یەکێک لەو بابەتانەی کە لە هەنووکەدا کەڵکەڵەی زۆرێک لە بەڕێوەبەران و ڕێبەرانی ڕێکخراوە و گرووپەکانە، بەدیهێنانی فەرهەنگی کاری گرووپییە. ئەگەر گرینگایەتیی کاری گرووپی لە ڕێکخراوێکدا بە دروستی فام بکرێت، ڕووداوگەل و پێشکەوتنگەلێکی زۆر باش لەو ڕێکخراوەیەدا دێتە ئاراوە.
(جان ماکسول) لە کتێبێک بە ناوی (17 بنەمای کاری گرووپی) ئاماژە بە نموونەگەلێک لە یاساکانی زاڵ بەسەر تاکەکانی گرووپێکی سەرکەوتوو دەکات کە دەتوانێت سەرکەوتنی گرووپیی بە دوادا بێت. لەم بابەتەدا بە ئاماژەدان بە بنەماکانی نێو کتێبی (جان ماکسول) و بنەماکانی تر کە لە کتێبەکانی تایبەت بە کاری گرووپی باسیان لێ کراوە، دەپەرژێینە سەر 25 بنەما بۆ کاری گرووپی کە دەتوانێت بۆ بەڕێوەبەران، ڕێبەران و ئەندامانی گرووپ و ڕێکخراوێک بەنرخ بێت:
١- پۆلێنبەندیکردنی پسپۆڕییە پێویستەکان: بۆ ئەوەی کە تاکەکان ناچار نەکرێن سەرقاڵی کارگەلێک بن کە هۆگری نین، دەبێ بەپێی پسپۆڕییە پێویستەکان بۆ ڕێکخراوەکەتان، تاکەکان دیاری بکەن و هەڵیانبژێرن. بۆیە بڕیار بدەن کە گشت پسپۆڕییەکان کە بۆ بەرەوپێشبردن کاری ڕێکخراوەکەتان پێویستتانە، پۆلێنبەندی بکەن.
٢- پەیداکردنی کەسانی پسپۆڕ: بۆ ئەو پسپۆڕییانەی کە پۆلێنبەندیتان کردووە، تاکی گونجاو و شارەزا هەڵبژێرن. لەبیرتان بێت کە چەندە پسپۆڕیی تاکەکان لەو کارانەی کە دەیانەوێت لە ڕێکخراودا ئەنجامی بدەن نزیکتر بێت، لە ئەنجامدانی ئەو کارەدا سەرکەوتووانەتر دەجووڵێنەوە. بۆ ئەم کارە دەتوانن تاکەکان تاقی بکەنەوە یا پرسیارنامەیک دابنێن و داوا لە تاکەکان بکەن تاکوو وڵام بدەنەوە.
٣- ڕوونی لە دەربڕینی ئامانجی گرووپ یان ڕێکخراو: دەبێ ئامانجی سەرەکی و کۆتایی کاری گرووپیی ڕێکخراوی خۆتان بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕوون بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان بخەنە ڕوو. هەر پرسیارێکیان لەوبارەوە هەبوو وڵامیان بدەنەوە و نەهێڵن هیچ خاڵێکی ناڕوون سەبارەت بە ئامانجی گرووپەکە بمێنێتەوە. ئەگەر دەتوانن دروشمێکی باش و گونجاو بۆ ئامانجی گرووپەکەتان هەڵبژێرن.
٤- ڕوونی لە دەربڕینی ڕۆڵەکان: کاتێک کە ڕۆڵی تاکەکان لە گرووپدا دیاری نەکرابێت، بێسەرەوبەرەیی بەسەر گرووپدا زاڵ دەبێت، لە ئاکامدا ناتوانن بەپێی بەرنامە بەرەوپێش بچن. ئەم ڕووداوە کاتێک دەتوانێت دووبارە ببێتەوە کە بەرپرسایەتییەکان و ڕۆڵی ئەندامەکان، ڕوون نەبێت. هەر ئەندازە کە ڕۆڵی تاکەکانی ڕێکخراوەکە دیاریکراوتر و پسپۆڕانەتر بێت، ئەوان باشتر دەتوانن تواناییەکانی خۆیان لە ڕاستای ئامانجەکانی ڕێکخراوەکە بەکار ببەن. بۆیە بە شێوەیەکی ڕوون ڕۆڵەکان دیاری بکەن و وڵامی پرسیارەکان بدەنەوە تاکوو ناڕوونییەک نەمێنێتەوە.
٥- زانستی ڕێبەریکردن: ئەگەر لە ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە لە خاڵە پێشووەکاندا ئاماژەمان پێ دا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بوونەوە، یان تێگەیشتن کە ناتوانن تاکەکان لە جێی گونجاوی خۆیاندا دابنێن، لە بیری ئەوەدا بن کە زانستی ڕێبەریکردنی خۆتان بەهێز بکەن. بەڕێوەبەریی گرووپ یان تیپێک، پێویستی بە پسپۆڕییە، بۆیە باشتر وایە ڕۆژانە خۆتان لەگەڵ دوایین زانیارییەکانی بەڕێوەبەریی ڕێکخراوەیی بەڕۆژ بکەنەوە. تەنیا ئەو کاتەیە کە دەتوانن لە ئەندامانی گرووپەکەتان چاوەڕوانیی ئەوەتان هەبێت کە بە دروستی کار بکەن.
لە ڕاستیدا یەکەمین کەسێک کە دەبێ پابەندی یاسا و ڕێساکانی گرووپ بێت، بەڕێوەبەر یان ڕێبەری ئەو گرووپەیە. باشترە بزانن کە یەکێک لە گرنگترین هۆکارە کاریگەرەکانی سەرکەوتنی کارێکی گرووپی، شێوەی ڕێبەریکردنی ئەو گرووپەیە.
٦- جەختکردنەوە لەسەر قازانجەکانی کاری گرووپی: ئەگەری هەیە کە کەسانێک لە گرووپدا بن کە قازانجەکانی کاری گرووپییان بۆ ڕوون نەبێت و بیانهەوێت تاکڕەوی بکەن. لەم دۆخانەدا، ئەرکی بەڕێوەبەر جەختکردنەوە لەسەر قازانجەکانی کاری گرووپییە. تەنیا جارێک خستە بەر باسی ئەم قازانجانە، وڵامدەر نییە، باشتر وایە کە ماوەیەک جارێک ئەم قازانجانە وەبیری ئەندامانی گرووپ بێننەوە.
٧- ڕێزگرتن لە پێگەی تاکەکان: ئەگەری هەیە کە کۆمەڵێک لە ئەندامانی ڕێکخراوێک وەها بیر بکەنەوە کە ئەرک و پسپۆڕیی ئەندامانی تر لە کارێک کە خۆیان ئەنجامی دەدەن، بایەخی زۆرتر بێت، بۆیە بایەخدانان بۆ گشت ئەرک و ڕۆڵەکان لە ڕێکخراودا، گرینگییەکی زۆری هەیە. گرینگیدان بە گشت ڕۆڵەکان و باسکردن لە چالاکیی بەنرخی ئەوان لە کۆبوونەوەکاندا دەتوانێت بۆشاییەکان دابپۆشێت.
٨- پێکهێنانی دەروەستی: دەروەستی، پەیوەندیی بە توانا و لێهاتوویی تاکەکانەوە نییە. زۆر پێش هاتووە کە تاکە کارامە و پسپۆڕەکان لە دۆخی قەیراناوی، گرووپیان بەجێ هێشتووە و چوونەتە گرووپێکی دیکەوە، بۆیە گشت تاکەکانی گرووپێک دەبێ خاوەن دەروەستیی پێویست بن بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی ڕێکخراوەیەک تاکوو ئەو ڕێکخراوەیە بتوانێت هەنگاو بە هەنگاو بەرەو سەرکەوتن بچێتە پێشەوە. بەگشتی ڕێبەرانی لێهاتوو، بە بایەخدانان بۆ کاری تاکەکانی گرووپێک، ئەم هەستی دەروەستییە بەهێز دەکەن. کاتێک تاکەکانی گرووپێک لە بایەخێک کە بۆ ڕێکخراو یان کۆمەڵگەیەک هەیانە، ئاگادار دەبنەوە، دەروەستییەکی زۆرتریان بەو ڕێکخراوەیە هەیە.
٩- ڕێبەرایەتیی هاوبەش: کاتێک کە گشت تاکەکانی گرووپ بتوانن لە ڕۆڵی ڕێبەردا کار بکەن، کارامەیی هەر تاکێک چەندین بەرانبەر بەرز دەبێتەوە، لە ڕاستیدا یەکێک لە باشترین بەڵام هەستیارترین بەشەکانی کاری گرووپی، پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی هاوبەشە. لە ڕێبەرایەتیی هاوبەشدا، هەر تاکێک بەپێی دۆخی تایبەت دەتوانن بڕیارگەلێکی گرینگ بدەن و لەبارەی ئەنجامدانی چالاکییەکان بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.
هەڵبەت بۆ پێکهێنانی ڕێبەرایەتییەکی هاوبەش، تێپەڕاندنی گشت ئەو قۆناغانەی کە باسمان لێوە کرد، پێویستن. کاتێک کە تاکەکان هێشتا دەروەستیی تەواویان بە گرووپ نییە، یان ئاگاداری ڕۆڵی خۆیان نین، ئەگەری زۆرە لە ڕێبەرایەتیی هاوبەشدا خۆیان بدۆڕێنن و گرووپ تووشی سەرلێشێواوی بکەن.
١٠- بردنە سەرەوەی ئاستی ئەندامانی گرووپ: لە گرووپێکدا سەرکەوتنی تاکی بایەخی خۆی لەدەست دەدات، لە گرووپدا گشت تاکەکان دەبێ بتوانن هەموو کۆششی خۆیان لە ڕاستای ئامانجێکی هاوبەش بەکار ببەن. لە وەها دۆخێکدا تاکەکان لە بردنە سەرەوەی ئاستی ئەندامانی تری گرووپ، چێژ وەردەگرن. مرۆڤەکان ئەو کەسانەیان هەمیشە خۆش دەوێت کە بایەخی بۆ داناون، بۆیە هەر ئەندازە کە تاکەکانی گرووپێک بتوانن ئاستی تاکەکانی تر ببەنە سەرەوە و بایەخیان پێ بدەن، هەستێکی باشتریان سەبارەت بە یەکتر دەبێت. ئەگەر ڕێبەری ڕێکخراوەیەک بتوانێت ئاستی ئەندامانی ڕێکخراوەکەی بباتە سەرەوە و بایەخیان پێ بدات، ئەم هەستە لە ئەندامانی تری گرووپدا دروست دەبێت.
١١- سازگاری: کەسانی وشک و ناسازگار ناتوانن لە پێگەی گرووپیی خۆیاندا بە دروستی کار بکەن. لە ڕاستیدا بۆ چالاکیی دروست لە گرووپدا دەبێ بتوانن سازگار بن. ئەگەر ئەم ڕۆحییەیەتان نییە، باشتر وایە کە بەر لە چوونە نێو گرووپ، ئەو ڕۆحییەیە لە خۆتاندا بەهێز بکەن تاکوو نە خۆتان بێزار بکەن و نە ببنە هۆی بێزارکردنی ئەندامانی تری گرووپ.
١٢- سەرنجدان بە ئاکام: باشتر وایە کە ناوەندی سەرنجی گرووپێک تەنیا و تەنیا ئاکامێک بێت کە لە کۆتاییدا ڕێکخراوەکەیان بەدەستی دێنێت. بۆ ئەوەی کە وەها ناوەندی سەرنجدانێک دروست بکرێت، پێویستە بەرژەوەندیی هەر کام لە تاکەکانی گرووپ، وەدیهێنانی ئامانجی کۆتایی ڕێکخراوەکە بێت. کاتێک کە تاکەکان بزانن بە پێشکەوتنی ڕێکخراوەکەیان قازانج دەکەن، هەرکامیان هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن. هەڵبەت دەبێ لەلایەن ڕێکخراوەوە ڕێزلێنان و خەڵاتگەلێکیش بۆ هەر کام لەو تاکگەلە دیاری بکرێت.
١٣- لەخۆبردوویی: هیچ گرووپێک نەیتوانیوە بە تاکڕەویی تاکەکانی خۆی، سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، یەکێک لە پێویستییەکانی کاری گرووپی لەخۆبردوویی هەر کام لە تاکەکانی ئەو گرووپەیە. لەخۆبردوویی کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر ببێت بە ڕۆحییەی زۆرینەی تاکەکانی گرووپ، دەتوانێت موعجیزە بکات. بۆیە باشترە بەر لە چوونە نێو گرووپێکەوە، ئەم هەستە لە خۆماندا دروست بکەین.
١٤- بەرپرسایەتی: هاتنە دیی ئامانجی کۆتایی سیستەمێک پەیوەندیی هەیە بە ئەنجامدانی بەرپرسایەتیی هەریەک لە ئەندامانەوە. بۆیە ئەگەر بەرپرسایەتییەکتان پێ سپێردرا، دەبێ بە باشترین شێوە ئەنجامی بدەن. هەڵبەت بوون لە گرووپدا بە شێوەی (نەست) لە تاکەکاندا ئەم هەستی بەرپرسایەتییە دروست دەکات. ئەگەر هەر تاکێک هەتا ئاستێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت، کەشی گرووپ ئەوان بە شێوەی تەواو دەکات بە بەرپرس.
١٥- نەزم و دیسیپلین: لە سێبەری نەزمدایە کە گرووپێک دەتوانێت بەرەو ئامانجێک هەنگاو هەڵبگرێت. هەر بێ نەزمییەک لە گرووپدا دەبێتە هۆی دواکەوتنی قۆناغێک لە کاری گرووپ. ئەوە نەزمە کە لێهاتوویی دەکات بە توانایی و بەرنامەکان بەرەو هەوڵ و جێبەجێکران دەبات. یەکێک لە فاکتۆرە سەرەکییەکانی سەرکەوتن لە کاری گرووپیدا، نەزمی گرووپی و تاکیی هەر یەک لە ئەندامەکانە، هەرچەند ئەم دوو بابەتە لەسەر یەک باندۆریان هەیە، بەڵام کاریگەریی نەزمی گرووپی زۆرترە.
١٦- کۆنترۆڵکردنی هەستەکان: کۆنترۆڵکردنی هەستەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە بێ دڕدۆنگی گشت کارەکان جێبەجێ بکرێن. ئەگەر بڕیار بێت هەر کام لە تاکەکانی گرووپ بۆ جێبەجێکردنی هەر کارێک سەرەتا سەردانی هەستەکانی خۆی بکات، گشت کارەکان نیوەوناتەواو دەمێننەوە. لە کاتێکدا کە گشت بەرجەوەنە کۆتاییەکان دیاری کراون و وەکی ئامانجی هاوبەش لەلایەن ئەندامانی گرووپەوە وەرگیراون، ئیتر سەرنجدان بە هەستەکان و دڕدۆنگییەکان، تەنیا گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکاتەوە. بۆیە باشتر وایە هەرکام لە ئەندامان لەسەرهەستەکانی خۆی کۆنترۆڵی هەبێت و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی لە پێش هەموو شتێک دابنێت.
١٧- ئامادەیی: پێویستە بەردەوام ئامادەیی بەسەر گرووپدا زاڵ بێت. ئامادەیی، ترس لە کەشی ڕێکخراو دوور دەخاتەوە و هەستی ئازایەتی لە ئەنداماندا بەهێز دەکات. لە وەها حاڵەتێکدا گشت تاکەکان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەر دۆخێکدا دەتوانن خێرا پێکەوە هاوئاهەنگ بن و دۆخەکە بەپێی ئەو دۆخە بەڕێوە ببەن.
١٨- بەرزکردنەوە شارەزاییە کەسییەکان: لە ڕاستای گەیشتن بە ئامانجی هاوبەش، تاکەکانی گرووپ دەبێ شارەزاییە کەسییەکانی خۆیان بەهێز بکەن. هەر ئەندازە کە شارەزایی زۆرتر بەدەست بهێنن، قازانجی هاوبەشی زۆرتر بەدەست دێت. بەهێزکردنی شارەزاییە کەسییەکان لە پاڵ شارەزایی کاری گرووپییە؛ چونکە توانای بوون لە گرووپ و هاوکاریکردن لە گرووپدا بە قەد شارەزاییە کەسییەکان گرینگە.
١٩- ئەمنییەتی کاری: ئەمە ئەرکی ڕێکخراوەکان و ڕێبەرەکانیەتی کە بۆ ئەندامانی گرووپی خۆیان، ئەمنییەتی کاری پێک بهێنن. کاتێک کە تاکەکانی گرووپێک بزانن کە ئەگەر بە ڕێکوپێکی کارەکانیان ئەنجام بدەن و ئەگەر لەگەڵ گرووپ هاوئاهەنگتر بن، لە بەرژەوەندییاندایە، بە باشی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن.
٢٠- چارەسەرکردنی کێشەکان و چالێنجەکان: هەڵوێستگیرییەکان، کێشە کەسییەکانی تاکەکان و دەمارگرژییەکان نابێ لەسەر ڕۆحییەی کاری گرووپی کاریگەری دابنێت. لە ڕاستیدا تاکەکانی گرووپێک دەبێ لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کێشەکان و چالێنجەکان، بتوانن بۆ چارەسەرکردنیان هەوڵ بدەن، بێ ئەوەی کە لە هەوڵی ئەوەدا بن هەستی کەسی یان دەمارگرژییەکانی خۆیان ئاسوودە بکەن.
٢١- پێداگربوون: پێداگربوون واتە گرینگیدان بە کوالێتیی جێبەجێکردنی کارەکان. کاتێک کە تاکەکانی گرووپ لە بیری لەکۆڵکردنی ئەرکەکانی خۆیان نەبن و کەڵکەڵەی سەرەکییان دروست ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بێت، ئەو گرووپە لە ڕێگەیەیکی دروستدا هەنگاو هەڵدەگرێت و بەدڵنیاییەوە دەگاتە ئاکامێکی گەورە.
٢٢- چێژی کاری: کاتێک کە کەشی کاریی ڕێکخراو کەشێکی ماندووکەر و وشک بێت، ڕێژەی تامەزرۆیی گشتی دادەبەزێت. بۆیە باشتر وایە کە بۆ پێکهێنانی چێژی کار، کارێک بکرێت. بەوجۆرەی کە مرۆڤ دوای ماندوویەتی پێویستی بە حەسانەوەیە، تاکەکانی گرووپێکیش بۆ بەرەوپێشبردنی کارەکانیان پێویستیان بە چێژگەلێک هەیە: بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە هەستی شۆخیبازیی نێوان ئەندامەکان بکەین.
٢٣- سەرسەختی: سەرسەختی لە گرووپێکدا دەتوانێت کێشەکان بکات بە دەرفەتگەلێکی کار. کاتێک کە ئەم هەستی سەرسەختییە لە گشت ئەندامانی گرووپێکدا بوونی هەبێت، سەرکەوتنی ڕێکخراو گەرەنتیکراوە، چونکە تاکی سەرسەخت هەتا گەیشتن بە ئاکامی گونجاو دەستهەڵگری کۆششەکانی نابێت و جگە لە ئامانجی کۆتایی، هیچ شتێکی تریان لەلا گرینگ نییە.
٢٤- کۆبوونەوەی بەردەوام: بۆ ئەوەی ئەو خاڵانەی کە باسمان لێوە کرد لە ڕێکخراوێکدا نەهادینە بکرێتەوە، باشتر وایە بە شێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی کاری بەڕێوە بچێت. لە هەر کۆبوونەوەی کاریدا دەبێ ئاوڕێک لە بایەخە تاکییەکان و ئامانجە هاوبەشەکانیش بدرێتەوە.
٢٥- پاداشتی گرووپی: ئەگەر پاش هەر سەرکەوتنێکی بچووک، گرووپەکە خەڵات بکرێت، هەستی هاوکاری لە گشت تاکەکان زۆرتر لە پێش گەشە دەکات. بۆیە ئەگەر تاکگەلێکی نەگونجاو و ناسازگارلە گرووپدا بن، بەهۆی ئەم پاداشتانەوە دەبن بە تاکگەلێکی هاوئاهەنگ و گونجاو. سیستەمی پاداشتدان، هەمیشە سیستەمێکی کارا بووە.