ئەنجامەکان سەرسوڕهێنەر بوون، بینەران جارێکی دی بە چڕی ڕژانەوە هۆڵەکانی سینەما و سەیرکردنی فیلم بوو بە یەکێک لە ئامڕازە سەرەتاییەکانی چێژبینین و کات بەسەربردن و کولتوور ڕۆشنبیریی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەخێرایی درکی بە گرنگی و کاریگەریی سینەما کرد و ئەوەیشی لەلا ڕوون بووەوە کە ئەم هونەرە سەرچاوەیەکی گەورەی بازرگانییە (کۆکردنەوەی داهاتە) و واتە لەتوانایدا هەیە سەرمایەیەکی گەورە لەم پیشەسازییەدا دەستەبەر بکات، ئەویش لەمیانەی بە بازاڕیکردنی چ لە ئاستی ناوخۆ و چ لە ئاستی دەرەوە(جیهان)دا، بەم جۆرە هەر لە قۆناغی یەکەم لە سەدەی ڕابردوودا بە هەوڵە بەردەوامەکانی هەریەکە لە “داهێنەران، ئەندازیاران، دروستکەران، وێنەگران، بەرهەمهێنەران” بەژدارییان تێدا کرد هەڵبەتە پێش دەرکەوتنی نووسەران و دەرهێنەران. لە دەستپێکی سەرەتاوە سینەما ئاتاجی بە تیمی کارکردن نەبوو، بەڵکو تەنها یەک کەسی سەرەکی هەبوو کە تێکڕای ئەرکە بنەڕەتییەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان لەئەستۆ بوو ئەویش “وێنەگر “(فۆتۆگرافەر) بوو، وێنەگر دەستی گرتبوو بەسەر هەموو شتێکی فیلمدا بەبێ ئەوەی پێویستی بە دەرهێنەر و فیلمنامەنووس بێت، ناوبراو بە تەنها هەموو ئەوانە بووە، پاشان سینەما پەی دەر پەی دەستی بە گۆڕانکاییانە کرد و لە (تەنها) قۆناغی تۆمارکردنی شتە جۆڵاوەکانەوە بۆ قۆناغی وێنەگرتنی دۆخێک یان شتێک یان دیاردەیەک کە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەیە یان دۆخێک کە گەشە دەکات و پەرە دەسێنێت گوازرایەوە.
بەم گۆڕانکارییانە سینەما وەکو ئاسۆی خۆی بۆ بوون بە هونەرێکی گوزارشت ئامێز دۆزییەوە، گەشتە دوور و درێژەکەی سینەما وەکو ڕێ ڕۆیشتنی سەرەتایی منداڵی وابوو کە دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، دەخزێت و دووبارە سەرپێ دەکەوێتەوە، بەم شێوەیە ئەرکی وێنەگر یاخود بڵێین ئەو کەسەی کە بە تەنها یەکەمین قۆناغی فیلمی دروست کرد وردە وردە پەلیهاویشت و فرە بوو، بە ئاستێک وای لێهات دەرکەوت کە بە تەنها دروست کردنی فیلم کارێکی گەلەک زەخمەت و تاقەت پڕوکێنە، کارێکی زۆر سەختە، واتە ئەم تاکە کەسە ڕووبەڕووی گژنێی ئەرکێکی کۆمکاریی (دەستەجەمعی) بوویەوه، لەبەرئەوە لەسەر وێنەگر پێویست بوو دەستبەرداری هەندێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی فیلمسازی ببێت، بە کەسانێکی یاریدەدەری بسپێرێت، یەکێک لەو ئەرکانە کێشانی پلانێک بوو بۆ وێنەگری فیلمەکە کە بەگوێرەی ئەو پلانانە ئەرکەکان جێبەجێ دەکرا، ئەم پلانانە دەسپێکی یەکەم بوون بۆ هەنگاونان بەرەو نووسینی فیلمنامە(سیناریۆ – سکریپت)، دواتر دەرکەوت کە کەسانێک هەن بەهرەدارن لە نووسینی فیلمنامەدا و ئەم توانستەشیان دەرەنجامی ئاگایی و تێگەشتنی بەرزییان بوو لە سینەما، هەڵبەتە بوونی ئەم کەسانە لە پیشەسازی فیلمدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، ئەم کەسانە تەنها یاریدەدەری وێنەگر نین بەڵکو خاوەنی بیرۆکە و کۆڵەکەیەکن کە فیلمی لەسەر بوونیاد دەنرێت، هەندێکیش بەخێرایی بۆیان دەرکەوت کە کەسێکی دیکەش هەیە دەتوانێت جێپەنجە و بیرۆکەکانی لەهەمبەر وێنە زیاد بکات و خودی وێنەگریش ئاڕاستە بکات بەرەو گونجاوترین و تیشکۆترین ئاڕاستە(گۆشە)ی وێنە کە زۆرترین گوزارشت هەڵبگرێت.
هەرئەوەندە نا بەڵکو تەواوی ستافی کارەکەیشی ئاڕاستە دەکرد بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە گونجاوترین شێواز بۆئەوەی بەرگێکی ڕێکوپێک بە بەری ئەرکەکە (چالاکییەکە)دا بکات، هەروەها ئەو کەسە یشە کە باڵادەستی زۆری بەسەر فیلمەکەدا هەیە ئەویش “دەرهێنەر”ە، وە ڕۆڵی دەرهێنەر کاتێک زیادی کرد کاتێک کە هونەری مونتاژ (یاخود ئەوەی پێیدەڵێن ڕێکخستن و جڵەوکردنی گرتەکان بە باشترین شێوازی هونەرییانە) زیاد کرا، ئیدی لێرەوە ” مۆنتێر ” دەرکەوت، ” مۆنتێر “یش وەکو تەواوی ستافی فیلمەکە جێبەجێکاری دیدگای دەهێنەرە (دەرهێنەر کە دیدێکی تەواوەتی بۆ کارەکە هەیە)، لەگەڵ زیاد کردنی “دەنگ ” یشدا بۆ سینەما “ئەندازیاری دەنگ” دەرکەوت کە دەتوانێت بواری دەنگ بپارێزێت، دواتر هونەری “میکساژ” هاتە ئاراوە کە ئەرکی تێکەڵ کردنی دەنگەکانە لە فیلمەکەدا، واتە هاوسەنگی دەنگەکان بەڕێژەی جیاواز و کاریگەر ڕادەگرێت بۆنمونە هاوسەنگی دیالۆگ و مۆسیقای فیلمەکە، کاریگەرییە دەنگییە گرنگ و کاریگەرەکان بۆنمونە (دەنگی سرووشت و پێکدادانی شتەکان …هتد)، بەم جۆرە هونەری سینەما بوو بە هونەرێکی کۆمکاریی(دەستەجەمعی) و هەر کەسێک کە بەژدارە لە بەرهەمهێنانی فیلمەکەدا ڕۆڵێکی تایبەتی خۆی هەیە و بە ئەرکێکی دیاریکراو هەڵدەستێت، بەڵام لە دواجاردا هەمووان نیمایندەی ڕوانینی “دەرهێنەر” دەکەن، واتە پێکڕای ستافی فیلم لەلایەن دەرهێنەرە و ئاڕاستە دەکرێن، دوابڕیارەکان (لە هەموو شتێکدا) لە دەستی دەرهێنەردایە (هەڵبەتە لەدوای ڕاوێژکردن بە پسپۆڕانی ستافی فیلمەکە).
ڕێزێکی زۆرم بۆ “بەرهەمهێنەر” هەیە کە خاوەنی سەرمایەی فیلمەکەیە کە لە بنەڕەتدا وەکو پڕۆژەیەکی بازرگانی دەستوپەنجە لەتەک فیلمەکەدا نەرم دەکات و زۆرجار ڕێکەوتووە کە بەریەکەوتن و گرژیی هەبێت لەنێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەردا تەنانەت جاری وا هەبووە گەیشتوەتەوە ئاستی ئەوەی ڕۆڵی دەرهێنەرەکە لەدوای کۆتاییهاتنی وێنەگرتن کۆتایی پێدەهات (واتە بەرهەمهێنەر خۆی هەڵدەقورتاندە کاری دەرهێنەرەوە و دواجار قسەی بەرهەمهێنەر بەسەر ڕای دەرهێنەردا سەردەکەوت)، لێ وردە وردە لەگەڵ سەرپێکەوتنی سینەما توانرا گرژیی نێوان بەرهەمهێنەر و دەرهێنەر چارەسەر بکرێت و لە هەموو قۆناغەکانی دروست کردنی فیلمەکەدا دەرهێنەر تەواوی بەپرسیارێتی فیلمەکەی لە ئەستۆ بوو بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی بەرهەمهێنەر و تێڕوانینی وی بۆ فیلمەکە وەکو پڕۆژەیەکی بازرگانی کە “پێویستە” داهاتێکی زەبەلاح لە وێستگەکانی بلیت فرۆشیدا (بۆکس ئۆفیس) کۆبکاتەوە و فیلمەکە چ لە ناوخۆ و چ لەدەرەوە و چ لە وێستگەکانی تەلەفریۆن و ماڵپەڕەکان پەخش بکرێت و بە بازاڕی بکرێت.
“لە دایک بوونی هونەری سینەما”
ساڵانێک پاش لەدایک بوونی سینەما، کە نزیکەی دوو دەیە بوو بەردەوام بوو، لەم ماوەیەدا هونەری سینەما شایەتی هەوڵە لەرزۆکەکان و وێنە سەرسۆڕهێنەرەکان و چەند داهێنانێکی سینەمایی بوو، کە زۆر ئەستەمە وەکو فیلم بە مانا هونەرییەکەی وەسفی بکرێت. فیلمی (لەدایک بوونی نەتەوەیەک – The Birth of Nation) لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەمریکی (دەیڤد وارک گریفس – David Wark Griffith) کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی (۱۹۱٥) نمایشکرا، ئەم فیلمە شۆڕشێکی نوێ بوو لە فیلمسازیدا، فیلمەکە شێوەیەکی نوێی سینەمایی بو واتە کڵێشەیەکی نوێ بوو لە سینەمادا یاخود سینەما وەکو هونەرێک کە سەربەخۆیی و تایبەتمەندیی و جیاواز و ئامڕازی تایبەت بەخۆی هەیە کە ئەم ئامڕازانە لە خزمەتی سینەمادا بە شێوەیەکی گوزارشتکەر و کاریگەر بەکاردەهێنرێن. سیحری ئەم فیلمە هەتا ئێستا بەڕوونی لەمێژووی سینەمادا ون نەبووە، بۆنمونە بوونی کۆمەلێک سیمبول (کارەکتەرەکان وەکو هێما و سیمبول) و هەروەها ڕیزبوونی گرتەی دیمەکان لە دیمەنی تاکەکەسەوە بۆ پانارۆمایەکی فراوان، تەنانەت گرتە نزیکەکانیش گوزارشت لە دیدگا و توانای دەرهێنەر دەکەن لە گوزارشت کردن بە وێنەی تەواوەتی سینەمایی، ئەم فیلمە کاریگەرییەکی بەهێز و سەرسوڕهێنەری دروست کرد ئەویش لە ئەنجامی مۆنتاژ کردنی گرتەکان واتە وێنەکان بە چەشنێک ڕێکخرابوون کە کاریگەری جێبهێڵێت و سەرنج ڕابکێشێت، گومانی تێدا نییە ئەم فیلمە بەژداری کرد لە گۆڕینی تێڕوانینی سینەماکاران لەمەڕ هونەری حەوتەم، و ئیمکانییەتی ئەم هونەرە، ئەم فیلمە سینەمای تەقلیدی وشک و ڕەق و “بەشانۆیی کراو”ی گۆڕی بۆ هونەرێکی سەربەخۆ و گوزارشتکەر و بەهێز. هەوڵ و کۆششی هونەرمەندان لە وێنەگرتنی زمانی فیلم(وێنە) بەردەوام بوو لەوانە هەوڵی بێوچانی ئەکتەر و دەرهێنەری بەڕیتانی (چارلی چاپلن – Charlie Chaplin) کە توانی لە ڕێگای فیلمە کۆمیدییە مرۆڤدۆستانەییەکانییەوە بەدیبهێنێت، کامێرا بەزیرەکییەوە دەستیکرد بە هەڵبژاردنی گۆشەکان(گۆشەی وێنەگرتن)، واتە ئیدی کامێرا بۆ ماوەیەکی درێژ لە گۆشەیەکدا جێگیرکرا واتە کامێرا بۆ ماوەیەکی درێژ لە گۆشەیەکی وەستاودا دەستی کرد بە وێنەگرتن کە پێشتر و لەسەرەتای کاری وێنەگرتندا خێرا خێرا گۆشەی کامێرا جێگۆڕکێی پێدەکرا و دیمەنەکان چاوی بینەریان تێر نەدەکرد، بەم شێوەیە “چاپلن” تێگەیشتنێکی وردی لە پێکهاتەی وێنەدا پیشاندا، هاوکات پەیوەندییەکی باشی لەنێوان کامێرا و ئەکتەردا دروست کرد کە هەموو شتە پێویستییەکان لەخۆبگرێت و هەموو وردەکارییە زیاد و ناپێویستەکانی لابرد.
تاقیکردنەوە و سەرکەوتنەکان لە بواری فیلمسازیدا لە سینەمای ئەمریکیدا بەردەوام بوون، هاوکات زمانی سینەما لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا بەرەوپێشچوو و گەشەی کرد، هەموو ئەو وڵاتانەی کە گرنگییان بە هونەری سینەمادا بەژدار بوون لە پێشخستنی هونەری فیلمسازی لە ڕێگای ڕێباز(بزوتنەوە) سینەماییەکان و شێوازە هونەرییە جۆربەجۆرەکان، لەوانە ئەڵمانیا، سینەمای ئەڵمانی لە ساڵانی (۱۹۱۹ – ۱۹۲٥) سەردەمی زێڕینی خۆی ژیاوە، فیلمە ئەڵمانییەکانی ئەو قۆناغە کە پشتیان بە چیرۆکە مێژووییەکان بەستبوو سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەستهێنا، شانبەشانی فیلم لە ژانری مێژوویی، ژانری “ترسناک” یش دەرکەوت لە سینەمای ئەڵمانیدا کە بزوتنەوەی ” دەربڕینەکی “(التعبيرية – Expressionism)ی ئەڵمانی دایمەزراند، چیرۆکی ئەم ترسناکانە تەنها تەنها چیرۆکێک نەبوون و بەس بەڵکو بەرهەمی نایاب بوون کە لەسەر بنەمای خەیاڵ نامۆیی و ئاڵۆزی دامەزرابوون، بە ناوبانگترینیان فیلمی (کلینیکی دکتۆر کالیگاری – The Cabinet of Dr. Caligari) لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەڵمانی (ڕۆبێرت وین – Robert Wiene) کە لەساڵی (۱۹۲۰)دا نمایشکرا، هاوکات لەگەڵ ئەم دو ژانرە ژانرێکی دیکەش دەرکەوت کە ڕەنگە کەمتر بەناوبانگ بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بۆ خۆی بۆ هونەری سینەما گەلەک بەکەڵکە، ئەم ژانرە لە فیلم خۆی لە زنجیرەیەکی فیلمی زۆر درێژدا بینییەوە کە باس لە واقیعی ژیانی پیاو دەکات لەسەر “شەقام” لەو ساڵە پڕ لە پەشێویانەدا.
مێژوونووس و ڕەخنەگری بەناوبانگی ئەڵمانی (سیگفرید کراکاوەر – Siegfried Kracauer) ناوی لەم فیلمانە نابوو “فیلمی شەقام”، چونکە شەقامەکانی ئەوکات ڕۆڵێکی گەورەی ژیانیان لەسەر دەگێڕدرا، تەنانەت ناوی فیلمەکانیش گوزارشت لەم تێزە دەکەن بۆنمونە فیلمی (شەقام – The Street) لە ساڵی (۱۹۲۳) و فیلمی (شەقامی بێشادیی – The Joyless Street) لە ساڵی (۱۹۲٥) و فیلمی (ناسۆریی شەقام – Tragedy of the Street) لە ساڵی (۱۹۲۷) و فیلمی (قیر – Asphalt) لە ساڵی (۱۹۲۹). لە ڕووسیاش لە نێوانی ساڵانی (۱۹۲٥ – ۱۹۳۰) زنجیرەک فیلمی گەورە نمایش کراوە، لەو ماوەیەدا بۆیەکەمجار وێنەی جوڵاو نەوەک تەنها وەکو هونەرێک دەرکەوت بەڵکو وەکو زانستیش مامەڵەی لەگەڵدا کرا، سەرەڕای بەکارهێنانی سینەما لە ڕووسیای کۆمۆنیستیدا وەکو یەکێک لە گرنگترین ئامڕازی پڕوپاگەندە هونەرمەندە گەورەکانی سۆڤییەت سەرکەوتووبوون لە پێشکەش کردنی هونەرێکی نایاب و یەکێک لە شاکارە سینەماییەکان فیلمی (کەشتی جەنگی پۆتمکین- Battelship Potemkin) لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناوداری سۆڤێتی (سێرگی ئایزنشتاین – Sergei Eisenstein) لە ساڵی (۱۹۲٥)، “سێرگی ئایزنشتاین” بە داهێنانە سینەماییەکانی تێگەیشتنە تەقلیدییەکانی سینەمای ئاوەژوو کردەوە، بە تابیەتی لەمەڕ (مونتاژ، بارودۆخی دەروونی، بەکارهێنانی گرتەی نزیک).هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە تاقیکردنەوە و بزوتنەوە سینەماییەکانیش لە وڵاتانی فەرەنسا و ئیتالیا و ئینگلتەرا و…هتد بەردەوام بوون.
نووسینی: د. وەلید سەیف
وەرگێڕانی: شڤان نەوزاد
سەرچاوە: ما السينما.
پێشکەش بە؛ هێمن عوسمان