شارستانییەتەکانیش وەک مرۆڤی ئاسایی وان، پیر و کەنەفت دەبن، نەخۆش دەبن و دەمرن. دواجار لەسەر داروپەردووی هەر یەکێکیان،شارستانییەتێکی دیکە لەدایک دەبێت، لەنێویشیاندا شارستانییەتی ڕۆژئاوا. ئەمەی سەرەوە ڕا و بۆچوونی هەر یەک لە “میشێل ئۆنڤری، ئیریک زموور، باسکال برۆکنز” و زۆری دیکەیە، کە هەر یەکەیان و بە جۆرێک گوزارشتی لەم دۆخی پووکانەوە و لەناوچوونی شارستانییەتەکان و لەدایکبوونی شارستانییەتی دیکەی نوێ کردووە.ئەو نەخۆشییە درێژخایەنەی هەنووکە شارستانییەتی ڕۆژئاوا بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هۆکارەکەی کشان و هەڵچوونی سەرمایەداریی دڕندەو لیبڕالیزمی نوێیە لە ئەوڕووپا، تا ئەو ئاستەی کە یاسا و فەلسەفە خۆویستە بەکاربەرەکەیان بەسەر هەموو شتێکدا سەپاندووە. ئەوەی بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، ئەوەیە کە ژیانی هاووڵاتیی ڕۆژئاوایی لە هەر شتێک زیاتر، گرێدراوی ئێستا و ئەو چرکەساتەی هەنووکە تێیدا دەژی لەگەڵ وەدەستهێنانی چێژی هەنووکەیی و کاتییە. بەمەش تێڕوانینی گشتگیری بۆ بویەر و داهاتوو لەدەست دا. هەربۆیەش لەسەر زۆر ئاست و ڕەهەند و کایەی گرنگی ژیان لە بەرهەمهێنان و داهێنان وەستاوە، بەتایبەتی لە ئاستی هونەرەکان و فەلسەفە وئەدەب و ئەخلاق و گفتوگۆی تیۆریی بونیاتنەر بۆ قەیران و کێشە فیکرییە هاوچەرخەکانی.
ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژئاوا بەرهەمی دێنێت، سینەمایەکی بێ ناوەڕۆک، هونەرێکی بێ سەلیقە، گۆرانی و زنجیرە درامای نزیک لە گاڵتەجاڕی و بازاڕی، ڕۆمانگەلی بێ گرێ کە بە دوای فانتازیایەکی وشک و درێژدادڕدا ڕاکەڕاک و هەناسەبڕکێیانە، پیشانگای تابلۆی بێ واتا و وەرگیراو، پەیکەرگەلێک کە تیایاندا زێدەڕۆیی لە ئەبستراکتدا کراوە، تەنانەت خەڵاتە هونەرییە بەهاردار و دێرینەکانیش کە بە درێژاییچەندین دەیە هاوشانی بزووتنەوەی هونەری بوون، سەربەخۆیی خۆیان لەدەست داوە و ملکەچی پرۆسەی بەسیاسیکردن بوون و چیتر ئەوخەڵاتانە پێشکەشی بەهرەمەند و داهێنەران ناکرێن، بەڵکوو دەبەخشرێنە ئەوانەی کە هەڵوێستەکانیان لەگەڵ ڕوانگەی فەرمی بۆ هەندێک پرسدێتەوە و یەکانگیرە. ئەمەو لەگەڵ بەکرێگرتنی ڕەحمی ئافرەتی هەندێ خێزانی هەژار بۆ پێکهێنانی خێزانی ناهاوسەنگ و ناجۆر، هاوکات بڵاوبوونەوەی کەناڵی ئاسمانیی شێتگیر بە مۆدە، ئاژەڵی ماڵی، وەرزشی دەستەبژێرەکان لە نموونەی گۆڵف، سێکسکردنی قێزەون، بەبازاڕکردن بۆ بەرهەمگەلێک کە بایەخیان تەنیا بۆ لە سەتا پازدەی دانیشتوانی ئەوڕوپا هەیە کە ئەوانیش ژنانن. هەرچی پەیوەندیشی بەخوێندن و فێربوونەوە هەیە، بووەتە کاڵایەکی گران نرخ و تەنیا منداڵی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەی سیاسی و ئایینی نەبێت،هیچ کەسی تر ناتوانێ لێی بەهرەمەند بێت. ئەمەو لەگەڵ پاشەکشەی گوند لە ئەوروپا و کەمبوونەوەی ڕێژەی چینی ناوەند و بەخێوبوونیتەکنەلۆژیای ژمارەیی و پیشەسازیی چەک و تەشەنەکردنی گەندەڵی و ڕۆتینی کارگێڕی، بەتایبەتی لە باشووری ئەوڕووپا. لە بەرامبەر ئەوانەدا چ شتێک دیواری شاستانییەتی ئەوروپی بڕیوە و خەریکە وردە وردە و بە هێواشی گەرای تێدا دادەنێ و وەکئەلتەرناتیڤ خۆی قوت کردوووتەوە؟ ئیسلام.
بە سەدان مزگەوت لە هۆڵەندا، فەڕەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی و شارەکانیان هەن و ژمارەیان زیاتردەبێت. هاوکات بە دەیان قوتابخانەی ئیسلامی لە شارە گەورەکانی ڕۆژئاوا بڵاو بوونەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ تەشەنە دەکەن کە لە هەموویاندا ئیسلامی سەلەفی، یان شیعەگەری پەڕگیر، یاخود وانەی دژ بە پێشکەوتن و شارستانییەت بڵاو دەکرێتەوە. ئەمەو سەرەڕای بەربڵاوی لەچک پۆشیی و هەژموونی گرووپگەلی ئیسلامی بەسەر تەواوی هەندێک گەڕەکی شارە دیارەکانی فەڕەنسا و بەلجیکا و بەریتانیا، بەجۆرێک کە ئەو خێزانانە بەهۆی زۆر منداڵ خستنەوە، پەرشوبڵاو دەبنەوە و لە شوێنی دیکە لەگەڵ خێزانی دیکە و کەسوکاریان یەک دەگرنەوە، تا ئەوئاستەی ئەو خێزانانە لەو گەڕەکانە گیتۆی ئایینی، کولتووری و ناسنامەییان هەیە و دابونەریتەکانیان بەسەر خودی دەوڵەتیشدا دەسەپێنن وفرۆشتنی کاڵا و پێداویستییە حەرامکراوەکان لە گەڕەکەکانیان کە خەڵکی مەسیحی و جوویشیان تێدایە، قەدەغە دەکەن.
ئەم ئەلتەرناتیڤەی کە خەریکە جێ دەگرێ، هەرگیز ئەلتەرناتیڤێکی باش نییە، بەو پێیەی ئیسلام نەچووەتە ژێر باری لێپرسینەوە و لێپێچینەوە،وەک ئەوەی کە مەسیحیەت و یەهوودیەت ملکەچی بوونە، هەروەها ئیسلام هەر لە سەرەتای مێژووی خۆیەوە لەبری فەیلەسووف، تەنیا فەقێ و پیاوی ئایینی بەرهەم هێناوە. ڕاستە لەنێو مێژووەکەیدا هەندێ فەیلەسووفی گەورە و گرنگ هەبوون (کە زۆربەیان تەکفیر کراون و کوژراون)،بەڵام فەلسەفەیەکی پێگەیشتوو و تەواوکەرمان لەناو ئەو مێژووەدا نییە. وەک چۆن لێکۆڵینەوەی قووڵمان لە بواری ئەقڵ و ئازادی و سرووشت وحوکمڕانی نییە، وەک چۆنیش زانست و دەسکەوت و داهێنانی تەکنەلۆژی و ڕوانگە و تێڕوانینی ئازاد و لێبووردە لەگەڵ ژن و هونەرەکان و ناموسڵمان نییە و هەرگیز بە کێشە و ئاستەنگەکانی سەردەمی نوێ سەرقاڵ نین، لە هەموویان گرنگتر پیسبوونی ژینگە و تەقینەوەی دانیشتوان و دیموکراسیەت و مافەکانی مرۆڤ و چوونە بۆشایی گەردوون و پەیوەندییەکان.
بەکورتی؛ ئێمە تیۆرێکمان بۆ ژیان نییە، چونکە لە بنەڕەتدا بناغەی فیکرێکی جەدەلیمان نییە و دانەناوە، بۆیە ئێمە ڕابردووگەری سەلەفین و شوێنی ئیسلامی پێغەمبەر و یاوەرەکان کەوتووین، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئەلتەرناتیڤی ئێمە بۆ شارستانییەتی ڕۆژئاوا، ئەلتەرناتیڤێکی وێرانکار دەبێت. ئەگەر ڕۆژئاوا لە فەرامۆشکردنی ئەو نەخۆشییەی بەردەوام بێت، هەرچەندە پێشبینی ناکەم ئەمە لە ماوەی دە یان بیست ساڵی داهاتووش ڕووبدات، بەڵام ئەم سەدەیە تێناپەڕێت، کە هەڵکشانی فاشیزمی ئیسلامی دەبینین، وەک چۆن پێشتر فاشیزمی ئایینی و نەتەوەیی و هیتردەرکەوتن و هەڵکشان.
نووسینی: وەفا ئەلبوێیسی
لە عەرەبییەوە: نووری بێخاڵی