“پێشه‌کی”
له‌م ڕۆژانه‌دا دیسان بابه‌تی هاوسه‌رگیریی مسیار به‌هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌م هاوسه‌رگیرییه له‌لایه‌ن مه‌لایه‌کی دیاره‌وه هاته‌وه ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وه‌کوو ده‌رده‌که‌وێت و له دانپێدانانی خاتوونهکهدا ده‌بیستین به‌ڕێزیان هه‌موو شتێکیان له لایه‌ن ئه‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه‌وه له لایه‌ن مه‌لاکه‌وه بۆ ڕوون کراوه‌ته‌وه و ئه‌ویش هه‌ڵیبژاردووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌م دانپێدانان و حه‌کایه‌ته ده‌کرێت له نێوان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنێکی شه‌رعی یان هه‌ڵبژاردنێکی ساویلکانه‌دا تیۆریزه بکرێت، به‌ڵام له ڕاستیدا ده‌بێت بێینه‌وه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته که ئه‌گه‌ر مامۆستایانی ئایینی یان باشتره بڵێم ئه‌وانه‌یان وا باوه‌ڕیان به‌م شێوه له هاوسه‌رگیریی یان شێوه‌کانی هاوشێوه‌ی هاوسه‌رگیریی مسیار هه‌یه له ناو حاڵه‌تێکی سایکۆلۆژیی سێکسیزم و ئیرۆتیزمی بهڵگهمهندکراو به ئایین و گێڕانه‌وه ئایینییه‌کان ناژین، بۆچی ده‌یشارنه‌وه؟ یان ئه‌و خاتوونه‌ی که گه‌نجه و ته‌مه‌نی ڕه‌نگه سی ساڵی تێپه‌ڕاندبێت بۆچی بۆ شه‌وێک ده‌بێت به هاوسه‌ری که‌سێک؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م شیوازه له هاوسه‌رگیریی خاوه‌ن یه‌ک توخم و ته‌نها یه‌ک توخم بێت ئه‌ویش سێکسیزمه! دۆخ و هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ئابنۆرماڵ و نائاسایی که له لایه‌ن سیسته‌می خوێندنه‌وه‌ی پیاوسالارانه‌ی تێکست و نه‌سه دینییه‌کان تیۆریزه کراوه، به‌ڵام پرسیار ئه‌مه‌یه که بۆچی ئاوه‌ها کچانێ! مل ده‌ده‌ن به‌م سێکسیزمه؟ له درێژه‌دا من هه‌وڵ ده‌ده‌م به هێنانه‌وه‌ی باسێکی کورت له که‌سێکی ئایینی لایه‌نه پرسیارههڵگرهکانی ئه‌م به‌ناو هاوسه‌رگیرییه شی بکه‌مه‌وه.
“مسیار له نێوان گێڕانه‌وه‌ی شه‌رع و پێکهاته و به‌های کۆمه‌ڵگا”
هاوسه‌رگیریی مسیار وه‌کوو زۆر بابه‌ت و مژاری شه‌رعی گێڕانه‌وه‌ی جیاوازی له‌سه‌ره و، ده‌توانین بڵێین هه‌ندێ دژوازی و ناونانی جیاواز و جۆراوجۆری تێدایه که هه‌م له ڕووی شه‌رعییه‌وه خه‌ڵک به‌گومان ده‌کات و، هه‌میش له ڕووی به‌هاکانی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌وارییه‌وه نه‌گونجاو و ته‌م و مژاوی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ له زانایانی ئایینی له به شه‌رعیی له قه‌ڵه‌می ده‌ده‌ن، به‌ڵام له لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی باڵای فه‌توای یه‌کێتی زانایانی کوردستان وه‌کوو کرده‌یه‌کی نه‌گوجاو له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا باسکرا، به‌ڵام هه‌م له ڕووه شهرعییهکهیدا کۆمه‌ڵێک گێڕانه‌وه و نایه‌کانگیریی هه‌یه و هه‌میش هه‌موو ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه‌کانی له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانی و ته‌نانه‌ت ئاسایشی نیشتمانیش بۆ کوردستان له‌به‌رچاو نه‌گیراون. “ئیحسان بورهان ئه‌لدین” له وتارێکدا له ژێر ناوی “ئایا زه‌واجی مسیار له ڕووی شه‌رعه‌وه دروسته؟” هه‌ندێ لایه‌نی فیقیهی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقیی بابه‌ته‌که‌ی باسکردووه، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه کۆی ئه‌و شتانه‌ی که بۆ ڕیفۆرمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ها که له کۆمه‌ڵگاکانی وه‌کوو کۆمه‌ڵگای کوردی ئایین و مه‌لا و مزگه‌وت ده‌سپێشخه‌ریی بۆ ده‌که‌ن ناگرێته‌وه و ده‌بێ وه‌کوو وتم لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هاکانی کۆمه‌ڵگای کوردی و ته‌نانه‌ت سیاسی و ڕه‌هه‌ندی ئاسایشی نیشتمانیشی تێدا ڕوون بکرێته‌وه، به‌ڵام بۆ زیاتر شیکردنه‌وه و ڕوونبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌کانی ئه‌م بابه‌ته له درێژه‌دا هه‌ندێ سه‌رنج و هه‌ڵوێسته له قه‌واره‌ی پرسیاردا گه‌ڵاڵه ده‌که‌م.
نوسه‌ری ناوبراو له ناساندنی زه‌واج یان هاوسه‌رگیریی مسیار ده‌نووسێت؛ “زه‌واجی مسیار له کتێبه‌کانی فیقهدا به‌ر له ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمان به‌م ناوه باسی نه‌هاتووه، به‌ڵام پێناسه‌که‌ی به هه‌ندێ ناوی تری جیاوازه‌وه هاتووه و حوکمیشی باسکراوه.” نوسه‌ر له درێژه‌دا ده‌ڵێت: “زه‌واجی مسیار یان مصیاف، یان زه‌واجی سیاحی یان زه‌واجی(النهاریات) به واتای هاوسه‌رگیریی ڕۆژانه، بریتییه له‌وه‌ی که پیاوێک هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێک ده‌کات و مه‌رجی له‌گه‌ڵ ده‌کات که په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیرییان به ڕۆژ پێکه‌وه ده‌بێت و به شه‌وان له لای نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو له لای ژنی یه‌که‌می ده‌مێنێته‌وه، به کورتی ئه‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه شاردنه‌وه و ئاشکرانه‌کردنی مه‌به‌سته له لای پیاوه‌که و ئه‌گه‌ر ئیعلانیش بکرێت له بازنه‌یه‌کی سنوورداری خزم و هاوڕێی زۆر که‌مدا ده‌بێت و زۆر جار ئافره‌تیش له‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه‌دا له مافه‌کانی خۆی وه‌ک مافی نه‌فه‌قه و مانه‌وه‌ی شه‌و و دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون خۆش ده‌بێت و ته‌نازولی بۆ ده‌کات”.
سه‌ره‌تا ده‌بێ باسی ئه‌وه بکه‌م که به گشتیی کۆمه‌ڵگای کوردی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیسلامییه، به‌ڵام به‌و مانا نییه که ئیسلامێک که ئێسته و له‌م دۆخه کۆمه‌ڵایه‌تی، خێزانی، سیاسی و ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ییه‌ی ئێمه‌دا هه‌یه وه‌کوو ئیسلامێک بێت له ڕووی بڕیار و ئه‌حکامه‌کانی شه‌رعه‌وه که هه‌زار ساڵ پێشتر له ئێسته هه‌بووه، کۆمه‌ڵگای کوردی ئه‌گه‌رچی وه‌کوو باوه‌ڕ زۆرینه ئیسلامین، به‌ڵام ئیسلام وه‌کوو بژارده‌ی تاکه‌که‌سی له به‌شێکی زۆری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا جێگه‌ی خۆی وه‌رگرتووه و له ڕووی کولتووری و مه‌عریفه‌ی گشتی و هه‌ڵبژاردنی تاکه‌که‌س بۆ ژیان و شێوه ژیانی ئێمه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین عه‌لمانییه‌ت و سیکۆلاریزمێکی ته‌واو ئه‌وا ده‌توانین بڵێین شه‌پۆلێکی قورس و قاییمیمان به‌رکه‌وتووه و جۆرێک له مۆدێڕنیتهمان ئه‌زموون کردووه. له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌ده‌ر له شه‌رعی و ناشه‌رعیبوونی ئه‌م جۆره له هاوسه‌رگیری ئه‌سته‌مه هه‌ندێ ئه‌حکامی شه‌رعی له‌م چه‌شنه له ئێسته‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا پراکتیزه بکرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ش هه‌ندێ به‌ها و بنه‌مای خێزانی و پێکهاتی خێزان دوای سه‌دان ساڵ وه‌کوو بنکه و پێگه‌یه‌کی پیرۆز هه‌ر وه‌ک خۆی ماونه‌ته‌وه و ئێمه ده‌شێت بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ی ئه‌م پرس و بابه‌ته به‌ر له ڕه‌تکردنه‌وه و به‌ر له په‌سه‌ندکردن پرسیاره پێویست و شایسته‌کانی په‌یوه‌ست به بابه‌ته‌که گه‌ڵاڵه بکه‌ین و بیدۆزینه‌وه، هێنده بابه‌ته‌که شه‌ن و که‌و بکه‌ین تاکوو ئه‌و شته‌ی که له ڕوانینی یه‌که‌مدا وه‌کوو مه‌ترسی یان نامۆبوون یان هه‌ر ناوێکی تر له حوکم و ڕیفۆرمه‌که وه‌ریده‌گرین ڕوون بکرێنه‌وه و به چاک و خراپ لێمانه‌وه ئاشکرا بێت.
له‌م بڕگه‌یه‌ی یه‌که‌می نووسه‌ردا سێ خاڵی گرینگ هه‌یه که ده‌توانین له‌نگه‌ریان له‌سه‌ر بگرین و وه‌کوو پرسیار گه‌ڵاڵه‌یان بکه‌ین، یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێت “پیاوێک هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ژنێک ده‌کات و مه‌رجی له‌گه‌ڵ ده‌کات که په‌یوه‌ندی هاوسه‌رگیرییان به ڕۆژ پێکه‌وه ده‌بێت و به شه‌وان له لای نامێنێته‌وه” ئایا خودی ئه‌م حاڵه‌ته بۆ ژنی یه‌که‌م به‌دواداهاتی ده‌روونی و ته‌نانه‌ت ئه‌خلاقیشی لێ ناکه‌وێته‌وه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان ڕه‌گه‌زی ژن که ڕه‌گه‌زێکی هه‌ستیار و عاتیفین و له هه‌مانکاتدا لانکه‌ی په‌روه‌رده‌ی مناڵ و داهاتوون ناخاته ژێر گوشار و ململانێیه‌کی ده‌روونییه‌وه؟ ئه‌مه ئایا بۆ ژنی دووهه‌میش که له ژێر ناوی هاوسه‌رگیری مسیار دێته ناو کایه‌که‌وه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له ڕووی ئاسیو و زه‌خت و گوشاری ده‌روونی کاریگه‌ری ناکرێته سه‌ری؟ دواتر له درێژه‌دا ده‌خوێنینه‌وه: “به کورتی ئه‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه شاردنه‌وه و ئاشکرانه‌کردنی مه‌به‌سته له لای پیاوه‌که و ئه‌گه‌ر ئیعلانیش بکرێت له بازنه‌یه‌کی سنوورداری خزم و هاوڕێی زۆر که‌مدا ده‌بێت”، په‌یوه‌ست به‌مه ده‌شێت بپرسین ئایا خودی ئه‌م ئاشکرانه‌کردن و شاردنه‌وه‌یه ده‌لاله‌تێک نییه بۆ نادروستبوون یان دروستبوونی له دۆخی زۆر دانسقه و تایبه‌تدا؟ ئایا خودی ئه‌مه نابێته هۆی شاردنهوهکاریی له زۆرێک له هه‌ڵسووکه‌وته‌کانی ئه‌و پیاوه‌ی که ده‌چێته ناو ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌وه؟ واته سایکۆلۆژییه‌تی ئه‌و که‌سه چون عورف و ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی بۆ گرینگه به‌شێک له وزه‌ی ده‌روونیی و هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی تایبه‌ت ده‌درێت به شاردنه‌وه‌ی ئه‌م کاره، ئه‌گه‌ر ئاشکرا بێت چی؟ ئایا داده‌نیشێت و ڕاستییه‌کان باس ده‌کات یان ناچاره درۆ بکات؟ ئه‌گه‌ر ڕاستییه‌که‌یان پێ بڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه لێی پرسی ئه‌گه‌ر کاره‌که‌ت دروسته سه‌ره‌تا بۆ شاردووته‌وه چ ده‌ڵێت؟ لێره‌دا له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه و ده‌ربڕینی ڕاستی و درۆ و ڕاستی و لۆژکی و ئه‌خلاقیبوونی بابه‌ته‌که پیاوه‌که ده‌که‌وێته چه‌ند ڕیانێکهوه.
له به‌شی دیکه‌ی ئه‌م نوسینه و هه‌ر له بڕگه‌ی یه‌که‌مدا ده‌خوێنینه‌وه “زۆر جار ئافره‌تیش له‌م جۆره هاوسه‌رگیرییه‌دا له مافه‌کانی خۆی وه‌ک مافی نه‌فه‌قه و مانه‌وه‌ی شه‌و و دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون خۆش ده‌بێت و ته‌نازولی بۆ ده‌کات”. ئایا ئه‌م “ته‌نازولکردنه” بژارده‌یه‌کی ئازاد و نا زۆره‌ملییه بۆ ژنه‌که؟ یانی به ڕاستی ژنێک ده‌بێت به ژنی شاراوه و نهێنیی پیاوێک به شێوه‌ی ڕۆژانه و له مافی نه‌فه‌قه و دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون و مانه‌وه‌ی شه‌و ده‌بوورێت، ئه‌ی ئیتر بۆچی هاوسه‌رگیریی کردووه له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که به پێێ شه‌رع و ته‌نانه‌ت عورفه‌که‌ی پیاو هه‌موو ئه‌و ئه‌رکانه‌ی له‌سه‌ره که جێبه‌جێی بکات؟ ئایا ئه‌مه به ڕاستی ته‌نازولکردنه یان تهنازولپێکردنه به دۆخ و شوێنگه‌ی پیرۆزی ژن وه‌کوو دایک و یار و هاوسه‌ر و هه‌ر له ئه‌زه‌لی خه‌لیقه‌ته‌وه بگره تاوه‌کوو ئێستا؟ ئایا کۆمه‌ڵگای ئێمه ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌یه له ڕێگه‌ی شه‌رعه‌وه ئه‌م باوه‌ڕه که‌ونینه پیرۆزه‌ی کورده‌واری واز لێ بێنێت و به ئاسانی مل بدات به‌م ئه‌حکامه یان نا، ئهحکامهکه زیاتر له‌وه‌یه که ئێمه ده‌یبیستین و بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت؟ ئه‌گه‌رچی له درێژه‌ی باسه‌که‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌دا زۆر شت باس کراون و لایه‌نه نه‌رێنی و ناباش و مهکرووههکانیش ده‌ستنیشان کراوه و کۆمه‌ڵێک مه‌رجی بۆ ئه‌و ژنانه که دێنه ناو پرۆسه‌ی هاوسهرگرییی مسیار داناوه له‌وانه قهیرهکچبوون، بێوه‌ژن بوون، نه‌بوونی سه‌رپه‌رشتیاری بنه‌ماڵه.
به‌ڵام ئه‌مه زیاتر لایه‌نه شهرعیهکهیهتی و پێم وایه به دروستیش ئه‌وانه خراونه‌ته ڕوو و هه‌وڵ نه‌دراوه شته‌کان په‌رده‌پۆش بکرێت بۆیه له درێژه‌دا ده‌ڵێت: “ئه‌م زه‌واجه سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی مه‌رجه شه‌رعییه‌کان، به‌ڵام مه‌به‌سته شه‌رعییه‌کانی تێدا جێبه‌جێ نابێت، نه سه‌قامگیری و نه سوکنایی و نه هه‌ستکردن به هه‌بوونی خاڵی هاوبه‌شی زۆر و نه خۆشه‌ویستی ڕاسته‌قینه و نه به‌زه‌یی و په‌روه‌رده‌کردنی مناڵ، ئه‌وانه بوونیان له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا نییه” و هه‌ر له درێژه‌دا ده‌ڵێت: “هه‌روه‌ها هه‌بوونی جۆرێک له سته‌م و نادادگه‌ری له‌سه‌ر ئافره‌ته‌که که به بێ خه‌رجی و دابین کردنی خانوو و مانه‌وه‌ی شه‌و ڕازی ده‌بێت که بێگومان له ناچاری به‌و نادادگه‌رییه ڕازی ده‌بێت نه‌ک خۆی حه‌ز به‌وه بکات”.
له درێژه‌دا تا شوێنێک باسه‌که ده‌بات که مهکرووهبوونی لای به‌شێک له زانایانی ئایینه‌وه قبووڵ کراوه و بۆ مرۆڤی موسڵمان شایسته نییه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م بابه‌ته مۆڵه‌ق و هه‌ڵپه‌سێردراوانه ده‌شێت بپرسین ئایا کۆی ئه‌مه نابێته هۆی تێکچوونی شیرازه‌ی بنه‌ماڵه وه‌کوو بنکه‌یه‌کی پیرۆزی په‌روه‌رده و هێوریی ده‌روونی منداڵ و پێکهێنانی نه‌وه‌ی داهاتوو؟ ئایا ئه‌مه نابێته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڵسوکه‌وت و ڕه‌وشت و حاڵه‌تی ژێروانکێکاری و شاردنهوهکاری له ژیانی خێزانه‌کاندا و پێکهاته‌ی خێزان و به‌پێی ئه‌وه‌ش پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا ناکاته ئامانج؟ ئه‌وکات هه‌موو ئه‌م شیرازه‌یه تێک بچێت شتێک به ناوی نیشتمان و دانیشتووانی ده‌مێننه‌وه تاکوو یه‌کتری به‌هادار بکه‌ن؟ که‌واته کۆی بابه‌ته‌که ده‌توانێت ئاسایشی نیشتمانی و ئه‌خلاق و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی بکاته ئامانج و شیرازه‌ی خێزان له کوردستان بخاته مه‌ترسییه‌وه مه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسیارانه و پراسیارانێكی دیکه که دێن و له‌دایک ده‌بن له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه وه‌ڵام بدرێنه‌وه، ئه‌وه‌ش نه‌ک ته‌نها وه‌ڵامێکی شه‌رعی و به‌پێی نه‌س و تێکسته شه‌رعییه‌کان به‌ڵکوو دروسته که وه‌ڵامه‌کانی ئه‌وان له‌گه‌ڵ تێڕامان و وه‌ڵامی کۆمه‌ڵناس و توێژران و ده‌رووناسه‌کان لێک بدرێت و حورمه‌ت و که‌رامه‌ت و پیرۆزیی ژن له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا که دونیایه‌ک ڕه‌وت و بزاڤی داکۆکیکار و وشیاری ژنانی تێدا گه‌یشتووته ترۆپک نه‌شكێت و پارێزراو بێت.