە بوو، تەنها لە ماوەی سەد ڕۆژدا بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ملیۆنێک کەس لە پیاو و ژن و منداڵ.
بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێک بۆ هەڵاتن نەبوو، نزیکەی (75%) دانیشتوانی توتسی لە زۆربەی شار و گوندەکانی سەرتاسەری وڵاتدا قڕکران. لەهەمانکاتدا زیاتر لە سى هەزار هۆتۆی میانڕەو کوژران، لەبەرئەوەى بەشدارییان لەم جینۆسایدەدا نەکرد یان ئامادەنەبوون بەشداری تیادابکەن و بە “خیانەتکار” دانران. هەر لە ئەنجامی ئەو دڕندەکارییانەدا؛ تا مانگی ئابی ساڵی (١٩٩٤) زیاتر لە یەک لەسەر سێی دانیشتووان (دوو ملیۆن ڕواندى) پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ برد.
“دەرەنجامى شەڕ”
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکات کە ڕاستەوخۆ دوای کۆمەڵکوژییەکە؛ “توانای کارگێڕی حکومەتی ناوەندی و ئیدارە ناوچەییەکان داڕما، لەبوارى پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و داراییەکاندا ئیفلیجیەکی تەواو ڕوویدا”. چونکە “نزیکەی (40%) فەرمانبەرانی حکومی کوژرابوون، یان لە وڵات هەڵاتبوون، هەڵاوسانی بەرز و کەمی مووچە، ئاریشەى سەرچاوە مرۆییەکانی زۆر زیاترکرد”. بەهۆى ئەو شەڕەوە ڕواندا کەوتە دۆخێکەوە کە نزیکەى “(80%)ی فەرمانبەرانی حکومەت بڕوانامەی خوێندنی ناوەندییان نەبوو، تا ساڵی (1998) تەنها (3.5%)ی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی پزیشک یان پەرستاری شارەزا بوون”.
“هەژارى و هەنگاوەکانى چارەسەر”
بەگوێرەى داتاکانى حکومەت، لە ساڵی (1994)دا ڕێژەى (78%)ی دانیشتووان بە کەمتر لە (1.25) دۆلار لە ڕۆژێکدا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژیان، بەڵام لە ماوەی حەوت ساڵدا رێژەى هەژاری بۆ (45%) دابەزیووە. ئەمەش – لەڕووی پێوەرەکانى گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە – بە وەرچەرخانێکی گەورە لە ماوەیەکی کورتدا دادەنرێت. ئەوەش پەیوەندی بەو ڕاستییەوە هەیە کە ڕواندا لەسەر ئاستی ئەفریقا بەرزترین ڕێژەی خوێندنی ناچاری بۆ خوێندکاران لە قۆناغى سەرەتاییدا تۆمارکردوە، بەجۆرێک ڕێژەی پابەندبوونى قوتابیان لە (٩٩%)ی قوتابخانەکانیدا گەیشتۆتە رێژەى (٩٩%).
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ڕواندا “هانى دروستکردنی ژینگەیەکی خاڵى لە گەندەڵی داوە، پایتەختەکەى پاک و خاوێنە، حکومەتەکەی بەشێوەیەکى باش و کاریگەر بەڕێوەدەبرێت، دەوڵەتی ڕواندا لەو ڕێگەیەوە هەوڵدەدات وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی ڕابکێشێت”. بەو هۆیەشەوە لە میدیای نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا هەمیشە ستایشی کیگالی پایتەخت کراوە و بە “سەنگاپورە”ى ئەفریقایان داناوە. بەهۆی ئەو ڕێوشوێنە زۆرانەی کە بۆ باشترکردنی بارودۆخەکان گیراوەتەبەر، وەک باشترکردنی بارودۆخی دانیشتوانی گەڕەکە هەژارەکانى پایتەخت؛ باش بەڕێوەبردنی پاشماوە و پاشەڕۆکان لە پایتەختدا؛ جگەلە قەدەغەکردنی کیسی نایلۆن و جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکاندا. بۆ گەشەپێدانى ئابوورى پایتەخت، حکومەت لەبوارى کشتوکاڵدا پلانى “بەرەوپێشبردنی کشتوکاڵی سەردەمیانە“ى جێبەجێکردوە، کە بووەتە هۆى دابینکردنى ڕێژەى (25%) خۆراک لە پایتەختدا، هەروەها نزیکەى (37%) هێزی کاری شارەکەى لە بواری کشتوکاڵی بچووکدا لەخۆگرتووە.
داتاکانى حکومەت دەریدەخەن ناوەندى تەمەنی پێشبینیکراو بۆ زیاتر لە (٣٠%) بەرزبووەتەوە. دابەشبوونی نەتەوەیی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، ئەمەش لە ڕێگەی سیاسەتەکانی دەوڵەتەوە بوو کە ئامانجیان هاندانی ئاشتەوایی و یەکڕیزى و ئاشتی کۆمەڵایەتی بووە. لەلایەن خۆیەوە بانکی نێودەوڵەتی ستایشی ڕواندای کرد کە وڵاتێکە “گەشەسەندنێکی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێناوە”، ڕێکخراوى (یونیسێف)یش ڕایگەیاند ڕێژەی مردنی کۆرپە (کە پێوەرێکی گرنگی بۆ گەشەسەندنی وڵاتان) لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە بۆ نیوە کەمیکردووە، ئەوەش لە پێوەرەکانی گەشەسەندنى گەلاندا، تائێستا بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دادەنرێت.
“گەشانەوەی ئابووری ڕواندا”
دوای تەواوبوونى شەڕەکە، چاکسازییە ئابوورییەکان بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی نوێ لە ڕواندا دەستیپێکرد، ئەوەش لەڕێگەى داڕشتنەوەی یاساکانی باج و سیاسەتی دراوەوە بوو بۆ کەمکردنەوەی هەڵاوسان. لەگەڵ زیادکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە ئابووری وڵاتدا. ئەو چاکسازییانە سیستمێکی سیاسی و دارایی باوەڕپێکراوی ئەوتۆیان دروستکرد کە متمانەى بریکارە ئابوورییەکانى مسۆگەرکرد، بەو هۆیەوە تێکڕای وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی لە ڕواندا گەیشتە ئاستێکى زۆر بەرز. هەروەها یارمەتییە دەرەکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کرد، بەجۆرێک لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی (١٩٩٤) نزیکەی (٧١١) ملیۆن دۆلار بوو، لە ساڵی (٢٠٠٨) گەیشتە نزیکەی (٩٣٥) ملیۆن دۆلار و لە ساڵی (٢٠١١)دا گەیشتە نزیکەی (١.٣) ملیار دۆلار.
هەوڵ و هەنگاوەکانى حکومەت لە بوارى ئابووریدا، هاوشان بوو لەگەڵ هەوڵێکی ڕاستەقینەی بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی، لەسەر بنەمای ئەو بیرۆکەیەی کە خەرجییە کاریگەر و ئەقڵانییەکانی حکومەت، بەبێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئامانج ناپێکێت. بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى، چەندین یاساى نوێ دەرکرا و جێبەجێکرا، وەکو پاراستنی ئەو کەسانەى لەبارەى سەرپێچیەکانەوە زانیاری دەگەیەنن، وەرگرتنەوەی سەروەت و سامانی دزراو، بەرەنگاربوونەوەى سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر. لە دەرەنجامى ئەو هەوڵانەدا حکومەت گۆڕانکاری بنەڕەتی لە خشتەى مووچەدا هێناوەتە ئاراوە، چونکە لە ساڵی (1999)ەوە چاکسازی قووڵ و هەمەلایەنەی لەو بوارەدا ئەنجامدا.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی روونیدەکاتەوە لە ڕواندا، “لە پێکهاتەی کۆنی دەوڵەتدا، جیاوازى ڕێژەی مووچەی فەرمانبەری گشتی کە زۆرترین مووچەی هەیە بەراورد بە کەمترین مووچەی فەرمانبەران، بە دەرماڵە زیادەکانیشەوە، بریتی بوو لە: (1 بۆ 60)”، بەڵام لەسایەى حکومەتى نوێدا، هەموو دەرماڵە زیادەکان لابران، بۆیە ڕێژەی بەرزترین مووچەی پەسەندکراو بۆ کەمترین مووچە بووە بە (1 بۆ 19)”.
بەپێی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ڕواندا بە تێکڕای ڕێژەی گەشەکردنی (٨%) ساڵانە لە تەواوی دەیەی ڕابردوودا، بووەتە یەکێک لە خێراترین ئابوورییە گەشەسەندوەکان لە جیهاندا. بانکی نێودەوڵەتی، ڕواندا بە یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ دەستپێکردنی کارێک لە ئەفریقا دادەنێت. بەو پێیەش؛ ڕواندا لەسەر ئاستی جیهان بووەتە یەکێک “لە دە خێراترین ئابوورییە گەشەسەندوەکان لە ساڵی (٢٠١٣)دا”. لە ڕێگەی ئەم پێشکەوتنە بەرچاوەوە، ڕواندا لەڕێگەى سیستمی سەرنجڕاکێشی حکومەتی ئەلیکترۆنی وڵاتەکەوە، کە زۆربەی مامەڵە داراییەکانی حکومەت و ئەرکەکانی دیکە بە تەواوی بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی رایى دەکرێن، کار بۆ ئەوە دەکات ببێتە یەکێک لە باشترین ناوەندەکانی تەکنەلۆژیا لە ناوچەکەدا.
“پەروەردە و نەهێشتنى جیاوازییەکان”
لە مانگی شوباتی ساڵی (٢٠١٩)، ڕواندا یەکەم مانگی دەستکردی خۆی ئاراستەی بۆشایی ئاسمان کرد. ئامانج لێی بەستنەوەی قوتابخانە دوورەکان بوو لە ڕواندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ئینتەرنێتەوە، هەروەها بۆ دابینکردنى دەرفەتێکی بەرفراوانى گەشەپێدان بوو بۆ نەوەی نوێی ڕوانداییەکان. بڕیاروایە دووەمین مانگی دەستکردیش هەڵبدات، بۆ توێژینەوە لە بۆشایی ئاسمان و هاوکاریکردن لە کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەى: سەرچاوەکانی ئاو، کارەساتی سروشتی، کشتووکاڵ و کەشناسی، بەمەبەستى خزمەتکردنى وڵات و هاووڵاتیانی ڕواندا. جگەلەوەش، حکومەت هەوڵدەدات نەوەیەکی مۆدێرن و خوێندەوار بنیاتبنێت، ئەوەش لەڕێگەی دەستپێشخەرییەکەوە بۆ دابینکردنی لاپتۆپ بۆ هەموو منداڵان و خوێندکارانی ڕواندا، یەکێکى دیکە لە هەوڵەکانى دەوڵەت بۆ ئەوەى لە ڕەوتى گەشەکردنى جیهان دوانەکەوێت، بریتییە لە دابینکردنی کێبڵی ئینتەرنێتی خێراى ڤایبەر ئۆپتیک لە سەرانسەری وڵاتدا، هەروەها دابینکردنى خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی بەنرخێکى زۆر گونجاو، لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی تاقیکاری بۆ دابینکردنی خوێندنی ئۆنلاین بۆ خوێندکارانی ڕواندا.
“دروستکردنەوەی سوپا و هێزە ئەمنییەکان”
دوای كۆتايهاتنى شەڕەکە، دەسەڵاتدارانی نوێی ڕواندا بە پەرۆشەوە کاریان کرد بۆ داڕشتنەوەی دەسەڵاتی سەربازی لە وڵاتەکەدا، لە ڕێگەی بەرنامەکانی گۆڕین یان تێکەڵکردنەوەی هێزە سەربازییەکان، یاخود هەندێکجار دورخستنەوەى هەندێکیان، پاشان چەکداماڵین و لێسەندنەوەى پۆستەکان لە چەکدارانى پێشوو، بە ئامانجی چاکسازی و داڕشتنەوەی ئەم هێزانە نەوەکو دوورخستنەوەیان. دەسەڵاتدارانى نوێى رواندا بە ئامانجى هاندانی ئەم چاکسازییانە بەبێ لەناوبردن یان هەڵوەشاندنەوەی سوپا؛ قەبارە و بودجەی سوپای نوێیان زیادکرد، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕینی بیروباوەڕی سوپاکەدا، لە باوەڕى دڵسۆزی نەتەوەییەوە بۆ باوەڕى دڵسۆزییەکی پاک بۆ دەوڵەتی ڕواندا بە گشتی. بۆ ئەم مەبەستە، لە ساڵی (١٩٩٧)وە تا دە ساڵی دواتر، بودجەی بەرگری ڕواندا ساڵانە لەنێوان (٣.٣% بۆ ٤.٤%)ی بەرهەمی ناوخۆیی ڕواندا بوو. ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ لەخۆگرتنى ئەو ژمارە زۆرەی چەکدارانی پێشوو، هەروەها هانیدان تاوەکو لەژێر چەتری دەوڵەتی نوێدا بمێننەوە. ئەم پلانە – جگەلە دامەزراندنی هەزاران کەسى دیکە – لەدوای ساڵی (1994)ەوە بووە هۆى دابینکردنی هەلی کار بۆ هەزاران پەنابەری ڕواندا کە بۆ وڵاتەکەیان گەڕانەوە.
هەر زوو سوپای ڕواندا بووە یەکێک لە هێزە کارامە و بەتوانا و شەڕکەرەکان و یەکێک لە باشترین هێزە بەدیسپلینەکانی ئەفریقا. لەڕاستیدا بەشێکی زۆر لە یەکگرتنی هەموو هێزەکانی پێشوو لە سوپادا، تەنانەت هێزەکانی پێشووی هۆتۆ، بە ڕۆحی “هاودەنگی” و دیسیپلین، لە ڕێگەی چالاککردنی بەرنامەیەکی یەکگرتنی سەربازی چالاکەوە بوو کە ڕاستەوخۆ دوای شەڕەکە جێبەجێکرا. ئەو بەرنامەی “هاودەنگی”یە پێکهاتبوو لە وەرگرتنی پەروەردەیەکی سیاسی چڕوپڕ بۆ هەموو ئەندامانی سوپا، کە جەخت لەسەر وەبیرهێنانەوەی مێژوو و ڕۆڵی سوپای نەتەوەیی لە خزمەتکردنی وڵات بەبێ جیاوازی نەتەوەیی لەقۆناغى پێش کۆلۆنیالیزمدا، هەروەها جەخت لەسەر یەکێتی مێژوویی ڕوانداییەکان دەکاتەوە، جگەلە دروستکردنی پەیوەندی دۆستایەتی لەناو ئەندامانی سوپادا، لەڕێگەی پێکەوەژیان و کارکردن شانبەشانی یەکتر بەبێ جیاوازی ڕەگەزی، بە بڵاوکردنەوەیان لە کۆمەڵگەکانی پێشوویاندا، بۆ ئەنجامدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان لەنێو هاووڵاتیاندا، کە لەوێدا دەبنە یارمەتیدەر و بەشداری لە “بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی باش” لەبارەى یەکسانی و یەکگرتن لەژێر سایەى حکومەتی نوێدا دەکەن. بەم شێوەیە دامەزراوەی سوپا لەنێو ڕوانداییەکاندا بووەتە مۆدێلێکی هۆشیاری و پابەندبوون و یەکسانی.
“بەشدارى هاووڵاتیان لە حکومڕانیدا”
لە ساڵی (٢٠٠٠)ەوە دەستکرا بە پەیڕەوکردنى لامەرکەزییەت لە یەکە و دامەزراوە حکومیەکاندا، ئەوەش بە زیادکردنی بەشداریکردنی بەرفراوان لە دیزاینکردن و جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پڕۆژە و سیاسەتەکانی حکومەتدا بە تەواوى شێوەکانیەوە. لە ساڵی (٢٠٠٢)ەوە بۆ دووەمجار هەڵبژاردن لە هەموو ئاستەکانی وڵاتدا بەڕێوەچووە- لە شارەکان، شارۆچکەکان و گوندەکاندا-.
لەلایەکى دیکەوە بەرنامەیەک بۆ دووبارە وتنەوەى مێژووی ڕواندا خرایەڕوو، کە لەسەر بنەمای لێبوردەیی بوو نەوەکو لەبیرکردن، بەتایبەتی لەو “کەمپە هاوپشتییانەی” کە حکومەتی نوێ لەدوای ساڵی (١٩٩٤)ەوە دروستیکردبوو، دواتر ئەو کەمپانە بە قەبارەیەکی بەرفراوان بڵاوکرانەوە تاوەکو هەموو هاووڵاتیان بگرێتەوە. ئەم کەمپانە تاک و گرووپە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاى تێکەڵدەکرد، بەمەبەستى ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی بچووکی ناوچەیی، بۆ دروستکردنی ژینگەیەک کە تیایدا هەموو هاووڵاتیان شانبەشانی یەکتر کاربکەن.
ئەو گۆڕانکاری و چاکسازییانە هاوتەریب لەگەڵ دامەزراندنی “لیژنەی نیشتمانی بۆ یەکڕیزی و ئاشتەوایی” و دەرکردنی یاسای نوێ بوو، کە دەربڕینی جیاوازی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بە تاوان هەژمار دەکرد. لەم بوارەشدا ئۆردوگاکانی هاوپشتی لە ڕێگەی بەشداریکردنی ناچارییەوە، بۆ گۆڕینی هەڵوێست و عەقڵیەتی هاوڵاتیان ئامرازێکی گرنگ بوو، تەنانەت قوتابیان و خوێندکارانیشى لە هەموو ئاستەکاندا دەگرتەوە. جگەلەوانەش دادگای کۆمەڵگاى ناوچەیى (گاکاکا/ Gacaca) بۆ جێبەجێکردنى دادپەروەری دروستکرا، لەڕاستیدا ئەم دادگایانە وەرچەرخانێکی نمونەیى لە کۆمەڵگادا هێنایە ئاراوە، لە ماوەی حەوت ساڵدا لەدوای ساڵی (٢٠٠٢)ەوە زیاتر لە (١١) هەزار دادگای ناوخۆیی بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە سەد هەزار دادوەرى نایاسایى کاریان تێدا دەکرد، بۆ دادبینى و بڕیاردان لەسەر زیاتر لە یەک ملیۆن کەیسی جینۆساید، لەگەڵ ئامادەبوونی ناچارى کۆمەڵگەی ناوخۆیی، ئەم دادگایکردنانە هەموو هەفتەیەک ئەنجام دەدران.
دادگاکانی “گاکاکا” یارمەتیدەر بوون لە زیادکردنی هەستی نەرێنی لە بەرامبەر دابەشکارییە نەتەوەییەکان لە وڵاتدا، چونکە دووبارە و سێبارە ئازار و تاوانەکانی شەڕەکەی ساڵی (١٩٩٤) بەبیر ڕواندییەکان دەهێنایەوە، “گاکاکا” بەم شێوەیە توانی هەست و سۆزی ڕواندییەکان بەرەو پەیڕەوکردنى یەکڕیزى نەتەوەیی و دەستبەرداربوون لە ناسنامەی نەتەوەییان ئاراستە بکات. جگەلە دادگاکانی “گاکاکا”، دەستپێشخەری حکومیی دیکەش هەبوون کە لەسەر بنەمای بەشداریکردنی ناوخۆیی دامەزرابوون و دواتر کرانە ناچارى لە کۆمەڵگادا، زۆربەیان بوونە ڕێوڕەسمی مانگانە لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبران؛ بۆ نموونە ئوموگاندا (Umuganda) کە دەستپێشخەرییەکی خودى بوو لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی هاوکاری و یارمەتی لەنێوان خێزان و هاوڕێ و دراوسێکاندا دامەزرا، بووە ئامرازێک بۆ ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و کلینیکەکان و ژێرخانی دیکە لە کۆمەڵگەی ناوخۆییدا.
ئەو بەرنامەیە دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان و ڕاوێژکردن لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان، جگەلە گفتوگۆکردن لەسەر پرسە ناوخۆییەکان کە بۆ چارەسەرکردنیان پێویست بوو بگەیەنرێتە حکومەت. ئەمەش بووە ڕێبازێکی گشتگیر و خەڵک سەنتەری، ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتەکانی کۆمەڵگا و دەوڵەتدا داکوتا. بووە هۆى زیادبوونی دۆخی چاودێری کۆمەڵایەتی لەسەر ئەدای حکومەت و دامەزراوەکان. دەستپێشخەرییەکی دیکە دامەزراندنی بەرنامەی ئیمیهیگۆ (Imihigo) بوو، وەک بەرنامەیەک بۆ دڵنیابوونەوە لە لێپرسینەوە لە کار و ڕەفتارەکانی حکومەت داڕێژرا، بە ئامانجى باشتر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەت بە هاووڵاتیان و بەدەمەوەچوونى پێداویستییەکانیان. لەچوارچێوەى ئەو بەرنامەیەدا کەسانێک – لە هەموو ئاستەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدا- ئامانجی کارەکانیان بە شێوەیەکى ئاشکرا بۆ ماوەیەکى کاتی دیاریکراو لەبەردەم خەڵکیدا دادەنێن، پاش تەواوبوونی ئەو ماوە دیاریکراوە، ئینجا بەرپرسەکە بە شێوەیەکی شەفاف دەکەوێتە ژێر چاودێری و لێپرسینەوەى ئەندامانی کۆمەڵگاکەیەوە، ئەمەش باشتر بەڕێوەچونى پڕۆژەکان و جێبەجێکردنیان بەشێوەیەکى پیشەییانە مسۆگەر دەکات.
لەلایەکى دیکەوە پرۆگرامی ئوموشیکیرانۆ (Umushyikirano) دانرا، تاوەکو ببێتە مەکۆیەکی ساڵانە و دامەزراوەیەکی ناوازەی ڕواندا بۆ گفتوگۆی نیشتمانی. ئامانجی کۆڕبەندەکە گەیشتن بە حوکمڕانییەکی بەشدارانەیە، کە تیایدا هەموو هاووڵاتییەک هەست بەوە دەکات کە بەشێکە لە کارنامەی گەشەپێدانی نیشتمانی. بەرنامەی ئوموشیکیرانۆ بۆ ئەوە دانراوە کە هەموو ڕوانداییەکان پێکەوە کۆبکاتەوە، بەمەبەستى پێداچوونەوە بە دۆخی نەتەوە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هەروەها بۆ ئاڵوگۆڕکردنى بیرۆکە و ئەزموونەکان لەبارەى شێوازی کارکردنی دەوڵەتەوە.
“گرنگیدان بە ژنان”
پێشخستنی مافەکانی ژنان بووەتە بەردی بناغەی پلانەکانی گەشەپێدانی ڕواندا، هەروەها بووەتە پێوەرێکی گرنگ بۆ سەرکەوتنیان. چونکە دوای شەڕەکە، ژنانی ڕواندا خۆیان لە هەموو بوارەکان و لە هەموو ئاستەکاندا بەهێزتر کرد. لە ئەنجامی ئەو دیدە نوێیەدا؛ ئێستا ڕواندا لەسەر ئاستى جیهان بەرزترین ڕێژەی ژنانی لە پەرلەماندا هەیە، بەجۆرێک ژنان (٥٦%)ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان داگیرکردووە. لەوبارەیەوە توێژەر ویلبەر (Wilber) ئامۆژگاری پێشکەش بەو وڵاتانە دەکات کە دەیانەوێت پراکتیکەکانی حوکمڕانی بەرز بکەنەوە، لەم بوارەدا لە ئەزموونی ڕوانداوە فێرببن. “ویلبێر” ڕوونیدەکاتەوە، دەستکەوتەکانی ڕواندا بەڕێکەوت نەبووە، بەڵکو لە دەرئەنجامی سیاسەتێکی ڕوون و ئامانجێکی دیاریکراوى حکومەتەکانی دوای جەنگدا بووە، چونکە “حکومەت ئەولەویەتی بە ژنان داوە، هەروەها لە هەموو ئاستەکانی سەرکردایەتی و دەوڵەتدا بەرنامە و پرۆسەی داڕێژراوى بۆ پێشکەوتنیان جێبەجێکردوە”. لەلایەن دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەوە بەگشتی، دان بە قوربانیدانی ژنان و گرنگی ڕۆڵی ئەوان لە بنیاتنانەوەی دەوڵەتدا دەنرێت، هەروەها بەشدارییان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا بەرز دەنرخێنرێت.
سەرچاوە: ئەم راپۆرتە پوختەى توێژینەوەیەکى تارق ناسیفە بەناونیشانى (رواندا: من الحرب الاهلیە الى التنمیە الشاملە)، کە لە (6/ئایار/2020) لەلایەن (مرکز حرمون للدراسات المعاصرە) بڵاوکراوەتەوە.