میخائیل گۆرباچۆڤ، دوایین سه‌رۆكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له بیره‌وه‌رییه‌كاندا ده‌ڵێت: سه‌دام حسێن به‌ڕاستی له بارودۆخی نێوده‌وڵه‌تی تێنه‌ده‌گه‌یشت.
له‌باره‌ی دۆخی ئێستای رووسیاشه‌وه ده‌ڵێت: بارێكی خه‌مناكه، چوونكه به‌ركه‌وتی ته‌واوكاری وه‌لانراو جێی خۆی بۆ میتۆده پڕ هه‌راو جه‌نجاڵییه‌كان چۆڵكرد. ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه (30/ئاب/2022)، “میخائیل سێرگی گۆرباچۆڤ” دوایین سه‌رۆكی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت له ته‌مه‌نی (91) ساڵیدا، له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی رووسیا له شاری مۆسكۆ به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایی كرد.
كتێبی بیره‌وه‌رییه‌كانی میخائیل گۆرباچۆڤ، مه‌سعود بابایی له فارسییه‌وه كردوویه‌تی به كوردی، له دوو به‌رگ پێكهاتوه‌و تێكڕا (1230) لاپه‌ڕه‌یه‌و له بڵاوكراوه‌كانی خانه‌ی وه‌رگێڕانه له سلێمانی. به‌رگی یه‌كه‌م تایبه‌ته به باسكردنی ژیانی تایبه‌تی خۆی هه‌ر له منداڵیه‌وه تا بوونی به سه‌رۆك كۆماری و كاره‌كانی له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌تایبه‌تی چاكسازییه‌كانی پرۆسترۆیكاو گلاسنۆست. به‌رگی دووه‌می تایبه‌ته به باسی په‌یوه‌ندییه نێودهوڵهتییهكانو ئه‌و رووداوانه‌ی له وڵاتانی سۆڤیه‌ت و ئه‌وروپادا روویانداوه، كه دیارترینیان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیهتو یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیایه، شه‌ڕی كوه‌یت و ئێراقیش باسێكی تایبه‌تی ناو ئه‌م كتێبه‌یه.
له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ی یاداشته‌كانی، ده‌ڵێت: له ساڵی (1985) تا كۆتایی (1991) له گه‌رمه‌ی رووداوه‌كاندا بووم. ئێسته كه له‌باری قورسی ئه‌ركه‌كانم وه‌ك سه‌رۆكی وڵات رزگارم بووه، له‌و باوه‌ڕه‌دام مافی خۆمه هه‌رچییه‌ك كه ده‌زانم بیگێڕمه‌وه، روانگهكانم له‌باره‌ی هه‌ندێك مه‌سه‌له‌وه كه بۆ هاوسهردهمهكانم ئێجگار گرنگه رۆشن بكه‌مه‌وه. ئه‌م كتێبه زۆربه‌ی له‌باره‌ی منه‌وه نییه، به‌ڵكو زیاتر په‌یوه‌ندی به رۆژگاران و بارودۆخهكانهوه هه‌یه كه نه‌وه‌ی ئێمه‌ی سفتوسۆدا. ناوبراو له رۆژی (25/12/1991) ده‌ستی له‌سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كێشایه‌وه.
“سه‌رسامی مێژووم و رقم له ئه‌ده‌بیاته”
گۆرباچۆڤ له ساڵی (1931) له‌خێزانێكی جووتیار له‌دایكبووه، له‌به‌رئه‌وه‌ی باوكی له سووپای سۆڤیه‌تدا سه‌رباز بووه، بۆیه تاوه‌كو چوه‌ته قوتابخانه زیاتر له‌گه‌ڵ باوه و دایه گه‌وره‌یدا ژیاوه، له‌باره‌ی ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی ده‌ڵێت: ئه‌وان منیان وه‌ها بارهێنابوو كه هه‌ستمده‌كرد گرنگترین ئه‌ندامی خێزانم، زۆر هه‌وڵیاندا رازیم بكه‌ن لانیكه‌م بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌گه‌ڵ دایكم و باوكم بژێم، به‌ڵام هیچكات بۆیان نه‌لوا. هه‌موومانیش له‌و دۆخه خۆشحاڵ بووین”.
كاتێك جه‌نگی جیهانی دووه‌م كۆتایی دێت، گۆرباچۆڤ ته‌مه‌نی چوارده ساڵ بێت، بۆیه باس له كاریگه‌ری ئه‌و جه‌نگه دهكاتو ده‌ڵێت: نه‌وه‌ی ئێمه نه‌وه‌ی منداڵانی رۆژگاری جه‌نگه. جه‌نگ ئێمه‌ی سوتاندوه‌و هێماو زناكی خۆی له‌سه‌ر كه‌سێتی‌و روانگه‌مان بۆ جیهان به‌جێهێشتووه.
ناوبراو رایده‌گه‌یه‌نێت له قۆناغی ئاماده‌ییدا چێژی له وانه‌كانی فیزیك و بیركاری وه‌رگرتوه‌و به مێژوو سه‌رسام بووه، به‌ڵام “ئه‌ده‌بیات جاڕسی ده‌كردم”.
كاتێك ده‌چێته زانكۆ، كۆلێژی قانون هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: ناتوانم بڵێم هه‌ڵبژاردنی كۆلێژی یاسا به‌رنامه‌یه‌كی راو رایهڵكراوی ورد بوو، به‌ڵام پێگه‌ی دادوه‌ر یا دادوه‌ری گشتی كاری تێده‌كردم.. له شتێك دڵنیام به‌بێ ئه‌و پێنج ساڵه‌ی خوێندن له زانكۆی مۆسكۆ “گۆرباچۆڤی رامیاریزان” سه‌ری هه‌ڵنه‌ده‌دا.
“حیزب نه‌یده‌هێشت قسه بكه‌م”
گۆرباچۆڤ له ساڵی (1952) ده‌بێته ئه‌ندامی پارتی كۆمۆنیست، له (1971) ده‌بێته ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و نۆ ساڵ دواتر ده‌بێته ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، ده‌ڵێت: كاتێك بوومه ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، بڕیارمدا له‌سه‌ر ئه‌م به‌رنامه‌یه كاربكه‌م: به له‌سه‌رخۆیی بڕژێمه سه‌ر كاره‌كه‌م و لێبڕاوانه له‌گه‌ڵ گیروگرفته‌كاندا بهرهوڕووببمهوه. ئه‌مه‌كناسی سكرتێری گشتی بم و له‌مه‌ڕ هه‌موو مه‌سه‌له‌كانه‌وه راوێژی له‌گه‌ڵ بكه‌م. بۆ یه‌كگرتوویی مه‌كته‌بی سیاسی تێبكۆش‌م، لێپرسراوی كۆمیته‌ی كۆماره‌كان له‌وه‌ی كه خه‌ریكه رووده‌دات ئاگادار بكه‌مه‌وه. ناوبراو له ساڵی (1985) ده‌بێته سكرتێری گشتی حزبه‌كه‌ی، به‌ڵام ره‌خنه له حزبه‌كه‌ی دهگرێتو ده‌ڵێت: له سه‌ره‌تاكانی ساڵی (1970) تا نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی (1980)، واته هه‌شت ساڵ و نیو ته‌نیا دووجار، جارێكیان له پلینۆم و جارێكیان له كۆنفرانسی ئه‌نجومه‌نی باڵای پارتی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت ئیزنی قسه‌كردنیان پێدام. له‌حاڵێكدا هاوشانهكانم هه‌ل و ده‌رفه‌تی زۆریان بۆ قسه‌كردن پێدرا.. بۆیه له‌ڕێگه‌ی رۆژنامه‌و گۆڤاره نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌كانه‌وه روانگه‌كانی خۆمم ده‌رده‌بڕی.
“حزبێك به‌بێ گه‌نج و ژن”
گۆرباچۆڤ باس له‌وه‌ده‌كات مه‌سه‌له‌ی به‌ساڵاچوویی ته‌مه‌نی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی ببووه كێشه‌یه‌كی هه‌ستیار، به‌جۆرێك نێونجی ته‌مه‌نی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی گه‌یشتبووه نزیك حه‌فتا ساڵ، زۆر له رێبه‌رانی سیاسی بیست یا سی ساڵ بوو له ده‌سه‌ڵاتدا مابوونه‌وه.
بۆیه داكۆكی له بوونی گه‌نجان له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا دهكاتو ده‌ڵێت: تائێستاش پێموایه كار سپاردن به لاوان له‌ته‌نیشت به‌ئه‌زمونه‌كان هه‌ره پێویسته، ئه‌م كاره ناوێزهیهش تێهه‌ڵكێش و گرێدانێكی چاك دروستده‌كات”.
له‌باره‌ی به‌شداری ژنانیش ده‌ڵێت: هه‌رچه‌ند له سه‌رله‌به‌ری مێژووماندا گه‌لێ جاران به ده‌نگی دلێر له‌باره‌ی یه‌كسانی ژنان و به‌شدارییان له ده‌وڵه‌تدا هوتافمان داوه، به‌ڵام به‌كرده‌وه نه‌ك ته‌نیا له وڵاتانی رۆژئاوایی به‌ڵكو ته‌نانه‌ت له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی له‌م مه‌سه‌له‌دا پاشهوهتربووین. ئه‌مڕۆ به‌داخم كه ژنێك له ده‌سته‌ی رێبه‌رایه‌تی گۆرباچۆڤدا نه‌بوو. له ده‌سته‌ی رێبه‌رایه‌تی پێشنیشدا نییه.
“سرووشتی ده‌سه‌ڵات له سۆڤیه‌تدا”
نووسه‌ر زۆر راشكاوانه باس له ده‌رد و گرفته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت ده‌كات، له‌سه‌ره‌تادا باس له تێكه‌ڵاوی حزب و حكومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێت: له سایه‌ی ده‌ستووردا، حزب ده‌بووایه سیاسه‌تی داڕشتبایه و ئه‌نجومه‌نی باڵای سۆڤیه‌ت په‌سه‌ندی كردباو ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێی كردبا.. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی حزب له‌و كاروبارانه‌دا ده‌ستی وه‌رده‌دا كه له‌به‌رگره‌وه‌ی ئیش‌و كاری هێزه‌كانی یاسادانان‌و راپه‌ڕاندنیش ده‌بوو، سیستم به به‌رچاوی هه‌موانه‌وه له‌رزه‌ی ده‌هات. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: له كۆماره‌كاندا ئه‌م كارانه باو بوون: خزم خزمێنه، قاره‌مان په‌رستی و په‌سنی رێبه‌رانی ناوچه‌یی.. نواندنی ئه‌م ته‌خشان و په‌خشان‌و زێدهڕۆییانهش له‌سه‌ر حسێبی دابونه‌ریتی نه‌ته‌وه‌یی پینهدهكرا.
دواتر دێته سه‌ر باسی ده‌ستاوده‌ستكردنی دهسهڵاتو ده‌ڵێت: له وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا هیچ كه‌س به حه‌زو ئاره‌زوی خۆی خانه‌نشین نه‌كرا، ئاریشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌بوو ئێمه ره‌وتێكی خهڵكسالارانهی ئاساییمان نه‌بوو كه به‌هۆیه‌وه ده‌سه‌ڵات بشێ ده‌ستاو ده‌ست بكرێت. كابرایه‌كی ئێجگار نهخۆشو ته‌نانه‌ت به‌ساڵاچوو ده‌یتوانی له لوتكه‌ی قوچهكی ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه.
كاتێك باس له بودجه‌ی وڵاتیش ده‌كات ده‌ڵێت: ده‌بێ بڵێم “زۆرێك” له “راز‌و نهێنی” بودجه هێنده باش ده‌پارێزران كه من ته‌نیا له شه‌وی ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م له پۆستی سه‌رۆك كۆماری‌دا په‌یم به بڕێك له‌وانه برد. من ئاگام له گه‌وره‌ترین “راز” هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو كه بودجه‌كه‌ی ئێمه كون و كه‌لێنی زۆری تیا‌بوو. بۆ چاره‌سه‌ری له كورتیدانی بودجه پاره له پارهپاشهكهوتی هاوڵاتیانه گل ده‌درایه‌وه و قه‌رزی نێوخۆیی زێده‌تر ده‌بوو. له په‌نا ئه‌وه‌دا به فه‌رمی راده‌گه‌یه‌نرا كه داهاته‌كان هه‌میشه له خه‌رجییه‌كان زیاتره‌و بودجه به ته‌واوی هاوسه‌نگه.
“رٍووناكبیران نه‌یاری پرۆسترۆیكا بوون”
“گۆرباچۆڤ” كاتێك ده‌بێته سه‌رۆككۆمار پرۆسه‌یه‌كی چاكسازی سیاسی و ئابووری ده‌ستپێده‌كات، كه به پرۆسترۆیكاو گلاسنۆست ناسراوه. ناوبراو رونیده‌كاته‌وه پرۆسترۆیكا به‌م سێ قۆناغه‌دا رۆیشتوه، قۆناغی سه‌ره‌تایی له (1985 – 1988) بوو، كاتی پهیجۆرهكان، تاقیكارییه‌كان و هه‌ڵه‌كان بوو. قۆناغی دووه‌م له به‌هاری (1988) ده‌ستی پێكرد و تا (1990) خایاند ته‌رخانی خهڵكسالاركردنی كۆمه‌ڵگه كرا. به تێگه‌یشتن له‌وه‌ی پینه‌و په‌ڕۆ كردن، یا ته‌نانه‌ت ساخكردنهوهیهكی گرنگ، هیچی لێ شین نابێت و یاخۆ هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئابوری به‌بێ نوێكردنه‌وه‌ی بینای له‌رزۆكی سیستمی ئابووری سه‌رناكه‌وێ. سه‌ره‌نجام قۆناغی سێیه‌م له (1990 – 1991) ئێمه گه‌واهی ململانێی هێزه جڵهوپچڕاوه كۆمه‌ڵایه‌تی، نهتهوهییو سیاسییه‌كان بووین.
ناوبراو، روناكبیران به زیانمه‌ندی یه‌كه‌می پرۆسترۆیكا ناودێر ده‌كات و ده‌ڵێت: به ته‌واوی روون و ئاشكرایه كه بڵێسه‌ی ئاگری شۆڕشی هزر كه پرۆسترۆیكا هه‌ڵگیرساند زیاتر له هه‌موان گورزی له توێژی رووناكبیر وه‌شاند. هه‌ربۆیه من حه‌زناكه‌م له‌باره‌یانه‌وه شێلگیرانه داوه‌ری بكه‌م، چ بگات به‌وه‌ی سه‌ركۆنه‌یان بكه‌ن. توێژی رووناكبیر سه‌ختتر له هه‌ر كه‌سێكی دیكه له گۆڕانكارییه‌كانه‌وه خه‌ساری لێكه‌وت. روناكبیران كه ته‌نیاو ته‌نیا پیشه‌كه‌یان وای ده‌خواست رووداوه‌كان شی و شیته‌ڵ بكه‌نه‌وه، كه‌وتبوونه لێواری دوبهرهكییهوه.. هه‌ندێ كه‌س هه‌وڵیاندا تۆڵه‌ی له‌نێوچونی ژیانی ئاسوده‌ی پێشویان بكه‌نه‌وه، ئه‌وانیدی كه سه‌رمه‌ستی ئازادی بوون تێده‌كۆشان له شانۆیه‌كی چاونه‌ترسیدا پێش یه‌كدی بكه‌ون.
سه‌باره‌ت به دیدی تایبه‌تی خۆی بۆ پرۆسترۆیكا، ده‌ڵێت: ئه‌زمونی رابردوو نیشانی دابوو، ئه‌گه‌ر پزیسكی چاكسازی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك نه‌گرێته‌وه ئاكامه‌كه‌ی نوشوستییه. ده‌بوو كۆمه‌ڵگه هه‌رچی زووه له خه‌وی وڕی و كاسی راچڵهكێنینو خه‌ڵك له ره‌وتی گۆڕانكارییه‌كاندا به‌شدار بكه‌ین. من وه‌ك ده‌سته‌به‌رێك بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسترۆیكا -ره‌وتی گۆڕان له وڵاته‌كه‌ماندا- له‌م بابه‌ته‌م ده‌ڕوانی.
“حزب و سووپا دژم بوون”
یه‌كێك له كاره‌كانی گۆرباچۆڤ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازو چه‌كه‌كانی سووپای سۆڤیه‌ت بوو، كه به‌وته‌ی خۆی نه‌یاری زۆری بۆ دروستكردوه، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: من كه وێرابووم ئه‌ستونه قایمه‌كانی سووپای هه‌ژده ملیۆنی دیوانسالاران بهه‌ژێنم و ژماره‌یان كه‌م بكه‌مه‌وه، ئێسته تێده‌گه‌م له‌ڕاستیدا شانه‌ی زهرگهتهم تێكداوه. من ده‌مزانی ئه‌وان هیچ به‌زه‌ییه‌ك له جاڕهیاندا نییه.
له ره‌وتی باسكردنی نه‌یارانی پرۆسترۆیكادا، باس له حزبه‌كه‌ی خۆی دهكاتو ده‌ڵێت: ئێمه به رۆشنی خێرایی بیچمگرتنی باڵێكی نه‌یاری سیاسی و تووندیی په‌لاماره‌كه‌ی بۆ سه‌ر حزبمان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرت، گرنگترین شتێك كه تێبینیمان نه‌كرد راده‌ی پشتگیرییه‌ك بوو كه نه‌ك ته‌نیا توێژی رووناكبیر، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت چینی كرێكار به‌هۆی هیوابڕاوی له حیزب و بێتوانایی دیوانسالاران له گۆڕینی خۆیان له‌م باڵه نهیارهیان ده‌كرد.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: به‌داخه‌وه ئه‌م ره‌فتاره له وڵاتی ئێمه‌دا ئێجگار باوه و له حزبدا زیاتر له هه‌موان، هه‌ر كه‌س هاوڕاتان نییه دوژمنتانهو ده‌بێ وه‌ده‌ری بنێن، ته‌نانه‌ت باشتروایه به خشت سه‌ری پان بكه‌نه‌وه.
“سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و حیزب”
هه‌ندێك له نه‌یاران، گۆرباچۆڤ به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كاتێك بووه‌ته سه‌رۆككۆمار خه‌می حزبه‌كه‌ی نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌و به‌رپه‌رچی ئه‌م بۆچونه ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: كاتێك من به سه‌رۆك كۆماری سۆڤیه‌ت هه‌ڵبژێردرام، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌مده‌ویست به‌و چه‌شنه‌ی هه‌ندێك ئه‌مڕۆ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن “حزب به ده‌ستی چاره‌نوس بسپێرم”، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و مه‌به‌سته‌م هه‌بوایه ساده‌ترین رێگه بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه له‌نێوبردنی پۆستی سكرتێری گشتی بوو، كه لێتان ناشارمه‌وه په‌یتا په‌یتا داوایان لێده‌كردم ئه‌م كاره بكه‌م. به‌ڵام به‌رده‌وامیی بهرپرسیایهتیهكهمم له به‌رانبه‌ر حزب و ملیۆنان كۆمۆنیست سه‌باره‌ت به چاكسازییه‌كان ده‌ناسی. من به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمم ده‌زانی هه‌ر كارێك كه ده‌لوێ بۆ یارمه‌تیدانی حزب ئه‌نجامی بده‌م تا ره‌وتی خهڵكسالاركردنی خۆی له‌نێوخۆوه پهڕكاڵ (تكمیل) بكات.
“جیاوازییه‌كانی من‌و ره‌یگان”
كاتێك گۆرباچۆڤ ده‌بێته سه‌رۆككۆمار یه‌كێك له كاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا ده‌بێت، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی: من‌و یاریدهدهرانم له كاروباری ده‌ره‌وه‌دا به تێكڕا له‌م روانگه‌دا هاوپشك بووین كه ده‌بێ سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بسازێیت، چونكه ئه‌مه‌ریكا رێبه‌ری ناسراوی رۆژئاوایه، به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌م وڵاته هه‌ر هه‌وڵێك بۆ گۆڕینی پێوه‌ندییه‌كانی رۆژههڵاتو رۆژئاوا سه‌ری نه‌ده‌گرت. ته‌نانه‌ت ده‌لوا وه‌ك “كارێكی هه‌ڵخڕێن”، هه‌وڵێك بۆ كه‌لێن خستنه نێو یه‌كگرتنی رۆژئاوا‌و شتی له‌و جۆره له قه‌ڵه‌م بدرێت.
گۆرباچۆڤ دیدار‌و په‌یوه‌ندییه‌كی زۆری له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا “رۆناڵد ره‌یگان” ده‌بێت، له‌باره‌ی جیاوازییه‌كانیانه‌وه ده‌ڵێت: له یه‌كه‌مین دیدارمانه‌وه بۆم ده‌ركه‌وت ره‌یگان هۆگری ورده‌كارییه‌كان نییه. به من گوترا ئه‌و راپۆرتانه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی ره‌یگان داده‌نرێن هه‌رگیز له دو یان سێ لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایپكراو تێناپه‌ڕێن، هه‌ر شتێكی درێژدادهڕانه ره‌تده‌كرایه‌وه. به پێچه‌وانه‌وه مێزه‌كه‌ی من هه‌میشه كه‌ڵه‌كه‌یه‌ك له راپۆرته‌كان، دۆسیه‌و خشتهبهندهكانی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرابوو. من هیچكات خوم به‌وه نه‌گرتبوو “زانیارییه كورتكراوه‌كان” بخوێنمه‌وه، وه‌لێ نازانم ئه‌مه ئیمتیازێك یان دواكهوتویهك بوو. له وڵاتی ئێمه‌دا زانیارییه‌كان بۆ كاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رز به هه‌ڵه‌شه‌یی ئاماده ده‌كرێن كه ده‌بێته هۆی ئه‌وه كاتی به‌نرخی زۆر‌و زه‌وه‌ند له كیس بده‌ین.
“چه‌ك له به‌رانبه‌ر ئایدۆلۆژیا”
“گۆرباچۆڤ” جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه چه‌قی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بووه: ئێمه تێگه‌یشتین ئێجگار گرنگبوو هزره هه‌ڵه‌كانی خۆمان له‌باره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌وه راست بكه‌ینه‌وه. ئه‌م هه‌ڵێنجانه هه‌ڵانه ئێمه‌یان ناچاركردبوو بۆ چه‌ندین ده‌یه له‌گه‌ڵ باقی جیهان نهیاربین كه ئه‌مه كاریگه‌رییه‌كی خراپی له‌سه‌ر ئابووری ئێمه‌و هه‌روه‌ها بێداریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك، زانسته‌كان، فه‌رهه‌نگ و توانای روناكبیریی وڵاته‌كه‌مان دانابوو.. شێوه‌ی دیبلۆماتیكی ئێمه كه‌مێكی به خاتر ملهوڕی بوو. ئامانجی سه‌ره‌كی نیشاندانی وره‌یه‌كی نه‌به‌زیوو ره‌فتارێكی لوتبه‌رزانه‌ی تامسارانه بوو كه به هیچ تێبینییه‌كی سیاسی یا كردهوهیهكهوه پاساو نه‌ده‌درا.
له‌باره‌ی جیاوازییه‌كانی نێوان سۆڤیه‌ت و وڵاتانی رۆژئاوا وه‌كو دوو جه‌مسه‌ری سیاسی له جیهاندا، ده‌ڵێت: ئێستا كه ئاوڕێك له رابردوو ده‌ده‌مه‌وه دانی پیاده‌نێم سیاسه‌تی ئێمه له‌مه‌ڕ وڵاتانی له حاڵی گه‌شه‌دا زیاتر ئایدۆلۆژیك بوو. به‌ڵام به ته‌واوی روون و ئاشكرابوو كه رۆژئاوا هه‌میشه دابینكه‌ری سه‌ره‌كیی چه‌كه‌كانی جیهانی سێیه‌م بوو، هه‌ربۆیه پشتیوانیی له حكومه‌ته سهرهڕۆكانو ته‌نانه‌ت رژێمه به ته‌واوی سته‌مكاره‌كان دهكردو بنهواشهیهك كه باوه‌ڕی پێی هه‌بو ئه‌مه بوو “فڵانه دیكتاتۆر بیژییه، وه‌لێ هه‌رچۆنێك بێت زۆڵێكه له ئێمه كه‌وتۆته‌وه”.
“سه‌دام له‌كات به‌جێما بوو”
سه‌باره‌ت به په‌لاماری ئێراق بۆ سه‌ر كوه‌یت، گۆرباچۆڤ ده‌ڵێت: سه‌رۆكایه‌تی ئێراق له‌دیدی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه له كات به‌جێمابوو. ئه‌وان هه‌روه‌ها به بیرۆكه‌یه‌كه‌وه نووسابوون كه ره‌گاژۆی له چاخی ململانێدا داكوتابوو، ئه‌گه‌ر قه‌یرانێك له‌م به‌شه‌ی جیهاندا روویدابا، ئهمهریكاو یه‌كێتی سۆڤیه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی مسۆگه‌ر له دوو به‌ره‌ی نه‌یاره‌وه مه‌ته‌رێزیان له یه‌كدی ده‌گرت. ئه‌مه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی به‌غدا بوو. پاشان به‌درێژی باس له هه‌وڵه‌كانی خۆی‌و وڵاته‌كه‌ی له‌باره‌ی كشانه‌وه‌ی ئێراق له كوه‌یت و روونه‌دانی شه‌ڕ ده‌كات، له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: سه‌دام حسێن به‌ڕاستی له بارودۆخه‌كه تێنه‌ده‌گه‌یشت، گیرۆده‌ی ئه‌و وه‌همه بوو كه كۆمه‌ڵگه‌ی جیهانی ته‌گبیرو شیره‌تی تووندوتیژ ناگرێته‌به‌ر. دواتر باس له گفتوگۆیه‌كی خۆی‌و نێوان تاریق عه‌زیزی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئێراق ده‌كات، كه عه‌زیز پێویتوه: ئێمه ده‌زانین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌مان ده‌بێت به ململانێیه‌كی به‌رین كه لێكه‌وته‌كانی نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر نیشتیمانی عه‌ره‌بی، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر تێكڕای جیهان داده‌نێت.
“چیچیانی دوێنێ و رووسیای ئه‌مڕۆ”
دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی گۆرباچۆڤ، بۆریس یه‌ڵتسن ده‌بێته سه‌رۆكی رووسیا. یه‌ڵتسن له ساڵی (1994) په‌لاماری چیچیان ده‌دات، گۆرباچۆڤ هۆكاری ئه‌و په‌لاماره ئاشكرا دهكاتو ده‌ڵێت: له راپرسیه‌كدا كه له نۆڤه‌مبه‌ری (1994) به‌ڕێوه‌چوو (70%) به‌شداربووان متمانه‌یان به سه‌رۆككۆمار نه‌بوو. خۆشه‌ویستی حزبی ئیگۆر گایدار كه وه‌ك هێزی سه‌ره‌كیی سیاسیی لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت له قه‌ڵه‌م ده‌درا په‌یتا په‌یتا كه‌م ده‌بووه‌وه. به‌رپرسان به‌ره‌به‌ره بۆیان ده‌ركه‌وت ناڕه‌زایه‌تی له وڵات‌دا رووی له زیادبوونه. ئه‌وان له هه‌موو ده‌رگایه‌كیان دا به‌شكم بتوانن شتێك په‌یدابكه‌ن له‌لایه‌كه‌وه سه‌رنجی خه‌ڵك رابكێشێ، له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌رۆك كۆمار زیاتر بخاته‌وه به‌ر دڵان. به‌و شێوه‌یه بوو كه بیرۆكه‌ی “شه‌ڕێكی بچوكی سه‌ركه‌وتوانه” له چیچان بیچمی گرت.
گۆرباچۆڤ جه‌ختده‌كاته‌وه به‌رپرسان له هه‌لومه‌رجی چهتوندا ناتوانن خۆیان له به‌كارهێنانی هێز ببوێرن، به‌ڵام پێیوایه “وه‌ها كارێك ده‌بێ پێویست‌و پاساودار و ئێجگار سنووردار بێت، چونكه رێگاچاره‌یه‌كی راسته‌قینه ته‌نیا به ئامرازی سیاسی ده‌لوێ”. له‌باره‌ی دۆخی ئێستای رووسیاشه‌وه، ده‌ڵێت: باری خه‌مناكی رووسیای ئه‌مڕۆ به‌ره‌نجامی راسته‌وخۆی ئه‌و واقیعه‌یه كه له هه‌ر قۆناغێكی تایبه‌تدا، به‌ركه‌وتی فراژویی (تكاملی) وه‌لانراو جێی خۆی بۆ میتۆده پڕ هه‌راو جه‌نجاڵییه‌كان چۆڵكرد، شتێك كه كۆمه‌ڵگه‌ی لێكترازاندو ژیانی خه‌ڵكی تیابرد.
“كتێبێك به سێ ملیۆن دۆلار”
له ساڵی (1987) گۆرباچۆڤ كتێبی پرۆسترۆیكا بڵاوده‌كاته‌وه، كه نزیكه‌ی پێنج ملیۆن دانه‌ی له (160) وڵات‌و به هه‌شتا زمان لێ ده‌فرۆشرێت، سێ ملیۆن دۆلار مافی دانانی كتێبه‌كه ده‌بێت. ناوبراو ده‌ڵێت: پاش پێدانی باج‌و گلدانهوهكانی دیكه، ئه‌م مافی سپاردنه بۆ ئامانج‌و مه‌به‌ستی كاری مرۆڤدۆستانه وه‌ك سندوقی یارمه‌تی گه‌یاندن به قوربانییه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌ی ئه‌رمه‌نستان‌و تاجیكستان كه‌ڵكی لێوه‌رگیرا.. به‌گشتی پێشوازی له كتێبه‌كه‌م كرا، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك وه‌ك كتێبێكی ئاسایی، به‌ڵكو وه‌ك به‌رنامه‌یه‌كی ده‌ستپێشخه‌ری پرۆستریكا باسی لێوه‌كرا.
“نۆبڵ: خه‌ڵات و په‌لاماردان”
له ساڵی (1990) گۆرباچۆڤ خه‌ڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێده‌درێت، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: به‌شێكی هه‌ر زۆری كاردانه‌وه‌ی ناوخۆی سۆڤیه‌ت له‌باره‌ی ئه‌و خه‌ڵاته‌وه زۆر له ئه‌مه‌ك‌و رێزه‌وه به‌دوور بوو. بارودۆخه‌كه له وڵاته‌كه‌ماندا ئێجگار قه‌یراناوی بوو، من له هه‌مو لایه‌كه‌وه په‌لامار ده‌درام. له‌م چوارچێوه‌دا خه‌ڵاتی نۆبڵ به نیشانه‌ی پژڕاسی سیاسه‌ته‌كانی من له‌لایه‌ن خه‌ڵكانێكه‌وه له قه‌ڵه‌م درا كه به رای به‌شێكی زۆری رایگشتی سۆڤیه‌ت وه‌ك گوته‌بێژی به‌رژه‌وه‌ندییه “ئیمپریالیستی”یه‌كانی رۆژئاوا ره‌فتاریان ده‌كرد. شتێك كه واقو وڕی كردم، به‌تایبه‌تی كاردانه‌وه‌ی دوژمنكارانه‌ی رێبه‌رایه‌تی فیدراسیۆنی رووسیا بوو.