سیمۆن دی بۆڤوار لە ڕەگەزی دووەمدا، بەم ڕستەیە: “ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکو دواتر دەکرێت بە ژن”. ئەوەمان پێ دەڵێت کە ژنبوون فاکتێکی سرووشتی نییە، بەڵکوو بەرهەمی مێژووی شارستانییەتە. ئەگەر ئاوڕێکی خێرا بۆ مێژوو بدەینەوە، تێدەگەین کە بەهۆی خاوەندارێتی کردنی زەوییەوە ژێردەستەیی کەوتووەتە نێوان مرۆڤەکانەوە. واتە فاکتەری ئابووری بنەڕەت و سەرچاوەی کۆی کێشە و ململانێکانی نێوان مرۆڤەکان (ژن و پیاو)، وەک کێشە دەروونی و سێکسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان بووە و پیاو بە هێز دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و بەسەر ژندا زاڵبووە. لێرەوەیە کە هەردوو ڕەگەزەکە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیان ونکردووە و دەسەڵات دزەی کردۆتە نێوان پەیوەندییەکانیانەوە. بەشێوەیەک بنەمای سێکس لە پەیوەندییە سەرەتاکانی مرۆییدا، چێژ و خۆشی بووە، بەڵام دواتر ڕەهەندی پاتریارکی وەرگرتووە و بووەتە گرێبەستێکی ئابوورییانە، جا چ لە فۆڕمی ڕەوایەتی پێدراوی وەک زەواج یان لە فۆرمە قێزەون و بێزراوەکانی وەک لەشفرۆشی و پۆڕنۆ و …هتدەوە بێت لەلایەن کۆمەڵگەوە. پیاو ئەو کارانەی کە دەستکەوتی ماددییان هەیە بۆخۆی بڕیاردا و کاری ناو ماڵ و پەروەردە و چاودێریکردنی منداڵ کە فێمینیستەکان بە کارە لاوەکی و پەراوێز و بێبەهاکان ناوزەدی دەکەن، بە ژن سپارد.
بەم پێیە ژن لە پیاو دابڕا و دواکەوت، کە تا ئێستاش ژن هەوڵ و تواناکانی لە هاوتەریب کردنەوەی خۆی و هاوسەنگکردنەوەی ئەو پەیوەندییەدا خەرج دەکات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە داخۆ ئەوە ژن نییە درێژە بە سیستەمە ئایینی و خێڵەکی و پیاوسالاری و کۆنەپارێزەکان دەدات و ئایدیاڵەکە ئایینییەکە بەرهەمدێنێتەوە؟ چونکە کۆی ئەو سیستەمانە لەسەر پاشکۆیەتی ژن بوونیادنراون. لە کۆمەڵگەی کوردیدا و لە گشت کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، مەسەلەی زەواج و فرەژنی کە لە ئێستادا زۆر بەربڵاوە، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئابووری سەربەخۆی ژن و پێوەی گرێدراوە. سەرەڕای هۆکار و پاڵنەرە سایکۆلۆژییەکان گەرچی نۆرماڵ و ئاسایی-ش بن. هۆکارگەلیکەی وەک پەروەردە و چۆنیەتی ئاڕاستەکردن و یاسا و ڕێسا نەریتییەکان کە هەر لەسەرەتاوە کچ وا ڕادێنن کە ماڵی خۆشبوێت، خەون بەوەوە ببینێت کە ماڵی هەبێت. بەڵام هەرگیز ڕێگەش نادەن خەونەکەی بێنێتەدی. چونکە لەلایەک وەک میوانێک(میوانێکی بێدەسەڵات)حسێب دەکرێت لەلای باوانی. لەلایەکەی ترەوە ڕادەستی پیاوێکی تر دەکرێت تا بیبات بۆ ماڵەکەی خۆی. گوایە ئەوێ ماڵی ئەوە. هاندەرن بۆئەوەی ژن بە مشەخۆری بژیت. داخۆ ژن بۆ هينانەوەی شوناسە سڕاوەکەی، خۆی دەکاتە پنتی دەرچوون یان ئەویتر؟
گەر نەبوونی ئابووری سەربەخۆ ژن بکاتە مشەخۆر، ئایا کارکردن لەو پێناوەدا سەربەخۆیی و ئازادی بۆ ژن دەهێنێت؟ بەلای سیمۆن دیبۆڤوارەوە، ژن بە کارکردن بەشێکی زۆری ئەو مەودایە دەبڕێت کە لە پیاو دووری خستووەتەوە و کارکردن دەتوانێت ئازادیی بەرهەستی بۆ بهێنێت. ئاشکرایە ئەمڕۆ لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی دنیادا، کچان هاوشێوەی کوڕان دەخرێنە خوێندنگە و قوتابخانەکان و خوێندن تەواو دەکەن و دەتوانن ببنە فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی حکومەت کار بکەن، یان لە مۆڵ و مارکێتەکان کاردەکەن. بەشێکیشیان لە ماڵەوە ئابووری خۆیان بەدەست دێنن لە ڕێی کاری وەک بەرگدووری و کاری دەستی؛ چنین و نەخش و نیگار و هەروەها لە ئارایشتگاکان و شوێنی تریش، کەچی هێشتا درێژە پێدەری ئەو نەریتەن. هۆکارەکەش ئەوەیە کە مێینەیی لەناویاندا ڕەگی داکوتاوە و لە منداڵییەوە فۆرمیولە بووە. کەواتە ژنان خۆیان درێژەپێدەری ئەو دۆخ و شوناسە سەپێنراوەن. ئەوەتا بەر لە لەدایکبوونی منداڵ، هەر کە پزیشک لە ڕێی پشکنین و سۆنارەوە هەواڵی ڕەگەزی کۆرپە بە دایک ڕادەگەیەنێت، دەستدەکات بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی پەمەیی گەر کچ بێت و شینیش گەر کوڕبێت. دەبێت سەرەتا یەکتری وشیار بکەنەوە و لەمە بە بەئاگا بێنەوە. مادام کاری پەروەردە و چاودێریکردنی منداڵ لە ئەستۆی ژنە، ژنێتی و هەرچی و چۆن بتەوێت لە ناخی منداڵدا دەنەخشێنرێت، کەواتە گرنگترین کارە کە ئیمکانی گۆڕانکاری کۆمەڵگە هەڵدەگرێت. هاوکات دەبێتە ئەکتێکی ڕادیکاڵ و بەرەنگاری دژی بەها پاتریارکییەکان. بەم جۆرە ژن دەبێتە جەوهەری پەروەدە و کۆمەڵگە، چونکە دەتوانێت نەوەیەکی جیاواز پێشکەشی کۆمەڵگە بکات، ئەو وێنەیە لە خۆی و ئەوی تریش داماڵێ کە پێیدراوە و وێنە ڕاستەقینەکە بدۆزێتەوە. ناکرێت ژنان چاوەڕێی شۆڕش بکەن بە هیوای ڕزگارییان، بەڵکوو لە بەرەنگاری ژیانی ڕۆژانەوە دەستپێبکەن.
کارکردن لە ڕووی تیۆرییەوە، کە مرۆڤ بەردەوام کاردەکات و چالاکی ئەنجام دەدات، لەگەڵ ئەنجامدانی هەر کارێکیش ناسنامەیەک وەردەگرێت. لەنێو کولتووری ئێمە دا، ئیشێک بە کار هەژمار دەکرێت کە دەستکەوتی ماددی هەبێت. کارێکیش دەستکەوتی دەبێت گەر جەستەیی و فیزیکیانە ئەنجامبدرێت. لێرەوەیە کارەکانی ماڵەوە کە زۆرینەی کەوتۆتە ئەستۆ و سەرشانی ژن، وەک پەروەردە و چاودێریکردنی منداڵ، پاککردنەوە و …هتد، بە کار دانانرێ، بەڵام هەمان کار لەدەرە وەک دایەنگە و چێشتخانە، دەچێتە چوارچێوەی کارەوە و شوناسێک دەبەخشێتە بکەر. بۆیە گەرەکە ژن ئاگایی بە خۆی و کێشەکانی خۆی هەبێت. چونکە لەکاتی کارکردنیشدا ڕووبەڕووی تووندوتیژی و گێچەڵی سێکسی و دەبێتەوە. ئەمەش لە ئاکامی ئەوەیە کە پیاو ترسێکی زۆری هەیە کە ژن دەسەڵاتەکەی لەدەست دەربهێنێت. بۆیەش بەردەوام کۆسپ و بەربەست دێتە سەر ڕێی. پرسیارێکی تر دێنە پێشێ: داخۆ کڕین و فرۆشتن بەشێوەی ئۆنلاین، یان هەر جۆرە کارێکیتری سەر هێڵ بە کار دابنرێت؟ ئەدی ئیشە ئەدەبی و هونەری و فیکرییەکان؟
پیاو لەو ساتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، پاڵی لێنەداوەتەوە، بەڵکوو بەردەوام بە فۆڕمی جیاواز خەریکی بەرهەمهێنانەوەی دەسەلاتەکەیەتی، چونکە ترسی لەدەستدانی هەیە. بەردەوام مۆدێلی نوێ دادەهێنێت بۆ ملکەچکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ژن. نوێترین تەکنیکی دەسەڵات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی و هاککردنی تاک جەستەسازییە. دەسەڵات بە مانا فۆکۆییەکەی تەنیا لە دەسەڵاتی سیاسیدا کورت نابێتەوە، دەسەڵات بەنێو پەیوەندییە مرۆییەکاندا پەرشوبڵاو بۆتەوە، ئیشیشی تەنیا چەپاندن و سەرکوتکردن نییە، بەڵکوو بەرهەمهێنەریشە. یۆتۆپیا بەرهەندەهێنێت. بۆ ئەوەی جەستەی پێ کۆنتڕۆڵ بکات، سەبارەت بە کۆمەڵگەی کوردی؛ سیستەمی سیاسی هاوشان لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری و ئیسلامیزم و شێعری باو خەریکی قۆرخکردنی جەستەی تاکن”ژن” لەڕێگەی یۆتۆپیاکانیانەوە. پۆشاکی شەرعی و گوناح، دواتریش لەسەرنانی تاجی زێڕین و جوانکاری؛ بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی جەستە، گەورەکردن و بچووککردنەوە، شاجوان و بوونە مۆدێل و هیتریش، لەو ئایدیاڵانەن کە جەستەی ژنی پێ وندەکرێت. هەروەها ئەم یەکپۆشی و یەکڕەنگی، یەکشکڵی و یەک وەزنی و یەک هەستیە هاوڕێکە لەگەڵ گوتاری یەکڕیزی سیاسییەکان، کە لەڕێگەیەوە جیاوازیتەکان دەسڕنەوە. بۆیە خۆ لادان و دوورگرتن لێیان، ئەکتێکی بەرەنگارانەیە. لەلایەکی ترەوە، سەرمایەداری دەبێتە مووچەخۆری ژن و ئابوورییەکەی هەڵدەتەکێنێت.
ئاشکرایە لەباربردن پرس و کێشەیەکی مشتومڕسازی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی، ئایینی و یاسایی بووە. کە لە شێوەی بیرکردنەوەی دووالیستی وەک ئەخلاقی و نائەخلاقی، شەرعی و ناشەرعی، حەرام و حەڵاڵ یاسایی و نایاساییدا دەردەکەوێت. لە فەلسەفەدا پتر ڕووی لە کۆرپەلەیە، واتە بە خودی کۆرپەلە دەستپێدەکات. داخۆ کۆرپەلە مرۆڤە؟ مافی هەیە؟ کوشتتی تاوان؟ ئەوەش فەیلەسوفەکان دابەشی دووبەرەی دژ بەیەک دەکات؛ بەشێک بە نائەخلاقی دەیدەنە قەڵەم و بەشەکەی تر بڕیارەکە دەدەنە دەست دایک. کە ئەمە داواکاری فێمینیستەکانیشە (چالاکوانی ژنان و فێمینیستەکانی خۆرئاوا، داوای بەیاساییکردنی لەباربردن دەکەن، دەیانەوێت بڕیارەکە بدرێتە دەست دایکەکە.). کە کەرامەتی ژن پارێزراو دەبێت. لە ئاییندا، فیقهـ و پیاوانی ئایینی و فتوادەران، پەیوەست بە کێشەی لەباربردن، دوو بەرەن؛ بەرەیەکیان بە بەگوناح و تاوانی دەزانن و بەرەکەی تر، تاڕاددەیەک ڕێی پێ دەدەن، بە مەرجێک پێش تەمەنی چل ڕۆژی بێت، گەر تەمەنی کۆرپەلە، لە شەش حەفتە تێپەڕی کرد، بە جائیزی نازانن. لەمڕۆدا و پەیوەست بە کۆمەڵگەی کوردییەوە، کە گوتاری دینیی تێدا باڵادەستە، پرسەکە لەوە تێپەڕیوە و هێندە ڕووی لە کۆرپەلە نییە، بەڵکوو پەیوەست کراوە بەو دۆخەی کە کۆرپەلەی تێدا دروست دەبێت، داخۆ حەرامە، یان حەڵاڵ؟ شەرعییە، یان ناشهرعی؟ بڕیارەکەش خۆی لەوەدا نابینێتەوە کە ئەگەر حەرام و ناشەرعی بێت لەبارببرێن، بەڵکوو ڕووبەڕووی ژن دەکرێتەوە. بەڵام تەواو بە پێچەوانەی کێشە فەلسەفییەکەوە. نەک بڕیارەکە نادرێتە دەست دایک، بەڵکوو دەبێتە یەکێک لە دیسپلینەکانی کۆنتڕۆڵکردن و جەستەی ژنی پێ گەمارۆ دەدرێت. لێرەشەوە پزیشکی دێتە ناو پرسەکەوە. کلینیک و عیادەی پزیشکی ژنان، کە زۆربەی پزیشکەکانیشی ژنن، شوێنی پیادەکردنی ئەو دیسپلینەن. ئەگەر لەدەرەوەی پڕۆسەی خێزان منداڵ دروست بوو بێت، ئەوا باوک و کەسو کاری ژنەکە تێدەگەیەنرێت، ئەمەش زۆرجار بەکوشتنی هەردووکیان(دایک و کۆرپەلە) کۆتایی دێت، یان کەرامەت و شکۆی ژنەکەی پێ لە کەدار دەکەن. لەکاتێکدا ئیشی پزیشک ئەوەیە داخۆ لەباربردن زیانی بۆ تەندروستی دایکەکە هەیە یان نا؟ بەڵام دیسانەوە ئەمەش دەخەنەوە خزمەت سیستەمە ئایینی و خێڵەکی و درێژە بە نەریتە پیاوسالارییەکە دەدەن.