ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٩ی نۆڤەمبەری وەک “ڕۆژی جێندەر” دیاریی کردووە. بەرنامەکانی پێوەندیدار بە دەسنیشانکردنی ئەم ناوە لە ئەمساڵدا، لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت هاوکات دانیشتنی کەشوهەوای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ناونیشانی کووپ ٢٦ لە گلاسکۆ دەستی بە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی خۆی کردووە. هەربۆیە زۆرێک لە باس و تەوەرەکان، تایبەت دراوە بە کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا لە سەر ژنان و کچان لە سەرتاسەری جیهاندا. هەرچەندە گۆڕانکاریی کەشوهەوا لە سەر سەرجەم وڵاتان و هەموو چین و توێژەکان کاریگەریی دادەنێت، بەڵام ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەربڵاو هاتۆتە پەسەندکردن کە جڤات و کۆمەڵاتی خەسارهەڵگرتر لەوانە هەژارەکان، ئەوانەی خۆراک و سەرپەنای ناپایەدارییان هەیە و ئەو کەسانەی پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە، زیاتر لە دیتران دەکەونە بەر مەترسییەکانی دواهاتی ئەم گۆڕانکارییانە. ژنان و کچانیش کە لە ئێستادا لە سەرتاسەری جیهاندا بەرەوڕووی نایەکسانییە جێندەرییەکان دەبنەوە، بە یەک لە گرووپ و کۆمەڵانی خەسارهەڵگر بەرامبەر بە گۆڕانەکانی کەش و هەوا دێنە ئەژمار. لە درێژەدا بە هێنانەوەی چەند بەڵگەیەک نیشانی دەدەین کە چۆناوچۆن ژنان زیاتر لە پیاوان دەبنە قوربانیی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.
“زۆربوونی تووندوتیژیی سێکسی”
ساڵی ٢٠١٩ی زایینی توێژەرانی “بەرنامەی پەرە و گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان” بە ناوی UNDP بۆ ماوەیەک لە ئۆگاندا و لە نێو ئەو کەسانەدا مانەوە کە بۆ بژیوی ژیانیان پشتیان بە کشتوکاڵ بەستووە. بەم چەشنە ئەوان توانییان چۆنێتیی کاریگەریی گۆڕانەکانی کەش و هەوا لە سەر مۆدێلی ژیان، کەمبوونەوەی بەر و بوومی کشتوکاڵی و کەمبوونەوەی ژمارەی مەڕ و ماڵاتی خەڵکەکە دیاریی بکەن. ئەوان، بەو پەڕی سەرسامییەوە تێگەیشتن کە گۆڕانکاریی کەشوهەوا بۆتە هۆی زیاتر و گرژتربوونی تووندوتیژییەکان دژ بە ژنان. لەم جڤاتانەدا، ژنان و کچانیان ناچار دەکرد لە وەرزەکانی وشکەساڵیدا بۆ بەدەستهێنانی ئاو و خۆراک ڕێگەیەکی دوور و درێژ ببڕن. هەروەها لەم قۆناغانەدا؛ ژنان دەدرانە دەستی فرۆشیار، جووتیار و خاوەن زەوییەکان کە ئەنجامەکەشی دەستدرێژیی بەربڵاو و بەرینی سێکسیی بووە. سەپاندنی بڕینی ڕێگەی دوور و درێژ بۆ دەستخستنی ئاو و خۆراک و سەپاندنی کاری زیاتر ببووە هۆی ئەوەی کە ژنانی هیلاک و ماندوو، هیچ خواستێکیان بۆ سێکس لەگەڵ هاوسەرەکانی خۆیاندا نەبێت و زۆربەیان بۆ توێژەرانی “بەرنامەی پەرە و گەشەی ڕێکخرای نەتەوە یەکگرتووەکان” گێڕاوەتەوە کە هاوسەرەکانیان چۆن بە بەکارهێنانی زەخت و زۆر ناچار بە سێکسان دەکەن.
ئەم توێژینەوە نیشانی دەدات؛ چۆن بەر و بوومی کشتوکاڵیی کەمتر، لەدەستدانی مەڕ و ماڵات، داهاتی کەم و نەبوونی ئاسایشی خۆراک، کە بە هۆی وشکەساڵییەوە ڕوویانداوە، گووشاری خستۆتە سەر پیاوان وەک دابینکەرانی پێداویستییەکانی خێزان و پیاوانیش بۆ بەرامبەرکێ لەگەڵ “شکستەکانی” خۆیان، زۆربەی جاران پەنایان بردۆتە بەر خورادنەوە کحولییەکان کە ئەنجامەکەشی تووندوتیژیی خێزانیی زیاتر دژ بە ژنان و منداڵانە. جگە لەمانە، زۆربوونی کارەساتە سرووشتییەکان بۆتە هۆی زیاتر بوونی ئاوارەیی و دوابەدوای ئەویش نیشتەجێ بوونی ژنان لە کەمپە کاتییەکان، شوێنێک کە ژنان تێیدا بۆ جارێکی دی دەکەونەوە بەر تووندوتیژی و دەستدڕێژی، کە زیاتر لە لایەن کەسانی بیانی و نەناسراوەوە دێتە ڕوودان. “سانی” کە کچێکی تەمەن چواردە ساڵانی بەنگلادیشییە و بە هۆی لافاوەوە ماڵەکەیان لە دەست داوە و ڕوویان کردۆتە کەمپی ئاراەوکان، لە وتووێژ لەگەڵ سایتی “Relief Web” چالاک لە بواری بڵاوکردنەوەی زانیاری سەربارەت بە کارەساتە سرووشتییەکان و کاریگەرییەکان لە سەر کۆمەڵگا مرۆییەکاندا دەڵیت “شەوان ناتوانم بخەوم. دەرگایەک بوونی نییە. تەنیا وەرەقەیەکی پلاستیکی لە سەر سەرمانە. دایکم قەت ناخەوێ. ئەو نیگەرانی من و خوشکەکەمە.”
“هاوسەرگیریی منداڵان”
بۆ ئەو خێزانانەی هەنووکە لە هەژاری و نەبوونی هیچ چەشنە ئاسایش و پەروەردەیەکدا ژیان بەسەر دەبەن، کارەساتە سرووشتییەکانی ئەنجامی گۆڕانی كەش و هەوا هەندێجار هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە خێزانەکان بۆ بەقا و مانەوەی خۆیان کچەکانیان بەزۆر و پێشوەخت بە شوو بدەن و هاوسەرگیریی منداڵان یان دیاردەی “بووکەمنداڵ” دێتە ئاراوە. لە حاڵێکدا کە پێوەندیی نێوان گۆڕانەکانی کەش و هەوا و هاوسەرگیریی منداڵان لە سەر ئاستی جیهاندا هێشتا نەبۆتە بابەتی توێژینەوەی گشتی و یاخود نەسەلمێندراوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خێزانەکان بۆ پاراستنی کچەکانیان و ناوبانگی بنەماڵەییان، لە تەمەنی منداڵیدا لە کەسانێکیان مارە دەکەن. “سێرمین” کچێكی ١٤ ساڵانی بەنگلادیشییە کە وەک کچانی دیکەی ناوچەکەیان بە زۆر بە شوو دراوە و دەڵێت “ژیان بۆ کچانی گەنج لە لادێکەی ئێمە زۆر قورس و سەختە.” بنەماڵەی “سێرمین” لە دوای هەستانی چەندین لافاو هەموو شتێکی خۆیان لە دەستدا و ئەنجام لە کەسێکیان مارە کرد تاوەکوو بیپارێزن و لانیکەم دڵ لە دوای تێر کردنی ئەو نەبن.
“پێشگرتن لە منداڵبوون”
یارمەتیدانی ژنانی ئاواره بۆ پێشگرتن لە منداڵبوون لە جێگۆڕکێی ناچارەکیی ئەنجامی قەیرانە ژینگەییە جۆراوجۆرەکاندا، یەکێکی دی لە کێشە و ئالنگارییەکانە. لێکدانەوەکانی ڕێکخراوی نادەوڵەتیی “MSI Reproductive Choices” کە لە بواری چاوەدێریی تەندروستیی زاوزێدا کار دەکات، لە ٢٦ وڵاتدا کە کەوتوونەتە بەر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا، دەریخستووە کە لە ساڵی ٢٠١١ی زاینییەوە کەم تا زۆر یازدە و نیو ملوێن کەس بە هۆی شوێنگۆڕکێی ئەنجامی گۆڕانکاریی کەش و هەوا، بە شێوەی درووست و بەجێ دەستیان بە کەرستە و ئیمکانیاتی پێشگرتن لە منداڵبوون، ڕانەگەیشتووە. ئەم ڕێکخراوە پێشبینی دەکات کە گەر دۆخەکە بەم شێوە بەردەوام بێت و ئەم بەرە لە ژنان دەستیان بە ئیمکانیاتی پێشگرتن لە منداڵبوون ڕانەگات، لە دەیهیی داهاتوودا ٢/٦ملوێن دووگیانیی نەخوازراو، ١/٢ ملوێن لەباربرنی پڕمەترسی و ٥٨٠٠ مەرگی دایک ڕوودەدات. “سانۆ جنینگ” بەڕێوەبەری ناوچەیی ئەم رێكخراوەیە و دەڵێت “من خەڵکی سێنێگالم، لەوێ تیاچوونی کەنارەکان زۆرێک لە خێزانەکانی ناچار کردووە ماڵ و حاڵیان بەجێ بێڵن و ڕوو بکەنە کەمپە کاتییەکان. ئەوەی ژنانی ئەم ناوچە خەسارهەڵگرانە بە دەنگی بەرز دەیڵێنەوە ئەوەیە کە دووگیانی لە سەروبەندی قەیراندا دوایین شتێکە ئارەزووی دەکەن. زۆر زەروورە گوێیان لێ بگرین.”
“پەروەردە”
کاتێک خێزانەکان لە کۆمەڵگا هەژارەکاندا بەرەو ڕووی قەیرانی کەشوهەوا دەبنەوە، وەستاندنی خوێندنی کچەکانیان یەکەم شتێکە بیری لێ دەکەنەوە. “داوئێل” کچێكی ١٤ ساڵانە لە “ئیتیۆپیا” کە بە هۆی وشکەساڵییەوە ناچا بووە واز لە خوێندن بێنێت. ئەو دەڵێت “لە کۆمەڵگای ئێمەدا باران نابارێت. ئێمە ڕۆژانە زیاتر لە هەشت کاتژمێر بە پێ دەڕۆین تاوەکوو بگەین بە ئاو و ئاو بۆ خێزانەکەمان بێنین. هەر بۆیە نەمتوانی بەشداریی لە پۆلەکانمدا بکەم و ناچار بووم واز لە خوێندن بێنم. من عاشقی بیرکاریم و دەمهەوێ ببم بە مامۆستا. بەڵام ئێستا ئیدی نازانم داهاتووم چۆن دەبێت.” پەرەدان بە پەروەردە و فێرکاریی کچان ڕێگایەکی کاریگەرە تاوەکوو بکرێ بە هۆیەوە پێش بە هاوسەرگیریی منداڵان، دووگیانیی پێشوەختە و خەتەنە کردنی کچان بگیریەت. ئەم کارە هەروەها یارمەتیی بەدیهاتنی سەقام لە کۆمەڵگاکان و باشترکردنی ئابووریی وڵاتان دەدات. ڕێکخراوی “مەلالێ یووسفزای” مەزندەی ئەوە دەکات سەرباری هەموو ئیمتیاز و جیاوەکەکانی پەردەورەی کچان، ساڵی ٢٠٢١ ڕووداوەکانی پەیوەست بە کەش و هەوا ببێتە هۆی ئەوەی کە لانیکەم چوار ملوێن کچ لە وڵاتانی کەم داهات یان بە داهاتی مامناوەندەوە نەتوانن خوێندنی خۆ تەواو بکەن و گەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بکات تا ساڵی ٢٠٢٥ی زایینی گۆڕانکاریی کەشوهەوا ببێتە فاکتەرێکی کاریگەر لە سەر ناتەواویی خوێندنی لانیکەم ٥/١٢ ملوێن کچ.
“مەرگ و برینداربوون”
لانیکەم دوو لە سەر سێی کۆی ٥٣ توێژینەوەیەک کە لە مەڕ تەوەری خەسار و تیاچوونەکانی قەیرانەکانی کەشوهەوا ئەنجامدراوە، نیشانیانداوە؛ ژنان زیاتر دەکەونە بەر مەترسیی مەرگ یاخود برینداربوون بە هۆی دواهاتەکانی گۆڕانکاریی قورس و گرژی کەش و هەواوە. گومانی تیدا نییە کە هەم ژنان و هەم پیاوانی خەسارهەڵگر، ئاسەوار و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەزموون دەکەن، بەڵام ئەوە ژنانن کە زیاتر دەبنە قوربانیی دواهاتە نێگەتیڤەکان. “فرانچێسکا ڕۆدز” لە یانەی “CARE international” کە لە کاروباری مرۆڤدۆستانەدا چالاکە ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە کە “گۆڕانی کەشوهەوا نایەکسانییە هەبووەکان زیاتر و چڕتر دەکاتەوە.”
سەرچاوە: یۆرۆنیوز
وەرگێڕان: چنوور فەتحی