بگەڕێنەوە بۆ مێژووی گەلی کورد، دەبینین؛ چەک هەڵگرتن بۆ بەشداری لەیاخیبون و شۆڕش و شەڕ و جەنگ بەشێوەیەکی زۆر دەبینرێت.
بگەڕێنەوە بۆ مێژووی گەلی کورد، دەبینین؛ چەک هەڵگرتن بۆ بەشداری لەیاخیبون و شۆڕش و شەڕ و جەنگ بەشێوەیەکی زۆر دەبینرێت، جا ئەو شەڕکردنە بەهەرهۆکارێک بێت، وەکو ئەوەی لەناوخۆدا بووبێت دژی یەکتری، یان لەگەل داگیرکەربووبێت لەسەر پاراستنی خاکی کوردستان روویدابێـت، یان لە شەڕەکانی دەرەوەی کوردستان چەکدارانی کورد بەشداربوون. هەڵبەتە دیاردەی چەک هەڵگرتن وچەکداری و بەشداری لەشکری و هێزی سەربازی ئەمیری و، حکومی بەشێوەی جیاوازبووە لەسەردەمی میرانی بابان و پاشان لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی وسەردەمی “شێخ مەحمود” وبەریتانییەکان و پاشان دروستبوونی حکومەت و سەربازی نیزامی لەم شارەو لەکوردستاندا هەبووە. کورد بەشێوەی دەستە جەمعی وەکو ئەوەی سەرۆک خێڵ و هێزی عەشایری بەشداری شەڕی ناوچەکە و نێودەوڵەتییان کردووە، هەروەها بەشێوەی تاکەکەس وەک ئەفسەر لەدوای تەواوکردنی خوێندنی روشدیەی سەربازی، بەشداری هێزی سەربازی دەوڵەتی بوون. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە؛ ئەم قوتابخانە سەربازیە لەئێراقی ئێستا و هەر سێ ولایەتەکەی ئەوسای دەوڵەتی عوسمانی، تەنها لەسلێمانی وبەغداد هەبووە و بەقوتابخانەی روشدیەی سەربازی ناسراوبووە لەسەردەمەی دەوڵەتی عوسمانی. واتە خوێندنی هونەری جەنگی، ئەمجۆرە خوێندنە لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتی ئێراقی دامەزرا لەکۆلیژی سەربازی، مەلیکی ئێراق و پرۆگرام و خوێندنی ئەم کۆلیجە لەسەر بنەمای کۆلیژی سەربازی بەریتانیا بووە، سەرۆکی ئەم کۆلیجە سەربازییە بۆ چەند ساڵێک “تۆفیق وەهبی بەگ” بووە لەوساڵانەدا رۆڵی هەبووە لە گەشەکردن و پێشخستنی کۆلیژی سەربازی ئێراق. ئەم جۆرە خوێندنە تاکو ئێستا بەردەوامی هەیە لە ئێراق و کوردستان. لەحکومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و سلێمانی هەیە.
لەو سەردەمەدانەدا کەمێک جیاوازی هەبووە لەبەشداری سەربازی، وەکو لەسەردەمی عوسمانی دیاردەی چەکداری هەبووە خەڵکیان کردووە بەسەرباز وەک ئەرکێکی نیشتمانی وئاینی، ناو‌براوە بە سه‌ربازگرتن. بەتایبەتی بەئیجباری و زۆرەملێی کاری سەربازی لەبڕیاری سەفەربه‌لک وجەنگی جیهانی یەکەم. کاتێک لێکۆڵینەوە لەسەر شۆرش وجەنگ دەکرێ پێویستمان بەوەیە شارەزایمان هەبێت لە بارودۆخی هێزی چەکداری و سەربازی ئەو سەردەمە، چونکە هێزی چەکداری کاریگەری هەبووە لەئەنجامی رووداوەکان. لێرەوە بەکورتی ئاماژە بەو قۆناغانە دەکەین.
“سووپا و چەکداری لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی”
ده‌وڵه‌تی عوسمانی پاش ئه‌وه‌ی میرنشینه كوردییه‌كانی نه‌هێشت و سیاسه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر كورد گۆڕی، لەگەڵ سەفەوییەکان بەجۆرێک رێکكەوت رێگه‌یه‌كی تری گرته‌به‌ر، هه‌وڵی خۆ نزیك كردنه‌وه‌ی داوە له‌گه‌ڵ شێخ وئاغا و بەگ و پیاوانی ئاینی و سەرۆک عەشیرەتەکان، له‌رێگه‌ی “شێخ ولئیسلام” و سوڵتانەوه. وه‌ك ئه‌و هه‌وڵانه‌ی “شێخولئیسلام” له‌گه‌ڵ “شێخ عوبه‌یدڵای نه‌هری” و”كاك ئه‌حمه‌دی شێخ” لەسلێمانی كردوویه‌تی. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی سوڵتان”عبدالحمید” ویستی خۆی نزیكبكاته‌وه لەكاك ئه‌حمه‌دی شێخ، وەکو ئەوەی داوایلێكردووە بۆ دیده‌نی بچێته ئه‌سته‌مبوڵ و “كاك ئه‌حمه‌دی شێخ” نه‌چووە، له‌جێگه‌ی خۆی سه‌ید محمد موفتی و شێخ سه‌عیدی نه‌وه‌ی خۆی ناردوە بۆلای له‌ئه‌سته‌مبوڵ. “ئەدمۆن”ز ئاماژە بەوەدەکات (سوڵتان داوایکردووە لە کاک ئەحمەدی شێخ گولەبەندی بۆ بکات، کاک ئەحمەدی شێخ نامەیەک لەگەڵ کتێبێکی ئاینی و گولەبەندەکەی بۆ ناردووە، سوڵتان خۆی وتویەتی دووجار گولەبەندەکەی کاک ئەحمەدی سلێمانی پاراستومی لەکوژران، جارێکیان ئەرمەنییەکان تی ئێن تیان بۆ عەرەبەنەکەی داناوە و بەسەریدا رۆشتوە و تەقیوەتەوە، ئەوەی لەگەڵی بوون هەموو کوژراو برینداربوون خۆی بەسەرسوڕمان دەرچووە و هێچی لێنەهاتووە). لەوکاتەوە سوڵتان “کاک ئەحمەد”ی زۆر لامەبەستبووە، وەکو هاوکاری چەند گوندێکی وەکو نۆدێی، پێ دەبەخشێ بۆ دابینکدرنی ژیان وگوزەرانی. ئەو کارەی سوڵتان وەکو بەخشینی موچە و نەسریە وایە لەحکومەتدا بۆ ئیدارەدانی دامەزراوەیەکی وەکو دادگا‌و قوتابخانە و زانکۆ وکتیبخانە وتەکیە و میوانخانە کە مزگەوتی گەورە و “کاک ئەحمەدی شێخ” ئەو دامەزراوانەی هەبوو.
سوڵتان مه‌به‌ستی له‌وبەشدارییە سەربازییە ئه‌وه‌بووه تاكو سۆزی شێخه‌كان و پیاوانی ئاینی و سەرۆک هۆز و ئاغاکانی گه‌لی كورد بۆ خۆی راكێشێ، له‌رێگه‌ی ئه‌مانه‌وه پشتگیری ده‌وڵه‌تی خه‌لیفه‌ی ئیسلامی بەدەستبێنێت، متمانه‌ی خه‌ڵكی موسڵمان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆلای خه‌لیفه‌ی موسڵمانان و ده‌وڵه‌تی عوسمانی. ئەو مامەڵەیە سیاسەتی ئیداری دەوڵەتی عوسمانی بووە لەهەموو ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی خەلیفە، سەره‌ڕای سەربازی نیزامی وهەبوونی جەندرمەو پاسەوان. هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌رێگه‌ی پیاوانی ئاینی پێکهاتەکانی تری وەکو مه‌سیحی”ره‌هبان”و جوله‌كه”موختار”وه داوای سه‌ربازییان له‌ناوچه‌كه‌یان كردو‌وە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خودی گه‌وره‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگانه له خزمه‌تی سه‌ربازی به‌خشراون.
ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌ساڵی1855 یاسای به‌زۆركردنی سه‌ربازی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا فه‌رزكردووە، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە؛ ئەم بڕیارە هاوڵاتیانی جوله‌وكه و مه‌سیحی نه‌گرتۆته‌وه، له‌بری خزمه‌تی سەربازی پاره‌ی لەبری(به‌ده‌ل)عه‌سكه‌ریان لێوه‌رگیراوه. به‌وجۆرە حكومه‌ت له‌خزمه‌تی سه‌ربازی به‌خشیوونی، واته ئه‌وكه‌سه‌ی پاره‌كه‌ی داوه له‌خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازی به‌خشراوه. ئە‌وه ناوبراوه به “به‌دلچی” ئه‌م یاسایه به‌خشینی تیابووه بۆ كه‌سی نه‌خۆش ونوقسان و كه‌سانی نووسه‌ر‌و خوێنده‌واری ئه‌و سه‌رده‌مه. له‌ساڵی1909 عوسمانییه‌كان یاسایه‌كی تریان ده‌ركرد كه تیایدا هاتووه، هه‌موو هاوڵاتییه‌كی نێری دانیشتوی ناوده‌وڵه‌تی عوسمانی كاتێک ته‌مه‌نی دەگاته 19 ساڵ پێویستە لەسەری خزمه‌تی سه‌ربازی ئه‌نجام بدات. ماوه‌یه‌ك پێش ساڵی1914 واته پێش هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، ته‌مه‌نی بانگێشتکردن و گرتنی سه‌ربازی كه‌مكرایه‌وه بۆ هه‌ژده ساڵی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌وسه‌روبه‌ره‌دا به‌ریتانییه‌كان هه‌وڵی له‌یه‌ك نزیكبونه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌تی كردو‌وە و هاوكاریكردوون به‌مه‌به‌ستی دژایه‌تی رووسه‌كان، هه‌روه‌ها رووسه‌كان هه‌وڵی راكێشانی سۆزی كورده‌كانیان داوه بۆ خۆیان.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته “سوڵتان عه‌بدولحه‌مید” جۆره هێزیكی تایبه‌تی سه‌ربازی دروستكردووە و ناو‌براوە به سواره‌ی حه‌میدی، ئه‌و كوردانه‌ی به‌شداری سه‌ربازیان له‌سواره‌ی حه‌میدی كردو‌وە، واته لەناو له‌شكری ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ئه‌وا به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز سودمه‌ندبوون لەدەوڵەت وەکو ئەوەی لەدانی باج وخه‌راج به‌خشراون. هەروەها له‌كاتی سه‌ركه‌وتنیان لەشەڕدا ئه‌وا موڵك و زه‌وی و زاریان پێ به‌خشراوه لەلایەن سوڵتانەوە له‌ناوچه‌كانی خۆیان یاخود لەناوچەی تر. سەرەڕای ئەوەی هەرچیەکیان دەست بەسەردا گرتووە لەمەیدانی جەنگدا دەستکەوت وخەڵات بووە بۆخۆیان، وەک ئەوەی دەڵێن؛ گرتوومانە بۆ خۆمان، ئەو دیاردەیە تاکو ئێستا لە ناو پێشمەرگە و هێزوچەکدرای کوردستاندا ماوە، ئەو شێوە بەشداریە بۆ هەموو نەتەوەو پێکهاتەکانی ناودەوڵەتی عوسمانی بووە. له‌و ساڵانه‌ی “له‌شكری حه‌میدی” په‌یدابووه هێزی هه‌میشه‌یی سه‌ربازی توركیا له‌ناوچه‌كه‌دا زیادیكردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ركوك وه‌ك بنكه و ئۆردوگایه‌كی گه‌وره‌و جبه‌خانه بۆ کۆکردنەوەی هێزی سەربازی به‌كارهاتووه لەم ناوچەیەدا. واتە ئەو سەربازگەیە بەشێوه‌یه‌كی وابووە تاكو بتوانرێت لە كه‌ركوكه‌وه هێزی پێویست بنێرێ بۆ ناوچه‌كانی تر‌و ده‌ورووبه‌ری، هه‌روه‌ها مه‌ڵبه‌ندی سه‌ربازگیری بووه. به‌پله‌یه‌كی نزمتر سه‌ربازی ناردووه بۆ ناوچه‌كانی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی دانیشتوانی كه‌ركوك وه‌ك هێزێك به‌كارهێنراون بۆ كاروباری سه‌ربازی له‌ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌و هێزە سه‌ربازیه‌ی لەسەربازگەی كه‌ركوكدابوون، زۆرجار ژماره‌یان به‌شێوه‌ی تیۆری گه‌شتۆته 2000 كه‌س و له‌سلیمانی1200كه‌س، به‌ڵام له‌وماوه‌یه‌ی”میجرسۆن” له‌سلێمانی بووه ئاماژەی بەوە کردووە هێزه‌كه‌ی سلێمانی له 120كه‌س زیاترنه‌بووه. هێزه‌كانی تورك له‌كه‌ركوك 400 كه‌س بووه. ئه‌فسه‌ره پله‌داره‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌كه نه‌بوون و بەتەواوەتی شارەزاییان له‌هونه‌ری سه‌ربازیدا نه‌بووه، كه‌مته‌رخه‌م و گه‌نده‌ڵبوون له‌راپەراندنی ئه‌ركی سەرشانیان، ئه‌م ئه‌فسه‌رانه زیاتر له‌به‌غدا و موسڵه‌وه هێنراوون بۆ سلێمانی و ده‌ورووبه‌ری. شارەزای ناوچەکە نەبوون و زمانی کوردیان نەزانیووە، ئەوە وایکردووە سەرکەتوو نەبوون لەکاروباری سەربازیان لەکوردستاندا. له‌به‌رخراپی بارودۆخی ئابووری ده‌وڵه‌تی عوسمانلی و بوونی گه‌نده‌ڵی وایكردووه چه‌ند مانگێك مووچه دابه‌ش نه‌كرێت و پارە خەرج نه‌کراوه بۆ تیپه سه‌ربازه‌كان. وه‌ك ده‌ڵێن به‌رپرسانی سەربازی”تابوورئاغاسی”و “ئه‌سكه‌ر موحاسبه‌چی” هه‌ر خه‌ریكی فرتوفێڵ و ساختە و ته‌زویربوون له‌كاروباری ژمێریاری سه‌ربازیدا، هه‌رله‌به‌رئه‌وه هەرکاتێک هێزه‌كانی تورك نێراون بۆ سه‌ر سنوور‌و ده‌ره‌وه‌ی شارەکان زۆربەیان هه‌ڵهاتوون ودورکەوتونەتەوە لەکاری سەربازی. لەده‌وڵه‌تی عوسمانی پله‌ی سه‌ربازی”عه‌سكه‌ری”و ئه‌و میلاکەی واتە ئەو پێگەوپلەیه‌ی له‌سلێمانی هه‌بووه به‌م شێوه‌یه‌بووه “جندرمه،چاوەش، باش جاوه‌ش”رئیس عرفا” دووخه‌تی هه‌بووه، پله‌ی ئه‌فسه‌ره‌كان به‌مشێوه‌یه بووه، نقیب=یوزباشی”و “رائید=بكباشی”المقدم”و “عه‌قید=بومباشی”و یه‌كه‌ی سه‌ربازی تابوور(فوج) بووە.
له‌م ناوچه‌یه‌دا ژماره‌ی ئه‌فسه‌ره‌كان زۆرتربووه له‌سه‌ربازه‌كان، ئه‌م ئه‌فسه‌رانه نه‌یانتوانیووه رێگری له‌یاخیبونی سه‌ربازه‌كان بگرن. هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌هاوینی ساڵی1909 دا له كه‌ركوك و سلێمانی یاخیبوونی سه‌ربازی به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام هه‌بووه. بۆ دابینكردنی ئارامی وئاسایش لەبارودۆخی سلێمانی و چه‌مچه‌ماڵ، هەروەها بۆ كاریگه‌ری له‌سه‌رمانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان وهەڵنەهاتنیان لەخزمەتی سەربازی لە كه‌ركوكەوە هێزی تریان ناردووه بۆ ئەم ناوچانە. ئەوە نیشانەیە بۆ ئەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستان و سلێمانی خواست و حەزیان لەکاری سەربازی نەبووە بۆ هیچ حکومەتێک، وەکو ئەوەی لەسەرەتاو ناوەڕاستی حەفتاکان وهەشتاکان گەنجی کورد زۆر بەکەمی بەشداری خزمەتی سەربازی کردووە. ئەوەی بۆیکراوە سەربازی هەڵهاتوو بوو (فیرار). بۆ چاودێریكردنی هێزی سه‌ربازی عوسمانییەکان كه‌سێكیان هێناوه و ناوبراوه بە”قانون”یان “قانون ئاغاسی”وه‌ك پۆلیس یاخود(ئینزیباتی سەربازی) چاودێری هه‌ڵسوكه‌وتی سووپای كردووه، ئه‌م قانونیانه به‌شه‌قام و كوڵانه‌كانی شاردا گه‌ڕاون و ئه‌گه‌ر سه‌ربازێك كارێكی نابەجێ وسه‌رپێچی و ناپه‌سه‌ند و نایاسایی كردبێت، ئەوا ده‌ستبه‌جێ ده‌ستبه‌سه‌ریان كرد‌وەو بردویانە بۆ زیندان (سجن). یاخود لێپێچینەوەیان کردووە و داوای مۆڵەتی سەربازییان کردووە لە هەرکاتێکدا بەپێویستیان زانیبێت.
ده‌سه‌ڵاتی”قانون پاشا” زۆر گه‌وەرو فراوان بووه، چونكه توانیویه‌تی لێپێچینەوەو لێپرسینەوە تاوەکو ئه‌فسه‌ری پلە باڵای “بومباشی” واته عه‌قید بکات، لەوکاتانەدا ئه‌گه‌ر ئەفسەرەکە هه‌ڵسوكه‌وتی ناپه‌سه‌ند بووایە، یان لەمۆڵتدا نەبوایەو لەناوشاردا بوایە، یاخود له‌ناوخه‌ڵكی وەکو ئەوەی دەست بەسەر ماڵی خەڵکی بگرێت وبیخوات وبەرتیل وەرگرێ.. بۆ لێپێچینەوە لەوجۆرە کارانە قانون ئاغاسی یەکسەر دەسەڵاتی هەبووە دەستبەسەر و زیندانیان بکەن. سه‌ربازی ئاسایی له‌كه‌ركوك و سلێمانی هه‌موویان چه‌كداربوون به‌چه‌كی”ماوزه‌ڕ”و “10”گولە، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی جەندره‌مه‌كان فیشه‌كیان كه‌مبووه، هه‌ندێكیان كۆڵه‌پشتیان پێبووه، کوردەکان خه‌نجه‌ری كوردانه‌یان هەڵگرتووە و بەبه‌ر پشتوێن وكەمەریانە‌وه کردووه، هه‌رسه‌ربازه‌ی چاكه‌تێكی درێژی هاودامانیان داوه‌تێ بۆماوەی ساڵێك، له‌مادده‌ی لۆكه‌ی شین باوی هه‌رزان دروستكراوبوو، سه‌ربازه‌كان ئه‌گه‌ر توركمان بونایه ئه‌وا سه‌روپێچی ئاساییان به‌ستووه، سه‌ربازی كورد جامانه‌ی به‌ستووه، ئه‌گه‌ر سەربازەکە عه‌ره‌ب بوایه عه‌گال و جه‌فته و ده‌سماڵی عەرەبی به‌ستووە. واتە سەرو سەربەستی ناوچەی و میللی بەکارهاتووە لەگەڵ جلوبەرگی سەربازی، بۆ ئەفسەر بەو شێوەیە نەبووە. سه‌ربازی تورك جۆرە پانتۆڵێكی سه‌یریان بۆ دروستكراوه، وه‌ك كراسی قۆڵكورتی سه‌ره وخوار مله‌كه‌ی دووراوه، سه‌ربازه‌كان لاقیان كردو‌وە به‌قۆڵه‌كانیا، وەکو پانتۆڵی سێ چارەکی ئێستا. ئه‌مجۆره پانتۆڵه وه‌ك ئاماژه‌ی بۆكراوه بۆ جموجوڵ و راكردن و سواری مه‌حاڵبووە، جاچۆن كاری سه‌ربازی پێوه كراوە. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سه‌ربازه‌كانی تورك له‌باری ده‌رونییه‌وه تابڵێی سرووشتێكی نائارام و هه‌ڵچویان هه‌بووه.
پۆلیسی ناوچه له‌سلێمانی و كه‌ركوك هه‌بوون، ئه‌مانه داوای پسوله‌ی مۆڵه‌تیان له‌سه‌ربازكرد‌ووه و سووكایه‌تیان پێكردوون، به‌رتیلیان لێوه‌رگرتوون بۆ رێکخستنی کاری نایاسایی. “ئیبراهیم حیلمی” له‌ساڵی”1913″ نووسیویه‌تی: – حامیه‌یی سلێمانی له‌تابوری یه‌كه‌م و دووم واته (له‌فه‌وجی یه‌كه‌م ودووه‌م) ئاڵای(فه‌یله‌ق) جه‌ندرمه‌كان دوو بلۆكن(سریه) یه‌كێكیان سواره و ئه‌وی تریان پیاده، هه‌ردوو هێزه‌كه‌یان بریتیبون له (16) ئه‌فسه‌ر و(50)سواره‌و(80) پیاده. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لەساڵانی کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی قوتابخانەی روشدیەی سەربازی، تەنها لەشاری سلێمانی وبەغداد هەبووە، دەرچوانی ئەم قوتابخانەیە بونەتە ئەفسەر لەدەوڵەتدا، بۆیە خەڵکی سلێمانی ئەفسەری زۆربووە بە بەراوردی شارەکانی تر. بەکورتی ئه‌وە بارودۆخی سه‌ربازی و هێزی نیزامی سه‌رده‌می عوسمانلی بووه له‌شاردا، پاشان سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م بارودۆخی سەربازی ده‌گۆڕێت و عوسمانیەکان هێزی میللی پێکدەهێنن بۆ بەشداری جەنگ و هاوکاری سووپاکەیان، هەروها بانگەشەی سەفەربه‌لک رادەگەیەنن لەدەوڵەتی عوسمانی‌دا. له‌كۆتایی جه‌نگی جیهانی یەکەم سه‌ربازی تورك به‌فه‌رمی له‌ناوچه‌كه ده‌كشێنه‌وه‌و هێزی بەریتانیا بەفه‌رمی تاكو تكریت وکفری وخانەقین دێن.
بەڵام ئەوەی ئاشکرایە لەم ناوچەیە لەسەردەمی دەولەتی عوسمانی، هێزی چەکداری خێڵەکی وتایبەتی هەبووە وکاری جیاوازیان کردووە، وەکوئەوەی چەکداربوون بۆ پاراستنی خۆیان وماڵ وموڵکیان، یاخود چەکداری عەشایری بوون لەدژی یەکتری شەڕیانکردووە لەسەر زەوی وزارو مەڕو ماڵات، یاخود ئەو چەکدارانە کاری رێگری وتاڵانی وچەتەیی (دزی)یان کردووە، واتە ئەنجامدانی کاری نایاسایی دژی کاروانچی و هاووڵاتیان، ئەم چەکدارانە یاخیبوون لە دەسەڵات وحکومەت، لێره‌وه له‌وبۆشاییه سیاسی و سه‌ربازی وئیدارییه‌ی ناوچه‌كه بارودۆخیكی تازە دێته ئاراوه ئه‌ویش هه‌وڵه‌كانی “شێخ مه‌حموود”ه بۆ بوونیاتنانی حكومداری خۆماڵی وکۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکە و بونیاتنانی حکومەتی کوردستان و دروستکردنی لەشکری کوردستان.
“چەکداری و لەشکری لەسەردەمی شێخ مەحموود”
لەدوای کارەساتی موسڵ، لەساڵی ١٩٠٩ کە بەسەر بنەماڵەی “شێخ مەحموود” دا هاتووە لەو ساڵەوە زۆر بەکەمی لەناوشاری سلێمانی نیشتەجێ بووە، بەڵکو لەدەرەوەی شار زۆربەی کات ژیانی بەسەربردووە، هەوڵی کۆکردنەوەی خێڵ و خەڵک وسەرۆک عەشرەتەکانی داوە بۆ شۆڕش و داوای ئازادی و سەربەخۆیی. هەروەک ئەوەی لەسەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم توانیویەتی هەزارەها چەکدار لەدەورووبەری خۆی کۆبکاتەوە، کاتێک لەگەڵ عوسمانیەکان ئاشتبووه‌تەوە و رێکكەوتوون دوای ئەوەی کۆتای بەجەنگی جیهانی هات عوسمانیەکان ئامادەبوون حوکمی کورد بدەن بە شێخ مەحموود. بۆ ئەو مەبەستە لەو رۆژگارەدا بەفەرمی کاروباری موتەصەریفی سلیمانی وسەرپەرشتی و دروستکردنی هێزی میللی وسەربازیان داوەتێ. ئەوەی لەکۆتای دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی روویداوە؛ ئەوەبووە عوسمانیەکان ناوچەکەیان چۆڵکردوە
و دەسەلات وتوانای سەربازی ناوچەکەیان خستۆتە ژێر دەسەڵاتی “شێخ مەحموود”ەوە بە فەرمی رێگەیان پێداوە بۆ پێکەوەنانی هێزی میللی بۆ پاراستنی سلێمانی لەدژی بەریتانیا، بۆ ئەو مەبەستە هاوکارییان کردووە وخەڵکی کەرکوک وگەرمیان وناوچەکانی کوردستان لەدەوری کۆبونەتەوە. لێرەوە “شێخ مەحموود” بەفەرمی بەناوی دەوڵەتی عوسمانییه‌وه پاراستنی کوردستان کۆمەڵێک چەکداری کۆکردۆتەوە لەژێر بەیداخی عوسمانیەکان و بەسەرپەرشتی “شێخ قادری حەفید”، ئامادەکرنی ئەو چەکدرانە بۆ شەڕی دژی ئینگلیزبووە، هەرچەندە لەو ساڵانەدا بەتایبەتی لەساڵی‌١٩١٤ بانگەشەی نەفیرعام یاخود سەفەر بەلک درابوو لەدەوڵەتی عوسمانی. واتە بەهەموو شێوەیەک دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی بەساربازکردن و چەکدارکردنی خەڵکی داوە. سەرەرای ئەوە شێوازی بەشداری ئەفسەری سەربازی کە خواست وویستی کەسی بووە، سەربازگرتن یاخود بەسەربازی کردنی خەڵکی بە بڕیار‌و یاسای دەوڵەتی عوسمانی بووە. لەسەردەمی” شێخ مەحموود” چەکداری لەهەموو قۆناغەکانی تر جیاوازبووە، واتە وەکو ئۆپۆزسیۆن لەسەردەمی عوسمانی، پاشان وەکو سەرۆکی هێزی میللی وموتەصەریفی سلێمانی لەکۆتای دەوڵەتی عوسمانی وپاشان لەسەردەمی حکومداری خۆیی و دوای هاتنی سووپای بەریتانیا وەکو سووپای لیفی کوردستان ولیفی و وشبانەی بەریتانیا هەبووە لە سلێمانی…
کەواتە “شێخ مەحموود” خودی خۆی و “شێخ قادری حەفید” سەرپەرشتی هێزی چەکداری کردووە بە چەندین قۆناغی جیاواز لەژیانیدا. واتە “شێخ مەحموود” پێش هاتنی بەریتانییەکان بۆ سلێمانی بە حکومدار بناسرێت بەرپرسی ئیداری وهێزی چەکداری ناوچەی سلێمانی بووە. بەڵام له‌سه‌رده‌می دامەزراندنی حكومه‌ته‌كه‌ی “شێخ مه‌حموود” چه‌كداری هه‌بووه، بەلەشکری “شێخ مەحموود” یان لەشکری کوردستان ناوبراون. خەرجی و مەسرەفیان لەسەر “شێخ مەحموود” یاخود حکومەتی کوردستان یان لەسەر سەرۆک هۆزەکان بووە، هەروەک ئەوەی نانخواردن وشوێنی حه‌وانه‌وەیان له ده‌بۆكەی سلێمانی بووه، ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ناوشار نه‌بوون لە دەبۆکە ماونه‌ته‌وه، واته خه‌رجی و ئه‌ركیان له‌سه‌ر حكومه‌ت بووه. له‌وسه‌رده‌مه‌دا به‌جۆرێكی تر، زۆربه‌ی كات سه‌رۆك خیڵ و كه‌سایه‌تییه‌كان شوێنكه‌وته‌و پیاویان هه‌بووه، له‌كاتێكدا ریش سپی هۆزو سه‌رۆكی خێڵ وبنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ته‌كان چەکدار و پیاویان هەبووە، هەرچەکدارێکیان بناردایه بۆ هه‌رشوێنێك ئەوا چەکدارەکە ئە‌چوو، یان سەرۆک عەشیرەت لەکاتی پێویستدا له‌گه‌ڵ خۆێدا بردوونی بۆ شوێنی مەبەست. بەداخەوە تاکو ئێستا ئەم جۆرە چەکدارییە لە فۆرمێکی تردا ماوەو بەردەوامە. ئه‌و شێوازی چه‌كدارییه تیایدا هه‌ندێكی دڵسۆزبووه و هه‌ندێكیشی به‌پێچه‌وانه‌وه بووه، رووگیری و رووپامایی و خۆهەڵکێشان بووه. هەندێکیان ئەوەندە دڵسۆزبوون خۆیان داوە بەکوشت وسەنگەریان چۆڵنەکردووە، وەکو ئەو قارەمانیەتییەی لەتاسڵوجە و دەربەندی بازیان کردیان، یان لەشەڕەکانی دواتر لەناوچەی شاڕباژێڕو گەرمیان وشارەزور وهەڵەبجە، ئەمانە گرنگییان بە مووچە و خەرجی نەداوە، بەشێکی زۆری مەسرەف وخەرجیان لەسەرخۆیان وخەڵکی بووە.
هەروەها ژماره‌یه‌كی تر لەوچەکدارانە جیاوازبوون، جا ژمارەیان هەرچەندە بووبێ زۆر یان كه‌م، ئەوا زۆرجار له‌كاتی پێویست وشه‌ڕدا خۆیان لاداوه و خۆیان پاراستوە و وه‌ك پێویست بەشداری شەڕەکە نه‌بوون، به‌شداریان تەنها بۆ خۆ ده‌رخستن وپشک وەرگرتنی دوای سەرکەوتنی شەڕ بووە، ئەگەری زۆری به‌جێهێشتنی شوێنی شه‌ڕیان هه‌بووه کە فشاریان لەسەربووبێت، ئه‌مه جگه لەوەی نابه‌رامبه‌ری هێزی به‌رامبه‌ری شەڕکەر بەشێوەیکی هەمیشەی کورد هەیبووە. هەندێ جار ئەمجۆرە چەکدارانە کەچاویان لەسەرنەبووە هۆكاری ده‌ست درێژی و لێدان وسووکایەتی کردن بوون بەخه‌ڵكی تر، زۆرجار لەچوارچێوەی تۆڵە سەندنەوەی عەشایری هەڵسوکەت و کاریانکردووە، بەتایبەتی كاتێك به‌شوێنیكدا تێپه‌ڕیوون دژی خەڵکی ناوچەکە بوبێتن، چونكه به‌رپرسیاریه‌تی ته‌واوی پاراستنی ولاتەکەیان لەئه‌ستۆ نه‌بووه. هه‌روه‌ها ژماره و جۆری چه‌ك و پێداویستییه‌كانیان لەسەرخۆیان بووە واتە خۆڕسكبووه، وه‌ك باسكراوه سه‌رۆك خێل وكه‌سایه‌تی واهه‌بووه وتویه‌تی ئه‌وه‌نده كه‌سی سواره به‌تفه‌نگ و جبه‌خانه‌وه ده‌نێرم، جا راستی کردووە یان هەندێکجار بۆ خۆ نواندن وخۆهەڵکێشانی دیووەخان بووە، زیاتر له‌وسه‌رده‌مه‌دا چه‌ك هڵگرتن له‌سه‌ربنه‌مای وه‌لائو خۆشه‌ویستی بووه بۆ “شێخ مه‌حمود”، كه هه‌ستی ئاینی ونه‌ته‌وه‌یی و پەیوەندی کۆمەڵایەتی كۆیكردونه‌ته‌وه. یان به‌شداری له‌شكری “شێخ مه‌حمود” بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی و دەستکەوتبووه. چونکە لەشەڕدا هەرکەسە هەرچیەکی گرتووە بۆ خۆی بووەو دەستی بەسەرداگرتووە.
وائه‌زانم ئه‌و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌بووه له‌دواتردا وای له‌شێخ مه‌حمود كردووه بڕوای به‌هێزی عه‌شایری ونانیزامی نه‌ماوه به‌تایبه‌تی له‌ساڵانی سیه‌كان به‌دوواوه. بەتایبەتی لەسەردەمی شۆڕشی رەشید عالی گەیلانی، به‌ڵام ئەوەی ئاماژەی ئازایەتی ودڵسۆزی بەشێک لەم چەکدارانە ئەوەبووە له‌پاش شكستیی دەربەندی بازیان و دوورخستنەوەی “شێخ مه‌حمود”، ئه‌م چه‌كدارانه‌ی شێخ به‌رده‌وام بوون و چه‌ند جارێك هه‌ڵیان كوتاوه‌ته سه‌ر ئینگلیزه‌كان، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ئینگلیزه‌كان بوون، توانیویانە بەریتانیەکانیان هەراسان کەن وزۆربەی کات لە چاودێری وئەرکدابن، واتە هەندێکیان چەکیان دانەناوە دژی ئینگلیز، هەر جەنگاون کاتێک “شێخ مەحموود” دەستبەسەرو دیلبووە، کە ئەوە نیشانەی دلسۆزی وئازایەتی بووە، هه‌ربۆیه له‌دوایدا له‌لایه‌ن ئینگلیز‌و حكومه‌ته‌وه بۆ سووككردن و رێگری له‌هه‌ڵگیرسانی شۆڕش و له ناوبردنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و ملكه‌چی بۆ سیاسه‌تی ئه‌و كاته‌ی به‌غداد ئه‌مانه‌یان به‌کەسانی چه‌ته‌و رێگر ناوبردووە. بەداخەوە کورد خۆی ئەم سیاسەتەی پەیڕەکردووە بۆ ناشرینکردنی مێژوو کەسایەتی تاکی کورد، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م چه‌كدارانه له‌سه‌ربنه‌مای نوسراو‌و رێكخستن وراهێنانی تۆكمه‌نه‌بووه، به‌ڵكو له‌خۆوه و بێ به‌رنامه و هه‌ركه‌سه به بیر و تێڕوانینی خۆی كاری كردووه.
هەرچەندە ماوەی حکومداری یەکەمی “شێخ مەحموود” لەساڵی ١٩١٩ کەم بووە، بەڵام هەوڵی رێکخستنی هێزی چەکداری داوەو داوای لەئەفسەرە ئینگلیزەکان کردووە راهێنان ورێکخستنی هێزی سەربازی بۆ بکەن. بۆ ئەو مەبەستە هێزی “لیڤیان” بۆ دامەزراندوە. هێزی لێڤیەکە سوارە و پیادەی هەبووە، “جەمال عیرفان” ئەفسەری هێزی عوسمانی بووە پێشتر لەکەرکوک، لەسەردەمی حکومداری کوردستان ئەفسەری هێزی سوارەی لیڤی بووە و “رەزا بەگ” کە ئەفسەرێکی دەوڵەتی عوسمانی بووە ئەفسەری هێزی لیڤی پیادەبووە. هێزی لیڤی کورد لەلایەن کاپتن چاپمان راهێنانیانی پێکراوە، لەکاتی هەڵگیرسانی شۆرش بەسەر بەریتانییەکان “جەمال عیرفان” هاوکاری “شێخ مەحموود” بووە وپاشان لەکاری سەربازی دورکەوتۆتەوە، بەلام “رەزا بەگ” تاوەکو بەدیلگیراوە شەڕی دژی مەحموود خان کردووە لە ئەزمڕ، گەربڕوانینە سووپای “شێخ مەحموود” ئەوا دەبین دوو شێوە بووە، یەکەمیان ئەو سووپایە بووە کە ئینگلیزەکان راهێنانیان ورێکخستنیان پێکردوون لەچوارچێوەی سووپای لیڤی،ئەمانە ژمارەیان لەنێوان ٨٠ بۆ١٠٠ کەس بووە، ئەفسەرە کوردەکانی سەردەمی عوسمانی بەشداربوون لەم پێکهاتەیە، شێوەی دووەمی سووپای “شێخ مەحموود” ئەو هێزە چەکدارە عەشایریانەبووە کە لەکاتی پێویستدا گەشتونەتە لای “شێخ مەحموود”، ئەمانە پابەند نەبوون بەرێنمای و یاسای سەربازییەوە.ژمارەیان لە گۆڕاندابووە، ژمارەیان کەوتوۆتە سەر بارودۆخ و هەڵوێست و ڕوداوەکان وپشتگیری سەرۆک خێڵ‌و هۆزەکان بۆ شێخ مەحموود و بیرورایان سەبارەت بەبەرژەوەندی خۆیان و دۆزی نەتەوەیی. یاخود بەشدارنەبونیان لەبەرئەوەی دژی شێخ مەحموود بوون، جا ئەو دژایەتییە بەهەرهۆکارێک بووبێت، یاخود هەندێک بنەماڵە و سەرۆک عەشیرەت ئیرەیی وسەرکەوتنی “شێخ مەحموود”یان نەویستووە ،چونکە حکومداریان وەکو دەسکەوتی کەسی داناوە و ئەو دەسکەوتەیان بەهی خۆیان ومیلەتەکەیان نەزانیووە.
“شێخ مەحموود” بۆخەرجی و دابینکردنی پێداویستی حکومەتەکەی و سەربازەکانی جگە لە مووچەکەی، لەسەردەمێکدا لەلای عوسمانییەکان یاخود مووچەی مانگانەی کە ناوبەناو لەلای ئینگلیزەکانەوە وەریگرتووە، ئەو بڕە پارانە کەمبووە بەشی خەرجی نەکردووە، رێگە دراوە بەوەی “شێخ مەحموود” بەناوی دەوڵەتی عوسمانییەوە باج و خەراج وگومرگ وەرگرێت، کە چۆن لەوسەردەمەدا لەسەربنەمای یاسایی دەوڵەتی عوسمانی بەگومرگی موتەصەریفییەت وەریگرتووە، ئەم دەیەکی بەرهەمی وەرگرتووە لە جوتیاران و خاوەن زەوی وموڵک وماڵ. پاشان ئینگلیزەکان هاتونەتە کوردستان باج وخەراج وگومركیان لەو رێژەیەی شیخ مەحموود زیاتر وەرگتووە لەخەڵکی ناوچەکە ولەجۆری پیداویستی و کەلوپەلی زیاتر. بەداخەوە وەرگرتنی باج وخەراج لەلایەن “شێخ مەحموود”ە وە، تاکو ئێستا هەندێک کەس دەڵێن “شێخ مەحموود سەرانەی سەندووەو خەڵکی تاڵانکردووە” ئەی بۆ ناڵێن پێشتر دەوڵەتی عوسمانی و پاشان ئینگلیز‌و دواتر ئێراق سەرانەیان وەرگرتووە لە خەڵکی. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە؛ ئەو ئەفسەرە کوردانەی لەدەوڵەتی عوسمانی گەڕاونەتەوە، لەگەڵ هێزە عەشایره‌کان توانای هەڵکردن و لێک تێگەشتیان کەم بووە. ئەوەی هەیە وەکو گەلی کورد لەسەردەمی هەردوو حکومدارییە کوردیەکەدا کە ماوەیان سەد ساڵە دیاردەی چەکداری هەمان کێشە و هەمان شێوازی هەیە بەکەموو کوڕیەکانیەوە وەکو دواکەوتویی وکۆنی لەچەک وجبەخانەی لەشکری کوردستان بەرامبەر هیزەکانی تری وەکو عوسمانی و بەریتانی وسووپای ئێراق. جگە لە نەشارەزایی ونەزانی پلانی سەربازی گونجاو.
“سەربازی لەسەردەمی بەریتانییەکان”
کاتێک بەریتانییەکان گەشتوونەتە ئێراق و کوردستان جۆرێکی تریان لەدیاردەی چەکداری داهێنا، لەبری(پۆلیس وجەندرمە و عەسکەرو سیخوڕ و پاسەوان وحەس حەس) کاریان پێسپاردوون بەپێی پێویستی خۆیان، ئەو چەکدارانە ناوبراون بە(شوبانەـ شبانە) بەفەرمی ئەرکیان چاودێری وپاسەوانی وپاراستنی دامەزراوەو ماڵە بەرپرسی بەریتانیەکان بووە. شوبانە زاراوەیەکی فارسیە بەمانای پاسەوانی شەو دێت، میس بێڵ دەڵێت(شوبانە بەو کەسە بەکرێ گیراوە ناوخۆیانە وتراوە کاری پۆلیسی وسەربازی وپاسەوانی زیندانییان پێکراوە، شوبانە لەئێراق لەخەڵکی وڵاتەکەی خۆیان بوون لەعەرەب وکورد و تورکمان). ئەم هێزە فەرمانیان لەحاکمی سیاسی ناوچەکانەوە وەرگرتووە راستەوخۆ، بەرپرسی سریەکانیان لەناوخۆی خەڵکی و سەرۆک عەشرەتەکان بووە. واتە ئینگلیزەکان جاشی و بەکرێگیراوی داهێناوە کە دەبینین کۆتای ساڵی هەشتاکان جاشی خۆفرۆشی و ئامر سریەیەتی لەبرەودابوو.کە دوای راپەرین بەشێک لەمانە بوونە وردە سەرکردە و بەرپرسی حیزبی پارتە کوردستانییەکان وسودمەندی حکومەتی هەرێم لەژێر کۆمەڵیک ناودا، بۆ یەکەمجار دامەزراندنی ئەم چەکدارانە لەساڵی ١٩١٥ لە ناصریەبووە، کە٤٠ کەسی سواریان بەشوبانە وەرگرتووە، لەساڵی‌١٩١٦ ژمارەیان گەشتۆتە٣٣٠سوارەو لەژێر بڕیاری هەواڵگری بەریتانیا کاریان کردووە، بۆ وەرگرتن وکۆکردنەوەی زانیاری پێوست بۆ بەریتانیەکان.
پاشان کاری پاسەوانی هێڵی ئاسنی ناسریەیان بە١٧٤ کەسیان سپاردووە. لەساڵی‌١٩١٧ ژمارەیان لەم ناوچەیە گەشتۆتە ٤٢٤ کەس، پاشان لەئێراقدا لەساڵی ١٩١٨ ژمارەیان٢٠٠٠ کەس بووە و لەساڵی‌١٩٢٠ژمارەیان گەشتۆتە٤٨٠٠ کەس، لەو ژمارەیە٨٠٠ کەسیان کوردبوون لەکوردستاندا ئەرکیان بینیوە، لەوساڵەدا٢٠٠ کەسی کورد شوبانە بوون لەخانه‌قین ومیجرسۆن بەکاریهێناون لەئیش وکارەکانیدا. دەبینین لەساڵی‌١٩٢٢ ژمارەی شوبانە گەشتۆتە٦٠٠٠کەس، لەگەڵ ئەوەی لەو ساڵەدا ٤٠٠٠٠ سەربازو ئەفسەری بەریتانیا لەئێراقدا بووە. ئەو شوبانە مووچەکانیان لەنێوان٦٠ بۆ٧٠ روپیە بووە بۆ کەسی سوارە ٧٠ بۆ ٨٠ روپیە بووە. هەندیکی کەش هەبووە لەئەرکدا جیاوازبوو هەواڵگری کردووە بڕی‌٤٠ بۆ٥٠ روپیە موچەی بووە. وەکو ئەوەی سەرۆک هۆزو سەرۆکی عەشەرەتیان کردوە بەسەرۆکی هێزی شوبانەو موچەی‌٢٥٠ تاکو٣٠٠ روپیەی هەبووە. ریکخستنیان لەسەر شێوازی ریکخستنی هندی بووە هەر ١٠٠ کەسیان سریەیەکیان لێپێکهێناوەو هەر١٠ شوبانە کەسێک بەپلەی عەریف بەرپرسیان بووە. ئەو شوبانەی خوێندەواریان هەبووە پلە بەرزکردنەوەیان بۆ کردووە تا وەکو پلەی نەقیب. ئەوەی خوێ، دەورای نەبووە پلە بەرزکردنەوەی بۆ نەکراوە.
ئەوەی جێگەی ئاماژەیە، لەساڵی ١٩١٨ بەریتانیەکان هەرچی پیشەی جەندرمەبووە لەدەوڵەتی عوسمانی کەنارگیریان کردوون ودوریانحستونەتەوە، ئەو پیشەوکارەیان نەهێشت کەدەوڵەتی عوسمانی داینابوو بگرە پەرەیان بە دامەزراندنی شوبانە داوە. دەبینین ڕووداوی مێژووی دووبارە ئەبێتەوە وەکو ئەوەی لە ساڵی‌٢٠٠٣ پۆل بریمەری حاکمی سیاسی ئەمریکا بەرامبەر بە ئەفسەر و سووپای ئێراق کردی وئەو سووپا بەهێزەی هەڵوەشاندەوە ویەکێكی تازەی دروستکرد.
ئەو شوبانەی پاسەوانی رێگەی هاتووچۆیان لەئەستۆدا بووە لە ساڵی‌١٩١٩ بەکارهێنران وەکو هێزی دژی میللەت وخەڵکی خۆیان، لەو ساڵەوە کاری راهێنانی سەربازیان پێکردوون وئامادەیانکردون بۆ بەشداری لەکاتی ڕوودانی هەرشەڕێکی ناوخۆ، بەریتانییەکان هەرچیەکیان ویستوە پێیانکردوون تا کار گەشتۆتە ئەوەی راویان پێکردوون. پاشان بەریتانیەکان بیریان لەوەکردۆتەوە بەپێی پێویست لەیەکەی سەربازیدا بەکاریانهێناون و سووپایان لێ دروستکردوون. وەکو ئەوەی “میس بیل” دەڵێت لەرۆژی ئابی‌١٩٢٠ لە شارەبان وحلە باشترین شەڕیان بۆ کردین دژی دوژمەنەکانمان، دەبێت ئەو هەڵوێستەیان لەبیرنەکەین، واتە شەڕکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەی خۆیان. بەڵام ویلسن ئاماژەی بەوەکردووە ئەو شوبانە لەناوخەڵکی میزۆپۆتامیا خۆشەویست نەبوون، زۆرجار ئەگەر بچونایە بۆ داوای ژن و ژنخوازی کەس ژنی نەئەدانێ وبچونایەتە هەر کۆڕ‌و کۆبونەوەیەکەوە وەڵامی سەلامەکەیان نەئەدانەوەو بەکافر ناویان بردوون، کار گەشتۆتە ئەوەی خەڵکی ئامادەنەبووە جامێک ئاوی خواردنەوە یان قاوەیەکیان بدەنێ لەکاتێک ئەچونە ناو خەڵکەوە.
پاش شکستی “شێخ مەحموود” لەدەربەندی بازیان وهاتنی بەریتانیە‌كان بۆ سلێمانی ده‌بینین دیارده‌ی سه‌ربازی و شوبانە له‌سه‌رده‌می ئینگلیزەكان گۆڕانكاری به‌خۆیه‌بینیوه. وه‌ك ئه‌وه‌ی هاندان کرابێ دەبینین زیادەی موچە روویداوە وەك لای خوارەوە نوسراوه:- له‌ژماره 23 هه‌فته‌نامه‌ی”پێشكوتن” له‌رۆژی 30 سیپتمبر1920: (بوزانین ـ عسكر سلێمانی ـ له هول مانكی اكتوبر 1920 له‌مانگانه عسكر سلێمانی) ـ پلەی سوارەی سەربازی، مانگی به روپیه، باشچاوه‌ش80-90 چاوه‌ش 65-75، أونباشی 60-70، وكیل أونباشی 55-65، نفر 50-60
موچەی سەبازی پیاده بەمشێوەیەی خوارەوە زیادی کردووە؛ پلەی سەبازی پایدە، مانگی به روپیه، مانگی به روپیه:- باشچاوه‌ش 75-85 ، چاوه‌ش 60-70، أونباشی 55-65، وكیل أونباشی50-60 ، نفر 45-55
لە دابینکردنی خواردنەوە ئاماژەی بۆ کراوە؛ (تا ئیستا ره‌سم وابووه كه له قشله چێشتیان ده‌كرد و عه‌سكه‌ر خۆیان له‌چێشتخانه ئه‌یانكڕی. له‌مه‌ولا امه كوررا بم، ڕه‌نكه كه عه‌سكه‌ر وك پێش‌و له‌قشله ده‌خۆن، روژی 10 عانه، له جیاتی خواردنیان ده‌ده‌ن كه له پیشو هه‌رزانتر ئه‌كه‌وێت. له‌وانه كه‌ژن و مالیان هیه‌و له‌ماڵه‌وه ده‌خۆن، ڕوژی 10 عانه یان لی ناسه‌ندرێت. هه‌ر وه‌ختێك و له هه‌رجێگا و شوێنك چێشتخانه نه‌بێت ڕوژی 10 عانه له عه‌سكر وه‌رناگیرێت).
مانگانه خزمه‌ت؛ هچ كس كه سالیك خزمه‌تی كردبی و له امتحان تعلیم تفنك هاویشتن بیته دره‌وه مانگانه‌ی او مانگی5 روپیه زیاد ده‌كریت.
جل (جلوبەرگی سەبازی)؛ سالی دو دست جل‌و كوش‌و گوره‌وی‌و شتی تریان بو ده‌كریت.
أگر‌وچرا: أوانه‌ی دانیشتوی قشله‌ن له همو وختیكدا چرا‌و اگر بو گرم كردنی اوده‌كان ایان دریتی
هه‌ڵبه‌ته ئه‌م بایه‌خ دانه به‌هێزی سه‌ربازی لیڤی به‌زیادكردنی مووچه و باشكردنی ژیانیان له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك بووه له‌م شاره‌دا، تاوه‌كو وابكه‌ن خه‌ڵكی لەشێخ مه‌حمود بڕه‌نجێنن و دووركه‌ونه‌وه، ئه‌گینا ساڵانی دواتر موچه‌كانیان كه‌مكردونه‌ته‌وه‌و لێیانبڕیوون. ئه‌مه‌ش سیاسه‌تی ئینگلیزبووه بێئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌خۆی بزانێت.
“ئینگلیزەکان وەک دیاردەیەکی چەکداری خەنجەریان قەدەغەکرد”
دیاردەی خەنجەر هەڵگرتن لەناو خەڵکی سلێمانی جاران، هێمایەک بووە بۆ ئازایەتی ونیشاندانی پیاوەتی. چەندین جۆری جیاوازی هەبووە لە شێوازی دروستکردنی وەکو پیشەو کاری دەست ڕەنگینی، جیاوازی لەگەورەو بچوکی، بۆ چەندین مەبەست بەکارهاتووە، بەتایبەتی وەکو چەکێکی خۆش دەست وئامادە ناو‌براوە، کاتێک ئینگلیزەکان هاتن ویستیان دیارده‌ی خه‌نجه‌ركردن به‌قه‌ددا نه‌هێڵن. وه‌ك ئه‌وه‌ی دەبینن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بڕیاری حاكمی سیاسی بڵاوکراوەتەوە؛ له‌لایه‌ن حاكمی سیاسی میجرگولدسمیس له11جون1921هاتووه “بو زانین همو اعلان دكریت كه لمودوا خنجر به‌قدا كردن‌وهلگرتنی له‌ناو شاردا ممنوعه هچكسیك به‌پی ام امره نه‌روا به‌ریوه به حپس یا جزا محكوم ده‌كریت. “.
به‌ڵام تاكو ساڵی 1942 دیارده‌ی خه‌نجه‌ر بەبەر پشتوێندا باوبوه له‌ناوشاردا، به‌ڵام به‌بڕیاری موته‌سه‌رف ئه‌و دیارده‌یه قه‌ده‌غه‌كراو به‌ره‌ونه‌مان چوو. بەلام ئەم دیاردەیە لەلای پیاوانی بەسالاچوان وهەندێک کەسی تر وەکو جوانی وهێمای پیاوەتی مابۆوە تاوەکو ساڵانی هەشتاکان وتەزبێحیان دە ئەڵاند بەدەسکی خەنجەرەکەوە.