کۆمەڵگا؛ کۆی مرۆڤانێکە کە ھەمان ئایدیا و کوولتور و ئایین کۆیان دەکاتەوە، ھەر کۆمەڵگایەک بەشدارە لە درووستبوونی نەتەوە و دەوڵەت و دەسەڵاتی سەربەخۆ . کۆمەڵگا، واتە کۆکەرەوەی تایبەتمەندییە لێکچووەکانی مرۆڤ، جا بە شێوەیەکی بایۆلۆژی بێت یان ئایدیۆلۆژی بێت، لە ناوچەیەکی دیاریکراوە کە ژینگەیەکی تایبەت بەو کۆمەڵگایە دەخوڵقێت، لەو ژینگەیەدا کوولتور و ئایین و ئایدیاکان بە پێی تایبەتمەندی کۆمەڵگاکە سەرھەڵدەدات و دروستبوونی کۆمەڵگاش ویستی مرۆڤ بووە “ژان ژاک ڕۆسۆ” لە بارەی تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتییەوە دەڵێت: تاکەکان واز لە ژیانی تاکگەرای خۆیان دێنن و بە گوێرەی گرێبەستەکە کۆمەڵگای سیاسی بنیات دەنێن، ھەریەک لەو تاکانە سازش لە ئازادی سرووشتی خۆی دەکات و لە بەرامبەر دەستخستنی ئازادی مەدەنی نوێ، کە تێیدا پاراستنی کاتەکان و یەکسانی نێوانیان دەستەبەربێت” ھەر بۆیە مرۆڤ کۆمەڵگای درووستکرد. جا گەر کۆمەڵگا لە دۆخێکی جێگیری ئایدیا بێت، واتا ئایدیاکە لەگەڵ سرووشتی کۆمەڵگاکە بگونجێت یان گونجاوی لە جیاوازی ئایدیاکان ھەبێت ئەوا کۆمەڵگایەکی ئارام و جێگیر بنیات دەنرێت، بەڵام گەر نەگونجانی ئایدیا لە کۆمەڵگا یان ئایدیایەک پێچەوانەی سرووشتی کۆمەڵگاکە بێت، ئەوا بەشدار دەبێت لە سووڕی نوێبوونەوە کە سوڕێکی خۆڕسکی گەردوونییە تێیدا کۆمەڵگاش وەک ھەر سووڕێکی سرووشتی گەردوون لە خۆ نوێکردنەوەدا دەبێت، سەردەم دوای سەردەم کۆمەڵگا لە نوێبوونەوەدایە بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ دۆخی ژیانێکی نوێ و کەشێکی جیاوازتر لە جاران، کە ھەمان ئەو دۆخەیە بەسەر تەواوی کردارەکانی گەردووندا دێت. ئەمە جگە لە دەست تێوەردانی دەسەڵاتە سیاسییەکان، بە تایبەت دەسەڵاتی سیاسیی دراوسێکان لە ناوچەیەکدا کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت و سووڕی نوێبوونەوە سرووشتییەکە دوادەخات و دەچێتە دۆخێکی ترەوە، بەڵام دووبارە و بەپێی تێپەڕبوونی کات کۆمەڵگا دەست دەکاتەوە بە خۆ نوێکردنەوە .
سووڕی نوێبوونەوە؛ سووڕێکی سرووشتی گەردوونییە کە بەسەر تەنەکانی گەردووندا دێت، کۆمەڵگاش وەک بەشێک لەو گەردوونە ھەمان سووڕ لە خۆ دەگرێت. سووڕی نوێبوونەوە وەک دەستەواژەیەکی نوێ بەکاری دێنین تا باشتر لە خۆ نوێبوونەوەی کۆمەڵگا تێبگەین و درک بەوە بکەین کە گونجان یان نەگونجانی ئایدیاکان لەگەڵ کۆمەڵگای کوردی چۆن دەگوزەرێت، تێبگەین کە سووڕی نوێبوونەوە لە کام باردا پێویستە، ئەو کاتانەی کۆمەڵگایەک نەگونجان لە ئایدیایدا ھەیە پێویستی بە خۆنوێکردنەوەیەکی سرووشتییە، چوونکە خۆنەگونجان وەک بارێکی ناھەموار وایە کە دەبێت دووبارە خۆی نوێ بکاتەوە تا بگونجێت، واتا کاتێک تاکەکان ھەمیشە لە باری یەکتر قبووڵ نەکردندا نەگونجان دروست دەبێت، لێرەدا باسی خۆ نوێکردنەوەی جیھانی ناکەین کە ئێستا جیھان بەو قۆناغەدا دەڕوا لە جەنگی نێوان (کاپیتالیزم و شارستانییەت) دا کە وەک ھاودژی وایە، بەڵکوو لە بابەتەکەدا جەخت لەسەر خۆ نوێکردنەوەی کۆمەڵگایەکی کوردی دەکەینەوە کە ڕیزبەندییەکانی بەپێی ڕیزبەندە جیھانییەکە نەبڕیوە ئەویش ڕیزبەندییەکی سەردەمییە لە جیھاندا کە تێیدا مرۆڤایەتی بە چەند سەردەم و قۆناغێکدا ڕۆیشتووە وەک “کلاسیک، مۆدێرن، پۆستمۆدێرن، پۆسپۆسمۆدێرن” کە ئێستا جیھان لە سەردەمی پۆسپۆسمۆدێرنە.
کوردستانی گەورە لە ساڵی ١٩٢٣ لە پەیماننامەیەکدا دەکرێت بە چوار پارچە، ھەر پارچەیەک و دەکەوێتە کەشێکی جیای دەسەڵاتداری و خنکاندنی کوولتور و فەرھەنگەکەی، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە کورد لە زمان و فەرھەنگ و کوولتوری خۆی جیادەکەنەوە، واتا لە بۆشاییەک و بەتاڵییەکی فەرھەنگیدا دەیھێڵنەوە و دواتر وردە وردە ئایدیای کوردیان پڕکرد لەوەی کە مەبەستیان بوو، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٢ ھەرێمێک درووست دەبێت کە تەواوی پارچە داگیرکراوەکەش نییە کە لەلایەن ئێراقەوە داگیرکراوە و بچوکیش دێتە پێش چاو لە چاو ئەو خاکە گەورەی داگیرکراوە. ئەویش حکومەتی ھەرێمی کوردستانە کە دەبێتەوە ھیوایەک بۆ کوردانی ھەر چوار پارچە، واتا ئەو ھەرێمە ھیوایەک بوو بۆ دووبارە درووستکردنەوەی شارستانییەتێکی کوردیی، بەڵام ئەم ھەرێمە لە کۆمەڵگایەک پێکدێت کە تێیدا ھەندێک لەو قۆناغانەی باسم کرد پێیدا نەڕۆیشتووە، یەکسەر کەوتۆتە سەردەمێک پێی دەگوترێت؛ “پۆسپۆسمۆدێرن” ئەم سەردەمە سەردەمێکی نوێیە بۆ سرووشتی گۆمەڵگای کوردی، خۆگونجاندنی کورد لەگەڵ ئەم سەردەمەدا تا ڕادەیەک ھاوژدی و ترس و نەگونجانی درووستکردووە، چونکە مرۆڤ گەر بە قۆناغەکاندا نەڕوات توانای قبووڵ کردنی سەردەمێکی نابێت کە زۆر دوورە لێوەی، ناتوانێک لەگەڵیدا سازش بکات، بەڵکوو لە فۆرمێکی ڕواڵەتبازیدا دەمێنێتەوە.
ئەم قۆناغانە وا لە مرۆڤ دەکەن وردە وردە بە گۆڕانکارییەکان ڕابێت خۆی ھەر سرووشتی گەردوون وایە بە پێی کات و وردە وردە کار لەسەر گۆڕانکاری دەکات، بۆیە کۆمەڵگاش وردە وردە خۆی لە گۆڕانکارییەکان دەبینێتەوە، بەڵام گەر لەناکاو سەردەمێکی جیاواز بۆ کۆمەڵگایەک بێتە پێش ئەوا بەرکەوتەکان زۆر تووندتر دەبنەوە ھاو دژی و لێک نەگەیشتن سازش نەکردن رودەدات شێوە ڕواڵەتخوازییەکەی زیاتر تێدا بەدەر دەکەوێ چونکە ھیچ بنەمایەکی نیە و ھیچ شتێک بەیەکیانەوە نابەستێتەوە بێجگە لەوەی کە توانای قبووڵکردنی یەکتریشیان نابێت و سیستمە دەروونیی و فکرییەکان تێک دەئاڵێن و دەشێوێن، بەھۆی ئەمە سرووشتی کۆمەڵگاکە ناچارە دەست بکات بە خۆ گونجاند لەگەڵ دۆخەکە و خۆی لە نوێکردنەوە ببینێتەوە کە تێیدا ئایدیاکان پوچەڵ دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات دەسەڵاتە سیاسییەکان ھۆکار نەبن بۆ ڕاگرتنی دۆخەکە لە ھەمان بارودۆخە نەگونجاوەکەدا.
ئایدیاکانمان یان ئایدیا؛ لە فەلسەفەدا ئایدیا شیکاری وردی بۆ کراوە، ھەرچەندە “ئەفلاتوون” بە یەکەم فەیلەسوف دادەندرێت کە باسێکی وردی لە ئایدیا کردووە، ئایدیا بەو وێنەیە دەگوترێت کە لە زەینی مرۆڤ دروست دەبێت لە کاتی بیرکردنەوە، بۆ پۆڵاند و تێگەیشتنە لە دونیادا بۆیە مرۆڤ ھەموو شیکارییەکانی ژیانی لە ڕێگەی بوونی ئەو ئایدیایانەوە درووست دەبێت ئایدیاش جگە لەوەی بە شێوەیە خۆڕسکی لە ڕێگەی کردار و بەرکەوتەکانی دەوروبەر دروست دەبێت دەتواندرێت بە شێوەیەکی دەستکرد و بەرژەوەندی خوازانە دروست بکرێت و لە کۆمەڵگایەکدا پەرەی پێبدرێت وەکوو ئایدیای چەپەکان کە خۆڕسکانە ھاتە کایەوە، بەڵام لە دواتردا بۆ مەبەستی جیاجیا ھەر وڵاتێک بۆ مەرامی خۆی گۆرانکاری تێداکرد و بەکاری ھێنا، بۆیە دەتوانین بڵێین: مرۆڤ لە دەوروبەریدا توانایەکی وەرگری باشی ھەیە، بە ھەمان شێوە کە وەری دەگرێت دەیداتەوە و شێوازی ئەو وێنایە بۆی درووست دەبێت بە پێی وەرگرتنەکەیە، واتا کە چۆن ئایدیاکەی وەرگرتووە چۆن بەر ھەست و فکری کەوتووە، بەم شێوەیە ئایدیایەک بۆ مرۆڤەکە درووست دەبێت لەسەر ئەو ئایدیایە دەژێت و ڕاوبۆچوونەکانی دەردەبڕێت. بۆیە تێگەیشتن لە ئایدیا تێگەیشتنە لە کۆمەڵگا و لە سرووشتی کۆمەڵگاکە چونکە دەتوانین بە جۆری ئایدیاکە سرووشتی کۆمەڵگا شارەزابین، ئەمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سرووشت کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر مرۆڤەوە ھەیە، واتا جوڵە و شێوازی ئاڵوگۆڕی تەنەکانی گەردوون چۆن بن مرۆڤیش بەھەمان شێوەیە کەواتە ئەو کاریگەرییانەی لە ئایدیاوە دەگوازرێنەوە بۆ سرووشتی کۆمەڵگا یان بە پێچەوانەوە دەتوانن ھەمان کاریگەری بخوڵقێنن، وەکوو ئەوەی لە گەردووندا ئەم ئاڵوگۆرییە بۆ ھەموو شتەکان ھەیە، ژیان بەم ئاڵوگۆڕیە دروست بووە کە بەسەر یەکەوە ھەیانە، ئیتر لەمانەوە وردە وردە جیاکاری سرووشتی جیا بەرھەم ھاتووە.
گەر بێین خوێندنەوەیەک بۆ ئەو ئایدیایانە بکەین کە لەناو کورددا ھەن و سەرھەڵدەدەن دەتوانین بەمە لە دۆخە ناھەموارەکەی کورد بگەین کە بە ھۆی ئەو ئایدیایانەوە چەندە لە بوونی خۆمان دابڕاوین، واتا کاریگەری ئایدیاکان چۆن زاڵن بەسەر بابەتە گرینگەکانەوە و بە ھۆی ئەوانەوە بابەتگەلی گرینگ فەرامۆشکراوە. کە دەڵێم ئایدیاکان مەبەستم بە گشتی ئایدیا نییە، چونکە ئایدیا ھەمیشە لە کۆمەڵگادا بوونی ھەیە، بەڵکوو مەبەستم ئەوەیە ئەو ئایدیایانەیە کە کاریگەری نەرێنیان ھەیە لەسەر تاکی کورد.
ئایدیا نەرێنییەکان لە کۆمەڵگای کوردیدا تا چ ڕادەیەک کاریگەرن؟ بە ھۆی نەبوونی بناغەیەکی گشتگیر و کاریگەری کوولتوری فەرھەنگی لە دۆخێکی بەتاڵیدا تاکەکانمان ژیان بەسەردەبەن، واتا کاتێک شارستانییەت بوونی نەبێت مرۆڤ نازانێت چۆن بژێت، بۆیە لە دۆخی وەرگرتندا دەبێت، واتا ھەر ئایدیایەکی پێشکەش بکەی لە دۆخە بەتاڵییەکەی خۆی پێی باشترە و ڕێک دەبێتە وەرگرێکی باش و سۆفییەک بۆی، مەترسی ئەم وەرگرتنە لەوەدایە کە ئایدیاکە بە ھیچ شیکارییەکدا ناڕوات و گرنگی بەوە نادرێت بوونی ئەو ئایدیایە لە کۆمەڵگا تا چ ئاستێک کاریگەری نەرێنی دەبێت، مرۆڤەکە لەو بابەتە دوور دەخەنەوە کە گرینگە بۆی ئەویش نیشتیمانە. نمونەی یەکێک لەمانه؛ ئایدیای چەپەکان، چەپ یان چەپگەرایی سەرھەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ “سەردەمی شۆرشی فەرەنسا” کە ناوی “چەپ” ناوی لایەنێک لە دەست و پێوەندەکانی پادشا بوو کە پشتیوانی شۆڕشی فەرەنسا بوون. لە ئەنجامی نایەکسانیدا چەپڕەوی وەک یەکەم ھەنگاوی یەکسانی بە شێوەیەکی ھزری سەریھەڵدا، بەڵام ئایا ئەم جۆرەیان بۆ کەشی کوردستان لەبار بوو؟ کوردستان وەکوو گوتمان بە دۆخێکدا دەڕوا دەبێت ھەمیشە لە کۆکردنەوەیدا بین و دەبێت ئایدیاکانی کۆمەڵگاکەمان بەیەکەوە تەباییان بۆ بڕەخسێنن، تاوەکوو دۆخێکی دەسەڵاتداری نایەکسانی تێپەڕێنێت، بەڵام کوردستان ئەو دۆخەی تێنەپەڕاند و یەکسەر بێ دروستبوونی ماڵە گەورەکە کەوتە بەر درووشمی نایەکسانی، ھەوڵدان بۆ یەکسانی واتا لەناو خۆیدا خۆی کۆ نەکردبۆوە تا بکەوێتە بەر گۆڕانکارییە سرووشتییەکە، بۆیە ئایدیای کورد لە دروستکردنی ماڵە گەورەکە دوورکەوتەوە بۆ چەمکێکی تر کە ئەویش “یەکسانی و ئازادییە”، کە وا دێتە بەرچاو ئازادی لە دونیادا تەنھا دروشم بێت بۆ گۆڕینی دۆخەکە، چونکە شتێک نییە بەناوی ئازادی لەنێو گەردووندا، ھەموو شتێک لەژێر سیستمدا دەڕوات، ئەوەی پێی دەڵێین ئازادی گۆڕانی دۆخی کۆمەڵگایە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر.
دروشمی ئازادیش لە کوردستان ھەنگاوێکی نادیار بوو بۆ دوورخستنەوەی ھزری کورد لە ماڵە گەورەکەی، واتا خاکی کوردستانی گەورە و گۆڕانی دۆخی شۆڕشگێڕیی نیشتیمان بۆ شۆڕشگێڕی ئازادی، یەکەم بەرکەوتەی ئەم زەبرەش کە کاریگەرییان بەسەر کۆمەڵگاوە زۆر بوو ڕۆشنبیران و ھونەرمەندانی کورد بوون، چونکە ڕۆشنبیر و ھونەرمەند پێش کۆمەڵگا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھاندا دەگۆڕێن و کاریگەرییان بەسەرییانەوە دەبێت، بەڵام چونکە ھونەرمەند و ڕۆشنبیری کورد بناغەیەکی کوردانەی نەبوو و لەنێو شارستانییەکی کوردانەدا نەژیابوو بێ ھەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە ڕاستەوخۆ وەریانگرت و بوونە بەشێک لێی، بەڵام سەردەمێکی دیاریکراو تا ڕادەیەک دروشمی ئازادییان بە ئازادکردنی پارچەکان لەبن دەستی دوژمنان بەستەوە، کەچی ھەر زوو برایەتی گەلان ئەوەی ھەڵوەشاندەوە و ئازادی گرێدایەوە بە تاکەکەس و بەش بەش کردنی بۆ چەند چینێک وەک “ڕەوتی فێمێنیزمی” ئیتر بێجگە لەوەی ھاودژی ئایدیا سەریھەڵداوە، واتا بوونی دوو ئایدیای نەگونجاو و ناپێویست دۆخەکە خراپتر دەکەن وەک “دژبەرەکی ئیسلامی سیاسیی و عەلمانی-یان پیاو ژن یان ناکۆکی نێوان حزبەکان…هتد” ئەمانە دۆخە ھاودژییەکانن کە بوونیان ھیچ سوودێک بە درووسکردنی کۆمەڵگایەکی جێگر ناگەیەنێت، نەبوونیان گونجاوترە، دواتر وردە وردە لە ڕێگای کتێبەکان و وەرگێڕەکانەوە کۆمەڵێک چەمک ھاتنە کایەوە کە تا ئێستا نازاندرێت بوونی ئەم چەمکانە چین، بەڵام دەتوانین بۆ دۆخی ناجێگیری وەرگێڕەکان بیگەڕێنینەوە، چونکە خۆیشیان تا ئێستا دڵنیانین لەوەی کە پێویستە چۆن بن و چی بکەن.
ئێستا دەبێت ئەو سەردەمە بێت کە کوردستان خۆی ئامادە بکات بۆ سووڕی نوێبوونەوە، واتا بە گشتی کوردستان لە ئاڵۆزییەکی فکریدایە لەنێوان چەندان ھاودژییدا و کاریگەری ئەو ھاودژییەش لە ڕواڵەت و دەروونی ھەموو کوردێک دەردەکەوێت. بۆیە بوونی ئەم نوێبونەوەیە دەتوانێت یارمەتی دەربێت بۆ دووبارە بەردەوامی کۆمەڵگایەک کە وەک خاوەن یەکەم شارستانییەتی جیھان بژین و ببنە سەرچاوەی مێژوو بۆ جیھان. بۆیە کارکردن لەسەر ڕێکخستنی کۆمەڵگایەکی جێگیر و ئارام لە کوردستانی گەورە ئەرکی سەرشانی ھەموو دەسەڵاتدارێکی سیاسی و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندێکە، بەڵام ئایا ئەوان دەتوانن بەسەر ناجێگیری فکری خۆیان و دەروونیان زاڵبن کە بە ھۆی ئەو بەرکەوتە تووندانەی ناو کۆمەڵگا و ئایدیاکان توشی بوونە؟