ڕه‌مز و سیمبوله‌کان ئه‌و مانا پیرۆز و ئاڵۆز و قودسییانهن که زمانی ئاسایی هه‌ڵگریان نابێت و به زۆریی ده‌بن به وێنه و نیگار و نه‌خش.
ژیانی مرۆڤ و شارستانییه‌تی مرۆڤ، هه‌ر له‌و کاته‌دا که خێڵه بچووکه سه‌ره‌تاییه‌کان بووه و وه‌کوو “فرۆید” له کتێبی “ته‌وته‌م و تابۆ”دا ده‌ڵێت: کاتێک له قه‌واره‌ی “کیلان”ه جۆراوجۆره‌کاندا بووه، به مه‌به‌ستی جۆراوجۆر ڕه‌مز و سیمبولی داهێناوه، ڕه‌مزه‌کان به ڕاده‌یه‌ک له ژیانی مرۆڤی سه‌ره‌تایی و ته‌نانه‌ت مۆدێڕن و پاش مۆدێڕنیش گرینگن، که ده‌رووناس و بیرمه‌ندێکی وه‌کوو “کاریل گۆستاڤ یۆنگ”ی سویسرایی به پێکهاتی زمانی ناوشیارییان ده‌زانێت و پێی وایه: ئه‌گه‌ر ده‌روونناسێک شاره‌زایی له خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌مز و سیمبوله‌کان نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌سته‌م و نه‌کرده‌یه بتوانێت له‌گه‌ڵ جیهانی ناوشیار و خه‌ون و مۆته‌که و ختوورهکانی هیچ ئینسانێک پێوه‌ندییه‌کی دروست و ئاوه‌زمه‌ندانه بکات. له ڕاستیدا ڕه‌مزه‌کان شاکلیلی کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ده‌روونی ئینسانن، چ له سه‌رده‌می کۆن و چ له سه‌رده‌می ئێستاشدا، ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می ئێستادا ئاڵۆزی و ده‌لاله‌ته‌کانی ڕه‌مز زیاتر بووه و بۆ شهنوکهوکردنیان پێویست به له‌به‌ر چاوگرتنی زۆر ڕه‌گه‌ز و توخمی که‌لتووری و کۆنهچهشتی(Archetype) ئینسانی هه‌یه. ڕه‌نگه له گشتیترین پێناسه‌دا بتوانین بڵێین: ڕه‌مز و سیمبوله‌کان ئه‌و مانا پیرۆز و ئاڵۆز و قودسییانهن که زمانی ئاسایی هه‌ڵگریان نابێت و به زۆریی ده‌بن به وێنه و نیگار و نه‌خش، که‌واته فه‌لسه‌فه‌ی ده‌رکه‌وتنی ڕه‌مز هه‌ڵگرتنی مانایه‌کی پیرۆز و قودسییه بۆ کیلان(کۆمه‌ڵه‌ی خێڵه سه‌ره‌تاییه‌کان)، کۆمه‌ڵگه، جڤاک یان ده‌سته و به گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیاریکراو.
ڕه‌مزه‌کان چڕبوونه‌وه‌ی مانایه‌کی پیرۆز و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان شاردنه‌وه و ڕزگارکردنیانه له که‌وانه و پێکهاتی جیهانی مادیی که زمان و ده‌ربڕینه، بۆیه به‌گشتی ڕه‌مز له‌گه‌ڵ وێنه و وێناندندا په‌یوه‌ندی هه‌یه و له‌و ڕێگه‌یه‌وه خۆی مانیفێست ده‌کات، ئه‌مه بۆ جیهانی ده‌روونی مرۆڤ و خه‌ون و مۆتهکهکانیشی ته‌واو ڕاسته و ئێمه ناتوانین به بێ وێنه و نیگار هیچ ڕه‌مزێک بهێنینه پێش چاوی خۆمان. دیاره لێره‌دا مه‌به‌ست ئه‌و ڕهمزانهیه که له قه‌واره‌یه‌کی ئوستووره‌یی و ئه‌فسانه‌یی ده‌رچوون و له فۆرمێکی تۆمارکراوی مێژوویی بۆ ئێمه خراونه‌ته ڕوو، که هه‌م ڕه‌گه‌زه کۆنه ئوستوورهییهکهیان پارێزراوه و هه‌میش خوێندنه‌وه‌ی نوێ و هێرمینۆتیکایی لێ ده‌کرێت، دره‌ختێک له جیهانی که‌ونارا ده‌شێت ڕووگه و په‌رستگه‌ی خه‌ڵکانی جوگرافیایه‌ک بووبێت و وه‌کوو ڕه‌مزێکی قودسیی پاراستنی ژیان و مان و نه‌مانی خێڵێک چاوی لێکرابێت، دیاره له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئه‌و ئاوه‌زه تیۆریزهکاره نه‌بووه، که دره‌خت له‌و قه‌واره ده‌رهه‌ست و ئهندێشمهندانهیهدا شرۆڤه بکات و ئه‌وان دره‌ختیان وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی هه‌موو حه‌قیقه‌ته‌کان دیتووه و ئێسته بۆ ئێمه وه‌کوو ڕه‌مزی ئه‌وان دهخوێنریتهوه. ڕه‌نگه له قۆناغی جیاجیای گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌کاندا ئه‌و وشیارییه‌ش به شێوه‌ی که‌م و کورت ههببووبێت، که خێڵه‌کان ڕه‌مز و نیشانه‌یه‌کیان بۆ سنووری جوگرافی و مانایی و یاسا و ڕێسای خێڵێک له گه‌ڵ خێڵێکی دیکه دانابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که حاشاهه‌ڵنه‌گره چرکه‌ساتی ئێسته‌یه که تێیدا ده‌ژین و جیهان ملکه‌چی دونیای نیگار و وێنه و ڤیدیۆ(وێنه‌ی بزۆز) و…ه و ڕه‌مزه‌کان له ناو جیهانی وێنه و کایه‌ی ڕه‌نگه‌کاندا خۆیان مانیفێست ده‌که‌ن.
یه‌کێک له‌و ڕووپه‌ڕ و پانتاییه‌ی که ڕه‌مزه‌کان، واته مانا قودسییه‌کان خۆیانی تێدا مانیفێست ده‌که‌ن “ئاڵا”یه. ئاڵاکان مێژوویه‌کی دوور و درێژیان هه‌یه و له سه‌ره‌تاییترین سه‌رده‌مه‌کانیشدا و به تایبه‌تی له کاتی جه‌نگه‌کاندا، وه‌کوو ڕه‌مزێک که ته‌عبیر له دونیا و خه‌ون و ئامانجه‌کانیان ده‌کات دراوه‌ته ده‌ست “با” و شهکێنراوهتهوه. نموونه‌ی ئاڵای دزانی ده‌ریایی له سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌کان له وڵاتانی ئیسکاندیناڤییهوه تاکوو ئیسپانیا و ئینگلیس و…هتد. ڕاستییه‌کی مێژووییه و ته‌نانه‌ت وێنه‌ی که‌لله‌سه‌ر و دوو ئێسقان له زۆربه‌ی دونیادا له‌سه‌ر پارچه په‌ڕۆیه‌کی ڕه‌ش و ڕه‌مزی ئه‌وان ده‌ناسرێته‌وه و زۆرێک له کۆمپانیاکانی جلوبه‌رگ له‌سه‌ر تی شێرت و پۆشاکی جۆراوجۆر دایانناوه. له سه‌رده‌می مۆدێڕن‌دا و پاش ڕووخانی پێکهاتی جیهانی کۆن و دامه‌زراندنی “کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان” که دواتر بوو به “ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان” ئاڵاکان بوون به دیارترین نیشانه و ڕه‌مزی مه‌عنه‌وی و مانایی وڵاته‌کان، که ته‌عبیر له تێڕوانینی سیاسی و که‌لتووری و ئایینی وڵاتان ده‌که‌ن، بۆ نموونه ئاڵای سه‌عوودیا که له‌سه‌ری نووسراوه “لا اله الا الله” و شمشێرێکی پێوه‌یه و له‌سه‌ر پارچه په‌ڕۆیه‌کی سه‌وز نیگار کراوه ته‌عبیر له زاڵێتی باوه‌ڕی ئایینی و موسڵمانبوون و هه‌روه‌ها پێبه‌ندی به ڕێبازی سه‌دری ئیسلامه، که سه‌رده‌مێک به شمشێر جیهاد دژی موشریکه‌کانی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ده‌کرا، یان ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران که به سێ ڕه‌نگی سه‌وز و سپی و سوور و “الله”یه‌ک به خه‌تێکی تایبه‌ت له ناوه‌ڕاستیدا ته‌عبیر له ئایدۆلۆژیای و جیهانبینییه‌ک ده‌کات که ڕه‌نگه ئه‌و وڵاته له کرداریشدا جێبه‌جێی نه‌کردبێت و نه‌یکات، به‌ڵام مانای مه‌عنه‌وی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و ئه‌و خه‌ڵکانه‌یه که ده‌نگیان به‌و ده‌سه‌ڵاته داوه و له‌و ئاڵایه‌دا خۆی ده‌نوێنێته‌وه. وه‌کوو وتمان؛ ئه‌م ڕه‌مزه هه‌ڵگری ئه‌و واتا پیرۆزه‌ی کۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه و جڤاک و… هتد. له ڕاستیدا هه‌ر وڵاته‌و به‌و ڕه‌مزه‌وه ده‌ناسرێته‌وه، زۆر به ئاسانی ئێمه ده‌توانین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و یاسایی و مه‌عنه‌وی ئه‌و ڕه‌مزه له جیهانی ئێسته‌ماندا ببینین، له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا هه‌ر وڵاتێک ئه‌و ئاڵایه‌ی نه‌بێت، ئه‌وا وه‌کوو وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن کیان و به‌هێز دانی پێدا نه‌نراوه و نانرێت. له ناو تۆڕێکی مه‌زنی په‌یوه‌ندی و مانا و ده‌لاله‌تی مه‌عنه‌وی و سیاسی‌دا شوناس و کیانی ئێمه وه‌کوو ئومه‌ت، جڤاک، جێنده‌ر، توێژ و نه‌ته‌وه و له دواجاردا مرۆڤ دیاری ده‌کرێت، واته ڕه‌مزه‌کان قسه‌ی سه‌ره‌تا و کۆتایی ده‌که‌ن.
ئه‌مه پێشه‌کییه‌کی پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئه‌و گوتاره‌ی که له خوێندنه‌وه‌ی ڕهمزهکاندا، یان ته‌نانه‌ت له تێگه‌یشتنی ڕه‌مزه‌کان و قبووڵکردنیان وه‌کوو واقیعی خۆی ناکارامه و نهتوانه، ماوه‌یه‌که ناو به ناو لێره و له‌وێ له زاری هه‌ندێ که‌سی سه‌ر به گوتاری تووندئاژۆی دینی و به تایبه‌تی به‌رپرس و هۆگرانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌بیستین که ئاڵا گرینگ نییه و ته‌نها پارچه په‌ڕۆیه‌که! ئه‌م گوتاره نابێت ئه‌وه‌نده دوور بێت له‌و تێگه‌یشتنه که کۆمه‌ڵگا و جڤاکه‌کان به ڕه‌مز و سهمبوولهکانهوه ده‌ژین، ڕه‌نگه وێنه و نیگاری ڕه‌مز و سه‌مبوولێکی کۆن که ده‌لاله‌ت له کۆنه‌چه‌شن و کۆنه‌ستی مرۆڤی کورد ده‌کات له سه‌ر فه‌رشی دهسبافی کورد پاش سه‌دان ساڵ بۆ ئێسته‌ش پارێزراو بێت و ئێمه له‌گه‌ڵی بژین و جار نا جارێ بیهێنینه قسه و خه‌یاڵدانمانه‌وه و بووه به به‌شێک له ئێمه، به‌ڕاده‌یه‌ک که ڕه‌نگه هه‌ر هه‌ستی پێنه‌که‌ین مه‌گه‌ر جار نا جارێ، ئه‌مه ماهییه‌تی ڕهمزهکانن که له هه‌ناوی کۆمه‌ڵ و جڤاکدا ڕه‌گئاژۆ و ڕیشهکوت ده‌بن، گوتارێک که ئه‌م ڕاستیه سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی و شوناسمهندانهیه نه‌بینێت و ڕاسته‌وخۆ هێرشی بکاته سه‌ر ئایا ده‌توانین بڵێین: خاوه‌نی ئاوه‌زێکی درووست و بێلایه‌ن و ئاوه‌زمه‌ندانه‌یه؟ واته خاوه‌نی ئه‌و تێڕوانینه هه‌یه که مێژوو وه‌کوو خۆی ببینێت و نه‌یخاته قاڵب و فۆرمێکی به‌رته‌سکی ئایدۆلۆژییه‌وه و له‌وێ خوێندنه‌وه بۆ کۆمه‌ڵگا و به‌ها و ئیرداهکانی نه‌کات و ئاڕاسته‌ی نه‌کات؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ڕوونن. ئه‌وه‌ی له‌م خیتاب و بانگه‌شه‌یه‌ی گوتاره تووندئاژۆکانی کوردستان ده‌رده‌که‌وێت، زیاتر دژایه‌تیکردنی ڕه‌مز و هێما کوردییه‌کانه که ئه‌وان ڕه‌نگه له ناوشیار و بنه‌وه‌ی گوتاری خۆیاندا هه‌ر به شتێکی ناڕاست و ناپیرۆز و بچووک بیبینن و به‌م شێوه‌یه تێڕوانینی دۆگم و بناژۆخوازانهیان له‌و ڕسته فه‌یسبووکییه سادانه‌دا ده‌خه‌نه ڕوو و، ده‌بن به هۆی بهگژدایهک چوونی تاقم و ده‌سته جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگا، بۆیه باشتر وایه ئه‌م گوتاره له ئاڕاسته‌کردنی ده‌لاله‌ته‌کانی خۆی عاقڵانه‌تر بجووڵیته‌وه و به‌م شێوه‌یه له ڕه‌مزێک نه‌دات که نێزیک یه‌ک سه‌ده‌یه له لایه‌ن ڕۆڵه موسڵمان و چه‌پ و ڕاسته‌کانی ئه‌م وڵاته‌وه خوێن و قوربانی بۆ ده‌درێت و کایه‌ی بچووکی سیاسی و حیزبی له‌گه‌ڵ ڕه‌مزی پیرۆزی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی تێکه‌ڵ نه‌کات و، سه‌رمایه و وزه کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان له‌مه زیاتر له خشته نه‌بات، له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین: به‌ڵێ ئاڵا پارچه په‌ڕۆیه‌ک زیاتر نییه، به‌ڵام پارچه په‌ڕۆیه‌ک که پێکهات و سیسته‌مێکی ده‌لاله‌تی و مانایی هه‌ڵگرتووه که ته‌عبیره له ته‌مه‌نێک ماندووبوون و قوربانیدان و خوێن و خه‌بات، ئه‌مه بۆ هه‌موو ئاڵاکانی جیهان و وڵاتان ڕاسته، ئه‌مه بۆ هه‌موو شوێنه پیرۆزه‌کانی جیهانیش ڕاسته، ڕه‌مزه‌کان کیان و ناو‌کی مه‌عنه‌وی کۆمه‌ڵگاکانن و لێدان له‌وان جگه له مانیفێستکردنی جۆرێک له توتالیتاریسم و فاشیزم ناتوانێت ته‌عبیر له هیچ شتێکی دیکه بکات!.