بە پێچەوانەی مۆدێلی پزیشکی کە خەڵک تەندروست یان نەخۆشن، لە دەروونناسی سێ جۆر خەڵک هەن:- نەخۆش، نۆرماڵ، تەندروست. کەسی ئاسایی خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ بەها و سیستەمی ئەخلاقی کۆمەڵگاکەی، ئەگەر کولتووری وڵاتەکە نەخۆش بێت، خەڵکی ئاساییش نەخۆشن، بەڵام لە کۆمەڵگادا بە نەخۆش ناژمێردرێن. کەسی تەندروست خۆشبەختە، چونکە تەندروستی جەستەیی و دەروونی هەیە، ڕێگای کەماڵی خۆی و کەسانی دیکە دەگرێتەبەر. خەڵکی تەندروست لە جیهاندا هاوشێوەن. کەسایەتییە نەخۆشەکان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا هاوشێوەن. ئەوەی خەڵک لە کۆمەڵگە جیاوازەکان جیا دەکاتەوە، ڕێساکانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە لە سەدا ۷۰ بۆ ۸۰ی هەر کۆمەڵگایەک پێکدەهێنن.
- فەلسەفە و جیهانبینییەکەی ڕەهەندە واقیعی و زانستییەکان لەبەرچاو دەگرێت و پشت بە ئەخلاق دەبەستێت. پیرۆزیی مرۆڤی قبووڵە و خۆی و ئەوانی دیکە بە باش دەزانێت، ڕێگە بۆ گەشە و کامڵبوونی خۆی و ئەوانی تر خۆش دەکات، سیستەمی باوەڕەکانیشی لە چوارچێوەی ئەم فەلسەفە و جیهانبینییەدایە.
- ئایدیاڵە، باوەڕەکانی هیچ توخمێکی هاودژیی تێدا نییە. هەمیشە ئامادەیە بۆ هەر ڕەخنەیەک و دەرگای گفتوگۆی کراوەیە، ئامادەی پێداچوونەوەیە بە فیکر و باوەڕەکانی، چونکە پێی وایە هەر باوەڕێک بە تێپەڕبوونی کات دەبێت گەشە بکات. پێوەری ژیانی لەسەر فیکر و زانست و واقیعە، ئاگاداری دوایین زانستی سەردەمی خۆیەتی و کەسێکی ئایدۆلۆژی نییە.
ئایدیۆلۆگ کەسێکە باوەڕی بە ئایدۆلۆجیایەکە بە هەموو چاکە و خراپەکانییەوە و بە حەقیقەتی ڕەهای دەزانێت، ئەم دنیابینییە هەڵدەبژێرێت بەبێ ئەوەی بیر بکاتەوە، هیچ پرسیار و ڕەخنە و گومانێکی نییە، نەک دەرفەت نادات ئەوانی تر گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، بەڵکوو مۆڵەتیش بە خۆی نادات بیر بکاتەوە و بیانخاتە ژێر پرسیارەوە. نموونە: ئەگەر مریشکێکی زیندوو بدەن بە دوو کەس و بڵێن بۆ ژەمی ئەمشەو ئامادەی بکە، ئایدۆلۆگ هەموو پێکهاتەکانی بەبێ هەڵسەنگاندن بەکار دەهێنێت و بە پەڕەوە دەیخوات، لە کاتێکدا ئایدیالیست ئەوە جیا دەکاتەوە و فڕێی دەدات کە لەگەڵ تەندروستی مرۆڤ و زانستی سەردەم و تەنانەت تامیشی ناگونجێت، بەشە باشەکەی دەخوات. کەسی تەندروست ئایدۆلۆجی نییە. نموونەکانی ئایدۆلۆژیا لە ئایینە سیاسی و ئابوورییەکان، سیستەمەکانی وەک مارکسیزم یان کۆمۆنیزمدایە، ئایدیۆلۆگ هەموو پێکهاتەکانی سیستەمەکە بە باش و خراپەوە قبووڵ دەکات، تەنانەت بەردەوام دەبێت لەسەری تا ئاستی کوشتن و خۆبەکوشتدانیش.
- بایەخ بە واقیع دەدات، هەوڵی وەسفکردنی خەیاڵی جیهانی نادات، هەموو هێزی بەکار دەهێنێت بۆ تێگەیشتن لە واقیع، ئەگەر حەزی لێ نەبێت و بە دروستی نەیزانێت و قبووڵی نەکات، هەوڵ دەدات ڕێگایەکی ڕاستەقینە بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی. لە کاتێکدا کەسی ئاسایی و نەخۆش، واقیع بەو شێوەیە دەبینێت کە دەیەوێت و هەستی پێ دەکات و پێی خۆشە، هەوڵی تێگەیشتن و دۆزینەوەیشی نادات. واقیع (reality) واتە ئەوەی (لە جیهانی دەرەوە و لەناوماندا)یە، بەو ئامراز و پێوەرانە پێناسە دەکرێت کە هەمانن. ئێمەیش وەک وەرگێڕێکین کە ڕاپۆرتی جیاواز لە واقیعەکانی جیهان دەدەین، هەموومان لەم وەرگێڕانەدا زۆر لەیەک دەچین.
ئەگەر کەسێک هەوڵ بدات واقیع بەپێی ئامڕاز و پێوەرەکان ببینێت، ئەوا واقیع لە بابەتیبوون(ئابجێکتیڤ) نزیک دەکاتەوە. چەمکی بابەتی ئەوەیە واقیعی دەرەکی لەگەڵ فیکر یەک بگرێتەوە، لەگەڵ گۆڕینی واقیع، دەچێتە قۆناغی (سابجێکتیڤییەوە). کەسی تەندروست هەوڵ دەدات لە واقیع تێ بگات و جیهان بەو شێوەیە ببینێت کە هەیە، بەگوێرەی بابەتێک دەجوڵێت کە لە واقیع نزیکە، بۆ ئەوەی بتوانێت بابەت و شتەکان پێناسە بکات. هەروەها بە پێناسەکردنی تەواوی بەربەستەکان، بە وریاییەوە ڕێگری لە ناکۆکی و هەڵە تێگەیشتن دەگرێت. واقیع بناغەی زانستە و ڕێگە بە مرۆڤ دەدات لە پەیوەندییەکانی نێوان تەنەکان تێ بگات.
- مەیل و هەوڵدانێکی گەورەی هەیە بۆ دۆزینەوە و تێگەیشتن لە ڕاستییەکان. سێ پێناسەی باو بۆ ڕاستی هەن. پێناسەی یەکەم؛ واقیع دەخاتە بەردەم هەقیقەتەوە. واقیع واتە ئەوەی کە هەیە و حەقیقەت واتە ئەوەی کە دەبێت ببێت. (جەنگ لە جیهاندا واقیعە و ئاشتی هەقیقەت). ئەم پێناسەیە لە دیالۆگە فەلسەفی و ئایینییەکاندا بەو شێوەیە پێناسە دەکرێت کە دەڵێت:- ئایین بزووتنەوەیەکە لە جیهانی واقیعەوە بۆ جیهانی حەقیقەت، باوەڕدار ئەو کەسەیە کە دەیەوێت واقیعە خراپەکانی جیهان بگۆڕێت بۆ ڕاستییەکی باش. پێناسەی دووەم؛ بریتییە لە گونجاندنی زانین و تێگەیشتن، تێگەیشتن لەگەڵ واقیعی دەرەکی (ئەگەر کەسێک بڵێت پلەی گەرمی ژوورەکە ۲۵ پلەیە و پێوەری گەرمی ۲۵ بێت، ئەوا ڕستەی کەسەکە ڕاستە). ئەم پێناسەیە لە جیهانی زانستدا بەکاردێت. پێناسەی سێیەمی هەقیقت دەستەواژەیەکە کە هەرگیز ناتوانرێت دژایەتی بکرێت، بۆ نموونە (ئەگەر کەسێک لە شوێنێکی دیاریکراودا بێت، لە هەمان کاتدا ناتوانێت لە شوێنێکی تر بێت). کەسێکی تەندروست هەوڵ دەدات ڕاستییەکان لەم سێ پێناسەیەی سەرەوەدا بدۆزێتەوە و لێیان تێ بگات.
- گرنگی و بەها بە زانست دەدات. چەمکی زانست دوو لایەنی هەیە، یەکێکیان چەمکێکی گشتییە کە هەر زانینێک دەخاتە بەرامبەر نەزانینێک. ماناکەی تری “زانست” بە واتای کۆمەڵێک هۆشیاری و زانین دێت کە لایەنێکی سیستەماتیکی هەیە، کە لە جیهانی ماددی ئاگادارمان دەکاتەوە، پێوانە دەکرێت و لە ڕێگەی چاودێریکردن و ئەزموون و تاقیکردنەوەوە بەدەست دێت، بە ڕوونی دەکرێت ئەو ڕێگایە بکاتەوە کە ئەوانی تر بتوانن بە شێوەیەکی ڕاستەقینە سەیری بکەن و هەمان ئەنجام بەدەست بهێنن.
ڕەسەنایەتی زانست بەو مانایەی کە زانست نە ڕەهایە و نە کۆتاییە، بەڵام سەرەڕای ڕێژەییبوونی، (بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان) و ناتەواوییەکەی (وەک مرۆڤە)، تاکە ئامرازە کە لەبارەی زۆربەی جیهان دەتوانێت باشترین بۆچوونی هەبێت. زۆرێک لە بابەتەکان زانستی نین، (ناتوانرێت ڕەت بکرێنەوە). بۆ نموونە، دەستەواژەی “کاتێک کەسێک دەمرێت کە خودا دەیەوێت” چونکە هەرگیز ناتوانرێت بسەلمێنرێت کە هەڵەیە، واتە زانستی نییە، بەڵام هۆکاری ڕاست یان هەڵەی نییە و ئەم کێشانە لە فەلسەفە و ئاییندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. لە جیهانی زانستدا، هەوڵ دەدرێت تاقیکردنەوەکانی پێشوو بە وردی هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، زانایان بە بەردەوامی هەوڵ دەدەن کەموکوڕییەکان لە گریمانە زانستی و تیۆرییەکاندا بدۆزنەوە. مرۆڤی تەندروست، زانست وەک گرنگترین بابەتی پەیوەندیدار بە جیهانی سروشت دەناسێنێت. کەسی تەندروست جیا لەوەی باوەڕی بە میتافیزیک هەبێت یان نا، باوەڕی وایە ئەوەی لە جیهانی ماددیدا بەدەست دێت، تەنیا لەبەر ڕۆشنایی زانستدایە و لە دەرەوەی زانست ئەستەمە.
- هۆشیارە و ئاشنایە بە بنەماکانی فەلسەفە، فەلسەفە پرسیار و گومان و گەڕان و هۆشیارییە، بیر و باوەڕێک بەرهەم دەهێنێت کە لەسەر لۆژیکە. پرسیارە فەلسەفییەکان پرسیاری بنچینەیی مرۆڤن کە زانست ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە (بەهۆی پێناسەی زانست و بابەتی زانستییەوە) یان زانست لە ئێستادا ناتوانێت وەڵامیان بداتەوە. پرسیارە وجوودییەکانی وەک: (ئایا جیهانێک هەیە لە دەرەوەی جیهانی ماددی؟ خودا بوونی هەیە یان نا؟ ویستی خودا لەم جیهانەدا چ ڕۆڵێکی هەبووە و دەبێت؟ ڕۆح بوونی هەیە؟ زیندووبوونەوە هەیە یان نا؟ تاد…) کەسی تەندروست ئاگاداری پرسیارە بنەڕەتییەکانە لەگەڵ وەڵامەکانیان، (لە ئێستا و بەدرێژایی مێژوو).
- گرنگی و بایەخ بە هونەر دەدات. هونەر، ئاوازی ئازادیی مرۆڤە لە جیهانی سۆز و هەستەکاندا. هونەر واتە تێگەیشتن لە ڕاستی شتەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر کوالێتی نەک چەندایەتی. هونەر، لاساییکردنەوە، دووبارەکردنەوە و دەربڕینی جیهان بە شێوەیەکی جیاوازە لەوەی کە لە ڕوخساردا دەبینرێت، یان لە بنەمادا لێکدانەوەی جیهانە. هونەر جەوهەرێکی هەیە، بنەما و ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە، دەبێت لەسەر بنەمای جۆرێک لە جیهانبینی و فەلسەفە و واقیع و زانست بنیات نراوبێت. هونەر، دەربڕینی هەست و لێکدانەوەی جیهانە، بەشێوەیەکی کەمێک جیاواز، بەڵام لەسەر بنەمای واقیع و زانست دامەزراوە.
مۆسیقا کە بە هونەرێکی باڵاتر و نایاب و پاک ناسراوە. لەبەر ئەوەی هەموو دەنگەکان لە سرووشدا ناگەن بە بەرهەمی هونەرمەند و مۆسیقارە پێشەنگییەکانی جیهان. بە واتایەکی دیکە، سرووشت تەنها لە هونەری مۆسیقادا نەیتوانیوە بگات بە مرۆڤ. هونەرمەند (مۆسیقاژەن)، لە بواری مۆسیقادا داهێنانێکی کردووە کە سروشتی تێپەڕاندووە. (ئەگەر هونەرمەندی وێنەکێش، یان پەیکەرتاش لە هونەرەکەیدا بگات بە لووتکە، ئەوا سروشت هێشتا دەتوانێت بە باڵندەیەکی جوان بەرەنگاری ببێتەوە، بەڵام لە مۆسیقادا مرۆڤ باڵادەستترە.) کەسی تەندروست زۆر ئاشنایە بە لایەنە هونەرییەکان، جیاوازی نێوان وشەی جوان و هونەری، شیعری بێ نرخ و بێ ناوەڕۆک، هونەری بێ ئاڕاستە و بێ مانا، وتەی بێسوود و ساختە دەزانێت. کەم تا زۆر ئاشنای هونەرەکانە و بایەخ بە هونەرمەندان دەدات. تا ئاستێک بەگوێرەی بارودۆخ و ژینگەی ژیانی کاری هونەری کردووە.
- کەسی تەندروست، جوانناس و جوانپەسەندە، لای خەڵکی ئاسایی جوانی لە چاوی بینەردایە، (تا ڕادەیەک ڕاستە)، بەڵام چاو، گوێ یان تام، کە هۆشیاری و هەستیاری پێویستیان نەبێت، جیهان لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕووکەش دەبینن. جوانی لە حاڵەتی شێوە و شتەکاندایە، لە پەیوەندی نێوان لایەنەکانیانە، بۆ نموونە: لە شیعردا، کێش و سەروایە، لە مۆسیقادا، شێوازی ڕێکخستنی تۆنەکانە، تەکنیکە… هەماهەنگی ئەمانەیە جوانی دەبەخشن.
کەسی تەندروست، کەسێکە پەیوەندی بە چەمکی جوانیەوە هەیە لە هەموو بوارەکاندا. جیهان لەسەر بنەمای تەنیا سوود و چێژ و (قەرەبووکردنەوەی کەموکوڕییەکان) نابینێت، بەڵکوو چەمکی جوانی لەو پەیوەندیانەدا دەبینێت کە ئاشتی و دڵخۆشی و بەختەوەری دەهێنێن و ئاڕاستە و مەبەست و مانای ژیان دەبەخشن. نەک لە جیاوازی و جوانی و نادیار تێ دەگات، بەڵکوو پلە جیاوازەکانی ئەم جوانییە لە یەکتر جیا دەکاتەوە. کەسی تەندروست دەتوانێت جوانی، نەرمی، بەها، ڕێز، گرنگی… لە هەموو بابەتەکاندا: (کارکردن، پۆشین، گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تر، نانخواردن، هتد) بدۆزێتەوە. کەسێکە لە هیچ بوارێکدا بیر لە پێشێلکردنی یاساکانی جوانی ناکاتەوە.
- دانایی هەیە و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەکاری دەهێنێت، مرۆڤ بە تێپەڕبوونی کات بە قۆناغەکاندا تێدەپەڕێت. بۆ نموونە: زیرەکی مرۆڤ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن، گۆڕان و گەشەی بەسەردا دێت، هەرچەندە ڕێژەیەکی نەگۆڕی هەیە، (واتە ئەگەر IQ لە تەمەنی پێنج ساڵیدا ۱۰۰ پلە بێت، لە تەمەنی ۱٥، ۲٥، ٤٥ ساڵیدا… هەمان شتە. وەک جەستەی منداڵێکی پێنج ساڵان وایە کە جیاوازە لە چوار ساڵی. بەڵام لە بیرکردنەوەی عەقڵی (rational mind & thinking)، سێ خاڵ گرنگن:-
یەکەم:- ئەقڵ لە خۆیەوە دروست نابێت و گەشە ناکات.
دووەم:- دواکەوتنی گەشەی ژیری دەتوانرێت قەرەبوو بکرێتەوە لە هەر تەمەنێک بێت.
سێیەم:- بەکارنەهێنانی ئەقڵ وەک نەبوونی وایە.
بیرکردنەوەی ئەقڵانی (rational mind & thinking)، کە لەبەرانبەر زەین یان هەست و سۆزە (Feeling Mind)، بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت:-
۱. ئەقڵ دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی زانیاری و هۆشیاری تایبەت. (وەک گڵۆپێک ڕووناکییەکەی بواری بینین فراوان دەکات) ئاقڵ هۆشیارییەکی هەیە خەڵکی بێبەش لە ئەقڵ نیانە.
۲. ژیری ئامرازێکە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندییە شاراوەکانی نێوان تەنەکان. تەنەکان پەیوەندییەکیان هەیە کە لەڕواڵەتدا کۆی پرۆسەکە نابینرێت. (هەرچەندە زیرەکی تا ڕادەیەک لێی تێدەگات) بەڵام بەگشتی تەنیا ژیری لێی تێدەگات و دەیناسێتەوە.
۳. ئەقڵ ئەم پەیوەندییانە دەکاتە یاسا و ڕێسای دیاریکراو، بۆیە ئاقڵ کەسێکە لە یاساکانی ئەم جیهانە تێدەگات و دەیاندۆزێتەوە، لە کاتێکدا کەسی بیرنەکەرەوە ڕووداوەکانی جیهان بە جیاواز و بێ پەیوەندی دەبینێت، مەگەر بەهۆی چڕی ئەزموون و دووبارەبوونەوە لە هەندێک بواردا نەبێت.
٤. ئەقڵ پێوەر و پێوانەیە، ڕێگە بە پێوانی کاتی ڕاستەقینەی شتەکان دەدات. بۆ نموونە: (ئەگەر ئێمە کێشی ۱۰۰ کەس لەبەر بکەین، لە دوای مانگێک ئەم ژمارەیە ڕاست نییە، لە کاتێکدا ئەگەر پێوەرێکمان هەبێت، دەکرێت کێشی تەواوی خەڵک لە هەر یەکێکیاندا بژمێردرێت). تایبەتمەندی ئەقڵ ئەوەیە کە وا لە کەسێک دەکات واقیعی گەردوون بزانێت و نیگەرانی یادەوەری و مێژوو و داهاتوو نەبێت.
٥. ئەقڵ چەمکی گشتی پێناسە دەکات، بەو مانایەی کە هەر کۆمەڵەیەک دابەشکراوە بەسەر زۆرترین پێکهاتە و ناو، هەر یەکێک لەم پێکهاتانە پێناسە دەکات و پەیوەندییان لەگەڵ توخمەکانی دیکەدا دیاری دەکات، (ئەمەیش چەمکی شارەزاییە، بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک پسپۆڕی چاو بێت، نەخۆشی چاو کە خەڵکی ئاسایی دابەشیان کردووە بۆ ۱۰ بەش، ئەو دابەشی کردووە بۆ۲۰۰ بەش و ناوی بۆ هەریەکەیان داناوە، نیشانە و فاکتەرەکانیان دەزانێت لەگەڵ چۆنێتی چارەسەری هەریەکەیان.
٦. ئاقڵ توانای پووختە و (abstraction) دەستکاریکردنی هەیە. دەتوانێت چەمکەکان لە مێشکیدا پەرە پێ بدات، وەک هاوکێشەیەکی بیرکاری فراوانیان بکات، لە کاتێکدا لە واقیعدا هیچ شتێکی لەو شێوەیە بوونی نییە. بۆ نموونە: (ژمارە بوونی دەرەکی نییە، ئێمە پێنج قەڵەممان هەیە، بەڵام پێنج بوونی نییە. تەنانەت لەگەڵ چەمکە نەرێنییەکان ژمارەکان تێکەڵ دەبن، بۆیە منداڵانی پێنج ساڵ ناتوانن فێری جەبر ببن تا نەگەن بە تەمەنی ۱۱ ساڵی). ئاقڵ ئەو کەسەیە لەم بوارانەدا گەشەی بەخۆی داوە، بە شێوەیەک بیر دەکاتەوە کە سرووشت کار دەکات. واتە، گونجاندن هەیە لە نێوان سیستەمی ڕۆشنبیری و لۆژیک و سرووشتدا. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا ئەقڵ دەردەکەوێت، کەسێک شوێن و ژینگەیەکی گونجاوی هەبێت لە تەمەنی ۱۸ بۆ ۲۲ ساڵی، دەگاتە کەماڵ. ئەگەر بگاتە قۆناغی بەرزتر، (post formal operational stage) توانای ئەوەی دەبێت لە هەموو دیاردەکانی جیهان و سروشت و واقیع تێ بگات.
لەبەرئەوەی گەشەکردن و پێشکەوتنی ئەقڵ وەک زیرەکی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕوونادات، بەم هۆیەوە، ۹۹٪ی خەڵک لە ۹۹٪ی مێژوو لە ئەقڵ بێبەش بوون، بۆیە بە سەیرکردنی کتێبەکانی ڕابردوو بە ئاسانی نەبوونی ئەو پرەنسیپانە دەدۆزرێتەوە کە ئێمە بە هۆکاریان دەزانین. ئەمڕۆ، ژینگەی قوتابخانەی سەرەتایی و ئامادەیی و زانکۆ، خەڵک دەبات بۆ تەمەنی ۱۶ ساڵی لە ڕووی گەشەی ڕۆشنبیرییەوە، تاکەکەس دەتوانێت بە وریاییەوە ڕێڕەوی دەستگەیشتن بە زانستە ئەزموونی و مرۆییەکان بە تایبەت ئەندازە دیاری بکات. ئەوە ئەقڵە کە دەبێتە بنەمای هەستەکان، بۆیە کەسی ژیر دەتوانێت هارمۆنی لە نێوان ئەقڵ و هەستەکانی دروست بکات و ئاسایش و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ ژیانی دابین بکات.
- پەسەندکردنی بنەمای ناسنامە “The identity principle”، کە بە بنەماکانی ژیری ناسراوە و پەیوەندی بە واقیعەوە هەیە. واتە قبووڵکردنی ئەوەی هەیە و ئەوەی نییە. مرۆڤی تەندروست کەسێکە کە ئەم پرەنسیپە وەک واقیعێکی زانستی و فیکری قبووڵ دەکات و بەو شێوەیە هەڵسوکەوت دەکات. “ئەوەی هەیە” پێمان دەڵێت جیهان بەو شێوەیە بناسین کە هەیە، نەک جیهان لە خەیاڵماندا بنیات بنێین. هەرکەس جیهان لە مێشک و خەیاڵی خۆیدا بنیات بنێت و گەشەیان پێ بدات و ئەم بنەمایە پێشێل بکات، لە تێگەیشتنی واقیعی و زانستی دووچاری کێشە دەبێت و تەندروستی دەروونیی دەکەوێتە مەترسییەوە.
- قبوڵکردنی بنەمای هۆکار، هیچ شتێک لە جیهاندا بێ هۆکار ڕووی نەداوە و ڕوونادات. هەر ڕووداوێک هۆکار یان چەند هۆکارێکی هەیە. بۆ نموونە: (هەرچەندە تەنەکان بە شێوەیەکی جیاواز وەڵامی گەرمی دەدەنەوە، بەڵام وەڵامە جیاوازەکان دەتوانرێت لە چوارچێوەیەکدا دابنێن و ناکۆکییە بچووکەکان تێبپەڕێنین و چوارچێوە و یاسایەکی وەک “یاسای گەرمی” دامەزرێنن، بەپێی ئەو یەکخستنە فڕۆکە بۆ ئاسمان و ژێردەریاییەکان بۆ ژێر زەریاکان بنێرین.) کەسێکی تەندروست بنەمای هۆکار قبووڵ دەکات، هیچ ڕووداوێک بە بێ هۆکار نابینێت، بەگوێرەی یاسا و ڕێسای دیاریکراو دەجوڵێت، لە جیهانێکدا ناژی کە لەسەر وەهم و خەیاڵ ڕۆ نراوە. پاسکاڵ دەڵێت: “جیهان بە زمانی بیرکاری نووسراوە” هیچ شتێک لە دەرەوەی یاسای هۆکارەکان ڕووی نەداوە و هەموو گۆڕانکارییەک لە جیهاندا لەسەر هۆکار و فاکتەرێکی دیاریکراو دامەزراوە، هەرچەندە هۆشیاری ئێمە لەم ڕووەوە ناتەواو یان کەمە، بەڵام ئەمە واقیعە. “هۆکار” و “ئەگەرەکان” بنەمای زانستن.
- مرۆڤی تەندروست لەمەڕ بابەت و کێشەکان، کۆمەڵێک باوەڕ، جیهانبینی، فەلسەفە و تێگەیشتنی زانستی هەیە کە هیچ دژایەتییەکی تێدا نییە. هاودژی ئەوەیە بڵێین: لەیەک کاتدا کەسێک هەم مردووە و هەم زیندوو. (مرۆڤ ناتوانێت لەیەک کاتدا هەم زیندوو بێت هەم مردوو.) شتی وا مەحاڵە.
- ئەو ڕاستییە قبوڵ دەکات کە ڕووداوەکانی جیهان لەسەر بنەمای ئەو ئەگەر و ئیمکاناتە ڕوو دەدەن کە لە دەورووبەرماندان. بۆ نموونە: (لەدایکبوونی ئێمە ڕووداوێکی ملیۆنان یان ملیاران ئەگەر و ئیمکانات بووە، سپێرمێک لەنێوان 200 بۆ 300 ملیۆن سپێرمی باوک، لەگەڵ هێلکەیەک لە هەزاران هێلکەی دایک، زەمینەیان ڕەخساندوە کە ئێمە دروست بین، لە کاتێکدا ئەگەر سپێرم یان هێلکەیەکی دیکە لەلایەن ئەم دایک و باوکەوە بووایە، ئێمە چیتر بوونمان نەدەبوو و ئەوی دیکە دەبوو). ئەو بیرۆکەیەی کە جیهان لە سەرەتاوە تا کۆتایی نووسراوە، بەهۆی بیرکردنەوە تەسک و داخستنی مێشک و ویژدانمانەوەیە، یان جۆرێکە لە نارسیزم. وا دەرناکەوێت کە پێشتر چارەنووس و قەزا و قەدەر نووسرابن. هەندێک پێیان وایە تەنیا هەندێک ڕووداو پێشتر نووسراون، لە کاتێکدا ئەگەر تەنها یەک دانە ئیجباری بووبێت، ئەوە هەموو ڕووداوەکانی پێشتر و پاشتر ناچاری دەبن. کەسێکی تەندروست دەزانێت لە جیهانێکدا دەژی بەهۆی ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی هەمان ئەنجام، یان ئەو هۆکارەی کە دەبێتە هۆی ئەنجامگەلی جیاواز، جیهان ئەگەر و ئیمکاناتێکە و بەو ئەگەر و ئیمکاناتەی کە پابەندن بە یاساگەلێکی دیاریکراوەوە، دەکرێت بۆچوونێکی ڕاستەقینەی هەبێت دەربارەی ئەوەی لە ئێستا و داهاتوو ڕوو دەدات و پێشبینی ڕووداوەکانی ئایندە بکات.
- قبوڵکردنی مردن وەک واقیعێک کە کەس ناتوانێت لەدەستی هەڵبێت. دەزانێت لە جیهانێکدایە کە پڕە لە نایەکسانی و گەندەڵی، هەر شتێک لەم جیهانە ماددییەدا دروست ببێت، زوو یان درەنگ لەناو دەچێت. مردن بە بەشێک لە ژیان دادەنێت، نەک ناکۆک و جیاواز و دژ، ئاشنای ئەو ڕاستییەیە کە ئەگەر لە ژیان بترسێت، ئەوا لە مردن دەترسێت و ئەگەر لەگەڵ ژیاندا بگونجێت، مردن بۆی ئاسانتر و ئاسوودەترە. کەسێکی تەندروست باوەڕەکانی لەبارەی مردنەوە لەسەر بنەمای واقیع و زانست و لۆژیکە، هەرچەندە ئەم بابەتە دەکەوێتە بواری فەلسەفەوە، بەڵام لەگەڵ زانست و لۆژیک و واقیعدا ناکۆک نییە. مردن دەخاتە پێگەی خۆیەوە و مامەڵە لەگەڵ ژیان و زیندووەکان دەکات، نەک مردن و مردووان.
- گرنگی بە کات دەدات. ئێمە لە ژیاندا ڕووبەڕووی دوو دیاردەی سەرەکی دەبینەوە، یەکێکیان شت و تاکەکان و ئەوی تریان کات و کات و زەمانە. هەندێک جار، کات و زەمان بۆ ئێمە گرنگترە لە شتەکان و تاکەکان. کات ئاڵۆزی زۆری تێدایە:-
أ:- خۆگونجاندن و یەکسانکردنی کات کوالێتی دەروونییە لەگەڵ کەمێک کاتی دەرەکی. لە کاتێکدا کات کە بریتییە لە گۆڕینی توخمەکان لە شوێنی خۆیاندا و لایەنێکی چەندایەتی و تەواو پێوانەکراوی هەیە، هەروەها لایەنێکی جۆرایەتی هەیە لە مێشکی مرۆڤدا. هەندێکجار یەک خولەک پێنج خولەک دەخایەنێت و پێنج خولەک یەک خولەک دەخایەنێت. دووری و جیاوازی نێوان کاتی کوالێتی ناوەکی و کاتی کەمێک دەرەکی، نیشانەی نەبوونی پەیوەندییە لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکانی دەورووبەر.
ب:- زانینی قەبارە و کاتی پێویست بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک. بۆ نموونە کاتێک پرسیاری لە کەسێکی تەندروست دەکرێت دەربارەی کاتی خۆشۆردن، بە نزیکەیی دەڵێت ۲۰ خولەکی دەوێت، نەک دوو خولەک یان کاتژمێرێک.
پ:- کەسی تەندروست نیگەرانی تێپەڕبوونی کات نییە. هەندێک کەس کە نەخۆشن و گیریان خواردووە، هەر کە کات تێدەپەڕێت، هەر چەند خولەکێک ڕستەی وەک “کاتم بەفیڕۆچوو”، “ژیانم بەفیڕۆچوو”، “هیچ فێرنەبووم”، “فڵان کەس نەهات”، بەم شێوەیە ژەهر دەڕژنە ناو بەختی خۆیانەوە. کەسێکی تەندروست، لە کاتێکدا کە ئاگاداری تێپەڕبوونی کاتە، گرفتار و وەسواس و نیگەرانی تێپەڕبوونی کات نییە.
ت:- یەکسانی ئەمڕۆ و سبەینێ بابەتیکی زۆر گرنگە و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر تەندروستی دەروون. سبەینێ لەوانەیە هەفتە و مانگێکی تر بێت. زانینی ئەوەی کە ئەمڕۆ یەکسانە بە سبەینێ، ئەوەی کە ئازاری ئەمڕۆ یەکسانە بە ئازاری بەیانی و چێژی ئەمڕۆ یەکسانە بە چێژی سبەینێ، ڕێگە بە کەسی تەندروست دەدات لە پرسیاری: “ئەمڕۆ ئازار دەکێشی و سبەینێ چێژەکەی وەردەگریت” یان “خۆشی بۆ ئەمڕۆ و ئازار بۆ سبەینێ؟”، هەمیشە وەڵامەکەی ئەوەیە کە من ئەمڕۆ ئازار دەچێژشم و چێژەکەی بۆ سبەینێ. بە قبوڵکردنی ئەم بنەمایە و خۆشی سبەینێ، ئازاری کەمتر دەبێت. چێژی زۆرە و خەم و ئازاری نییە. بەڵام ئەو کەسەی ئەمڕۆ چێژی وەردەگێڕێت و خەمی ئازاری سبەینێی نییە و زۆربەی بابەتەکان بۆ داهاتوو دوادەبخات، بەم شێوەیە لە ژیاندا دوا دەکەوێت.
ج:- دواخستنی خۆشی و پاداشت، بناغەی سەرکەوتنە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، دەبێت منداڵەکانمان لە تەمەنی ۲ بۆ ٥ ساڵدا ئەم تۆوە لە ناخیاندا بچێنین، کە سەرکەوتن نرخی هەیە و دەبێت بەهاکەی بدەن و خۆڕاگربن تا بەری میوەی سەرکەوتن دەچننەوە و نەیانەوێت بە یەک شەو ڕێگەی سەدساڵە ببڕن. کەسێکی تەندروست لە ڕووی کاتەوە بەشێوەیەک هەڵسوکەوت دەکات کە پەیوەندی هەیە بە واقیعی دەرەوەوە و چێژ لە ئاشتی و ئاسایش دەبینێت و دڵخۆش و ڕازییە.
- کەسی تەندروست گرنگی بە ڕێکخستن دەدات و پاتاڵ نییە. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە شتەکان لە شوێنی خۆیاندان (وەک چاوەکانی ژێر برۆکان) و لە زۆر شتدا کێشەی ڕێکخستن وەک واقیع حەتمییە (وەک ئەوەی ئێمە سەرەتا گۆرەوی لەپێ دەکەین و پاشان پێڵاو، نەک بەپێچەوانەوە. یان سەرەتا خواردن لێ دەنێین، پاشان دەیخۆین، نەک خواردنەکە بخۆین و پاشان لەسەر تەباغەکە دانیشین تا چێشتەکە لێ بنێن). کێشەی زۆربەی کەسانی نەخۆش و گرفتار ئەوەیە کە لە جیهاندا سیستەم قبووڵ ناکەن یان لەگەڵ ستەم و زۆرداری تێکەڵی دەکەن. پێویستە کەسی تەندروست سیستەم لەبەرچاو بگرێت و ڕێز لە هەموو شتێک بگرێت. لێرەدا دوو بابەتی گرنگ هەن:- یەکێکیان جەختکردنەوەیە لەسەر بابەتە گرنگەکان و پشتگوێخستنی بابەتە کەمبایەخ و ناگرنگەکانە، ڕێکخستنی ئەولەویەتەکان و پەسەندکراوەکان. لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئەوە نیشان دەدەن کە کەسانی سەرکەوتوو و شکستخواردوو لە زۆربەی بوارەکاندا گرنگی بە بابەتەکانی وەک یەکتر دەدەن، بەڵام کەسانی سەرکەوتوو بابەتە گرنگەکانی وەک: (تەندروستی جەستەیی و دەروونی، خوێندن، کار، باشترکردنی پەیوەندییەکان، وەرزش، هتد) لە ئەولەویەتی یەکەمیاندایە، شکستخواردووەکان، هەرچەندە لە گرنگی ئەو بابەتانە تێدەگەن، بەڵام لە خشتەی ڕۆژانەیان و ئەولەویەتەکانیاندا ڕەچاویان ناکەن.
- هەبوونی ئامانج و مەبەست و مانا لە ژیاندا، بە تەواوی دەزانێت ئێستا لەکوێیە و بۆ کوێ دەڕوات، ئامانجەکە دیاری دەکات و ڕێگای بەدیهێنانی ڕوون دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە سەرووی ئامانجەکەوە، مەبەست و مانایەکی هەیە. ئامانجەکان دابەش دەکرێن بەسەر سێ جۆردا:- کورتخایەن (دوو ڕۆژ بۆ دوو مانگ)، مامناوەند (دوو مانگ بۆ دوو ساڵ) و درێژخایەن (دوو ساڵ بۆ پێنج ساڵ). بەدەستهێنانی زانیاری، پیشە، تەندروستی جەستەیی و دەروونی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، چێژ و خۆشی، لە گرنگترین بابەتەکانی ژیانن کە دەبێت ئامانجیان بۆ دیاری بکەین.
- جیاکردنەوەی نێوان ئامراز و ئامانج، زۆربەی خەڵک، بەهۆی زیان و بیر و باوەڕی منداڵییانەوە، ئەوەی کە ئامرازە، لەگەڵ ئامانج تێکەڵی دەکەن. بۆ نموونە: پارە ئامرازێکە بۆ بەدیهێنانی پێداویستییە مرۆییەکان، هەندێک پارە وەک ئامانجێک دادەنێن، هەوڵ دەدەن بە هەر شێوەیەک بێت پێی بگەن و بیهێڵنەوە و خەرجی نەکەن. لە ئەنجامدا، هەرچەندە بەڕواڵەت ملیۆنان دۆلاریان هەیە، بەڵام ئەو ئازارەی کە بەهۆی پارەکەیانەوە پێوەی دەناڵێنن، زۆر زیاترە لە ئازاری بێپارەیی هەژاران. نموونەیەکی تری ئەم بابەتە هاوسەرگیرییە. تا ئێستا، هاوسەرگیری، دروستکردن و هێشتنەوەی خێزان ئامانج بووە، لە کاتێکدا ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەهۆی تواناکانیانەوە، گەیشتوون بە قۆناغی سەربەخۆیی، ئازادی و خۆبەڕێوەبەری، چیتر هاوسەرگیری ئامانج نییە، بەڵکوو ئامرازێکە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی و گەشەکردن و بەختەوەری. بۆیە ئەگەر هاوسەرگیری بۆ ئەم مەبەستە نەبێت، ئەوا دەبێت بەدووربگیرێت، چونکە دەبێت هاوسەرگیری ئامانجێکی لەو جۆرەی هەبێت. سیستەمی بەهاکان کەمێک جیاوازە لە بنەماکانی ئەخلاق، واتە لە کۆمەڵگادا، بابەتەکان و ماددەکان پەسەندکراون و تاکەکان بەگوێرەی ئەوان دەجوڵێنەوە. بەڵام بنەماکانی ڕەوشت ماددەیەکی مرۆیین کە پەیوەندییان بە کات و شوێن و بابەتێکی دیاریکراوەوە نییە، لە کاتێکدا سیستەمی بەهاکان، ڕاستییە پەسەندکراوەکانن.
- یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کەسی تەندروست، ئەوەیە کە خاوەن ڕەوشت و بەهای دروست و قبووڵکراوە. ئەمڕۆ دەزانین ئەوەی ئێمە بە سیستەمی ئەخلاقی و مرۆیی دەیناسین، پێنج بنەمایە، چواریان بەدرێژایی مێژوو و بوونیان هەبووە و پێنجەمیان لە ماوەی ۱۰۰ ساڵ یان ۲۰۰ ساڵی ڕابردوودا دۆزراوەتەوە. یەکەم بنەما کە پێدەچێت گرنگترین بێت: دادپەروەری و ئینسافە. justice and fairness) دووەم (واقیع و ڕاستییە. reality and truth) سێیەم (ئازادی و ڕەهایییە. liberty and freedom) چوارەم) خۆشەویستی و میهرەبانییە. kindness and love) پێنجەم) ڕێز و شکۆیە. prestige, esteem and honour)
کەسی تەندروست، ئەم بنەمایانە وەک پێویستییەک بە ڕەهایی قبووڵ دەکات. هەرچەندە مرۆڤ بەشێوەی ڕێژەیی هەڵسوکەوت دەکات، بەڵام کەسی تەندروست بە ڕەهایی ئەم بنەمایانەی قەبووڵە، واتە هەمیشە ڕاستی دەڵێت، تەنانەت ئەگەر بە زیانی خۆی و کەسانی دیکەیش بێت. لە پێناو بەرژەوەندیی خۆی، یان هەر بابەتێکی تر، ئەم بنەمایانە ژێرپێ ناخات.
- تایبەتمەندییەکی تری کەسێکی تەندروست، ئەو پێناسەیەیە کە بۆ مرۆڤ هەیەتی. ئەمڕۆ ئێمە دەزانین کە دوو پێناسە یەکیان لە ڕووی زانستییەوە و یەکێکیان لە ڕووی فەلسەفییەوە بۆ مرۆڤ قبوڵکراوە، مرۆڤ ناتەواوە ـ ناقس (imperfect) ئەمەش نە پیسە، نە گڵاوە، نە تاوانە، نەگوناهە، نە خراپە و نە باشە و نە هیچ. ئەمڕۆ لە ڕووی زانست و فەلسەفەوە: (مرۆڤ بوونەوەرێکی ناکامڵە، کە لە ڕێگەی پەروەردەوە و فێرکردن و ئەزموونەکانییەوە بەرەو کامڵبوون دەڕوات.) جگە لەمە، هەر پێناسەیەکی تر بۆ مرۆڤ بکرێت، لەگەڵ واقیع و ڕاستییەکان و بنەماکانی ئەخلاقی مرۆیی یەک ناگرێتەوە. کەواتە کاتێک باسی پێناسەی مرۆڤ دەکرێت، مرۆڤ ناتەواوە، ئەم مرۆڤە ناتەواوە بۆ ئەوەی بەرەو کەماڵ بڕوات، توانای ئەوەی هەیە خۆی باشتر و باڵاتر بکات. لە ڕووی زانستییەوە هەموو پێناسەکانی دیکە لادەدرێن. جا ئیتر بوونەورێکی کۆمەڵایەتییە، ئاژەڵێکی ژیرە، بوونەورێکی سیاسییە، مرۆڤی تەندروست پێناسەی مرۆڤ بوونەوەرێکی ناکامڵەی قبووڵە و وەک بوونەوەرێک کە دەربارەی داهاتوو دەزانێت، دەتوانێت لە ئێستادا پلانی داهاتووی هەبێت و بەرپرسیاریی ئایندەی خۆی و ئەوانی دیکەش لەئەستۆ بگرێت.
- تایبەتمەندییەکی دیکەی کەسێکی تەندروست ئەوەیە دوو شت هەرگیز لەبیر ناکات:-
یەکەم؛ ئەو ڕاستییە دەزانێت مرۆڤ هەمیشە ئامانجە و هیچ کات ئامراز نییە. هیچ مرۆڤێک هەرگیز ناتوانرێت لەلایەن هیچ بت و ئایدۆلۆژیا و تەنانەت باوەڕێکی خودایی و ئایدیاڵەوە بکرێت بە قووربانی. چونکە هەموو ئایین و ئایدۆلۆجیاکان ئامڕاز و ڕێگەیەکن بۆ خزمەت و بەختەوەریی مرۆڤ. مرۆڤەکان ئامانجن، نەک ئامراز. بۆیە ناکرێت بە پاساوی باشترکردنی کۆمەڵگە، مرۆڤەکان بکوژرێن. ناکرێت مرۆڤ لەنێو ببرێت بۆ ئەوەی ئایین، ئایدۆلۆژیا، یان دیموکراسی و ئازادی لە کۆمەڵگەدا بچەسپێنرێت. مرۆڤ ئامانجە و هەرگیز ئامراز نییە. ناتوانرێت هیچ مرۆڤێک لەناو ببرێت بۆ ئەوەی ئەوانی تر بتوانن ئامانجێک بەدەست بهێنن. لە ژیانی ئاساییشدا تۆ ناتوانیت مرۆڤ بەکاربهێنیت بۆ پێشکەوتنەکانت. بۆ نموونە، دەتەوێت لە وڵاتەکەت بێیت بۆ ئەمریکا، بە کەسێک بڵێت خۆشم دەوێیت، بۆ ئەوەی بتبات بۆ ئەمریکا، دواتر لێی جیابیتەوە. چونکە لە ماڵی باوکت لەوانەیە نەتوانیت بخوێنیت، بۆیە دەکەویتە خۆشەویستی کەسێکەوە کە ڕێگەت پێ دەدات لە ماڵەکەیدا بخوێنیت. یان لەوانەیە بکەویتە خۆشەویستی کەسێکی دەوڵەمەند چونکە ناتوانیت پارە و سامان بەدەست بهێنیت. بۆیە مرۆڤ هەمیشە ئامانجە و ناکرێت وەک ئامڕاز و کاڵا سەیر بکرێت.
دووەم؛ وەک مرۆڤ سەیری کەسەکان دەکات، نەک کاڵا. بۆ نموونە، ئەگەر من لە ڕوانگەی کاڵاوە سەیری مرۆڤەکان بکەم، بە دڵنیاییەوە وا دەکات بگەمە ئەو ئەنجامەی کە منیش کاڵایەکم، بۆیە لەگەڵ سپیبوونی یەکەم تاڵەمووی قژم، یان چرچبوونی ڕووخسارم، چیتر من کاڵایەکی بەسوود نیم، وەک جاران نیم. ئەمە ڕوانگەیەکی وێرانکەرە. ئەگەر ئێمە بەچاوی کاڵەوە سەیری مرۆڤەکان بکەین، کاڵا کڕین و فرۆشی پێوە دەکرێت. با بیهێنینە بەرچاومان کە ئێمە لەم بوارەدا بردمانەوە، لە کۆتاییدا دۆڕاوی ڕاستەقینەین. کەسێک کە بەچاوی کاڵاوە لەخۆی دەڕوانێت، ئەگەر باشترین و جوانترین و زیرەکترین کەسیش بێت، کە دەگات بە ڕۆژانی پیری و لەدەستدانی توانا و جوانییەکەی، ئەو ئازارەی ئەو دەیچێژێت، چەندین جار زیاترە لەو کەسەی کە بەڕواڵەت زۆر جوان و زیرەک نەبووە، بەڵام بەچاوی مرۆڤ سەیری خۆی و خەڵکی کردووە. بە واتایەکی دیکە، کەسێکی تەندروست خۆی و خەڵک بە مرۆڤ دەزانێت، نەک کاڵا و ئامڕاز.
نووسین: پڕۆفیسۆر دکتۆر فەرهەنگ هولاکوویی
وەرگێڕان: شاهۆ لەتیف