“ئاماژه”
ئه‌گه‌رچی دۆخی ئێستای ئه‌ده‌ب به گشتی و شیعر به‌تایبه‌تی له کزییه‌کی مێژوویدایه، ئه‌مه‌ش تایبه‌ت نییه به جوگرافیای کوردستانه‌وه، به‌ڵکوو له هه‌ر شوێنێکی دونیا به‌پیی زه‌مینه و کۆنتێکسته‌که‌ی ئه‌م حاڵه‌ته مانای خۆی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌ده‌ب به گشتی و دیسان شیعر به تایبه‌تی خه‌زێنه‌یه‌کی بێکۆتا و نه‌مره له دونیای مرۆڤ له شوێن-کات و دۆخه جۆراوجۆر و جیاوازه‌کاندا. ئه‌مه بۆ ئێمه‌ی کورد له زۆر ڕووه‌وه گرینگ و چاره‌نووسساز بووه. چونکه به‌شیکی زۆری مێژووی نوسراوه‌یی و ته‌نانه‌ت زاره‌کیش شیعر بووه، ئێمه ڕه‌نگه هلهو ڕووه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌کی جیاواز بین و ڕۆح و خه‌یاڵدانی شیعریمان چه‌ند قاتی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بێت. گرینگه بیر له‌مه بکه‌ینه‌وه که شیعر له ناو دونیای کورددا نه‌ک ته‌نها پارێزه‌ری زمان و خه‌ون و که‌ڵکه‌ڵه وجوودییه‌کانی بووه، به‌ڵکوو له زۆرێک له قۆناغه مێژووییه‌کاندا به‌شێکی دانه‌بڕاوه بووه له شاخ و خه‌بات و شۆڕش. به هه‌مان راده که شیعر خانه‌ی بوون و وجوودی کورد بووه به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش مه‌ته‌رێزی به‌رگری و خه‌بات و لانکه‌ی شۆڕش و خهونگهی ڕزگاری و سه‌ربه‌ستی بووه. لێره‌دا په‌یوه‌ندی مێژوویی و دانه‌بڕاوه‌ی ئه‌ده‌ب و شیعر و کۆمه‌ڵگا و ڕووداوه‌کان دیارتر و زه‌قتر ده‌بێت. ئێمه ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می شیخ مه‌حموودی نه‌مره‌وه تاکوو قۆناغی ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 91ی باشووری کوردستان بهێنینه به‌رچاوی خۆمان زیاتر دوو ئاڕاسته‌ی زاڵی نوسین ده‌بینی یه‌کیان شیعر و ئه‌ویتریان په‌خشان و هه‌واڵ و راگه‌یاندن. که شیعر به‌رده‌وام ڕۆڵه زێڕین و دره‌وشاوه‌که‌ی پاراستووه و له‌گۆ نه‌که‌وتووه. ئه‌م ئاماده‌ییه هه‌میشه‌ییه‌ی شیعر له هه‌موو جومگه‌کانی ژیانی ئێمه‌دا وایکردووه شیعر ته‌نها وه‌کوو بابه‌تێکی جوانیناسانه وئه‌ده‌بیی ڕه‌ها نه‌بینرێت و نه‌یخه‌ینه ئه‌و داوه‌وه به‌ڵکوو ڕه‌هه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فیکری و مه‌عریفیشی لێ هه‌ڵبهێنجین و سه‌رنجیان بدهینیت. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر شێرکۆ بێکه‌س هه‌موو ئه‌م شیعرانه‌ی که نوسینی به زمانی فه‌لسه‌فی یان زانستی بنوسایات بیرداڕێژێکی بواری ئازادی و ناسیۆنالیزم و کۆمه‌ڵناسی بێت به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش به‌و مانایه نییه که جیهانبینیی شیرکۆ له‌و لایه‌نانه‌وه له شیعره‌کانیدا ده‌رنه‌هێنین و جیهانبینیی نه‌خوێنینه‌وه. هه‌ر کۆمه‌ڵناس و مێژوونوس و تۆژهرێک به بێ زاڵبوون به سه‌ر شیعر و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هیچ ڕه‌هه‌ندێکی کوردناسی، نه‌ته‌وه‌سازی، شوناسدۆزیی و…بۆ ده‌رناکه‌وێت، ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ی که لێره‌دا به‌شیکیان شی کراونه‌ته‌وه و ده‌کرێت وه‌کوو میتۆد و ڕێچکه‌یه‌ک بۆ شاعیرانی دیاریتری نه‌ته‌وه‌که‌مان ڕه‌چاوی بکه‌ین و ئاسۆی”کوردناسی” فراوانتر و پان و به‌رینتر بکه‌ین. جیهانی ئه‌ده‌بی ئێمه به ڕاده‌یه‌کی پێویست هه‌م فهلسهفهمانه و هه‌میش کۆمه‌ڵناسی و بوونناسیمان و نابێت ته‌نها وه‌کوو چێژ و قسه‌ی به بریق و باق پێناسه‌ی بکه‌ین و بیخوێنینه‌وه. لێره‌دا و له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵ دراوه تێڕوانینی فیکری شاعیرێکی گه‌وره‌ی کورد بۆ ژن، ئازادی، کۆمه‌ڵگا و جیهان به‌م توخمانه‌وه بخرێته به‌ر باس.
“پوخته”
شێرکۆ بێکه‌س یه‌کێک له شاعیره ناوداره‌کانی کورده که زیاتر له چل به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی له درێژه‌ی په‌نجا و پێنج ساڵ ته‌مه‌نی ئه‌ده‌بی خۆیدا نوسیوه. شیعری شێرکۆ چیرۆکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌نج و تێکۆشانی مرۆڤی کورده له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ر و زاڵمی عێراقدا. ئه‌و له شیعره‌کانیدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر کۆمه‌ڵێک بابه‌ت و مژاری جیاواز و جۆراوجۆر که یه‌کێک له‌وانه ژن و پرسی ژنانه. ئامانجی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه گه‌ڕانه به‌دوای نواندنه‌وه‌ی ژن له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا. بنه‌ما تیۆرییه‌کانی لێکۆڵینه‌وه له ڕوانگه‌ی “نواندنه‌وه”وه وه‌رگیراون. میتۆدی به‌کارهێنراو له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا شیکاریی ناوه‌رۆکه له ڕووی چۆنێتییه‌وه. کۆمه‌ڵه‌ی ئاماریی لێکۆڵینه‌وه‌که له‌خۆگری کۆمه‌ڵه‌ی دیوانه شیعره‌کانی شاعیره له هه‌شت به‌رگدا که له ساڵی 2009 چاپ کراوه. بۆ دڵنیابوونه‌وه له تێگه‌یشتنی دروست و ته‌واو له ناوه‌رۆکی شیعره‌کان دوو به‌رگی له کتێبه‌کانی دیکه‌ی واته کتێبی(بیره‌وه‌رییه‌کانی شێرکۆ) و هه‌روه‌ها کتێبی (955 ده‌قیقه له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌س)یش لێک دراونه‌ته‌وه. ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌خه‌ن که ژن یه‌کێک له بابه‌ت و مانا به‌رده‌وام و ئاماده‌کانه له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا. له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆدا ژن له حه‌وت وته‌زا و سه‌رچه‌شنی وه‌کوو دایک، هاوسه‌ر، یار، هاوڕێ، شۆڕشگێڕ، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانی نوێندراوه‌ته‌وه و پیشان دراوه. شیعره‌کانی ئه‌و لێوانلێون له هه‌ستی جوان، ده‌رد و ئازاری ژنان و هاوده‌ردی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ ژنان. وێنه‌ی ژن له ڕوانگه‌ی شاعیره‌وه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه ئه‌رێنی و ئینسانییه و که‌متر سه‌رنجی ڕه‌هه‌نده نه‌رێنییه‌کانیان دراوه. ئه‌و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی هونه‌ر دیاریکردنی هه‌ڵوێست به‌نیسبه‌ت مافه‌کانی ژنان ده‌زانێت و له هه‌مان کاتدا باوه‌ڕی وایه پێگه و جێگه‌ی ژن له هه‌ر وڵاتێک‌دا پیشانده‌ر و سه‌رچه‌شنی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ن.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان: نواندنه‌وه، ژنان، شیعر، شێرکۆ
“پێشه‌کی و کردنه‌وه‌ی بابه‌ت”
شیعر یه‌کێک له یه‌که‌مین ده‌سکه‌وته‌کانی مرۆڤه له پانتای ده‌ربڕیندا. بووتیقا به‌پێی پێناسه “ناسیاوی¬سڕینه‌وه”یه له وتار و قسه‌کردندا. واته خستنه‌ڕووی ده‌ربڕینێک که جیاواز بێت له ده‌ربڕین و ئاخاوتنی ئاسایی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکیان ته‌نانه‌ت شاعیران و نوسه‌رانی پێشتر. له‌م ژانێرهدا خه‌مڵاندن و بریقه‌دارکردنی قسه به مه‌به‌ستی ناردن و گواستنه‌وه‌ی په‌یامه بۆ به‌رانبه‌ر. له‌م پرۆسه‌یه‌ی په‌یوه‌ندیدا نوسه‌ر ئامانجێکی هه‌یه تاکوو په‌یامێکی دیاریکراو بگه‌یه‌نێته به‌رده‌نگێک. ئه‌م گه‌یاندنی په‌یامه له ئاست و ڕووبه‌رێکدا سنووردار ناکرێته‌وه و به درێژایی ژیانی مرۆڤ به‌شێک له مێژووی زاره‌کی و نوسراوه‌یی که له ڕیگه‌ی شیعره‌وه گوازراوه‌ته‌وه.
شیعر ته‌نها زه‌ینییه‌تێک نییه به‌ڵکوو ڕه‌گ و ڕیشه‌ی له واقیع و ڕاستییه ده‌ره‌کییه‌کان و زه‌مینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه. (شیعر له زمانی یۆنانیدا به مانای دروستکردنه). نواندنهوهش هه‌مان دروستکردنه. به ده‌ربڕینی ئه‌مڕۆییانه شیعر جۆرێک نواندنه‌وه‌یه له ڕیگه‌ی زه‌ین و زمان. له‌م نواندنه‌وه‌یه‌دا وێنه‌یه‌کی دیکه له شته‌کان، که‌سه‌کان و ڕووداوه‌کان دروست ده‌کرێت. ئامانجی ئه‌م گۆڕانکارییه له ده‌ربڕیندا گۆڕان و کاریگه‌ریدانانه. له ڕاستیدا نواندنه‌وه ئاوێنه‌ی سروشت نییه و هه‌ندێ جار به‌شیوه‌ی بژارده‌یی دێته ئاراوه که ڕه‌نگه به‌هۆی خواستی ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندییه تاکه‌که‌سی و گرووپییه‌کان بێت. ئه‌م نواندنه‌وه‌یه ڕه‌نگه بابه‌تێک بچووک یان قه‌به، دزێو یان جوانتر له واقیع بنوێنێته‌وه و پیشانی بدات. له‌م نواندنه‌وه‌یه‌دا ڕه‌نگه بابه‌تێک بسڕدرێته‌وه و بابه‌تێکی ساخته و کۆپی له جێگه‌یدا دابنرێت. ژن و سرووشت له مژار و بابه‌ته هه‌میشه‌ییه‌کانی ناو دونیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بوونه. له‌م نواندنه‌وه‌یه‌دا پێگه‌ی ژنی ئایدیال له شێوه‌گه‌لی جۆراوجۆر، هاوشان و هاوسان له‌گه‌ڵ پیاو یان ناهاوسان و که‌متر له پیاو دیاری کراوه و وێنه‌ی بۆ کێشراوه و نوێنراوه‌ته‌وه.
ژیانی مرۆڤ به بێ ئاماده‌یی دوو ڕه‌گه‌زی ژن و پیاو بێمانایه. سه‌ره‌ڕای هه‌ڵچون و داچوون و گۆڕانکاریی دیالیکتیکی نێوان په‌یوه‌ندییه‌کانی ژن و پیاو، پیاو به بێ ژن و ژن به بێ پیاو تاکوو ئێستا نه‌یتوانیوه درێژه به ژیان بدات؛ به‌ڵام ئه‌و هاوڕێیی و پێکه‌وه‌بوونه له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا لاره‌سه‌نگ و ناهاسهنگ و به ده‌ربڕینێک هه‌ڵگری جۆرێک ناته‌واوی یان جۆرێک پاشکه‌وتوویی بووه. له ڕاستیدا ژنان وه‌کوو ئه‌ندامێکی سه‌ره‌کی و ژیانه‌کی کۆمه‌ڵگا له به‌شێکی زۆر له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا جێگه و پێگه‌ی شیاو و ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان پێ نه‌دراوه. ئه‌م بابه‌ت و پرسه له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا وه‌کوو کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و که‌لتوری و سیاسی پێناسه ده‌کرێت و هه‌ر بۆیه ئاست و ڕاده‌ی(ئازادی و یه‌کسانیی ژنان له هه‌ر کۆمه‌ڵگایه‌کدا وه‌کوو پیشانده‌ر و سه‌رچه‌شنێکی گه‌شه‌سه‌ندن سه‌رنجی دراوه‌تێ).
شیعر وه‌کوو یه‌کێک له ژانێره ئه‌ده‌بییه‌کان به‌نیسبه‌ت پرس و بابه‌ته‌کانی ژنانه‌وه بێده‌نگ و بێلایه‌ن نه‌بووه. (ئه‌ده‌ب که په‌یوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا هه‌یه ڕۆڵ و پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ژن تێیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه). به‌ڵام ئه‌م ئاماده‌یی و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه هه‌میشه ئاوێنه‌ی جیهانی واقیع نه‌بووه و وێنه‌گه‌لێکی جیاواز له ژن له پانتای ئه‌ده‌بدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. شاعیره‌کان به‌پێی سه‌لیقه و بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان وێنه‌گه‌لێکی جیاوازیان له ژن نه‌خشاندووه. (هه‌موو شاعیرانی گه‌وره‌ی مێژو به‌شێوه‌یه‌ک بیرمه‌ندانێکی گه‌وره بووگن).شێرکۆ بێکه‌س (1940-2013) یه‌کێک له شاعیرانی هاوچه‌رخی کورده که ڕووداوه‌کان، گۆڕانکاری و ئاڵووگۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌کان له به‌رهه‌مه‌کانیدا ده‌ورێکی سه‌ره‌کی و دیاریان هه‌یه. ئه‌و شاعیرێکی ده‌رده‌دار و دهرهوهسته که به‌شێک له شیعره‌کانی وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانه جۆراوجۆره‌کان و خوێنه‌رانێکی زۆری له هه‌موو دونیادا هه‌یه. شێرکۆ نه‌ک ته‌نها به شیعر و ده‌ربڕین به‌ڵکوو به‌شێوه‌ی کرده‌کی و پراکتیکیش خه‌باتی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کردووه. شێرکۆ به سیمایه‌کی جیهانیی له پانتای که‌لتووردا یه‌کێکه له پیتۆڵ و هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی سه‌رده‌مه، یه‌کێکه له کهلتوورساز و بیرداڕێژهکان و یه‌کێکه له گێڕه‌ره‌وه‌کانی خه‌ونی مرۆڤی هاوچه‌رخ.
نواندنه‌وه‌ی ژن له شیعری ئه‌م شاعیره‌دا له چه‌ندین لایه‌ن و ڕووه‌وه جێگه‌ی شیکاری و لێکدانه‌وه‌یه. چون شێرکۆ به درێژایی ژیانی یه‌کێک بووه له داکۆکیکاران و به‌رگریکه‌رانی مافی ژنان و (ئێستاش کچێک نیشتمانمه) (2015ز) و (ژن و باران) (2016ز)ی ته‌رخان کردووه بۆ پرس و بابه‌ت و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی ژنان. ئه‌و له پێشه‌کیی کتێبی ملوانکه‌دا ده‌ڵێت ملوانکه کتێبی ژنه. کتێبی جیهانی خۆڵه‌میشی و لێوان‌لێو له ڕه‌نج و ئازار و هاواری ئه‌وانه، چ له‌م وڵاته‌دا و چ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕه‌شدا. کتێبه شیعری(خۆم ئه‌و کاته‌ی باڵنده‌م)(2002)ی پێشکه‌ش به دایکی کردووه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی وێنه‌ی ژن له به‌رهه‌مه‌کانیدا جۆراوجۆر و ڕه‌نگاڵه‌ییه و به‌رده‌وام له گۆڕانیشدا بووه؛ واته به درێژایی زیاتر له 55 ساڵ به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بی و داهێنانی زیاتر له چل به‌رهه‌می شیعری، وێنه‌ی ژن نه‌ک له‌م به‌رهه‌مانه‌دا نه‌سڕدراوه‌ته‌وه به‌ڵکوو قووڵتر بووه‌ته‌وه. ئه‌م شاعیره مه‌زنه له ساڵی 2013دا کۆچی دوایی کرد و به‌پێی وه‌سیه‌تی خۆی له پارکی ئازادیی سلێمانیدا نێژرا.
ئامانجی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه گه‌ڕانه به‌دوای وێنه و پێگه‌ی ژن له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆ بێکه‌سدا. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که شێرکۆ له شیعره‌کانیدا نه‌ک ته‌نها له ژن به‌ڵکوو له‌سه‌ر ژنان قسه ده‌کات. ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه به دوای دوو پرسیاری خواره‌وه‌یه:-
1-ژن له چوارچێوه‌ی کام سه‌رچه‌شن و نموونه‌دا له شیعری شێرکۆ ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه؟
2-نواندنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌رچه‌شنانه له شیعره‌کانی شێرکۆدا له ڕووی به‌هاوه(ئه‌رێنی یان نه‌رێنی یان بێلایهنبوونهوه) چۆناوچۆنه؟
“پێشینه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌که”
ئه‌گه‌رچی شیعره‌کانی ئه‌م شاعیره بۆ سه‌ر زمانانێکی جۆراوجۆر وه‌رگێڕدراون و له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کانی ئیشی زۆر کراوه که له ڕاستیدا دهستپێگهیاندن و شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌رهه‌مانه بۆ لێکۆڵه‌ر ناپێوڕێت. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا زیاتر سه‌رنج دراوه‌ته ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که به دوو زمانی کوردی و فارسی و به‌شێوه‌ی میتۆدیک و به‌پێی شێوازێکی دیاریکراو نوسراون. ئه‌گه‌رچی به‌شێوه‌یه‌کی ده‌ستنیشانکراو له‌باره‌ی نواندنه‌وه‌ی ژن له به‌رهه‌مه‌کانی شیرکۆدا لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌به‌رده‌ست نییه. ئێرانی و که‌نعانی(2017) په‌رژاونه‌ته سه‌ر “ناوهرۆکسازی”ی له شیعری شێرکۆدا که کاریگه‌ری له چیرۆکی پێغه‌مبه‌ران وه‌رگرتووه و وتوویانه شێرکۆ له شیعره‌کانیدا ناوه‌رۆک و مانا ئایینییه‌کانی له‌باره‌ی باس و پرسه کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕه‌خنه‌گرانه‌کان به‌کار هێناوه. ته‌باری، پارسا و گوزهشتی (2018) له کارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ییدا په‌رژاونه‌ته سه‌ر(ڕه‌نگدانه‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی له شیعری شێرکۆدا). کۆمه‌ڵه‌ی ئاماریی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه ئه‌و شیعرانه‌ی شاعیر بوون که وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانی فارسی و له میتۆدی شیکاریی ناوه‌رۆک بۆ شیکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان که‌ڵک وه‌رگیراوه. تۆژه‌ران له‌سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌ن که ڕژێمی به‌عسی ئێراق هۆکاری ترس و تۆقان و ئازارێکی زۆر بووه له‌و وڵاته‌دا و ئه‌م ده‌رد و ئازاره‌ش له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆ بێکه‌سدا وه‌کوو کوردێک ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.
په‌شابادی(2017) له توێژینه‌وه‌یه‌کی به‌راوردکارانه‌دا له‌ژێر ناوی(خه‌یاڵی داهێنه‌رانه و وێنه‌سازیی له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌یاڵی داهێنه‌رانه له شیعری شێرکۆ بێکه‌س و مه‌حموود ده‌روێشدا) ده‌ستی داوه‌ته به‌رواردکردنی دوو به‌رهه‌می “مدیح الڤل العالی” ده‌روێش و دیوانی “ده‌ربه‌ندی په‌پووله”ی شێرکۆ بێکه‌س. میتۆده‌ی ئه‌م نوسه‌ره شیکاری-تهوسیفییه و بۆ درێژه‌دان به کاره‌که‌ی له هه‌ر شاعیرێک شیعرێکی درێژی وه‌کوو نموونه هێناوه‌ته‌وه. له ڕوانگه‌ی ئه‌م لێکۆڵه‌ره‌وه که‌ڵکوه‌رگرتنی شاره‌زایانه و شاعیرانه له خه‌یاڵ و خه‌یاڵکردن له شیعری شێرکۆ بێکه‌سدا زۆر دیارتر و فره‌ڕه‌نگتر و پڕڕهنگتره به‌نیسبه‌ت شیعری ده‌روێش.مالمیر(2017) سه‌رنجی داوه‌ته خوێندنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر دوو مژاری خۆشه‌ویستی و سیاسه‌ت له شیعره‌کانی شێرکۆ بێکه‌س و حه‌میدی موسهدیقدا. له ڕوانگه‌ی ئه‌م لێکۆڵه‌ره‌وه هه‌ر دوو شاعیر له به‌رهه‌مه‌کانیاندا په‌رژاونه‌ته سه‌ر دوو بابه‌تی خۆشه‌ویستی و سیاسه‌ت به‌ڵام له‌باره‌ی پرس و بابه‌ته سیاسییه‌کان موسه‌دیق له پاش کووده‌تای 28ی گه‌لاوێژ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ سیعری سیاسی نوسیوه به‌ڵام شێرکۆ به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ڕاشکاو له‌م ڕووه‌وه جووڵاوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها له ڕه‌وتێکی مێژوویی‌دا خۆشه‌ویستی له شیعره‌کانی موسهدیقدا پڕڕه‌نگتر و زه‌قتر بووه‌ته‌وه به‌ڵام له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆدا ئه‌م ته‌وه‌ر و مانایه له هه‌ناوی پرسه نیشتیمانییه‌کاندا تواوه‌ته‌وه.
سه‌جادی(2017) له وتارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ییدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر (به‌راوردکردنی تایبه‌تمه‌ندییه شێوازناسانهکانی دوو ڕیبازی ڕوانگه و کفری به سه‌رنجدان به شێعره‌کانی شیرکۆ بێکه‌س و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) و له ڕیگه‌ی به‌کارهێنانی بنه‌ما تیۆریه‌کانی دوکتۆر سیروسی شه‌میسا له ڕووی زمانی، فیکری و ئه‌ده‌بییه‌وه لێکی داوه‌ته‌وه. دێلایی میلان و فه‌هری(2018) په‌رژاونه‌ته سه‌ر(لێکدانه‌وه‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕه‌مزه ئوستووره‌ییه‌کان له شیعره‌کانی ئه‌حمه‌دی شاملوو و شێرکۆ بێکه‌سدا). له ڕوانگه‌ی ئه‌م لێکۆڵه‌رانه‌دا هه‌ر دوو شاعیر له خزمه‌تی خواست و خه‌ونی خه‌ڵکی وڵاتهکیاندا بوونه و له ڕه‌مزه‌کان بۆ ده‌ربڕینی بابه‌ت و پرسه‌کانی خۆیان که‌ڵیان وه‌رگرتووه. شاملوو له ئوستووره ئێرانی و جیهانییه‌کان و شێرکۆش له ئوستووره کوردی و جیهانییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه. باخان ئه‌حمه‌د(2018) له وتارێکی لێکۆڵینه‌وه‌ییدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر(لێکدانه‌وه‌ی سێ تێم و مانای پیری، ته‌نیایی و مه‌رگ له دوو شیعری ژماره 19 له دیوانی حه‌فتا په‌نجه‌ره‌ی گه‌ڕۆک و پاییز له‌ناو پاییزدای شێرکۆ بێکه‌س) و ناوه‌رۆک و کاکڵی ئه‌م سێ چه‌مکه و په‌یوه‌ندیی نێزیکیان پێکه‌وه به‌تایبه‌تی بۆ به‌رده‌نگانی شاعیر ڕوون کردووه‌ته‌وه. چه‌ند لێکۆڵه‌ری دیکه له باشووری کوردستان له‌وانه لوقمان ڕه‌ئوف(2013-2015) په‌رژاوه‌ته سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی ڕه‌هه‌نده شیعرییه‌کانی شاعیر له ڕووی چه‌مکه ئه‌ده‌بییه‌کان و لایه‌نی جوانیناسانه و ستاتیکییه‌وه.
لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لێکی دیکه له ئێران په‌رژاونه‌ته سه‌ر نواندنه‌وه‌ی ژن له په‌ند و مه‌ته‌ڵه عه‌ره‌بی، کوردی و لوڕییه‌کان. که له‌م په‌ند و مهتهڵانهدا جێگه و پێگه‌ی ژن یان نزم بووه یان له هه‌ندێکیاندا ئه‌رێنی بووه و له هه‌ندێکیشیاندا نه‌رێنی بووه. هیچ به‌رهه‌مگه‌لێکی لێکۆڵینه‌وه‌یی له‌باره‌ی نواندنه‌وه‌ی ژن له شیعری شێرکۆدا له‌به‌رده‌ست نه‌بوون و سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ ئه‌نجامی په‌سندکراو، جۆرێک پێچه‌ڵپڵووچی و لێڵی له میتۆدی لێکۆڵه‌راندا ده‌بینرێت.
“بنه‌ما تیۆرییه‌کان”
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا مه‌به‌ستی ئێمه پشتگوێخستنی بنه‌ما تیۆریکه‌کانی کۆمه‌ڵناسیی ئه‌ده‌ب نییه که ده‌په‌رژێته سه‌ر په‌یوه‌ندی و هاوئاڕاسته‌یی و کاریگه‌ریی گۆڕانکارییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا. یان شیعر له قه‌واره‌ی زمان و وه‌کوو هه‌ڵگری په‌یام و وه‌کوو کرده‌وه‌یه‌کی زمانی ده‌توانێت بابه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت.
شیعر وه‌کوو ژانێرێکی ئه‌ده‌بی ده‌توانێت له چوارچێوه‌ی(هونه‌ر بۆ هونه‌ر) و (هونه‌ر بۆ کۆمه‌ڵگا) پۆلێنبه‌ندی بکرێت. له ڕاستیدا تێڕامانی ئێمه له‌سه‌ر به‌شی دووهه‌مه که هه‌مان شیعری کۆمه‌ڵایه‌تییه و ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌که له پرسه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و زه‌ینییه‌ت و داهێنه‌ریی هونه‌رمه‌ند یان شاعیر. شێرکۆ شیعری خۆی به په‌یام و له ڕاستیدا به ئامرازێکی په‌یوه‌ندی پێناسه ده‌کرد. ئامرازێک که تێڕوانین و جیهانبینیی شاعیر به‌نیسبه‌ت کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌خاته ڕوو. ئامرازێک له له‌ڕێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت گۆڕانکاری و ئاڵووگۆڕ له تێڕوانین و گۆشهنیگاکاندا دروست بکات. “نواندنه‌وه” یه‌کێک له چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کان له خوێندنه‌وه میدیاییه‌کانه. نواندنه‌وه شێوه و ڕێگه‌یه‌که که نوسه‌ر به جۆرێکی تایبه‌ت واقیع، ڕووداو یان که‌سایه‌تییه‌کان پیشان ده‌دات و دهینوێنیتهوه. به‌پیی پێناسه (نواندنه‌وه کۆمه‌ڵه پرۆسه‌یه‌که که له ڕێگه‌یه‌وه کرده‌وه ماناداره‌کانی شتێک یان هه‌ڵسوکه‌وت له دونیای ڕاسته‌قینه‌دا ته‌وسیف یان مانا ده‌کرێته‌وه. له‌م ڕووه‌وه نواندنه‌وه کرده‌یه‌کی ڕهمزداڕێژانهیه که دونیایه‌کی جێی سه‌رنجی سه‌ربه‌خۆ ده‌نوێنیته‌وه). نواندنه‌وه سیسته‌مێکه که تێیدا هه‌نارده‌که‌ر، وه‌رگر، په‌یام، ده‌سه‌ڵات و شوناس جێیان گرتووه. نواندنه‌وه بزۆز و بگۆڕه. به ده‌ربڕینێکی دیکه نواندنه‌وه به هیچ شێوه‌یه‌ک بابه‌تێکی سروشتی و بێلایه‌ن نییه.
ناودارترین تیۆریداڕێژی بابه‌تی نواندنه‌وه‌ی ئێستوارت هاڵه. ئه‌و بیردۆزه و تیۆرییه‌کانی نواندنه‌وه به‌سه‌ر سێ گرووپدا پۆلێنبه‌ندی ده‌کات: نواندنهوهیی(Reflexive)، به‌ئه‌نقه‌ست(Intentional) و دروستکه‌ران(constructive)ه. له ڕوانگه‌ی هاڵهوه ڕه‌هه‌ندی دروستکه‌رانه (له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی گشتی و کۆمه‌ڵایه‌تیی زمان) گونجاوه. له تێڕوانینی هاڵدا نواندنه‌وه مانا ده‌دات به واقیع؛ واته نواندنه‌وه کارگه و مه‌عمه‌لی به‌رهه‌مهێنانی مانایه. له تێڕوانین هاڵدا(مانا بگۆڕ و ناجێگیره، له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کات و له‌گه‌ڵ هێزدا).هه‌ر بۆیه نواندنه‌وه بابه‌تێکی ده‌سکرده که هه‌ڵگری کارکرده و ده‌کرێت به‌کاری بهێنین. ئه‌گه‌رچی له نیگای هاڵدا نواندنه‌وه به ئاڕاسته و خواستی ده‌سه‌ڵات سه‌رده‌گرێت به‌ڵام له تێڕوانینی ئێمه‌دا ئه‌م نواندنه‌وه‌یه(به ده‌ربڕینی مارکس) ڕه‌نگه له شوێنێکدا وه‌کوو وشیاریی درۆ و ساخته و له شوێنی دیکه‌دا وه‌کوو وشیاریی ڕزگاریکه‌ر ده‌رکه‌وێت. شیعری کۆمه‌ڵایه‌تی میدیایه‌کی ماناداره که خوازیاری دروستکردن یان گۆڕان یان پاڵپشتیکردنه له گۆڕانێک. هه‌ر بۆیه شیعر وه‌کوو میدیا هه‌ڵگری هێز و ده‌سه‌ڵاتێکه که ده‌توانێت له‌سه‌ر به‌رده‌نگ و کۆمه‌ڵگا کاریگه‌ری دا‌نێت. ئه‌ده‌ب وه‌کوو داهێنانی ئه‌ده‌بی ده‌توانێت ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ک بێت له کۆمه‌ڵگا یان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌ک له زه‌ین و بیری نوسه‌ر و یان ئه‌وه‌ی که له دیالیکتیکی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌به‌ستی نوسه‌ره‌وه هه‌ڵقوڵابێت. ئێمه لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌ینه ڕه‌هه‌ندی سێهه‌م و هاوده‌نگ و هاونه‌وا له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیس پێمان وایه(( ئه‌ده‌ب نه‌ک ته‌نها ئاوێنه‌یه به‌ڵکوو چراشه).
له به‌شێک له زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی و به تایبه‌ت ڕوانگه‌ی فیمینیستی له نێوان ڕه‌گه‌ز(ڕه‌هه‌ندی بوون) و جێندهرێتی(که‌لتووری) جیاوازی هه‌یه. به‌رگریکارانی مافی ژن دژی نواندنه‌وه‌ی ژن له هونه‌ر و میدیادان. بیردۆزه فیمینیستییه‌کان که له چوار گرووپی سه‌ره‌کی پۆلێنبه‌ندی ده‌کرێن له خاڵێکا هاوبه‌شن و یه‌ک ده‌گرنه‌وه و یه‌کده‌نگن ئه‌وه‌ش دۆخی نزم و نه‌وی ژنانه و ژێردهستهبونیانه. هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه کۆکن که سه‌رده‌ستبوون و زاڵبوونی پیاوان ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات و هێزی پیاوان. ڕه‌نگه ئه‌م ده‌سه‌ڵاته بگه‌ڕێته‌وه بۆ باری جه‌سته و فیزیۆلۆژیا، ئابووری، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، کاریگه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی یان که‌لتووری. ژنه فیمینیسته‌کان پێیان وایه که میدیا وه‌کوو بابه‌تێکی که‌لتووری بێلایه‌ن نییه و له نواندنه‌وه‌ی پێگه‌ی ژن و پیاودا ڕۆڵ ده‌گێڕێت. ڕوانگه‌ی هاڵیش ئێمه به‌ره‌و ئه‌م ئه‌نجامه په‌لکێش ده‌کات که که‌لتوور بێلایه‌ن نییه. له هه‌ناوی که‌لتووردا ده‌سه‌ڵات خۆی حه‌شار داوه؛ و ئه‌م که‌لتووره له پرۆسێسی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی بارودۆخێکدایه تا پێگه‌ی خۆی بپارێزێت. یه‌کێک له بواره‌کانی نواندنه‌وه په‌یوه‌سته به شوناسی جێنده‌رییه‌وه. باسی نواندنه‌وه‌ی ژن زیاتر له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی که‌لتووری وه‌ستاوه که دوو ڕه‌گه‌ز به‌پێی ئامانجه‌کانی خۆی دیاری ده‌کات. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا ئێمه به‌دوای وێنه‌ی ژن له شیعری شاعیرێکین که نه‌ک له پله‌ی ده‌سه‌ڵات به‌ڵکوو له مه‌ته‌رێزی به‌رگری و سه‌نگه‌ری خۆڕاگرییه‌وه شیعری نوسیوه.
“میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌که”
میتۆدی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه شیکاریی ناوه‌رۆکه. (شیکاریی ناوه‌رۆک میتۆدێکه که ده‌په‌رژێته سه‌ر لێکدانه‌وه و خوێندنه‌وه‌ی به‌ڵگه و په‌یامه‌کان و هه‌ڵگری سێ تایبه‌تمه‌ندیی بهرههستبوون، ڕێکوپێکی و گشتییه‌ته). شیکاریی ناوه‌رۆک له ڕاستیدا میتۆدێکه بۆ تێگه‌یشتن له ناوه‌رۆک و کاکڵی ده‌ق که به دوو پێوه‌ری “چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تی” ئه‌نجام ده‌درێت.
(شیکاریی ناوه‌رۆک به‌پێی چۆنایه‌تی هه‌ڵهێنجانی ئه‌نجامه‌کانه به‌پیی بوون یان نه‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی له په‌یامدا). به ده‌ربڕینێکی دیکه شیکاریی ناوه‌رۆک به‌مه‌به‌ستی لێکدانه‌وه‌ی په‌یامه سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تییه‌کانی مانا پهرهپێدراوهکانه. هه‌ربۆیه شیکاریی ناوه‌رۆک به‌پێی چۆنایه‌تی له‌خۆگری پرۆسه‌یه‌کی نهخشهبۆداڕێژراوه بۆ ئاڕاسته‌کردنی ده‌یتا و زانیارییه خاو و خۆنهگرتووهکان به‌ره‌و بابه‌ته‌کان و پۆلێبهندیکردنانێک به‌پێی هه‌ڵهێنجان و ڕاڤه و شرۆڤه‌ی متمانه‌پێکراو. له‌م جۆره شیکاری و لێکدانه‌وانه‌دا که له‌سه‌ر بنه‌مای چۆنێتین ئامانج ئه‌وه‌یه که کاریگه‌ریی ده‌قه بهرمهبهستهکان له‌سه‌ر وه‌رگری په‌یام(بیسه‌ر، خوێنه‌ر، بینه‌ر) هه‌ڵسه‌نگێندرێت و ئه‌مه‌ش له‌م ڕێگه‌یه‌وه دێته ئه‌نجام که لێکۆڵه‌ر قورسایی بههاتهوهرانهی چه‌مک و ده‌ربڕین و ڕێکهوهنده به‌کاربراوه‌کان لێکده‌داته‌وه و ده‌یژمێرێت. کۆمه‌ڵگه‌ی ئاماریی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له‌خۆگری کۆمه‌ڵه‌یه‌کی هه‌شت به‌رگیی به‌رهه‌مه‌کانی شاعیره به زمانی سه‌ره‌کی واته زمانی کوردی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کۆی به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆ له چل به‌رهه‌م(که له هه‌شت به‌رگدا بڵاو کراوه‌ته‌وه) لێکدراوه‌ته‌وه. نموونه‌کان له لێکۆڵینه‌وه به‌پێی چۆنێتیدا له‌خۆگری ده‌قانێکی هه‌ڵبژێردراوی دیاریکراون که ده‌توانن پرسیاره‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌که بیچم بده‌ن. یه‌که‌ی ناوه‌رۆک له لێکۆڵینه‌وه به‌پێی چۆنێتیدا ڕه‌نگه وشه، ڕسته یان په‌ره‌گراف بێت. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا له هه‌ر شوێنێک شیعرێک له‌باره‌ی ژنان وتراوه یان ناوێکیان هاتووه خراوه‌ته به‌ر تیشکی ڕاڤه و شرۆڤه و لێکدانه‌وه‌وه.
له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا زیاتر سه‌رنج دراوه‌ته ناوی ژنان، ڕۆڵیان، ڕووداوگه‌لی په‌یوه‌ندیدار به ژنان و که‌سایه‌تییان. پاش کۆکردنه‌وه‌ی و پۆلێنبه‌ندیی شیعره‌کان به میتۆدی شیکاریی ناوه‌رۆک به‌پێی چۆنایه‌تی نموونه و سه‌رچه‌شنه شیاوه‌کان له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆدا هه‌ڵهێنجراوه. هه‌ر له‌م میانه‌یه‌دا و بۆ دڵنیایی زیاتر له تێگه‌یشتنی لێکۆڵه‌ر دوو به‌رگی((بیره‌وه‌رییه‌کانی شێرکۆ))(2013) و ((955 ده‌قیقه له‌گه‌ڵ شێرکۆ بێکه‌س))(2014) دیسان هه‌ڵوێسته‌ی له‌سه‌ر کراوه و له لێکدانه‌وه‌ی بابه‌ت و مژاره‌که له قسه و باسی خودی شاعیر له‌باره‌ی ژن نموونه هێنراوه‌ته‌وه.
“لێکدانه‌وه‌ی بابه‌ت”
بارستایی شیعره‌کانی شێرکۆ زۆر زۆره. شێرکۆ له‌م به‌رهه‌مانه‌یدا به‌شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو باسی له جوانیی ژن، بوێریی ژن، هاوڕێیه‌تی ژن و زوڵم و سته‌می پیاو ده‌رهه‌ق به ژن کردووه. له‌م به‌رهه‌مانه‌دا ناوی که‌سایه‌تیگه‌لێکی به‌هێز و ژنانی ناوداری جۆراوجۆر هاتوون که به‌شێکیان دانیشتووی باشووری کوردستانن و به‌شیکیان له وڵاتانی دونیادا بڵاو بوونه‌ته‌وه و دانیشتووی وڵاته جۆراوجۆره‌کانن. خاڵی هاوبه‌شیان له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه زۆر له‌یه‌ک ده‌چێت. ئه‌وان خاوه‌نی جوانی و ژانی هاوبه‌شن. زۆربه‌ی ئه‌م ژنانه له ژێر سته‌می پیاوان و سیسته‌مه جۆراوجۆره‌کانی نه‌ریت و ده‌سه‌ڵاتدان؛ و له هه‌مان کاتدا به‌شێکیان خه‌ریکی خه‌بات له پێناوی ئازادیدان. هه‌ندێک له‌م ژنانه هاوڕێیان و دۆستانی خودی شاعیرن.ژن له شیعره‌کانی شێرکۆدا له ڕۆڵ و شێوه‌ی جۆراوجۆردا ده‌رکه‌وتووه و ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه که به گشتی ده‌کرێت به‌سه‌ر دوو به‌شی ڕۆڵه نه‌ریتییه‌کان و ڕۆڵه مۆدێڕنه‌کاندا دابه‌شی بکه‌ین. له به‌شی نه‌ریتیدا واته ژن وه‌کوو یار و ژن وه‌کوو دایک له هه‌مان ڕۆڵی سۆزامێز و خێزانیی کۆن به‌ڵام له قه‌واره‌یه‌کی نوێ‌دا ده‌رکه‌وتووه و گێڕدراوه‌ته‌وه؛ به‌ڵام له به‌شی دیکه‌دا ژن خاوه‌نی ڕوخسارێکی دیکه‌یه. ئه‌و شۆڕشگێڕێکی مافخوازه که بۆ ئازادکردنی نه‌ته‌وه‌یه‌ک یان ئازادکردنی ژن خه‌بات ده‌کات. یان ژنێکه که له لایه‌ن پیاوه‌وه سته‌می لێکراوه یان ئینسانێکه که ماف و حه‌قه‌کانی پشتگوێ خراوه. له تێڕوانینی شاعیردا باشترین پێوانه و پێوه‌ر بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشکه‌وتوویی یان پاشکه‌وتوویی کۆمه‌ڵگایه‌ک سه‌رنجدانه به پێگه‌ی ژن له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا.
شێرکۆ له شیعره‌کانیدا ده‌ستی نه‌داوه‌ته وه‌سفکردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی له‌ش و ڕه‌فتاری ژن و دایک و خۆشه‌ویستی به‌ڵکوو له ڕێگه‌ی نواندنهوهوه په‌رژاوه‌ته سه‌ر نه‌خشاندنی وێنه‌یه‌کی ئه‌رێنی له جوانی و تواناییه‌کانی ژنان و کێشه‌کانیان. به ده‌ربڕینێکی دیکه شێرکۆ ناجوانییهکان، دزێوی و ئاکاره نه‌رێنییه‌کانی ژنانی نهنواندووهتهوه و باسی نه‌کردووه. شێرکۆ له‌باره‌ی ژنانێکی زۆر شیعری وتووه که لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی تیۆریک له چوارچێوه‌ی حه‌وت نموونه و سهرچهشندا پۆلێنبه‌ندی کراون.
1-ژن وه‌کوو دایک.
یه‌کێک له‌و وێنانه‌ی که شیعری شاعیردا دیاره وێنه‌ی دایکی شاعیره. شێرکۆ له شیعری خۆیدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی گێڕانه‌وه و حیکایه‌تبێژی، زیره‌کی و پشتیوانیی له‌خۆبردووانه‌ی دایکی خۆی و وێنه‌یه‌کی ئایدیال و ئه‌فسانه‌یی لێ کێشاوه. دایکی شیرکۆ ڕۆڵێکی دیاری له ژیانی ئه‌ودا هه‌بووه ئه‌و ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر ژیانی من وه‌کوو ڕۆمانێک بێت ئه‌وا دایکم پاڵه‌وانی سه‌ره‌کییه‌تی). ئه‌و دایکی نه‌ک ته‌نها وه‌کوو پاڵه‌وانێک به‌ڵکوو به یه‌کێک له مامۆستاکانی ژیانی ده‌زانێت. شه‌فیقه سه‌عید؛ دایکی شێرکۆ بێکه‌س که‌سێکی زیره‌ک و حهکایهتبێژ بووه و چیرۆکانێکی فۆکلۆری زۆری بۆ شێرکۆ گێڕاوه‌ته‌وه. باوکی شێرکۆ له 8 ساڵی ته‌مه‌نی ئه‌ودا ده‌مرێت و کاتێک که 14 ساڵی ده‌بێت دایکی دیسان هاوسه‌رگیری ده‌کات. هه‌ر دوو ڕووداوه‌که کاریگه‌ری خراپی ده‌که‌نه سه‌ر. هه‌م باوک و هه‌م دایک به جاروبار له به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆدا ده‌رده‌که‌ون و هه‌رچی تێده‌په‌ڕێ ڕۆڵی دایک پڕڕه‌نگتر و به‌رچاوتر ده‌بێت. له وتووێژێکی دیکه‌دا له‌باره‌ی دایکییه‌وه ده‌ڵێت: ( دایکم هه‌رگیز که‌سێکی تووڕه نه‌بوو، شه‌فیقه سه‌عید نوێژی ده‌خوێند و ڕۆژووی ده‌گرت). هه‌ر بۆیه‌ش ده‌کرێ له شیعرگه‌لی جۆراوجۆری شیرکۆدا شوێنپیی دایکی بدۆزینه‌وه. کاتێک که شێرکۆ بۆ ناوچه‌ی (هیت) له پارێزگای ڕه‌مادی له باشووری عێراق دوور ده‌خرێته‌وه له چه‌ند شیعری درێژدا باسی دایکی ده‌کات. له‌و کاته‌ی که باوکی مردووه و ئه‌و منداڵێکی چکۆله بووه. یه‌کێک له‌و شیعرانه(برایمۆک و گۆرانییه‌کانی به‌فر و مناڵیم)ه و له به‌شێک له‌وێدا ئاوه‌ها دێته قسه به زمانی شیعر: –
منداڵ بووم و به‌یانییه‌ک چاوی سه‌رسامیم هه‌ڵگڵۆفت
ئه‌وا ڕیز…ڕیز..هێمن..هێمن..
ئاسمان شتێکی سپی ڕۆئهکاته حه‌وشه‌مان..
هاوارم کرد: ” دایه…وه‌ره شه‌کر باری”
“ئه‌وه به‌فره..کوڕم..به‌فره..”
-دایه به‌فر؟ ئه‌م میوانه تازه‌یه من یه‌که‌مجاره ئه‌یبینم،
“دیاه جوانه”..
ئه‌چوومه به‌ر په‌نجه‌ره‌که، کلووم ئه‌ژمارد..
یه‌ک..دوو..سێ..ده..پانزه…نهئهژمیردران،
خه‌یاڵه بچکۆلانه‌که‌م باڵی ئه‌گرت:
“به‌فر فرمێسکی فریشته‌ی هه‌وره‌کانه، وه‌کوو دایکم
ئه‌ویش ئه‌گری، فرمێسکی په‌ری و فریشته ته‌واو نابن،
به‌فر له‌و لۆکهیهش ئه‌چێت
که ههللاجهکهی ئه‌و ڕۆژه..
بۆ ئێمه‌ی شی ئه‌کرده‌وه…
خوا هه‌للاجێکی گه‌وره‌یه”
خه‌یاڵه بچکۆلانه‌که‌م گه‌وره ئه‌بوو:
“دنیا پاڵتۆیه‌کی سپی زۆر ئه‌ستووری له‌به‌ردایه
شه‌و سپییه، به‌فر قژی منداڵانیش وه‌ک باپیره
سپی ئه‌کات، گهڕهکهکامن سپییه، هه‌موو شتێ
هه‌ر سپییه..
به‌ڵام کراسه‌که‌ی دایکم
ئاخ..به‌ته‌نیا هه‌ر ئه‌و ڕه‌شه!”
له‌و وێنه ڕه‌ش و سپییه‌دا شیرکۆ هه‌موو شتێک به سپی ده‌بینێت جگه له کراسه‌که‌ی دایکی که ڕه‌شه. ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه بۆ نه‌بوونی باوک و ئه‌و بهدواداهاتانهی که ئه‌م ڕووداوه تووشی بنه‌ماڵه‌ی کردووه.
کاتێک شێرکۆ ده‌گوازرێته‌وه بۆ گوندی(به‌غدادی) له به‌شی(هه‌یت) ناوچه‌ی عه‌ره‌بنشینی عێراق هاوده‌م و هاوڕێیهک ده‌بینێته‌وه و له‌گه‌ڵی ده‌که‌وێته قسان و ڕاز و نیاز. ئه‌م هاوده‌م و هاونشینه ڕووباری “فورات”ه که به‌شێک له بیره‌وه‌رییه‌کان و خه‌مه‌کان و دووری له نیشتمان و دیاری غوربه‌تی شێرکۆی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرتووه. ئه‌و زۆر ڕاز له‌گه‌ڵ فورات ده‌درکێنێت. ده‌ڵێت دایه هه‌ر ئه‌وه‌ی که ڕوباری فورات به‌لای مندا تێده‌په‌ڕێت خه‌م مه‌خۆ وابزانه که خۆت لێره‌یت. (سیروان ڕه‌حیم) فیلمسازێکه که له نێزیکه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شێرکۆ بووه و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌یان زۆر ناسیاوه‌تی و تێکه‌ڵی هه‌بووه. سیروان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ شێرکۆ و دایکیدا ده‌ڵێت:- (من به ڕوونی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێز و گرینگم له نێوان ئه‌م دوو ئینسانه ده‌بینی، دوو ئینسان که به‌ده‌ر له په‌یوه‌ندی دایکی و کوڕانه له ڕووی عاتیفی و ده‌روونییه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی ناوازه و دۆستانه پێکه‌وه گرێ درابوون)
شێرکۆ له خه‌می دایک و دایک له خه‌می شیرکۆدا هاوبه‌شه. ڕه‌نجی بنه‌ماڵه و ڕه‌نجی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر هه‌ردووکیان کاریگه‌ریی هه‌یه. شێرکۆ پاڵپشتی دایک و دایک یارمه‌تیده‌ری شێرکۆیه. ئه‌و کاته‌ی که ئینسان له هه‌موو دونیا نا‌ئومێد و بێهیوا ده‌بێت په‌نا ده‌باته به‌ر خودا. شێرکۆ له زمانی دایکییه‌وه و یان دایکی له زمانی شێرکۆوه ده‌ڵێت:-
ئاخ خودایه
که‌ی سه‌رێکیش له کوردستان ئه‌ده‌ی!
ئه‌مه‌ش قسه‌ی هه‌موو ڕۆژێکی دایکمه!
حسێن محه‌مه‌دزاده
وه‌رگێڕان: سپێده ساڵحی