بیرمە چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە یەکێک لە کۆبوونەوە گەورەکاندا بووم، کە لە پێشانگای نێودەوڵەتی تاران بەڕێوەچوو، بابەتێکم پێشکەش کرد بەناوی “ئێمە دەتوانین”. باسی بەرهەمهێنان و بابەتە پەیوەندیدارەکانی دەکرد. بابەتەکە زۆر جوان بوو، خۆشبەختانە دەرئەنجامی ئەرێنی هەبوو، من ڕەنگدانەوەی ئەو گفتوگۆیانەم بینی، تەنانەت لە سیاسەتی حکومەتی ئەو کاتەدا. ئایا هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە کە بۆچی ئێمە زیاتر لە ۱٤۰۰ کیلۆمەتر سنووری ئاومان هەیە، کەچی وڵاتێکی بەناوبانگ نین بە دەریاوانی و ماسیگرتن وەک ژاپۆنییەکان؟ هەڵبەت دەستمان بە شتێک کردووە، بەڵام خۆڕسک نییە. بۆ نموونە، ئەگەر بە منداڵەکانمان بووترێت “دەتەوێت ببیت بە دەریاوان؟” ئەوە کەمێک بۆیان سەیرە و لەوانەیە بەشێک نەبێت لە هەڵبژاردنە پیشەییەکانی. لە کۆڕێکدا بووین. لەگەڵ هاوڕێیەکم قسەم دەکرد. ئاماژەی بە خاڵێکی باش کرد و گوتی: تا کاتێک ئەم پەندە بە مناڵەکانمان دەڵێین: ڕۆژێکیان عەلی دایکی پێی گوت: بترسە و نزیک حەوز مەکەوە!
واتە ئێمە هەر لە منداڵییەوە بە منداڵەکانمان دەڵێین: “لەگەڵ ئاو تێکەڵ مەبن!” بۆچی؟ لە کۆندا لە ماڵەکاندا حەوز هەبوو و چەندین منداڵ کەوتبوونە نێو ئەو حەوزانە و مردبوون. خەڵک منداڵەکانیان فێر دەکرد کە بترسن و نەچنە ناو حەوزەکە. ئەی بۆچی ناڵێین: ڕۆژێک دایكی عەلی پێی گوت، فێری مەلەکردن ببە! با نووقم نەبیت و نەخنکێیت. فێری مەلەکردن ببە و چێژ وەربگرە! دەرئەنجامی ئەم بیرکردنەوەیە چییە؟ ئەنجامەکە ئەوەیە کە: ئێمە لە ئاو بتۆرێین و ئاشت نەبینەوە. لەوانەیە باوەڕ نەکەیت، بەڵام ڕاستە. چونکە ئێمە وەک منداڵی ئەم وڵاتە ئەمڕۆ گەیشتووین بە تەمەنی پێگەیشتن و پیشەیەکمان هەیە و تا ئاستی خۆمان کاریگەریمان هەیە، ئەمە ڕەنگدانەوەی منداڵیمانە کاتێک حەز بە هەندێک شت دەکەین و ڕقمان لە هەندێک شتە. هەندێک کەس لەوانەیە ماسی خاو بخۆن لە خۆراکەکانیاندا، بەڵام لەوانەیە من نەتوانم جارێک تاقی بکەمەوە. بۆچی؟ چونکە فێر نەکراوم. بەم شێوەیە ئێمەیان پەروەردە کردووە.
ئێمە لە تەمەنی منداڵیماندا کەسایەتیمان دروست دەبێت. ئەو ئەنجامەی کە لەم بابەتەوە وەری دەگرین، ئەوەیە کە چ بیرکردنەوە و ڕەفتارێکی جیاواز فێری منداڵەکانمان دەکەین؟ ئایا لەژێر ناوی ئامۆژگاری و نییەتپاکی، فێڵ و درۆ لەگەڵ منداڵەکانمان دەکەین؟ کەواتە هێڵێک دەدەین بە منداڵەکە. ئەم منداڵە لە داهاتوودا متمانەی پێ ناکرێت. فێری درۆکردن دەبێت. ئەگەر بەرژەوەندیی بکەوێتە مەترسی، درۆ دەکات. بەم جۆرە درۆکردن دەبێتە باو. ئێمە دەبێت خۆمان و منداڵەکانمان فێر بکەین کە: درۆ درۆیە، ئەگەر چاک بێت یان نا. لە شوێنێکدا کە ناچار کرایت ڕاستی بڵێیت و زەرەری تێدایە، دەتوانیت بێدەنگ بیت و هیچ نەڵێیت، بەڵام درۆ مەکە، درۆ درۆیە و درۆزن دوژمنی خوایە.
بیرمە کاتێک هەرزەکار بووم لە قوتابخانەی ئامادەیی ئەلبوورز دەمخوێند، لە هەندێک گۆڤار دەمبینی کە فڕۆکەی ماکت هەیە. هەروەها بزوێنەرەکەی بە ئیتەر کار دەکات. ڕادیۆکۆنترۆڵی هەبوو. ئەو سەردەمە زۆر قوورس بوو وێنای شتی وا بکەین، وەک مەحاڵ بوو! ئەگەر کەسێک جیهازی بێ تەلی پێ بوایە، دەستگیر دەکرا. بەڵام ئێستا مۆبایل و بێ تەل زۆر باون. بۆچی؟ لەو کاتەدا پێیان وابوو ئەگەر تەلەفۆن بێت، ئاسایشی وڵات دەکەوێتە مەترسی. ئەمانە خەیاڵە سنووردارەکانی ئێمەن. پێمان وایە بەداخراوی کار بەڕێوە دەچێت. بە داخستن و ڕێگریکردن تەنیا دەرفەتەکان لەدەست دەدرێن. ئەو منداڵانەی کە لەگەڵ فڕۆکەدا کار دەکەن و مۆدێلی بزوێنەر دروست دەکەن و فڕۆکە دەناسن، لە دواڕۆژدا دەبنە داھێنەری فڕۆکەی جێت و لەوانەیە ببنە ئاسمانگەڕ.
یاری منداڵەکانی ئێمە چییە؟
بیرکردنەوەیان دەربارەی چییە؟
چ داهێنانێک دەکەن؟
دروستکراوەکانیان چۆنن؟
ئایا ئێمە کۆمپانیای فڕۆکەوانیمان هەیە؟
ئایا ئێمە ناویان لە یانەی ئەسپسواری و مەلەوانی تۆمار دەکەین؟
تا ئەمانە زیاتر بن و منداڵەکانمان زیاتر بەشداری بکەن، لە داهاتوودا ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە هێزی داهێنەرمان هەبێت لەم بوارانەدا.
لەو وتارەی کە لە ژێر ناونیشانی “ئێمە دەتوانین” پێشکەشم کرد، گوتم: کاتێک لە کتێبی قوتابخانەی منداڵەکانمان دەنووسین: باوکی عەلی جووتیارە. گەنم دەچێنێت. بە گا زەوی دەکێڵێت، داس و… نازانم، لەوانەیە لەو کاتەدا هەر ئەمانە بووبێت. بەڵام ئێستا چی؟ دنیایەک ئامێری پێشکەوتوو هەن. ئەگەر منداڵەکانمان لەگەڵ گا و ئاسن و داس گەورە بن، ئەوە بیرکردنەوەیان لە کشتوکاڵ هەر ئەمە دەبێت. بەم فیکرە کۆنە چۆن دەکرێت پیشەسازیی کشتوکاڵ بوونیاد بنێن؟ منداڵەکانمان کە بەردەوام سەیر دەکەن هەموو شتێک هاوردە دەکرێت، چۆن دەتوانن وێنای هەناردە بکەن؟ منداڵەکانمان کە دەربارەی پیشەسازی نەوت نازانن، بۆ نموونە، یان تەنها دوو یەکە لە پیشەسازی نەوت دەزانن، چۆن دەتوانن ببنە هەناردەکاری نەوت؟ ئەگەر لە نزیکەوە سەیری هەناردەکاران بکەیت، ئەو کەسانەن کە لە منداڵییەوە. باوەڕیان وایە کە دەتوانن هەناردە بکەن. زەمانی زوو زۆرێک لە خەڵک، فەرش و خوری و ڕیخۆڵەی ئاژەڵانیان هەناردە دەکرد. ئێمە پێمان وابوو ئەمانە خەڵکی نامۆن. چۆن هەناردە دەکەن؟ لەبەر ئەوەی ئێمە لە مێشکی خۆماندا ئاشنا نەبووین بە هەناردەکردن.
لەو وتارەدا، پێشنیاری ئەوەم کرد، بۆ نموونە، بڵێن: باوکی عەلی جووتیارە. هێکتار هێکتار بە ماشێنی پێشکەوتوو زەوی دەکێڵێت. پێویستە ئامێرە پێشکەوتووەکان لە نووسیندا باس بکرێن، بۆ ئەوەی منداڵان لەگەڵ ئەم چەمکانەدا گەورە بن. ئەگەر وا بنووسین کە باوکی عەلی مۆبایڵێکی بەدەستەوەیە و لە کێڵگەکەدا قسەی پێ دەکات، منداڵ باوەڕی وایە کە ئەلیکترۆن بوونی هەیە. یان کۆمپانیای باوکی سارا کۆمپانیایەکی هەناردەکردنە و بستە هەناردە دەکات. تەنانەت دەتوانین کتێبێک لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە کتێبەکانی منداڵاندا بنووسین. ئێمە دەبێت بتوانین هێڵ بۆ منداڵەکانمان دیاری بکەین: بە یاریکردن، بە نموونەهێنانەوە، بە کتێب و پەروەردە. بۆ نموونە: پێویستە منداڵەکانمان لە منداڵییەوە کاتێک فێری وشەی “ژ” دەکرێن، وشەی “ژێردەریایی” ببیستن و لە وشەی “م” مەلەوانی و لە وشەی “د”، “دەریاوانی” و لە وشەی “ک” “کەشتی” ببیستن. ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەین، ئەم وشانە لە مێشکی منداڵەکانماندا جێگیر دەبن و وەک باوەڕێکی بنچینەیی وایان لێ دەکات لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا گەورە ببن. ئیتر ئارەزوو دەکەن و دەیانەوێت ببنە کاپتنی کەشتیی دەریا، پۆلیسی دەریا، ببنە کەشتییەوان و…تاد. دەیانەوێت ببن بە هەناردەکار. هەوڵ دەدەن شتێک دروست بکەن، داهێنانێک بکەن.
کەشتییەک یان فڕۆکەیەک دروست بکە. تکایە ئێستا دەست پێ بکەن. منداڵان و منداڵەکانمان فێر بکەن کە باوەڕیان بە خۆیان و تواناکانیان هەبێت. ئەگەر کەسێک لە بوارێکدا پێشکەوتن ببینێت، ئەوا باوەڕیان وایە کە توێژینەوە هەیە. با باوەڕمان بە خۆمان هەبێت و بەڕێز و خۆشەویستییەوە ناوی گەورەکانمان بهێنین. ئەدەب و هونەر و پیشەسازی شوێنی خۆیان هەیە. با هەمووان بناسێنین. یان منداڵەکانمان ببەین بۆ گەشتی زانستی بزانین و باوەڕ بکەین: ئەمڕۆ، بە جۆری پەروەردە و وانە و فێرکارییەکانمان، داهاتووی منداڵەکانمان دیاری دەکەین. ئەگەر منداڵەکانمان ئێستا بە تووندوتیژی و دوژمنایەتی و ڕق و کینەوە گەورە بکرێن، ئەوا مێشک و دڵیان تووشی ئەم میکرۆبە دەبێت. کەسێک کە تووڕەیە و ڕقی هەیە، دەیەوێت تۆڵە لە کەسێک بکاتەوە، چونکە تەنها یەک بیرکردنەوە و یەک کات و یەک وزەی هەیە، بیرکردنەوە و کات و وزەی خۆی بۆ تۆڵەکردنەوە خەرج دەکات و هەرگیز نابێتە بونیادنەر و ئاشتیخواز. هەمیشە بەدوای تۆڵەسەندنەوەدا دەگەڕێت. ئەو کێشەیەش هی خۆی نییە، منی دایک و باوک و مامۆستا فێرمان کردووە. پێویستە فێری بکەین: ببێت بە کەسێکی خزمەتکار، خۆی و کۆمەڵگاکەی خۆش بووێت و جیاوازیەکی ئەرێنی دروست بکات. بەها دروست بکات لەبری ئەوەی شتێک لەناو ببات.
من و تۆ دەتوانین. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە یەکێک لە چارەسەرەکان زۆر سادەیە و لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە بە خێرایی ئەنجام دەدرێت، بە مەرجێک لە ئێستاوە منداڵەکانمان فێری چیرۆک و وانە و چالاکییەک بکەین کە یارمەتیدەر بن بۆ بەدەستهێنانی متمانە بەخۆبوون. من و تۆ دەتوانین منداڵەکانمان بکەین بە براوە یان دۆڕاو. بڕیار لای من و تۆیە.
نووسین: مەحموود موعەزەمی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف