“ئەمڕۆ دەوروبەری نیوەڕۆ کۆتایی بە ژیانم دەهێنم، ئیتر کاتیەتی”
بەم وشانە کە لە ئۆگەستی ٢٠١٤ دا لە ئینتەرنیتدا بڵاوی کردبوونەوە، جیلیان بێنهت (Gillian Benett)ی نیوزلەندیی تەمەن ٨٥ ساڵ و دانیشتووی کەنەدا، دەستی بە ڕوونکردنەوەی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ژیانی کردبوو. بێنهت سێ ساڵ بوو دەیزانی تووشی لەبیرچوونەوە (Dementia) بووە، لە ئۆگەستیشدا، نەخۆشییەکەی بە ئاستێك گەیشت، بە دەربڕینی خۆی: »خەریکە خۆی لە دەست دەدات.«
بێنهت نووسیویەتی: «دەخوازم بەر لە هاتنی ئەو ڕۆژەی تێیدا ناتوانم دۆخی خۆم هەڵبسەنگێنم، یانژی کۆتایی بە ژیانم بهێنم، بڕۆم.« هاوسهرهكهی، جۆناسان بێنهت (Jonathan Bennett)، پرۆفیسۆری خانەنشینی بواری فەلسەفە و منداڵەکانی، پاڵپشتیی بڕیارەکەیان کرد، وەلێ ڕێگەی نەدان بە هیچ جۆرێک لە خودکوژییەکەیدا هاوکاریی بکەن، چونکە ئەمە دەیانخاتە بەردەم مەترسیی سزای ١٤ ساڵ زیندانیکردن؛ بۆیە دەبوو تا لە توانایدایە، دواهەنگاوەکانی بنێت.
خۆشبەختانە، بۆ زۆرینەمان ژیان بەهادارە، دەخوازین لە ژیان بەردەوام بین، چونکە چاوەڕێی شتگەلێکین، یاخود بە گشتی، بە چێژبەخش، سەرنجڕاکێش دەبینین. هەندێک جار دەمانەوێ لە ژیان بەردەوام بین، لەبەر ئەوەی شتگەلێک هەن ئارەزووی بەدەستهێنانیان دەکەین، یاخود کەسانێکی نزیک هەن، حەز دەکەین یارمەتییان بدەین. بێنهت داپیرە گەورە بوو، ئەگەر هەموو شت باش بوایە، دەیویست گەورەبوونی نەوەی داهاتووی ببینێت.
لەبیرچوونەوە پەرەسەندووەکەی بێنهت، پاساوێکی بۆ بەردەوامبوون لە ژیان لە کن وی نەهێشتبووهوە. ئەمەش وا دەکات نکۆڵیکردن لە ئەقڵانیبوون و ئیتیکیبوونی بڕیارەکەی، کارێکی قورس بێت. بە خۆکوشتنی، وازی لە شتێک کە دەیەوێ یان بۆی بەهادارە، نەدەهێنا. «ئەوەی لە کیسم دەچێت، ئەو چەند ساڵەیە کە وەک تەختە لە نەخۆشخانە کەوتووم و پارەی وڵات دەخۆم، بەبێ ئەوەی بزانم من کێم.»
بڕیارەکەی بێنهت بڕیارێکی ئیتیکییشە، چونکە دەربڕینی «پارەی وڵات» دەری دەخات تەنها بیری لە خۆی نەکردووهتەوە. نەیارانی یوسەنەیژای خۆویستانەی یاسایی (Legal Voluntary euthanasia) یان خودکوژی بە کۆمەکی پزیشک (Physician-assisted suicide)، هەندێک جار دەبێژن ئەگەر یاساکان بگۆڕرێن، نەخۆشەکان هەست بە فشار دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ژیانیان تا نەبن بە بارگرانی بەسەر ئەوانی دیکەوە. خاتوو (Baroness) ماری وارنۆک (Mary Warnock)، فەیلەسووفی ئاکار و سەرۆکی لیژنەی حکومیی بەریتانی کە لە ساڵی ١٩٨٤دا “راپۆرتی وارنۆک”ی ئامادە کرد و تێیدا چێوەیەکی بۆ یاسادانانی وڵاتە ڕچەشکێنەکەی لە بواری پیتاندنی تاقیگەیی و لێکۆڵینەوەی کۆرپەلە دانا، هاوڕای ئەمە نییە. ئهو هێمای بۆ ئەوە کرد هیچ هەڵەیەک لەوەدا نییە وا هەست بکەیت پێویستە لەپێناوی ئەوانی دیکەدا، هەروەتر لەپێناوی خۆتدا، بمریت.
لە چاوپێکەوتنێکدا کە ساڵی ٢٠٠٨ لە گۆڤاری ژیان و کار (Life and Work)ی کڵێسای سکۆتلەندا بڵاو کرایەوە، پشتگیریی لە مافی ئەوانە کرد کە بە شێوەیەکی بەرگەنەگیراو ئازار دەچێژن بۆ ئەوەی کۆتایی بە ژیانیان بهێنن. «ئەگەر کەسێک بە ڕەهایی و بە نائومێدییەوە بیەوێت بمرێت، چونکە بۆ خێزانەکەی، یان دەوڵەت، بارگرانییە، ئەوا پێم وایە دەبێ ڕێگــــەیان پێ بدرێت بمرن.»
خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتیی کەنەدا چاودێریی ئەو کەسانە دەکات كه تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بوون و ناتوانن چاودێریی خۆیان بکەن، بۆیە بێنهت دەیزانی بۆ خێزانەکەی نابێت بە بارگرانی، وەلێ لەتەک ئەمەشدا، نیگەرانی ئەو بارگرانییە بوو کە لەسەر ماڵی گشتی دروستی دەکرد. ئەگەر بۆ نەخۆشخانە چوبا، ڕەنگە دە ساڵی دیکە وەک تەختە ژیابا، بە تێچوویەک کە بە پهنجا بۆ حهفتاوپێنج هەزار دۆلاری ئەمەریکی لە ساڵێکدا مەزەندەی کردبوو.
چونکە بێنهت هیچ سوودێکی لە مانەوەی بە زیندوویی نەدەبینی، ئەمەی بە کاتکوشتن دادەنا. هەروەتر، نیگەرانی ئەو کارمەندانهی تهندروستی بوو کە دەبوو چاودێریی بکەن: «ئەو پەرستارانەی وایان دەزانی پیشەیەکی لهڕادهبهدهر واتاداریان هەڵبژاردووە، خۆیان دەبیننەوە بەردەوام دایبییەکانم دەگۆڕن، ڕاپۆرت لەبارەی گۆڕانکارییە جەستەییەکانی قاوغێکی بەتاڵ دەدەن.» وەها دۆخێکیش بە قەولی خۆی: «پووچ و کاتبەفیڕۆدان و نادادپەروەرییە.»
لە کن هەندێک، ناودێرکردنی ئەوانەی تووشی لەبیرچوونەوەی سەخت دەبن بە (قاوغێکی بەتاڵ)، کارێکی پەسەند نییە؛ بەڵام دوای بینینی دایکم و میمکم لە هەمان دۆخدا- دوو ژنی چوست و چالاک و زیرەک، بۆ چەندین مانگ، لە دۆخی پوورمدا بۆ چەندین ساڵ، بێوەڵام لە جێدا ڕاکشان- بە بۆچوونی بەندە، پڕ بە پێستی خۆیەتی. ئاخر دوای ئەوەی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بە قۆناغێکی دیاریکراو دەگات، ئەو کەسەی ناسیومانە، بە تەواوی ون دەبێت.
ئەگەر کەسێک نەخوازێت لە دۆخێکی وەهادا بژی، ئیتر هێشتنەوە و پاراستنی جەستە سوودی چییە؟ سەرچاوەکان لە هەموو سیستەمێکی چاودێریی تەندروستیدا سنووردارن، پێویستە بۆ ئەو چاودێریکردنەی نەخۆشەکە دەیەوێت، یان نەخۆشەکە سوودی لێ وەردەگرێت، بەکار بهێنرێت.
بۆ ئەوانەی نایانەوێ لە ژیان بەردەوام بن وەختێ ئاوەزیان نامێنێ، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کەی بمرێت، کارێکی قورسە. لە ساڵی ١٩٩٠دا، جانێت ئەدکینز (Janet Adkins) کە بە دەست نەخۆشیی ئەلزهایمەرەوە دەیناڵاند، بۆ ئەوەی بە هاوکاریی دکتۆر جاک کیڤۆرکیان (jack Kevorkian) کۆتایی بە ژیانی بێنێت، ڕووی کردە میشیگان؛ دواتر کیڤۆرکیان بە هۆی ئەوەی لە مردنەکەیدا یارمەتی داوە، ڕەخنەی زۆری لێ گیرا، بە پاساوی ئەوەی کاتی مردنی هێندە تەندروست بوو کە دەیتوانی یاریی تێنس بکات. سەرباری ئەوەش، مەرگی هەڵبژارد، چونکە ئەگەر بڕیارەکەی دوا بخستایە، نەیدەتوانی بڕیار بدات.
بێنهت لە بەیانکردنە ڕەوانەکەیدا، چاوی لەو ڕۆژە بڕیبوو کە تێیدا یاسا ڕێگە بە پزیشک دەدات نەک تەنها بەگوێرەی Living Willی پێشوەختە کە ڕێگرە لەو چارەسەرکارییانەی ژیان درێژ دەکهنەوە؛ بەڵکو کار بەو وەسێتەش بکات کە داوای پێدانی ژەمی بکوژ (Lethal dose) بە نەخۆش دەکات، کاتێک تا سنوورێکی دیاریکراو پەکی کەوتووە. ئەم گۆڕانکارییانە دەتوانن دڕدۆنگیی هەندێک لەو نەخۆشانەی تووشی لەبیرچوونەوەی قورس بوون، نەهێڵن، لەوەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەژین و دەرفەتی کۆتاییهێنان بە ژیانیان بە تەواوی لە دەست دەدەن. ئەو یاسایەی بێنهت پێشنیازی دەکات، ڕێ دەدات بەو کەسانەی لە دۆخی ئەودان، تا ئەو کاتەی دەیانەوێ، بژین، بەڵام لەوە زیاتر نا.
سەرچاوە
https://www.project-syndicate.org/
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش