“ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی خێرا”
قسه‌کردن له‌باره‌ی ڕۆڵ و پیگه‌ی ژن، به بارته‌قای قسه‌کردن له‌باره‌ی ڕۆڵ و پێگه‌ی مرۆڤ باس هه‌ڵده‌گرێت و به هه‌مان راده‌ش مێژوو و هه‌وراز و نشێوه‌ی هه‌یه، ڕاسته ئێسته له زمانی ئینگلیزی‌دا و ته‌نانه‌ت زمانی ئاڵمانیشدا؛ کاتێک باسی مرۆڤ واته ئینسان ده‌که‌ین وشه‌ی (man) له ئینگلیزی و (Mensch) که زمانی ئەڵمانی به‌کار ده‌هێنرێت که له بنه‌ڕه‌تدا مانای هه‌ر دوکیان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وشه‌ی (پیاو)، ته‌نانه‌ت له زمانی فارسیشدا له ژێر کاریگه‌ریی زمانی عه‌ره‌بی ده‌ڵێن (رجل سیاسی) واته پیاوانی سیاسی، هه‌موو ئه‌مانه داکۆکی له بوونی گوتارێکی پیاوسالارانه ده‌که‌ن، گوتارێک که ڕه‌گ و ڕیشه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانی سه‌ره‌تای شارستانییه‌ته کۆنه‌کان که جیهان و موڵکدارێتی و هه‌موو هاوکێشه‌که‌ی له سه‌ر بنه‌مای جه‌سته و هێز پێناسه کردووه و به‌م شێوه‌یه‌ش له زۆربه‌ی شارستانیه‌ته‌کاندا ئه‌م وێنا نادروست و هه‌ڵه‌یه قبووڵ کرا که ڕۆڵی ژن له ئاستانێکی ته‌سک و دیاریکراودا پێناسه بکرێت و شوناسێکی دۆگما و نه‌گۆڕ بخرێته پاڵ که‌سایه‌تی و مێنتاڵیته‌ی ژن.
له دوای شۆڕشه فیمینیستی و ڕۆشنگهرانهکان له ئه‌ورووپا و به دیاریکراوی له فه‌ره‌نسه و هاتنه‌ده‌ری کتێبی “ڕه‌گه‌زی دووهه‌م”ی سیمۆن دێ بۆڤار؛ بیرمه‌ند و نووسه‌ری فه‌ره‌نسی و یاری ژان پۆل سارته‌ر فه‌یله‌سووفی وجوودگه‌رایی فه‌ره‌نسی، کۆی ئه‌م په‌نگخواردن و کپکردنهوانه له ئاستێکی گه‌وره له جیهاندا ته‌قییه‌وه و ژنان وه‌کوو مێنتاڵیته و زه‌ینییه‌تی نوێ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گێڕانه‌وه زاڵ و سه‌پێنراوه‌ی پیاوسالاری بوونه‌وه که هه‌موو جومگه و لایه‌نه‌کانی وجوودی مرۆڤی ته‌نها له پیاو (وه‌کوو له سه‌ره‌وه نموونه‌ی زمانیشم بۆ هێنایه‌وه)دا کورت ده‌کرده‌وه، ئه‌م دهستهویهخهبوونهی گوتاری فیمینیستی و ده‌کرێت بڵێین گوتاری یه‌کسانیخوازیی جێنده‌ری تا ئێسته له ئاست و شیوه‌ی جیاجیا به‌رده‌وامه و به‌رده‌وامیش ده‌بێت، نموونه‌ی شۆڕشی ژینا له ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان پزیسکێکی ئه‌م کڵپه‌ی ئاگره‌ی مافخوازی و یه‌کسانیخوازی ژنانه، ئه‌گه‌رچی زۆر که‌س و لایه‌ن هه‌م له ناو ده‌سه‌ڵاتی ئێران و هه‌میش له ده‌ره‌وه ده‌سه‌لاتی ئێران و له هه‌ناوی گوتاری پیاوسالارانه‌وه ویستیان شۆڕشه‌که بۆ ئاستێکی ڕووکه‌ش و بچووک کورت بکه‌نه‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه باڵاپۆش و سه‌رپۆش ته‌نها ڕمزێکن بۆ مافخوازی و که‌س ناتوانێت جیهانی پشت ئه‌و ده‌مامکه سه‌پێنراوانه به ئاسانی پێناسه بکات و بیگێڕێته‌وه.
ئێسته به‌شیک له پیاوانی فیمینیست و یه‌کسانیخوازی نێوان ژن و پیاو خۆشبه‌ختانه دانیان به‌مه‌دا ناوه که پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگا به بێ ئاماده‌یی و حوزوری ژنان پێشکه‌وتنێکی ناته‌واوه و، له ڕاستیدا ته‌نها وههم یان سه‌رابێکه له پێشکه‌وتن، بۆیه ئێمه‌یش وه‌کوو ژن ده‌بێت بزانین چه‌نده پێویستمان به به‌رگریکردن له ماف و شوناسی ژنانه و ژنێتی خۆمان هه‌یه، ئه‌وه‌نده‌ش پیویستمانه که لۆژیکی گوتاری پیاوسالارانه ڕه‌خنه بکه‌ین و پێیان بسه‌لمێنین که جیهان ته‌نها له ده‌لاقه‌ی پیاوانه نابینرێت.
“ژن و سیاسه‌ت وه‌کوو پانتا له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات”
ژن له هه‌موو شارستانییه‌ته‌کاندا ناوه‌ندێکی یهکلاکهرهوهوهی بڕیار و پێشهاته‌کان بووه، جا چ به شێوه‌ی راسته‌وخۆ بووبێت یان به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ بووبێت، به‌شیکی زۆر له ئیمپراتۆرییه‌ته‌کان ژنان ڕۆڵیان له پشت شانۆی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا گێڕاوه و له ڕۆژگاری مۆدێڕنیشدا ژنان به شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و جیاواز له پیاوان و تایبه‌ت به دونیای خۆیان له کایه جۆراوجۆره‌کانی زانست، سیاسه‌ت، بازاڕ و کۆمه‌ڵگا و خێزان ڕۆڵیان گێڕاوه و زێده‌ڕۆیی نابێت گه‌ر بڵێین: ڕۆڵێکی گرنگ و چاره‌نووس سازیان له پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی شارستانییه‌ت و کۆمه‌ڵگاکاندا بووه، بێگومان ئه‌مه له کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی دیکه و له دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه بۆ دۆخی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه جیاواز بووه و، ئه‌م جیاوازییه‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. بۆ نموونه ژنان له ئه‌فریقا تا ئێسته‌ش له دۆخێکی ناچالاک و چهوسێنراودانهدا ده‌ژین یان له ئه‌فغانستان به هه‌مان شێوه، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵ و تێکۆشانیان هه‌ر به‌رده‌وامه و له کزی نه‌داوه، به‌هۆی جیهانگیریی و شۆڕشی زانیاری و بزووتنه‌وه فیمینیستییه‌کان ژنان له‌سه‌ر مافه‌کانی خۆیان وشیار بوونه‌ته‌وه، گه‌یشتوون به‌م وشیارییه که ئه‌وان به‌شێک نین له خواست و حه‌زه سێکسییه‌کانی پیاو، یان به‌شێکی ڕه‌ها نیین له کاربه‌ڕێکه‌ری کاروباری ماڵه‌وه و ماڵداریکردن، به‌ڵکوو چۆن پیاوان ده‌توانن به جۆش و خرۆشه‌وه باسی ڕاوشکار و چێژ و ئازار و حه‌ماسه‌کان و به گشتی دونیای خۆیان بکه‌ن ژنانیش به هه‌مان شێوه.
ژنان تێگه‌یشتن که نابێت خۆیان پێشوه‌خته بکوژن، ئه‌گه‌ر بڕیاره بکوژرێن با له پێناو شتێک بێت که جیهانیان پێناسه بکات، نموونه‌ی ئه‌مه به‌رخۆدان و شۆڕشی ژنان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه که به ده‌یان ڕۆژنامه‌نووس و چالاک و مامۆستای زمانی کوردی‌یان ده‌ستبه‌سه‌ر کرد و ئازاریان دان، به‌ڵام هه‌ر له مافی خۆیان پاشگه‌ز نه‌بوونه‌وه، ئه‌مه به‌شێک و باشتره بڵێم لایه‌نێک له دونیای ژنان و به تایبتی ژنانی کورده، ئه‌گه‌ر له ڕۆژئاوا کێشه‌کانی ژن زیاتر به دهورووخولی ئازادیی زۆرتر، مافی جێنده‌ر، مافی زیاتری کار و پێگه‌ی به‌رزتری کۆمه‌ڵایه‌تی وسیاسیدا ده‌سووڕێته‌وه ئه‌وا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ناپێشکهوتوودا هێشتا پرسی باڵاپۆشی، شه‌ره‌ف، نه‌بوونی سه‌ره‌تاییترین ئازادییه‌کان وه‌کوو مافی هه‌ڵبژاردنی باڵاپۆشبوون یان سفووربوون، نه‌بوونی ئاسایشی ده‌روونی به‌هۆی مه‌ترسییه‌کان که به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه شهرهفپهرستاکان دروستی ده‌که‌ن و ده‌یان کێشه‌ی دیکه، زاڵن.
بۆ نموونه له ئه‌فغانستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵیبان دیسان نیقاب و په‌چه هاته‌وه بۆ سه‌ر جه‌سته و ڕوخساری ژنان، دیسانه‌وه ده‌رگای خوێندن و قوتابخانه‌کان به‌ڕوویاندا داخران، دیسانه‌وه وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی گوناه و هێمای له‌زه‌ت و شه‌هوه‌تپه‌رستی پێناسه کرانه‌وه، دیسانه‌وه خزێنرانهوه گۆشه‌ی سه‌رداب و تاریکستانه‌کانی ئایدپۆلۆژیای دواکه‌توو و کو‌لتوور و نه‌ریتێکی نه‌خۆش و ناته‌ندروستی نێرسالارانه‌وه. ئه‌مانه ته‌نها به‌شێک له‌و ئازارانه‌ن که ژنانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین گیرۆده‌یین، بێگومان له‌م جوگرافیا خوێناوییه، له مه‌ڵبه‌ندی پێغه‌مبه‌ران و عاریفان و گه‌وره پیاوانی و عاشقان و فه‌رهاد و شیرینه‌کاندا ژن گه‌وره‌ترین ئازار ده‌چێژێت، ئه‌مه‌ش وه‌کوو وتم له کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه بۆ کۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه جیاوازه، دۆخی ژنان له ئه‌فغانستان هیچ کات به‌راورد ناکرێت به دۆخی ژنان له ئێران و دۆخی ژنان له کوردستان تایبه‌تمه‌ندیی جیاوازیی خۆی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو وڵاته. ئه‌گه‌رچی کورد وه‌کوو ئه‌فغانستان و ئێران خاوه‌نی ده‌وڵه‌تێکی چه‌ند سه‌د ساڵه و جێگیری سیاسی نه‌بووه، به‌ڵام ژنانی کورد له زۆر ڕووه‌وه ڕۆڵی چالاکانه‌تر و پێشهنگانهتر به نیسبه‌ت ژنانی ئه‌و دوو وڵاته‌وه ده‌گێڕن، هه‌ڵبه‌ت که‌س ناتوانێت حاشا له زاڵبوون و هه‌یمه‌نه‌ی پیاوسالاری و به‌کاڵابوونی ژنان نه له‌و دوو وڵاته و نه له کوردستان بکات، به‌ڵام بێگومان ده‌رکه‌وتنی له‌یلا قاسمه‌کان، عادیلهخانمهکان و ده‌یان ژنی شۆڕشگێڕی کۆن و نوێ له کوردستان هۆکاری له‌دایکبوونی ده‌یان ژینا له ڕؤژهه‌ڵاتی کوردستان و پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌بن.
له‌م ڕووه‌وه که ژنانی کورد زه‌مینه‌یه‌کی مێژوویی چالاکی کرده‌کی و وشیاریی گشتی به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌ییان هه‌یه دڵخۆشییه‌کی گه‌وره‌یه و مایه‌ی هاندان و چالاکیی زیاتر ده‌بێت. توخم و هۆکارێکی دیکه که هاوکێشه‌که بۆ کورد و ژنانی کورد ئاڵۆز ده‌کات کۆلۆنیالیزمی ده‌ره‌کی و سته‌می داگیرکه‌رانی کوردستانه که به‌شێوه‌ی نه‌رم و ڕه‌ق پرۆژه و پلانه‌کانیان پیاده ده‌که‌ن. ئێسته ئه‌گه‌رچی قۆناغی پرۆژه‌ی داگیرکاریی ڕه‌ق تێپه‌ڕ بووه، به‌ڵام کورد به‌هۆی ئه‌و دۆزه تایبه‌ته‌ی هه‌یه‌تی هێشتا درۆن له ئاسمانه‌کانی نابڕێت و تۆپ و ته‌یاره‌کانی دایگیرکهران ڕوویان له شار و دۆڵ و ده‌شت و چیاکانێتی، تا ئه‌و شوێنه‌ی که له نه‌زمی نوێی سه‌رده‌م و دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و ته‌کنه‌لۆژیی ئه‌مڕۆی تێگهیشووین، شێوازی ڕه‌قی داگیرکاری له هی نه‌رم ئاسانتر و ساده‌تر و ڕوونتره، له داگیرکاریی ڕه‌قدا تۆ ته‌نها کۆمه‌ڵێک هێز ده‌بینیت که دیارن دوژمنن و له دوور و نزیک پلان ده‌گێڕن، ده‌کریت تۆ پێوه‌ی بیت یان نه‌بیت و به ئاسانیش بۆی جێبه‌جێ نابێت و تێچوویه‌کی سیاسی و مادی و سه‌ربازیی زۆری ده‌بێت بۆی، به‌ڵام له داگیرکاریی نه‌رمدا ئێمه خۆمان به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ ده‌بین به ملکه‌چ یان فه‌رمانبه‌ر یان به‌گشتیی قوربانیی سیسته‌مێک که دایگیرکه‌ر به‌رهه‌می دێنێت و ئیشی پێ ده‌کات.
ئه‌گه‌ر فیلمی “کێلانی ته‌واو پۆڵایین”ئیسته‌نلی کووبریک؛ ده‌رهێنه‌ری هۆلیڤوودی ببینین کاتێک ئه‌فسه‌ری ڕاهێنه‌ر به سه‌ربازه‌کان ده‌ڵێت ئێوه ئیتر ماوه‌ی ڕاهێنانتان به‌شێوه‌ی ڕه‌ق و چڕ و پڕ ته‌واو کردووه و ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ڤیه‌تنام و ده‌بێت داگیری بکه‌ن و دوژمنانتان له‌ت و په‌ت بکه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت دوا وانه‌تان پێ بڵێم ئه‌ویش ده‌بێ خۆتان ڕووت که‌نه‌وه و ده‌ست به عهورهتتانهوه بگرن و له‌گه‌ڵ من دواوانه دووپات که‌نه‌وه: “ڕاسته ئێمه به چه‌کی ڕه‌ق ده‌چین بۆ ڤیه‌تنام به‌ڵام چه‌کی سه‌ره‌کیی و نه‌رمی ئێمه ئه‌مه‌یه، چه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ئێمه ئه‌مه‌یه(واته عهورهتمانه) “. ئه‌مه ئه‌گه‌رچی نواندنه‌وه‌ی ڕه‌مزیی یه‌کێک له شیوازه‌کانی داگیرکاریی نه‌رمه به‌ڵام ته‌نهاترین شێوه‌ی نییه، بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وه‌کوو کورد که داگیرکاران ده‌وره‌یان داوه له هه‌ر لاوه و له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا پیلانی بۆ داده‌نێن ژنان ده‌شێت ده‌روازه‌ی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک خه‌سار و کاره‌ساتی گه‌وره بن و چون ئه‌وان کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کیی په‌روه‌رده و زاوزێکردن و وه‌چه‌خسته‌نه‌وه و کۆمه‌ڵگان و بێگومان خه‌ساره‌که هه‌ر به‌ر خۆیان به‌ته‌نها ناکه‌وێت.
ژنانی کورد له دوو قۆڵی بازاڕ به گشتی و سیاسه‌تی کۆلۆنیالیستی کراونه‌ته ئامانج که یه‌که‌میان کاڵاگه‌رێتی و له شوناس خستنی به‌دواوه دێت و دووهه‌میشیان ده‌شێت چه‌ندین حاڵه‌تی هه‌بێت که هه‌ر له ڕێگه‌ی بازاڕه‌وه دزه ده‌کات، به‌ڵام به سیاسه‌تێکی نه‌رمی دڕنده و کوشنده‌وه، له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا چه‌ند گرته ڤیدیۆیه‌ک له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو بوونه‌ته‌وه که ستیانێک له دووکانێکدا (له یه‌کێک له شاره‌کانی کوردستان) به هۆی ئه‌وه‌ی گومان له نائاساییبوونی ده‌کرێت ههڵدهدڕێنن و کیسه‌یه‌ک له ناویدا ده‌دۆزنه‌وه که دوو حه‌بی تێدایه، به پێی به‌دواداچوونه‌کان ئه‌و دوو حه‌به ده‌ته‌قێن به سینه‌ی ئافهرتدا و له درێژماوه‌دا جیا له‌وه‌ی که‌سه‌که تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی ده‌که‌ن به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر منداڵێکی شیره‌خۆره‌شی هه‌بێت ئه‌وا ژه‌هرخوارد ده‌کرێت که ئه‌مه ستراتیژێکی پاکتاوکردنی نه‌رم و نوێیه و من دڵنیام بازاڕی جیهانیی ناوچه‌که به هاوکاریی داگیرکه‌ران ده‌یکه‌ن و کوردستان و ژنانی کوردستان ئامانجی سه‌ره‌کییانه، بۆیه جیا له‌وه‌ی که ئێمه وه‌کوو ژنی کورد ده‌بێت ئاگاداری مافه جۆراوجۆره‌کانی خۆمان بین، ده‌بێت ئاگاداری دۆخی واقیعیش بین و هه‌تا ده‌توانین بۆ ئه‌م بابه‌تانه زانیاری له‌گه‌ڵ یه‌کدی هاوبه‌ش بکه‌ین و یه‌کتری وشیار بکه‌ینه‌وه، به‌هیوام ئاسۆی سه‌رکه‌وتن و ده‌رکه‌وتنی ژنانی کورد له‌م حاڵه‌ته بێ دهوڵهتییهش دا زیاتر بده‌ره‌وشێته‌وه و هه‌مووان بزانن که نه‌ته‌وه‌یه‌ک ژنانی له نه‌ته‌وه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ته چه‌ند سه‌د ساڵه‌کان، سه‌دان ساڵه له‌پێشترن و چاوکراوهته و به‌هادارترن.