“ژنان و دژوازییه سه‌پێنراوه‌کان”
شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که ڕۆڵ و پێگه‌ی ژنان له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا دیاریکه‌ری ئاستی پێشکه‌وتن و ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه، ئێمه وڵاتێکی وه‌کوو ئه‌فغانستان ته‌نها به هێزێکی تووندئاژۆ و سه‌له‌فییه‌وه ناناسین به‌ڵکوو به پێناسه‌یه‌ک که بۆ ژن وه‌کوو جه‌مسه‌ری ته‌واوکه‌ری کۆمه‌ڵگا هه‌یانه تێڕوانین و ماهییه‌تیان بۆمان زه‌ق ده‌بێته‌وه، بوونی دیدگایه‌کی به‌رته‌سک بۆ ژن و به‌ها و خه‌ونه‌کانیان ته‌نها له‌قاودانی ژن وه‌کوو جه‌سته نییه به‌ڵکوو سه‌رکوتکردن و خنکاندنی به‌شێک له وجوود و بوونی مرۆییه که ده‌توانێت له ساحه جیاجیاکانی وه‌کوو زانست، هونه‌ر، ئه‌ده‌ب، کۆمه‌ڵگا، کو‌لتوور و سیاسه‌تدا ڕۆڵی کاریگه‌ر و ته‌واوکه‌ر بگێڕێت، ڕوانگه نه‌ریتی و سه‌له‌فییه‌کان بۆ ژن ته‌نها جه‌سته‌یه‌ک ده‌بینن که ختووکهدهر و خرۆشێنه‌ری ئاره‌زوو و خواسته سێکسییه‌کانی گوتار و سیسته‌می باڵاده‌سته که پیاوسالارییه.
به‌داخه‌وه ئه‌م به‌رته‌سککردنه‌وه و سنووردانانه بۆ ژن وه‌کوو کائین و بوونه‌وه‌رێکی وجوودی و کورتکردنی له ناو له‌شێکی مادی و جه‌سته‌یه‌کی خرۆشێنه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی وڵاته نه‌ریتگه‌را و ئایینییه‌کانه، ئه‌و وڵاتانه‌ی که نه مۆدێڕنه توانیویه‌تی به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی له‌و قووڵکه و که‌نده‌ڵانه ده‌ریان بهێنێت و نه نه‌ریته ئایینییه‌کانیشیان هێنده ئاوه‌زمه‌ندێتی ئه‌زموون کردووه و ده‌یکات، تاکوو درک به‌و ڕاستییه بکه‌ن که ژن‌بوون به‌ر له‌وه‌ی گوناه بێت، به‌ر له‌وه‌ی تابۆ و بڤه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی بێت بوونێکی دیکه‌ی مرۆییه که کائینات کامڵ و ته‌واو ده‌کات. نموونه‌ی وڵاتێکی وه‌کوو ئه‌فغانستان دیاره و هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه باسم کرد که ئێسته ته‌نانه‌ت ژنان و کچانی ئه‌و وڵاته بۆ خوێندنی سه‌ره‌تاییش بواریان نادرێتێ چ بگات به‌وه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان شیعرێکی عاشقانه بڵێن یان به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی و هونه‌ریی که ته‌عبیر له جیهانی ژنان و ژنێتییان بێت پێشکه‌ش بکه‌ن، ئه‌وان ته‌نانه‌ت له ڕووی پۆشاک و جلوبه‌رگیشه‌وه ده‌بێت هه‌موو جه‌سته‌یان داپۆشراو بێت و ته‌نها چاویان له ژێر نیقابێکی ڕه‌شه‌وه دیار بێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌گه‌ر ئیشێکیان بوو به‌ڕێگادا بڕۆن و به‌ر پێی خۆیان ببینن.
له ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی ئه‌م هاوکێشه‌یه به سه‌ر کۆمه‌ڵگاکاندا زاڵه، له ڕۆژئاواش ئه‌گه‌رچی ئه‌م سنوورداری و بهرتهسککردنهوهیهی ژنان بوونی نییه، به‌ڵام به‌کاڵاکردنی ژنان له چڵه‌پۆپه‌ی خۆیدایه، به‌ڕاده‌یه‌ک که له ڕێگه‌ی جیهانگیریی و گلۆبالیزهیشێنهوه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی نه‌رێنیی دیکه‌ی هێناوه‌ته کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کانه‌وه و دونیای ژنانی زیاتر تاریک و ئاڵۆز و په‌شیو کردووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر بڵێم پنتی تێکه‌ڵبوونی دوو جه‌مسه‌ری”نه‌ریتپه‌رستی” و “به‌کاڵاکردن” ئه‌و خاڵه دژوازهیه که تووندوتیژیی پیاوسالارانه به‌رهه‌م ده‌هێنێت له هه‌مانکاتدا که شتێکی ئاڵۆزم وتبێت هاوکات ئاماژه‌م به شتێکی ڕوونیش کردبێت، ئاڵۆزه چونکه گوتاری پیاوسالاری ئایینی ئه‌و به‌ربه‌ست و سنووره داده‌نێت بۆ ژن که جه‌سته‌ی خۆی وه‌کوو موڵکێکی پیرۆز و تابۆیه‌کی مانادار بپارێزێت، خه‌ونه‌کانی نه‌درکێنێت، ئاره‌زووه‌کانی نه‌یه‌نێته زار، جوانییه‌کانی شاراوه و شاردراوه بێت و هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ر ئه‌م گوتاره په‌لکێشی ئه‌و مۆدێل و سیما بازاڕی و له‌شه سێکسییانهیه که میدیاکان ده‌یخه‌نه به‌رده‌ستی یان تاک و ته‌را له‌م شه‌قامه‌که و له‌و کۆڵانه‌که ده‌یبینێت، ئه‌م بابه‌ته ئاڵۆزییه‌که‌ی له‌وه‌دا زه‌ق ده‌بێته‌وه که ژنان ده‌خاته دژوازی و له‌تبوونێک له نێوان خواستی ئه‌خلاقگه‌رایانه‌ی نه‌ریتیی پیاو و هاوکات حه‌زی سێکسیی و ڕێژهبینانهی ئه‌خلاقی پیاوسالارانه له لایه‌کی دیکه، واته ئه‌و مۆدێله له پیاو به‌رهه‌م ده‌هێنیت که هاوکات که ئهخلاقگهرایه هاوکات حه‌زیشی له لادانه له ئه‌خلاق بۆ ئاره‌زووه‌کانی خۆی.
ئه‌م بابه‌ته یه‌کێک له تێما سه‌ره‌کییه‌کانی دوو نووسه‌ر و بیرمه‌ند و ده‌رهێنه‌ری ڕووسی واته “فیۆدۆر دۆستۆفسکی” و “ئاندرێ تارکۆفسکییه””، ڕه‌نگه سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده‌ی ئه‌وانیش ژنانی ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵات له ته‌نگژه‌ی گوتاری پیاوسالاری و به‌ریه‌ککه‌وتنی مۆدێڕنه و سونه‌ت و نه‌ریت له ئاوه‌ها دژوازییه‌ک ژیابێتن. نموونه‌ی ڕۆمانه‌کانی شه‌یاتین و قوماربازی دۆستۆفسکی ئه‌مانه‌یان تێدا ده‌بینرێته‌وه و فیلمی نۆستالۆژیای تارکۆفسکیش به زه‌قی هه‌ڵگری ئه‌م پرسگر و کهڵکهڵهیهیه.
بابه‌ته‌که له سه‌رێکی دیکه‌شه‌وه ڕوونه چونکه ئێمه وه‌کوو ژن له‌مێژه ئه‌مه ده‌زانین و به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌زموونمان کردووه، له نیگا و هه‌ڵسوکه‌وت و جووڵانه‌وه‌ی پیاوه نزیکه‌کانمانه‌وه بگره تاکوو ڕێبواران و نهناسراوانی سه‌رشه‌قام و کۆڵان هه‌ستی پێ ده‌که‌ین، دیاره ئه‌م خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌یه هه‌رگیز به‌و مانایه نییه که هه‌موو پیاوان وان و بڕیارێکی ڕه‌ها و سه‌رپه‌ڕانه نییه به‌ڵکوو زیاتر تایبه‌تمه‌ندیی گوتارێکه به ناوی پیاوسالاریی که ساڵانێکی زۆر به‌هۆی هه‌یمه‌نه و کۆنترۆڵکردنی هه‌موو جومگه سه‌ره‌کییه‌کانی کۆمه‌لگا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی له‌وانه ئابووری، کو‌لتوور، ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت ئاوه‌ها ڕؤحییهت و خواستێکی سایکۆلۆجیی گه‌وره کردووه. بۆیه له ڕۆژهه‌ڵات ژنان هه‌م باری نهریتگهرێتیی سه‌له‌فییانه‌ی تووندئاژۆیان هه‌ڵگرتووه و هه‌میش خه‌م و له‌تبوونی کاڵاگه‌رێتی، ئه‌م دۆخه ئاڵۆزه‌ی کارئه‌کته‌ری ژنان بێگومان شوناسێکی ئاڵۆزیشیان ده‌داتێ، ئه‌م شوناسی ئاڵۆزهش زمانێکی تایبه‌ت و ئاڵۆزتریان ده‌داتێ بۆیه پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌م زمانه ده‌بێت چ بکات؟ یان باشتر وایه بپرسین ئایا نابێت ژنان له به‌هێزترین ئامرازی بوون واته زمان له پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م شوناسه برینداره ئاڵۆزه که‌ڵک وه‌رگرن؟ ئایا زمان بۆیان ده‌بێته پانتای باسکردنی برینه‌کان یان ده‌بێت به ڕووبه‌ر و په‌نا و په‌سیوی دیکه بۆ شاردنه‌وه‌ی برینه‌کان؟
“زمان و ژن”
ژن له پێگه‌ی دایک خۆی لانکه و سه‌رچاوه‌ی زمانه و له پێگه‌ی بوونه‌وه‌رێکی ناسک و عاتیفیش، خه‌مڵێنه‌ر و تیفتیفهدهری کایه‌کانی زمانه و ئه‌مه ئه‌گه‌ر بمه‌وێت وه‌کوو نموونه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی ئاماژه‌ی پێ بده‌م له ئاستی لایه‌لایه و شیعردا له کولتووری نه‌ته‌وه‌کان به چڕی ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و له ئه‌ده‌ب و مێژووی کوردیش‌دا ژنان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که هاوشانی پیاوان ئه‌رکی ژیانیان به‌ڕێوه‌بردووه و پێشمه‌رگایه‌تیشیان کردووه، به‌ڵام هه‌ر له‌م پێگه وجوودییه‌ی دایکایه‌تی و ژنێتی دانه‌بڕاون و خۆیان ده‌ربڕیوه. به‌ڵام زمان بۆ ژن چوارچێوه‌ی داڕشتووه، هه‌موومان ده‌زانین زۆر قسه و باس که پیاوان ده‌توانن له زماندا بیخه‌نه ڕوو ژنان خۆیانی لێ ده‌بوێرن یان ده‌بێ بڵێم وایان لێ کراوه خۆیان ببوێرن، زۆر په‌یڤ و ده‌ربڕین و جنێو هه‌یه که ژنان هه‌میشه خۆیان له به‌کارهێنانی ده‌دزنه‌وه، ئه‌مه‌ش دژوازییه‌کی دیکه‌یه که ژنان دایک و لانکه‌ی زمان بن، به‌ڵام خۆیان سانسۆر بکه‌ن یان بکرێن، هۆکاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟ هۆکاره‌که‌ی هه‌ر له‌و گوتاره پیاوسالارانهیهوه سه‌رچاوه ده‌گرێت که ساڵانێکی زۆره هه‌موو جومگه ئوبژه‌کتیڤ و کرده‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ئیداره ده‌دات، ئابووری ڕێکده‌خات و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێناسه و دیاری ده‌کات، بنه‌ما پیرۆز و ناپیرۆزه‌کان ده‌ستنیشان ده‌کات و به‌پێی ئه‌م یاسا میتافیزییانهش تاوان و سزا دیاری و پێناسه ده‌کات و به‌م شێوه‌یه سیسته‌مێکی ڕێکخستن و ئیداره‌دانی پیاوانه زاڵ ده‌بێت، له ئاوه‌ها سیسته‌مێکی تاکڕه‌هه‌ند و تاک ڕه‌گه‌زدا ئایا زمانی ژنانه جگه له لانکه و ناو مه‌تبه‌خ و له تانوپۆی ته‌ونی چنینی بەرماڵ و مافوور و به‌رگه سەرین، کوێی دیکه ده‌کات به هه‌وارگه‌ی ده‌ربڕینی خۆی؟
ئه‌گه‌رچی ئه‌م په‌ستاندن و لهکونکردنهی زمانی ژنان ئه‌کت و هه‌نگاوی دڵڕه‌قانه و سه‌رکوتکارانه‌ی گوتاری پیاوانه بووه، به‌ڵام ژنان ئه‌و بوونه‌وه‌رانه بوون که زمانیان هێنایه ئاسته ڕهمزییهکهیهوه، کێیه له ئێمه له نه‌ست و ناوشیارماندا وێنه‌ی به دهستچنراوی سه‌ر په‌رده و به‌رگه سەرینەکان که به شاماران خوداژنی ئوستووره‌یی کورد خه‌مڵێنرابوون و ڕۆڵی له بونیاتنانی جهان و بوون و ئه‌شق و ئه‌وینداری ده‌گێڕایه‌وه، به بیریدا نه‌یه‌ت؟ ئه‌و هه‌موو نه‌خش و نیگاری سه‌ر لێفەو ڕاخەرەکان جگه له ته‌قینه‌وه‌ی زمانی ڕه‌مزیی ژنانه که له ئاستێکی شارستانیی و به‌رخۆده‌رانه‌ی شه‌ڕ دژی سته‌م و سه‌رکوتی گوتاری پیاوانه‌ی نه‌ریتی و ئایینین هیچ مانا و لێکدانه‌وه‌یه‌کی دیکه‌یان بۆ ناکرێت. فۆرمی هونه‌ری و گۆرانی “به‌رته‌ونانه”ش هه‌ر له‌م ئاخێزگه و سۆنگه‌یه‌وه له‌دایک بووه، وه‌کوو ده‌بینین خواست و دونیای ژنان له هیچ سوچ و قوژبنێکدا یه‌خسیر و قه‌تیس نابێت و به هیچ هێز و گوتارێکیش بنه‌بڕ و نابووت ناکرێت. به‌ڵام خودی ئه‌م پرۆسه‌ی سه‌رکوتکردن و په‌ستاندنه هۆکاره بۆ ده‌رکه‌وتنی ناکامڵ و ناته‌ندروستی زمانی ژنانه و هه‌ر ئه‌مه‌شه وای کردووه زۆربه‌ی ژنانی هونه‌رمه‌ندی ئێمه گۆرانی پیاوانه بڵێنه‌وه، ئه‌مه دژوازییه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره و هه‌ندێ جار تهنزئامێزیشه که خاتوونێکی هونه‌رمه‌ند گۆرانی”کراس ڕه‌ش” بڵێته‌وه،
ئه‌مه پێکه‌نیناوییه که ژنان به زار و جه‌سته و هونه‌ری خۆیان خه‌ون و ئاره‌زووی پیاوان بڵێننهوه و گوتاری پیاوسالارانه بهۆننه‌وه، به‌دیوێکی دیکه‌دا ئه‌مه بهپیاوکردنی ژنان یان بهپیاوبوونی ژنانه و ده‌سهه‌ڵگرتن له دنیای بوونه‌وه‌رێکی ناسک و میهره‌بان، که ئه‌گه‌ر به‌ڕاده‌ی پیاو له بونیاتنانی ژیار و کۆمه‌ڵگاکاندا ڕۆڵی نه‌بووبێت بێگومان له کۆمه‌ڵێک ئاستدا وه‌کوو په‌روه‌رده و به‌ڕێوه‌بردنی ژیان له‌و سه‌رتر بووه، به‌ڵام به‌ها نه‌ریتی و ئاینییه‌کان هیچ کات ئه‌و بواره‌ی نه‌داوه به پیاوان که گوێ له گێڕانه‌وه و زمانی ژنان بگرن، و هیچ کاتیش ئه‌و بواره‌ی نه‌داوه به ژنان که خۆیان و ڕاسته‌قینه‌ی جیهانی خه‌ون و ختوورهکانیان بهۆننه‌وه و بیگێڕنه‌وه و هاوسه‌نگییه‌ک له نێوان گوێی پیاوان و زمانی ژناندا بێته ئاراوه.
“ئاسۆکانی به‌رده‌م هاوکێشه‌که”
ئه‌م باسه‌ی که به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رپێیانه و خێرا ورووژاندم زیاتر فۆرماسیۆن و چوارچێوه‌ی ئه‌و دۆخه‌م لا مه‌به‌ست بووه که ژنان تیایدا ئاماده‌ن و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان چالاکیی ده‌که‌ن، هه‌ر له پێشکهشکارییهوه بگره تاکوو شیعر و هونه‌ر و ئه‌ده‌ب و هه‌موو ئه‌و کایانه‌ی که ده‌بن به ده‌رخه‌ر و ده‌ربڕی جیهانی ڕاسته‌قینه و ڕاشکاو و هه‌روه‌ها کاڵاگهڕیتی ژنان، ئه‌م باس و خاڵانه‌ی که په‌رژامه سه‌ری ئامانجم ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ردابه تاریکه‌یه که ژنان له ناویدا ده‌ژین به‌ڵام پێیان وایه له ئه‌مینترین و ئازادترین شوێندان، دیاره مه‌به‌ستم له ژنان له‌م ڕسته‌یه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌و ژنانه‌یه که خولیای وشیارییان هه‌یه یان لانیکه‌م واده‌زانن له وشیاریدا ده‌ژین، به‌ڵام له وه‌همدا گیرساونه‌ته‌وه، ئه‌گینا ئه‌و ژنانه‌ی که ژنێتی خۆیان له به‌رپێی به‌ها ئایینییه‌کان و نرخه نه‌ریتییه پیاوتهوهرانهکان قوربانی کردووه هیچ باسێک هه‌ڵناگرن له‌م ڕووه‌وه.
ژنانی وشیار و بانگه‌شه‌کاری مافی ژنان و ده‌ربڕینی ژنێتی ته‌نها به چالاکییه‌کی به‌رته‌سکی ناو هه‌ندێ ڕێکخراو یان گه‌شتکردن بۆ چه‌ند وڵات یان بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ند شیعر و ته‌نانه‌ت چه‌ند کتێبیش نابن به ئه‌و ژنانه‌ی که ته‌عبیر له ده‌نگی سته‌ملێکراو و کپکراوی ژنان بکه‌ن، نابن به‌و ڕه‌مزه یاخییه‌ی که به‌هاکانی خۆیان بناسن و بیگێڕنه‌وه، له‌م پرۆسه و ڕه‌وته‌دا ڕه‌چاوکردنی دوو خاڵ زۆر جه‌وهه‌رییه. یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که که‌شف و ناسینی خود له دونیا و سوبژیکتیڤیته‌ی ژنان له پرۆسه‌یه‌کی ڕهخنەگرانهوه تێده‌په‌ڕیت که هه‌موو کۆمه‌ڵگا و به‌ها پیاوسالارانه‌کان و ته‌نانه‌ت ناوشیاریی و جه‌هلی ژنان هه‌ڵبسه‌نگێنرێت. دووهه‌م ئه‌وه‌ی که بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی وشیاریی ژنان له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنی گوتاری پیاوسالاریی وه‌ستاوه نه‌ک دژایه‌تیکردنی پیاوان وه‌کوو ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ر، ده‌بێ ژنان بزانن چه‌نده ژنان له ناو گوتارێکی پیاوسالارانه‌دا به‌نج و سڕ کراون پیاوانیش خۆیان له ناو هه‌مان گوتاردا دیدێکی تاکڕه‌هه‌ند و به‌رته‌سکیان بۆ ژن پێ دراوه و تێکشکاندنی ئه‌م پێکهاته به‌شێکی سه‌ره‌کیی له ئه‌ستۆی ژنانه.
کاتێک ئه‌م پرۆسه‌ی وشیارییه ڕه‌خنه‌گرانه به دیالۆگێکی زانستی و سازێنه‌ره‌وه قۆناغه‌کانی خۆی تێپه‌ڕاند ئه‌وکات زمانی ژنان چه‌که‌ره ده‌که‌ن، داهێنان ڕوو ده‌دات، هه‌یمه‌نه‌ی گوتار و زمانی پیاوسالاریی که‌متر ده‌بێت یان تا ڕادەیه‌کی باش پاشه‌کشێ ده‌کات و بایی ئه‌وه‌نده‌ی هه‌یه لانیکه‌م بوار به ده‌رکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی زمانی ژن بدات و له‌گه‌ڵ زمانی پیاو بکه‌وێته دیالیکتیک و دانوستانه‌وه. له ئاوه‌ها دۆخێک‌دا ئاسۆی داهێنان و گێڕانه‌وه و خه‌مڵین و نهخشێنرانی زمان و دونیای ژنان وه‌کوو ده‌سپێکێکی باش دهپێڕێت، گێڕانه‌وه‌ی خه‌ونه شێداره‌کانی ژنانی ئه‌م وڵاته به بێ ئه‌م به‌رچاوڕونی و هه‌وڵانه جگه له سه‌مایه‌کی به‌له‌نجه و لاری ناسک و نارین به مۆسیقایه‌کی کۆنی پیاوانه هیچی دیکه نییه.