کاتێک ژان هۆس؛ ڕیفۆرمخوازیی ئایینی‌یان له ئاڵمانی سه‌رده‌می ڕێنیسانس و قۆناغی چاکسازیدا خسته ئاگره‌وه، به‌ر له‌وه‌ی بیخه‌نه ئاگره‌که‌وه مۆڵه‌تیان دا پاشگه‌ز بێته‌وه و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان تۆبه بکات، به‌ڵام ئاگره‌که‌ی هه‌ڵبژارد. “ژان هۆس” مامۆستای زانکۆی پراگ، ڕیفۆرمخوازێکی ئایینیی بوو که خه‌ڵکی پراگی له دژی ده‌سه‌ڵاتی ئاڵمانه‌کان و کڵێسا‌ی ڕۆم هان ده‌دا. ئه‌و له دژی دنیاخوازی و ماڵ و سامان کۆکردنه‌وه‌ی قه‌شه کاتۆلیکییه‌کان و هه‌روه‌ها لێبوردنی پێشوه‌خته له گوناهه‌کان له لایه‌ن قه‌شه‌کانه‌وه قسه‌ی ده‌کرد و ئه‌مانه‌ی به دژی ئایین و مرۆڤ و کۆمه‌ڵ ده‌زانی و ده‌یوت ئه‌و زه‌وی و زارانه‌ی که له ژێر ده‌ستی کڵێسه دان ده‌بێت له ده‌ستیان ده‌ربهێنرێن. ئه‌مه وێنه‌یه‌کی تراژیک و له هه‌مانکاتدا گۆڕانساز بوو که له ڕۆژئاوای قۆناغی ڕێنیسانس و بووژانه‌وه‌دا هاته ئاراوه، “ژان هۆس” ته‌نها یه‌کێک بوو له‌م ده‌نگه کپکراو و دلێرانه، ئه‌گه‌رچی چاره‌ونووسی هه‌موو ده‌نگه‌کان وه‌کوو هۆس نه‌بوون، به‌ڵام ئه‌وانیش بێبه‌ش نه‌بوون له تۆقاندن و هه‌ڵاتن و ڕاوه‌دوونان، هه‌ڵاتن و ڕاوه‌دوونانێک که دواجار سه‌رده‌مه زێڕینه‌کانی پاش خۆی به دی هێنا و خه‌بات و خوێن و عاره‌قڕشتنی ڕۆحی و هزریی ئه‌وانی به‌رهه‌مدار کرد. “مارتین لۆته‌ر” مونتسێر، زوئیگلی و کالوون له‌و ناوه دیارانه‌ن.
له ڕاستیدا من لێره نامه‌وێت ڕه‌وڕه‌وه و ڕێچکه‌ی مێژوویی خۆمان وه‌کوو کورد له ناو شارستانییه‌تێکی ئایینی کو‌لتووریدا له رۆژهه‌ڵاتی ناوین به‌راورد بکه‌م به‌و شته‌ی که له ئه‌ورووپای سه‌ده‌ی چوراده‌یه‌مه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و تا سه‌ده‌ی بیسته‌م به قۆناغی جیاجیا به‌رده‌وام بوو و هه‌روه‌ها سه‌ده‌ی بیست و یه‌کیش له سه‌ر کۆله‌که‌کانی ئه‌و ڕه‌وڕه‌وه مێژووییه به هه‌موو چاکه و خراپه‌کانییه‌وه بوو به بابه‌ت و دیارده‌یه‌کی جیهانگیر و باڵای کرد و ئێسته‌ش ده‌ڕواته پێشێ، له ڕاستیدا ئه‌وه‌ی له سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌می زاینی ئه‌ورووپا هاته ئاراوه و تا ئێسته هاتووه، بووه به به‌شێکی بنه‌مایی و گۆڕانساز له مێژووی مرۆڤایه‌تی به ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاواوه و له‌مپه‌ڕ بۆ ئه‌و په‌ڕی دونیا. ئێسته‌ش ئێمه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت له ناو ئه‌و پارادایم و ده‌رهاوێشته مێژووییه‌دا ده‌ژین که له‌و مێژوو و کولتووره‌ڕا هات و مانا و خوێندنه‌وه و مه‌به‌ستی ژیانی مرۆڤی له سێ جه‌مسه‌ری ڕابردوو، ئێسته و داهاتوو بۆ ئه‌به‌د گۆڕی.
له ڕاستیدا ڕه‌نگه هه‌ندێ ڕۆشنبیر و توێژه‌ر ڕێیان پێ بردبێت که ڕووداوه‌کانی ناو کو‌لتوور و ژیاری ڕۆژئاوا ئه‌گه‌رچی به شێوازه ناڕاسته‌وخۆ و ناله‌بار و ته‌نانه‌ت نه‌رێنییه‌که‌شی بووبێت، به‌ڵام سێبه‌رێکی قورس و قاییمی به‌سه‌ر ژیار و کۆمه‌ڵگا و هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی بوونی مرۆڤ له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوه‌وه داخستووه، به‌ڵام باسکردنی ئه‌م مژاره له‌م قۆناغه‌ی ئێسته‌ی ئێمه‌دا زیاتر ئه‌و وێنه سواو و به‌رده‌وام و له هه‌مانکاتدا کوشنده و تراژیکه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیری ئازاد و ڕه‌خنه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بیری تووندئاژۆ و ده‌مارگرژدا زه‌ق ده‌کاته‌وه، ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی ژان هۆسم بۆیه هێنایه‌وه تاکوو سه‌رنموونه و ده‌روازه‌یه‌کم کردبێته‌وه بێینه ناو باسه‌که‌وه، پێش هه‌ر شتێک ده‌بێ ئه‌مه بپرسین بۆچی کۆمه‌ڵگای ڕۆژئاوایی توانی قۆناغی ڕیفۆرماسیۆنی ئایینی تێپه‌ڕێنێت و قۆناغه‌کانی دواتر سه‌رهه‌ڵ بده‌ن؟ ئایا ئه‌و ڕیزبه‌ندییه‌ی بۆ قۆناغه‌کان ده‌کرێت جه‌بر و لۆژیکێکی حه‌تمیی مێژوویی بوو؟ یان ئه‌و هۆکارانه‌ی که ڕۆڵیان له‌م شکڵپێدان و فۆرماسیۆنه‌دا هه‌بوو کامانه‌ن؟ ئایا وڵتانی ڕؤژهه‌ڵات به‌گشتی و کورد به تایبه‌تی ده‌توانێت ئاوه‌ها ڕێچکه‌یه‌ک ببڕێت و وای وێنا بکه‌ین له داهاتوویه‌کی دوور یان نێزیک ده‌گاته قۆناغێکی گه‌شه و مه‌عریفه و که‌ماڵ به مانا ڕیژه‌ییه مێژووییه‌که‌ی؟ بۆ تێگه‌یشتن له‌م پرسیاره و تێگه‌یشتن له‌وه‌یش وا له مێژووی ڕؤژئاوادا وه‌کوو گرینگ‌ترین ده‌سپێک بۆ دابڕان له سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و شه‌ڕی نێوان خاچپه‌رستان و موسڵمانان هاته ئاراوه، ده‌بێت ئاوڕێکی خێرا له‌و قۆناغه مێژووییه و هۆکاره‌کانی ده‌رکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنی بده‌ینه‌وه و ئێنجا له‌وێشه‌وه چاوێکی خێرای کۆمه‌ڵناسانه به‌و دۆخه‌ی که ئه‌و جه‌مسه‌رانه له دۆخی هه‌نووکه‌یی مێژووی کۆمه‌ڵگا و ئایین و هزر و گۆڕانکاریی ئێمه‌دا دروستیان کردووه بخشێنین.
ئه‌و قۆناغانه‌ی که ڕۆژئاوای سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م به‌م لاوه تا سه‌ده‌ی بیسته‌م پێیدا تێپه‌ڕین به ڕیز بریتین له‌مانه:- ڕێنیسانس، ڕیفۆرماسیۆن(چاکسازی)، ڕۆشنگه‌ری، شۆڕشی پیشه‌یی و بیچمبه‌ندیی مۆدێرنیته. من نامه‌وێ ئه‌م قۆناغانه لێره‌دا شی بکه‌مه‌وه چوون هه‌م ناپۆڕێت له دووتوێی وتارێکدا و هه‌میش ڕه‌نگه به‌شێکیان په‌یوه‌ندییان به باسی به‌رمه‌به‌ستی من له وتاره‌که‌دا نه‌بێت. بۆیه چه‌ند بابه‌ت و مژار له‌وانه‌ش ماناکانی ڕێنیسان و گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژوو و ئازادی و ئومانیزم و دۆخی دیالۆگی لایه‌نه‌کان(فیکری، ئایینی،م ئه‌ده‌بی و.،..) له کوردستان باس ده‌که‌م.
یه‌که‌م شتێک که ده‌بێ په‌یوه‌ست به ڕێنیسانسه‌وه باسی بکه‌ین ئه‌وه‌یه که ڕێنیسانس له سه‌ر مێژوویه‌کی فه‌رامۆشکراو و سه‌رکوتکراو به شمشێری باوه‌ڕه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست و زوڵماتی خورافه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بونیات نرایه‌وه، واته ڕێنیسانس و بووژانه‌وه دیارده‌یه‌کی بێ مێژوو و هه‌ڵتۆقیوی له سه‌ده‌ی چوارده نه‌بوو به‌ڵکوو خاوه‌نی ڕه‌گ و ڕێشه‌یه‌ک بوو که تا یۆنانی که‌ونارا درێژ ده‌بوویه‌وه، ڕێنیسانس به‌گشتی له ڕووی وشه‌وه به چوار مانا دێت:-
1- زیندووکردنه‌وه، گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌پێدانی هونه‌ر و فێرکاری له ژێر کاریگه‌ریی سه‌رنموونه کلاسیه‌کان له کۆتایی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست که له ئیتالیاوه ده‌ستی پێ کرد.
2- قۆناغی زه‌مه‌نیی په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ ئه‌و پرۆسه و ڕووداوه‌ی سه‌ره‌وه.
3- کو‌لتووره‌کان و شێوازه هونه‌رییه‌کان، بیناسازیی، ئه‌ده‌ب، نیگارکێشان، مۆسیقا و…که له‌م سه‌رده‌مه‌دا سه‌ریان هه‌ڵێنا و گه‌شه‌یان سه‌ند و په‌ره‌یان پێ درا.
4- هه‌ر جۆره پرۆسێسێکی زیندووکردنه‌وه و بووژانه‌وه، نوێکردنه‌وه، داهێنانی نوێ، گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی له‌م چه‌شنه.
به‌گشتی وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ده‌سپێکردنه‌وه‌ی ڕینیسانس ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م و شاری فلۆرانسی ئیتالیا که له‌وێدا تێڕوانین و هزر و بیرکردنه‌وه هیۆمانیستییه‌کان خه‌ریک بوون سه‌ریان هه‌ڵده‌دا و ده‌رده‌که‌وتن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش هاوشانی سه‌رهه‌ڵدانی بیرکردنه‌وه‌ی هیۆمانیستی و تێڕوانینه مرۆڤخوازانه‌کان، سه‌رنجدان و گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌رهه‌مه کۆن و کلاسیکییه‌کانی دونیای که‌ونارای یۆنان، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناتورالیسمه ناوه‌کی و زاتییه‌یه‌دا و وه‌فاداری و سۆز و خۆشه‌ویستیی بۆ سرووشت گه‌شه‌یه‌کی زۆری کرد. له‌م نێوانه‌دا ڕۆلی نووسه‌ران، ئه‌دیبان، شاعیران و هونه‌رمه‌ندان له گه‌شه و نه‌شه‌ی ڕێبازه فیکری و بیردۆزانه‌کان زۆر گرینگ بوو. له گرینگترینی ئه‌م که‌سایه‌تییانه که ده‌سپێکی بزووتنه‌وه‌یه‌کی مه‌زنی هزری-کو‌لتووری و هونه‌ری بوون ده‌توانین ئاماژه به که‌سایه‌تیگه‌لێکی وه‌کوو فرانچێسکۆ پێترارک، دانته ئالیگیری، جیوۆڤانی بووکاچیۆ و جیو تی دی بوندۆنی نیگارکێش بده‌ین. ئه‌وه‌ی که له‌م گێڕانه‌ویه‌دا ده‌بێت سه‌رنجی بده‌ین و به نیسبه‌ت خۆمانه‌وه و وه‌کوو کورد لێی ڕابمێنین سێ خاڵه. یه‌که‌م به‌شداریی هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و…له ده‌سپێکردنی ئه‌و قۆناغه‌دا. دووه‌ه‌م مێژوومه‌ندبوونی ئه‌م ده‌سپێکردنه‌وه و هه‌ڵقوڵانیان له سه‌رچاوه و ژێده‌ره مه‌زنه‌کانی یۆنانی کۆن. سێیه‌م ڕۆحی هیۆمانیزم ومرۆڤخوازیی که جه‌وهه‌ری هه‌موو گۆڕانکاریی و سه‌رهه‌ڵدانی قۆناغه‌کانی دواتر بوو تا ئێسته‌ش.
ده‌بێت ئه‌وه بڵێم؛ که دۆزی کورد له درێژایی مێژوودا خۆی یه‌کێک له خاڵه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی ئێمه‌یه بۆ ده‌ست پێ نه‌کردنی هه‌ر جۆره ڕه‌وتێکی گۆڕانسازی جیدیی ژیار دروستکه‌ر. کاتیک هه‌موو خه‌می ئێمه ڕزگاری له ژێرده‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌بات له دژی پاکتاوکردن و توانه‌وه بێت چۆنچۆنی ده‌توانین بیر له ڕیفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و داهێنانی فه‌لسه‌فی و هزری بکه‌یه‌نه‌وه؟ ئه‌گه‌رچی ئه‌م پاساوه لۆژیکی و ته‌واوه، به‌ڵام نابێت به هۆکاری نه‌پرسینی ئه‌م پرسیاره‌ش که ئایا به‌م حاڵه‌ش نه‌ده‌کرا تاک و کۆمه‌ڵی ئێمه له مانیفێستکرنی ڕۆح و هزری خۆیان به‌رده‌وام بن و کۆڵه‌که‌ی دروستکردنی بینای شوناس بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو دامه‌زرێنن؟ بێگومان نابێت ڕێگری له‌م پرسیارانه بکه‌ین و خۆمان نه‌خه‌ینه به‌ر ڕه‌خنه، خاڵی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه کاتێک ئه‌ورووپییه‌کان یان ڕؤژئاواییه‌کان ده‌که‌ونه قه‌یران و ته‌نگژه‌یه‌کی مێژووییه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ یۆنانی که‌ونارا، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ کانت و هیگل و مارکس و… ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ کێ؟
ئه‌م پرسیاره له ناو که‌وانی دۆزی کوردبووندایه، ئێمه هێشتا به‌شی زۆری مێژوومان به ئه‌ده‌به‌که‌شمانه‌وه لێڵ و پێل و برینداره، ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ی سه‌ره‌وه له به‌ده‌رمماندا زۆر کراوه نییه، به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا کۆمه‌ڵێک ڕاسان و بووژانه‌وه هاتووه‌ته ئاراوه، گوتاری کوردایه‌تی توانیویه‌تی یاده‌وه‌رییه‌کی هاوبه‌شی ڕێژه‌یی له کوردستاندا دروست بکات و ئه‌مه‌ش بێ مێژوو نییه، به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌ق له هه‌ڵکۆڵراوه‌ی هورمزگانه‌وه تا ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جزیری و عه‌بدولخالق مه‌عروف و به‌ختیار عه‌لی و شیرکۆ بێکه‌س و سه‌دان بیرمه‌ند و ئه‌دیب و که‌سایه‌تی دیکه درێژ ده‌بێته‌وه، کۆی ئه‌م وێنه‌یه دانسقه‌بوونی دۆزی کورد و ڕێچکه‌ی گۆڕانکاریمان پێ ده‌ڵێت به‌ڵام ئه‌م پرسیاره‌ش هه‌یه به‌و هه‌ندێ هه‌وڵه فیکری و مه‌عریفی و کۆمه‌ڵایه‌تییانه که له قه‌واره‌ی ده‌قی جیاجیای ئه‌ده‌بی، فیکری و تویژینه‌وه‌یی و…ده‌رکه‌وتوون، بۆچی ڕه‌هه‌ندی هیۆمانیستی و مرۆڤخوازیی له کۆمه‌ڵگای ئێمه و ناو گوتاره مێژووداره‌کانی ئێمه‌دا به‌ڕاده‌ی پێویست جێگیر نه‌بووه، که هه‌ر وه‌کوو وتم جه‌وهه‌ر و کرۆکی دیارده‌ی ڕێنیسانس و بووژانه‌وه‌یه؟ گریمانه‌ی پێش هه‌موو ده‌ر‌که‌وته‌یه‌کی ڕێنیسانس ته‌وه‌ردانانی مرۆڤه وه‌کوو بیرمه‌ند، وه‌کوو ئاوه‌زمه‌ند و وه‌کوو که‌سێک که خۆی مانابه‌خش و به‌ئه‌ستۆگری دونیاکه‌یه‌تی وه‌کوو ده‌زانین ئه‌م تێڕوانینه تا لای کانت و قۆناغی ڕۆشنگه‌ریش درێژ بوویه‌وه، به‌ڵام بۆچی دوای زیاتر له نیو سه‌ده ململانێ له نیوان دوو هێزی ئیسلامی و سیکولار(کوردی) هێشتا ئه‌م دیالۆگه له ئاستی ڕه‌تکردنه‌وه و جوێن و سووکایه‌تی تێپه‌ڕ نه‌بووه؟
ئایا کێشه له‌م گوتارانه‌یه که ناتوانن گریمانه‌ی گومانکردن که ڕۆحی هه‌ر دیالۆگ و ڕاگۆڕینه‌وه‌یه‌که له زه‌ینییه‌ت و تێڕوانینیاندا دانێن؟ یان کێشه له تێگه‌یشتن و سووژه‌گه‌رێتیی ئێمه‌یه که ناتوانین له هه‌ناوی ئه‌م گوتارانه بنه‌ماکانی مرۆڤته‌وه‌ری و هیومانیتی ده‌ربهێنین و پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ له نیوان دۆزه‌خ و به‌هه‌شت یان کۆمه‌ڵگای ئازاد و کۆمه‌ڵگای داخراودا دابه‌ش بکه‌ین بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که مرۆڤ چییه؟ بۆ ده‌بێت پێناسه بکرێت؟ و مافه‌کانی چین؟ شتێک که دوای ئه‌م هه‌موو ململانێ و مقۆمقۆیه ڕوون بووه‌ته‌وه ئه‌مه‌یه که گوتاری ئایینیی سه‌له‌فی، مه‌دخه‌لی، ته‌کفیری، جیهادی و… به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێت ڕه‌گه‌زی گومان و گۆڕانکاری بهێنێته ناو گوتاره‌که‌یه‌وه و له‌وێوه ده‌رگای تێگه‌یشتنی دیکه و جیاواز و سه‌رده‌میانه بۆ مرۆڤ و هه‌موو جه‌مسه‌ره په‌یوه‌ندیداره‌کان له گه‌ڵ گه‌ردوون و ئه‌م کائینه بکاته‌وه، دوای هه‌زار کتێب و هه‌زاران وێنه و به‌ڵگه له‌سه‌ر داعه‌ش و تاوانکارییه‌کانی ئه‌و گرووپه، مامۆستایه‌کی سه‌له‌فی دێت و ده‌ڵێت به شانازییه‌وه پێغه‌مبه‌ری خودا(د.خ له‌سه‌ر بێت) یه‌که‌مین داعه‌ش بووه به بێ ئه‌وه‌ی بیر له ڕه‌هه‌نده سیاسی و کۆلۆنیالیستی و ناسه‌رده‌میانه‌که‌ی داعه‌ش بکاته‌وه، کاک “یونس ڕاوی” وه‌کوو چاکسازێکی ئایینی و توێژه‌رێکی فه‌لسه‌فه هه‌ندێ تێڕوانینی جیاواز و گۆڕانکارانه که له‌وانه‌ی قۆناغی ڕیفۆرماسیۆنی ڕۆژئاوا ده‌چێت ده‌خاته ڕوو؛ به‌ڵام ڕه‌وته سه‌له‌فییه‌کانی و بانگخوازه تووندئاژۆکان له باتی دیالۆگ گه‌له‌کۆمه‌یه‌کی به‌رفروان دروست ده‌که‌ن و ئه‌قڵ و ئاوه‌زمه‌ندێتی ده‌خه‌نه ناو هاوکێشه‌یه‌کی به‌رته‌سکی ئه‌خلاقیی به مانا گشتییه‌که‌یه‌وه و له ڕێگه‌ی فه‌توادان و ئاگرکردنه‌وه بۆ سووتاندنی مولحید و کافره‌کان به وته‌ی خۆیان، هه‌ر جۆره ده‌رگای دیالۆگ و ڕاگۆڕینه‌وه‌یه‌ک داده‌خه‌ن، دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه هه‌موو کێشه‌کان له ئاستی هه‌ڵسوکه‌وت و تیۆریکدا له لای سه‌له‌فیی و لایه‌نه تووندئاژۆکانی ئیسلامییه‌وه بێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ڕوونه ئه‌وان ڕێگری سه‌ره‌کین له به‌رده‌م هه‌ر جۆره ڕایه‌کی جیاواز و تێڕوانینێک تاکوو به سووسه و بستێکیش بووه له گوتار و خیتابی ئه‌وان لا نه‌دات و ئه‌مه‌ش ڕێک دژ و پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هیومانیزمه‌یه که کو‌لتووری مرۆڤایه‌تیی نێزیکه‌ی شه‌شسه‌د بۆ حه‌وتسه‌د ساڵه به‌رهه‌می هێناوه، بانگخواز و مه‌لا توندئاژۆکان هه‌موو دیارده‌یه‌ک که دوور بێت له چاخی ژیان و سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر ڕه‌تی ده‌که‌نه‌وه، بۆ نموونه موزیک گوێ ناده‌ن، سینه‌ما ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه، له‌م تێروانینه‌دا بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفه ڕۆژئاواییه‌کان هه‌موویان مولحید و کافرن، ڕێبازه غه‌یره ئیسلامییه‌کان هه‌موویان له خزمه‌ت ماسۆنییه‌ت و شه‌یتان په‌رستیدان وه‌کوو دوا خوتبه‌ی مامۆستایه‌کی سه‌له‌فی له‌باره‌ی یۆگاوه، له ڕاستیدا ئه‌م شێوه گوتاره تاکبێژ و مۆنۆلۆگخوازه جگه له به‌رهه‌مهێنانی توندوتیژی و له‌گۆخستنی زمانی زانست و ئه‌قڵ و ئاوه‌ز هیچ ده‌سکه‌وتێکی دیکه‌ی نابێت، بۆیه شایسته‌یه بپرسین له دۆخێکی ئاوه‌هادا که کۆمه‌ڵگای کوردستان به‌هۆی دۆزی کوردبوونییه‌وه له ئاسته فیکری و مه‌عریفی و ئایینی و ڕۆحانییه‌که‌یه‌وه ده‌یان و سه‌دان برین و زامی پێوه‌یه چۆن و که‌ی به‌ها بۆ مرۆڤ و مرۆڤخوازیی به‌مانا ڕه‌سه‌نه ئینسانییه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه و لێره‌ش شتێک ده‌ست پێ بکات که ده‌توانین ناوی بنێین ڕێنیسانی کوردی؟