ئه‌مڕۆ به هۆکارانی جۆراوجۆر ژینگه که‌وتووه‌ته چه‌قی سه‌رنجی مرۆڤه‌وه، مرۆڤ به گشتی یان لانیکه‌م به‌شێک له کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی له‌جوگرافیا جۆراوجۆره‌کانی جیهاندا هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێش به‌و هه‌موو له‌ناوبردن و، پیسکردنه‌ی ژینگه بگرن که ڕه‌هه‌ند و ئاسته‌کانی هێنده ئاڵۆز و به‌رفراوانن که مرۆڤ له ئاستیدا دۆشداده‌مێنیت، سه‌ربوورده‌ی ژینگه‌پارێزی و به‌رگری له ژینگه له ڕاستیدا به ڕاده‌ی پیسکردن و ئالووده‌کردنی ژینگه نییه له لایه‌ن مرۆڤه‌وه، پێویسته سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌ڵوێسته بکه‌ین که ئه‌مه چۆن ڕوویدا؛ ئێسته مرۆڤ گیرۆده‌ی ده‌ستی خۆیه‌تی و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر گۆی زه‌وی دروست کردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا به‌ڕاده‌ی پێویست ده‌ره‌وه‌ست و خه‌مخۆر نییه و کو‌لتوورێکی وه‌های په‌ره پێنه‌داوه که له‌و خه‌مساردی و بێباکییه ده‌ربازی بکات.
له ڕاستیدا گه‌یشتنی ژینگه به‌م دۆخه؛ ڕه‌نگه بگه‌ڕیته‌وه بۆ ئه‌و خواسته ده‌روونییه‌ی مرۆڤ که ده‌روونناس و بیرمه‌ندێکی وه‌کوو ئیریک فۆرمی(1900-1980) ئه‌مریکیی به‌ڕه‌چه‌له‌ک ئاڵمانی به “ئاناتۆمی وێرانکاری مرۆڤ” ناوی لێ ده‌بات، دیاره من لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی میتافۆڕیانه به‌کاری ده‌هێنم و هۆکاره ئاڵۆز و ناسکه‌کانی خواستی ده‌روونیی مرۆڤ بۆ ئه‌وه خواسته یان نه‌خواسته دژی خۆی و ژیانی ئاسایی خۆی بجووڵێته‌وه باس ناکه‌م، به‌ڵام به‌پێی دانپێدانان و که‌شفی زۆربه‌ی ده‌روونناسه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م هێزێکی تاریکی و خواستێکی ڕه‌ش به‌زۆری له هه‌ناوی مرۆڤدا به‌شێوه‌ی ناوشیار هه‌یه که مرۆڤ به‌ره‌و لێواری خه‌ره‌ند و داڕمان ده‌بات، دیاره پێش‌گرتن له‌م خواسته تاریکه به تیشکی وشیاری و ئاوه‌ز ده‌پێورێت، به‌ڵام ئایا له شه‌ڕی نێوان وشیاری و ناوشیاریدا واته نه‌ست و ئاوه‌زدا، مرۆڤ هیچ سه‌رکه‌وتنێکی به‌ده‌ست هێناوه تا ئێسته جگه له قووڵتربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی زیاتری خۆی و دۆخی بوونه‌که‌ی له جیهاندا؟ له ڕاستیدا ئه‌مه یه‌کێک له پرسیاره گرینگه مه‌ته‌ڵئامیزه‌کانی ژیان و هه‌بوونی مرۆڤه که بیرمه‌ندان و، مرۆڤناسان تا ئێسته‌س ده‌وروخولی ده‌ده‌ن و زیاتر له مه‌ته‌ڵی بوونی مرۆڤ ده‌چێت تاکوو ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێکی ڕوونی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت.
باشتره بۆ تێگه‌یشتن له‌م پرسیاره سه‌ربورده‌ی په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ که‌ون و زه‌وی یان به زمانێکی دیکه سرووشت بزانین. ئه‌حمه‌دی شاملوو گه‌وره شاعیری فارس له شیعرێکدا به‌ناوی “مرۆڤ و زه‌وین” دیالۆگی نێوان مرۆڤ و زه‌وین ده‌هۆنێته‌وه و دنیایه‌ک گله‌یی و گازنده‌ی سرووشت له زمانی زه‌وییه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ مرۆڤی پێنه‌زان و زاڵم و سرووشتخۆر، ئه‌مه بۆ هه‌ندێ گوتاری زاڵی ئێستا وه‌کوو سه‌وزه‌کان و ژینگه‌پارێزان و چه‌پی نوێ بابه‌تێکی ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گره و هه‌میشه (ته‌نانه‌ت جه‌پی کلاسیکیش) ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی مرۆڤیان له سرووشت وه‌کوو جۆرێک چه‌وساندنه‌وه و داگیرکاری و له دواجاردا تاوان زانیوه. به‌ر له هه‌ر شتێک ده‌بێت بزانین سرووشت مانایه‌کی ڕه‌ها و دیاریکراوی نییه و له‌هه‌مانکاتدا مانایه‌کی ڕوون و به‌رهه‌ستیشی هه‌یه، ئه‌مه به‌و مانایه‌یه که کاتێک ده‌ڵێین سرووشت له ڕوانگه‌ی زینده‌وه‌رناسی و سرووشتناسییه‌وه ته‌نها قسه ناکه‌ین، به‌ڵکوو له ڕوانگه‌ی فیزیا و کیمیا و ئه‌ستێره‌ناسی و…هتده‌وه ئه‌م سرووشته کۆمه‌ڵێک یاسای فیزیا و سرووشتییه، کۆمه‌ڵێک دیارده‌ی نه‌ناسراوی ئاڵۆزه له ناو زه‌وی و ده‌ره‌وه‌ی گۆی زه‌وی و هه‌موو که‌ون و کائیناتدا. له فه‌لسه‌فه‌ی کۆنی یۆنانی که‌ونارادا فیزیا به‌شیکی سه‌ره‌کی بووه له فه‌لسه‌فه که هاوتای بابه‌ته سرووشتییه‌کان یان “طیبیعیات” هاتووه و کتێبی طبیعیاتی ئه‌ره‌ستوو نموونه‌یه‌کی واڵای ده‌قی فه‌لسه‌فیی کۆنه که ئه‌م ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێت.
واته له‌و سه‌رده‌مه‌وه تاکوو ده‌سپێکردنی فه‌لسه‌فه‌ی مۆدێڕن له‌سه‌ر ده‌ستی ڕینییه دیکارت(1596-1650) سرووشت به‌شێکی دانه‌بڕاو بووه له بیرکردنه‌وه و خه‌ون و داڵغه‌کانی مرۆڤ، هۆکاری ئه‌مه‌ش ئه‌و بناغه یۆنانییه‌ی په‌یوه‌ندیی طبیعیات یان فیزیا و سرووشت له‌گه‌ڵ شاچه‌مکی هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان واته حه‌قیقه‌ت(truth) بووه، هه‌ڵبه‌ت و به دڵنیاییه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌وه که ئه‌ره‌ستوو باسی هۆکاره چوارینه‌کان(علل چهارگانه)ی ده‌کرد و له ناو سرووشتدا بۆ چوار هۆکاری بکه‌رانه، ڕواڵه‌تی، مادی و غایی پشت هه‌ر جووڵه‌یه‌کی که‌ون و جیهان و دیارده‌کانی ده‌گه‌ڕا تاکوو دیکارتێک که له ڕێگه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری زینده‌وه‌رانی وه‌کوو گوێره‌که تێگه‌یشتنی خۆی له زینده‌وه‌رانی ناو سرووشت و جیهان و له ئاسته پزیشکییه‌که‌یدا په‌ره پێ دا جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه، هه‌روه‌ته‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌سڕا تا چرکه‌ساتێک که مرۆڤ توانی ئه‌تۆم بقڵه‌شێنێت و شۆڕشێکی گه‌وره‌ی زانستی و مه‌عریفی و هاوکات کوشنده به سه‌ر جیهانی کۆندا بکات دیسان ئێمه له‌گه‌ڵ پێناسه و مانای جیاوازی سرووشتدا ڕوبه‌ڕووین. بێگومان چرکه‌ساتی شۆڕشی پیشه‌یی(1760-1840) له وڵاتی ئینگلیز و هاوکات شۆڕشی مه‌زنی فه‌ره‌نسه(1789-1799) ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌یان له ڕووی زانستی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه کرده‌وه به ڕووی مرۆڤدا تاکوو په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ سرووشتدا کراوه‌تر و ئازادانه‌تر و هاوکات سه‌ره‌ڕۆیانه‌تر و داگیرکارانه‌تر ڕێک بخات، ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه به‌سه‌رچوو که زوڵوماتی دارستانه‌کان و تاریکیی ناو شاره‌کان مرۆڤه‌کان به‌ره‌و خه‌یاڵی دێ‌و و درنج و ماری حه‌وت سه‌ر ببه‌ن و هاوکات په‌نا ببه‌نه چه‌ندین و چه‌ندان خودای سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی ئه‌فسانه‌یی تاکوو به هانایانه‌وه بێت، ئیتر ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕی که به‌هۆی هه‌وره‌گرمه‌وه مرۆڤه‌کانی سه‌رده‌می میت و ئه‌فسانه‌کان دابنیشنه دۆعا و نزا و قوربانیی پێشکه‌شی خودایه‌ک بکه‌ن که تۆقێنه‌ر و مرۆڤ‌کوژ و سزاده‌ر و له‌و بابه‌تانه‌یه.
ئێسته مرۆڤ ده‌سه‌ڵات و هێزی باو و بۆران و هه‌وره‌تریشقه‌ی لا ئاساییه و ته‌نانه‌ت له به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با و ڕێکخستنی وزه‌ی شار و شارستانییه‌ت و کۆمه‌ڵگای خۆی و سووڕانی پیشه‌سازیی وڵاته‌که‌ی به‌کاری دێنیت و هه‌ر به خه‌یاڵیشیدا نایه‌ت که باپیرانیان ڕۆژێک له ڕۆژان له‌به‌ر با و بۆران و هه‌وره‌تریشقه زیڕه‌یان کردووه و په‌نایان بردووته هێزی خه‌یاڵیی گه‌وره‌تر به‌ڵکوو ڕزگاریان ببێت، له ڕاستیدا تێپه‌ڕین له سام و هه‌یبه‌تی خودائاسای سرووشت و دیارده‌کانی له مۆدێڕنه‌دا هاته ئاراوه، چرکه‌ساتێک که بێگومان زۆرێک له بیرمه‌ندان کۆک نین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چرکه‌ساتێکی دیاریکراوی بۆ ده‌ستنیشان که‌ن، به‌ڵام زیاتر وه‌کوو زه‌مینه و به‌ستێنه به‌دیهێنه‌ره‌کان باسی شۆڕشی پیشه‌یی له ئینگلیز و شۆڕشی فه‌ره‌نسه و هه‌روه‌ها ڕه‌وتی ڕیفۆرماسیۆنی ئایینی و پێش له‌وانیش شۆڕشه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی شاری فلۆرانس له ئیتالیا و ده‌یان شتی ورد و درشتی دیکه ده‌کرێ که زه‌مینه‌ی گۆڕینی مانا پڕهه‌یبه‌ته‌کانی سرووشتیان هه‌موار کرد و سرووشت بوو به ئۆبژه و ئامیانێکی به‌رده‌ستی مرۆڤ بۆ به‌دیهێنانی خواسته مه‌سه‌رفه‌گه‌را و به‌رخۆرانه‌کانی. ئه‌م ڕه‌وتی سه‌ره‌خۆر یان خۆ-وێرانکارانه‌یه هه‌ر به‌مه و لێره‌دا نه‌وه‌ستایه‌وه و پاش دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت و هه‌موو ئه‌و کانزا به‌نرخ و گرانبابییانه‌ی هه‌ناوی زه‌وی و پێکهاتنی سیسته‌می ئابووریی جیهانی و تۆڕه جیهانگیره ئابوورییه‌کان و…هتد، زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و هیچ گۆشه و قوژبنێکی سرووشت ته‌نانه‌ت به جه‌مسه‌ره‌کانی باشوور و باکووریشه‌وه له ده‌سدرێژی و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی مرۆڤ ده‌رباز نه‌بوو، ئه‌مه ته‌نها ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌سدرێژییه مرۆڤی سه‌ره‌ڕۆیه بۆ سرووشت له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاوه، ئه‌گه‌ر سرووشت به بوونێکی زیره‌ک و هۆشمه‌ند بزانین ئه‌وه بێگومان په‌رچه‌کرداری ده‌بێت و وه‌ک ده‌ڵێن تۆڵه ده‌کاته‌وه و تا ئێسته‌ش په‌رچه‌کرداره‌کانمان بینوه بوومه‌له‌رزه ناسرووشتی و نائاساییه‌کان که له ڕۆژهه‌ڵات(تورکیا و ئیران و ئه‌فغانستان) و ڕۆژئاواوه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ڕوویان داوه، یان توانه‌وه و هه‌ڵکه‌نرانی زیاتری پارچه سه‌هۆڵه‌کان له جه‌مسه‌ری باکوور و زیادبوون و هاتنه سه‌ره‌وه‌ی ئاوی زه‌ریاکان، گه‌رمبوونی پله‌ی گه‌رمیی زه‌ویی و گڕبه‌ربوون له دارستانه‌کان و…هتد.له پاڵ ئه‌مانه‌شدا خه‌مساردی و نه‌بوونی به‌رپرسیارێتی پێویستی کۆمه‌ڵگه جۆراوجۆره‌کان له ئاستی دونیادا، جیهانی کردووه به دۆخێکی ئاخرزه‌مانی.
دۆخێک که هه‌تا دیت زیاتر له کۆنترۆڵ ده‌رده‌چێت و نه ڕێکخراوه‌کانی پاراستنی ژینگه و نه کۆڕبه‌ندیی جیهانیی وزه و نه کۆنفرانسه‌کانی تایبه‌ت به ژینگه‌ی خاوێن نه‌یانتوانیوه به گوێره‌ی پێویست له هه‌مبه‌ر ئه‌م که‌شه سامناکه‌دا بوه‌ستنه‌وه. دۆخی هه‌نووکه‌ی ژینگه دۆخی ڕۆحی و بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤیش ده‌خاته ڕوو به مانایه‌کی ڕه‌مزی، وه‌کوو پێشتر ئاماژه‌م به ماناگۆڕیی سرووشت و ژینگه له سه‌ده‌کانی کۆنه‌وه تاکوو ئێسته کرد خواستی مرۆڤ بۆ فورموله‌کردن و دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت یان هۆکاری هۆکاره‌کانی جیهان(Urstoff) مرۆڤی په‌لکێش کرد بۆ ئه‌وه‌ی سرووشت بچه‌وسێنیته‌وه و، باڵی جیاجیای زانست به مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانی خۆراک و ته‌رفیهی زیاتر له‌دایکبوون و ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا ون بوو هه‌یبه‌ت و سامناکیی به‌حه‌قی سرووشت، وه‌کوو لانکه‌ی شارستانییه‌تی مرۆڤ بوو، ئه‌وه‌ی له‌م پرۆسه‌یه‌دا ون بوو ئه‌خلاقی میتافیزیی خۆپارێزانه‌ی مرۆڤ و په‌ره‌سه‌ندنی ئاره‌زووی چێژئامێزی خۆوێرانکردنی مرۆڤ له سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌م لاوه بوو. ئێسته ئێمه له‌گه‌ڵ دۆڵپا و لۆڤایاتانێکی گه‌ردوونیی به‌ناوی سه‌رمایه‌داریدا به‌ره‌وڕووین که هه‌ر له به‌سره‌وه تاکوو که‌رکووک و زاخۆ و له کابوله‌وه بۆ سووریا و له ئه‌فریقاوه بۆ نیۆیۆرک، له هه‌موو سووچ و قوژبنێکی گۆی زه‌وی تۆڕه‌کانی راخستووه و به چڵێسی و تامه‌زرۆییه‌وه شیله‌ی گیانی زه‌وی هه‌ڵده‌لووشێت و هه‌ڵیده‌هێنجێت، ڕووداوی کاره‌ساتاویی چیرنۆبیل له 1986 له ئۆکراینی ئه‌و سه‌رده‌مه که به‌شێک بوو له یه‌کێتی سۆڤیه‌تی ئه‌وکات له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ته‌نها یه‌کێک له‌و کاره‌ساتانه‌یه که ئه‌م چڵێسییه‌ی مرۆڤ به‌رهه‌می هێناوه و وه‌کوو یه‌کێک له گه‌وره‌ترین خه‌ساره‌کانی مرۆڤ به سه‌ر مرۆڤ و سرووشت و ژینگه تا ئه‌به‌د باسی ده‌کرێت و ده‌یان فیلم و دراما و نووسینی له‌سه‌ر به‌رهه‌م هاتووه.
به‌ڵام ئایا ئه‌مه پێش به‌و شه‌پۆله سه‌رشێته‌ی خۆ-ویرانکردنی جیهان له لایه‌ن ده‌سته چڵێسه‌کانی سه‌رمایه‌داری و ئاره‌زووه تێرنه‌بووه‌کانی کۆمپانیاکان و خواستی تاریکی مه‌سره‌فکردنی مرۆڤ ده‌گرێت؟ ئه‌مه ئه‌و بابه‌ته‌یه که مرۆڤایه‌تی که‌م تا زۆر و به پێی وشیاریی هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه و پرسیارێکی وه‌ها چاره‌نووس سازیشه که ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی ژیرانه هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر نه‌کرێت و به شیوه‌ی کرده‌کیش هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌ڵنه‌گیرێت ئه‌وا نه‌ک ته‌نها له ئاسته سیاسی و ئابووری و سه‌ربازییه‌که‌یدا به‌ڵکوو له ئاستێکی گه‌وره‌تر و ساماناکتردا جیهان مه‌ترسیی گه‌وره‌ی بۆ زیاد ده‌کرێت ئه‌ویش مه‌ترسیی تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی سرووشت یان به زمانێکی دیکه هه‌ر جۆره کێشه و خه‌له‌لێکی گه‌وره‌یه له هه‌ناوی سرووشت و کائیناتدا و ئه‌مه‌ش به پله‌ی یه‌که‌م هه‌موو بوون و شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی ده‌خاته سه‌روه لێژیی نابوودی و نه‌مانه‌وه.