(ئیسلامییه‌كان له‌سه‌رده‌می دیموكراسییدا و به‌دو له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا(1))
“له‌یه‌كچوون له به‌ها و ڕه‌فتاردا!”
له‌وانه‌یه ئه‌م بابه‌ته تووشی سه‌رسووڕمانت بكات، یان باوه‌ڕ نه‌كه‌یت به‌وه‌ی له به‌ها و ڕه‌فتاری نێوان دوو كۆمه‌ڵه كه ماوه‌ی نێوانیان زیاتر بێت له (1500) ساڵ، لێكچوون و چوونیه‌كی هه‌بێت، ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م هێشتا ئایینی ئیسلامی نه‌ناسیووه، به‌ڵام ئه‌و قه‌واره و حیزبانه‌ی كه ناونیشانی ئیسلامی‌یان پێوه‌یه له‌سه‌رده‌می شارستانێتییدا ده‌ژین!
ناونیشانه‌كه‌ی سه‌ره‌وه، وتارێكی ڕۆژنامه‌وانیی نییه، به‌ڵكو شیكردنه‌وه‌یه‌كه له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسییه‌وه، له سه‌ره‌تاوه به دیاریكردنی به‌های به‌دو(بیاباننشین) له‌سه‌رده‌می نه‌زانین(جاهلیی)دا ده‌ست پێده‌كه‌ین و، پاشان به‌راوردیان ده‌كه‌ین و خاڵی هاوبه‌شیان دیاری ده‌كه‌ین.
“به‌دو… ده‌مارگیریی”
به‌دو، له سه‌رده‌می پێش بانگه‌وازی محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر بۆ ئیسلام به (ڕۆحی هۆزگه‌رایه‌تیی)ده‌ناسێنران؛ واته ئینتیما و پشتگیریكردن بۆ هۆزه‌كه‌ی، ئیتر هۆزه‌كه‌ی له‌سه‌ر حه‌ق بێت یاخود ناحه‌ق. تاكی به‌دو له‌سه‌رده‌می پێش په‌یدابوونی ئیسلام(الجاهلیه)دا، مه‌رد و زیره‌ك و خه‌مخۆری ئه‌ندامانی هۆزه‌كه‌ی بووه، دوژمنێكی سه‌رسه‌ختی تاكه‌كانی هه‌ر هۆزێكی تر بووه كه هه‌ڵوێستێكی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر به‌هۆزه‌كه‌ی ئه‌و نواندبێت.
(ڕۆحی هۆزایه‌تیی یان هۆزگه‌رێتی)له چه‌مكه زانستییه نوێیه‌كاندا به‌رامبه‌ره به ده‌مارگیریی (التعصب-Prejudice)، مه‌به‌ست له ده‌مارگیریی: ئاراسته‌یه‌كی نه‌رێنیی بێبه‌هانه‌یه به‌رامبه‌ر به تاك، له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای بۆ هۆزێك یان گروپێك كه ئایین یاخود ئایینزا یان ڕه‌چه‌ڵه‌كێكی جیاوازی هه‌یه؛ وه‌یاخود ئاراسته‌یه‌كی دوژمنكارانه‌یه، دژ به گروپێكی دیاریكراو، به‌كه‌م سه‌یركردنی كۆمه‌ڵه‌یه‌كه یان كه‌مكردنه‌وه له به‌ها یان توانا یان ڕه‌فتار یاخود تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی، داوه‌ریكردنی نالۆژیكییه ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵه‌یه‌ك كه هیچ بنه‌مایه‌كی واقیعی نه‌بێت.
زانایانی كۆمه‌ڵناسیی(ئیبن خه‌لدون، عه‌لی وه‌ردی و نیكڵسۆن…) پێیانوایه كه شه‌ره‌فی به‌ده‌وی، ئه‌وه به‌سه‌ر تاكدا ده‌سه‌پێنێت له خۆشی و ناخۆشیدا له‌گه‌ڵ خزمانیدا بێت، له‌مه‌دا بیرۆكه‌ی به‌دو، ئه‌وه‌یه ئاماده‌ی ڕزگاركردنی ئه‌ندامانی هۆزه‌كه‌ی بێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیار له هۆكار بكات. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه به‌د‌وی سه‌رده‌می نه‌زانی و پێش هاتنی ئیسلامی پێ وه‌سف ده‌كرێت. ئه‌و پێیوایه كه هۆزه‌كانی تر له هۆزه‌كه‌ی ئه‌م كه‌مبایه‌خترن و ئه‌و له‌سه‌ر حه‌قه هه‌تا له ناخیشیدا ئه‌وه بزانێت كه له‌سه‌ر حه‌ق نییه و ناحه‌قه!
“ئیسلامییه‌كان له‌سه‌رده‌می شارستانێتییدا”
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له (2006)ه‌وه ڕوویدا، كاتێك یه‌كه‌مین حكومه‌ت به ناسنامه‌ی شیعییه‌وه پێكهێنرا، ده‌مارگیریی له نێوان تاكه‌كانی شیعه‌دا قووڵ بوویه‌وه، لاف و گه‌زافی ئه‌وه‌یان لێده‌دا كه ئه‌وان باشترین و شایانیترن له كۆمه‌ڵه‌ی سوونه‌كان، سوونه‌كانیش گاڵته‌یان به شیعه‌كان ده‌كرد و به نه‌زان و به‌كه‌ڵكی سیاسه‌ت نایه‌ن، وه‌سفیان ده‌كردن. سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و حكومه‌ته(نوری مالیكی) به وته‌ی (لای ئێمه‌یه و نایده‌ینه‌كه‌س)، (مه‌به‌ست له‌م وته‌یه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن لای شیعه‌یه و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به هیچ ئایین و ئاینزا و نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی ناده‌ن-وه‌رگێڕ) چه‌مكێكی ده‌مارگیریی بڵاده‌كرده‌وه، خۆپیشاندانه‌كانی سوونه‌ی به(بڵقی سه‌رئاو) ناوده‌برد، ئه‌مه‌ش به‌مانای ئه‌وه دێت كه لێكچوونێكی ته‌واو هه‌یه له نێوان (ئیسلامییه‌كاندا: شیعه و سوونه) له سه‌رده‌می دیموكراسیی و له سه‌رده‌می جاهلییه‌تدا.
هه‌روه‌ها داخرانی ئه‌قڵیی له ئه‌نجامی (ده‌مارگیریی جاهیلیی) له سه‌ركردایه‌تی قه‌واره و حیزبه‌كانی ئیسلامی سیاسیی‌دا هه‌یه، ئه‌وان دركیان به‌وه نه‌كرد كه ده‌مارگیریی تائیفی به حه‌تمیه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گاته شه‌ڕ، له نێوان ساڵانی (2006-2008) له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی، جه‌نگی تائیفی ڕوویدا و قوربانییه‌كانی هه‌زاران خه‌ڵكی بێگوناه بوو، وایان له ئێراقییه‌كی ساده‌كرد، ڕق ئه‌ستوورتر بێت له به‌دویه‌كی سه‌رده‌می جاهیلی، ئه‌م تاكه‌یان گه‌یانده ئاستێك كه ئه‌ویتر بكوژێت ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی(حه‌یده‌ره یان عومه‌ره)!
(به‌داوه‌تی)سه‌رۆكی قه‌واره و حیزبه‌كانی ئیسلامی سیاسی(شیعه و سوونه)، كه چینی سیاسی‌یان له ئێراق پێكهێناوه، ئه‌وان (ڕۆحی هۆزایه‌تی- ده‌مارگیری)یان جارێكی دیكه زیندووكرده‌وه، ئینتیمایان بۆ هۆز، زاڵكرد به‌سه‌ر ئینتیما بۆ وڵات، دژی ڕێنماییه‌كانی محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ری ئیسلام كاریان كرد، له كاتێكدا په‌یامبه‌ر (ڕۆحی هۆزایه‌تیی) لاوازكرد و بنه‌مای (موسوڵمان برای موسڵمانه)ی به‌هێزكرد. دۆخی (به‌داوه)ی حكومه‌ته‌كانی پاش 2006 سامانی زۆری خسته‌به‌رده‌ستی سه‌رۆكی هۆزه‌كان، زۆرێك له‌وانیش وه‌ڵامگۆی ئه‌مه بوون، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌شیان ده‌زانی كه ئه‌مه ناهه‌قییه.
خوێندنه‌وه‌ی سایكۆلۆجی مێژوویی، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت كه لای كه‌سێتی سه‌رۆك هۆز سیفه‌تێكی جێگیر هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پارێزگاریكردن له نیشتمانه‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه جۆش و خرۆشی نییه وه‌ك پارێزگاریكردن له شه‌ره‌فی هۆزه‌كه‌ی، به‌واتای به‌های ده‌مارگیریی و به‌رژه‌وه‌ندی هۆزه‌كه‌ی له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندی وڵات داده‌نێت، حه‌زی له خۆهه‌ڵكێشانه به سامان و ئه‌سپ و مانگا و مه‌ڕ و … ژنه‌كانییه‌وه! له‌سه‌رده‌می حوكمی به‌داوه‌ی حكومه‌ته‌كانی سیستمی دیموكراتیدا! هه‌ل بۆ ژماره‌یه‌كیان هه‌ڵكه‌وت هه‌تا له یه‌ك كاتدا سه‌رۆكی هۆز و بزنسمانیش بن.
“ئیسلامییه‌كان و خه‌واریجه‌كان، له‌یه‌كچوون له هزر و ڕه‌فتاردا”
زانایانی كۆمه‌ڵناسی(بۆ نمونه ئیبن خه‌لدون و نیكڵسون)، وای ده‌بینن كه خه‌وارجه‌كان، نموونه‌یه‌كی باشن له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی به‌داوه‌ت، سه‌ره‌ڕای ئاییندارییان و دڵسۆزییان بۆ ئیسلام، به‌ڵام له‌وانه‌یه تاكه جیاوازی نێوان به‌دو له سه‌رده‌می جاهلییه‌ت و (خه‌واریجه‌كان)، بریتی بێت له‌وه‌ی كه به‌دو (پێش ئایینی ئیسلام) چه‌ند خودایه‌كیان په‌رستووه، به‌ڵام خه‌واریجه‌كان بڕوایان به‌یه‌ك خوداوه‌ند هه‌بووه. له‌ڕاستیدا له ئیسلامدا، خه‌وارجه‌كان نوێنه‌رایه‌تی به‌های به‌داوه‌یان ده‌كرد، ئه‌مه‌ش له‌یه‌كچوونه له به‌ها و ڕه‌فتاری نێوان خه‌واریج و نێوان قه‌واره و حیزبه‌كانی ئیسلامی سیاسیی له‌سه‌رده‌می دیموكراسییه‌تدا.
له هه‌ڵقه‌ی داهاتوودا، به شیكردنه‌وه‌ی زانستیی ئه‌وه ده‌خه‌ینه‌ڕوو، كه ئه‌وانه‌ی له (2003)ه‌وه حوكمی ئێراق ده‌كه‌ن، ئه‌وانه به به‌هاو ڕه‌فتاری جاهیلییان، هێشتا هه‌ر(به‌دو)ن.
(ئیسلامییه‌كان له‌سه‌رده‌می دیموكراسییدا و به‌دو له‌سه‌رده‌می جاهیلیدا(2) کۆتایی)
زانایانی كۆمه‌ڵناسیی و هزرڤانانی عه‌ره‌ب و بیانییه‌كان(ئیبن خه‌لدون، ته‌ها حسین، عه‌لی وه‌ردی، ئه‌حمه ئه‌مین، نیكۆڵسن، سمیس و …) جه‌ختیان له‌وه‌كردۆته‌وه، قورسترین ئه‌ركێك له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ڕووبه‌ڕووی په‌یامبه‌ر بووبێته‌وه، بریتیی بووه له (ڕۆحی هۆزگه‌رێتیی-ده‌مارگیریی) لای ئه‌و به‌د‌وه‌ی كه گه‌یشتبوه ئه‌و یه‌قینه‌ی كه هۆزه‌كه‌ی ته‌نها كۆمه‌ڵه‌ی شه‌رعییه له جیهاندا، چۆن سنوورێك بۆ ئه‌م ده‌مارگیرییه(هۆزگه‌رایه‌تیی- عه‌شائیرییه) دابنێت و وا له به‌دو بكات هه‌ست بكات كه ئه‌و برای موسوڵمانه‌كانی تره، ئیتر هۆزه‌كه‌ی هه‌رچییه‌ك بێت، هه‌روه‌ها شه‌ره‌فی به‌دو بگۆڕێت كه ئه‌مه وای لێكردبوو پشتی هۆزه‌كه‌ی بگرێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حه‌ق بێت یان ناحه‌ق. وای لێ بكات كه شه‌ره‌فی ئه‌و ڕاوه‌ستانه له‌گه‌ڵ موسوڵمانان هه‌تا ئه‌گه‌ر ئینتیمایان بۆ هۆز و تیره‌ی جیاوازیش هه‌بێت، گۆڕینی چه‌قی ئینتیمایه له هۆزه‌وه بۆ كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئایینی به وته‌ی”هه‌مووتان له ئاده‌من و ئاده‌میش له خۆڵه، باشترینتان ئه‌وانه‌ن خوداپه‌رستی زیاتر ده‌كه‌ن”. هه‌روه‌ها (پچڕاندن)ی له‌یه‌كچوون له نێوان حه‌ق و هێزدا، چونكه به‌دو پێیوابووه كه حه‌ق بوونی نییه ئه‌گه‌ر (هێز)ی له پشته‌وه نه‌بێت. ئیمامی عه‌لی، هێڕشی كردۆته سه‌ر ئه‌م جۆره له‌یه‌كچوونه‌ی نێوان(هێز و حه‌ق)، له‌سه‌ره‌تادا حه‌ق ناكارا‌یه، ئه‌وه‌ش وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه بۆ “باوه‌ڕداران”، ئه‌گه‌ر هه‌میشه هێز له ته‌نیشتی حه‌قه‌وه بێت، ئه‌وا ناتوانرێت جیاوازی بكرێت له نێوان “باوه‌ڕداران”ی دڵسۆز و بانگه‌شه‌كاراندا.
ئه‌وه‌ی جێی سه‌رسوڕمانه، به‌دو به‌های (كولتووری!)یان هه‌بووه، خه‌لیفه عومه‌ری كوڕی خه‌تاب سه‌رنجی ئه‌مه‌ی داوه. زۆر وته ده‌درێته‌پاڵ خه‌لیفه عومه‌ر كه ئاماژه‌یه بۆ نرخدانان بۆ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان، هانی داون هه‌تا شانازی به بنه‌چه‌ی خۆیانه‌وه بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی جۆرجی زه‌یدان باسی ده‌كات. هه‌روه‌ها ئیبن خه‌لدون چیرۆكێك ده‌گێڕێته‌وه و تێیدا سه‌رنجی ئه‌وه ده‌ده‌ین كه خه‌لیفه هانی شكۆی ناسراوی به‌دووه‌كان ده‌كات له نێوان سه‌ربازه‌كانیدا، له‌بری ئه‌وه‌ی واز له به‌ها كۆنه‌كانیان بهێنن.
عه‌لی وه‌ردی، شیكردنه‌وه‌یه‌كی جوانی بۆ ئه‌مه كردووه، عومه‌ر موسوڵمانێكی حه‌قیقی بووه، خه‌لیفه عومه‌ر، بۆ جه‌نگان دژبه دوژمنانی ئیسلام، سوودی له شكۆی به‌ده‌وی و ڕۆحی هۆزگه‌رایه‌تی له سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی به سه‌ركه‌وتووی وه‌رگرتووه. مه‌به‌ستی له هاندانی ڕۆحی به‌داوه، به‌هێزكردنی نه‌بووه له‌سه‌ر حیسابی خوداپه‌رستیی، به‌ڵكو به‌داوه‌ت و ئایینی دژی نه‌یاران به‌كارهێناوه.
محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر، وته‌یه‌كی هه‌یه:(خه‌ڵكان كانزان، ئه‌وه‌ی له جاهلییه‌تدا له‌سه‌ری ڕۆیشتوون له ڕێزگرتنی میوان و چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌تیو و یارمه‌تیدان و ڕێزگرتنی دراوسێ، ده‌توانن له ئیسلامه‌تیشدا له سه‌ری بڕۆن). ڕووداوێک ڕوویدا کە کچەکەی حاتم، بردرا بۆ لای پێغەمبەر و پێی گوت: باوکم كۆیله‌كانی ئازاد ده‌كرد، په‌یمانه‌كانی نه‌ده‌شكاند، ڕێزی له میوان ده‌گرت، برسی تێرده‌كرد، ده‌رگه‌ی له لێقه‌وماوان ده‌كرده‌وه، ئاشتیخوازبوو، خواردنی ده‌به‌خشییه‌وه، به‌زه‌یی به لێقه‌وماواندا ده‌هاته‌وه. پێغەمبەریش وەڵامی دایەوە: ئەی میللەتی خودا، ئەمە خەسڵەتی باوەڕدارێکی ڕاستەقینەیە، پاشان ڕووی کردە شوێنکەوتوانی و گوتی: وازی لێبهێنن، باوكی حه‌زی له ڕه‌وشت به‌رزی بووه و خودا‌ش كه‌سانی ڕه‌وشت به‌رزی خۆش ده‌وێت.
كه‌سی به‌دو، خاوه‌نی ئابڕوو و جوامێرییه، به‌بڕوای ئیبن خه‌لدون، به‌دو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر زۆردارێكدا، پارێزگاری له ئازادیی و كه‌رامه‌تی خۆی ده‌كات. ئه‌وه‌شی بۆ زیاد ده‌كات كه به‌دو به‌ئاسانی ده‌توانن له‌گه‌ڵ كۆنترۆڵی ئایینی و خوداپه‌رستیدا خۆیان بگونجێنن. به‌دو، جل و به‌رگی ساده ده‌پۆشن و له خانووی ساده‌دا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه خۆخه‌ریككردنیان به دونیاوه زۆر كه‌مه. ئیبن خه‌لدون ده‌گاته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه به‌دو نزیكترن له ڕۆحی ئایینه‌وه، چونكه خاوه‌نی ئاكارێكی به‌هێزن و لێكترازانی ئاكاریی لایان زۆر ده‌گمه‌نه. بڵاوبوونه‌وه‌ی بێ‌ئابڕوویی و ڕیسوایی له شارستانێتیدا، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ به‌كارهێنانی هێز له كۆنترۆڵكردنی كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌ڕای ئه‌و، كه‌سی سته‌مدیده‌ش بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له سته‌م بپارێزێت، ناچاره په‌نابباته‌به‌ر درۆ و گزیكردن.
“ئاكاری ئیسلامییه‌كان له سه‌رده‌می دیموكراسیدا”
به‌هۆی به‌دواداچوونی توێژه‌ر، بۆ ئاكاری ئه‌و چینه سیاسییه‌ی كه له دوای ساڵی (2003)ه‌وه له ئێراقدا ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه گرتووه و به‌راوردكردنی به ئاكاری به‌دو، به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووه كه ئاكاری به‌دو له‌سه‌رده‌می جاهیلیه‌تدا، به‌رزتر بووه له ئاكاری قه‌واره و حیزبه ئیسلامییه سیاسییه‌كانی سه‌رده‌می دیموكراسی. له‌خواره‌وه ئه‌وه‌ت بۆ ئه‌سه‌لمێنم:
•سه‌روكاری به‌دو به‌كاروباری دونیاوه كه‌متر بووه، له‌كاتێكدا چینی سیاسی له ئێراقدا سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی سامانه، سه‌ركرده‌كانی خه‌ریكی ڕابواردن و چێژی دونیان و له خۆشگوزه‌رانییه‌كی خه‌یاڵیدا ده‌ژین.
•له سه‌رده‌می به‌ده‌ویدا، هه‌ڵوه‌شانه‌وه و لادانی ئاكاریی زۆر كه‌م و ده‌گمه‌ن بووه، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می دیموكراسیدا، ته‌نانه‌ت حه‌رام به نه‌نگی ناژمێرێت، به‌هۆی سیاسییه‌كانه‌وه ویژدانی ئاكاریی تووشی پوكانه‌وه بووه‌ته‌وه، به‌ها ئێراقییه ڕه‌سه‌نه‌كان پاشه‌كشه‌یان كردووه و بێ‌ئابڕوویی و ڕیسوایی جێگه‌یانی گرتۆته‌وه.
•به‌دو، له ڕۆحی ئایینه‌وه نزیكتر بوون، واته ئه‌وان زیاتر پابه‌ندبوون به‌به‌هاكانی ئایینی ئیسلامه‌وه. ڕووداوه‌كان ئه‌وه‌یان سه‌لماند كه قه‌واره و حیزبه ئیسلامییه سیاسییه‌كان دوورترن له ئایینی ئیسلامه‌وه، ئامانجی ئیسلام به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه، به‌ڵام ئه‌وان ملیاره‌ها پاره‌یان دزی، وه‌ك مه‌رجه‌عییه‌تی ئایینی وه‌سفی كردوون، ئه‌وان (نه‌هه‌نگه‌كانی گه‌نده‌ڵین). ئه‌وان له مێژووی سیاسی ئێراقدا، گه‌نده‌ڵترن له هه‌موو ئه‌وانه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئێراقیان كردووه. به‌هۆی ئه‌وانه‌وه، زیاتر له (13) ملیۆن ئێراقی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریدایه، له كاتێكدا ئێراق به ده‌وڵه‌مه‌ندترین ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت له ناوچه‌كه‌دا و یه‌كێكه له ده ده‌وڵه‌ته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهان.
•كاتێك به‌دو هاتنه ناو ئیسلامه‌وه و بوون به موسوڵمان، پابه‌ندبوون به ڕێنماییه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌وه، به‌ڵام قه‌واره و حیزبه ئیسلامییه سیاسییه‌كان به پێچه‌وانه‌ی ڕێنماییه‌كانی پێغه‌مبه‌ره‌وه ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. ناپه‌سه‌ندترینیان ئه‌وانه‌ن له قسه‌كردنیاندا(ئیسلامییه‌كی ته‌واون)، به‌ڵام له كرده‌وه‌كانیاندا(زه‌ندیقێكی ته‌واون)؛ ئه‌مه‌ش به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی سامانن و ملیۆنه‌ها ئێراقییان به‌جێهێشتووه كه به‌ده‌ست هه‌ژاریی و بێ خانه و لانه و بێهیواییه‌وه بژین.
•به‌دو له سه‌رده‌می محه‌مه‌دی پێغه‌مبه‌ردا، چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی هاوشێوه‌بوون، له‌نێوانیاندا و له‌سه‌ر حیسابی ئیسلام ده‌وڵه‌مه‌ندیان تێداده‌رنه‌كه‌وت، به‌ڵام له‌سه‌رده‌می دیموكراسیدا، توێژێكی بچووكی هه‌ڵتۆقیو به‌ره‌و ده‌وڵه‌ندبوون ڕۆیشتن، ئه‌م توێژه خۆی له حكومه‌ت و ئه‌ندامانی په‌رله‌ماندا ده‌بینێته‌وه، ئه‌وانه‌ی په‌یمانیان به هه‌ژاراندا كه ژیانێكی خۆشگوزه‌رانیان بۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ژارتریان خستن. بۆ نموونه مووچه‌ی مانگانه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان زیاتره له شه‌ست ملیۆن دینار، به‌ڵام ئاواره‌كان نانی ڕۆژانه‌یان نییه، هه‌یانه له‌م گه‌رمای مانگی ته‌مووزه له پاركه‌كاندا ده‌خه‌ون، ژماره‌ی بێوه‌ژن و هه‌تیو و برسی و جگه‌رسووتاو و كۆچكردو دووبه‌رامبه‌ری ئه‌وانه‌بوون كه له كاتی جه‌نگه‌كانی سه‌دام و گه‌مارۆكانیدا هه‌بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیاسییه‌كان له عه‌مامه به‌سه‌ر و ئه‌فه‌ندییه‌كانه‌وه، به‌وه خۆیان هه‌ڵده‌كێشن كه هیچ شتێك بارته‌قای ڕزگاربوون نییه له دیكتاتۆرییه‌ت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌غدادیش وێران ببێت، وڵات هه‌موو ڕۆژێك به خوێنی ڕۆڵه‌كانی سوورهه‌ڵده‌گه‌ڕێت، هێشتا واده‌ی كۆتای پێهاتنی نه‌هامه‌تییه‌كان دیارنییه. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی كه ده‌بوایه پێشه‌نگ و ده‌سته‌بژێر بوایه‌ن” به عه‌مامه‌وه یان به‌بێ عه‌مامه” دووڕوو و درۆزنن، مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه ستایشی ئه‌م واقیعه ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌مووی كاره‌ساته، دووڕوویی و درۆزنی كه محه‌مه‌دی په‌یامبه‌ر قه‌ده‌غه‌ی كرد و له‌عنه‌تی لێ‌كرد، ئێستا به‌هایه‌كی باوه له نێوان خه‌ڵكیدا، به‌ڵكو ئێستا كارێكی زۆر ئاساییه وه‌كو دزی و ڕاوڕووت.
•له كۆتاییدا، ئه‌وه‌ی كه بۆ ماوه‌ی دوو خول (2006-2014) حوكمی ئێراقی كرد، پێویست بوو نوێنه‌ری هه‌موو ئێراقییه‌كان بێت، ده‌بینین له (2022)دا په‌ناده‌باته‌به‌ر هۆزه‌كه‌ی (به‌نی مالیك)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ركردایه‌تی حیزبێك ده‌كات به‌ناوی(ده‌عوه‌ی ئیسلامیی)، له‌كاتێكدا به‌دو كه بوونه موسوڵمان، ڕۆحی ئینتیمایان بۆ هۆز پاشه‌كشه‌ی كرد. ڕاسته ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می په‌یامبه‌ریشدا هه‌ندێك ڕه‌فتاری خراپیان هه‌بووه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئاكار و به‌های كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان به‌رزتر بووه له ئاكار و به‌های كۆمه‌ڵگه‌ی ئێراقی كه سه‌رۆكی قه‌واره و حیزبه‌كانی ئیسلامی سیاسیی له‌سه‌رده‌می دیموكراسیه‌تدا، بوونه‌هۆی گه‌نده‌ڵبوون و هه‌لاهه‌لابوونی.
نووسین: د. قاسم حسین صالح(دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی ده‌روونناسانی ئێراق)
وەرگێڕان: سه‌رحه‌د محه‌مه‌د سه‌مین