پێش هەموو شتێک دەمەوێ بڵێم مەقەست کە کوردێنراوە لە (مقص)ی عەرەبییەوە هاتووە، لە هەندێک ناوچە بە مەقەست دەڵێن (قەیچی). بەڵام بە گشتی لای ئێمە هەر مەقەست بەکاردێت، بۆیە منیش هەر ئەوەم بەکارهێنا.
دوای ئەوە دەڵێم بڕشت دوو مانای هەیە:
یەکەمیان بە زەوی بەپیت دەگوترێ کە بەرهەمی کشتوکالیی زۆر بێت، بەتایبەتی گەنم و جۆ. لە ناوچە فێنکەکانی خۆمان بارانی زۆرە، بڕشتی دەغڵ و دان هەندێک جار دەگاتە یەک و پانزدە، یان یەک و بیست دەبڕێ و ئەوە مایەی دڵخۆشییە. خۆ ئەگەر لەوە زیاتر ببرێ، ئەوا جووتیارەکە لە خۆشییان کڵاوی هەڵدەداتە ئاسمان. لە گەرمێنێ دەشتی قەراج بەپیتەو بەناوبانگە و ئەگەر ساڵەکە بە باران بێ بەتایبەتی مانگی ئادار و نیسان، ئەوە جووتیار بەرهەمی باشی دەبێ و دەڵێن ((دوو لە ئادارێ، یەک لە نیسانێ، دێنێ هەموو موڵکی خوراسانێ)). خوا لێ خۆشبوو مام سەلیم شێرەی باوکی کاک خورشید شێرە گوتی ساڵیکیان باران باش بوو و هاتمان بوو یەک و سەدو پەنجامان هەڵگرت.
دووەمیان بڕشت بەو پارچە قوماشانە دەگوترێ کە لە کاتی جل بڕیندا فڕێ دەدرێن. دایکم جلی ژنانەی دەدووری ئەو پارچە قوماشە زیادانەی فڕێ دەدا. مەکینەی جل دروونمان هەبوو ئەو جڵانەی پێ دەدروو. منیش ئەم جارە لەم لاو لەولا چەند پارچە نووسینێکم بۆ کۆ کردوونەتەوە و کردوومە بە بڕشت , یان سەرە مەقەست بەڵام سوودیان هەیە و فڕێ نادرێن.
+ پاکی و بەڕائەتی منداڵ: دۆستێک گوتی کوڕەزاکەم بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی دەکرد و شتی بۆ دەگێڕایەوە. وادیار بوو هاوڕێکەی باوەڕی بە قسەکانی نەدەکرد، ئەویش گوتی : بەسەری باپیرم درۆ ناکەم. بەڵام کوڕەکە هەر باوەڕی پێ نەدەکرد، کوڕەزاکەم گوتی: هەتیو دەڵێم بەسەری باپیرم، خۆ ئەویش خوا نییە بە درۆ سوێندی پێ بخۆم.
+ پیاوێک تراکتۆرەکەی کوژابووەوە و بە تەنیا پاڵێ پێوە دەنا و شوێنەکەش کەمێم هەوراز بوو و تراکتۆرەکەی بۆ نەدەجووڵا . کابرایەک بە لایدا تێپەڕی و گوتی : برا ئەوەی تۆ دەیکەیت وەکو ئەوە وایە سیاسەت لە ئەخلاق نزیک کەیتەوە.
+ کچێک لەگەڵ نەنکی چوون بۆ بازاڕ بۆ کڕینی هەندێک پێویستی. بەلای کۆگایەکدا ڕۆیشتن و چوونە ناوەوە. خاوەنی کۆگاکە کە چاوی بە کچەکە کەوت ئەبڵەق بوو چونکە زۆر جوان بوو. کچەکە کراسێکی بەدڵ بوو، کابرا بۆی پێچایەوەو کچەکە گوتی بە چەندە؟ کابرا گوتی: بە ماچێک. کچەکە گوتی لە نەنکمی وەرگرە ئەو بۆم دەکڕێ و ڕووی لە نەنکی کردو گوتی: نەنە هەقەکەی بدەیە.
+ کابرایەک عەرەبانەیەکی لە کەرێک خستبوو دەیویست لە بەرەوژوورکەیەک سەریخا، وا دیار بوو عەرەبانەکە قورس بوو و کەرەکە بۆی ڕانەدەکێشرا و خاوەنەکەشی پشتی دێشا. پیاوێک بەلایدا تێپەڕی و زگی بە کەرەکە سووتا و پاڵی بە عەرەبانەکەوە نا و وردە وردە کەرەکەکە سەرکەوت، کەچی خاوەنی عەرەبانەکە گوتی: زانیم ئەو عەرەبانەیە بەتاقە کەرێک سەر ناخرێ.
+ ونستۆن چەرچلی گەورە سیاسەتمەداری بەریتانیا و پاڵەوانی جەنگی دووەمی جیهانی دەچوو بۆ ئەنجومەنی وەزیران. لەڕێگا پیاوێک لێی چووە پێشێ و گوتی تۆ گێلی، گەمژەو نەزانی. پۆلیس گرتیان. لە پەڕلەمان نوێنەرێک لە چەرچل هەستا و بە تووڕەیی پێی گوت: چۆن دەبێ هاووڵاتییەک دەسگیر بکرێ هەر لەبەر ئەوەی قسەیەکی بە تۆ گوتووە؟ چەرچل گوتی: لەبەر ئەوە نەگیراوە کە قسەی بە من گوتووە، لەبەر ئەوە گیراوە کە نهێنیی دەوڵەتی ئاشکرا کردووە. ئیدی ئەندامانی پەرلەمان لە قاقای پێکەنینێیان دا.
+ جاران کە یەکێک منداڵی دەبوو و ناویان لێ دەنا، ئاهەنگیان دەگێڕا و مەلا ناوەکەی بەگوێی منداڵەکەدا بانگ دەدا. بەڵام ئێمەی کڵۆڵ ناویشمان لێ نراوەو کەس خۆی نەکرد بە خاوەنی وەکو عەزیز نەسینی گەورە نووسەری تورک دەڵێ: منداڵی هەتیو خۆی ناوکی خۆی دەبڕێ. ئێمە جاران ناومان کۆمەڵگا بوو و دەیانگوت کۆمەڵگای کوردەواری، بەڵام ئەوە ماوەیەکە ناومان گۆڕاوە و لە سایەی خوا ناوێکی پڕ بە پێستی خۆمان لێ نراوە و لە کۆمەڵگاوە بووین بە کۆمەڵەگا. ئۆ خوایە لێت بەزیاد بێ شوکر گەورە بووین یاخوا ناودێر بین.
+ چ سوودێک لەوەدا هەیە تۆ بچی بۆ گۆشت نەخواردن و حەرام کردنی سکاڵانامە بە مەڕ واژۆ بکەیت؟ تۆ ئەگەر ئازای بڕۆ واژۆی گورگم بۆ بێنە.
+ ئەبڕاهام لینکۆڵن کە دوایی بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و پاڵەوانی شەڕی باکوور و باشوور بۆ ڕزگار کردنی قولەڕەشە کۆیلەکان، پارێزەر بوو. ڕۆژێک دەوڵەمەندێک چوو بۆ لای و داوای لێ کرد کە شکاتی بۆ لە پیاوێک بکات چونکە دوو دۆلار و نیوی لایەتی نایداتەوە. لینکۆڵن نەیدەویست ئەو کارە بکات، بەڵام وەک بیانوو گرتن گوتی بە ١٠ دۆلار بۆت دەکەم بە مەرجێک پارەکەم پێش وەخت بدەیتێ. دەوڵەمەندەکە رازی بوو هەر بۆ ئەوەی لووتی هەژارەکە بشکێنێ کە چەند جارێک داوای قەرزەکەی لێ کردبوو و هەژارەکە نەیبوو بیداتەوە. لینکۆڵن کە پارەکەی وەرگرت دەستبەجێ چوو بۆ لای کابرای هەژار و پێنج دۆلاری دایە و گوتی هەرئێستا بڕۆ بۆ لای خاوەنی قەرزەکە و دوو دۆلاری نیوەکەی بدەوە و ئەوی دیکەشی بخە تەنکەی گیرفانت. لینکۆڵن بۆ خۆشی پێنج دۆلاری خستە گیرفانی.
+ با ئەمەیان گوڵی بۆن خۆشی پارچەکانی دیکە بێت. حاجی میرزا عەبدوڵلای کۆیی ناسراو بە خادم شاعیرێکی ناسک و بە توانا بوو و لەگەڵ بێخودی نەمر، خاوەنی شیعری (لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من)، دۆستایەتییان خۆش بوو. خادم بە شیعرێک پەسنی بێخودی کردبوو، واتە ستایشی کردبوو. بێخودیش لە بەرانبەردا پەسنی خادمی کردبوو. ڕۆژێکیان بێخود وەک جاران دەچێ بۆ لای حاجی میرزا عەبدوڵلا و لە دوکانەکەی دادەنیشێ و دەڵێ: ئەرێ میرزا کاممان درۆزنترین؟ خادمیش دەڵێ: قوربان ببوورە، وەڵلا جەنابت.