“پێشه‌کی”
ئه‌گه‌رچی زیره‌کیی ده‌سکرد وه‌کوو ئیمکانێکی دونیای ته‌کنه‌لۆجیای دیجیتاڵ ده‌مێکه له ئاسته ساده و بچووکه‌کانی میدیا و ته‌کنه‌لۆژیادا کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی ئێمه داناوه، ئه‌په‌کانی ئینستاگرام و تویته‌ر وه‌کوو ئاسته ساده و بچووکه‌کانی ده‌سکه‌وته‌کانی زیره‌کیی ده‌سکرد به‌رده‌وام له ڕێگه‌ی فیلته‌رکردنی ناوه‌رۆک و بابه‌تی تووندئاژۆ یان پۆرنۆگرافی یان به‌گشتی ئه‌و جۆره ناوه‌رۆکانه‌ی که به‌پێچه‌وانه‌ی یاسای ئیشکردنیانن، خۆیان له سه‌ر ژیانی ئێمه و ساته خۆش و ناخۆشه‌کانمان موماره‌سه کردووه، ڕه‌نگه تا ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی زیره‌کیی ده‌سکرد هێنده وه‌کوو ده‌سته‌واژه و هه‌ندێ ئاستی به‌کارهێنان ئاوه‌ها گشتگیر نه‌بووبێته‌وه، بۆ نموونه مۆسیقادانان له‌سه‌ر گۆرانییه‌کی بێ مۆزیکی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک له ڕێگه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرده‌وه یان پۆشینی جلوبه‌رگی کوردی به به‌ر که‌سایه‌تییه ناوداره‌کانی بواری زانست و پێشکه‌وتن وه‌کوو ئه‌نیشتاین یان مارک زاکه‌ربێرگ یان باسکردنی ژیاننامه‌ی هونه‌رمه‌ندێک به دنگ و ره‌نگی خۆی (وه‌کوو له تۆڕه کۆمهڵایهییهکاندا بینیومانه) که له تۆڕه کوردییه‌کاندا ئه‌مه بۆ مه‌رزییه فه‌ریقیی ڕه‌وانشاد کراوه، هه‌موو ئه‌مانه کارکرد و ده‌سکه‌وته ئاسایی و ڕۆژانه‌ییه‌کانی زیره‌کیی ده‌سکردن.
بۆیه ده‌ڵیم ئاسایی و ڕۆژانه‌یی چون به نیسبه‌ت ئه‌و کاریگه‌ری و بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌یه‌ی که بڕیاره له داهاتوودا زیره‌کیی ده‌سکرد له‌سه‌ر ژیانی مرۆڤ به‌تایبه‌تی و کۆی شارستانییه‌ت و گه‌ردوون دروستی بکات ئه‌م بابه‌ت و ده‌رکه‌وتانه ساده و ئاسایی و شتانی ڕۆژانه هه‌ژمار ده‌کرێن. به‌ڵام هه‌ر له‌م ئاسته ڕۆژانهییهشدا بۆ ئیمه‌ی کورد وه‌کوو گه‌لێکی دابه‌شکراو و په‌شێو زیاتر قه‌یران و سه‌رلێشێواوی پێوه دیاره بۆ نموونه دیبه‌یتکردنی گۆرانیی نێوان مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ک و موحسین چاوشی گۆرانبێژی ئێرانی خۆی له خۆیدا ئه‌گه‌ر به‌پێی پێوه‌ره هونه‌ری، زانستی و مێژووییه‌کان چاوی لێ بکه‌ین هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و زیره‌کێکی ڕچهدانهر و پارێزه‌ری به‌شیکی زۆر له سامانی فولکلۆری و شوناسی ئه‌ده‌بی زاره‌کی له کوێ و موحسین چاوشییهک که له بواری مۆزیکی پاپ به هه‌ڵبه‌ستی ئایینی و هه‌ندێ جار ڕۆمانتیکه‌وه ئیش ده‌کات له کوێ؟ خودی ئه‌م به‌راورده و لهههمبهریهکدانانه پیشانده‌ری قه‌یران و کاڵبینییهکه که پێش له هاتنی زیره‌کیی ده‌سکردیش له ئاستێک له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا هه‌بووه و وه‌کوو له‌خۆنامۆبوون(Alienation) باسی کراوه، به‌ڵام زیره‌کیی ده‌سکرد ئه‌م هه‌له‌ی ڕه‌خساندووه که تۆ ئه‌و خه‌یاڵه داگیرکراو و لهخۆنامۆکراوه بکه‌یت به گۆرانییه‌کی لێکدراوی ئاوا له ده‌ره‌وه‌ی یاس و به‌ستێنه کولتووری و مێژووییه‌کاندا، ئه‌مه بۆ پۆشینی جلوبه‌رگ به به‌ر که‌سایه‌تیه ناودار و گه‌وره‌کانیشدا هه‌ر ڕاسته.
کورد خۆی ته‌نانه‌ت له‌وپه‌ڕی ژێرده‌سته‌یی و چه‌وساندنه‌وه‌دا خاوه‌نی سه‌دان که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، شۆڕشگێڕ، سیاسی و ئه‌دیب و ڕۆشنبیره، به‌ڵام هه‌ست به بچووکبوونی خۆی له چوارچێوه‌ی به کوردیکردنی که‌سایه‌تییه بیانییه‌کان له‌ڕێگه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرده‌وه ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بوو بکاته‌وه، له ڕاستیدا ئه‌مانه خۆی نیشانده‌ری ئه‌و نه‌خۆشییه‌ن که به‌شێک له کۆمه‌ڵگای ئێمه به هۆکارانی زۆر و زه‌به‌ند تووشی بوون به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو له سه‌ره‌وه‌ش وتم ئه‌م بابه‌تانه له‌و ئاسته ساده و ڕۆژانه‌ییه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد(که بێگومان و به‌دڵنیاییه‌وه بۆ ئێمه‌ی کورد زۆر گرینگه و له‌م ئاسته‌شدا هه‌ر شه‌پۆل و بوومه‌له‌رزه‌ی گه‌وره‌مان به‌ر ده‌که‌وێت) به نیسبه‌ت قه‌باره‌ی کاریگه‌ریی و ماهییه‌تی خودی زیره‌کیی ده‌سکرد بچووک و به‌رته‌سکن و ده‌بێت بزانین ژیرهکیی ده‌سکرد وه‌کوو مه‌کینه و ده‌زگایه‌کی ژیره که هێشتاش خه‌ریکه گه‌شه‌کردن و کامڵبوونه، و ئه‌و ئاسته ساده و ڕۆژانه‌ییه به به‌راورد له‌گه‌ڵ خودی زیره‌کیی ده‌سکرد زیاتر له کایه و یاری منداڵان ده‌چێت، با سه‌ره‌تا بزانین زیره‌کیی ده‌سکرد چییه و کاریگه‌رییه‌کانی ده‌توانێ چی بێت و چۆن هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر بکه‌ین.
“زیره‌کیی ده‌سکرد؛ فیلم و نواندنه‌وه‌کان”
زیره‌کیی ده‌سکرد (به ئینگلیزی Artificial intelligence) که به AI کورت کراوه‌ته‌وه ڕه‌نگه زۆرێک له ئێمه له زنجیره سێیانه‌یی یان تریلیۆژییهکانی ماتریکس(که ساڵی پار به‌شی چواره‌میشی هات) به ده‌رهێنه‌ری برایانی وایچۆفسکی بیستبێتمان کاتێک مۆرفیۆس و نیۆ(جه‌نابی ئه‌ندێرسۆن) وه‌کوو دوو کارئه‌کته‌ر و پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی ناو فیلمه‌که کاتێک یه‌که‌مجار ڕووبه‌ڕووی یه‌کدی ده‌بنه‌وه و مۆرفیۆس باسی که‌ش و فه‌زایه‌ک ده‌کات که مرۆڤه‌کان تێیدا گیریان خواردووه و کراون به کۆیله و ناویشی ماتریکسه و ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی AI یان هه‌مان زیره‌کیی ده‌سکرد، دۆخێک که ماشین یان ده‌زگا میکانیکییه‌کان تێیدا باڵاده‌ستن و گه‌ردوون و جیهان له ژێر کۆنترۆڵی ماشین یان ئه‌و ده‌زگایانه‌دایه که به لۆژیکێکی ته‌واو مه‌کینه‌یی و ڕۆبۆت ئاسا دونیا ئیداره ده‌که‌ن، جه‌مسه‌ری دژ و به‌رخۆده‌ری ئه‌م کهڵهماشینه پۆڵایین و دڵڕه‌قانه له‌م فیلمه‌دا که جیهان ئیداره ده‌که‌ن و به‌گشتی ئه‌قڵێکی وشک و پته‌و و بێڕه‌حمی ماتماتیکیانهیان له پشته ئۆراکێل یان پێشبینیکه‌ره که ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی و مانه‌وه‌ی جیهانی مرۆڤ له فیلمه‌که‌دا نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کات.
هه‌ڵسه‌نگاندنی لایه‌نه باسههڵگیرسێنهرهکانی ئه‌م فیلمه هه‌ویرێکه ئاوی زۆر ده‌بات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ست بێت به باسه‌که‌ی من ئه‌مه‌یه که ڕه‌نگه دوای ماتریکس ده‌یان فیلم و درامای دیکه‌ش به‌رهه‌م هێنرابن که باسی مه‌ترسییه‌کان و له هه‌مان کاتدا ئه‌وه هه‌لانه‌یان کردبێت که زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌یخاته به‌رده‌ستی مرۆڤ، به‌ڵام ئه‌م ڕانانه کورته له‌سه‌ر ماتریکس بۆ باسه‌که‌ی من ته‌واوه و ده‌ربڕینێکی دراماییه له‌سه‌ر کاریگه‌رییه‌کانی جیهانی کۆنترۆڵکراو و بهپهچهکراو له ڕێگه‌ی هێزێک به لۆژیکێکی هاوشێوه‌ی مرۆڤ، به‌ڵام مرۆڤ نییه، ڕه‌نگه پاش ماتریکس زنجیره درامای که‌سایه‌تیی جێی سه‌رنج یان که‌سایه‌تیی گومان‌لێکراو(Person of Interest)(2011) بێت که به وردی و به شێوه‌یه‌کی فه‌لسه‌فی له‌باره‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد ئه‌م پرسیاره‌ی له دووتوێی وێنه و ڕووداوه‌کاندا هێنابێته ئاراوه ئه‌گه‌ر زیره‌کیی ده‌سکرد جۆره کۆپیکردنێکه له هۆش و ئه‌قڵ یان جۆری ئیسكردن و وه‌رسووڕانی مێشکی مرۆڤ به‌م جیاوازییه‌وه که له ئاسته‌کانی کات و قه‌باره و شیکاریی نه‌ک ته‌نها له مرۆڤ سه‌رووتره، به‌ڵکوو به هه‌ر جار کارکردنێکی زیره‌کییه‌که‌ی چه‌ند قات ده‌بێته‌وه ئایا ئه‌وکات ئێمه ده‌توانین کۆنترۆڵی بکه‌ین؟ یان ئه‌و ئێمه کۆنترۆڵ ده‌کات؟ یان وه‌کوو فیلمه‌که ده‌ڵێت نابێ بوار بدرێت زیره‌کیی ده‌سکرد له کۆنترۆڵ ده‌رچێت و ببێت به خودایه‌کی ماتماتیککاری دڵڕه‌ق، له‌م ڕوانگه‌یه‌وه زیره‌کیی ده‌سکرد پاش ئه‌وه‌ی بوو به مه‌کینه‌یه‌کی کۆنترۆڵکاری دونیا ئیدی هیچ سنوورێک بۆ زیاتر زیره‌کبوون ناناسێت و له چوارچێوه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌رده‌چێت و ده‌بێت به زیره‌کییه‌کی زیره‌کی ڕه‌ها، به‌ڵام به بێ هه‌بوونی هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندیی مه‌زنی ئینسانی وه‌کوو هه‌ست و سۆز، میهره‌بانی، خۆشه‌ویستی و..هتد. ئه‌م پێکهاته ڕۆبۆرتکه چی لێ دهێت؟ واته ئه‌م پرسیاره گه‌ڵاله ده‌بێت ئه‌گه‌ر زیره‌کیی ده‌سکرد به‌م ئاسته ده‌توانێت پێشکه‌وێت و کۆنترۆڵی جیهان بگرێته ده‌ست ئایا ئه‌و مه‌ترسییه نایه‌ته ئاراوه که ئێمه له‌گه‌ڵ خودایه‌ک هاوشێوه‌ی خودا دڵڕه‌قه‌کانی یۆنایدا ڕووبه‌ڕووین به‌م جیاوازییه‌وه که ئیتر زیره‌کیی ده‌سکرد ته‌نها خودای ئاماده‌یه و هیچ سۆز و به‌زه‌ییه‌کی نییه چونکه جه‌وهه‌رێکی نییه و ته‌نها و ته‌نها جۆره ماشین و مه‌کینه‌یه‌که. ئه‌م وێنانه که دراما و فیلمه‌کان به نیسبه‌ت زیره‌کیی ده‌سکرده‌وه دروستی ده‌که‌ن به‌دڵنیاییه‌وه هه‌ڵگری لایه‌نی زیاده‌ڕۆ و زیادهبێژانهیه، به‌ڵام هاوکات ده‌رخه‌ری ئه‌م ڕاستییهشن که جیهان به‌ره‌و چ ئاقارێک ده‌ڕوات و له‌ڕووی پێشکه‌وتنی ته‌کنه‌لۆژیا و ده‌سه‌ڵاتی کۆنترۆڵکه‌ری میدیایی و دیجیتاڵیدا چ مهترسییگهلێکمان له به‌رده‌مه.
“زیره‌کیی ده‌سکرد؛ ڕه‌گوڕیشه و سه‌رچاوه‌کانی”
وه‌کوو پێناسه بۆ زیره‌کیی ده‌سکرد زۆربه‌ی توێژه‌رانی ئه‌م بواره ده‌ڵێن هۆش و زیره‌کییه‌که که له لایه‌ن مه‌کینه و ماشێنه‌کانه‌وه دێته کایه‌وه، له به‌رامبه‌ر مێشک و زیره‌کیی سرووشتی که له لایه‌ن گیانله‌به‌ران و له‌وانه‌ش مرۆڤه‌وه ده‌خریته ڕوو. به‌ڵام پێش هه‌ر شتێک ده‌بێت بزانین که زیره‌کی پیشانده‌ری ئیمکان و ئه‌گه‌ری به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و به‌کارهێنانی ئارگیۆمێنته و ئه‌مه‌ی که ئایا زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌توانێت به‌ڵگه بهێنێته‌وه یان نا جێگه‌ی ناکۆکی و مشتومڕی زۆری نێوان تۆژه‌رانه. ده‌سته‌واژه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد Artificial intelligence یه‌که‌مجار له لایه‌ن جۆن مه‌ک کارتییهوه که وه‌کوو باوکیی زانستی به‌رهه‌مهێنانی ماشین و مه‌کینه زیره‌که‌کان ناوی ده‌هێنن به‌کار هێنراوه. کارکرده‌کانی زیره‌کیی ده‌سکرد بریتین له: “مه‌کینه‌کانی گه‌ڕانی پێشکه‌وتووی ماڵپه‌ڕه‌کان وه‌کوو گووگڵ، تۆڕه پێشنیارکه‌ره‌کان که له لایه‌ن یوتیوب، ئامازۆن و نێتفلیکسه‌وه که‌ڵکیان لی وه‌رده‌گیرێت، سه‌یاره ئۆتۆماتیک و خۆڕێکهرهکانی وه‌کوو تێسلا، زیره‌کیی ده‌سکردی به‌رهه‌مهێن یان داهێنه‌ریی له بواری ژمێریاری وه‌کوو چات جی پی تی یان به‌رهه‌مهێنانی به‌رهه‌می هونه‌ری وه‌کووو دال-ئی و میدجێرنی، توانایی بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و ئۆتۆماتیکی و کێبڕکێ له باڵاترین ئاسته‌کانی تۆڕه‌کانی یارییه ستراتیژیکه‌کانی وه‌کوو شه‌تره‌نج و..هتد” ئه‌مانه ته‌نها به‌شێکی بچووک له ده‌رکه‌وته‌کانی زیره‌کیی ده‌سکردن و ده‌یان و سه‌دانی دیکه‌ش بوونیان هه‌یه که هێشتا بۆ ڕای گشتی بڵاو نه‌بوونه‌ته‌وه و زۆرێکیش که بڵاو بوونه‌ته‌وه به‌کارهێنان و لێتێگه‌یشتنیان ئاستێک له پسپۆڕایه‌تیی ده‌وێت که زۆرێک له ئێمه جارێک له کاریگه‌ریی و ماناکانی ڕه‌نگه تێنه‌گه‌ین.
زیره‌کیی ده‌سکرد له ساڵی 1956ی زاینی بوو‌و به باڵیکی ئه‌کادیمی زانکۆکان له ئه‌مریکا و له ساڵه‌کانی پاش ئه‌وه‌ش چه‌ندین شه‌پۆل له سه‌رکه‌وتنه‌کانی که‌وته جووڵه و دواتر تووشی داکه‌وتن و نائومێدی و نه‌بوونی بوودجه‌ی پێویست بۆ ته‌واوکردنی پرۆژه زانستییه‌که بوویه‌وه که به زستانی AI ناوی ده‌رکرد. پاش ئه‌م ڕووداوه‌ش کۆمه‌ڵیک ته‌کنه‌لۆژیای نوێ داهاتن و هاوکات سه‌رکه‌وتن و بوودجه‌ی توێژینهوهشیان له‌گه‌ڵ خۆیاندا مسۆگه‌ر کرد. باڵه جیاوازه‌کانی زیره‌کیی ده‌سکرد به دوای گه‌یشتن به کۆمه‌ڵیک ئامانجی تایبه‌ته‌وه بوون و له کۆمه‌ڵێک ئامرازیش که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. ئامانجه له‌مێژینه و ده‌کرێت بڵێین کلاسیکه‌کانی توێژینه‌وه‌کانی زیره‌کیی ده‌سکرد بریتین له: “به‌ڵگه‌هێنانه‌وه، نواندنی زانست، داڕشتنی به‌رنامه و په‌یڕه‌و، فێربوون، هه‌ڵسه‌نگاندن و وه‌گه‌ڕخستنی زمانی سرووشتی، تێگه‌یشتن و توانایی گواستنه‌وه و ده‌ستێوه‌ردان له شته‌کان و…هتد” ئه‌مانه وه‌کوو له سه‌ره‌وه‌ش وتم به‌شیکی بچووک له بواره‌کانی توێژینه‌وه یان گه‌شه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد AI ن که زانستهکانی دیکه‌ی وه‌کوو ده‌مارناسی، زمان‌ناسی، فه‌لسه‌فه، ماتماتیک، لۆژیک، زانستی کۆمپیوته‌ر، و ئامار و زۆر باڵی دیکه‌ی زانسته‌کان له‌خۆ ده‌گرێت و تێکهه‌ڵکێشی خۆی ده‌کات واته که‌شف و گه‌شه‌ی AI وه‌کوو که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی ئاگر له چاخه کۆنه‌کان وایه یان دارستانی تاریکی ژیانی پێ ڕووناک ده‌کرێته‌وه و یان دارستانه سه‌وزه‌کانی جیهان له دووکه‌ڵی ئاگری خۆی نغرۆ ده‌کات.
به‌گشتی ئه‌م باڵه‌ی زانست واته توێژینه‌وه له‌سه‌ر AI له سه‌ر ئه‌م گریمانه‌یه دانراوه که (زیره‌کیی مرۆیی ده‌کرێت به وردی ڕوون بکرێته‌وه به شێوه‌یه‌ک که ده‌کرێتیش له لایه‌ن مه‌کینه یان ماشینێکه‌وه هاوشێوه‌سازیی بۆ بکرێت) ئه‌م گریمانه‌یه کۆمه‌ڵێک باسی فه‌لسه‌فی په‌یوه‌ست به زه‌ین و بابه‌ته ئه‌خلاقییه‌کانی دروستکردنی بوونه‌وه‌ره زیره‌که‌کانی هه‌ڵخڕاندووه، هه‌مان ئه‌و شته‌ی که له فیلمی ماتریکسدا له زمانی مۆرفیۆسهوه ده‌یبیستین ”مرۆڤ ئیتر له‌دایک نابێت به‌ڵکوو ده‌کێڵرێت” واته بوونه‌وه‌رانێک که خاوه‌نی زیره‌کییه‌کی وه‌کوو مرۆڤن. به‌ڵام خودی مرۆڤیش نین! ئه‌ده‌بیاتی زانستی-خه‌یاڵی و داهاتووناسانهش ده‌ڵێت که AI له‌گه‌ل پوتانسێل و توناییهکی مه‌زندا که هه‌یه‌تی ڕه‌نگه ببێته هۆی دروستبوونی مه‌ترسی وجوودی له‌سه‌ر مرۆڤ.
“لێکدانه‌وه‌ی کۆتایی و ده‌رئه‌نجامه لهبهردهمهکان”
به‌و باسه خێرایه‌ی له‌سه‌ره‌وه خستمه ڕوو؛ ده‌شیت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵ هه‌ڵوێسته‌ی قووڵ بکه‌ین.
یه‌که‌م:- ئه‌وه‌ی که گه‌شه‌سه‌ندنی زیره‌کیی ده‌سکرد وه‌کوو ده‌رهاوێشته و ئه‌نجامی مۆدێڕنیته و لێکه‌وته و پێشکه‌وتنه‌کانی پاش مۆدێڕنیته به‌زۆری موڵک و ئامرازی وڵاتانی ڕۆژئاوایی و پێشکه‌وتووه، ڕه‌نگه وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتیش له هه‌ندێ ئاستی بچووکدا بتوانن به‌ده‌ستی بهێنن و که‌ڵکی لێ وه‌ربگرن و بۆ ئامانجه‌کانی خۆیان به‌کار بێنن به‌ڵام له بنه‌مادا ئامرازێکه که هێزداره‌کان زیاتر به‌هێز ده‌کات و چه‌وساوه‌کانیش زیاتر له ناو کایه‌که‌دا ده‌چه‌وسێنه‌وه.
دووه‌م:- گه‌شه‌ی زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌توانێت ئه‌نجامی باشی بۆ مرۆڤایه‌تی و بواره جۆراوجۆره‌کانی شارستانییه‌تی مرۆڤ وه‌کوو پزیشکی و پێشکه‌وتنی زانسته سرووشتییه‌کان هه‌بێت، به‌ڵام وه‌کوو له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و فیلم و درامایه‌ی له سه‌ره‌وه خستمه ڕوو ده‌توانێت له ئاسته ئه‌خلاقی و جهوههرییهکهیدا مه‌ترسیی جیدی بێت بۆ سه‌ر مرۆڤ، ئه‌گه‌ر وه‌کوو نموونه‌یه‌کی ساده باسی بکه‌م ئێمه ڕه‌نگه ئیتر ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌ک له شریتهکانییهوه نه‌بیستین هێنده‌ی که زیره‌کیی ده‌سکرد ده‌توانێت نه‌ک ته‌نها گۆرانی هونه‌رمه‌ندی دیکه بۆ نموونه(ناسر ڕه‌زازی) بخاته زاری زیره‌که‌وه به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت وێنه و ڤیدیۆسازیشمان بۆ بکات لێره‌دا پاشگری (دهسکردبوون) زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه و ئێمه له‌و ڕه‌سه‌نایه‌تی و ئۆرژیناڵییه به‌شێوه‌یه‌کی کاره‌ساتاوی داده‌بڕێین.
سێیه‌م:- له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه ڕه‌نگه زیره‌کیی ده‌سکرد له سه‌ر بابه‌تێکی یاسایی بڕیارێک ده‌ربکات و بکرێت به‌پێوه‌ر، به‌ڵام له هه‌موو دونیادا و به‌شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها یاسا کۆمه‌ڵێک بڕگه‌ی ته‌واو لۆژیکی وشک و نه‌چه‌ماوه نین و هه‌میشه ئه‌گه‌ری موداخه‌له و تێبینیی ڕاسته‌وخۆی دادوه‌ر و پارێزه‌ر هه‌یه و گرینگ‌ترین شت له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌مه‌یه که هه‌م پارێزه‌ر و هه‌میش دادوه‌ر مرۆڤن، خاوه‌ن هه‌ست و شعوور و سۆزی مرۆیین و ئه‌مه شتێکه زۆر ئه‌سته‌مه ته‌نها له ڕێگه‌ی زیره‌کییه‌وه بگوازرێته‌وه بۆ پێکهاتێکی دیجیتاڵی یان ته‌کنه‌لۆژیک که ڕۆحه‌که‌ی مه‌کینه و ماشینه با به‌رنامه و سیسته‌می بۆ دابه‌زێنراوه‌که‌ی به‌پێی لۆژیکی مرۆڤ بێت، وه‌کوو بریمهندێک ده‌ڵێت ده‌بێت ئه‌مه‌مان له بیر بێت که ڕاسته ئه‌قڵ و لۆژیک هه‌میشه توانای به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌ڵام دڵیش به‌ڵگه‌ی تایبه‌تی خۆی ده‌توانێت پێشکه‌ش بکات.
چواره‌م:- ئه‌وه‌یه که ئێمه‌ی به‌کارهێنه‌ری تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌بێت زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م ڕووداو و بوومه‌له‌رزه گه‌وره‌یه په‌یدا بکه‌ین، بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک که به‌هۆی جه‌نجاڵیی ڕؤژگاری سه‌رده‌م و جه‌نگ و هاوکێشه‌ی پڕ شه‌ڕ ئاسۆی سیاسه‌ت زۆر هه‌ستمان پێ نه‌کردووه، زیره‌کی ده‌سکرد ده‌توانێت هه‌موو سنوور و جیاوازییه مرۆییه‌کان و ئاڵۆزی و جیهانی نه‌ناسراوی مرۆڤ له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵیک یاسای ژمێریارانه و ماتماتیکیدا وه‌کوو پاکێجێک بخاته ڕوو و ئه‌مه کاره‌ساتێکی نه‌رم و هێواش و سۆنامییه‌کی خه‌وتووه که کۆی بوونی مرۆڤ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه.