“دونیای گێرانه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی و ڕێگه‌ی مامناوه‌ندی”
“پێشه‌کی”
دیاریکردنی ڕه‌گ و ڕیشه‌ی وشه‌ی ڕه‌خنه، ڕه‌نگه وه‌کوو چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی زه‌ق و کارپێکراو بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ ئه‌ورووپای سه‌رده‌می ڕینیسانس(سه‌ده‌ی 14 بۆ 16) و ڕۆشنگه‌ری(سه‌ده‌ی 17 و 18 زاینی) که دواتر له ده‌قه فه‌لسه‌فییه‌کانی ئیمانیۆل کانتدا زیاتر له هه‌موو که‌سێک قووڵایی و جێگه‌ی خۆی په‌یدا کرد. به‌مانای گشتی ڕه‌خنه ده‌په‌رژێته سه‌ر لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر شتێکی وه‌کوو بڵاڤۆک یان گۆڤارێک، خزمه‌تگوزارییه‌کانی ڕێکخراو یان دیارده‌یه‌ک، فیلمێک، یارییه‌کی ڤیدیۆیی، مۆسیقایه‌ک (هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوازێک له ڕووی مۆسیقاییه‌وه) یان هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکدانه‌وه‌ی کتێبێک، وشه‌ی ڕه‌خنه له مانای وشه و ڕه‌چه‌ڵه‌کی مانایی وشه‌که‌دا به مانای لێک هه‌ڵاواردنی ڕاست له هه‌ڵه یان خه‌وشدار له بێخه‌وشه. به ده‌ربڕینێکی دیکه، ڕه‌خنه به واتای هه‌ڵسه‌نگاندن و کێشانه‌کردنی شتێک یان دیارده‌یه‌ک دانانێتی له خشته‌ی دوو ده‌سته‌ی ته‌ندروست و ناته‌ندروسته‌وه. بێگومان ڕه‌خنه یه‌کێک له ده‌سکه‌وته هه‌ره زێڕینه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی هه‌ژمار ده‌کرێت و هه‌موو ئه‌و پێشکه‌وتنانه‌ی مرۆڤ له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به چاوساغی ڕه‌خنه و له ژێر تیشکی ئیلهام و ڕچه‌شکێنیی و حیکمه‌تی ئه‌م کرداره بووه.
ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌م بابه‌ته بده‌ین که ڕه‌خنه یان ڕه‌خنه‌گری کردار یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ک نییه تایبه‌ت به دونیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ئه‌گه‌رچی زیاتر له‌م بوارانه‌دا خۆی ده‌ربڕیوه و ئامانج و ده‌سکه‌وته‌کانی فورموله کردووه. وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ڕه‌خنه لانیکه‌م وه‌کوو کردارێک جیدی و چه‌مکێکی کاریگه‌ر له سه‌رده‌می ڕینیسانس و قۆناغی چاکسازیی و ڕیفۆرمی ئایینی له ئه‌ورووپادا زیاتر ده‌رکه‌وت و له ڕۆشنگه‌ریدا و له‌سه‌ر ده‌ستی کانت گه‌یشته ترۆپکی قووڵبوونه‌وه و تیۆریزه کردن و له قۆناغه‌کانی دواتریشدا پاش سه‌رهه‌ڵدانی نازیزم و شه‌ڕه جیهانییه‌کانی له‌سه‌ر ده‌ستی فرانکفۆرتییه‌کانی ڕه‌هه‌ندی دیکه‌ی وه‌رگرت و تا ئێسته‌ش وه‌کوو یه‌کێک له تێڕوانین و ڕیبازه ڕێنیشانده‌ر و ئیلهامبه‌خشه‌کان له هه‌موو ساحه‌کانی مه‌عریفه و زانستی مرۆیی‌دا ده‌بینرێت و به‌کار ده‌هێنریت. ده‌توانین بڵێین که وشه‌ی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌کردن چ وه‌کوو تێڕوانینێکی ڕه‌خنه‌یی ڕاسته‌قینه و چ وه‌کوو به‌کارهێنانێکی ئامرازیانه‌ی ئه‌م چه‌مکه له ئێستادا هه‌موو دونیای ته‌نیوه، هه‌ر له ئیسلامی و ئایینییه‌کانه‌وه بگره تاکوو ڕۆشنبیر یان که‌سێکی بازاڕی و ته‌نانه‌ت به‌شێک له خه‌ڵکی ئاساییش به‌کاری ده‌هێنن، هۆکاری ئه‌وه‌ی که بۆچی به‌کارهێنانی ئه‌م وشه‌یه یان ئه‌م چه‌مکه هێنده به‌ربڵاو بووه‌ته‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌هێزبوونی ئه‌م گوتاره له ئاستی دونیا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له ناو گوتاره فیکری و هونه‌ری و میدیاییه‌کان و به‌تایبه‌تی کارامه‌یی و کاریگه‌ریی شارستانی و ڕزگارکه‌رانه‌که‌ی ڕه‌خنه له ئاستێکی به‌ربڵاودا.
ده‌بێت سه‌رنجی ئه‌مه‌ش بده‌ین که ڕه‌خنه په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و نه‌پساوه‌ی له‌گه‌ڵ چه‌مکی گوماندا هه‌یه و گومانیش ده‌روازه و کڵاوڕۆژنه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه، ڕه‌خنه به‌م ئاڕاسته و ڕێچکه‌یه و له سۆنگه‌ی گومان و بیرکردنه‌وه هه‌نگاوهاوێشتنی بوێرانه و ژیرانه‌یه له ڕێگه‌ی چه‌مکداڕێژی و خه‌سارناسی بۆ باشترکردنی دۆخێک یان چاکسازی و گۆڕانی دۆخێک.
“ڕه‌خنه له کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی”
ڕاسته ڕه‌خنه له کۆمه‌ڵگاکانی ڕۆژهه‌ڵات و کولتووره نه‌ریتگه‌راکاندا پێشینه و پێگه‌یه‌کی ڕێزلێگیراوی نییه و ئه‌وه‌نده وه‌کوو بۆڵه‌بۆڵ و گاره‌گارێک ده‌بینرێت، هێنده وه‌کوو جۆره تێڕامان و قووڵبوونه‌وه و ئیراده‌یه‌ک بۆ چاککردن و چاره‌سه‌ری نابینرێت. وه‌کوو ده‌گێڕنه‌وه ڕه‌خنه له زمانی کوردی‌دا به واتای درز و شه‌قی بچووکه که ده‌که‌وێته نێو شتێک و ئه‌و شته یان ده‌بێت به دوو شت و ده‌بێت بڵێین شه‌ق و درزه‌که ده‌که‌وێته نێوان دوو شت یان ئه‌م شه‌ق و درزه پته‌وی و دانه‌بڕاوه‌یی زیاتری ئه‌و دیارده‌یه ئاشکرا ده‌کات و به ئێمه ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌م درز و شه‌قه به شیوه‌یه‌ک له شێوه‌کان دابخرێت و کیپ و کپ بکرێته‌وه. ئه‌گه‌ر له‌م لێکدانه‌وه زمانی و ده‌سته‌واژه‌ییه‌وه بێینه ناو ماناداڕێژیی کۆمه‌ڵگا و زه‌ینییه‌تی کوردی بۆ ڕه‌خنه ئه‌وا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت به مانا گشتییه‌که‌ی ڕه‌خنه وه‌کوو ئیراده و هه‌وڵێکی ئه‌رێنی بۆ چاکسازی یان هه‌ر جۆره گۆڕانێک به‌ره‌و پێشکه‌وتن چاو لێ نه‌کراوه و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و مه‌کینه زه‌ینییه‌ی که له کۆمه‌ڵگا نه‌ریتسالار و سونه‌تییه‌کاندا له ژێر کاریگه‌ریی ئایین و به‌ها کولتوورییه‌کان ڕۆڵ ده‌گێڕێت.
وه‌کوو له به‌شی پێشه‌کیدا وتم ڕه‌خنه هاوکات هه‌ڵگری گومان و بیرکردنه‌وه‌یه و پێکهاته چه‌قبه‌ستووه نه‌ریتگه‌راکان به ئاسانی ئه‌مه قبووڵ ناکه‌ن. هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ هاتنی ڕه‌خنه بۆ گوتاری ئه‌قڵانی و ڕۆشنبیریی کوردی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندئاژۆ و ڕه‌د و ته‌کفیریش زیاتر ده‌رکه‌وت، بۆیه باسی ئه‌م زاراوانه وه‌کوو ته‌کفیر و حوکمدان ده‌که‌ین، چونکه ئایین سه‌رپشکی پاراستنی به‌ها ئه‌زه‌لییه‌کان و کۆڵه‌که نه‌گۆڕه‌کانه و هیچ ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌م ڕوانگه‌یه‌وه که هه‌ڵگری گومان بێت قابیلی قبووڵ نابێت و به‌و شێوه سه‌رپه‌ڕانه‌یه ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه. خودی ئه‌م دۆخه وای کرد که ئه‌و شته‌ی له وڵاتانی موسڵمان و عه‌ره‌بی له ژێر ناوی ڕۆشنبیریی دینی ده‌ناسرێت په‌ره نه‌ستێنێت و پێکهاتی سه‌له‌فیی ئایینیی له کوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌رکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ گوتاری عه‌لمانی و سیکولاریزم ڕۆژ دوای ڕؤژ زیاتر شیر و شمشێره‌کانی تیژ بکاته‌وه، ئێسته‌ش له‌م هاوکێشه‌یه‌دا ئێمه هه‌ر له‌گه‌ڵ جۆره قه‌یرانێک ڕووبه‌ڕووین، قه‌یرانی ڕه‌تکردنه‌وه و تۆمه‌تبارکردنی به‌ها و چوارچێوه باوه‌ڕییه‌کانی یه‌کدی و دواتر به‌شێوه‌ی سرووشتی و وه‌کوو لێکه‌وته‌ی ئه‌م دۆخه به‌رهه‌مهاتنی گوتاری جنێوئامێز و بێڕیزیکه‌رانه و کوشتنی دیالۆگ ده‌بێت ئه‌مه‌شمان له‌بیر بێت که ئه‌رکی سه‌ره‌کیی ڕه‌خنه دروستکردنی دیالۆگیشه، دیالۆگێک که وه‌کوو پردێک بۆ گواستنه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه و گومان بجووڵێته‌وه، شکڵنه‌گرتنی دیالۆگێکی کارا و سازێنه‌ر له ئاسته جۆراوجۆره‌کانی دانوستانی گوتاره‌کان له کوردستان خۆی په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهاتنی ئه‌و ئاسته له گوتاری ته‌شهیر و جنێو و شکاندن هه‌یه و ئه‌مه ڕاستییه‌کی تاڵه که ناتوانین حاشای لێ بکه‌ین.
هه‌ر بۆیه نه ده‌توانین بڵێین دیالۆگی نێوان ئایین و عه‌لمانییه‌ت سه‌رکه‌وتوو بووه و نه دانوستان و دیالۆگی نێوان مارکسیزم و عه‌لمانیه‌ت یان مارکسیزم و ئایین له لایه‌کی دیکه‌وه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت به ڕێژه‌یه‌کی زۆر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م گوتارانه به‌ر له‌وه‌ی زه‌مینه‌سازی به‌دیهاتنی چه‌مک و زاراوه‌ی نوێ بۆ لێکتێگه‌یشتن و ڕه‌خنه‌هه‌ڵگرتن بێت سواغده‌ری شمشێری ڕق و قین به نیسبه‌ت یه‌کتری بووه، ڕه‌نگه هه‌ر به‌م هۆکاره‌شه ئێمه له ئاسته سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و شارییه‌که‌شیدا له دۆخێکی په‌رتکراو و له‌ته‌له‌تبوو و دابه‌شکراودا ده‌ژین. بۆیه ده‌شیت بزانین ڕه‌خنه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رچاوه مه‌عریفی و فیکرییه ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆی نه‌ک ته‌نها بۆ بابه‌ت ئه‌ده‌ب و هونه‌ر یان کۆمه‌ڵگا، ڕه‌خنه خاوه‌نی میتۆدۆلۆژی و تێرمه‌کانی تایبه‌ت به خۆیه، هه‌ر وه‌ک چۆن هه‌ر بابه‌تێک ناکرێت ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین، هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کیش ناشێت ناوی ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ر دابنێین. ڕه‌خنه‌یه‌ک که پشتئه‌ستوور نه‌بێت به ئارگۆمێنت و ده‌سته‌واژه‌ی شیکارانه و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاوه‌زمه‌ندانه و زانستی ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی سه‌لیقه و حه‌زی تاکه‌که‌سییه‌وه و به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌مه‌ش نابێت فه‌رز بکرێت به سه‌ر حه‌شیمه‌تێکی که‌م یان زۆر له خوێنه‌ران یان به‌رده‌نگاندا
“ئه‌ده‌بی کوردی و نووسه‌رانی”
پێویست به گوتن ناکات، ئه‌ده‌بی کوردی ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی و جه‌وهه‌ری له دروستکردنی شوناسی کوردی و پته‌وکردنی داهاتووی شوناسی کوردی بۆ هه‌میشه گێڕاوه و ده‌گێڕێت، ئه‌گه‌ر له ئاسته سیاسییه‌که‌یدا شوناسی کوردی به‌نده به کیانێکی سیاسی و جوگرافی و ئابوورییه‌وه ئه‌وا له ئاسته ئه‌ده‌بییه‌که‌یدا شوناسی کوردی به ڕاده‌ی خۆی دره‌وشاوه‌ته‌وه و بووه به گێره‌ره‌وه و ده‌نگبێژی دونیای مرۆڤی کورد، کاتێک ده‌ڵێم مرۆڤی کورد واته هه‌م بوونه‌وه‌رێک وه‌کوو مرۆڤ و هه‌م فۆرمێک له‌م بوونه‌وه‌ر و مرۆڤه له چوارچێوه‌یه‌ی کۆمه‌لیک به‌های دیاریکراوی کو‌لتووری و زمانی وکۆمه‌ڵایه‌تی به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی کورد. ئه‌ده‌بی کورد له ڕێگه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جزیری و..هتد به‌یت و باوه کوردییه‌کانه‌وه و زیاتر له ڕێگه‌ی کونسوڵی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕؤژهه‌ڵاتناسانه‌وه له مێژه ڕۆشتوه‌ته دونیای ڕۆژئاواوه به‌ڵام له سه‌رده‌می ئێستاماندا ڕه‌نگه ناوه هه‌ر دیاره‌کانی ئه‌ده‌بی ئێمه له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا مامۆستا شیرکۆ بێکه‌س و کاک به‌ختیار عه‌لی بن. هه‌ر کام له‌م دوو شاعیر و نووسه‌ره وه‌کوو پردێک دونیای خه‌ون و خه‌یاڵ و ئازاره‌کانی مرۆڤی کوردیان گواستووه‌ته‌وه بۆ جیهانی ڕۆژئاوا، ڕه‌نگه بوونی ئه‌م دوو که‌سایه‌تییه گه‌وره‌یه به ڕاده‌ی بوونی شۆڕشه کوردییه‌کان له سه‌رتاپای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ڕۆڵی له ناساندنی شوناس و پته‌وکردنی زمان و کیان و کو‌لتووری کورد هه‌بووبێت و له داهاتووشدا هه‌یه‌تی.
ساڵانێکه مشت‌ومڕ و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ک هه‌یه که گوایه ڕه‌خنه‌ی کوردی بوونی نییه و هه‌یه و ده‌بێ چ بکه‌ین که ئه‌م ڕه‌خنه‌یه هه‌بێت و هه‌تا دوایی، له‌گه‌ڵ ئه‌م باسانه‌ش که زیاتر له ده ساڵێکه ده‌کرێت، ئێمه هه‌م ده‌قی ڕه‌خنه‌یی میتۆدیک و زانستی ده‌بینین و هه‌م ده‌قی سه‌لیقه‌یی ره‌خنگه‌رانه که هه‌ر دوکیان تایبه‌تمه‌ندی و پێگه‌ی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام باسێک که له‌م ڕۆژانه له‌سه‌ر نووسین و ڕۆمانه‌کانی کاک به‌ختیار هاته ئاراوه و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ته‌نییوه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هێڵه گشتیانه بوو واته فۆرمێک له ڕه‌خنه‌گرتن بوو، به‌ڵام ڕه‌خنه‌گرتنێک که سه‌رپه‌ڕانه و ڕه‌هابینانه بوو و بێگومان ڕه‌خنه‌یه‌ک که له‌سه‌ر ئاوه‌ها تێڕوانینێک هه‌ڵچنرابێت هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندیی خه‌ستی سه‌لیقه‌یی و شه‌خسیشه، ئێمه ساڵانێکه کاک به‌ختیار ده‌خوێنینه‌وه و له ڕۆژئاواش به ڕاده‌ی خۆی توانیویه له‌م ساڵانه بناسرێت و خه‌ڵاته‌کانی نیلی زاکس و هێڵدا دۆمین نموونه‌ی ئه‌م پێشڤه‌چوون و سه‌رکه‌وتنه‌ن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه هاوکات ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ئێمه ڕه‌خنه نه‌گرین له دونیای کاک به‌ختیار و فۆرم و شیوازی گێڕانه‌وه‌ی، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه ده‌بێت چۆن بگیرێت و له‌وه‌ش گرینگتر ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای باسه‌که‌مان که ڕه‌خنه چییه له گوتاری فیکری و مه‌عریفیی ئێمه‌دا؟
ڕه‌خنه هه‌ر پێناسه‌یه‌کی هه‌بێت به‌ده‌ر نییه له‌و چه‌مکانه‌ی گومان و بیرکردنه‌وه و گۆڕان و چاکسازی که له‌سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری، به‌ڵام هاوکات ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌مه‌سش بوه‌ستین که ئه‌م چه‌مکانه چۆن فورموله ده‌کرێن په‌یوه‌ست به ده‌قێک یان دیارده و نووسه‌ر و هه‌ر شتێک که به‌رهه‌می ژین و بوونی ناو کۆمه‌ڵگای مرۆییه؟ واته کاتێک من له‌سه‌ر به‌ختیار عه‌لی قسه ده‌که‌م ده‌شێت چۆن و له‌سه‌ر چی قسه بکه‌م؟ بێگومان خالی یه‌که‌م ئه‌مه‌یه که به‌ختیار عه‌لی پانتایه‌کی به‌رینی له دونیای نوسین و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیریی ئێمه داگیر کردووه، ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینین که ئه‌م نووسه‌ر و بیرمه‌نده نه‌ک ته‌نها له بواری ئه‌ده‌ب به‌ڵکوو له بواری فیکر و مه‌عریفه چه‌ندین به‌رهه‌می جیدیی وه‌کوو خوێنه‌ری کوشنده، ئیمان و جه‌نگاوه‌رانی، چیژی مه‌رگدۆستی، ئاوڕه‌که‌ی ئۆرفیۆس و…هتد هه‌یه و تێده‌گه‌ین که به‌رهه‌مه هزرییه‌کانی به که‌مترین حاڵه‌ت ئاوڕیان لێ دراوه‌ته‌وه و خودی ئه‌مه ئیشکالییه‌تێکه له تێڕوانین و گوتاری ڕه‌خنه‌گرانه‌ی کوردی‌دا، له ئاسته ئه‌ده‌بییه‌که‌شیدا به‌رده‌وام یه‌ک سیفه‌ت ده‌خرێته پاڵ به‌ختیار که ئه‌و درێژه‌دادڕی و زۆربڵێیی ده‌کات و ته‌وسیفی له ڕۆمانه‌کانیدا زۆره، ئه‌مه ده‌کرێت ره‌خنه‌یه‌کی به‌جێ بێت، به‌ڵام هاوکات ده‌بێت ئه‌مه‌ش بپرسین ئایا ته‌وسیف و درێژه‌دادڕی هه‌میشه خاڵی لاواز و نوقسانی ده‌قێکه؟
ئه‌گه‌ر دان به‌مه‌شدا بنێین که به‌ڵێ ئه‌مه یه‌کێک له خاڵه لاوازه‌کانی نووسینی و گێرانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لییه و پێشوازی به‌رده‌نگ و نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گرانی ڕۆژئاوایی و ئێرانی و عه‌ره‌ب به هیچ دابنێین، ئایا ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئێمه هه‌موو هه‌وڵ و گێڕانه‌وه‌ی به‌ختیار عه‌لی ڕه‌ت بکه‌ینه‌وه و زه‌ڕبی سیفری که‌ین؟ ئایا به ناوی ئه‌مه‌ی که “ڕه‌خنه ده‌بێت زبر بێت تا کاریگه‌ریی هه‌بێت” ئێمه بۆمان هه‌یه به تێڕوانینێکی سه‌رپه‌ڕانه‌ی ڕه‌ش و سپییه‌وه و به پێوه‌رێکی ڕه‌هاوه دانیشین و له‌سه‌ر دونیای نووسه‌رێک و توانا و گێڕانه‌وه‌کانی حوکم ده‌رکه‌ین؟ ئایا ئه‌مه ده‌چێته قاڵبی ڕه‌خنه‌وه یان حوکمی شه‌خسی و تاکه‌که‌سییه‌وه؟ ئێمه له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا که به‌هۆکاری زۆری مێژوویی و سیاسی هێشتا له حاڵه‌تانی که‌مدا تاقه‌تی دوو قسه‌ی یه‌کترمان هه‌یه له ناو پاس و ته‌کسیدا، ئایا ڕه‌وایه به شمشێری ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ و کاریگه‌ر هه‌موو دونیای نووسه‌ر یان هونه‌رمه‌ندێک له‌توپه‌ت بکه‌ین؟ وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیارانه ده‌بێت هه‌ڵگری ڕۆحیه‌تێکی زانستی و دوور له پێشداوه‌ری و هه‌ر جۆره هه‌ڵچوون و تایبه‌تمه‌ندیی سه‌لیقه‌یی به‌رته‌سک بێت، هیچ نووسه‌رێک له پله‌ی که‌ماڵ و ئایدیاڵدا نییه.
ئێمه ڕه‌خنه‌ی نووسه‌رانی پێشوومان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ده‌به‌که‌مان له‌سه‌ر ده‌ستی نووسه‌رانی گه‌نجی دواڕۆژ و داهاتوومان زیاتر بده‌ره‌وشێته‌وه، به‌ڵام ئایا بۆمان هه‌یه هه‌موو دونیای گێرانه‌وه و که‌سایه‌تی و سومعه‌ی نووسه‌رێک له ژێڕ ناوی ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ بده‌ینه به‌ر لێدان و به خه‌مساردییه‌وه وا قسه بکه‌ین که گوایه که‌س مه‌عریفه‌یه‌کی له ئێمه به‌رزتر و باڵاتری پێ نییه، ڕێگه‌ی تێپه‌ڕین له‌م ڕه‌خنه سه‌رپه‌ڕانه و هاوکات په‌ڕینه‌وه له دونیای بێگه‌رد و به‌هه‌شتی ده‌روێشانی چه‌قۆوه‌شینی کاک به‌ختیاریش ڕێگه‌یه‌کی مامانوه‌ندییه، بۆ ده‌رچوون له‌م دوالیزمه‌ی ڕه‌ت و ئینکار له لایه‌ک و ستایش و په‌رستش له لایه‌کی دیکه‌وه، ڕێک وه‌کوو ئه‌و پێکهاته‌ی که له سه‌ر دۆخی سیاسیماندا زاڵه، ڕێگه‌ی ماماناوه‌ندی زۆر ئاسانه و هاوکات سه‌ختیشه، ڕیگه‌ی مامناوه‌ندی واته دیاریکردنی تایبه‌تمه‌ندی و لاوازییه‌کانی هه‌ر ده‌قێک و هاوکات خاڵه دره‌وشاوکانی و هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر بۆچی و له‌به‌رچییه‌کانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه و خسته‌نڕووی پێشنیاره‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه کو‌لتووری ئێمه وا ده‌زانێت ڕێگای دوور و سه‌خت هه‌میشه داهات وبه‌رهه‌می باشتری پێشکه‌ش ده‌کات، ڕێگا ئاسانه‌که پشتگوێ ده‌خات، ڕه‌نگه ئه‌مه به‌شێک تایبه‌تمه‌ندیی کو‌لتووری ئایینی و گوتاری مارکسیی له ده‌یه‌کانی پێشووتر بووبێت که ئێسته‌ش له قه‌واره‌ی دوالیزمی ڕه‌ت و ئینکار و په‌سه‌ندکران و په‌رستشدا ئیش ده‌کات، ڕێگه‌ی مامناوه‌ندی ئه‌و ڕاسته‌ڕێیه ناوبڕه‌یه که له‌م گه‌ڕه‌لاوژێ و ته‌شهیر و کاتکوشتنه ده‌ربازمان ده‌کات.