“ئەڵمانیا بۆ یەکەم جار دەبێتە دەوڵەتێک بە ڕەچاوکردنی یەکسانیی ڕەگەزی”
جێنشینەکەی “مێرکڵ” ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی نوێی ئەم وڵاتە ١٦ ئەندامی دەبێت؛ هەشت ژن و هەشت پیاو. سەرباری دەست لە کار کێشانەوەی “ئەنجێللا مێرکڵ”، یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە “ئەڵمانیا” لە پۆستەکەی خۆی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم وڵاتەدا هەلومەرج بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێک بە ڕەچاو کردنی یەکسانیی ڕەگەزییەوە بە تەواویی ئامادەیە. ڕۆژی دووشەممە “ئۆلاف شۆڵتز” جێنشینی مێرکڵ، ڕاگەیاند؛ دەولەتی نوێی ئەم وڵاتە ١٦ ئەندامی دەبێت؛ هەشت ژن و هەشت پیاو.بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی فەڕەنسا، شۆڵتز وتوویەتی؛ “ژنان و پیاوان هەریەک نیوەی حەشیمەت پێکدێنن؛ کەواتە ژنانیش دەبێ نیوەی دەسەڵاتەکەیان بە دەستەوە بیت” شۆڵتز، سۆسیال دیمۆکراتی ٦٣ ساڵ تەمەن و سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کە خۆی وەک فێمینیست وەسف و پێناسە دەکات، بەڵێنی دابوو تا ئەو جێگەی بکرێت ژنان لە دەوڵەتەکەی خۆیدا بەکار بێنێت. ئەو وتی: “زۆر پێی سەربەرزم کە توانیومە ئەم بابەتە کردەوەیی بکەم”
لە کابینەی شۆڵتزدا، ژنان لە هەموو پۆستە ئەمنی و بەرگرییەکاندا ئەرکدار دەکرێن. شۆڵتر گوتی “لەم دەوڵەتەدا ئاسایش و زانیاریی لە ژێر چاوەدێری و دەسەڵاتی ژنانی بەهێزدا دەبێت”. ئانالنا بائێربووک، وەک وەزیری دەرەوەی نوێ، نانسی فائزە، وەک وەزیری ناوخۆ، کریستیان لامبرێشت، بە وەزیری بەرگری دەسنیشان کراون. ئەمە یەکەم جارە کە هەم وەزارەتی دەرەوە و هەم وەزارەتی بەرگریی دراوەتە دەستی ژنان و لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبرێت. ڕۆژی دوو شەممە ئەم سێ وەزیرەش تێبینی و ڕوونکردنەوەکانی خۆیان لە مەڕ مەبەست و ئامانجەکانیان پێشکەش کرد. “فائزەر” کە سۆسیال دێمۆکراتە، بەڵێنی دا “دژ بە گەورەترین فاکتەری مەترسیداری وڵاتەکە، واتا ڕەستی تووندڕەو کە پێچەوانەی دیمۆکراسیی لیبڕاڵی ئێمەیە، دەوەستمەوە.” لامبرێشت وەعدی دا سەرچاوە ماددییەکانی ئەرتەشی ئەڵمانیا زیاتر بکات و وتیشی لە هەلومەجی ناخ هەژێنی زاڵبوونی تالیبان بە سەر ئەفغانستاندا، هەموو کار و چالاکییەکانی ئەڵمانیا لە خاکی بیانی لە سەر “ستراتیژی چوونە دەرەوە” دادەمەزرێت. “بائێربووک” پەیمانی دا کە بە وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوە بەرامبەر بە چین و ڕووسیا سیاسەتێکی نوێ بگرێتە بەر. وەزیرە ژنەکانی دیکەش لە دەوڵەتی نوێی ئەڵمانیا جەختیان لەو کردەوە کە ئەم پێکهاتە یەکسانە پەیامێکی گرنگی بۆ هەموو وڵات پێیە. “کلارا گیویتز” وەزیری نوێی ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، وتی “شانازیی بە ئەندامبوون لەم دەوڵەتەدا دەکەم لە بەر ئەوەی کە یەکسانیی ڕەگەزیی تێدا ڕەچاو کراوە؛ ئارمانجێک کە ساڵانێکی دوور و درێژ خەباتم بۆ کردووە. ئەمە نیشانە و هێمایەکی گرنگ بۆ هەموو ژنان لە وڵاتەکەماندایە”
“شۆڵتز” کە ڕۆژی چوارشەممە، لە دوای شازدە ساڵ دەسەڵاتدارێتیی مێرکڵ، دەچێتە سەر حوکم، دەبێتە سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتێکی هاوپەیمان و سێ لایەنە کە سەوزە مۆدێڕنەکان و لیبڕاڵ دێمۆکراتە ئازادەکانیش بەشدارییان تێدا کردووە. حیزبەکەی ئەو لە هەڵبژاردنی گشتیی ٢٦ی سێپتەمبەردا سەرکەوت. “شوڵتز” سەرەڕای ئەوەی کە لەگەڵ مێرکڵ هاوحیزبیش نین، لە دەوڵەتی مێرکڵ لە چەندین پۆستی وەزارەتی گرنگدا کاری کردووە و خۆی وەک جێنشینی سرووشتیی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ناساندووە. لە ڕابردوودا لە بەر ئەوەی کە جگە لەو چەند ساڵەی کۆتایی کە لە دەسەڵاتدا بووە، لە بەکار هێنانی وشەی “فێمینیست” پارێزی کردووە، ڕەخنە ئاراستەی مێرکڵ کراوە. بەم حاڵەشەوە شرۆڤەکاران دەڵێن؛ قۆناغی درێژخایەنی مانەوەی خانمی “مێرکڵ” لە دەسەڵاتدا هەلومەرجی لەباری بۆ پێکهێنانی ئەم دەوڵەتە تازە دەستەبەر کردووە. دکتۆر “یوونا ئاڵمندیگەر”، بەرپرسی ڕیکخراوی توێژینەوەیی ناوەندی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی بەرلین WZB لە وتووێژێکدا لەگەڵ نیۆیۆرک تایمز دەڵێ؛ “ئەڵمانیا لەم چەند ساڵەی دواییدا گۆڕانێکی باشی بە سەردا هاتووە و مێرکڵ لەم گۆڕانکارییەدا دەورێکی گرنگی هەبووە. کەوابوو “شۆڵتز” بە شێوەیەک وەڵامی خواستەکانی وڵاتی داوەتەوە.”
سەرچاوە؛ ئیندیپێندێنت
وەرگێڕانی: چنوور فەتحی