“له یادی کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان”
“پێشه‌کی”
شتێک که له سه‌ر ئه‌نفال ده‌بێ به هه‌ستیاریییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بکرێ ئه‌وه‌یه که “نه‌شێوێندرێ”، مانا و سه‌رچاوه و هۆکاره‌کانی نه‌خرێته ناو فه‌زایه‌کی نادیار که نه ده‌ستی ئه‌قڵ به شیکردنه‌وه‌یڕا بگات و نه زمان ده‌ره‌قه‌تی گێڕانه‌وه‌ی بێت واته ئه‌نفال له ناو چرکه‌ساتی مێژوویی خۆیدا بخوێنرێته‌وه به هه‌موو مه‌رگه‌سات و کوردقڕان و کاره‌ساتاوی بوونیه‌وه. ڕاسته شۆک و داچڵه‌کانی پاش کاره‌ساته‌که و زۆر هۆکاری تری مێژوویی و نه‌رێتی و ئایینی و سایکۆلۆژیی هێشتا نه‌یهێشتووه ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌نفال په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی مه‌عریفی و سیاسی و ئه‌خلاقی بگرین و به‌رده‌وام ده‌یخه‌ینه چوارچێوه‌ی کوڕوزانه‌وه و شینگێڕییه‌وه. به‌ڵام پاش جێبه‌جێبوونی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال له هه‌شت قۆناغی له‌پێشداڕێژراو و ئه‌ندازیارانه‌دا و دواتر ناسرانی قووڵایی تاوانه‌که و ئه‌و هه‌موو گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه و ناسرانی وه‌کوو ژینۆساید و پاکتاوکردن له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق، کاریگه‌ریی و پێشهاته‌کانی ته‌نها له‌و چوارچێوه یاسایی و دادوه‌رییه‌دا نه‌مایه‌وه و وه‌کوو لێدان و سڕبوونێکی ده‌سته‌جه‌معی به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان دۆخێکی ده‌روونیی ڕه‌شی پڕ له شه‌وه و مۆته‌که و چاوه‌ڕوانی و ناکامی و ئه‌تک و سه‌گه‌ڕه‌ش و هتد…به‌ر کورد خست.
له‌م ڕووه‌وه خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که ئه‌نفال ڕاسته له جوگرافیای باشووری کوردستان جێبه‌جێ کرا به‌ڵام ڕۆڵێکی قووڵی له دروستکردنی ده‌ردی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی گێڕا ئه‌گه‌رچی به‌ڕاده‌ی پێویست و خوازراو نه‌بووبێت، ئه‌م هاوبه‌شێتییه له ده‌رد و ئازار زیاتر له نێوان کوردی ڕۆژهه‌ڵات و باشووردا به‌دیده‌کرا و هه‌ستی پێده‌کرا و ده‌کرێ، شایه‌تی ئه‌مه‌ش هه‌م ده‌قی ئه‌ده‌بی و توێژینه‌وه‌یی و هه‌م ئه‌و ڕێوڕه‌سمه جۆراوجۆرانه‌یه که ساڵانه له یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌دا له شار و شوێنه جیاجیاکانی ڕۆژهه‌ڵات و ته‌نانه‌ت تاران و زانکۆکانی ئێران ده‌گێڕدرا و ده‌گێڕدرێ، خودی ئه‌م هاوبه‌شێتییه نه‌ته‌وه‌ییه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نفال چ وه‌کوو وشه و چ وه‌کوو ڕه‌مزێک له قڕبوون و برینی قووڵ و له‌بن نه‌هاتووی پاکتاوکردن له دونیای زمان و زه‌ینی کوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌رده‌وام ئاماده بێت. تا ئێره ئه‌نفال وه‌کوو ده‌ردێکی هاوبه‌ش و برینێکی قووڵی نه‌ته‌وه‌یی، سۆزی نه‌ته‌وه‌یی جماندووه ئه‌گه‌رچی نه‌بووه به هۆی هه‌ر جۆره یه‌کگرتوویی و وشیارییه‌کی پێویست و هیچ نیشانه‌یه‌کیشی بۆ ڕزگاری به‌دیار نه‌خستووه! هه‌ر به هۆی ئه‌م تێکه‌ڵبوونه و ئه‌م برینه هاوبه‌شه‌وه ئه‌نفال وه‌کوو ته‌عبیر له کاره‌ساتێکی گه‌وره به‌رده‌وام له‌لایه‌ن هه‌م که‌سانی ئاسایی و ئایینی و هه‌م که‌سانی خوێنده‌وار و نوخبه‌ش بۆ ڕووداو و دۆخی په‌یوه‌ست به قه‌یران و پرسگری کاره‌ساتاوی. جۆراوجۆر به‌کار ده‌برا وه‌کوو ئه‌نفالی نه‌رم، ئه‌نفالی سپی، ئه‌نفالی ڕۆژهه‌ڵات و…خودی ئه‌م به‌کارهێنانه خه‌سارخستنه به‌ر ئه‌نفاله وه‌کوو کاره‌ساتێک که هێشتا زۆر هۆکار و ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی بۆ ئێمه دیار و ڕوون نه‌بۆته‌وه.
به‌کارهێنانی ئه‌نفال وه‌کوو چه‌مک و خوازه‌یه‌ک بۆ هه‌ر مه‌ترسییه‌ک که له سه‌ر شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و زمانی هاتۆته ئاراوه هه‌مدیس تێکه‌ڵکردنی دوو بابه‌ت و ڕووداوی پێکه‌وه نه‌گونجاوه. چوون ئه‌نفال له قۆناغێکی دیاریکراوی مێژوویی 23ی شوبات تا 6ی ئه‌یلوولی 1988 که که‌متر له ساڵێکی خایاند و له هه‌شت قۆناغدا و زۆریش به په‌له جێبه‌جێ بوو، ئه‌ندازیارییه‌ک بۆ له‌ناوبردن و قڕانکردنی وردی کوردی له پشته‌وه بوو ته‌نانه‌ت له شێوازی ده‌سبه‌سه‌راگرتن تا کایه‌ی جاشه‌کان و تاکوو نیشته‌جێکردن له سه‌ربازگه و مه‌عه‌سکه‌ره‌کان هه‌ر له تۆپزاوا و چه‌مچه‌ماڵه‌وه تاکوو نوگره سه‌لمان، ئه‌ندازیارییه‌کی ورد و شاره‌زایانه بۆ قڕانکردنی خه‌ڵکێکی بی ده‌سه‌ڵات له ژن و منداڵ و و کچ و پیر و په‌ککه‌وته به‌دی ده‌کرێت، ڕێژه‌ی قوربانییه‌کانی ئه‌نفال له 182 هه‌زاره‌وه بۆ 200 هه‌زار که‌س ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌وجار ئێمه چۆن ئه‌م چه‌مکه له‌م کۆنتێکست و به‌ستێنه مێژووییه تایبه‌ته‌ی خۆی هه‌ڵکه‌نین و بینێین به هه‌ر دیارده و بابه‌تێکه‌وه که تێگه‌یشتی له ئاست درک و ئاوه‌زی ئێمه‌دا نه‌بوو؟ توانه‌وه‌ی زمانیی و کو‌لتووریی کورد له ڕۆژهه‌ڵات به تایبه‌تی له کرماشان پرۆسه‌ی تواندنه‌وه و ته‌فریسکردن و ئاسیمیلاسیۆنه نه‌ک ئه‌نفال، به‌کارهێنانی ئه‌نفال بۆ هه‌ر ڕووداوێک به مێژوو و ماهییه‌ت و له به‌ستێنی و کۆنتێکستی دیکه‌دا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به ته‌واوه‌تی هه‌ڵه‌یه ئه‌وا لێزانینێکی ته‌واو و شاره‌زایه‌نه‌ی ده‌وێ له کارکردن به چه‌مکه‌کان و کوردناسی و ئه‌نفالناسی و به‌عسناسی و کۆمه‌ڵناسی و…، ئه‌م ڕێچکه و ڕه‌وته نه ته‌نها تێڕامانی ئێمه له ئه‌نفال و به‌ستێنه واقیعییه‌که‌ی و ئه‌و نه‌زانراوانه‌ی که ده‌بێ ڕۆژێک بیزانین، شل و شۆڵ و ڕۆتین ده‌کاته‌وه به‌ڵکوو دابه‌زاندنی ئه‌نفالیشه بۆ کارکردی فره و ژماره‌یی و به‌ڕۆژانه‌کردن و به گشتی مه‌سره‌فکردنی، جێی سه‌رنجه که ئه‌مه ته‌نها تایبه‌ت نییه به ڕۆژهه‌ڵات و خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واره‌کانییه‌وه به‌ڵکوو باشوور و خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار و سیاسیی و میدیاکاره‌کانیشی هه‌ر به‌م ده‌رده‌وه و بگره خراتر تلاونه‌ته‌وه، واته ئه‌وان به شێوه و شکڵی دیکه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.
یه‌کێک له‌م حاڵه‌تانه تێکه‌ڵکردنی دۆسییه‌کانی ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کانه. جیا له‌وه‌ی که هه‌م ئه‌نفال و هه‌م کۆمه‌ڵکوژیی فه‌یلییه‌کان و هه‌م کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان ڕه‌هه‌ند و به‌ستێنی مێژوویی و تایبه‌تمه‌ندیی خۆیانیان هه‌یه و ده‌شێت ئێمه هه‌موویان به پرۆژه‌ی قڕانکردن و پاکتاوکردنی کورد ناوزه‌د بکه‌ین، به‌ڵام هه‌م له ڕووی زانستییه‌وه و هه‌م له ڕووی یاساییه‌وه مانا و شوێنگه‌ی خۆیانیان هه‌یه و نابێت تێکه‌ڵ بکرێن.
“بۆیه پۆلێن‌کردنی ئه‌نفال یه‌کێکه له ئاسته‌نگه گه‌وره‌کان، که بتوانین هه‌م له ڕووی یاسایی و هه‌م له ڕووی زانستییه‌وه لێکدانه‌وه بۆ ئه‌و تاوانه بکه‌ین، هه‌ندێکجار لایه‌نی سۆزداری یان یاده‌وه‌ریی گشتی تێکه‌ڵ به دۆسێکه و پرۆسه‌کان ده‌کرێت، له‌وانه‌یه له ساته‌وه‌ختێکی مێژوودا تاوانێکی دژبه مرۆڤایه‌تی و پاکتاوی ڕه‌گه‌زی ڕوویدا بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه له‌ناو پرۆسه‌ی تاوانی ئه‌نفالدا جێگه‌ی ببێته‌وه، که قسه‌کردن له سه‌ر ئه‌نفال ده‌بێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بێت که به‌عس له ساڵی 1988 ئه‌نجامیدا و هه‌موو قۆناغه‌کانی ئه‌نفالی ده‌ستنیشان کرد، واته ئه‌و پرۆسه سه‌ربازییه‌ی به‌عس ناوی لێنا ئه‌نفال، ئه‌و خه‌ڵکه له ناوچه قده‌غه‌کراوه‌کاندا گیران و دواتر بێسه‌روشوێن کران ده‌چنه ناو چوارچێوه‌ی ئه‌نفاله‌وه هه‌ڵبه‌ت ئه‌نفال بریتییه له جینۆساید، هه‌موو پرۆسه‌کانی تری جینۆساید، هه‌مان پێوه‌ری نێوده‌وڵه‌تی ده‌یانگرێته‌وه، به‌ڵام ناچنه ناو چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفاله‌وه”.
ئێمه کاتێک توانیمان قۆناغه مێژوویی و به‌ستێنه زه‌مانی و هه‌لومه‌رجه سیاسی و شوێن-کاتییه‌که‌ی ئه‌نفال به وردی دیاری بکه‌ین و تێکه‌ڵی نه‌که‌ین، ئه‌وکات هه‌م حورمه‌تی ئه‌نفالمان پاراستووه و هه‌میش له تێکه‌ڵکاریی و هه‌ڵه‌ی گه‌وره و قه‌ره‌بوو هه‌ڵنه‌گری مێژوویی خۆمان بواردووه. ئێمه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵکوژیی فه‌یلییه‌کان و بارزانییه‌کان و ئه‌نفال هه‌موویان بخه‌ینه ژێر وشه‌ی ئه‌نفال و به‌و وشه‌یه بیناسین و پێناسه‌ی بکه‌ین، گه‌وره‌ترین غه‌درمان ده‌رهه‌ق به مێژوی کورد و قوربانیانی کاره‌ساته‌کانی کردووه، هه‌ر کام له‌وانه سێ دۆسییه جیان واته “کورد له باشوور ته‌نها له ئه‌نفالدا جینۆساید نه‌کراوه به‌ڵکو پێش ساڵی 1988یش چه‌ند جارێکی تر به‌ر په‌لاماری جینۆساید که‌وتووه، به‌لای که‌مه‌وه چه‌کی قه‌ده‌غه‌کراوی له‌دژ به‌کار هاتووه، مه‌به‌سته‌که‌م کورت‌تر ده‌که‌مه‌وه ده‌ڵێم خه‌ڵکی کوردستان له باشوور پێش ئه‌نفالکردنیشی سێ جاری دیکه به‌ر په‌لاماوری کۆمه‌ڵکوژی که‌وتووه هه‌ر سێ جاره‌که‌ش به‌لای که‌مه‌وه ماوی چه‌ند ساڵێک پێش ئه‌نفال بوون، جارێک له کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابوردوو که کۆمه‌ڵکوژیی فه‌یلییه‌کان بوو و جارێکی تر له سه‌ره‌تاکانی هه‌شتا و به دیاریکراوی له ساڵی 1983 بووه جارێکیش وه‌کوو پاکتاوی ڕه‌گه‌زی به شێوه‌یه‌کی گشتگیر، هه‌ر سێکیشیان به یاسا و له دادگا به جینۆساید یه‌کلایی کراونه‌ته‌وه،- دۆسێی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی، کۆمه‌ڵکوژی فه‌یلییه‌کان، کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان سێ دۆسێی سه‌لماون له دادگای باڵای تاوانه‌کان- ئیدی من له جه‌ختکردنه‌وه و دووباره‌کردنه‌وه‌یه تێناگه‌م که بۆچی جینۆسایدی بارزانییه‌کان به ئه‌نفال ناوده‌برێ؟ له کاتێکدا ئه‌م گرووپه ڕه‌گه‌زییه(8000 نێرینه‌ی بارزانییه‌کان، له کورده‌کان له ساڵی 1983 ئه‌نفال نه‌کراون به‌ڵکوو کۆمه‌ڵکوژ کراون”.
ئه‌نفال چ وه‌کوو وشه و چ وه‌کوو بڕیار و فرمانێکی ده‌وڵه‌تی و سه‌ربازی له به‌ڵگه‌کانی دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام بۆ پرۆسه‌یه‌ک له کوردقڕان به‌کار هاتووه که دیاریکراوه و نه‌خشه‌ی بۆ کێشراوه و له ساڵی 1988 هاتووه، (ساڵانی پێش ئه‌وه جگه له مه‌لا و ئایینییه‌کان کێ ناوی ئه‌نفالی بیستبوو؟) ئه‌گه‌ر دۆسێی بارزانییه‌کان و ئه‌نفال یه‌ک دۆسێن بۆچی له دادگای باڵای تاوانه‌کان دۆسێکان لێک جیاوازن وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش ڕوونه چوونکه له بنه‌ڕه‌تدا دۆسێکان له‌یه‌ک جیاوازن. وه‌کوو له کتێبی بارزانی و مێژووی رزگاریخوازی کوردی‌دا ده‌خوێنینه‌وه، (بارزانییه‌کان له‌سه‌ر وه‌ختی ڕژێمی پاشایه‌تیشدا سته‌می زۆریان لێکراوه و هه‌میشه له پلاندانان بوون، له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیاندا له نێوان ساڵانی 1932 تا 1945 سێ په‌لاماری سه‌ربازی گه‌وره و به‌رفراوان کراوه‌ته سه‌ر ناوچه‌ی بارزان ئه‌وسا ئینگلیزه‌کان هاوکاری مادی و لۆجستی ته‌واوی ڕژێمیان ده‌کرد و ئه‌فسه‌رانی ئینگلیز و فڕۆکه‌وانه‌کانی هێزی ئاسمانی ئینگلیز به‌شداریی شه‌ڕیان له دژی کورد ده‌کرد و گونده‌کانی کوردستانیان بۆردومان ده‌کرد و ده‌ستیان له ژن و منداڵی کورد نه‌ده‌پاراست و به بۆمبه‌کانیان ده‌یان کوشتن)
که‌واته کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان ناکرێت ناوی ئه‌نفالی له‌سه‌ر بنرێت چوون هه‌م به‌ستێنه مێژووییه‌که و هه‌م ساتوکات و هه‌م ناوی پرۆسه‌که جیاواز بووه و هه‌ره‌وها شێوه‌ی پرۆسه‌که‌ش. “له ساڵی 1983 به پاساوی ئه‌وه‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکاریی هێزه‌کانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان کردووه کرانه ئامانج و به نیازی پاکتاوکردنی یه‌کجاریی په‌لاماردران و ڕوبه‌ڕووی کۆمه‌ڵکوژییه‌کی مه‌ترسیدار بوونه‌وه، هه‌ر چه‌ند له به‌ین نه‌چوون به‌ڵام گورزی گه‌وره‌یان به‌رکه‌وت و زیانی گیانی و ماڵی زۆریان لێکه‌وت، ئه‌وه‌ی لێره‌دا مایه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌یه به‌دڕه‌فتاریی و سته‌مکاریی پیاوانی ده‌سه‌ڵاتداریی ڕژێمی به‌عس و هیزه ئه‌منییه‌کانی ئێراقه که ده‌بێت هه‌میشه وه‌بیربهێنرێته‌وه تاوانێک که ساڵی 1983 له ئۆردوگاکانی به‌حرکه و قودس و قادسیه و قوشته‌په و هه‌ریر له قه‌زای شه‌قڵاوا و دیانا له ڕه‌واندز و هه‌ندێکیشیان له به‌غداد پێی هه‌ستان. ئه‌و به‌دڕه‌فتارییه‌ی پیاوانی ده‌زگا ئه‌منییه‌کانی به‌عس پێی هه‌ستان هه‌ر کۆمه‌ڵکوژی پیاوه بازرانییه‌کان نه‌بوو، به‌ڵکوو به درێژایی ساڵانی دوای ئه‌و تاوانه هه‌تا ئێستاش بۆ ژنانی به جێماوی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه‌ی به‌جێهێشت.”
ئه‌م ته‌ته‌ڵه و جیاکارییه پێگه و شوێنگه‌ی هه‌رکام له پرۆژه‌کانی کوردقڕان دیاریده‌کات، بۆیه کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان نابێ به ئه‌نفال ناوزه‌د بکه‌ین چوونکه بارزانییه کۆمه‌ڵکوژکراوه‌کان له ناوچه قه‌ده‌غه‌کراو یان موحه‌ڕه‌مه‌کاندا نه‌بوون به‌ڵکوو له که‌مپ و کۆمه‌ڵگه‌کاندا بوون، پلانێکی دیاریکراو بۆ عه‌شیره‌تێکی ده‌ستنیشانکراو به ناوی بارزانییه‌کان له‌و زه‌مه‌ندا هه‌بووه، ئه‌م پلانه ته‌نها نێرینه‌کانی ناو ئه‌م عه‌شیره‌ته‌ی کردۆته ئامانج و له نێرینه‌کانیش ته‌مه‌نی 12و10 بۆ 70ی گرتۆته‌وه که له سێ قۆناغدا پیاده‌کراوه.
قۆناغی یه‌که‌م:- دوای ساڵی 1975 زۆربه‌ی خانه‌واده بارزانییه‌کان ڕاگوێزران بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی ئێراق، دواتر له ساڵی 1980 دیسان گه‌ڕێندرانه‌وه بۆ کوردستان و له ده‌وروبه‌ری شاری هه‌ولێر له ناحیه‌ی قوشته‌په له هه‌ر دوو کۆمه‌ڵگه زۆره‌ملییه‌کانی(قودس و قادسییه) نیشته‌جێکرانه‌وه.
قۆناغی دووه‌م:- له 31/7/1983 به سه‌رپه‌رشتی تاوانبار به‌رزان تکریتی که ئێستا له سێداره دراوه به‌هێزێکی تۆکمه‌ی گاردی کۆماری و هێزی تایبه‌ته‌وه گه‌مارۆی هه‌ردوو ئۆردووگاکه درا و له دوای پشکنینێکی ورد ده‌ستکرا به گرتن و کۆکردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی نێر له ته‌مه‌نی ( 10 یان 12 بۆ 7) ساڵ، هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا له 10/8/1983 هه‌ر سێک ئۆردووگاکانی به‌حرکه، هه‌ریر و دیانا په‌لامار دران و که‌وتنه گرتن و کۆکردنه‌وه‌ی نێرینه‌ی بارزانییه‌کان.که ژماره‌یان تا 8000 هه‌زار که‌س خه‌مڵێنراوه.
قۆناغی سێهه‌م:- گرتن و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و نێرینه بارزانیانه بوو که له دوو هه‌ڵمه‌ته‌کانی پێشووتردا ده‌سگیرنه‌کرابوون. ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌یان به ڕاسپارده‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منی گشتی “د.فازڵ به‌ڕاک” به‌ڕێوه‌چوو.
به‌گشتی جیاکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان و دۆسێیه‌كان به‌پێێ تایبه‌تمه‌ندیی ڕوودان و مێژوو و به‌ستێنه زه‌مه‌نییه‌که‌یان به‌رچاوی ئێمه ڕوونتر ده‌کاته‌وه له بینینه‌وه و جیاکردنه‌وه‌ی کاره‌ساته‌کان و پرۆژه‌کانی کورد قڕان، کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان ئه‌نفال نییه، به‌ڵکوو دۆسییه‌یه‌کی دیکه‌ی کوردقڕانه له جنسی ئه‌نفال، کۆمه‌ڵکوژی فه‌یلییه‌کانیش به هه‌مان شێوه شوێنگه و ماهییه‌تی مێژووی خۆی هه‌یه و تێکه‌ڵکردنی ئه‌مانه کۆی ورده‌کاریی پرۆژه‌کانی به‌عس بۆ کوردقڕان و هه‌ر جۆره پرۆژه‌یه‌ک بۆ خوێندنه‌وه و وربوونه‌وه له کورقڕان و پاکتاوکردنی ده‌شێوێنێت، کاتی خۆی واته له 1983 که به‌عس وای له فه‌یلییه‌کان و بارزانییه‌کان کرد ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگی نه‌کردبایه ئه‌وا ئه‌نفالیش به ئاسانی و له هه‌شت قۆناغدا و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا پیاده نه‌ده‌کرا و 182000کورد له ژن و مناڵ و گه‌نج و پیر و په‌ککه‌وته نه‌ده‌بوونه قوربانی و بێ سه‌رشوێن نه‌ده‌بوون.
سه‌رچاوه‌کان:-
1-عومه‌ر محه‌مه‌د، کۆمه‌ڵکوژیی بارزانییه‌کان..قۆناغێک به‌ر له ئه‌نفال، چاپی یه‌که‌م، ده‌زگای ڕۆشنبیریی جه‌مال عیرفان، 2014
2-مه‌سعود بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کورد 1958-1961، وه‌رگێڕانی سه‌عید ناکام، چاپخانه‌ی خه‌بات، 1988