ناسیۆنالیزم، وشەیەکی ئینگلیزییە، لە وشەی لاتینی ( nascor )ـەوە هاتووە بە واتای “من ھەم یان لە دایک بووم” چەمکێکی بەھێزبووە بۆ دروستبوونی زۆرێک لە دەوڵەتەکان، چونکە بڕوای وایە کە دەبێت نەتەوەکە خۆی بەڕێوەببات نەک لە لایەن کەسانی دەرەکییەوە بەڕێوە ببردرێت. بەمەش ھەر نەتەوەیەک لەڕێگەی ئەم سیستمەوە توانیویەتی دەسەڵاتداری ناوچەکەی خۆی بێت و خاوەنداری نیشتیمانەکەی بکات، ناسیۆنالیزم بڕوای بە پاراستنی فەرھەنگی نەتەوەکان ھەیە، واتا “ھەر وڵاتێک نەتەوەکەی دەتوانێ دەوڵەت دروست بکات و نەتەوەکە خاوەن دەوڵەتەکە بن و لە ڕێگەی دەسەڵاتەکەوە پارێزگاری لە فەرھەنگەکەی خۆیان بکەن”. تا ڕادەیەک ناسیۆنالیزم نزیک دەبێتەوە لە ڕاسیزم، چونکە ھەمان ڕێچکە دەگرنە بەر لە بواری دەوڵەتسازییدا. چەمکی ناسیۆنالیزم چەمکێکی گرنگ بووە لە دوای شۆڕشی فەرەنسا و گۆڕانی دنیا لە سیستمی پاشایەتییەوە بۆ سیستمی دەوڵەتداری، چونکە توانیویەتی لەڕێگەی بیری ناسیۆنالیستی خەڵکەکەوە بەبێ ھەبوونی پاشایەک سیستمێک بەڕێوەی ببات. بەڵام ناسیۆنالیزمی کوردی ھەمیشە لە قەیراندا بووە، چونکە کورد لە ھەبوونی ناسیۆنالیزمدا ھیچ کات لە خۆیدا بەرجەستەی نەکردووە، بەگشتی کۆمەڵێک شاعیر و ڕووناکبیری کوردییمان ھەبوو کە ناسیۆنالیزمانە دەیاننوسی، ئەوەش توانی کاریگەری لەسەر خوێنەران دابنێ، بەڵام نەبوونی سیستمێکی درێژخایەن و زنجیرەی ناسیۆنالیزمی کورد شکستی ھێنا، ھۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ ئەو لەمپەرانەی لەبەردەم ئەو سیستمە ناسیۆنالیزمییە ھەبووە کە بریتین لە:-
یەکەم:- ڕێگریکردن لە زمان و فەرھەنگ.
زمان و فەرھەنگ لە ناسیۆنالیزمدا بابەتێکی یەکجار جێی بایەخە، چونکە زمان و فەرھەنگی نەتەوەیەک دەبێتە مۆرکی زمان و فەرھەنگی وڵاتێک کە تێیدا تایبەتمەندیی دەوڵەتدارییەکە جیا دەکاتەوە و یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستیی بەرھەمدێنێت، بەڵام ڕێگریکردن لێیان دەبێتە لەمپەرێک لەبەردەم تەشەنەکردنی بیری ناسیۆنالیزمیی لەناو خەڵکدا، چونکە بە یەک بەستنەوە و تێگەییشتن لەنێوان ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی گەورە تەنھا فەرھەنگ و زمان دەیتوانی ئەو جیاوازیانەیان بکاتەوە یەک، بەڵام ئێمە نەک ھەر ڕێگری لە فەرھەنگ و زمانمان دەکرێ، بەڵکوو فەرھەنگ و زمانمان بە شێوەیەکی ئاشکرا دەدزرێت و دوژمنان دەیکەنە دەستکەوتی خۆیان و مێژووە ڕاستییەکەی لێ دادەماڵدرێت، بۆ نموونە “شایی، کە شایی ھی ھیچ وڵاتێک نییە و سەرەتا لەناو کوردەکان سەری ھەڵداوە. ئێستا وا لە وڵاتانی تریش دەکرێت بە دەستکەوتی خۆیان، یان زۆرێک لە وشە کوردیییەکان یان شێوازی خواردنەکان …هتد کە ئەمانە نمونەی بەرچاو ئاشکرای داگیرکاری فەرھەنگی و زمانین”.
دووەم:- دەروونی کوردەکان لە بارەی خۆیانەوە.
بابەتی دەروونناسی “سایکۆلۆژیا” بابەتێکی گرنگە لە ژیانی مرۆڤدا، کە تەواوی ھەڵسوکەوت و بڕیارەکان دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. بەمەش تۆ بە شیکاری دەروونی مرۆڤێک دەتوانی دۆخی وڵات و بڕیاردان لەو وڵاتە دیاری بکەیت، بۆ نموونە: لە کتێبی ” میرزا مەنگوڕیدا ” بە ناونیشانی (شەش کتێبی مێژوویی باس لە حکومی کوردەکان دەکات ) و دەڵێت: لە سەرەتای کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨ بریکاری دادوەری شای جیھان بەناوی “کولونیل وڵسن” ھاتە سلێمانی بۆ بەستنی کۆنگرێسێک، کە پێکھاتبوو لە شەش نەفەر لە کوردی (پشدەر، ھەورامان، مەریوان، سەقز، سنە، بانە، جاف، شارباژێر و ھەمەوەند). داوایان کرد کە ئیدارەیەکی سەربەخۆیان بۆ دابندرێت لەژێر چاودێری لەندەندا، “کۆڵۆنێل وڵسن” لەسەر داوای کوردەکان ناوچەیەکی لە (خانەقینەوە ھەتا شەمزینان، لە چیای حەمرین تا ناوەڕاستی ئێران) بکاتە ژێر ڕکێفی کوردەکانەوە و “شێخ مەحمود” دەسەڵاتداربێت تێیدا، بەڵام کەرکوک و کفری ئەوەیان نەویست و وتیان: ئێمە نامەنەوێ لە ژێر دەسەڵاتی کوردیییدا بین کە شێخ مەحمودە.
“بۆچی کوردەکانی نیشتەجێی کفری و کەرکوک ئەوەیان نەویستووە؟”
چونکە ململانێی دەروونی ناوخۆی کوردەکان ھۆکاربووە لەوەی لە یەکگرتن سڵ بکەنەوە و نەتوانن سازش بۆ یەک بھێننەوە، ھەر بۆیە دەروونی کوردەکان ھۆکارێک بووە بۆ ئەوەی ڕێگری ھەبێت لەبەردەم ناسیۆنالیزمی کوردیی، ھەر ئەم ھۆکارەش بووە ھۆی ئەوەی دوژمن سوود لە جاشەکان وەربگرێت بۆ بەزاندنی کورد و پارچە پارچەکردنی. کاتێک دەڵێم دۆخی دەروونیی کوردەکان مەبەستم لە “دۆخە خۆ بەکەم زانینەکە” یە کە وادەکات ھەمیشە خۆی بە کەسی دووەم بزانێت لەبەرامبەر بێگانەیەک و دەسەڵاتی کوردی لەھەمبەر خۆیدا قبووڵ نەکات، چونکە نائاگایانە پێی وایە کەسێک کە وەکوو خۆی کەسی پلە دووی جیھانە ناتوانێت دەسەڵات بگرێتە دەست بەسەریدا، بەمەش لە ھەر پرس و ڕایەکدا بەھۆی بەھێزنەبوونی دەروونی لە ئاست بەرامبەردا نەیتوانیوە بەرگری بکات و لە ڕێکەوتنە جیاوازەکاندا خۆی بە دەستەوە داوە. لەناو ژیانی ئاسایی کوردەکانیشدا بەھۆی خۆ بەکەم زانینەوە، ھەموو ژێردەستەییەکی پێ ئاسایی بووە و ڕەوایەتیی پێداوە، بە زۆرداری لەبەرامبەر ھەندێک شتی سادەدا، لە بەرامبەردا کاتێک دەسەڵاتی کوردی، دەسەڵاتداریی بەسەردا بکات بەرپەچی تووندی دەبێت، لەکاتێکدا بۆ ھیچ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دراوسێ یان بێگانە ئەو ھەڵوێستەی نییە، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگە کە لەناو ئەو مرۆڤەدا ناسیۆنالیزم گەشە نەکات و کپ ببێت.
سێییەم:- شەڕە خۆ کوژییەکان (براکوژی).
شەڕی خۆکوژی بۆتە شەڕێکی نەریتی لەناو کورد دا لەدوای ڕووخانی دەوڵەتی مادەکا ، ئیتر کورد پارچە پارچەکرا و ھەمیشەش لەناو خۆیاندا دەبوو بە شەڕ و ململانێ، ئەمەش بووە شتێکی نەریتی و وەکوو خوویەکی لێ ھات، واتا چەند دەسەڵاتی کوردیی دروستبووبا ئەوەندە ململانێ دروست دەبوو، بۆیە عوسمانیی و سەفەوییەکان سوودییان لەو ململانێیە دەبینی، ھەمیشە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەھێنا و ململانێی کورد لەو سەردەمەدا وایکرد جیاوازییەکی نەریتی لەناو کوردەکان دروست ببێت و نائاگایانە ڕابێت لەگەڵ پارچە پارچەکردن و لایەنگری دوژمن، ئەمە وایکرد لە “پەیماننامەی لۆزان ” کورد ھیچ ھەڵوێستێکی وەھا گەورەی نەبێت سەرەڕای ھەبوونی ئەم ھەموو خاکە زۆرە، بەڵام مێشکی خەڵک بە تەواوەتی لەگەڵ ھەبوونی دەسەڵاتداری دووژمن ڕاھاتبوو، بۆیە دوژمن ئاسانتر ئەو داگیرکارییە فەرمییەی ئەنجامدا و سەدساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دووبارە خۆکوژی سەری ھەڵداوە چەند سەیرە گەر بڵێین واتا (لەکاتی ژێردەستهیشدا کورد لە خۆکوژی و براکوژی بەردەوام بوو) بەڵام ئەمە ھاندانێکی نائاگایانەی خەڵک و لایەنگران بوو بۆ ئەمکارە، کەچی خۆیان نەیاندەتوانی ھەست بەمە بکەن، ئەمەش بووە لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم ھەبوونی ناسیۆنالیزم لەنێو تاکی کورد دا، چونکە ناسیۆنالیزمی کوردیی دەرگایەکی گەورەی بۆ دامەزراندنی کوردستانی گەورە واڵا دەکرد، بەڵام لەم ماوەیەدا ھێندە وەکوو لایەنگری دوژمن ئیشی لەسەر کرا نەیتوانی خۆی کۆبکاتەوە، شەڕی خۆکوژی و براکوژی ھۆکارەکەی دووبارە بەشێکی دەگەرێتەوە بۆ خۆ بەکەمزانین، واتا ھۆی خۆ بەکەمزانین لەبەرامبەر دوژمندا وایکردووە براکوژی دروست بێت و ڕێگری لە فەرھەنگ و زمان دووبارە جیاکاری لە نێوان کوردەکان دروستکرد، بۆیە ئەم دۆخە تا ئێستا و تا کاتێک بەردەوامی دەبێت کە کورد دەگاتە ئەو خاڵەی کە پێی وایە دەبێت یەکگرتوو بێت و وڵاتێکی گەورە لە ژێر دەسەڵاتی خۆی دروست بکات .