لە جیهانێکدا کە بەربەستە کۆمەڵایەتی و کولتووریەکان لاوازدەبن، پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ڕوالەت ڕەسەن و مانادار خۆیان نیشان ئەدەن و فراوانتر ئەبن، کە وامان لێ ئەکات دووبارە بڕوانینەوە لەتێگەیشتمان بۆ دەسەڵات، هەروەها دووبارە داڕشتنەوەی تێگەیشتنمان دەربارەی پەیوەندییە ماددی و ئابووری و ئایدۆلۆژیە نوێیەکان، بێگومان ئەو پرسیارانە لەپێشینەن بۆ تیۆر و فەلسەفە هاوچەرخەکان. “بیۆنگ چول هان” فەیلەسوفی بەنەژاد کۆری لەڕێگای ڕێبازێکی تایبەت بەخۆی ئەیەوێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، بۆ نزیک بوونەوە لەو بابەتە پێویستە لە بارودۆخ و کاتی ئێستا تێبگەین بزانین هەستە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانمان لەکوێوە سەرچاوە دەگرن کە بەشێوەیەکی گشتی بوونی ئێمە لەناو سەردەمی نیولیبرالیزم دایە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بابەتە پێویستە قووڵ بینەوە بەناو مێژووەکەی دا.
لەکۆتایی حەفتاکانی سەدەی بیست تەواوی ڕێبازی ئابووری جیهان بەشێوەیەکی کتوپڕ لەناکاو لە سەرمایەداریەکی تێکەڵاو گۆڕان، کە سیماکانی سەرمایەداری تێکەڵاو بریتی بوو لە بوونی ڕێکخستنی بازاڕ و بوونی سەندیکا کرێکارییەکان و مامەڵەیەکی بەکۆمەڵ “کە بریتیە لەمامەڵەی کرێکار لەڕێگای سەندیکاکان لەگەڵ خاوەنکارەکان دەربارەی سەعاتی کارکردن و مووچە و سەلامەتی کار و تەئمینی تەندروستی” هەندێک وڵات جەختیان لەسەر توخمە دیموکراسییەکانی یان ڕێکخراوەییەکانی ئەم ئابوورییە تێکەڵە دەکردەوە و هەندێکیشیان پابەند بوون بە ڕێبازێکی تووندتر لە بازاڕی ئابووری تێکەڵ، شێوازی ئەو ئابوورییە بەشێوەیەکی بنەڕەتی هاوشێوە بوو لەتەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوایدا، کە سیمای ئابووری پاش جەنگی دووەمی جیهانی بوو کە بەئابووری دیموکڕاسی تێکەڵاو ناسراوە، کە لێرەدا توخمە دیموکراسییەکە لەناو کایەی ئابووریدا جیاکارەوەی ئەو قۆناغە بوو، کە ئەو سەردەمە ئابوورییە پێی ئەڵێن قۆناغی کینزی لە سەرمایەداری ئابووریدا، کە یەکسانیەکی زۆرتر لە دابەشکردنی سامانی تیابوو، کە لەئەنجامدا بووە هۆی بەهێزبوونی چینی ناوەڕاست لە کایە سیاسی و ئابوورییەکان کە ڕۆلێکی گەورەیان هەبوو لە بە دیموکڕاسی کردنی زیاتری دەوڵەت، ئەو ڕێبازە لەکۆتایی حەفتاکان گۆڕانکاریەکی گەورەی بەسەردا هات کە زۆرجار سەردەمی “تاتچەر و ڕۆنالد ڕیگان” ئەکەینە سەرەتایەک بۆ ئەو قۆناغە جیاکەرەوە، کە لەو قۆناغەدا سەندیکاکان لەڕێگای تووندوتیژیەوە لەناوبران.
یاسا و مەرجەکانی سەلامەتی و ژینگە لەسەر کۆمپانیاکان هەڵگیران و ڕێژەیەکی زۆری باجی کەمکراوەیە لەسەر دەوڵەمەندەکان، لەبەرامبەر ئەوەشدا باجی زیاتر خرایە سەر چینی ناوەند گەر سەیری ڕێژەی باجی سەر دەوڵەمەندەکان بکەین لە ساڵانی 1950 و 1960 ڕێژەی باج 50% لەسەر داهاتیان بەڵام لەئێستاکە باجی سەر دەوڵەمەندەکان نزیکە لە 21% بەو مانایەی نیولیبرالیزم گەڕانەوەیەکی ڕادیکاڵ بوو بۆ ڕابردوو کە هیچ بەربەستێک لەبەردەمیدا نەبوو، ئەگەر دەرئەنجامی نیولیبرالیزم بچووکبوونەوەی دیموکراسی و کۆنتڕۆلکردنی کرێکاران و زیادکردنی نایەکسانی بێت، کە ئەمە بۆ خەڵکی خراپە لەدیدی بینینی خەڵکی جیهانەوە، بەڵام هێشتاکە ئەوە دیدگایەکی نا ئەخڵاقی تەواومان پێنادات. لێرەدا ئەوەی کە باسکراوە ئەتوانم بڵێم پێناسەیەکی کلاسیکیە بۆ نیولیبرالیزم هەروەها تێگەیشتنێکی ئاسایی ئەو ڕێبازەیە، بەگوێرەی پێناسەی ئابووریناس و تیۆری ناسە نوێیەکان کەمێک پێناسەکردنەوەیان بۆ نیولیبرالیزم جیاوازترە، کە مەرج نییە نیولیبرالیزم دەرهێنانی ڕۆلی دەوڵەت بێت بەتەواوی لەئابووریدا، بەڵکو داڕشتنەوەی پەیوەندیەکانە و یەکگرتنەوەیەکی ئەرێنیە بۆ چینێکی دیاریکراو، لەنیولیبرالیزمدا دەوڵەت لەجیاتی هاووڵاتیان پشتیوانی سەلامەتی کۆمپانیاکان ئەکات پارەداریەکان ئەکات لەکاتی قەیرانەکان، گەر ساڵانی 2008 تا 2020 لەبەرچاوبگرین ئەوە بەڕوونی دەبینین، واتە ئەوە سیمای ئابووری ئەو سەردەمەیە کە “بیۆنگ چۆل هان” پەرە بەڕێگایەکی نوێ ئەدات لە تێگەیشتن لێی لە چاویلکەی تیۆری ڕەخنەیدا، کەواتە ئێمە بە پلەی یەکەم لەچوارچێوەی دەقی سایکۆپۆلەتیک و کۆمەڵگای پڕوکاو بەدوای ئەوەدا ئەگەڕێین کە ڕێبازێکی تەکنیکی و تیۆری ترە بۆ نیشاندانی دەرئەنجامەکانی نیولیبرالیزم و بنەماکانی ئەو کۆمەڵگا زۆر پڕوکاوە، کە لەڕووی دەقەوە ئەتوانین پەی بە کۆمەڵگای پڕوکا و ببەین زیاتر لەڕێگای کولتووری هەستپێکراو و وێنەدارەوە.
لەدوای هاتنی نیولیبرالیزم شتەکان زۆر گۆڕاون، تەکنەلۆژیا پەرەی سەندووە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات بەشێوەیەکی تر داڕێژراوەتەوە، سیستەمە سیاسییەکان درزیان بردووە، ئەیانەوێت ئەو درزە ڕێکبخرێتەوە بەو جۆرەی کە “بیۆنگ چۆڵ هان” ناوی لێ دەنێت، بۆ ئەوەی بزانین سایکۆپۆلەتیک چییە پێویستە چەمکی بایۆپۆلەتیک بخەینەڕوو کە فۆکۆ دایهێناوە، “بیۆنگ چوڵ هان” لەبەکارهێنانی ئەو چەمکە لەو دیدگایە نزیکە کە نیچە و تیۆریسیانە ڕەخنەییەکان هەیانبوو بۆ دەسەڵات، هەروەها فۆکۆ مۆدێرنیتەی وائەبینی کە بەستراوەتەوە بەشێوازە نوێیەکانی دەسەڵات و زاڵبوون کە لەگەڵ هاتنی لیبرالیزم هاتە ئاراوە، کە ئێمە ئیتر لەژێر سەروەری هیچ پاشایەک نین بەشێک نین لە پلەبەندیەک کە لەڕێگای نەریتە کۆنەکانەوە دانراون، بەڵکو بەگوێرەی دیسکۆڕسی لیبرالەوە وا هەست ئەکەین زیاتر ئازاد بووین. لیبرالیزمیش پێویستی بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمێنان بوو، بەڵام بە دەرهێنانی سامان لەژێر دەستی سەروەرێکی دیاریکراو، لەجیاتی ئەوە فڕێدانی سامان بۆ ناو کارکردی بازاڕ، کە کاریگەریە کۆمەڵناسیەکانی بووە هۆی دروستبوونی پۆلێنکردنی بەهێز. کە لەمێژوودا پێشتر ئەو پۆلێنکاریە نەبووە. کە پێویستە بزانین ئەوە لەگەڵ ڕۆشنگەری گەشەی کردووە، لە دۆخی بایۆپۆلەتیک پۆلێنکردنەکان لەسەر کۆمەڵێک نۆرم هاتنە ئاراوە کە لەڕێگای ئایدۆلۆژیەوە پەرەی سەندووە. وەک تێگەیشتن لە ئایدیالە خودییە نوێیەکان دەربارەی جەستە و نیگەرانیە ئاماریەکانمان دەربارەی ئەرکە بایۆلۆژیەکانمان وەک: ڕێژەی مردن، ڕێژەی لەدایک بوون، هەموو پۆلێنە بایەلۆجیەکانمان دەخرێتە ناو سیستەمەوە، کە لیبرالیزم پێویستی بەو پۆلێنکردنە زۆرە هەیە، کە ئەو پۆلێنکردنانە سوودی لێ دەبینرێت لەلایەن ئایدۆلۆژیای تۆڕەکانی دەسەڵاتەوە دەیگۆڕن بۆ ئایدیالە کولتووری و ئەخلاقییەکان. کە ئەو ئایدیاڵانە لەڕووی مێژووییەوە گشتگیر نەبوونە شتێکی کۆنکترێتی نین، بەڵام ئەکرێن بە شتێکی بابەتی لەدژی ئەو کەسانەی کە ئەیانەوێت لابدەن لەو ئایدیاڵانە، کە فۆکۆ پێی وایە لیبرالیزم بەتووندی خەونی تاکێکی ئازاد ئەدڕێنی.
وەک ئەوەی دەیبینین هێزی بەرهەمهێنەر لەناو مودێرنیتەدا ناتوانێت ڕێگا بە لادان لە نۆرمە باوەکان بدات، پۆلێنکردنەکان ناتوانێت ڕێگا بە تاکگەرایی تەواو بدات لەکۆتایدا، لەودیو کۆنتێکستی هاوچەرخدا، “بیۆنگ چۆل هان” پێی وایە کە سایکۆپۆلەتیک شوێنی بایۆپۆلەتیکی گرتۆتەوە، ئابووری پێشووی ڕۆژئاوا جەختکردنەوە بوو لەسەر بەرهەمهێنانی جۆرێک لە کار کە بەرهەمەکەی بریتی بوو لە کاڵایەکی ماددی و ئەتوانیت دەستی لێ بدەیت، بۆیە پێشووتر تەرکیزکرابووە سەر بایۆپۆلەتیک کە ئەو چەمکە لەبەرژەوەندی شیکردنەوەی هێز و بەرهەمی مرۆڤدا بوو لەسەر ئاستێکی فیزیکی و بایۆلۆژی تر، لەکاتێکدا لە شێوازی خزمەتگوزاری ئەوڕۆی ئابووریدا جۆرێک لە سایکۆپۆلەتیک دەتوانێت بەدوای خۆیدا بێنێت چونکە مرۆڤ زیاتر لەڕووی دەروونیەوە دەتوانێت چالاکیەکانی زیاتر خۆپەرستانە بێت، هەروەها گرینگیدان بە دەروون لەدەرەوەی سایکۆلۆژیەوە لەلایەن “بیۆنگ چۆل هان و مارک فیشەر و هێربەرت مارکۆزە” دۆزراوە، کە بۆچی ئێمە جەختێکی قوڕس ئەکەینەوە لەسەر بە پزیشکی کردنی چوارچێوەی دەروونی مرۆڤ. لەتێگەیشتنی “بیۆنگ چول هان و فۆکۆ”دا کە لیبرالیزم وەک هێزێکی تەکنۆکراتی دەرئەکەوێت کە پێویستی بە دەستبەسەرداگرتنە.
ئەو نۆرە دەروونیە گۆڕاوە بۆ نۆرەیەکی سایکۆپۆلەتیک، کە پەیوەندیدارە بەشێوازی کارکردی سەرمایەداری هاوچەرخەوە، ئێستا فۆرمە نا ماددی و بەرهەمە نافیزیکییەکان ڕەوتی سەرمایەداری دیاری ئەکەن، کە چ شتێک بەرهەمبێت کە تەنیا شتە ماددیەکان ناگرێتەوە بەڵکو ناماددیەکانیش ئەگرێتەوە بۆ نموونە زانیاری و پڕۆگرامەکان، جەستە چیتر نوێنەرایەتی هێزێکی ناوەندی بەرهەمهێنان ناکات، وەک ئەوەی بەفەرمی لەسەردەمی بایۆپۆلەتیکدا ئەیکرد، بەرهەمهێنان لەئێستادا زاڵبوون نییە بەسەر جەستەدا بەڵکو زیاتر گونجاندنە لەگەڵ پڕۆسەی دەروون و زهندا، دیسپلینی جەستەیی جێگای خۆی داوە بە گونجاندنی زهن، پشتگیرە دەماریەکان جیاوازە لە تەکنیکەکانی دیسپلین و دەروون دەرمانی. بە هاوبەشی لەگەڵ سایکۆپۆلەتیک ئێمە ئەچینە سەردەمێکەوە کە دوورە لە سەرکوتکردنی نەرێنی، ئێمە لەجۆری سنووردارکردن و سەرکوتکردنی ڕابردوو دوورئەکەوینەوە، چەمکی کۆمەڵگای دیسپلینی فۆکۆ و سزای چالاکانە بۆ تاوانەکان و کارە هەڵەکانمان نیشانەنین بۆ ئایدۆلۆژیای سەردەمی ئێستامان. بەڵکو ئێمە لەکۆمەڵگایەکی دیسپلینەوە گۆڕاوین بۆ کۆمەڵگایەکی دەستکەوت، ئێستا ئیستغلالکردن لە ئاستێکی ئەرێنیدا ڕووئەدات، ئێمە چاڵاکانە خۆمان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و کارسازی تەرخان دەکەین. لەبنەڕەتدا پڕۆسەی پەروەردەیی بریتیە لە بە بازاڕکردنی خۆت بۆ کارێک لە کەرتی خزمەتگوزاری یان دروستکردنی بزنسێک، بەڵام لەدواجاردا تۆ کاڵایی کۆتایت، بەهاشت دیاری ئەکرێت بە گوێرەی مەیلە دەروونیەکانت، لێهاتووییەکانت و پێشینەی خوێندنت یان لەهەمووی گرینگتر پڕۆفایلی لینکیدئینەکەت، هەروەها هەموو تایبەتمەندییە نا ماددیەکانت زیاتر بەهایان هەیە بەراورد تایبەتمەندییە ماددیەکانت وەک هێز و مانەوە، لێرەدا خاڵی جیاوازی “فۆکۆ و بیۆنگ چۆل هان” دەرئەکەوێت، بەڵام تەنیا لەوەدا هاوبەشن کە ئەویش لەڕۆلی دەسەڵاتە کە هەردووکیان باوەڕیان وایە دەسەڵات تەنیا ماهیەتێکی تووندوتیژ نییە.
لێرەدا جیاوازی “فۆکۆ و بیۆنگ چول هان” ئەبینین لە تێڕوانینیان لە بۆ دەسەڵات، فۆکۆ نێگەتیڤانە بیری لێئەکاتەوە کە پێی وایە دەسەڵات وات لێ ئەکات خودی ئازادی خۆت قەدەغە بکەیت لەپێناو بەرهەمهێنان بەهۆی سنوورداکردنە کولتوورییەکانەوە، بەڵام “بیۆنگ چۆل هان” هێزێکی سەرکوتکەری ئەرێنی ئەبینێت کاتێک ئەو سەرکوتکاریە ڕووئەدات کە کۆت و بەندی ئابووری و کۆمەڵایەتی دێتە ئاراوە ئەو هێزە ڕێگر ئەبێت لەبەردەمیدا. لەحاڵەتی دروستکردنی بازاڕی نوێدا بۆ دروستکردنی کولتوورێک کە پەرەبدات بە کارسازی زیاتر بۆ هەمووان، هەستی هەموو ڕەگەز و جێندەر و نەتەوە و ئیتنێکێک ڕێگاپێدراوە بۆ بەرهەمهێنان لەناو بازاڕدا. لێرەدا ئەرێنی و نەرێنی بەمانایەکی ئەخلاقی بەکارنایەن کە دەلالەت لەباشی و خراپی بکات بەڵکو نەرێنی بریتیە لە قەدەغەکردن و ڕێگری کردن، ئەرێنیش بریتیە لەڕێگادان و بەردەوامی دان پێی، تەکنەلۆژیای کاراتری دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرچاو دڵنیای دەدات لەوەی کە مرۆڤەکان خۆیان بخەنە ژێر دەستی پەیوەندییەکانی دەسەڵاتەوە بە تەنیا، دیناماکییەتی لەو جۆرە هەوڵئەدات پاڵنەرەکان باشتربکات نەبێتە هۆی ڕێگری، لەبەر ئەوەی دەسەڵات بیەوێت کارابێت پێویستی بە ڕێگریکردن و قەدەغەکردن نییە لەسەر بێ بەشکردن کارناکات، بەڵکو هەوڵی جێکردنەوەی چێژەکان ئەدات بۆ دڵخۆشبوون، لەبڕی ئەوەی خەڵک بکاتە پابەند، هەوڵئەدات وابەستەیان بکات.
توانای زیرەکی و هێزە کاریگەریە دەمارییەکان ئێستا بەرپرسیارێتیەکی سەرەکیان هەیە لەو دامەزراوانەی کە بەسەرمایە ڕەنگ دەدەنەوە، کە تێیدا بنەمای خزمەتگوزارییە گرینگەکان زیاتر بەردەست ئەبن تێیدا، ئەویش لەڕێگای کەمکردنەوەی قەرز لەسەر تاکەکان کە زیاتر لەو دۆخەی بەستراوەتەوە بە بازاڕە داراییەکان، کەواتە ئێستا نیولیبرالیزم بانگەشەی ئەوە ئەکات کە لەڕێگای ئەو لۆژیکەوە دەتوانین لە زیادەڕەوی ترسناک و سەرکوتکەری حکومەت ڕزگارمان بێت کە پارەکەمان دەبات، بەڵام هێشتا ئەوە ڕووئەدات و بوونی هەیە، کەواتە ئەو لۆژیکە کولتووریە نوێیە ئەنجامەکەی ئەبێتە کۆمەڵگایەکی پڕوکاو، لۆژیکی سایکۆپۆلەتیک و پڕوکاندن، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای پڕوکاو بە پلەی یەکەم دیاردەیەکی ئەرێنی و سەرڕێژبوون و زیادەڕەویە لە چالاکی و هاندان، کاری جەستەیی و ماندوێتی دەتوانن بە شێوەیەکی سست خۆیان چاک بکەنەوە، بەڵام باری زۆری دەروونی دیاردەیەکی زۆر قورسترە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا. کە ئێستا مرۆڤەکان کاتژمێری زیاتر کارئەکەن بۆ ئەوەی هێزی کڕینیان هەبێت لە ئاستێکی مام ناوەند، بەڵام ئەوەی سەیرە سنووری کار و ژیان بەتەواوی سڕدراوەتەوە، کە هەموو بۆنە و ئێڤێنتێک و ڕێوڕەسمێک بەهەمان شێوە دەمانبەنەوە سەر ئامێرەکانی کارکردنمان. بۆ نموونە ئەتوانیت ئێستا لەسەر مۆبایلەکەت یان کۆمپیتەرەکەت کاربکەیت، بۆیە هەمووکات بەستراویتەوە بە کارەکەتەوە، لێرەدا هیچ جیاوازیەکی سنووردار لەناو ئامێرەکانت نییە کە کار و ژیان جیابکاتەوە، زۆرجاریش کردنی خولیاکانت بەندە بەلایەنی پارەدانەوە.
شتگەلێکی وەک ڕیکلام لە هەموو شوێنێک هەیە. فرەچەشنتر و ئاڵۆزترە و ئاگاداری خۆی و کەموکوڕییەکانیەتی، بەڵام لەسەدەی 21 ڕیکلامەکان بە ڕێژەیەکی زیاتر هەن. ئێمە لێرەدا مامەڵە لەگەڵ شتێکدا دەکەین لەناو کایەی تەندروستی دەروونیدا، بەڵام ئەو شتە ترسناکە ڕاستەقینەیەی “بیونگ چول هان” تیشکی دەخاتە سەر ئەو شاخە لۆژیکییە یان شاخە میتافیزیکیەیە کە ئێمە بەرامبەری وەستاوین، کە ئێمە بەرامبەر بە چارەسەرکردنی ئازارە دەروونیەکان ئەرکێکی قوڕسمان هەیە. لەڕوانگەی نەخۆشیناسیەوە سەدەی بیست و یەک، سەدەی نەخۆشیە بەکتریاییەکان و ڤایرۆسیەکان نییە بەڵکو سەدەی نەخۆشیە دەمارییەکانە، وەک خەمۆکی و تێکچوونی چاڵاکی و کەمی سەرنجە یان تێکچوونی کەسایەتیە کە ئەمە نیشانەی سەندرۆمێکی پڕوکاوە، دیمەنی نەخۆشیەکانی ئەو سەدەیە ئەوەندە هەوکردنی ڤایرۆسی نین، بەڵکو زیاتر سەرپێچین بەهۆی کێشەی دەماری و دەروونیەوە. کە ئێمە لێرەدا مامەڵە لەگەڵ زیادەڕەوی لە دەستڕاگەیشتن ئەکەین، نەک ئەوەی بەرهەڵستی بکەین بەرامبەر ئەو نەخۆشیە.
مێژوو تا ئێستا بە پلەی یەکەم بریتی بووە لە دیاردەیەکی نەرێنی سەرکوتکردن، کە جۆرێک لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کەمی دیسلپینەکان و کەمبوونی سەرچاوە ماددیەکان کردۆتە ئامانج تێیدا، لێرەدا کاریگەریەکی تری تیۆری هەیە لە فەلسەفەی ڕەخنەییدا کە هەمیشە لەگەڵ چەمکی نامۆبوونی کارل ماڕکسدا ڕووبەڕووە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی وەسفکەری ئەو واقعە مۆدێرنەیە ئەو چەمکە. لە دونیای ئەمڕۆدا، بۆ زۆرێک لە کۆمەڵگەیەکی کارساز، زۆرجار لۆژیکی خاوەندارێتی لە کارەکانی مرۆڤ بە چەندین شێوە بۆ زۆر کەسی جیاواز بەدی دێت. زۆرێکیان لانیکەم جۆرێکی هاوشێوەی خاوەندارێتییان هەیە کە مارکس بانگەشەی بۆ دەکرد کە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیدا نەماوە. لەکاتێکدا جیاکردنەوە و دابەشکردن و دروستکردنی کار هێشتا بوونی هەیە، زۆرێک لە ئابووری ئەوڕۆ لەسەر بنەمای خزمەتگوزاری و داهێنان و کارکردنە لە بوارە خزمەتگوزاریەکان. بەڵام سەرەڕای ئەم ئەرێنییە زیادەیە جۆرێکی نوێتر لە نامۆبوون دروست دەکات، یان تێگەیشتنێک کە بەخۆت ئەڵێیت ڕەنگە لەڕووی تەکنیکیەوە خاوەنی کارەکەم بم، بەڵام هێشتا هەست بەوە ئەکەم پەیوەستم بە دەرەوە، ڕەنگە چەمکی خاوەندارێتی لەناو کۆمەڵگەی کۆمەڵایەتیدا بە پێی پێناسەی مارکسیست زۆر تاکگەرایی بێت، کە هەرچەندە خۆم کۆنتڕۆلی کارەکەم ئەکەم بەڵام ئەو مانایە ناگەیەنێت کە ئازادم لێی. هێشتا پێویستم بە کەسانی ترە بۆ دەستڕاگەیشتن بە کارەکەم، هونەرەکەم، بەرهەمەکەم، خزمەتگوزارییەکەم. هەرچەندە من لە ڕووی تەکنیکییەوە کۆنتڕۆڵی کارەکانم دەکەم، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کارەکەم یان خۆم لە دۆخێکی نامۆیدا نەبین، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینەوە سەر ماڕکس ئەبینین ئەو یەکێک بووە لە لایەنگرەکانی کارکردن پێی وابووە مرۆڤ جەوهەری لەڕێگای کارەوە بەدەست دێنێت، بەڵام بەسەرنجدانی ئەو چەمکە لەو سەدەیەدا ڕەنگە چەمکی کار خۆی پرسێکی گەورەتر بێت کە لەگەڵ گەشەسەندنی دیاردەکان چەمکەکەش پێویستی بە گەشە هەیە کە کەسانی تیۆریست وەک بیۆنگ چۆل هان مامەڵەی لەگەڵ ئەکەن.
کاردانەوە بۆ ژیانێک کە بووەتە شتێکی ڕووت و ڕیشەیی زوو تێپەڕئەبێت، بەرهەمهێنان و هیستریای کار وە خێرابوونی ژیانی هاوچەرخیش ڕۆلی هەیە لەکەمایەتی ئەو بوونەدا، کۆمەڵگای کار و دەستکەوت کۆمەڵگایەکی ئازاد نییە، بەڵکو سنووردارکردنی نوێ دروست ئەکات، لەکۆتاییدا دیالێکتی سەروەر و کۆیلە کۆمەڵگایەک دروستناکەت کە هەموو کەسێک ئازادبێت تێیدا و توانای کات بەسەربردنیشی هەبێت، بەڵکو دەبێتە هۆی کۆمەڵگایەکی کارکردن کە تێیدا سەروەر خۆی بۆتە کۆیلەکی کرێکار، لەو کۆمەڵگایەدا کە هەمووان ناچار ئەکات بچنە ناو کەمپی کاری زۆرە ملێیەوە، لەناو ئەو کەمپەشدا ئەو ڕاستیە پێناسە ئەکرێت کە مرۆڤ لەیەک کاتدا دیلێکی قوربانیە و پاسەوانێکی تاوانباریشە، کە دەرئەنجامەکەی ئەوەیه ئیستغلالکردن و کۆنتڕۆل بەردەوام دەبێت بەبێ باڵادەستیش.
“کۆبەند”
لە ڕوانگەیەکی گشتی ئەگەر بمانەوێت لە پەیوەندی مرۆڤ و ململانێیەکانی مرۆڤ تێ بگەین، ئەبێت ڕووبکەین لە فەلسەفەی “هیگل”، کە تێبینی ئەوە ئەکات کاتێك دوو مرۆڤ یان دوو زەین ئەگەن بە یەک ئەوکاتە ململانی سازدەبێت، هەردوو زەینەکە هەوڵ دەدەن یەکتر ملکەچ بکەن، بەمجۆرە پەیوەندی سەروەر و کۆیلە لە کومەڵگا سازدەبێتن، هۆشیاربوونەوەی تاک و خۆناسین تەنها دەرچەیە کە کۆیلە ئەتوانی دەرباز بکات، بەڵام بابەتێکی گرنگی تر هەیە کە دوای خۆناسین بە هۆکاری هەبوونی ئایدۆلۆژیای کۆیلە، کۆیلە هەر بە هۆکاری ئەم ستراکتۆری ئایدۆلۆژیایە دیسان کۆیلایەتی خۆی پێناسە دەکاتەوە و دەربازی نابێتن، کەواتە بارودۆخی ململانێکە سیستەمێكی کولتووری و هزری سازدەکاتن کە ستراکتۆرێکی ئایدۆلۆژیا بنەمایتی بەمجۆرە تاک لە دوای خۆناسین بە فاکتەری کۆمەڵگا و کولتووری باو و دەسەڵات بە ئەگەری زۆر ناتوانێ لە حالەتی بندەستی و ئەو واقعە کارسازیە رزگاری بێتن، ئەمەش ئەرگومێنتی دەسەڵات تەنها تووندوتیژی نییە تەواو پاڵپشتی دەکاتن، لە سیستەمی نوێ لە بابەتی سایکۆپۆلتیک کە خوێندنەوەی بابەتە سایکۆلۆژیاکانە لە ژێڕ رۆشنایی سیاسەتدا، ئێمە کاتێك لێکەوتە کولتوورییەکان شیکار دەکەین ئەو خاڵە سایکۆلۆژیانە کە کۆمەڵگا و نەریت و پەیوەست بوونمان بە کارەوە لەو ڕێگەیەوە تاک بندەست و کونترۆل دەکەن، ئەمەش دەسەڵات لە ڕێگەی کۆنترۆل یان بە گوێڕەی گرامشی هەژموون کولتوورییەوە کە دەسەڵات جیا لە هێزی رەق کە لە هێزی سەربازی و ئابووری خۆی ئەبینێتەوە، دەسەڵات خاوەن هێزی نەرم و کولتوورییە، کە ئاراستەیەکی تری هێز و کۆنترۆلی دەسەڵات، لە جیهانی نیولێبرالیزم پەیوەندی سەروەر و کۆیلە ئەچێتە قوناغێکی تر کە هەردووکیان ئەبن بە کۆیلە، سیستەم بالادەستی تەواو ئەسەپێنێتن، لێکەوتە کولتووری و سیاسییەکانیش، لە چوارچێوەی سایکۆپۆلتیک بتوانرێت بخوێنرێتەوە.