گەلێک شکۆی زانایەکی دەشکێنێ و ئەوی تریان بەرز ڕادەیگرێ
باس لە دوو زانای فیزیا و فەلەکناسی دەکەین، هەردووکیان لە سەدەی حەڤدە لە دایک بوون، یەکێکیان لە کوردستان، ئەویتریان لە ئینگلستان، دایەخاسێی شێخ حەسەن نووسەر و زانایەکی گەورەبوو، هانای دایکی ئیسحاق نیوتنیش ڕۆڵی گەورەی لە پەروەردەکردنی کوڕەکەیدا هەبوو. هەوڵ و زانستەگەردونناسییەکانی شێخ حەسەنی گڵەزەردە لە فەلەکناسی و جوڵەی مانگ و رۆژ و دیاریکردنی وەرزەکانی ساڵ و چلە و سەرەتای رەمەزان و جەژنەکان کارێکی زانستی فەلەکناسی هێندەگرنگن، نەک لە بەشەکانی فیزیای زانکۆکانی کوردستان، بەڵکو ئێستا دەبوو لە پڕۆگرامەکانی قۆناغەکانی خوێندنیش بخوێندرایە و ناوی بە نەمری بمایەتەوە.
ئیسحاق نیوتن لەبن دارێک دانیشتبوو سەرنجی بۆ کەوتنە خوارەوەی سێوێک لە دارسێوێکدا، و بیردۆزەی کێشکردن و ڕاکێشانی زەوی لەسەردانا، نیوتن لەناو گەلی ئینگلیزبوو، چونکە ڕێز و قەدریان زانی، خەڵکی تریش لە جیهان قەدری زانی و ئەوەتا لەناو کتێب و پڕۆگرامەکانی خوێندنی وڵاتی ئێمەشدا هەمووان دەیناسن.
بەڵام بەداخەوە شێخ حەسەن و چەندین زانای فەلەک و فیزیاناسی کورد وەک شێخ حەسەن و نەوەکانیشی کە پەروەردەی حوجرە و مەدرەسەکانی مزگەوتەکانی کوردستانن چەندین ساڵ بەدرێژایی شەو و ڕۆژ هەموو گزنگ و خۆرئاوابوونێک لە ڕوانگەکەی سەر شاخی بەرانان و دەلاقەی مزگەوتەکەی گڵەزەردەوە کارێکی گرنگی زانستی فەلەکناسییان کرد و نەک هێزی ڕاکێشان بەڵکو هەسارەکان و گەلە ئەستێرەی کاکێشانیان پشکنی. کەچی لەناو گەلەکەی خۆیان ڕێزیان لێناگیری، بەڵکو هەر لەگەڵ نزیکبوونەوەی هاتنی ڕەمەزان و جەژنان چەندین پێگەی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەشۆکییەکی زۆر گاڵتە بەم زانستە و گڵەزەردە دەکەن. لەبەرئەوەیە نیوتن بە کەوتنە خوارەوەی سێوە ڕزیوێک هەموو جیهان ناسی، و زاناگەورەکەی گەردونناسی و عیرفان و پزیشکی و کشتوکاڵ و زانستە دینی و ژینییەکان گاڵتە بە کەلەپورەکەی دەکرێ.
گڵەزەردە و شێخ حەسەن و ڕوانگەکەی شایەنی ڕێز و نووسینەوەی مێژووەکەی و ناساندنن و دەبێت بخرێنە پڕۆگرامەکانی خوێندنەوە.
خۆشبەختانە لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا بە هاوکاری خزمانی گڵەزەردە و نەوەکانی شێخ حەسەن و مامۆستایانی بەشی شوێنەوار بۆ ئامادەکردنی دۆکیومێنتارییەکی شایستە بە گڵەزەردە و کارە زانستی و گەردوونناسییەکان و مێژووەکەی لە گڵەزەردەبووین، و فلیمێکی بەڵگەنامەیی گرنگمان بۆ زنجیرە دۆکیومێنتاری زاگرۆسی دێرین ئامادەکرد و دوای جەژن لە کەناڵی کوردسات پەخشی دەکەین.
وێنە: ڕوانگەکەی گڵەزەردە و یەکێک لە هەرە وردیلەترین نەوەکانی لە گڵەزەردەوە بۆ سلێمانی دەڕوانێ