زۆر جار ئەو پرسیارە درووست دەبێت کە خوێندنەوە، پەڕتووک چیمان دەداتێ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و بە دڵنیاییەوە تۆ دەتوانی بەم وەڵامە ڕازی نەبی، ڕەنکە پتر لەوەشمان پێ ببەخشی، بەڵام هەر بەڕاستی پێویستە لەسەر ئەم بڕگە ڕاوەستین. تەمەنێکە دەخوێنمەوە و پێشم وایە لەگەڵ هەموو قۆناغێکدا دونیایەکی نوێ بەڕوومدا دەکرێتووە، شۆپنهاوەر لە یەکێ لە فەسلەسووفانەوە قسەیەک وەر دەگرێ و دەڵێ هەرکەس لە سەردەمی خۆیدا نەژی ڕۆحیەتی خۆی ون دەکات، بەڵام خوێندنەوەیش وەک هەڵکشانی تەمەن، یان بە هەڵکشانی تەمەن دونیابینی نوێمان دەداتێ، ڕوئیا و دەرکەوتەی نوێی هەیە. هەر لێەم گۆشەنیگاوەیە کە بەردەوام پەرتووک پێداچوونەوەیە بە خودێتی خوتدا، خوێندنەوە تێگەشتنە لە خود و لەوی تر، تێگەشتنە لە خود لە چاوی ئەوی ترەوە، تێگەشتنە لەوی تر لە چاوی خۆتەوە.
خوێندنەوە تێگەشتنە لە جیهان، لە کۆمەڵگە بە شێوەی بەردەوام لە چاوی ئەوانی ترەوە، یان لە چاوی خۆتەوە بە دونیابینی خۆتەوە، یان بە دونیابینی ئەوانی ترەوە. بۆ وێنە شەریعەتی کۆمەڵناسە و عەلی وەردییش کۆمەڵناس، لە چاوی وەردییەوە کۆمەڵگە جۆرێک دەردەکەوێ جیا لەوەی لای شەریعەتی هەیە.
لێرەوەیە کە دەبینی هیچکات پۆلێنکاری فارابی بۆ زانست هەمان پۆلێنکاری غەزالی، یان ئیبن سینا نییە بۆ زانست، بەڵکو هەر مرۆڤە و جیهانێکی تەواوە و لە چوارچێوەی کڵێشە دەرهەستەکییەکەی ئەوەوەیە سەیری شتەکان یان پۆلێنکردنەکە دەکەیەوە. خوێندنەوە تێگەشتنە لە گەوهەری ئەقڵی ئەو تاکەی کە پەرتووکێکی نووسیوە و خستوویەتە بەردەستی تۆ یان بە دەستی تۆ گەیشتووە، تێگەشتنیش لە ئاوەزی ئەو بیرمەندە، ئەو نووسەرە، ئەو فەیلەسووفە تێگەشتنە لە شتێکی نەزانراو، کەشفی نەزانراوێکە، بە دونیابینیبە ئیشراقییەکە تێگەشتنە لە زهووری ڕووناکییەک_کە هیچ ئاوەزێ سەدا سەد لەوی تر ناکات_ ئەمەیش دەق کەشفی شتێکە، یان بە دونیابینییە نیچەییەکە فەتح و سەرکەوتنێکە، دەستڕاگەشتنە بە هێزێک بە وزەیەک.
تۆ لەگەڵ هەر پەرتووکێکی نوێدا یەک هەنگاو بەرەو جیهانبینییەکی نوێ دەچیتە پێشەوە، بە واتایەکی دی هەر کتێبێک کلێکە و دەیکەیە چاوت و جارێکی دی لە ئاوێنەیەکی ترەوە جیهانت پیشان دەداتەوە، خۆتت پیشان دەداتەوە. کتێب زۆر بە بەهایە، هیچ شتێ ناتوانێ جێی کتێب بگرێتەوە، جیهان لێوان لێوە لە کۆد و هێما و رەمز، هەر کتێبێک کردنەوەی ڕەمزێکە لە ڕەمزەکانی جیهان. جیهان هەمووی وشەیە، هەر وشەیەک کردنەوەی دەرگایەکە، هەڵدانەوەی پەردەیەکە لە پەردەکانی جیهان، لەگەڵ خوێندنەوەی هەر وشەیەکیشدا تۆ هەنگاوێک، قەدەمێک بەرەو باڵایی هەڵدەکشێی، چونکە «الیه یصعد الكلم الطيب». کەلیم لێرە وشەیە، قورئان تەنها بەرزبوونەوەی بە وشە و فریشتەکان بەخشیوە لەگەڵ نەفسی ئارام، بۆ نەفسی ئارام دەفەرمێ: یا ایتها النفس المطمئنة ارجعي الى ربك. واتە هەڵکشێ و وەرەوە لای خودا.
بۆ فریشتەکانیش دەفەرمێ «تعرج الملائکة…»، لۆ وشەیش دەفەرمێ: «الیه يصعد الكلم الطيب». لە ڕاستییدا هەر وەک ئاماژەمان پێدا هەر نووسینێک هەڵگری وشەگەلێکە کە ئەو وشانە هێمان بۆ ماناگەلێک و دەشێ دەرگایەک بە ڕووی مرۆڤدا بکەنەوە، واتە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم وشانەوەیە کە ڕۆح بەبەریا دەکرێتەوە، قورئان عیسای مەریەم بە وشەی خۆی «کلمة القاها الی مریم» هەژمار دەکات، وشەی خودایش لە سەرەوە بۆ خوارەوە دێ، بەڵام هەرچی وشەی مرۆڤە هەڵدەکشێ، واتە مەعریفە هەم ڕەهەندی هەڵکشاوی هەیە و هەم ڕەهەندی داکشاو، سەرەتا وشەکان ڕەهەندی باڵایان هەیە و پاشتر دادەبەزن و ئێمە لەگەڵ خۆیان بەرز دەکەنەوە، وشەکان حەبلی مەلەکووتیین و ئێمە لەگەڵیان هەڵدەکشێین، جیهان غەزەلێکی ئیلاهییە و ئێمەیش بە یاریکردن بە وشەکان شرۆڤە و ڕاڤەی ئەو غەزەلە ئیلاهیبە دەکەین کە لەگەڵ هەر ڕاڤەیەکی نوێدا پەردەیەکی جیهان هەڵ دەدەینەوە، هەر کتێبێک جیهانبینییەکی نوێیە بۆ مرۆڤ و یەکڕا و تێکڕا جیهانبینی ئێمە دەگۆڕێ. تەنها ئێمە پەرتووکەکان ناخوێنینەوە، بەڵکو ئەوانیش ئێمە دەخوێنینەوە، پەڕتووکی باش تەنها ئەو پەرتووکە نییە کە ئێمە خۆمانی تیا دەبینینەوە بەڵکو ئەو پەڕتووکەیە کە پتر دەست دەخاتە ناو ڕۆحمان و لەمسی هەست و شعوور و ئاوەزمان دەکات، دونیابینیمان دەگۆڕێ، ئەو پەرتووکە پەرتووکی باشە کە ئاوەزمان دەگۆڕێ، کە شۆڕشێکمان تێدا درووست دەکات.
وشەکان هەموویان یەک ئاستییان نییە، هەیانە سەنگینە و هەشیانە ناوەندە و هەشیانە ساکارە و کەمتر دەمانبزوێنێ، ئەمەیش بۆ قۆناغی گەشە و کەماڵی مرۆڤ پێویستە، وشەی سەنگین وەک پەیامی سەنگین وایە، سەعدی کە وەسفی عیشق دەکات دەڵێ بارێکی سەنگینە و هەرکەس توانای هەڵگرتنی نییە، قورئانیش لە وەسفی سرووش و نیگادا بۆ سەر پێغەمبەری ئیسلام دەفەرمێ «سنلقی علیک قولا ثقیلا» واتە وشەیەکی سەنگینت پێ دەسپێرین، ڕەنگە هەر ئەمەیش وای لێ کردبێ کە لەگەڵ هاتنی یەکەم سرووش و نیگای ئیلاهی گوتی دامپۆشن هیلاکم «زمیلونی».
لەگەڵ هەر هەنگاوێکی نوێدا مرۆڤ پەردەیەک هەڵ دەداتەوە، ئیشراقییەکان کڵێشەیەکی جوان دەدەنە ئەم دونیابینییە و پەیڕەوبەندێکی دانسقەی پێ دەدەن کە پێ دەچێ زانستی نوێش جەخت لەسەر ئەم دونیابینییە بکاتەوە، ئەوان پێیان وایە جیهان لەسەر پەیڕەوبەندی ڕووناکی بە سەر سێ قۆناغی باڵا و ناوەند و نەویندا دابەش دەبێ، هەر وشەیەکی باڵا بەرزفت (تحکم) بەسەر وشەیەکی خوارتری خۆیدا دەکات و گەمارۆی دەکات، ئەم پلەبەندییە لەسەر بنەمای باڵایی وشەکان خۆیان دەبیننەوە، وشە هەرچی ڕووناکتربێ باڵاترە و توانای گەمارۆدانی خواتری خۆی هەیە، بینا لەسەر ئەم ترادسیۆنە مرۆڤ بۆ ئەوەی بگاتە کەماڵاتی خۆی دەبێ پەردەی نوێ هەڵداتەوە، قورئان لە وەسفی قووڵاییەکانی تێگەیشتن لە ئایتەکانی کەون دەفەرمێ ان في ذلک لعبرة، ڕێکەوەندی «عبرة» لای ئیشراقییەکان و لای ئیبن عەرەبیش لە «عبور» پەڕینەوەوە وەرگیراوە، واتە ئەمە بۆ پەڕینەوەیە، کەواتە وشە ئیشی هەڵدانەوەی پەردەیە و مرۆڤ لەگەڵ هەڵدانەوەی هەر پەردەیەکدا قەدەمێک لە ڕووناکی و لە باڵایی و لە کەماڵی خۆی نزیک دەبێتەوە.