له پێش ئه‌نفالیشدا جاش وه‌کوو چاوساغی به‌کرێگیراو له پێشه‌وه‌ی داگیرکه‌ر بووه و خۆی هه‌ڵگری هیچ ئه‌کت و ئایدیایه‌ک نه‌بووه،.
گێڕانه‌وه‌کانی فه‌ره‌ج له گێژه‌نی ترسی پاش کاره‌سات پێشمه‌رگه دژی مه‌رگ(2)
لێره‌دا ده‌چمه سه‌ر بنج و بناوانی وشه‌ی “پێشمه‌رگه” و ساته‌وه‌ختی خولقان و ماناکانی و ئه‌و ئه‌نجامگیرییه له باسه‌که‌م ده‌رده‌هێنم که جه‌مسه‌ری پێچه‌وانه‌ی ڕاسته‌وخۆی پێشمه‌رگه جاش نییه به‌ڵکوو کۆیله‌یه‌تی و ملکه‌چبوونه، ئه‌گه‌رچی جاش هه‌ڵگری هه‌ر دووکی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌یه به‌ڵام شتێک که هاوکێشه‌که ده‌شیوێنێت جاشبوون دیارده‌یه‌که که له ڕێگه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌کی و داگیرکه‌ر و سیسته‌مێکی سه‌رکوتکار چالاککراوه و ئه‌رکی پێ سپێردراوه، واته؛ جاش به‌رکاره و بکه‌ر نییه، سێبه‌ره و واقیع نییه! به‌ڵکوو له ڕێگای تایبه‌تمه‌ندیی کۆیلهیێتی و ملکه‌چبوونه‌وه دروستکراوه.
“پێشمه‌رگه” له مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه‌دا چ وه‌کوو ناو و ئیدیۆم و چ وه‌کوو واقیع و بوونێکی به‌رهه‌ست، ئاماده‌ییه‌کی به‌رچاو و بێ¬وێنه‌ی هه‌بووه. خودی ئه‌م ئاماده‌ییه به‌رچاوه هه‌میشه‌ییه ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی که قسه و باسی زۆرتر و زیاتری له سه‌ر بکرێت به تایبه‌ت که به‌شێک له مێژووی پێشمه‌رگه له ناو جیهانی مۆدێڕن‌دا مانیفێست کراوه و به‌شێکی سه‌ره‌کیی و بوونناسانه‌ی هه‌ر به نادیاری و نیوه‌چڵی گێڕدراوه‌ته‌وه و به ڕاده‌ی ناو کایه‌کانی جیهانی مۆدێڕن و هاتنی حیزب و بزووتنه‌وه‌کان زه‌ق نه‌بووه‌ته‌وه و بگره هه‌ر وه‌کوو وشه‌یه‌کی پاستۆراڵ و گونده‌کی بووه، بۆ ئه‌مه سه‌رنجدان به هاتنه‌ئارای وشه‌ی “پێشمه‌رگه” بۆ یه‌که‌مین جار له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و کایه‌ی ئه‌کتی مۆدێڕنی ئینسانی کورددا ڕوونکه‌ره‌وه ده‌بێت.
ڕه‌حیمی قازی؛ نووسه‌ری ڕۆمانی پێشمه‌رگه له پێشه‌کی کتێبه‌که‌یدا ئاماژه‌یه‌کی ڕوونی بۆ ئه‌م بابه‌ته هه‌یه.
(دۆزرانه‌وه‌ی وشه‌ی “پێشمه‌رگه” بۆ خۆی داستانێکه. کاتی دامه‌زراندنی کۆماری خود-موختاری کوردستان، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د که گرینگییه‌کی زۆری ده‌دا به زمان و ئه‌ده‌بی کوردی، ئه‌سپاردبووی له جیاتی وشه‌ی سه‌رباز و عه‌سکه‌ر و نیزامی و فیدایی، وشه‌یه‌کی جوانی کوردی بدۆزرێته‌وه و به‌کار بهێندرێت. جا ڕیزهیهک له نووسه‌ران و هونه‌ران و پسپۆڕانی کورد به‌و ئامانجه کۆبوونه‌وه‌یه‌کی پێکده‌هێنن و چه‌ند سه‌عاتێک وتووێژی له‌سه‌ر ده‌که‌ن و به ئه‌نجامێکیش ناگه‌ن. کوردێکی پیر و نه‌خوێنده‌وار و دنیادیتوو که له‌و کۆبوونه‌وه‌یه خزمه‌ت ده‌کا و نان و چایان بۆ ده‌هێنێ، ده‌بینێت که هه‌موو شه‌که‌ت بوون، چوونه‌ته به‌حری خه‌یاڵاته‌وه، له ناکاو هه‌ڵده‌دا و ده‌ڵێ؛ ئه‌رێ بۆچی خۆتان له هیچ و خۆڕایی ماندوو ده‌که‌ن، باب وباپیرمان پیاوی ئازا و به‌کاریان به پێشمه‌رگه نێو بردووه، ئێوه‌ش هه‌ر ئه‌و نێوه‌ی لێ بنێن. جا به ڕاستی به بیستنی وشه‌ی پێشمه‌رگه، کوردێکی کۆڵنه‌ده‌ر و ئازا و نه‌ترس و به‌کار، کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر و ڕزگاریخواز و دیمۆکرات، کوردێکی ناسراو له هه‌موو شوێنێک دێته به‌ر چاومان).
لێڕه‌دا ده‌توانین باس له‌وه بکه‌ین که تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی پێشمه‌رگه له ڕۆمانه‌که‌ی “ڕه‌حیمی قازی” سه‌ره‌ڕای ئازادی و به‌کاربوونی، رۆحی دژه‌سته‌م و داگیرکه‌ریی و ڕهنجدهربوونێتی. واته؛ پێشمه‌رگه پێش ئه‌وه‌ی بێته ناو ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی ئێمه و پیاوێک بووه وه‌کوو “پیرۆت”ی ناو ڕۆمانه‌که. واته هه‌م ڕووبه‌ڕووی بیری کۆنه‌په‌رستی سیسته‌می خانخانێتی کورد بووه‌ته‌وه و هه‌م بیری کۆنه‌په‌ره‌ستی ئه‌ویدیی کورد و هه‌میش خه‌ونی ئازادیی بۆ نیشتیمانی لا گه‌ڵاڵه و زه‌ق بووه‌ته‌وه. من لێره‌دا نامه‌وێ بپه‌رژێمه سه‌ر لایه‌نه هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه، به‌ڵکوو له سۆنگه‌ی نیشانه‌ناسییه‌وه ده‌مه‌وێ هه‌ندێ زاراوه و کلیل-وشه به هێنانی پوخته و چکاوهی ڕۆمانه‌که تا ئه‌و شوێنه‌ی بۆ مه‌به‌ستی نووسینه‌که‌ی من بشێت پێناسه و زه‌ق بکه‌مه‌وه.
ڕۆمانی پێشمه‌رگه بۆ یه‌که‌مجار له ساڵی1338 (1959)له شاری ئیره‌وانی “ئه‌رمه‌نستان” و له ساڵی 1340 (1961)له به‌غدا به زمانی کوردی و له ساڵی 1342 (1962)له “باک‌و” به ئازه‌ری چاپکراوه. وه‌کوو نووسه‌ر له پێشه‌کییه‌که‌یدا ده‌ڵێت؛ هۆکاری نووسینی ڕۆمانه‌که ئازار و به‌شمه‌ینه‌تی و ژیانی چه‌وت و ناله‌باری کورد بووه؛
(نزیکه‌ی بیست و پێنج ساڵ لهمهوپێش له گۆڤارێکی کوردی داستانێکی کورتی یه‌ک لاپه‌ڕه‌ییم خوێنده‌وه که له‌مه‌ڕ ژیانی تاڵ و ناله‌بار و چه‌وت و قاڵی ماڵهکوردێکی هه‌ژار و نه‌داردا نووسرابوو. ئه‌م داستانه کورته په‌رده‌ی گه‌وره و بێ سنووری ژیانی خه‌فه‌تبار و هه‌ژاری گه‌له‌که‌می هێنا به‌رچاوم و بووه کانگای هێز و ئیلهامم بۆ نووسینی ئه‌م چیڕۆکه و سهرهتاکهشم هه‌ر به ناوه‌ڕۆکی ئه‌م داستانه‌وه ده‌ست پێ کردووه).
کات و ساتی ڕووداوی ناو ڕۆمانه‌که سه‌روبه‌ندی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستانه له “مه‌هاباد” و باڵاکردنی هێواش و به‌کاوه‌خۆی کۆماره‌که‌یه و به‌شێک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له ده‌ست کورد و هێزی ڕزگاریخوازی کورد-دایه. پێکهاتی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وکات چینایه‌تی بووه و ده‌سه‌ڵاتی خانخانێتی و میری به سه‌ر ڕایهتدا زاڵ بووه و ئه‌وپه‌ڕی چه‌وساندنه‌وه و سته‌م له خه‌ڵک ده‌کرێت. قه‌ره‌نی ئاغا، ئاغای گوندی کانه سه‌وزه که گوندێکی نێزیک شاری سه‌قزه، کاک مامه‌ند که له سه‌ر زه‌وییه‌که‌ی ئاغا ئیشی کردووه و گاجووتهکانی ئاغا به‌ری زه‌حمه‌ت و ڕه‌نجی له‌ناو ده‌به‌ن داواکاریی یارمه‌تیی و له بنه‌ڕه‌تدا مافی خۆی له ئاغا ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بێت به وه‌ده‌رنان و عه‌وداڵبوونی له زستانێکی سه‌خت و تووشدا بۆ په‌یداکردنی بژێوی بۆ خاوخێزانی. “کاک مامه‌ند” باوکی “پیرۆت”ه. کاک مامه‌ند که له‌به‌ر کڕێوه و به‌فر په‌نای بۆ ئه‌شکه‌وتێک بردووه و له به‌ر خۆیه‌وه جار جار ده‌ڵێ؛ (ئای کوێر بم، له کوێی پیرۆت گیان؟ ڕه‌نگه به‌و کاره‌ی که ئێوه ده‌ستتان پێ کردووه ڕووناکاییه‌ک بۆ هه‌ژاران بدۆزنه‌وه، خۆ شوکور تفهنگیشتان هه‌یه…). له به‌شی ڕووداوه‌کانی کانی سه‌وزه که قه‌ره‌نی ئاغا خاوه‌نێتی ده‌سه‌ڵاتی سیسته‌می سیاسیی “په‌هله‌وی” و ژاندارمێری سه‌ر به‌و سیسته‌مه ده‌خرێته ڕوو و سه‌رگورد شه‌میرانی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و قه‌واره سیاسییه‌ی ئه‌ویدیی کورد ده‌کات. (شه‌میرانی پیاوێکی موعتاده و هێنده‌ی تریاک کێشاوه که هه‌ردووک چاوی ڕۆچوون و قورقورۆچکهی له ده‌ره‌وه دیاره و وه‌ک دندوکی قه‌له‌موونه وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت و هێنده له‌ڕه که فووی لێ بکه‌ی با ده‌یبات.)
له‌و دیمه‌نه‌ی به‌شی یه‌که‌مدا؛ ئاغا که هه‌رجۆره زۆرداری و سته‌مێک دژی ڕایه‌تی خۆی ده‌کات، له هه‌مبه‌ر تریاک کێشێک که‌سێکی فس و فشۆڵه و هیچ ئیراده و غروورێکی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه. ئه‌و شته‌ی که لێره‌دا و له دیمه‌نی دواتریشدا دێمه سه‌ری و به زه‌قی ده‌رده‌که‌وێت؛ زه‌بوونیی ئاغایه له هه‌مبه‌ر ئه‌ویدی واته فارس و دڕنده‌یی ئه‌ویدییه دژ به هه‌ر جۆره کوردێک. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش که بووه به داره‌ده‌ست و ئامێری ده‌ستی.
(قه‌ره‌نی ئاغا و کوڕه‌که‌ی به ئانقه‌ست و بۆ ئه‌وه‌ی که دڵی ئه‌فسه‌ره‌کان خۆش بکه‌ن هه‌رچی پاره‌یان له به‌رده‌می بوو هه‌موویان دۆڕاند (له قوماری ناو دیوه‌خان) قوماری پوکێر ته‌واو بوو، سه‌رۆکی ژاندارم و ئه‌فسه‌ره‌کانی تر ته‌واوی پاره‌که‌یان له گیرفان ئاخنی.
سه‌رۆکی ژاندارم …بێ ئه‌وه‌ی وشه‌ی ئاغا بڵی گوتی؛
-قه‌ره‌نی، به ڕاستی پیاوێکی گه‌وجی.
-..گوتی ئه‌ی پده‌ر سوخته‌ی ئه‌حمه‌ق! هیچ ئه‌وه‌ی ده‌زانی که هه‌تا ئێسته بیست و پێنج که‌س له لادێیه‌کانی تۆ چوونه‌ته مه‌هاباد و بوونه‌ته پێشمه‌رگه. به گوێره‌ی ئه‌و دهنگوباسهی که پێمان گه‌یشتووه هێزی پێشمه‌رگه بۆکانیان گرتووه و بۆ لای سه‌قز وه‌ڕی که‌وتوون. پیاویش هێنده گێژ ده‌بێ؟
-خهفهشهو، مهردکهیی بێ شوعور).
به‌شیکی ڕۆمانه‌که ئه‌م دیالۆگانه ده‌گرێته‌وه که سه‌رۆکی ژاندارم چۆن به سه‌ر ئاغایه‌کی کورددا ده‌نه‌ڕێنێت. له هه‌موو په‌یوه‌ندییکی ئاوادا له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی و شیکاریی کۆمهڵناسانهیدا وا باو بووه لایه‌نی کوردانه‌ی ئاغاش له‌به‌ر چاو گیراوه و ئه‌مه پرساوه که بۆچی ئاغایه‌کی “کورد” ده‌بێت ده‌رهه‌ق به هاوزمانه‌کانی که ڕایهتین وا بکات، له ڕاستیدا ئه‌م پرسیاره داڕشتنی به‌و شێوه‌یه و خودی پرسیاره‌که‌ش هه‌ڵه‌یه، ئاغا له ناو پێکهاتێکی ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانییه‌کدا ده‌ژی که ته‌نها ئاغایهتییهکهی بۆی گرینگه که ئه‌ویش له سۆنگه‌ی سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌وه به‌دی دێت و گرینگتر له‌مه‌ش؛ هێزێکی سیاسیی به‌ناو مۆدێڕن پاڵپشتیی لێده‌کات، هه‌ڵبه‌ت به‌و په‌ڕی سووکایه‌تییه‌وه. ڕه‌نگه به‌شێک له ئاغا کورده‌کان نێزیکترین خزمایه‌تییان هه‌بێ له‌گه‌ڵ وشه و مانای جاشدا. له ئه‌ده‌بیاتی سیاسیی ئێمه‌دا جاشه‌کان هه‌م وه‌کوو کۆمه‌ڵێک که‌سی هاوزمان و هاوئایین و هاوکهلتوور که بۆ پاره‌یه‌کی دیاریکراو و به پێی جاشایهتیکردنهکهی به کرێ گیراون و خزمه‌تی ئه‌ویدییان کردووه و هه‌میش وه‌کوو دژ و جه‌مسه‌ری پێچه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه پێناسه کراون. که له‌سه‌ره‌وه دووانه‌ی ناته‌با و چهوتناسێنراوی پێشمه‌رگه و جاشم باسکرد. من ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌مه هه‌ڵوێسته بکه‌م که جاش هێما و نیشانه‌یه‌ک نییه که ڕاسته‌وخۆ له هه‌مبه‌ر پێشمه‌رگه دانرابێت، به‌ڵکوو کرێگیراوی داگیرکه‌ره. دووانه‌ی (جاش – پێشمه‌گه) دوو جه‌مسه‌ر نین که یه‌کیان له ناخی ئهویتریانهوه هه‌ڵقوڵا بێت، به‌ڵکوو هه‌ردووک له ناو یه‌ک کۆمه‌ڵگادا سه‌ریانهه‌ڵداوه، یه‌کیان؛ بکه‌ری ڕه‌سه‌نی ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی سته‌ملێکراو و، ئه‌ویتریان؛ پرۆژه و پلانی سیسته‌ماتیکی داگیرکه‌رانی کوردستان.
له باشووری کوردستان و له ئه‌نفاله‌که‌دا و له پێش ئه‌نفالیشدا جاش وه‌کوو چاوساغی به‌کرێگیراو له پێشه‌وه‌ی داگیرکه‌ر بووه و خۆی هه‌ڵگری هیچ ئه‌کت و ئایدیایه‌ک نه‌بووه، ته‌نها به‌رکار و تێخوڕاو بووه، به پێچه‌وانه‌ی پێشمه‌گه‌وه که له مانا نه‌رێتی و کۆنه‌که‌یدا هه‌ڵگری ئازایه‌تی و بهکارێتی و له مانا مۆدێڕنهکهشیدا ده‌لاله‌تی نه‌به‌زی و قاره‌مانی ڕزگاریی وڵات بووه، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه سیسته‌می جاشایه‌تی و په‌روه‌رده‌کردنی جاش له ڕووبه‌ر و هه‌ژماری زۆردا لێدانێکی فێڵبازانه و ستراتیژێکی فاشیستی به‌عس بووه تاکوو هه‌موو ئیراده و هه‌وڵێکی ئازادیخوازی و ڕزگاری و نه‌به‌رزی و ئازایه‌تی له‌بار به‌رێت، ئه‌مه له حاڵێکدایه جاش ناکه‌وێته ناو مه‌نزوومه‌ی چالاکی و ئه‌کت، وه‌کوو ئه‌و جه‌مسه‌ره‌ی “پێشمه‌رگه” چالاکه و بووه و باڵای کردووه تێیدا، واته؛ جه‌مسه‌ری پێچه‌وانه‌ی “پێشمه‌رگه” نابێت به جاش چوونکوو جاش له ناو کایه‌ی داگیرکه‌ر و بهرکارێتی سیسته‌مه‌که‌ی بۆ ئه‌وان مانا وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام سیسته‌مه داگیرکه‌ره‌کانی سه‌ر کوردستان توانیان له ڕۆژهه‌ڵات پێشمه‌رگه‌ی موسوڵمان و پاسدارانی کورد و له باشووریش موسته‌شار و… له هه‌مبه‌ر ده‌لاله‌تی باڵای پێشمه‌رگه‌دا دابنێن بۆیه له ناو کایه‌ی ڕاسته‌وخۆی سیسته‌می داگیرکه‌ردا پێش هه‌موو شتێک مه‌رجی هه‌رجۆره ڕزگارییه‌ک و ئه‌گه‌ری مانه‌وه به جاشبوون یان به‌عسیبوون گرێ دراوه‌ته‌وه، وه‌کوو له گێڕانه‌وه‌کانی فه‌ره‌جدا ده‌یخوێنینه‌وه؛
پ؛ پرسیار.
و؛ وه‌ڵام.
پ؛ تۆ وتت له کهڵوهزه که بووین هاتن به شوێنماندا و به‌ڵێنیان له مسته‌شارێک وه‌رگرتبووه که بمانگرێته خۆی، ئه‌ی بۆ نه‌چوون بۆ لای…؟!
و؛ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ئێمه ئه‌گه‌ر زۆر له ناچاریدا نه‌بوبایه و ده‌رویه‌کی ترمان شک ببردایه ناچوینه لای مسته‌شار… چونکه لای مسته‌شار ده‌بوو ببین به (جاش) که لای ئێمه جاشێتی زۆر عه‌یبێکی گه‌وره بوو، بۆیه سه‌ره‌تا ویستمان به دوای چاره‌سه‌رێکی تردا بگه‌ڕێین، به‌ڵام که نائومێدبوین(حاجی حه‌سه‌ن)مان نارد چوه لای (…)… که فه‌وجی خه‌فیفه‌ی هه‌بوو، فه‌وجی (64)ئه‌و به‌ڵێنی دا که ئه‌مانپارێزێ، به‌ڵام یه‌ک مه‌رجی هه‌بوو که هه‌ریه‌کی کڵاشینکۆف بکڕین و به چه‌که‌وه ته‌سلیم بین..
پ؛ ئه‌و مه‌رجه‌تان قبوڵکرد…؟
و؛ هه‌ر گه‌لێ مه‌منوونیش بووین، هیچ چاره‌یه‌کی تر نه‌بوو…
وه‌ک ده‌بینین؛ دیمه‌نه‌که و سیناریۆکه وه‌کوو شۆ و نومایشێکه که پێده‌چی به‌عس له دونیای خۆیدا وابیری کردبێته‌وه ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک کورد به جلوبه‌رگی کوردی و زمانی کوردییه‌وه که چه‌کیان پێبێت، خۆیان ڕاده‌ستی ژێر سێبه‌ری به‌عس بکه‌ن، ئه‌وا به شێوه‌ی ڕه‌مزی و سه‌مبوولیک پێشمه‌رگه‌ی هێناوه‌ته ژێر ڕکێفی خۆی، به‌ڵام به دڵنییاییه‌وه ئه‌مه‌ش یه‌کێک له خه‌یاڵپڵاوییه دڕنده و خۆپه‌رستانه‌کانی به‌عس بوو، که ئه‌یه‌ویست جگه له خۆی و فرمانه‌کانی هیچ ئه‌ویدییه‌ک بوونی نه‌بێت و ئه‌گه‌ریش هه‌بێت ده‌بێ خزمه‌تکاری ئه‌و بێت، ئه‌م چه‌رخ و سیسته‌مه زۆر به پلان و به‌رنامه‌بۆداڕێژراو ئه‌نجام درا، ماشینی فاشیزمی به‌عسی له دونیای پڕ مۆته‌که‌ی خۆیدا به شێوه‌یه‌کی ڕه‌مزی جاشی به “پێشمه‌رگه” مانا کردۆته‌وه و به‌و شێوه‌یه ئاره‌زووی شکست و بنپێکردنی پێشمه‌رگه‌ی لای خۆی به‌دیهێناوه، که به هۆش خۆیشی ده‌هاته‌وه ده‌یزانی چراکان له کێوه‌کان ده‌سووتێن و ته‌قه‌ی تفه‌نگی پێشمه‌رگه و مارشی نه‌به‌زینیان دێت، ئه‌م دههریبوونه؛ وایکرد ڕۆحی دڕنده‌یی و فاشیزمی به‌عس بگاته چڵه‌پۆپه‌ی خۆی و هه‌موو کوردێک وه‌کوو تاوانبار و پێشمه‌رگه‌یه‌ک ببینێت. به‌ڵام ئه‌مه ڕووکار و گێڕانه‌وه‌ی هێڵیانه و ڕاسته‌وخۆی هاوکێشه‌که‌یه، پرسیاره سه‌ره‌کییه‌که ئه‌مه‌یه؛ که ئایا به ڕاستی ئه‌نفال به‌رئه‌نجامی هه‌بوونی پێشمه‌رگه و شۆڕش بوو یان نا؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به به‌ڵێ و نه‌خێرێکی ساده ئێمه ده‌خاته‌وه ناو گومان له وه‌ڵامێکی ئاوه‌زمه‌ندانه‌وه. به‌ڵام بۆ وردبوونه‌وه له‌مه ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه دواوه و ئه‌م پرسیاره بکه‌ین که ئایا به‌عس له نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌دا کوردی وه‌کوو چ بوونه‌وه‌ر و کائینێک قبووڵ کردووه و ده‌کرد؟ ئایا له ئێران‌دا که فارسه‌کان کورد به ئامۆزای خۆیان زانیوه تا ئێستا هیچ ڕووناکی و تروسکاییه‌ک له پێگه و پله‌ی هاووڵاتیبوونیان به‌دیکراوه؟ له ئێرانێکدا که له چاوه‌ی به‌عسدا سیسته‌مێکی زۆر نهرمونیانتری هه‌یه، ئه‌مه به یه‌ک سوسهش نه‌هاتۆته ئاراوه چۆن ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان له به‌عس هه‌بێت که بنه‌مای ئایدۆلۆژییه‌که‌ی سه‌روه‌ریی جیهانی عه‌ره‌ب و سه‌رێتی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به به سه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا؟ جیا له‌وه‌ش به‌عس ته‌نها ئه‌م پلانه دژی “کورد” به‌ڕیوه نابات، به‌ڵکوو دژی هه‌ر چه‌شنه بوونێک که وه‌کوو ئه‌و نه‌بێت پێڕه‌وی کردووه، واته؛ سیسته‌مێکی فاشیستی وه‌کوو به‌عس یه‌کێک له ئامانجه سه‌ره‌کییه‌کانی یه‌کده‌ستکردن و یه‌کڕه‌نگکردنی هه‌ر پانتایه‌کی جوگرافییه که ده‌ستی بگاتێ، له هه‌ر حاڵه‌تێکدا به گریمانه‌ی نه‌بوونی پێشمه‌رگه له پرۆژه‌ی توندوتۆڵی یه‌کسانسازیی و یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا، ئایا دیسان ڕۆحی ئازادی و نه‌به‌ردی و شۆڕشگێرانه سهریههڵنهدهدا؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵام نه‌خێر بێت، ئه‌وا ئیتر ئه‌و کۆمه‌ڵگایه هیچ خاڵێکی تهتهڵهکهر و هه‌ڵاواردنانه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵی عه‌ره‌بی و مرۆڤی ئایدیالی به‌عسی نییه و به ژێن و فیزیۆلۆژییه‌وه هه‌ر کورد حسێب ناکرێت، که‌واته؛ گرینگ نییه لای به‌عس پێشمه‌رگه هه‌بێت یان نا، منداڵ بیت یان گه‌وره، گرینگ ئه‌وه‌یه به‌عسی بیت گه‌ر به‌عسی نه‌بیت شه‌یتانی! که‌واته؛ دووباره به مانایه‌ک دێینه‌وه سه‌ر وته بهنابانگهکهی فۆکۆ؛ له هه‌ر شوێنێک ده‌سه‌ڵات هه‌بوو به‌رگرییش هه‌یه!