گەیشتن بە خواست و بەرژەوەندییە سەرەکییەکان و دوور کەوتنەوە لە مەترسی و زیانەکان، دوو پاڵنەری سەرەکی دەوڵەتن، لێردەدا تا ڕادەیەک بەم میتۆدە سیاسەتی ئیمارات شیدەکەینەوە، سیاسەتی “ئیمارات” سێ پایە، یان سێ پاڵنەری سەرەکی هەیە، دانەیەکی دەتوانین ناوی بنێین “سیاسەتی بەندەر” کە بەشێکە لە ئابووری شین، دووەمی سیاسەتی دژایەتی و، سەرکوتکردن و، ڕێگرتن لە تەشەنەکردنی “ئیسلامی سیاسی” لە هەر شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت لە جیهانیش.
سێیەم، ترس لە “ئێران” و هەژموونی بەسەر ناوچەکەدا، سەبارەت بە “سیاسەتی بەندەر”، یەکێ لە پاڵنەرە هەرە سەرەکییەکانی هەڵسوکەوت و سیاسەتی “ئیمارات” بریتییە؛ لە کۆنترۆڵکردنی زۆرترین بەندەرە دەریایی و ئاوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنانەت هەوڵدەدات ئامادەیی هەبێت لە زۆربەی بەندەرە گرنگەکانی جیهان، لەم ڕووەوە سەرکەوتنی گەورەشی بەدەست هێناوە.
“ئیمارات” لە ئێستادا لە ڕێگەی کۆمپانیایەکی خۆیەوە (موانئ دبی العالمیە- DP World) ئامادەیی هەیە لە بەڕێوبردنی زیاد لە ٧٠ بەندەر لە جیهاندا، لە شەش کیشوەر، بۆ نموونە؛ ئامادەیی هەیە لە ئیدارەکردنی هەندێ بەندەر لە (چین و کۆریا، مۆزەمبیق و سهنیگال، ئەڵمانیا و فەرەنسا، کەنەدا و ئوسترالیا، دۆمینیکان، پاکستان و، هیند و، ڤێتنام).
پێش ڕووخاندنی “عەلی عەبدوڵا ساڵح”ی سەرۆکی یەمەن، بەندەری “عەدەن” کە لە گرنگترین بەندەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیشە، بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بەرێوەبردنی درا بوو بە کۆمپانیاکەی ئیمارات، بەڵام دوای ڕووخاندنی “ساڵح”، ئەو ڕێكکەوتنامەیە هەڵوەشایەوە.
“ئیمارات” دەیەوێت ئەو ڕێکكەوتننامەیە زیندوو بکاتەوە، یاخود ڕێ نەدات بەندەرەکانی “یەمەن” کار بکەن، واتە؛ ئیمارات دەیەوێت یان پشکی هەبێت لە بەندەرەکانی یەمەن، یاخود بەندەرەکان لە کار بخات، بە هەمان شێوە یەکێ لە مەبەستە سەرەکییەکانی “ئیمارات” لەو دەستێوەردانە زۆرەی لە “لیبیا” بۆ مەبەستی سەپاندنی هەژموونی خۆیەتی بەسەر بەندەرەکانی لیبیا، کە نزیکەی ١٠ بەندەر دەبن، بەندەرەکانی؛ لیبیا، ئەفریقا و، ئاسیا و، ئەوروپا بە یەکەوە دەبەستنەوە.
پێشتریش “ئیمارات” بۆندێکی لەگەڵ جەزائیر مۆرکردووە، کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ بەندەری (جن جن)ی جەزائیر بەڕێوە دەبات، ئەو بەندەرەش هەمان گرنگی و خاسیەتی بەندەرەکانی لیبیای هەیە، دوای نەمانی دەسەڵاتی بەشیر لە “سودان”، ئیمارات لە ڕێگەی جەنەراڵە سەربازییەکانی سودانەوە، ئامادەیی و هەژموونێکی گەورەی هەیە لە سودان، ڕۆژهەڵاتی “سودان” دەڕوانێتە سەر دەریای سوور، “ئیمارات” مەبەستیەتی بەندەرەکانی سودان لەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات، بە تایبەت کە “تورکیا” و سەرۆکی لابراوی سودان ڕێکكەوتننامەیان هەبوو، کە بنکەیەکی سەربازی تورکی لە رۆژهەڵاتی سودان لەسەر دەریای سوور بکرێتەوە، “ئیمارات” لە ڕێگەی حکومەتی نوێی سودانەوە، ڕێگری لەو پڕۆژەیەیی تورکیا کرد، ئامادەبوونی بەهێزی “ئیمارات” لە سۆماڵیا لاند، کە هەرێمێکی سۆماڵە لە ١٩٩١ەوە سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە و، هیچ دەوڵەتێک دانی پیانەناوە.
ئەم نیمچە دەوڵەتە دەڕوانێتە سەر کەنداوی عەدەن (بەشێکە لە دەریای عەرەب و ئۆقیانووسی هیندی) و نزیکە لە دەروازەی گەرووی (باب المدنب)، بەندەری (بربرە)ی هەیە کە بە گرنگترین بەندەری ئەو ناوچەیە دادەنرێت، لە لایەن ئیماراتەوە بەڕێوە دەچێت، ئیمارات سەرەتا ویستی لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی سۆماڵەوە بەندەرەکانی سۆماڵ کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام (تورکیا و قەتەر) توانییان حکومەتی ناوەندی “سۆماڵ” دووربخەنەوە لە ئیمارات، هەر بۆیە ئیمارات لە ڕێگەی “سۆماڵیالاند”ەوە هەژموونی خۆی گەیاندە ئەو ناوچەیە، بە نزیکەی نیو ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لەوێ، ئەمەش بۆ نیمچە دەوڵەتێکی وەک “سۆماڵیالاند” گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە وەک جۆرێک لە دانپێدانانە و بە بێ ڕەزامەندی حکومەتی ناوەندی سۆماڵ ئەنجامدراوە، کە “سۆماڵیالاند” زۆر مەبەستیەتی دەوڵەتان بە بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ناوەند، مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، “ئیمارات” لە ڕێگەی پەیوەندییەکانی بە سۆماڵیالاند-ەوە، دەیەوێت فشار لەسەر حکومەتی ناوەندی سۆماڵ دروست بکات و لە تورکیا و قەتەری دووربخاتەوە جگە لەوەی “سۆماڵیالاند” لە ڕووی جوگرافی و بەندەرەوە، گرنگیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازی گرنگی هەیە بۆ ئیمارات، بە تایبەت نزیکە لە یەمەنەوە.
بەوەش ئەسیوبیا کە ژمارەی دانیشتووانی سەد ملیۆن دەبێت، لە دەوڵەتێکەوە کە دەیڕوانییە سەر دەریایی سوور وگەرووی (باب المندب)، بووە دەوڵەتێکی حەبیس کە هیچ سنوورێکی دەریایی نەبێت، بەوەش “ئەسیوبیا” زیاتر پشتی بە بەندەرەکانی وڵاتی جیبۆتی دەبەست بۆ گەیشتن بە دەریا، چونکە لەگەڵ “ئەلیتیریا” لە شەڕ وململانێ بوو نەیدەتوانی پشت بە بەندەرەکانی ببەستێت، “جیبۆتی” دەڕوانێتە سەر دەریای سوور و (باب المندب)، پێش ساڵی ٢٠١٨ ئیمارات بۆندێکی هەبوو لەگەڵ “جیبۆتی” بۆ بەڕێوەبردنی بەندەری سەرەکی “جیبۆتی”، بەڵام دوای ماوەیەک حکومەتی “جیبۆتی” بۆندەکەی هەڵوەشاندەوە.
یەکێ لە هۆکارەکان کە وایکرد “ئیمارات” هەوڵبدات ئاشتی لە نێوان (ئەلیتیریا و ئەسیوبیا) دروست بکات، ئەوە بوو کە “ئەسیوبیا” ئیتر بەندەرەکانی “ئەلیتیریا” بەکاربهێنێت و دووبکەوێتەوە لە جیبۆتی، ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ “جیبۆتی” کە ئەسیوبیایەکی خاوەن سەد ملیۆن دانیشتوان ئیتر بەندەرەکانی بەکارنەهێنێت، “ئیمارات” داوا دەکات کە ئەسیوبیا بەندەرەکانی ئەلیتیریا وسۆماڵیالاند بەکاربێنێت لە بری ئەوەی جیبۆتی، ئەمەش جۆرە فشارێکە لە جیبۆتی، تا بە پەیوەندییەکانی خۆی وئیماراتدا بچێتەوە و دەستی ئیمارات بێنێتەوە بۆ بەندەرەکانی خۆی، ئیماڕات مەبەستیەتی ڕۆڵی هەبێت لە زۆربەی بەندەرەکانی سەر کەنداوی عەدەن و باب المندب و دەریایی سوور وکەناڵی سوێس.
لە ئێستادا هەژموونی گەورەی هەیە لە بەندەرەکانی “یەمەن”، ئەلیتیریا و سۆماڵیالاند، هەروەها هەژموونی هەیە لە سوودانی دوای بەشیر، کە چاوەڕوان دەکرێت “ئیمارات” بەڕێوەبردنی بەندەرەکانی سوودان لە دەریایی سوور بگرێتە دەست، هەژموونی گەورەی هەیە لە “میسر”ی سەردەمی سیسی، میسر دەڕوانێتە سەر دەریایی سوور و دەریایی ناوەڕاست، هەروەها خاوەنی نۆکەندی سوێسە، لە ٢٠٠٨ەوە بەندەری (العین السخنە) کە لە گرنگترین بەندەرەکانی میسرە لە دەریایی سوور و نۆکەندی سوێس، لە لایەن ئیماراتەوە بەڕێوەدەبرێت، هەر وەها “ئیمارات” پلانی هەیە چەند بەندەرێکی تر لە میسر دروست بکات لەسەر دەریایی ناوەڕاست و دەریایی سوور.
هەژموونی کۆمپانیای (موانئ دبی العالمیە)ی ئیماراتی لە میسر، لە سەردەمی سیسی، گەیشتووەتە ئاستێک کە دەنگۆ و ترسی ئەوە هەیە میسر نۆکەندی سوێس بفرۆشێت بە ئیمارات (ئەمە زیاتر پڕوپاگەندەیە، بەڵام گوزارشت لەو هەژموونە گەورەیەیی ئیمارات دەکات لە میسر).
بە هەمان شێوە ئیمارات دەیەوێت لە ڕێگەی پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ “ئیسرائیل” ڕۆڵی هەبێت لە بەندەرەکانی “ئیسرائیل”، کە دەڕواننە دەریایی سوور و دەریایی ناوەڕاست، لە ئێستادا کۆمپانیاکەی “ئیمارات” خەریکی کڕینی پشکێکی گەورەی بەندەری (حیفا)ی ئیسرائیلە کە دەڕوانێتە دەریایی سوور، ئەمەش یەکێکە لە ئامانج و ئەنجامەکانی ڕێکكەوتنەکەی (ئیمارات و ئیسرائیل)، هەر وەها ساڵی ٢٠٢٠ ئیمارات ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ وەبەرهێنان لە بەندەری (جدە الإسلامی) سعودی کە دەڕوانێتە دەریایی سوور.
هەروەها “ئیمارات” پڕۆژە و پلانی هەیە کە بەندەری (الفجیرە) ئامادە بکات بۆ ئەوەی ببێتە بەندەرێکی سەرەکی هاوشێوەی (جبل علی) و بتوانێت زۆبەی هەناردە وهاوردەکانی، بە تایبەت هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئەو بەندەرەوە ئەنجامبدات، (الفجیرە) بەندەرێکی ئیماراتییە دەکەوێتە سەر کەنداوی “عومان”، واتە؛ دەکەوێتە دەرەوەی گەرووی هورمز و کەنداوی عەرەبی، تاکە بەندەری ئیماراتە کە لە دەرەوەی گەرووی هورمزە، بەڵام ئەم بەندەرە ئەستەمە بتوانێت ببێتە تاکە بەندەری “ئیمارات” ئەگەر “ئێران” کێشەی بۆ گەرووی “هورمز” دروستکرد، بە تایبەت بەندەری (جبل علی) لە سەرەکیترین بەندەری ئیماراتە، دەکەوێتە سەر کەنداوی عەرەبی و پێویستە هاتووچۆی کەشتیەکانی بە هورمزدا تێپەڕن.
هەروەها “ئیمارات” پلانی هەیە لە ڕێگەی وڵاتی عومان-ەوە بگاتە کەنداوی عومان بە بێ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز، هاوکات لە هەوڵدایە لە ڕێگەی سعودییەوە بگاتە دەریای سوور بە بێ تێپەڕبوون لە “هورمز” و تەنانەت لە (باب المندب)یش کە حوسییەکان دەتوانن کێشەی بۆ دروستبکەن، بۆ ئەوەش چەندین پڕۆژەی دروستکردنی بۆری نەوتی ئامادەکردوە.
تا ساڵی ٢٠١٢ لە ٩٩٪ی هەناردەکردنی نەوتی “ئیمارات” بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕی، لە ٢٠١٣ەوە “ئیمارات” کار لەسەر ئەوە دەکات کە بەندەری (الفجیرە) بکاتە بەندەری سەرەکی، هەر بۆیە؛ ئێستا ئیمارات سەرەڕای ئەوەی زۆربەی نەوتەکەی هەر لە هورمزەوە تێدەپەڕێت، بەڵام بە براورد بە ساڵانی پێش ٢٠١٢ بە ڕێژەیەکی کەمتر پشت بە هورمز دەبەستێت.
بیرمەندی “ئەمریکی” بواری جیۆپۆلەتیک “ئەلفرید ماهان” پێیوایە باشترین هەنگاو بۆ ئەوەی دەوڵەتێک ببێتە زلهێز، ئەوەیە دەریا و ئۆقیانوسەکان کۆنتڕۆڵ بکات، چونکە بەوە بازرگانی کۆنتڕۆڵ دەکات، ئەوەش واتە بوون بە زلهێز.
ئەو هەژموونەی “ئیمارات” بەسەر بەندەر و ڕێڕەوە ئاوییەکان ڕەنگە وای لێ بکات هەژموونێکی جیهانی هەبێت و ئێران ودەوڵەتانی تریش نەتوانن دەستی لێ بوەشێنن، هەروەها “ئیمارات” لە ڕێگەی ئەم سیاسەتی بەندەرەوە دەتوانێت باش خۆی ئامادە بۆ ئەگەری هاتنی سەردەمی “چین” و تەواو بوونی پلانە گەورەکەی “چین” کە ڕێگای بازرگانییەکانە (ڕێگاکانی ئاوریشم) بۆ ئەم ناوچەیە، کە “ئیمارات” لەوانەیە گەورەترین سوودمەند بێت، ئەو کات بە هۆی هەژموونی بەسەر زۆربەی بەندەر و ڕێڕەوە ئاوییە گرنگ و بازرگانییەکاندا، ڕێڕەوە ئاوی و بەندەر وگەرووەکان شادەماری بازرگانی جیهانن و ڕێگەی سەرەکین بۆ گواستنەوەی شمەک ووزە لەجیهاندا.