ئای کیو iq، پێوانەکردنی زیرەکی تاکێک کە لە ڕێگەی تاقیکردنەوەکانی زیرەکی ستانداردەوە بەدەست هاتووە. زانینی رادەی iq بۆ ئەوەیە بزاندرێت ڕادەی چاوەڕوانی لە توانای کەسێک چەندە یاخود چەند زیرەکە، ئەم جۆرە تاقیکردنەوەیە چەند پرسیارێکی پەیوەست بە ژیریی و زیرەکیی لەخۆ دەگرێت، بۆ زانینی ئەوەی ئاخۆ توانستی کەسەکە بۆ زانینی وەڵامەکان چەندە لە هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و چارەسەری لۆژیکی بۆ پرسیارەکان. بە شێوەیەکی گشتی تایبەتمەندان وای دادەنێن زۆربەی خەڵک (٦٨) ڕادەی زیرەکیان لە نێوان ٨٥-١١٥ یە. واتا تا ڕادەیەکی باش دەتوانن چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزنەوە و سەریان لێی دەربچێت. بەڵام دەوروبەری ١٠% هەن، کە لە خوار ٨٥ iq ن، ئەمانە بە ئەستەم سەریان لە کاروبار و خوێندن و ژیانی خۆیان دەردەچێت. بەو پێیەش، ئەوانە لە خوێندن و هەندێک کاری خاوەن تایبەتمەندی ورد سەرکەوتوو نابن، ئەوەش بەهۆی لاوازیی iq، زۆر ماندوو دەبن و ناگەنە چارەسەر. ئەمە ئەوەش ناگەیەنێت کە ئەوانە هیچ ئیشێک نەکەن. ئەوانەی iq یان سەرووی ١١٥-١٢٩ بێت بە سەرووی زیرەکیی ئاسایی دادەنرێن؛ ١٣٠-١٤٤ بە بەهرەمەند لەقەڵەم دەدرێن و سەرووی ١٤٥ بۆ ١٥٩ بە بەهرەمەندی باڵا، زۆر زیرەک، لەقەڵەم دەدرێن.
لە ڕووداوە مێژووییەکان، بە تایبەت لە سەدەی بیست، زۆرێک لە وڵاتان سەربازی iq لاوازیان بۆ جەنگەکان بەکاردەهێنا. ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکی بە ژمارەکردنی مرۆڤ و ئابوورییانە بوو، بەو پێیەی ئەوانەی iq یان لاوازە، کەمتر بیر لە دەرئەنجامی کارەکانیان دەکەنەوە و سوودیان لە کاری ستراتیژی کەمترە، لەکاری وەکو پلاندانان، پیلاندانان، داڕشتنی ستراتیژی، یاسادانان و سیاسەت و بەڕێوەبردن و فێرکردن و هتد. کەواتە، دەردەکەوێت کەسانی زیرەکی کەم، یان iq ی لاواز، بە ئاسانی لە ململانێ و کێبڕکێ سیاسیی و سەربازییەکان بەکار دەهێندرێن. لە خوێندن ئەوانەی iq یان کەمە، تووشی کێشەی بە بیرهاتنەوە دەبن لەبەر ئەوەی هێواش وەری دەگرن و خێرا لە یادیان دەچێتەوە. هاوکات زۆر ماندوو دەبن بە خوێندن و شیکردنەوەی بابەتەکان. پێشبینیکراو بۆ زانکۆکان خەڵکی سەرووی iq ١١٥ وەربگرن، بەڵام هەم لە کوردستان بە زۆریی و هەمیش لە دەرەوە قوتابی بە iq نزم و زۆر نزمیش وەردەگیرێت. ئەمەش کێشە بۆ پێشڤەچوونی ئەکادیمی و زانستی دەنێتەوە. بەپێی ژمارەیەک توێژینەوە، لە تێکڕای ئەمریکا، زیاتر لە ٥٠% ئەوانەی زیرەکی کەمیان هەیە واز لە خوێندن دەهێنن یان سەرکەوتوو نابن. ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە، ئەگەر بێت و هەڵسەنگاندنەکە کەمێک وردتر بێت، ئەو رێژە سەدییە زیاتر بەرز دەبێتەوە. ئەمە. وێڕای ئەوەی لەو ٥٠% دیکە، چوار لە دەیان بە شەش ساڵ تەواوی دەکەن یانیش ئەنجامەکانی کۆتاییان سەنگێکی ئەکادیمی وەهای نابێت. واتا رێژەکە بۆ نزیکەی ٥٨% تا ٦٠% ی کەوتن بەرز دەبێتەوە.
پێویستە ئەوەش بگوترێت، پەتای کۆڕۆنا کاریگەری زۆر خراپی لەسەر زیرەکی مرۆڤ iq دروست کردووە. ئەمە بە دوو شێوەیە، یەکەمیان کاریگەری خراپی لەسەر توانستی هزری و زیرەکی تووشبووەکان هەیە، بە تایبەت ئەوانەی بە سەختی تووشی بوون. دووەم کاریگەری لەسەر کۆرپەڵەی دایک و باوکی تووشبوو دروست دەکات و پێشبینی دەکرێت بە زەقیی ئەو لایەنانە بەدیار بکەون. ئایا چارەنووسی ئەوانەی iq یان کەمە چیە؟ دەست لە ژیانیان بشۆن؟ نەخێر، بەڵام پێویستە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و ئەو کارە ئەنجام بدەت کە تیاییدا پێشبینی سەرکەوتنیان زیاترە. بێجگە لەوەش، بە واتا زانستیەکەی مەرج نیە هەر کەسێک خوێندنی تەواو کرد درێژەی پێ بدات یانیش لە زانکۆ بخوێنێت، بەڵکو دەکرێت کارێکی دیکە بکات، کە بەهرەی تیا دروست کردووە و زیاتر لە کارەکە پێشکەوتووە. ئەوانەی iq یان لاوازە، دەکرێت لە بواری دیکەی دەرەوەی پەروەرە و خوێندن سەرکەوتوو بن.
نیشانەکانی iq ی کەم:-
- کەمی پاڵنەر و خواستی زانینی خودیی.
کەمتر گرنگی بە دەوروبەر و کێشەکان دەدەن، تەنیا ئەوەندە دەزانن کە دەژین؛ پرسیار ناکەن و پێیان گرنگ نیە. ئەمە دەبێت لەوە جیا بکرێتەوە کە بە بڕیاری ژیرانە دەدرێت.
- نەبوونی ساددەیی و لێبوردەیی بەهۆی زانین.
مەبەست لێی ئەوەیە نازانن کە نازانن، نەک بزانن و درک بەوە بکەن زۆر شت هەیە نایزانن.
- بیری داخراو.
داخران بەڕووی بیرۆکە و بۆچوون و زانیاری نوێ، کەسانی کەمی زیرەکییان هەبێت لە شوێنی خۆیان گیر دەچەقن، مرۆڤە داخراوەکان مەیلیان هەیە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بیروباوەڕەکانی پێشوویان، لێرەوە ناتوانن شتی نوێ فێربن، ئەمە جیایە لە پرۆپاگەندە و چەقبەستوویی ئایدۆلۆژی، کە ئەوەش قسە هەڵدەگرێت.
- خولیانەبوونی خوێندن.
ئەمانە زیاتر فێربوون وەک کات بەفیڕۆدان دەبینن، تەنانەت زیرەکیشیان نییە کە بزانن فێربوون چۆن سوودیان پێدەگەیەنێت، کاتێک دەرچوون لە فێربوون دەوەستن، لە بەرامبەردا کەسانی زیرەکی بەرز قبوڵ دەکەن کە فێربوون پرۆسەیەکی تەواوی ژیانە.
- ڕق لە تازەگەریی.
پێدەچێت کەسانی خاوەن زیرەکی کەم بەگشتی ڕقیان لە تازەگەریی هەبێت، دەبینیت ئەوان نەک هەر خۆیان لە بەرکەوتنی بیرۆکەی نوێ بەدوور دەگرن، بەڵکو خۆیان لە هەر شتێکی نوێ دەپارێزن، لەوانە:- هونەری نوێ، مۆسیقای نوێ و هتد. بە پێچەوانەوە، تازەگەری زۆر هاندەری کەسانی زیرەکی بەرزە، ئەوان بەدوای تازەگەریدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بەردەوام مێشکیان فراوانتر بکەن و شتەکان لە ڕووناکییەکی تازەدا ببینن، تەنانەت ئەگەر خاوەن ئارەزووی تایبەتیش بن.
- دوور کەوتنەوە لە بیرکردنەوە.
کەسانی زیرەکی سنووردار دەتوانن خۆیان لە بیرکردنەوە بەدوور بگرن، بەردهوام دەبێت پێیان بڵێن چی بکەن؛ مێشکی خۆیان بەکارناهێنن.
- پووکانەوەی توانای بیرکردنەوە لە شتەکان.
توانای بیرکردنەوە لە شتەکان یەکێکە لە گەورەترین کارامەییە ژیرییەکانی مرۆڤ، ئەمە یارمەتیمان دەدات لە هۆکارگەرایی پشت ڕووداوەکان تێبگەین، ئەمە لە مرۆڤی iq لاواز بەدی ناکرێت.
- نەبوونی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە.
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی قورسە، چونکە پێچەوانەی چۆنیەتی کارکردنی ئاسایی ئەقڵە، ئەقڵ زانیارییەکان وەک بیروباوەڕ وەردەگرێت و دواتر دەچێتە سەر پشتڕاستکردنەوەی ئەو بیروباوەڕانە. تاقیکردنەوەی ڕەوایەتی ئەو بیروباوەڕانە وزەیەکی بەرچاوی دەروونی دەوێت، ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ نزیکبوونەوە لە ڕاستییەکان و کەسانی iq لاواز زۆر پەی پێ نابەن.
- زۆرجار بیرکردنەوەکانیان نەگۆڕن.
ئەو ڕێژەیەی کە خەڵک بۆچوونەکانیان دەگۆڕن، ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێژەیەی کە فێری شتە نوێیەکان دەبن. لە کاتێکدا کەسانی زیرەک لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی تر یان هەفتە بە هەفتە هەڵوێستیان لەسەر شتەکان دەگۆڕن، کەسانی کەم زیرەک دەست بەو شتانە دەگرن کە ساڵانێک لەمەوبەر فێری بوون.
- بیرکردنەوەی ڕەش و سپی.
کەسانی زیرەکی کەم وەستای بیرکردنەوەی ڕەش و سپین، پێدەچێت تەنها لە ڕووی پێچەوانەوە بیربکەنەوە، ناوچە خۆڵەمێشیەکانی نێوانیان پشتگوێ دەخەن. زۆرجار راستییەکان زۆر ئاڵۆزم بۆ ئەوەی بە پێچەوانەوە لێکبدرێتەوە.
- نەبوونی داهێنان.
ئەو کەسانەی زیرەکیی کەمییان هەیە، کەم بەدوای تازەگەریدا دەگەڕێن. داهێنان لە بۆشایییەکەوە دەرناچێت، داهێنەرترین کەسەکان بەردەوام خۆیان لە بوارەکانی خۆیاندا بەر کەسانی تری داهێنەر دەخەنە ڕوو. ئەو کەسانە داهێنانیان تیادا بەدیناکرێت.
- نەبوونی نەرمیی لە درک پێکردن.
گۆڕینی بیرکردنەوەی مرۆڤ زۆرجار نیشانەی بیرکردنەوەی کراوەیە. نەرمی لە درک پێکردنی شتەکان، واتە ڕەق نەبوون لە شێوازەکانی بیرکردنەوەی مرۆڤ. کەسانی کێشەی کەمی کەمیی زیرەکیان هەیە، تووندڕۆییان پێوەدیارە و پەرچەکرداریین.
- بیرکردنەوەی کورتخایەن.
کەسانی iq کەم ناتوانن بەسەر بابەتەکان زاڵ بن و زۆرجار چاویان لە ئاست دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی ڕەفتارەکانی ئێستایان کوێرە.
- بڕیاردانی خراپ.
هەموومان ناوبەناو بڕیاری خراپ دەدەین. بەڵام کەسانی کەم زیرەکی بەردەوام شکست دەهێنن لە سەنگکردنی لایەنە باش و خراپەکانی بڕیارەکانیان.
- بیرکاری پشتپێنەبەستراون.
تا زیاتر مێشکی مرۆڤ لەگەڵ ڕاستییەکانی ژیان هاوتەریب بێت، زیرەکتر دەبێت. دووربوون لە پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر نیشانەیەکی دڵنیای کەمی زیرەکییە.
- خراپی پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر.
توانای مامەڵەکردنی کاریگەرانە لەگەڵ مرۆڤەکاندا نیشانەی زیرەکی بەرزە. کەسانی کێشەی لاوازیی زیرەکیی یان iq یان هەیە، کارامەیی کۆمەڵایەتی سەرەکییان نییە، وەک:-
هەبوونی بیرمەندیی بردنەوەی دوولایەنە
هاوسۆزیی بوون
توانای پەیوەندیکردنی باش
هەبوونی زیرەکی سۆزداریی
توانای مامەڵەکردن لەگەڵ ڕەخنە
توانای تێگەیشتن لە گاڵتەجاڕی
توانای بینینی شتەکان لە ڕوانگەی کەسێکی ترەوە.
ئەو مرۆڤانەی کێشەی لاوازیی زیرەکییان هەیە، پێویستیان بە ڕاستکردنەوە هەیە، یان بە جۆرە پێڕاگەیاندنێک هەست و سۆزیان بریندار نەکات. مرۆڤ توانای لە دروستبوونی پێکهاتە و کەسایەتی بەر لە دایکبوونی خۆی نیە، کە واتا بەشێکی کیشەکانی زیرەکی بۆماوەیین، بەڵام دەکرێت بە خۆراک، راهێنان، گونجاندنی ژینگە، تا ڕادەیەک، زیرەکیی زیاتر بکات. مەرجیش نیە ئەو مرۆڤەی iq ی لاوازە، کەسێکی شکستخواردوو بێت لە هەموو لایەنەکان، بەڵکو تەنیا لە چەند لایەنێک ناتوانێت ئەسپی خۆی تاو بدات، ئەگینا دەکرێت لە هەندێک لایەن باشتر بێت و بچێتە پێشەوە. ئەوەی گرنگە بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەوەیە، جۆرە هەڵسەنگاندنێک پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی بۆ زانینی توانای قوتابیان و پێشنیازکردنی پیشەی داهاتوویان. بەڵام ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە پێویستی بە لیژنەیەکی تۆکمە هەیە، کە پێویستە سەرەتا خۆیان راهێنانیان پێ بکرێت. ئەوەی بۆ من گرنگ بوو لە نووسین و ئاماددەکردن و وەرگێڕانی ئەم بابەتە ئەوەبووە، کە زۆر جار هەندێک قوتابی هەن لە ئامادەیی و پەیمانگە و زانکۆکان، کە توانستی زانستی و ئەکادیمی و تەنانەت بیرکردنەوەشیان سنووردارە، ئەوانەش دوو جۆرن، یەکەمیان بە ئەنقەست وادەکەن و باوەڕیان بە هیچ نیە، لەمەش پێویستم بە زانیاری پشتڕاستکراوە هەیە، نەک تەنیا هەڵسەنگاندنی چۆنایەتی؛ بەڵام بەشی دووەم ئەو کەسانەن کە هەر لە بنەڕەت iq یان لاوازە و ناتوانن بچنە پێشەوە یانیش مرۆڤی دوو ڕەهەندیین و زیاتر لە خوێندن کات بەفیڕۆ دەدەن.
سەرچاوەکان:
١. حەنان پەروێز، ١٦ نیشانەی زیرەکیی سنووردار، 2022، سایک میکانیکس
٢. شانن جۆنسن. پێویستە چی لە بارەی کەمئەندامیی هزری و ژیریی بزانیت. 2019، هێڵث لاین
٣. ئێرنێست، پی. دەتوانیت بە زیرەکیەکی کەم لە کۆلێژ سەرکەوتوو بیت. 2022، ئێنهانسینگ برێین
٤. سالامۆن، مۆرین. تووشبوون بە کۆڤید بە توندی لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی درکیی بەرچاو. 2022، هێڵث هارڤارد