2-ژن وه‌کوو هاوسه‌ر.
نواندنه‌وه‌ی هاوسه‌ر له شیعری شێرکۆدا به درێژایی زه‌مه‌ن له هه‌ڵچوون و داچووندا بووه. له ده‌فته‌ره شیعره سه‌ره‌تاییه‌کانیدا(تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست) هاوسه‌ر وه‌کوو مه‌عشووق و له سه‌رده‌می قۆناغی خه‌بات و غوربه‌تیشدا وه‌کوو هاوڕی و پشتیوان نوێندراوه‌ته‌وه. خاتوو نه‌سرین هاوسه‌ری شێرکۆیه. ئه‌و که‌سایه‌تییه‌کی بێده‌نگ به‌ڵام زۆر به‌توانایه که له پێشکه‌وتن و هاوکاریکردنی شێرکۆ و به‌رپرسیارێتی بنه‌ماڵه‌دا ڕۆڵێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بووه. شیرکۆ له شیعره‌کانی خۆیدا به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ باسی هاوسه‌ره‌که‌ی ده‌کات، له هه‌ندێک له شیعره‌کاندا به ڕاشکاوی له‌باره‌یه‌وه قسه ده‌کات و هه‌ندێ جاریش به په‌نامه‌کی و شاراوه‌یی. هه‌ندێ جار ئه‌م شیعره عاشقانه‌یه و هه‌ندێ جاریش زۆر دۆستانه و هه‌ندێ جاریش ده‌رخه‌ری ڕێزێکه بۆ پشتیوانیکردنی له شێرکۆ و پارێزگاریکردنی بنه‌ماڵه. ده‌سپێکی یه‌که‌مین ده‌فته‌ری شیعری شێرکۆ به‌ناوی(تریفه‌ی هه‌ڵبه‌ست) به ناوی ئه‌وه‌وه ده‌ست پێده‌کات. شیعری شێرکۆ بۆ “ن” یان نه‌سرینه. من یه‌که‌مین شیعرم له ده‌فته‌ری یه‌که‌مم بۆ ئه‌و نوسی، نوسیبووم بۆ “ن”ی خۆشه‌ویست.
شیرکۆ که‌سێکی ئاسایی نه‌بووه و ژیانێکی ئاساییشی نه‌بووه. ئه‌و ئه‌گه‌رچی که‌سایه‌تییه‌کی زۆر میهره‌بان بووه به‌ڵام به‌هۆی که‌ڵکه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کانییه‌وه زۆر که‌م له لای بنه‌ماڵه بووه. شێرکۆ جارێک له سه‌رده‌می سه‌ڵتیدا چووته ڕیزه‌کانی شۆڕشه‌وه. کاتێک که له ساڵی 1984 بۆ دووهه‌مین جار ده‌گه‌ڕێته‌وه ڕیزی شۆڕش، هاوسه‌رگیری کردووه و ده‌زانێت که به‌شێکی زۆر له کێشه و به‌رپرسایه‌تییه‌کانی خستووه‌ته ئه‌ستۆی هاوسه‌ره‌که‌ی و ده‌ڵێت ژنی زۆرێک له ئێمه‌مانان نه‌ک ته‌نها سوود و خێرێکیان له ئێمه نه‌دیت به‌ڵکوو هۆکاری ره‌نج و ئازاریشیان بووین؛ به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ئه‌وان هه‌ر له پشتمان بوون، خۆیان نه‌دۆڕاند و له‌گه‌ڵ ڕه‌نجی ئێمه ڕاهاتن، ئه‌وان په‌یامی ئێمه‌یان به په‌یامی خۆیان ده‌زانی. شێرکۆ کاتێک دوور ده‌خرێته‌وه بۆ باشووری عێراق پاش ماوه‌یه‌ک پێملی ده‌که‌ن که ژن و منداڵه‌کانیشی ببات بۆ لای خۆی. نه‌سرین به ئیراده‌یه‌کی به‌هێز و پته‌و له پشتی ده‌بێت و له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا ده‌ست ده‌داته ئیش و کاری سه‌خت که زه‌حمه‌تێکی زۆره بۆ سه‌ر جه‌سته و له‌شی ژنێک.
شێرکۆ له دیوانی “ڕه‌نگاله” و له شیعری مامزی ماندوو باسی ژنێک ده‌کات که به سه‌تڵ ئاو له فورات دێنیت:
له فوارتهوه دێیته‌وه چاوم لێیه:
به په‌ڵه‌په‌ڵه‌ی هه‌تاوی
دارستانی خورمادا
به لاره‌لار، تێ ئه‌په‌ڕێ
نیوه‌ی له‌شی له سێبه‌ردا و نیوه‌که‌ی تر
تیشکی له‌سه‌ر هه‌ڵئه‌په‌ڕێ،
به‌ڕیوه‌یه،
لاره‌لار
له مامزی ماندوو ئه‌چێ
هه‌ر دوو ده‌ستی سهتڵگرتووی
شل ئه‌بێت و بۆ چه‌ند ساتێ
وچان ئه‌گرێ،
ئێسته‌که ڕێک به‌رامبه‌رم
ڕاوه‌ستاوه
ئه‌ڵێی گوڵه‌هێرۆی سووری
دڵۆپ له‌ڕوو هه‌ڵپرژاوه،
ئه‌ی ژنه دڵ غه‌مگینه‌که‌م!
ئه‌وینی تۆ و ئاوی فورات نه‌بوونایه
هه‌رگیز…هه‌رگیز
من ئه‌م شیعره‌م
بۆ نه‌ئه‌هات.
شێرکۆ له وتووێژ و بیره‌وه‌رییه‌کانیدا به شکۆ و گه‌وره‌ییه‌وه باسی نه‌سرین ده‌کات و ده‌ڵێت من هه‌ڵه‌م کردووه به‌ڵام نه‌سرین گه‌وره و به‌شکۆیه: ((نه‌سرین هه‌رگیز منی ڕووبه‌ڕووی پرسیار نه‌کردووه‌ته‌وه که بۆچی ئه‌مه‌ت نوسیوه؟ ئه‌و ژنه کێیه؟ مه‌به‌ستت له‌وه چییه؟ ئه‌و زه‌مینه‌ی بۆ نوسینی من ئاماده کردووه.))
نه‌سرین ئه‌گه‌رچی ژنێکی بێده‌نگ و که‌مدووه به‌ڵام ژنێکی ساده و ئاسایی نییه. ئه‌و ده‌زانێت ئاوه‌ها پیاوێک پێوستی به ژنێکی هێمن و به‌هێزه. نه‌سرین ده‌ڵێت: ((ئێمه زۆر پێکه‌وه نه‌بووین. هه‌ندێ جار زۆر لێک دوور بووین. من له‌مپه‌ر نه‌بووم له به‌رده‌میدا که بچێته ناو ڕیزه‌کانی شۆڕشه‌وه. من ده‌مزانی ده‌ڕوات. ئه‌و نه‌یده‌توانی شۆڕش پشتگوێ بخات، له وڵاتی سوید به منیان وت دواهه‌مین جار که‌ی مێردهکهتت بینیوه؟ وتم چوار ساڵ پێش ئێستا…ئه‌وان به سه‌رسووڕمانه‌وه ئه‌م بابه‌ته‌یان ده‌دیت)).
3-ژن وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی جوانی.
شێرکۆ له نواندنه‌وه‌ی ژن و جوانییه‌کانی تا سنووری ئه‌فسانه‌ش ده‌چێت. هه‌رچه‌ند له‌م به‌شه‌دا وا چاوه‌ڕوان ناکرێت که ئه‌و وێنه‌یه‌کی ناشیرین و دزێو له ژن دابهێنێت. شێرکۆ ژن به یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی جوانی ده‌بینێت. شێرکۆ ده‌ڵێت جارێک پاش خوێندنه‌وه‌ی شیعر له ژنێڤ ژنێک هات بۆ لام و وتی ماوه‌یه‌کی زۆره وه‌ها شیعرێکم نه‌بیستبوو. دواتر پرسی ئینگلیزی ده‌زانی وتم نا! وتی فه‌ره‌نسی وتم، نا! وتی ئه‌ی ئیتالی وتم ڕوونه که نازانم! ئه‌و ماڵاوایی کرد و ڕۆشت. ژنێک بوو زۆر جوان بوو، ژنێکی خانومان! به چاوانی سه‌وز و لووتێکی قه‌ڵه‌مییه‌وه، سیحرێکی تێدا بوو که منی به‌ره‌و قووڵایی خه‌یاڵ په‌لکێش کرد، ئاوه‌ها قووڵاییه‌ک که هاتنه‌ده‌ره‌وه لێی مه‌حاڵ بوو. من وه‌کوو ده‌نکه به‌فر تیایدا ده‌توێمه‌وه.
شێرکۆ له وتووێژ له‌گه‌ڵ هێنی ژیاننامه‌ی هه‌ندێ که‌سایه‌تی ڕه‌خنه ده‌کات که بۆچی ژنان تێیدا ئاماده نین. ژنان له‌م بیره‌وه‌رییانه‌دا ده‌چنه خانه‌ی عه‌ده‌مه‌وه. شێرکۆ له وتووێژه‌که‌دا باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی یه‌کێک له شاعیره ناوداره‌کان به‌ناوی قوبادی جه‌لیزاده ده‌کات و ده‌ڵێت سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه شیعرن به‌ڵام به‌هۆی سه‌رنجنه‌دان به ڕه‌هه‌نده ڕۆحی و فیکرییه‌کانی ژن ده‌بێ ڕه‌خنه‌یان لێ بگیرێت و ده‌ڵێ به‌ڕاده‌یه‌ک جوانی جه‌سته لای قوباد زه‌ق و دیاره جوانییه‌کانی ڕۆح و فیکر که‌متر ده‌بینرێت.ئه‌و له شوێنێکدا ده‌ڵێت له دونیادا که‌س به قه‌د من عاشقی ژن نییه. ئه‌و ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی جوانیی ژنی لا مه‌به‌سته. گابرییه‌ل گارسیا مارکیز له کتێبی (یادداشته‌کانی پێنج ساڵه) له شه‌که‌تی و ماندووێتی ناو فڕۆکه وه‌ڕه‌ز ده‌بێت و بۆ ئه‌وه‌ی تۆزێک بحاوێته‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر خه‌و. ده‌ڵێ ماوه‌یه‌ک سه‌رقاڵی کتێب و ماوه‌یه‌کیش چاوم له فیلم کرد به‌ڵام هیچیان جێگیر نه‌بوون تاکوو ڕۆژێک دۆستێک هات و پێشنیاری خۆشه‌ویستی پێم کرد.
شێرکۆ ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر چاو له ئه‌ده‌ب بکه‌ی و ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی شیعر بده‌یت. ئه‌گه‌ر ژن لێیانه‌وه ده‌ربینی چ شتێک ده‌مێنێته‌وه؟!. بێگومان ژن بارانی ئه‌ده‌به. ئه‌گه‌ر ئه‌م بارانه نه‌بێت هه‌موو شتێک وشک و برینگ ده‌بێت. من ئه‌مه ده‌زانم که ئه‌م فریشتانه له ژیانی مندا ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان گێڕاوه، ئه‌وان وه‌ک ئاو بوو و نه‌یانهێشت ڕیشهکانم وشک بێت.
4-ژن وه‌کوو هاوڕێ.
یه‌کێک له‌و وێنانه‌ی که له هونه‌ری شێرکۆدا هه‌یه هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ ژنانه. ئه‌م وێنه‌یه له ژنان وه‌کوو دۆست و هاوڕێ جۆرێک نواندنه‌وه‌ی تازه‌یه. پێشتر نه له شیعر و نه له ناو کۆمه‌ڵگادا ئاوه‌ها شتێک باو نه‌بووه؛ به‌ڵام شیرکۆ به‌دوای دروستکردن و داهێنانی دونیایه‌کی نوێیه بۆ ژنان. ئه‌و له ناو شاعیرانیشدا هاوڕێیانێکی زۆری هه‌بوو و له شیعرگه‌لێکی زۆردا دێته‌وه سه‌ریان. ئه‌و ته‌نانه‌ت هه‌نگاوێک سه‌رووتریش ده‌نێت و په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ پیاوان ده‌گه‌ڕینێته‌وه بۆ بارودۆخی کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆی. (من ئه‌گه‌ر که‌سێکی ئه‌ورووپی بایام هه‌موو هاوڕێکانم ژن ده‌بوون). له شوێنێکی دیکه‌دا و له وتووێژێکدا ده‌ڵێت که (من له ناو ژنانا هاوڕێی زۆرم هه‌یه، له نێو گه‌نجان، له نێو خوێندکارانی زانکۆ، له ڕاستیدا من قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ژنانم زۆر پێ خۆشه. ئه‌وان زۆر میهره‌بانترن له پیاوان) (به‌شێکی زۆر له دونیای ژنان هێمنی، لێبوردن، جوانی و پشتگیرییه).
شێرکۆ وه‌کوو هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ پیاوان له ڕه‌نج و ئازاری ئه‌م هاوڕێیانه‌ش به‌شدار ده‌بێت. له شیعری “خه‌ڵووز” که بۆ نه‌جیبه ئه‌حمه‌د نوسیویه‌تی ده‌ڵێت( پێشکه‌شه به ئازاره‌کانی نه‌جیبه‌ی خوشک و هاوڕێ)
خه‌ڵووز
له شه‌وانی کڕێوه‌دا
دێڕی شیعرم..جێی هێشتم و
خۆی کرد به‌ناو کووره‌ی دڵی”شاژن”ێکدا
با‌نگم لێکرد: نه‌ڕۆی..نه‌که‌ی!
گوێی خۆی که‌ڕ کرد!
که ده‌ستیان بڕی و ده‌ریان کرد
تاریک و ڕوون، سه‌رکز، زه‌بوون
گه‌ڕایه‌وه..
سه‌رنجم دا..
بووبوو به کڵۆ خه‌ڵووزێ
به‌ندم کرد‌و که شه‌و داهات
ئاگرێکم لێکرده‌وه
نامه‌یه‌کی له سه‌رما گرمۆڵه‌بووی
له قه‌فه‌زه‌وه هه‌ڵاتووی
ئه‌وینی نه‌جیبه خانم
له به‌ردا گه‌رم کرده‌وه!
5-ژن وه‌کوو شۆڕشگێڕ.
له‌م وێنه‌یه‌دا شیرکۆ ده‌په‌رژێته سه‌ر نواندنه‌وه‌ی سیمای ژنانی شۆڕشگێڕ. ئینسانگه‌لێک به‌ئیراده‌ی پۆڵایین، ڕێپیشانده‌ر و پێشه‌نگ که نه‌ک ته‌نها سه‌ودای ڕزگاریکردنی خۆیانیان هه‌یه به‌ڵکوو له بیری ڕزگاری له داگیرکه‌ر و گه‌یشتن به ئازادیشن. ئه‌و له شیعرگه‌لێکی جۆراوجۆردا ستایشی ژنان ده‌کات که ته‌نها هه‌ر له بیری ڕزگارکردنی خۆیان نین به‌ڵکوو له بیری ڕزگارکردنی کۆمهڵگاشدان. شیرکۆ هه‌ر ژنێک له ناو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک به هه‌ڵگری ئاوه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه‌ک ده‌زانێت. ئه‌م جۆره ژنانه هه‌م له ناو کورد و هه‌م له ناو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌دا هه‌یه و شێرکۆ بۆ هه‌ر دوو جۆره‌که‌ی شیعری وتووه. بۆ نموونه ئه‌و بۆ له‌یلا قاسم له کوردستان و جه‌میله بوپاشا له جه‌زائیر شیعری وتووه.
“ناو”
بۆ له‌یلا قاسم
گۆمێ شووی کرد به ئاسۆیه‌ک
له باوه‌شی سێیه‌م وه‌رزا
له ناو شه‌به‌قی
ده‌م که‌لا کچێک‌یان بوو
بۆ ناو گه‌ڕان
هه‌رچی شاخه کۆ بوونه‌وه
هه‌رچی باڵنده و دره‌خته گرد بوونه‌وه و
به هه‌موویان
کچه‌که‌یان ناونا : “له‌یلا”
له شیعرێکی دیکه‌دا ستایشی جهمیلهبوپاشا؛ کچه شۆڕشگێڕی جه‌زائیری ده‌کات. شێرکۆ له شیعرێکدا ئاوه‌ها ستایشی ده‌کات.
فێرکردن
“جه‌میله” پرچی درێژی ڕازه‌کانی
جه‌زائیری ئه‌هۆنییه‌وه، پێشی ئه‌وت:
نیشتمانم
ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕاستیان بڕیم
چه‌پ فێر ئه‌که‌م
بۆ ئه‌وه‌ی ناوت بنوسێ.
چه‌پیان بڕی ئه‌وا په‌نجه‌ی
قاچه‌کانم ڕائه‌هێنم.
بۆ ئه‌وه‌ی ناوت بنوسێ
دوای چوارپه‌لی بڕاوهیشم
به هاوار ناوت ئه‌نووسم
که هاوار مرد..من سه‌رنجم فێر کردووه
که چۆن ناوت له ناو جاوی
بیم و ترسی جه‌للاده‌کانی ژوور سه‌رما
هه‌ڵبکه‌نێ
نیشتمانم!
6-ژن وه‌کوو ژێرده‌ست.
له شیعری شێرکۆدا وێنه‌یه‌کی له‌خاچدراو له ژن ده‌نه‌خشێندرێت که گیرۆده‌ی کۆمه‌ڵگای پیاوسالاره. شیرکۆ به‌رگریکارێکی سه‌رسه‌ختی ژنان و مافه‌کانیانه. له 31 ساڵیدا کاتێک یه‌که‌مین ڕاگه‌یاندنی مه‌کته‌بی ڕوانگه ده‌نوسرێت شێرکۆ و به‌شێکی دیکه له نوسه‌ران به‌رگری له مافی ژنان ده‌که‌ن. هه‌ر بۆیه ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵک دژیان ده‌وه‌ستنه‌وه. هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنیان لێ ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ماڵه‌که‌ی شێرکۆ ده‌گیرێته به‌رد و به‌ردباران ده‌کرێت. ئه‌و ده‌نوسێت من له سه‌رده‌مانێکی زووه هاوڕێی ژنان و پشتیوانی مافه‌کان و ئازادی ژنان بووم. (له ساڵی 1971 و کاتێک که به‌یانییه‌ی دووهه‌می ڕوانگه‌مان نوسی که تێیدا به‌رگری له مافی هاوسان بۆ ژنان کرابوو زه‌ختێکی زۆرمان خرایه سه‌ر و ڕۆژێک ماڵه‌که‌مان له سلێمانی به‌ردباران کرا).
شێرکۆ یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین ئه‌رکه‌کانی ئه‌ده‌ب به به‌رگریکردن له مافی ژنان ده‌زانێت (من هه‌میشه وا بیرم کردووه‌ته‌وه؛ په‌یامی ئه‌ده‌ب و مۆدێڕنیته به بێ په‌یامی پێشکه‌وتووی فیکری دیموکراسی و کۆمه‌ڵایه‌تی، نیوه‌چڵ و ناته‌واوه. ئێوه وه‌ک ئه‌دیب و ڕۆشنبیر پێویسته له‌باره‌ی پرسی ژنان قسه‌ی خۆتان هه‌بێت، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی پێشێلکاریی مافی ئینسان و سه‌رکوتکردن و سته‌م بۆ سه‌ر ژنان و هه‌ر بابه‌تێکی دیکه ده‌بێت له پێش هه‌مووان په‌یامی نوسه‌ران و ئه‌دیبان بێت).به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو ژن وه‌کوو ئینسان، له دایکه‌وه تاکوو مه‌عشووق و یار و هاوڕێ ڕۆڵێکی گه‌وره‌یان هه‌بووه (وا بیر ده‌که‌مه‌وه که به بێ ژن شیعر نه‌ده‌بوو.)
7-ژن وه‌کوو مرۆڤ.
شێرکۆ کاتێک له‌باره‌ی جوانی یان میهره‌بانی یان ئازار و ڕه‌نجی ژنان قسه ده‌کات سنووره‌کانی شوێن و کات ده‌به‌زێنێت. ئه‌و ده‌زانێت ئه‌و ئاوه‌ڵناوانه‌ی که ده‌درێنه پاڵ هه‌ر شتێک، نابێت ببنه به مایه‌ی شانازی یان ملکه‌چی. ئه‌و له هه‌مان سه‌ره‌تای له‌دایکبوونییه‌وه باسی شارێک ده‌کات که دینه جیاوازه‌کان له‌پاڵ یه‌کتر به هێور و خۆشییه‌وه ده‌ژین. شێرکۆ له دایکێکی موسڵمان له دایک ده‌بێت، دایه‌نه‌که‌ی ژنێکی مه‌سیحی بووه، ئه‌و ده‌ڵێت:-(من خۆشحاڵم که ژنێکی مه‌سیحی خاچی ناوچه‌وانمی کێشاوه ئه‌مه نیشانه‌یه‌که بۆ دوو ڕوانگه‌ی جیاواز که پێکه‌وه هه‌ڵده‌که‌ن له شارێکی بچووکدا). ( له دوای شیعر ئه‌گه‌ر پرس و بابه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت که من ههوڵیم بۆ دابێت یان ئیشم بۆ کردبێت به‌رگری له مافی ژنان و په‌یامی یه‌کسانی و هاوسانییه). یا ئه‌و کاته‌ی که له نیو عه‌ربه‌کانی باشووردا ئیش ده‌کات وێنه‌ی ڕه‌نج و ئازاری ژنانی عه‌ره‌ب وه‌کوو ڕه‌نج و ئازاری ژنانی گونده‌کانی کوردستان ده‌کێشێت؛ ئه‌و باس له ژنێکی عه‌ره‌ب به‌ناوی (ئوم ئه‌سعه‌د) ده‌کات که ڕه‌نج و ئازار ژیانی ڕه‌ش هه‌ڵگه‌ڕاندووه:-
“ام اسعد” دراوسێمانه
وه‌ک دووکه‌ڵکێش
ته‌مه‌نی ئه‌و ڕه‌ش داگه‌ڕاو
ده‌م و چاوی
نانی سووتاو
باڵای له لقه دارخورمای
وشکه‌وه‌بووی
په‌نا ته‌ندووره‌که‌ی ئه‌چێ
ناسۆرێکه و ئازا ئه‌ژی
ده‌ست و پل و کۆلهوژی
(باوه‌ڕم وایه له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا له‌م سه‌ری دونیاوه تا ئه‌وسه‌ری دونیا ئه‌گه‌ر ژنانی ئازاد نه‌بن پیاوانیشی ئازاد نین. بۆ منداڵانیش به هه‌مان شێوه، ئه‌مه کۆمه‌ڵگایه‌ک ده‌بێت به بێ سبه‌ینێ و داهاتوو، ئازادیی ژن پێوه‌رێکه بۆ هه‌موو چه‌شنه‌کانی ئازادی، دیموکراسی، شارستانییه‌ت، کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و هه‌موو پێشکه‌وتنه‌کان. به‌ڵام پێویسته ژنان ببه‌ن به یه‌که‌مین پارێزگاری مافی خۆیان).
شاعیر له ڕۆژی ژن‌دا به‌م شێوه‌یه باسی شکۆی ژن ده‌کات:-
ئه‌مڕۆ ڕۆژی زیوینی…سه‌روقژ به پرشنگ و شان و مل به په‌ڕه‌ی هه‌ڵاڵه‌ی تۆیه، ئه‌ی چاوگی بوونمان. ژن!
ئه‌مڕۆ ڕۆژی ته‌وێڵ به بژوێنی
به‌یانیانی خۆشه‌ویستی تۆیه. ئه‌ی بالای ژیان…ژن!
هه‌نووکه وه‌ختی گۆرانیته..
“ئه‌نجامگیری”
شێرکۆ له سه‌رده‌مێکدا ده‌ژی که کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسی ژینۆسایدی ئینسانی و کهلتووریدایه. ئه‌و له ڕێگه‌ی شیعره‌کانییه‌وه دژی سته‌م ده‌وه‌ستێته‌وه به ڕاوه‌ستان له مه‌ته‌رێزی ئازادی‌دا. زوڵم و سته‌م له بواره جیاجیاکاندا چاوی به‌سه‌ر نادادپه‌روه‌ری و ناهاوسانی له ڕووه جیاوازه‌کانه‌وه ده‌کاته‌وه. ئه‌و شیعر وه‌کوو ڕیسالهتێک چاو لێده‌کات که له خزمه‌تی ئازادی و دادپه‌روه‌ریدایه. دوالیزمێک له نێوان خێر و شه‌ڕ، ڕه‌ش و سپی له شیعری ئه‌ودا ده‌نوێنرێته‌وه. شوێن و کات ته‌نها له‌و ڕووه‌وه بۆ ئه‌و گرینگن که ڕه‌نگه له یه‌کیاندا ئینسان زیاتر سته‌م و توندوتیژی و نادادپه‌روه‌ری ده‌رهه‌ق بکرێت. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له بابه‌ته‌کانی شیعری هه‌موو شاعیران ژن بێت ئه‌وا شێرکۆ به تێڕوانینی تایبه‌تی خۆیه‌وه وێنه‌یه‌کی جیاوازی له ژن هه‌یه که له شیعره‌کانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه. هۆنینه‌وه‌ی شیعر بۆ ژنان له سێ حاڵه‌تی ژن وه‌کوو دایک، هاوسه‌ر و یار شتێکی سه‌یر و نامۆ نییه به‌ڵام ئه‌م تێڕوانینه بۆ ژن وه‌کوو دۆست و هاوڕێ، شۆڕشگێڕ، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی بابه‌تێکی ته‌واو نوێ و ئه‌مڕۆییه. ڕه‌نگه شاعیر به‌شێوه‌یه‌ک تووشی زێده‌ڕۆییش هاتبێت که له هه‌موو نموونه‌یه‌کدا وێنه‌یه‌کی زۆر ئه‌رێنی و دره‌وشاوه له ژن ده‌خاته ڕوو و پیشانی ده‌دات. بێگومان ژن وه‌کوو هاوسه‌ر، وه‌کوو هاوڕێ و له هه‌ر قه‌واره و شێوه‌یه‌کی دیکه‌دا بێت هه‌ڵگری لاوازی و که‌موکوڕییه. له ڕاستیدا شێرکۆ وێنه‌یه‌کی به‌ته‌واوه‌تی ئه‌رێنی له ژن پیشان ده‌دات که جۆرێک له زاتگه‌رایی لێ ده‌خوێنرێته‌وه. ئه‌و ژن به بارانی ئه‌ده‌ب ده‌زانێت که به بێ بوونی ئه‌و ئه‌ده‌ب وشک و برینگ و له‌رزۆک ده‌بێت. شێرکۆ له حاڵێکدا که ڕه‌خنه له که‌سانی دیکه ده‌گرێت که له جوانیناسی ژن‌دا ته‌نها سه‌رنج ده‌ده‌نه جه‌سته و ڕۆحی له‌به‌رچاو ناگرن، خۆی به‌شێوه‌یه‌کی ناوشیار له هه‌ندێک له شیعره ئیرۆتیکهکانیدا ئه‌م په‌یام و ڕه‌خنه‌یه‌ی خۆی پشتگوێ ده‌خات و له‌بیری ده‌کات.
شێرکۆ دۆخ و پێگه‌ی ژن وه‌کوو سه‌رچه‌شن و پیشانده‌ری گه‌شه‌سه‌ندوویی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌به‌رچاو ده‌گرێت و ده‌ڵێت له کۆمه‌ڵگایه‌کدا که ژن ئازاد نه‌بێت و مافی هه‌ڵبژاردنی نه‌بێت له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا نه ئازادی هه‌یه و نه دادپه‌روه‌ری، نه کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌یه و نه دیموکراسی. شێرکۆ په‌یامی ئه‌ده‌ب به به‌رگری له ئازادی و دادپه‌روه‌ری ده‌زانێت و پێناسه‌ی ده‌کات و باوه‌ڕی وایه ئه‌گه‌ر جگه له شیعڕ بوارێکی دیکه‌ی هه‌ڵبژاردبا بۆ چالاکی ئه‌وا پرسی ژنان و به‌دواداچوون بۆ داواکارییه‌کانیان بوو. به هه‌مان شێوه که له که‌لتووری وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا باوه له باشوری کوردستانیشدا ناوی مناڵ له‌گه‌ڵ ناوی باوک‌دا دێت هه‌ر بۆیه شێرکۆ بێکه‌س یانی شێرکۆی کوڕی بێکه‌س که ناو یان نازناوی باوکی هه‌ڵگرتووه. ئه‌و ئه‌م خاڵه به نموونه‌یه‌ک له باوکسالاریی ده‌زانێت و هه‌ر بۆیه له یه‌کێک له دانیشتنه‌کاندا ڕاده‌گه‌یه‌نێت که له‌م ڕۆژه به‌و لاوه من به (شێرکۆ شه‌فیقه) بانگ بکه‌ن نه‌ک شێرکۆ بێکه‌س. ئه‌و به شێوه‌ی کردهکیش تا توانیویه‌تی له پراکتیزه‌کردنی ئامانجه‌کانیدا قسوور و که‌مته‌رخه‌می نه‌کردووه.
له‌م وڵاته‌دا عه‌قڵ قفڵ و
بێ کلیله‌ی مندا
گه‌ر پیاو
له‌م نیشتمانه ڕیشنه‌ی مندا
گه‌ر پیاو
ڕه‌نگ کوێریش بێ و بگاته نوخته‌ی مزمه‌عیل
له‌ناو پێخه‌فی مه‌رگیش بێ و
گیانیش بدا
ئه‌وسایش گۆچانێکی پییه
له ژن بدا!
ئه‌وه‌ی که له‌م نێوانه‌دا جێگه‌ی ڕه‌خنه‌ی شاعیره عه‌قڵی داخراوه. عه‌قڵێک که له‌گه‌ڵ لێبوردن و بیرکردنه‌وه و هه‌ڵکردندا سه‌روکاری نییه. عه‌قڵێک سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌ویدیی جیاواز قبووڵ ناکات به‌ڵکوو وه‌کوو دوژمن و دژیش چاوی لێده‌کات و ناکۆکه له‌گه‌ڵی و تا کاتێک ئه‌م عه‌قڵه نه‌گۆڕێت دۆخه‌که هه‌ر وه‌کوو جارانه.
نووسین: حسێن محه‌مه‌دزاده
وه‌رگێڕان: سپێده ساڵحی