بزووتنەوەی می توو یان (منیش) بزووتنەوە یان هەشتەگێکی ئینتێرنێتیی بوو کە لە ئۆکتۆبەری 2017وە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەی سەند و بە سەدان و هەزاران جار شەیر کرا. ئەم هەشتەگە بۆ باسکردن و نیشاندانی برەوی بەرین و بەربڵاوی لاقە و دەستدرێژیی سێکسی، بەتایبەت لە شوێنی کار و هەروەها ئیدانەکردنی بەکار دەهێنرێت. ئەم هەشتەگە بە دانەپاڵ و تۆمەتبارکردنی (هاوری واینستین)ی دەرهێنەری ئەمریکی، بە لاقە و دەستدرێژیی سێکسی دەستی پێکرد. ئەم هەشتاگە لە لایەن (تارانا بۆرک) چالاکی کۆمەڵایەتییەوە، پەرەی پێدرا و دوای ئەوەی کە ئێلیسا میلانۆ داوای لە هەموو ژنان کرد لە ڕێگەی ئەم هەشتەگەوە ئەزموونەکانی خۆیان شەیر بکەن، (وایراڵ) یان هەمەگیر بوو. میلانۆ قوربانییانی لاقە و دەسترێژیی سێکسیی هاندەدا تاوەکوو سەبارەت بە ئەزموونەکانی خۆیان لە مەڕ لاقە و دەستدرێژیی سێکسییەوە لە تویتەر بنووسن، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەوە خەڵک ئاگاداری بەربڵاوی و سیستەماتیک بوونی دەستدرێژیی سێکسیی ببن. ئەم هەشتەگە نزیکی 500ههزار جار لە لایەن کەسانی جیاجیاوە، کە لە گەلێک کەسی بەناوبانگ پێکهاتبوون، بەکار هێنرا. بزووتنەوەی (می توو) و ڕەوایەتی کۆیی لە مەڕ کەسێکی تۆمەتبار، بۆ سەلماندنی تاوانەکان یارمەتیی سیستەمی دادوەریی داوە. هاوکات بە بڕوای هەندێکی دی، هەندێ بانگەوازی ناڕاست بۆ حەقکردنەوە و تۆڵەی تاکەکەسی، بزووتنەوەی داخوازانەی ژنانی تووشی کێشە کردووە.
تارانا برووک، چالاکی مەدەنی و مافی هاووڵاتیبوون، ساڵی 2005 دەستەوشەی( Me too)ی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی Myspace بەکار هێنابوو. ئەم ئاکسیۆنە وەک بەشێک لە کەمپینێکی جەماوەری بۆ برەودان بە (تواناسازیی ژنان لە ڕێگەی هاودڵییەوە) لە نێو ژنانی ڕەشپێست کە ئەزموونی لاقە و دەستدرێژیی سێکسییان هەبوو بەتایبەت لە ناوچە پەڕاوێزی و هەژارەکاندا بوو.
برووک دەڵێ لە ئالاباما، لە ڕێکخراوێکی گەنجاندا کاری دەکرد. ڕۆژێک کچێكی ١٣ ساڵان ویستی بە تەنها قسەی لەگەڵ بکات و ئەزموونی توندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسیی خۆی بۆ بگێڕێتەوە. برووک دەڵێ “من زۆر سەرقاڵ بووم و ڕەتم کردەوە و سپاردم بە کەسێکی دیکە” ئەم کچە ئیدی هەرگیز نەگەڕایەوە بۆ ڕێکخراوەکە و برووکیش ئاواتەخواز بوو بتوانێ پێی یڵێ (منیش) (منیش وەک) تۆ برووک بەڵگاندن دەکات کە بزووتنەوەی (می توو) بە بەرکەوتووانی ئازار و هەراسانکردنی سێکسیی دەڵی کە تەنها نین و پشتیوانییان لێ دەکرێت و لە سەر تواناسازیی ژنان سەبارەت بە تەوەری ئازار و هەراسانکردن کار دەکات. لە دوای برووک، هەر وەک ئاماژەی پێکرا، (ئالیسا میلانۆ) ژنە ئەکتەرێک بوو کە هاوارەکەی برووکی بەرجەستە کردەوە و زیاتر لە هەمیشە خستیە سەر زارانەوە. کار وچالاکییەکانی میلانۆ بۆ وەڵامدانەوە بە زۆرێک لە ژنانی هۆلیڤوود بوو کە ئەزموونەکانی خۆیان لە بارەی ئازار و هەراسانکردنی سێکسییەوە دەگێڕایەوە. زۆربەی ئەم ئەزموونانە لە سەر ئازار و لاقەی سێکسیی “هاروی وینستین” دەرهێنەری بەناوبانگی هۆلیڤوود بوو. گەرچی ئەوانەی تۆمەتی ئازار و لاقەیان دەخستە پاڵ (وینستین) یارمەتیی دەستپێکردنی ئەم بزووتنەوەیان داوە، بەڵام ئەوەی کە (میلانۆ)دەستەوشەی “می توو”ی پێشنیار دابوو، وەک کاتالیزۆرێکی بەهێز لەو ڕەوتەدا کاری کردووە.
لە 15ی ئۆکتۆبەری 2017، ئەلیسیا میلانۆی ئەکتەر لە چوارچێوەی کەمپینێکی زانیارییبەخش سەبارەت بە ڕەهەندە بەربڵاوەکانی لاقە و دەستدرێژیی سێکسی خەڵکی بۆ بەکارهێنانی ئەم دەستەوشە هاندەدا. ئەو لە تویتەری خۆیدا نووسی: “ئەگەر هەموو ئەو کەسانەی دەستدرێژیی سێکسییان ئەزموون کردووە، لە تویتەری خۆیاندا بنووسن #منیش، ئەتوانین بەربڵاویی ئەم مەسەلە بە جوانی نیشان بدەین.
کەواتە بزووتنەوەی می توو یان منیش کە لە سەر ئەزموونەکانی کەسانی ئەزمون کردووی توندوتیژیی سێکسی چڕ بۆتەوە، جەماوەرێکی زۆر دوای کەوتوون، چون ئازار و هەراسانکردنی سێکسی ڕۆژانە لە سەرتاسەری جیهاندا کاریگەریی لە سەر تاکەکان بەجێدێڵێت.
لایەنگرانی بزووتنەوەی (می توو) بە هاوبەشکردنی ئەزموونەکانی خۆیان، ڕێژە و ئاستی باڵای ئازار و هەراسانکردنی سێکسیی ڕوون دەکەنەوە. لێرەوە دەتوانین بڵێین بزووتنەوەی می توو هەوڵێکە بۆ کاریگەریدانان لە ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە بنەرەتدا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕێک دەخرێت، شوێنێک کە زۆربەی جاران بە شێوەی هەشتەگی “می توو” بەیان دەکرێت.
پێناسەی ئازار و هەراسانکردنی سێکسی: مەبەست لە هەراسان کردن چییە؟
بزووتنەوەی می توو بە پلەی یەکەم پێوەندیی بە دوو جۆر ڕەفتارەوە هەیە: هەراسانکردن و ئازاری سێکسی و دەستدرێژیی سێکسی. هەرچەندە لەوانەیە پێناسەی وردی ئەم زاراوانە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی گۆڕانی بە سەردا بێت، بەڵام بە گشتی ئەم وشانە وەک ڕەفتارێکی سێکسیی نەگونجاو و نەخوازراو دێنە ناسین. لە ئەمریکا لە ڕوانگەی یاساییەوە، ئازار و هەراسانکردنی سێکسی لە شوێنی کار لە یاسای مافی هاووڵاتیبوونی 1964 دا ڕەچاو کراوە. بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی نەتەوەیی دژ بە دەستدرێژی و ئازاری ئەمریکا، هەر لە هێرشی سێکسییەوە تاوەکوو بەرکەوتنێکی سێکسی لە هەر جۆرێکی، بە بێ ڕەزامەندیی قوربانی بە ناوی دەستدێژییەوە پێناسە دەکرێت.
فیمینیستەکان لەم بارەوە باس لەوە دەکەن کە جەستەی ژن و کەرامەتی، لە هیچ بارودۆخێک و لە ژێر هیچ ناو و پاساوێکدا نابێ ببێتە کەرستەیەک بۆ لاقە و دەستدێژی کردن. لێرەوە هەر چەشنە پێوەندییەکی سێکسیی زۆرەملی، هەر چەشنە بەریەککەوتنێکی جەستەیی کە پێچەوانەی مەیلی کەسی بەرامبەر بێت، هەر جۆرە ناو و ناتۆرەلێنانێک و سووکایەتیپێکردن یان سەرکۆنەکردنی سێکسیی بە ئازار و توندوتیژیی سێکسیی لە قەڵەم دەدرێت و دەبێ وەک تاوان لە بەرچاو بگیریەت و بە سەختتر کردنی سزاکانی ڕێگە لە دووبارە بوونەوەی بگیریەت. تەنانەت لە هەندێ وڵاتی وەک سوید ئاماژە بەوەش دراوە کە پێوەندیی سێکسیی کە نێوان دوو هاوسەریشدا گەر بە خواستی لایەنێکیان (بە زۆریی ژن) نەبیت، بە دەستدرێژیی دەژمێردرێت و قابیلی سزادان و زیندانیکردنی تاوانبارە.
“چەلێنجەکانی سەر ڕێگای بزووتنەوەی می توو”
دیارە ئەم بزووتنەوەش هاوشێویە هەموو جووڵە و ئەکتێکی تازە، لە نێو کۆمەڵگادا بەرەو ڕووی چەندین جۆرە کێشە و چەلێنجی جۆراوجۆر دەبێتەوە. لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بە گشتی هەراسانکردن و دەستدرێژیی سێکسی نە لە شوێنی کار و خوێندن و نە لە ناو خێزان و کۆمەڵگا و نەک تەنانەت دژ بە منداڵانیش وەک تاوان سەیر ناکرێت و بە دەگمەن یاسایەکی پشتیوانی تایبەت لە سەر ئەم تەوەرە بەدی دەکرێت. زیاتر بەم شێوەیە کە گەر دەستدرێژییەک ڕوویدابێت، ئەویش مادام پیاوەکە هاوسەری ژنەکە نەبێت، دەکرێ سکاڵا تۆمار بکرێت و چاوەڕوانیی سزادانێک بکرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم بابەتە لای یاسادانەو و بەڕێوەبەرانی شیاوی بەدواداچوون، لێکدانەوە یاسادان نییە.
بەڵام لە زۆربەی وڵاتەکانی جیهاندا ئایدۆلۆژیا و یاسا دژە ژنەکان و دەسەڵات و هێژموونیی بەهێزی نۆڕمەکان و بونیادی پیاوسالارانە دەبێتە هۆی بێدەنگیی ژنان بەرامبەر بە ئازار و هەراسانکردنە سێکسییەکان و لێرەشەوە حکوومەت و دەسەڵاتە سیاسییەکان هەست بە پێویستیی بوونی یاسایەکی دیاریکراو سەبارەت بەم بابەتە و دواتریش گرتنە بەری ڕێوشوێنی یاسایی دژ بە تاوانباران، ناکەن. بەم حاڵەشەوە لەگەڵ پەرەگرتنی بەجیهانیبوون و کەم بوونەوەی قڵەشی کولتوریی خۆجێیی و جیهانی و گەشەی وشیاریی ڕەەگەزی و ئەزموونی ژنان خۆیان، بێدەنگ نەبوون و دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەرامبەر بەم بابەتەی لە نێو ژناندا ساناتر کردۆتەوە و لەم ناوەشدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دەرفەتەیان ڕەخساندووە کە سەرەڕای هەموو مەترسی و هەڕەشەکان، ژنانێک ئەو غیرەتە بدەنە بەر خۆیان کە بە لەقاودانی دەستدرێژی و هەراسانکردنە سێکسییەکان، پەیامێک بە ژنانی دیکەی قوربانیی ئەم جۆرە ڕەفتارانە بدەن کە ئێوە تەنها نین و گەر شتێکش بدرکێنن، ڕێگەتان بۆ دیترانی بێدەنگ و خنکاوی دیکە خۆش کردووە.
“داهاتووی بزووتنەوەی می توو”
توێژەران سەبارەت بە بزووتنەوەی (می توو) و پەیوەستبوونی ژنانی سەرتاسەری جیهان بەم بزووتنەوەوە لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەم بزووتنەوە هێشتا لە سەرەتای ڕێگەی خۆیدایە و گەلێک چەلێنج و ڕێگریی دەکەوێتە سەر ڕێگای. چونکە بێگومان لاقەبەر و کەسانی دەستدرێژیکەر نایانهەوێ پەڕاوێزی ئاسوودە و هێمنی خۆیان لە دەست بدەن و بوێریی ژنان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردن و دەستدرێژییە جۆراوجۆرەکان ئازاریان دەدات و دەیانترسێنێ.
ژنان دەبێ لەگەڵ ئازاردیتووەکان یەکگرتوو بن، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو کەسانەی پەیوەست بوونی خۆیان بە بزووتنەوەکەوە ڕاگەیاندووە، دووبارە بکەنەوە و ڕێگە نەدەن هەست بە تەنیایی بکەن.
دەبێ یاسای تایبەت بۆ پشتیوانیی لە ژنان پەسەند بکرێت تاکوو بکرێت لەم بوارەدا یارمەتیی ژنانی قوربانیی بدرێت و پێش بە دووبارە بوونەوەی ئەم خەسارە بگیریەت و کەسانی دەستدرێژیکەر و لاقەبەر لە خاڵێکدا بوەستێندرێت و پێش بە پێشڕەوییان بگیریەت.
دەبێ چالاکانی بواری ژنان پێناسەری ڕاست و وردی هەموو جۆرەکانی ئازار و هەراسانکردنە سێکسییەکان بە دیاریکراویی ئاراستە بکەن تاوەکوو ژنان چیدی هەموو ڕەفتارێکی ئازارگەران بە ئاسایی نەبینن و لێرەشوە ئەم بزووتنەوە هەستیاریی ژنان بەرامبەر بە توندوتیژیی سێکسییەکان بەیان بکات و یارمەتیی شیاو و بەسوود پێشکەشی ئازاردیتووەکان بکات.
لەو ڕووەوە کە “می توو” تابۆشکێنییەکی گەورەیە، دەبێ ببێتە بزووتنەوەیەکی کارامەش. بەجۆرێک کە یەکدەنگییەلی گەورە لە نێو ژنانی سەرتاسەری جیهاندا بخولقێنێ و ئەوەش کە بۆ یەکەم جار بۆ وەرگرتنوەی مافەکانیان یارمەتیی ژنان دەدات و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ژنانی ئازاردیتوو بە هۆی سەتدرێژیی سێکسییەوە و دەیانگەڕێنێتەوە بۆ ژیانی ئاسایی و تەنانەت پێش بە سەرهەڵدانی خەسارەکانی دیکەی وەک خۆکوژی، قەتڵی نامووسی و خەمۆکیی ژنانی بەرکەوتوو دەگرێت. کەواتە ئەم بزووتنەوە داهاتوویەکی ڕوون بۆ کۆمەڵگای ژنان دەستەبەر دەکات و پێویستە هەموو لایەک هەوڵی بەرفراوانتر کردنی بدەن، چونکە بێگومان لاقە و دەستدرێژیی سێکسیی ئازاراویترین تەندوتیژییە دژ بە ژنان کە دەبێ کۆمەڵگای مرۆیی بە ژن و پیاوەوە، بەرەنگاری بێتەوە.
پەیوەستبوونی کەسانی بەناوبانگ بەم بزووتنەوەوە دەتوانێ لە سەر هێز و بوێریی ژنانی دیکە بۆ دەربڕینی هەر جۆرە ئازار و هەراسانکردنێک کاریگەریی ئەرێنیی دابنێت و ببێتە هۆی ترس و تۆقانت ئازارگەران و بە هەنوو شێوەیەک ئاستەنگی و سنووریان بۆ دیاریی بکات.
“بزووتنەوەی می توو لە ئێران”
ئەم بزووتنەوە لە ناوەڕاستەکانی ساڵی 2020ەوە لە ئێرانیش چالاکیی بە خۆوە بینیوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت تویتەر هەندێ ئاشکراکردنی لەم بابەتە بڵاو کرایەوە. ئەم ڕووداوانە لە فەزای میدیایی و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتەدا جەنجاڵی زۆری نایەوە. (کەیوان ئیمام وێردی) مامۆستای شوێنەوارناسی زانکۆی تاران، بە دەستدرێژیی سریاڵی تۆمەتبار بوو و دواتر دەستگیر کرا و بە تاوانی (فساد فی الارچ) حوکم درا. (سارا ئۆممەتعەلی) ڕۆژنامەنووسی پێشوو، دوای تێپەڕینی 14 ساڵ، (ئایدین ئاغداشلوو) شێوەکاری بەناوبەنگی ئێرانی، بە لاقە و هەراسانکردنی سێکسیی تۆمەتبار کرد. ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ئابانی 1399 لە ڕاپۆرتێکی تێرو تەسەلدا ئەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵ (ئایدین ئاغداشلوو) باس کرد کە لە ماوەی 30 ساڵدا 13 ژن خۆیان وەک قوربانیی لاقە و دەستدرێژیی ئەو ناساندبوو و 19 کەس نازناوی (هارۆی واینستین)یان لێنابوو. (کامیل ئەحمەدی) کۆمەڵناس بە گەیاندنی ئازار و هەراسانکردن و لاقەی سێکسیی بەرامبەر بە هاوکار و سووژەکانی لە حین توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆمەتبار کرد. (بوشرا دەستوورنژاد) ئەکتەر (لۆنا شاد) بێژەر و (پانیدا) گۆرانیبێژ (موحسین نامجوو) گۆرانیبێژیان لە فروردین 1400 لە کڵاب هاوس بە ئازار و لاقەی سێکسیی تۆمەتبار کرد. ئاغداشلوو ئەحمەدی و نامجوو ئەم تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە. ئەم ههشتهگه بەم چەند کەسەوە ئاستەنگ نەبوو و گەلێک تۆمەتباری دیکە لە چین و توێژە جیاجیاکان لەوانە مامۆستای قوتابخانە و مامۆستای زانکۆ، هونەرمەندەکان، وهرزشوانەکان، ڕۆژنامەڤان و هەواڵنێران، ئەکتەر و نووسەر و نوێنەرانی پاڕلەمان و بەرپرسە دەوڵەتییە پلە باڵاکانی گرتەوە.
ئەم ههشتهگه گەلێک دواهاتی بۆ تۆمەتبارەکان بەدواوە بوو، بۆ نموونە ئەو نیگارەی ئاغداشلوو کە بڕیار بوو لە سەر چاپی نوێی کتێبی (شازدە احتجاب) بدرێت، بەکار نەهێنرا، پیشانگای بەرهەمەکانی لە تاران و تۆرێنتۆ نەکرانەوە، پاشگەزبوونەوەی دوو فێستیڤاڵی فیلم کە بڕیار بوو دۆکۆمنتارییەک کە لەبارەی ئەو کەسەوە درووست کرابوو، وەربگرن. وەستاندنی ئامادە بوونی نامجوو لە کەناڵ و ڕاگەیاندنە گشتییەکاندا تا کاتی چارەسەرکردنی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی، و هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی (کامیل ئەحمەدی) لە ئەنجومەنی کۆمەڵناسیی ئیران. لە لایەکی دیکەشەوە، کاردانەوەکان بەرامبەر بەم لە قاودانانە بە زۆریی هاودڵانە بوو و لە ڕێگەی هەندێ وەسفی وەک (تابۆشکێنیی مێژوویی) یاخود (خاڵێکی وەرچەرخان لە بواری کەڵکئاوەژۆیی سێکسی) لە ئێران، ستایش کرا. چەندین پارێزەر ڕایانگەیاند کە بێ بەرامبەر کاروباری دۆسیەی قوربانییەکان جێبەجێ دەکەن و پاش چەند مانگیش پڕۆژەیاسای (پاراستنی کەرامەت و پشتیوانیی لە ژنان بەرامبەربە توندوتیژی)کە پێش دە ساڵ ئامادە کرابوو، لە کۆتاییدا لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ پەسەندکردن نێردرا بۆ پاڕلەمان. سیستەمی دادپەروەریی ئێران بە گەورەترین بەربەستی ئەم ئالنگارییە ناو دەبرێ، چونکە ژێرخانی پێویست بۆ حوکمدان لە سەر کەڵک ئاوەژۆیی سێکسیی تێیدا لەبەر چاو نەگیراوە. بە پێی یاساکانی ئێران تاوانە سێکسییەکان لە زیناوە سەرچاوەیان گرتووە و تاوانێک بە ناوی لاقە یان دەستدرێژیی بە فەرمی دانەنراوە و ئەوەی هەیە (زینای بە عونف)ە سنووری نێوان زینا و زینا بە عونف زۆر باریکە و گەر فاکتەری زۆر یان عونف (زۆرداری) نەسەلمێندرێ، قوربانیی خۆی دەگۆڕێ بۆ تاوانبار. جگە لە یاساکان، کۆمەڵگاش بە هۆی سەرکۆنە کردنی قوربانیی، بە ئاسایی وەرگرتن و شاردنەوەی ئازار و هەراسانکردنە سێکسییەکان، بەرەنگاری پێوەندییەکانی دەسەڵات نەبوونەوە، و بە گشتی ڕەخساندنی فەزای ئەمن بۆ ئازارگەرەان، سەرزەنشت کرد.